١٢\١٢\٢٠١٢
رامانێکی فەلسەفی
دەربارەی ''نەبوون''.

شامیر مولان
لە مێژووی فەلسەفە دا،لێڵی و تەمومژاوی دەربرینێکی وەکو (نەبوون هەیە)،
هزری مرۆڤی توشی جۆرێک لە ئالۆزکانی خودی کردووە کە ئەم گوزارەیە
دەکرێت دوو مانا هەڵبگرێت،یا رەد کرنەوەو نەفی کردنی بوون یاخود
جەختکردنەوەو پێداگری نا-بوون.بەڵام ئەم دوو دەربرینە یەک دەلالەتی
واتاییان نییە، تەنانەت گەر بشلێین"نەبوون هیچ نییە جگە لەبوون"ئەوا
ئەوسا بەڵگەنەویستانە دوو دەلالەت لەخۆیدا هەڵدەگرێت. یەکەم:ئەوەی کە
نەبوون بەوێنەی نا-بوون هەیە دووەم:نا-بوون نییە.دروست وەک پێدراوە
لۆجیکییەکە (ex nihilo nihil fit) واتە
لەنەبوونەوە نەبوون دێت، ئەم لێڵی و ئاڵۆزکانە، کە بووەتە مایەی
بەرهەمهێنانی رامانی دژ یاخود پێچەوانە، بووەتە هۆی ئەوەی پرسی نەبوون
و دۆزگەلی هاوشێوە تەنها لەسەر ئاستی چەمکی شرۆڤە بکرێن. (پارامنیدێس)
یەکەم کەسێکە لەم بوارەدا قسەیەکی کردبێت. ئەو نکۆڵی لە بوون و
حەقیقەتی نەبوون دەکرد بەو پێیەی ناکرێ و ناتوانرێت بیری لێ
بکردرێتەوە،هزر خاڵییە لە پێکهاتە(مادی) واتە نییە، کەواتە نا-بوون
نییە هەرچی بوونیشە ئەوا هەیە. لەلایاکی ترەوە (پلاتۆ).
ئینکاری نا-بوون دەکات بەڵام دان بە هەبوونی فاکتییانەی دا دەنێت.ئەو
بابەتە تایبەتییانەی کە ئافرێنەری راستینەن(واتە، ئایدیاکان) توخمێکی
نا-بوون یان تێدایە لەبەرئەوەی ئیمکانییەتی هەبوونی سیفەتی شوێنییان
هەیە. بۆشایی، هەربۆیەش، ماددە(کە لە بۆشایی دا خۆی رادەخات) بوونی
هەیە ئەمما بوونێکی نا واقعی، وتەکەی سپینۆزا(دیاریکردن رەتکردنەوەیە)
ئەوە بەیان دەکات کە جیهان لە بۆشاییدا ، جیهانی بوونێکی سنور بەندکراو،
نەبوونە.لە فەلسەفەی( تاوی) دا نەبوون یەکسانە بە بوون، لە کتێبی(داو
دی جینگ) دا، (لاو زی) دەنوسێت"بوون دەگۆڕێت بۆ نەبوون و بوونیش دەبێتە
نەبوون" واتە بوون و نەبوون لە سوورێکی ئەزەلیانەی گەردوونی
ئالوگۆریدان هەروەها دەنوسێت"شتەکان(لەسروشتدا) لە بوونەوە پەیدادەبن
بوونیش لە نەبوونەوە"و "بوون شتێک نییە جگە لە نەبوون نەبوونیش جگە لە
بوون شتێک نییە" ئەم هەڵوێستە لە ئایینی بوزیشدا ئامادەیی هەیە ..
لە سەردەمی نوێدا هیگڵ دەبینین کە دووبارە لەسەر ئاستێکی چەمکییانەی
پەتی شرۆڤەی پرسەکە دەکات.ئەو پێی وایە بوونی پەتی(تا ئەو شوێنەی
دیارینەکراو و لە ئەدگار بەدەرە) و نا-بوونی پەتی هەمان شتن، بوونی
سنووربەندکراو بوونێکی تایبەتیە بەڵام بوونی پەتی نییە.بوون ئەو کاتە
دەبێتە بوونێکی پەتی کە خۆی لە هەموو سیفەت و جۆرایەتییەک دابماڵێ
بەڵام دواتر گشت جۆرایەتی و مۆدەکانی گوزارشتکردن لە خۆی گووم دەکات
واتە دەبێتە بێ پێکهاتە(مادی).بەڵام ئەم جۆرە بوونە و فۆرمە لە پێکهاتە
بەدەرەکەی ناکرێ بە شێوەیەک لە دەرهەقی دا بیر بکردرێتەوە کە پێشتر
پارامنیدێس کردبووی،کەواتە ئەم بوونە یەکسانە باە نابوون ،کە
هەیە،ئایینیش لەسەر نەبوون قسەیەکی بۆ گووتن هەیە،باوەری ئایینی
پێویستە دان بە هەبوونی نەبوون دا بنێت تا لەو دەلاقەیەوە رێگە بە خودا
بدات لە هیچەوە ئافراندن بهێنێتە ئاراوە،دواتریش ئەبەدیەت و بێهاوتایی
خودا گارانتی بکات هەرچی تەسەوفیشە ئەوا ئیلهامی خۆی لە ئایینەوە
هەڵدەهێنجێت و لە رێگەی ئاوێتە بوون پێکرالکان لە تەک خوداوەند دەگاتە
ئاستی رەتکردنەوەی روح.
پرسی نەبوون پێگەیەکی گرنگی لەفەلسەفەی بوونگەرایی دا هەیە،دەتوانین
ئاماژەی هەستی نەبوون لەمیانەی (بیم)لە لای دامەزرێنەری قوتابخانەی
بوونگەرایی(کیرکیگارد) بدۆزینەوە، ترس و بیم هاو واتای یەکدی نین، چەند
شتێکی دیاریکراو هەستی ترس دەوروژێنن بەڵام بیم بە (هیچ) دەخرۆشێ (واتە
بە نەبوون)،هێماکردنی کیرکیگارد بۆ پەیوەندینێوان نەبوون و بیم
رەهەندێکی سەبەبی هەیە و رۆڵێکی مەزن ناگێرێ لە دەرخستنی سروشتی بیم دا
بەڵام ئەم پێدراوە وا دێتە بەردیدە کە بووبێتە ئیلهامبەخشی تەواوی
بۆچوونی بەشی زۆری بوونگەراکان لە پەیوەندی لەگەڵ نەبوون لە وانە
هایدیگەر و هێڵموت کوهن
هایدیگەر، تێروانینەکانی خۆی لەمەر نەبوون لە کتێبی(بوون و کات) بەیان
دەکات دواتر لە وانەیەکی خۆی دا بە ناونیشانی (میتافیزیکا چییە؟)
بۆچونەکانی فراوانتر و پتر روون دەکاتەوە.
هایدیگەر بە رەتکردنەوی سەرلەبەری تەواوی ئەوەی هەیە یا نەفی کردنی
تەواوەتی بوون پێناسەی نەبوون دەکات بەڵام هەر خۆی دواتر پرسیارێک
دەوروژێنێ: ئایا نەبوون هەیە تەنها لەبەر ئەوەی رەتکردنەوە (نەفیکردن)هەیە؟یاخود
رەتکردنەوە (نەفیکردن هەیە)تەنها لەبەرئەوەی نەبوون هەیە؟ لە وەڵامی
ئەم پرسیارەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە"نەبوون بەرایی ترە لە نەفیکردن یا
رەتکردنەوە" بەڵام ئەگەر نەبوون پێشین بێت ئەوا مانای ئەوەیە کە
پێویستە لە فۆرمێک دا پێمان بدرێت تاوەکو بتوانین لەو رێگەیەوە
رەتکردنەوە دابتاشین
دەکرێت دەستگیری چەمکێکی فۆرمالیانەی نەبوون ببین لە میانەی وێناکردنی
کۆی بوون و دواتر نەفی کردنی ئەم بوونە دەیشکرێت لەسەرووی بوونەوە
مەزەندەی واڵایی، نەبوون یاخود نابوون بکەین لەم رێگەیەشەوە مەزەندەی
بوون یا هەبونی نەبوون بکەین،لەم بارەدا نەبوون یەکسانە بە بوون چونکە
هەیە
نەبوون هەموو کۆششەکان بۆ حاڵی بوون لێی پوچ دەکاتەتەوەو دووبارە
دەمانخزێنێتەوە نێو چوارچێوەی چەمکە لۆجیکیەکان وەلێ بۆ تێگەیشتنی
نەبوون لۆجیک بە ئەندازەی پێویست کۆمەکمان ناکات،هەر بۆیە گشت جارێک
دەگەینە بوون و هەرگیز بە نەبوون ناگەین.
هایدیگەر دەڵێت تاک تەنها لە رێگەی هۆشەوە دەتوانێت پەی بەگشتێتی ئەوەی
هەیە بەرێت بەڵام تاکیش لە چەقی ئەوەی کە هەیە داخۆی دەبینێتەوە جاری
وا دەبێت هەستی هەموو بوون مرۆڤ کۆت دەکات و دەیخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە،
هیچ شتێکی دیاریکراو نییە تاک مەیل و پەرۆشی بۆیان هەبێت بەڵکو ئەو
کەوتۆتە ژێر باری گشت.ئەمە لە هەستێکی وەرس بوونی واقعی دا روودەدات
ئەم دۆخەش بەهۆی هیچ شتێکی دیاریکراوەوە نیە بەڵکو مرۆڤ تەنها وەرسەو
بەس.وەرس بوونی واقعی، ئەوەی لە گشت دایە ئاشکرا دەکات هەروەک شادییش
تارادەیەک بەم ئەرکە هەڵدەستێت وەها دۆخگەلێک دەکرێ بە تەمی بوونێکی
بەرجەستە بچوێنرێت کە نەبوونی لەپشتیان حەشارداوە چونکە دووری نێوان
بوونی بابەتی و بوونی زانراو لەلایەن -بوون- ەوە هەڵدەلوشرێت، بوونی
زانراویش قوت دەدات بۆیە لەم بارانەدا تەنها بوون هەیە و نەبوون نییە
بەڵکو حەشاردراوە.دەکرێت دەستمان بە نەبوون را بگات تەنها ئەگەر ئەم
گشتە لە بەین بچێت و لە دواوەیەوە بۆشایی(واڵایی) بەجێ بهێڵێ. پێویستە
جۆرێک میزاج هەبێت بۆ دەرخستنی نەبوون کە لەپشتی بوون ەوە خۆی مەڵاس
داوە ئەو میزاجەش (بیم)ە کە جیاوازە لە ترس و نیگەرانی. ترس و نیگەرانی
وابەستەی چەند شتێکی دیاریکراون هەربۆیەش سنوربەندکراون.هایدیگەر وەک
هەستێکی سەیر و نامۆ وەسفی بیم دەکات، بیم لە هەڵواسراوی دا
دەمانهێڵیتەوە چونکە وا دەکات ئەوەی لە گشت دایە لێمان داببرێ و ئۆغر
بکات، ئەوە کەسێکی دیاریکراو نییە کە هەستی بیمی هەیە بەلکو بیم وەکو (یەک)
هەیە کە هایدگەر بەم یەکە ناکەسییە دەڵێت دازاینی پەتی. لە وەسفی
دەرخستنی نەبوونەوە مرۆڤ ئەو ئینتیباعەی لە لا چێ دەبێت کە هایدیگەر تا
ئاستی بوون نەبوون بەرز دەکاتەوە وەک بڵێی نەبوون هەیە یا بوونێکی
نزیکە بابەتییانەی هەیە، هەر بۆیە هایدیگەر بە تاڵوکەیە تا بێژێت
نەبوون خۆی لە بیم دا مانیفێست دەکات بەڵام نەک وەک شتێکی بابەتی ،نە
نەبوون دەکرێ وەک بابەتێک سەیر بکرێت نەیش بیم پەی بردنی نەبوون قبوڵ
بکری نەبوون بەجۆرێک رەفتار دەکات کە لە هارمۆنیادا بێت لە گەڵ ئەوەی
لە گشت دایە،واتە پاشەکشێ یاخود پاشگەزبوونەوەی بوونە، ئەمە ژێدەرەکەی
وایە لە نەبوون دا کە لەبری کێشکردن دوور دەکەوێتەوە ئەم دوور
کەوتنەوەیەش لەراستیدا تور دانە بەڵکو ترۆکردنێکی شێنەیی هٶشمەندانەیە
بۆ بێ بەها کردنی ئەوەی لە گشت دا یە هەر ئەمەش جەوهەری نەبوونە.
دەیشکرێت ئەم دۆخە بە (هیچاندن ) نێوزەد بکرێت.هیچاندن ، نە تونا کردنی
هەبوونە نە لە رەتکدنەوە(نەفیکردن)شەوە سەرچاوە دەگرێت . نەبوون خودی
خۆی دەهێچێنێ.نەبوون زادەی ئەم جۆرە شۆکە ، ئەم جۆرە ئەزمونەیە.کاتێ
تاک بەسەر ئەم شۆکەدا زاڵ دەبێت ئەوا هاوشێوەی ئەوانی دی و بە سیفەتی
دژبوونی نەبوون لە بوون دەروانێت، لە بوون(ی ئەوەی هەیە) دایە کە
هێچاندنی نەبوون روودەدات. بوونی مرۆیی بەرەو نەبوون هەڵدەکێشرێت بەڵام
ئەوەندە موتەعالی (باڵا) نییە، هەرگیز ناکرێ پەیوەست بکرێت بە ئەوەی کە
هەیە. تەنها لە رێگەی بەردەوام بوونی هەستی بیم ەوە بوونی مرۆیی
مومکینە.بەو پێیە بیم بوونی هەیە بەڵام نوستووە،لەگەڵ هەناسەکانی
ئەزمونێکی بوونی مرۆیی رادەچەنێت بەدەگمەن و بە روداوگەلی ناباو
وەخەبەر دێتدەگوترێت ئەوەی کە هەیەو ئەوەیش کە نییە لە رێگەی دۆخگەلێکی
وەکو بیم،بێزاری،خۆشی،هەست بە تاوان و بەڵەدویستی یەوە دەردەخرێن بۆ
وێنە ئەزمونی ئەوی لە گشت دایە بەهۆی بێزاریەوە گوزارشتی لێدەکرێت
بەڵام دروست لەوە تێناگەین بۆچی هایدیگەر ئەم میزاجە دەستنیشان دەکات،
بێزاری گشتێتی بوون ئاشکرا دەکات بەڵام وەک هایدیگەر دەڵێت شادیش بەم
ئەرکە هەڵدەستێت، وەلێ ئەم دوو میزاج یاخود ئەزمونە هیچ رووخسارێکی
هاوبەشیان نییە،ئەگەر میزاجەکان شتێک دەربخەن ئەوا شادی و بێزاری
لەتوانایان دانییە هەمان شت دەربخەنسەرەرای ئەوەی کە هایدگەر هایدارمان
دەکاتەوە لە گریمانەکردنی هەبوونی نەبوون بەڵام ئەو بە چەشنێک لێی
دەدوێت وەک بڵێی نەبوون بوونێکی بابەتییانەیە.وادەرناکەوێ بیم وەکو
ئەزمونێکی ئیدراکییانەی نەبوون بێت و بەڵام هێشتا بیم تێگەیشتن نییە لە
نەبوون روونێش نییە خودانی چ جۆرە ئەزموونێکیشە،مەستبوون ئەو وەسفەیە
تەسەوفی رۆژهەڵاتی بەگشتی وسۆفییە موسڵمانەکان بەتایبەتی هێمای بۆ
دەکەن دەردەکەوێت کە سەرچاوەیەکی باشتری ئەم بیمە بێت،لەوانەیە ئەمە
ئەو دۆخەبێت کە دەویستریت کاتێک هایدگەر دەڵیت شادی دووەم میزاجە کە
دەتوانێت نەبوون بەیان بکات
بەگوێرەی هایدگەر بیم و شادی دوو هەنگاون لە تەواوی ئەزمون دا کە دەکرێ
پێیان بگوترێت ئەرکی نەبوون. بێزاری لەلایەن بیمەوە دەربازدەکریت
لەوکاتەی گشت ئاوا دەبێت و کۆنترۆلی دازاین بەسەر شتەکاندا خاودەبێتەوە.
لێرەدا تاک لە قەڵەمرەوی نەبوون دا گوزەران دەکات،هەنگاوی دووەم
پاشەکشێیە.نەبوون دوور دەکەوێتەوە. تاک روەو باری پێشووی پێچ دەکاتەوە
و ئێستا بوون بە رۆشنیەکی زێدەتر رووبەروی نەبوون دەبێتەوە، هایدگەر
پێی وایە زەروریە تاک بەر لەوەی هەبوونی نەبوون پشکنێ ئەزمونی نەبوون
بکات. ئەگەرچی هایدگەر نەبوون دەکاتە دژە-تێزی(دژە-تێزێکی چەمکیانە
نا)ی ئەوەوی لەگشتدایە بەڵام لەبەرئەوەی شەن و کەوی ئەوە ناکات کە
ئەوەی لە گشت دایە چییە بۆیە کۆنسێپتی نەبوون بە بەتاڵی(خاڵی)
دەمێنێتەوە.دوای هایدگەر ژان پۆل سارتەر نەبوون دەکاتە گرنگتریە چەمکی
فەلسەفەکەی.ئەو لە دوو خاڵی سەرەکی دا لەگەڵ هایدگەر دا کۆکە١- وای
دادەنێت کە نەفیکردن (رەتکردنەوە) دەوەستێتە سەر نەبوون٢-روونتر دەڵێت
کە نەبوون تەنها هەبوونێکی خوازراوە. هەیە لەبەر ئەوەی بوون هەیە.بوون
لە هەموو دیاریکردنێک خاڵییە تەنها ناسنامەی خۆی نەبێت، بەڵام نەبوون
خاڵییە لە بوون. بەواتایەکی دی، بوون هەیە بەڵام نەبوون نا. بوون
راستەقینەو رەسەنە.سارتەر پەڵپێک لە هایدگەر دەگرێت"ئەگەر نەفی کردن
پەیکەری رەسەنی بالابوون بێت،ئەوا دەبێت پەیکەری رەسەنی راستینەیی مرۆڤ
چی بێت تاوەکو تەجاوزی جیهان بکات؟"لەبەرامبەر دا هایدگەر لە نەبوونەوە
جۆرێک پەیوەستی ویستییانەی باڵابوون پەیدا دەکات. ئەگەر نەبوون
زەمینەیەک بدات بۆ رەتکردنەوە (نەفی) لە حاڵێک دا کە باڵایی بوون وەک
چوونە نیو نەبوون وێناکراوە واتە کاتێ تاک لەو دیوی بوونەوە لەگەڵ
نەببون تێکەڵ دەبێت چۆن ئەم نەبوونە سەروجیهانییە دەبێتە بناخەی
نا-بوون لە قوڵایی بوون دا کە لە کاتی دەربرینی دەستەواژەی نەرێنیدا
دەردەکەوێت. رازی نەبوونی سارتەر لەوەدایە کە دەڵیت نەبوون نە لە پێش و
نە لەدوای بوونەو نە لە دەرەوەی بوونیشەوەیە بەڵکو لە ناوجەرگەی بوون
دایە. کەوا بێت نەبوون ناتوانێت لە خودی خۆیەوە هێزی پێویست پەیدا بکات
بۆ هیچاندنی خۆی چونکە بۆ هیچاندنی خۆی پێویستە هەبێت کە نییە بەڵام کە
لەبارەیەوە دەدوێین تەنها لەبەرئەوەیە کە دەرکەوتەیەکی بوونی هەیە،
بونێکی خواستراو.وەک ئەوەی کوهن دەڵێت، نەبوون خۆی ناهیچێنێت بەڵکو
دەهیچێنرێت. پێویستە بوونێک هەبێت کە خەسڵەتی هیچاندنی نەبوون،
پاراستنی بوونەکەی بێت بوونێک کە لێیەوە شتەکان نەبوون پەیدا دەکەن
سارتەر دەڵێت"مرۆڤ بوونیکە کە لێیەوە جیهان نەبوون وەردەگرێت" کە دەڵێت
مرۆڤ مەبەستی بوون-بۆ-خۆ یە.مرۆڤ لە هەرساتێک دا لە رێگەی یادەوەری و
هیواوە بەرەو رابردوو لێژ دەبێتەوەو روەو ئایندە هەنگاو هەڵدێنێ.بوونی
مرۆڤ و کەسایەتیەکەی بەهۆی خۆگونجاندنیەوە لەگەڵ دەوروبەر شێوە دەگرێت
کە ئەم گونجاندنەش لە لای خۆیەوە زادەی رابردووی مرۆڤ و پلانی
داهاتوویەتی. بەڵام شتێک بەناوی رابردوو یا داهاتوو لە گۆرێ نیە ، لەم
بارەدا هۆشیاری مرۆیی شتێکە کە نییە و شتێک نییە کە هەیە.سەربەستی
ناوێکی ترە بۆ هۆشیاری یاخود بوونی مرۆیی، هیچ زۆری و کۆتو بەندێک لە
ئارادانییە تا وابکات خود ئەمە یا ئەوە بێت بەڵکو سەربەستانە خۆی خۆی
هەڵدەبژێرێت،بەڵام لەهەمان کات دا وەک نەفیکردنی بوون هەیە.سارتەر
دەڵێت نەبوون دەبەخشرێتە مرۆڤ لە رێگەی چەمک و پەیوەندییەکانەوە نا
بەڵکو لەمیانەی ئەزموون یا میزاجێکی دیاریکراو بەڵام کاتێک هایدگەر
دەڵیت بیم ئەوا سارتەر پەنجە بۆ حەسرەت رادەدێرێ. حەسرەت هۆشیاری منی
مرۆڤە دەربارەی بوونی داهاتوو لە مۆدێکی نا-بوون دا، ئەو راستاندنەیە
کە نەبوون لە مابەینی خۆم و ئایندەم و رابردووم دا سەرەتاتکێ دەکات،
نەبوون نەک هەر بەرپرسە لە بەلکو تەواوی بریارەکانی منی مرۆڤ پێک
دەهێنێت بەواتایەکی تر ،لە هەر ساتێک دا بوون-بۆ-خۆ لە فۆرمی حەسرەت دا
ئامادەیە چونکە تێگەیشتن لە نا-بوون و سەربەستی لە بوون بەمە یا بەوە
هەمانشتن.بەڵام نەبوون چۆن هاتە دنیا لە حاڵیک دا تەنها بوون هەیە؟
بەرز بوونەوەی هۆشیاری مرۆیی کەلێنێکە لە بوونی جیانەکراوە، بە وێنەی
نەفی کردنی کرۆکی بوون،کەواتە هۆشیاری تەنها وەک نەفی کردنی بوون هەیە،
بەڵام دوای وەڵام دانەوەی پرسیاری(چۆن) پرسیاری(بۆچی؟) قوت دەبێتەوە ،
ئەم کەلێنە بۆ دروست بوو؟ چی بووە مایەی پەیدابوونی؟ پێویستی ئەو
کەلێنو جیاکاریە چی بوو لە ناسنامەی نەگۆری بوون؟ ئەمە لە کتێبی بوون و
نەبوون قسەو باسی لەسەر دەکرێت
سارتەر شکست دەهێنێت لە ئاشتکردنەوەی دوو جۆر لە گوزارە: ١- ئەو دەڵێت
سەربەستی و هۆشیاری هەمان واتایان هەیە ٢- پێشنیاز دەکات کە
بوون-لەناو-خۆدا نەبوون دەبووێنێت بەواتایەکی تر،هۆشیاری کیانێکی بریار
لەسەردراوە و بە مانای وشە ناتوانێت سەربەست بێتدژوارییەکی تر
لەفەلسەفەی سارتەردا هەستی پێ دەکرێت کە تیایدا هۆشمەندی (بوون-بۆ-خۆ)
یەکسانە بەنەبوون و خوازیاری بوون - لەناوخۆدا یە ئەمەش بەو مانایەی
ئەگەر بوون-بۆ-خۆ خوازیاری شتەکان بێت ئەوا خوازیاری بوونیشە بەشێوەیەک
کە دەیەوێت بوون هەرس بکات یا لەلایەن بوونەوە هەرس بکرێت بەمشێوەیە لە
گەڵی دا دەبێت بەیەک و سەنتێزی بوون بۆ خۆ -بوون لەناوخۆدا دێنێتە
ئاراوە
بەگوێرەی سارتەر سەنتێزی بوون بۆ خۆ -بوون لەناوخۆدا (خودا)یە، بەڵام
لە فەلسەفەی سارتەر داخودا بوونی نییە، خودا ئایندەی مرۆڤە، شیمانەیەکی
کراوەیە.مرۆڤ پەرۆشییەکی مەزنی بۆ بوون بە خودا هەیە. تەواوی ژیانی
مرۆڤ خواستی راوکردنی خوایەتییە.
shamirmawlan@ymail.com
|