٢٥\٢\٢٠١٠
راکشێ.
کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
توند، توند، پەنجە
ناسکەکانت
لەم شەقامە ساردوسڕە توند بکە بنوو
تۆ نە دایک، نە باوک، نە لەتێ نان
نە بستێ خاکى نیشتمان
نە کەسێک و نە بێ کەسێ
لەم جەنجاڵى خەراباتە شک نابەى
سڵاوێکت لێ بکا..
بمرە و پەشیمان مەبەوە
میهر، درۆیەکە گەورەکان
بە ئێمەیان بەخشیوە
بەزەیى حەزێکە بە بۆنى جەستەوە
حەزت دەکرد
هاوڕێی ئەو منداڵانە بوویتایە
ئێستا لەنێو پانتیلۆنى
باوک و خواى خۆیان خەوتوون
هێشتا قاوە
لەنێو بەختی سپى خۆیان
بۆ بەختەوەرى ڕۆژانیان دەگرنەوە
دەیانەوێ جارێکى دى
تەمەنیان لە ئەلفەوە دەست پێ بکات
نەکا بمرن
وا تێدەگەن تۆ پاسەوانى ئەستێرەیت و
ناتوانى بچیتە کەلاوەیەک
پێیان وایە
سەرماى مەعشوقت وون کردووە و
ئەبێ بیدۆزیتەوە
تێر تێر بگرى
لەگەڵ پروشەى بەفر و
فرمێسکەکانى باراندا..
ئەمشەو شەوى(لەیلەتولقەدرى)تۆیە
چاوە فریشتەییەکانت
لێک بنێ و بنوو
ئاخر خودا چ زوو رۆحى لە باوکت سەند
و
لەدڵى دایکیشت سۆز و بەزەیى
چ هێزێک باوکتى لێ سەندى و
چ پیاوێکى جەهەنەمیش، دایکت
هەڵمەستەوە دڵى سەرما مەڕەنجێنە
ئەو بەو هەموو عەتفەوە
رایەخى مەرگى پێداداى
بەو هەموو عەشقەوە
لەبرى باوکت خستیتە نێو ئامێزى گەرمى مردنەوە
ئەو ووتى:
مناڵێک باوکى وون کرد
ئەبێ لە بەرزەخ بۆى بگەرێ
سۆزى دایکى خۆى لەدەست بدات
ئەبێ ئەم ژیانە بێ سۆزە
جێ بهێڵێ
بفڕە بفڕە ئەى پەپولە باڵ شکاوەکە
بمرە ئەى مناڵى بێکەس.
kazhal_3@hotmail.com
|