په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٤\٢٠١٢

راگەیەندراوی پادک سەبارەت بە ئاستەنگ کردنی دیداری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و بارودۆخی مانگرتوان.


نەتەوەی وڵات داگیرکراوی کورد!
کۆمەڵانی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی خەڵکی کوردستان!
پارت و ڕێکخراو و کەسایەتییە شۆڕشگێڕ و سیاسییەکانی کوردستان!
ڕێکخراوەکانی سیاسی و مەدەنی و پارێزەرانی مافی مرۆڤی ئوروپا !

سەدان ساڵە کوردستان داگیرو نەتەوەکەشی زۆر دڕندانە کەوتۆتە بە ھێرشی ناڕەوا و نامرۆڤانەی داگیرکەرانی کوردستان و بێبەش کراوە لە ھەر جۆرە ماف و ئازادییەک، ئەمە وێڕای ئەوەی کە ڕۆژ نی‌یە چەندین کەس لە ژنان و پیاوانی نەتەوەکەمان بە شێوە و بیانووی جۆراو جۆرەوە لە بەندیخانەکان ئەشکەنجە و ئازار یان لە سێدارە نەدرێن و لە نێو وڵاتی خۆشیان دا نەردێنە بەر دەسڕێژی گوللـەی ھێزی داگیرکەر و شەھید نەکرێن، لە بەرانبەر ھەموو ھێرش و پەلامارێکی دڕاندانەی ھێزی پڕ چەک و بێ بەزەیی داگیرکەران بۆ سەر کوردستان و لە پێناو پاراستنی وڵات و نەتەوەکەمان، ئەگەر لە نێو ماڵی خۆمان دا دەست بۆ چەک بەرین لە پێناو پارێزگاری کردن لە ژیان و سەر و ماڵی خۆمان، ئەوە بە شەڕخواز و شەڕ ھەڵگیرسێنەر تاوانبار دەکرێین و دەھۆڵی تیرۆریست بوون و شەڕخوازیمان بۆ ھەڵدەگرن بۆ ئەوەی بێ بەزەییانەتر لە پێشوو بمانکوژن و بمانچەوسێننەوە، سەروەت و سامانی وڵاتەکەمان بە تاڵان دەبەن و دەیگۆڕنەوە بە بۆمبی ژاراوی و جارێکی دیکە بەسەرمانیدا دەڕێژن، کەچی ئەگەر ھاوار بکەین و ناڕەزایەتی دەربڕین تاوانبارین بە سەربزێوی و یاخیبوون و یاساشکێنی.

 
ھیچ کەس و لایەنێک نی‌یە ئاگاداری ئەو ڕاستییە نەبێت کە ٢٥٦ ڕۆژە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕێگای ھەرجۆرە دیدار و چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ھەر یەک لە پارێزەر و بنەماڵەکەی پێنەدراوە، لەم ماوە دوور و درێژە و ھەر جارەی بە بیانویەک و ھەر ھەفتەی بە بەھانەیەک ڕێژیمی داگیرکەری تورک ڕێگری کردووە لە ھەر جۆرە دیدار و چاوپێکەوتنێکی بەڕێز ئۆجەلان، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە دوورگەی ئیمرالی شوێنێکی شێدار و نەگونجاوە بۆ ژیان و زەرەری زۆری ھەیە بۆ زۆر لە بەشە ھەستیارەکانی لەشی مرۆڤ و بەتایبەت ھەناسەدان، کەچی بەڕێز ئۆجەلان لەم شوێنە دا زیاد لە زیاتر لە ١٣ ساڵە زیندانی و ٢٥٦ ڕۆژە ھیچ زانیارییەک لەسەر تەندروستی ناوبراو نی‌یە و نازانرێت کە بارودۆخی جەستەیی بەڕێز ئۆجەلان لە چ ئاستێکدایە.


داگیرکەرانی کوردستان و تەنانەت دونیای دەرەوەش ئەگەر ھەتا ئێستا کوردیان تاوانبار دەکرد بە شەڕخواز و تاوانی شەڕکردنیان دەدانە پاڵ، ئەوە ئێستا لە پێناو کردنەوەی دەرگای دیدار و چاوپێکەوتنەکان، لە پێناو ئاشتی و پێکەوە ژیان و ئاگاداربوون لە بارودۆخی بەڕێز ئۆجەلان دا، ماوەی ٥٢ ڕۆژە نزیک بە ١٥٠٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی دەوڵەتی تورک و چەندین چالاکی سیاسی و مەدەنی لە شاری ستراسبۆرگی فەرانسە لەپێش چاوی ئەوانەی بەند و بڕگەکانی مافی مرۆڤ دەنووسنەوە٣٩ ڕۆژە دەستیان داوەتە مانگرتن و لە ڕێگای خەباتی مەدەنییەوە داوای سەرەتاییترین مافی شەرعی و یاسایی بۆ بەڕێز ئۆجەلان وەک بەندکراوێکی ڕێگای ئازادی و ئاشتی و پێکەوەژیان دەکەن، ئاشکرایە کە مانگرتنی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە بەندیخانەکانی دەوڵەتی تورک و لە جەرگەی ئوروپای پارێزەری مافەکانی مرۆڤ، لە پێناو سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئازادی و وەدیھێنانی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی دایە، کەچی ئەوە لە دوو مانگ نزیک دەبێتەوە و باری تەندروستی و لەشساغی مانگرتوان بەرە و لاوازی دەچێت، بەڵام پارێزەرانی مافی مرۆڤ، ئازادیخوازان و کۆمەڵگای مەدەنی و نێونەتەوەیی گوێی خۆیان ئاخنیوە و چاویان لە ئاست راستییەکان نوقاندووە، ئەدی کوان ئەوانەی دەم ئازادی و مافی مرۆڤ دەدەن، لە کوێن ئەوانەی دەڵێن پارێزەری ئاشتی و پێکەوە ژیان و ئاسوودەیی مرۆڤەکانن، چیان بەسەر ھاتووە ئەوانەی پارێزگاری لە نەتەوە مەزلوم و ستەملێکراوەکان دەکەن، ڕێکخراوی خاچی سوور و مانگی سووری نێودەوڵەتی لە کام دونیا و ھەسارە دا دەژین و کەی گوێبیستی داد و ھاواری نەتەوەی کورد دەبن، ئەوە کچان و کوڕانی کوردن و بە بەر چاوی دونیای مرۆڤایەتی و ناوەندەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤەوە خەریکە سەبر سەبر گیان لەدەست دەدەن و دەبنە قوربانی لەپێناو وەدەستھێنانی سەرەتاییترین مافی ئینسان، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ئازادی و دێمۆکراسیخوازان لە کوێن و بۆچی لە خەوی قوڵی قازانج و بەرژەوەندیخوازی ڕانابن، ئەی نابینن ڕۆڵەکانی نەتەوەی زوڵم لێکراوی کورد لە زیندانەکانی تورکیا و لە جەرگەی ئوروپا و لە پێناو مافی مرۆڤ دا خەریکە گیان لەدەست دەدەن.
ھەر لەم ڕوانگەیەوە پارتی ئازادی دێمۆکراسی کوردستان، وێڕای مەحکوم کردنی کردەوەی شۆوێنیستانە و نامرۆڤانەی دەوڵەتی تورکیا، پشتیوانی بێ ئەملا و ئەولای خۆی لە داخوازی مەشروع و یاسایی مانگرتوانی بەندیخانەکانی دەوڵەتی تورکیا و شاری ستراسبۆرگ دەکات، ھەروەھا داواکارە لە سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسیی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی کوردستان، ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ، ئازادیخوازان و سەرجەم مرۆڤایەتی، بۆ ئەوەی چیتر بێ دەنگ نەبن بەرانبەر بە ھەڵوێستی دژە مرۆڤانەی دەوڵەتی تورک بەرانبەر بە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان.


کوردان و ئازادیخوازان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ پێویستە بەبێ لەبەر چاوگرتنی ئیدئۆلۆژی و بیروباوەڕ و فکریەتی سیاسی پشتیوانی بکەن لە مانگرتوانی نێو بەندیخانەکانی تورکیا و ستراسبۆرگ، گومانی تێدانی‌یە کە سەرکەوتنی مانگرتوان سەرکەوتنی مافی مرۆڤە بەسەر دیکتاتۆری و سیستەمی دژە مرۆیی و وەدەست خستنی سەرەتاییترین مافی مرۆڤێکی ئازادیخوازە لە بەندیخانەی دەوڵەتێکی دژ بە ئازادی و بنەماکانی مافی مرۆڤ، لە بەرانبەریش دا بەچۆک داھاتن و شکانی مانگرتوان، واتای تێکشکانی ئازادی و مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە بەرانبەر بە دیکتاتۆری و سیاسەتی دژە مرۆیی.


ھەر لەم پێویەندییەش دا داوا لە سەرجەم ھێز و لایەن و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنی و کەسایەتیە سیاسیەکانی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی کوردبوون بکەن بە بنەمای ھاوکاری و ھاوفکری و ھاوھەڵوێستی، نەتەوەکەمان پێویستە ھاو دەنگ و ھاوھەڵویست پشتیوانی بکەن لە دەنگ و داخوازیی مانگرتوان لە پێناو سەرکەوتن بە سەر دیکتاتۆر و پێشێلکەرانی مافەکانی مرۆڤ، ئێمەی کورد پێویستە چیتر بێدەنگ دانەمێنین و شاھێدی مەرگی خوشک و برایانمان نەبین کە لە پێناو وەدەست خستنی سەرتاییترین مافی مرۆڤ زیاد لە ٥٢ ڕۆژە بە برسێتی سەر دەنێنە سەر سەرین، لەم پێناوە دا دەبێ کوردان سنووری جیاوازی بیر و بۆچوونی سیاسی و خەت و ڕێبازەکان وەلابنێن و کوردانە بڕواننە دۆزی ڕەوای نەتەوەی گەورەی کورد و سەرکەوتنی نەتەوەکەمان لە ھەر کام لە پارچەکان بە سەرکەوتنی سەرجەم نەتەوەی کورد و شکست و نەھامەتییەکانی بە تێکشکانی نەتەوەی گەورەی کورد بزانن، وەک چۆن دوژمنان لە کوشتن و زیندانی و ڕاونان و دەرکردن دا، لە سوتاندن و کیمیا باران و ڕووخاندن و کوێرکردنەوەی کانیاوەکان دا بێ ڕەحمانە و بە یەک چاو دەڕواننە سەرجەم نەتەوەی کورد و کۆمەڵگای خەڵکی کوردستان و وڵاتی داگیرکراومان، پێویستە ئێمەی کوردیش لە دوژمنەکانمانەوە فێری یەکگرتن و ھاوھەڵوێستی و پارێزگاری کردن لە یەکتری بین، لە کاتە ھەستیارەکان و لە پێناو سەرکەوتن بەسەر داگیرکەران دا پێویستە بیروباوەڕی سیاسی و خەت و ڕیبازەکان وەلابنێین و کوردایەتی و کورد بوون و خزمەت کردن بە کوردستان و نەتەوەکەمان بکەین بە بنەمای سیاسەتی کوردانەمان لە پێناو ئازادی کوردستان و نەتەوەی گەورەی کورد دا.

سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەی گەورەی کورد
ئازاد و ئاوەدان بێت کوردستان


ئەنجومەنی سەرۆکایەتی
پارتی ئازادی و دێمۆکراسی کوردستان
٢٠ی خاکەلێوەی ٢٧١٢
contact@padkurdistan.org
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک