په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\۴\٢٠١٠

راکردن لە واقیع؟!


ستار محەمەد قادر

 

نووسەران کاتێک خامە هەڵدەگرن و وتارێک دەربارەی هەر بابەتێک دەنووسن، تەنها مەبەستیان ریزکردنی وشەو رەشکردنەوەی لاپەڕەکان نییە، بەڵکو ئاماژەو پەنجە درێژ کردنە بۆ ئەو کەلێن و کەم و کوڕیانەی کە ئەوان وەکو کەسی سێهەم باشتر درکی پێدەکەن و دەیانبینن. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، ئەو نووسەرانەی لە دەرەوەی بەیداخی حزبدان، نەک تەنها خەمی حزبێک، بەڵکو ئامادەن کۆی خەمی پێکهاتەی گەلێک بێ هیچ بەرانبەرێک لە ئەستۆی خۆیان بگرن! بۆیە دەبینین هێندەی ئینتیماو خۆشەویستییان بۆ نیشتیمانێک، نەتەوەیەک هەیە، بۆ حزبێک، سەرکردەیەک، ناوچەیەک نییانە. خەمی ئەوان تەنها بە ناوچەیەکەوە پەیوەست نییە، بەڵکو ئەو سنوورە جوگرافیایە رەتدەکەنەوە لە دووای راپەڕینەوە بەهۆی ململانێی نا تەندرووستی حزبایەتییەوە دیفاکتۆ بووە. ناوچەی سەوزو ناوچەی زەرد، بریتین لە واقیعێکی تاڵ لە دیرۆکی هەردوو حزبی باڵا دەست لە کوردستانداو خەوشێکی زۆر گەورەشن بۆ ئەقڵی سیاسیی سەرکردایەتی سیاسیی کورد و بۆ ئەو لاپەڕانەشی کە لە مێژووماندا لە سەدەی بیست و یەکدا تۆمار دەکرێن!


هەڵبژاردنی حەوتی ئازار، بە بێ پەردە مەسیجی خۆی گەیاندو ئەوەی بۆ هەموو لایەک سەلماند، کە کورد بەم شێوازە لە مامەڵەی سیاسیی لە نێو خۆدا و بەم میکانیزمی کار کردنەوە، لە مەو دووا ناتوانێت لە نێو عێراقدا بەرگری لە پێگەی خۆی بکات، نەک بە تەمای ئەوە بێت مافە سرووشتییەکانی دەستەبەر بکات. ئەگەر بمانەوێت بە راشکاوانە قسە لە سەر کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەین و لە واقیع را نەکەین، دەبینین تەنها لە پێناو بەرگریکردن لە ستاتۆی حزبێکدا گەمە و موزایەدات بە هێندێک شتەوە کرا کە دوورو نێزیک هیچ پەیوەندییان نە بە هەڵبژاردنەوە هەبوو و نەش بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە. ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت: ئەقڵی سیاسییمان بە هیچ شێوەیەک ئەزموونی لە رابردووی خۆی وەرنەگرتووەو ئامادەیی ئەوەی تێدایە لە پێناو مانەوەی پێگەی حزبێک، حەزی سەرکردەیەکدا، گەمە بە چارەنووسی نەتەوەیەکەوە بکات!


ماڵی کورد ئەمڕۆ یەکێکە لەو پرسانەی کە بۆ جارێکی دیکەو بۆ مەبەستێک کەوتەوە سەر زاری سیاسیی و رۆشنبیرانی حزبیی و بە شێوەیەک لە شێوەکان باس لە رێکخستنی دەکرێت. لە کاتێکدا لەم هەل و مەرجەی ئێستادا رێکخستنی بە شێوەیەکی رێک و پێک و تۆکمە، بووە بە زەروورەت و پێویستە هەموو لایەک لە سەر ئەوە رێک بن ئەو ماڵە لە سەر چ ستایلێک رێکبخەن، نەک کاتێک روو بەڕووی مەترسییەکان دەبنەوە ئەو جار بێن قسە لە سەر یەک گووتاری و یەک کتلەیی لیستە براوەکان بکەن! من پێم وایە ئەقڵی سیاسیی سەرکردەکانی کورد ئیشکالیەتێکی گەورەیان لە گەڵ رێکخستنی ماڵی کوردا هەیە، چونکە یان دەبێت لە زوبانی دۆستەکانمانەوە لە شێوەی ئامۆژگاریی ئەو دەستە واژەیە ببیستین، یانیش لەو کاتانەدا لە هەمووان باشتر دەزانین خاڵی لاوازمان رێکنەخستنی ئەو ماڵەیە، کە ئەرکێکی نیشتیمانییە، ئەگەر بمانەوێت وەکو نەتەوەیەکی سەر بەست و ئازادو خۆشنوود ژیان بکەین، دەبێت رۆژێک زووتر ئەو ماڵە رێک بخەین!


من هەر لەم مینبەرەوە لە وتارێکدا ئاماژەم بەوە کردووە کە تا: "ئەم ماڵە نەبێت بە هیی هەمووان ناتوانین وێنەی بگۆڕین؛ لە ماڵی حیزبەوە بۆ ماڵی پاشکۆی کوردستانیبوونی حیزبەکان. لە ماڵی ئایدیۆلۆژیاوە بۆ ماڵی کورد. لە بەرژەوەندییە باڵاکانی حیزبەوە بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی میللەت. لە خۆشەویستیمان بۆ کەسێکەوە، بنەماڵەیەکەوە، بۆ وڵاتێک. لە ئینتیمامانەوە بۆ شارێک، بۆ پانتاییەک کە پێی دەگوترێت نیشتیمان! پڕ ئاشکرایە ئەگەر لە بەرنامەماندا بێت ئەم ماڵە بە شێوەیەکی تەندرووست رێک بخەین، دەبێت ئەوەمان لە بەر چاو بێـت کە دەبێت ئەم ماڵە لە بارتەقایدا بێت هەم وەکو ماڵی نەتەوەیەک وێنا بکرێ و هەمیش وەکو ماڵێک لە هەناویدا هەڵگری بیرۆکەی ئازادیی بێت و دەبێت بەرگەی ئەو ململانێیانە بگرێت کە باهۆزی دیمۆکراسی تێیدا درووستی دەکات"! لێ لە بەر ئەوەی سەرکردایەتی سیاسیی حزبەکان هەمیشە لە واقیع را دەکەن، بەوە رازی بوون لە پێناو بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتیداو لە نێوان سێ شاردا، دوو هاوکێشەی نا جۆرو دوو حکومەتی دوو ئیدارەیی لە دەروازەی کۆڕەوەوە بۆ خودی هەر دوو حزب چێ بکەن. لە بەر ئەوەی حزب دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا نەتەوە لە قاڵب بدات، بە شێوەیەک بچووکی بکاتەوە، لە کۆتاییدا بۆ هەموو شتێک خودی خۆی فەرز بکات، تا ئەم چرکە ساتە، دەبینین حکومەتێکی یەکگرتوومان هەیە، بەڵام سێ ئیدارە کە بنەچەی یەکگرتنەوەن، یەکیان نەگرتووە؟! لێرەدا دەبێت ئیستێک بکەین، بۆ ئەوەی لە واقیع را نەکەین، تا لە مەو دووا بە بێ ماسک مامەڵەیەکی تەندرووست لە گەڵ واقیعدا بکەین!
 

 

star_qadr@yahoo.com