په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٣\٢٠٢٠

رامانێک لەسەر دژیەکیی ناسنامەی کوردستانی و ئێرانی.

سیروان رێناس      


“کاتێک وەک جوولەکە ھێرشت دەکرێتە سەر، پێویستە وەک جوولەکەیەکیش داکۆکی لە خۆت بکەی… نەک وەکوو ئەڵمانییەک، نەک وەکوو ھاووڵاتییەکی جیھان یان وەکوو داکۆکیکەری مافەکانی مرۆڤ.”[١] (ھانا ئارێنت).

لە قۆناغی کلاسیکدا کە ھێشتا ناسیۆنالیزم وەک ئایدۆلۆجیایەکی مۆدێڕن سەری ھەڵنەدابوو، جۆری پێناسەکردنی ئەتنیکەکان لە خۆیان و دیسکۆرسی زاڵی سیاسی و ناسنامەیی تا رادەیەکی زۆر جیاواز بوو لەو فۆرمەی ئێستا لە قۆناغی مۆدێڕندا ھەیەتی. لە دوای دابەشکردنی کوردستان بە دەستی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی دراوسێی کوردستان و کۆلۆنیالیستە رۆژاڤاییەکان، ناسنامەی کوردبوون، کە وێدەچێ بە شێوەیەکی مێژوویی گیرۆدەی شێواوی بووبێت، تووشی قەیرانێکی زۆر قووڵتر بووەوە؛ بە جۆرێک کە تا ئەمڕۆش نوخبەی فیکری و سیاسییەکانی کورد نەیانتوانیوە پێناسەیەک لە کوردبوون بکەن و لەسەری کۆدەنگ بن. بۆ نموونە، کوردێک کە لە رۆژھەڵاتی کوردستان دەژی خۆی چۆن دەبینێ؟ پێویستە خۆی چۆن پێناسە بکات؟ ئایا کوردبوون و کوردستانیبوون تەنیا ناسنامەیەکی نەتەوەییە کە ھەیەتی یان ئەوەی کە کوردێکی ئێرانییە؟ گەلۆ دەکرێ ھاوکات ھەڵگری ھەردوو ناسنامەکە بێ، بێ ئەوەی تووشی دژیەکییەکی بنەڕەتی ببێتەوە؟ بە بەراورد لەتەک بەشەکانی تری کوردستان، ئەم پرسیارە بۆ کوردی رۆژھەڵات بڕێک ئاڵۆزترە، بەھۆی ئەوەی کە گوتاری[٢] ناسیۆنالیزمی ئێرانی ئاڵۆزترە لە گوتاری ناسیۆنالیزمی ترکی و ئارەبی.

ئەگەرچی ھەر مرۆڤێک ئازادە لەوەی کە چۆن پێناسەی ناسنامەی خۆی بکات. میناک، تاکی کورد مافی خۆیەتی کە خۆی وەک کوردێکی ئێرانی یان کوردێکی کوردستانی پێناسە بکات، لێ ھەوڵی ئەم وتارە ئەوەیە کە نیشانی بدات کە ئێرانیبوون بە چ واتایەکە بە چ مەبەستێک بەرھەم ھاتووە، و ھەڵگری چ دەلالەتگەلێ سیاسییە؟ بۆچی کورد ئێرانی نییە و ھەروەھا بۆچی کورد نابێ ناسنامەی “کوردی ئێرانی” قەبووڵ بکات؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لە رێگەی شیکاریی گوتارەوە ھەوڵ دەدەم نیشانی بدەم کە چۆن فارسبوون لە رێگەی تێزی ئێرانیبوونەوە گوتاری ناسنامەی ئێرانیبوونی[٣] بەرھەم ھێناوە و خۆی لە پشتی ئەم گوتارەوە شاردووەتەوە. لە مێتۆدی شیکاریی گوتاردا ئامانج ئەوەیە کە بزانین چۆن بکەرێک (لێرەدا فارس) ھەوڵ دەدا بۆ بەرژەوەندیی خۆی لە گەمەیەکی زمانیدا، وشە، رستە و لە کۆتاییشدا گوتارێک (ئێرانیبوون) دروست بکات و لە پشتییەوە خۆی بشارێتەوە. لە ھەموو جۆرەکانی پێوەندیی سەردەستی-بندەستیدا بکەر ھەوڵ دەدا بەڵگاندنێک پێشکێش بکات کە ئیدعای یونیڤێرساڵبوونی[٤] ھەبێ و نکۆڵی لە تایبەتمەندیی[٥] خۆی بکات. واتە ھەر گوتارێک لە لایەن گرووپێکەوە بەرھەم دێت، بەڵام ئەو گرووپە ھەوڵ دەدات کە بەرژەوەندی و ناسنامەی خۆی لەناو گوتارەکە جێ بخات و خۆی وەک دامەزرێنەری گوتارەکە بشارێتەوە و گرووپگەلی تر بگەیێنێتە ئەو قەناعەتە کە ئەم گوتارە ھەموومان بە یەکەوە بەرھەممان ھێناوە و خێر و قازانجەکەشی بۆ ھەموومانە. پێویستە جۆری بەرھەمھاتنی گوتارەکە بشاردرێتەوە بۆ ئەوەی کە گرووپگەلی تر باوەڕی پێ بکەن. کە وابوو ھەر گوتارێکی سیاسی و ناسنامەیی خۆی “سیستەمێکی واتایی”یە کە گرووپی باڵادەست بەرھەمی دەھێنێ و ئەرکەکەی ئەوەیە کە لە گەمەیەکی زمانیدا خۆی وەک دامەزرێنەری ئەم گوتارە بشارێتەوە و ئیدعای یونیڤێرساڵبوون بکات.[٦]

یەک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی گوتاری زاڵ ئەوەیە کە داوا لە گرووپی بندەست دەکات کە ئەگەر تەنانەت ستەمیشی لێ کرا، پێویست ناکات بە ناوی تایبەتی خۆیەوە داکۆکی لە ئازادی و مافەکانی بکات، بەڵکوو بۆ چارەسەری پرسەکە پێویستە بێتەوە ناو گوتاری باڵادەستەوە و لەوێدا بە یەکەوە رێگایەک بدۆزنەوە بۆ چارەسەری. بۆ نموونە، “رەشپێستەکان”ی ئەمریکا بە دروشمی ئەوەی کە “ژیانی رەشەکانیش گرنگە”[٧] بزاڤێکیان لە دژی کوشتنی رەشەکان (کە بە دەستی “سپییەکان” دەکوژرێن) وەڕێ خستووە. سپییەکان بە وەڵامی ئەوەی کە “ژیانی ھەموومان گرنگە”[٨] داوایان لێ دەکەن کە خۆیان وەک رەشپێست پێناسە نەکەن و تەنیا وەک ھاووڵاتییەکی یەکسان خۆیان ببینن. بە ھەمان شێوە، فارسەکان داوا لە کورد دەکەن کە ناسنامەی خۆتان کە ھەمان تایبەتمەندیی کوردبوونە بخەنە لاوە و وەک ئێرانییەک داوای مافەکانی خۆتان بکەن. ئەم مێکانیزمی خۆداسەپاندنە لە ھەموو جۆرەکانی پێوەندیی باڵادەستی-بندەستیدا بە یەک شێوە کار دەکات. ھانا ئارێنت بەباشی لەمە تێگەیشتبوو کاتێک گووتی: “کاتێک وەک جوولەکە ھێرشت دەکرێتە سەر، پێویستە وەک جوولەکەیەکیش داکۆکی لە خۆت بکەی… نەک وەکوو ئەڵمانییەک، نەک وەکوو ھاووڵاتییەکی جیھان یان وەکوو داکۆکیکەری مافەکانی مرۆڤ.” کاتێک فارس کوردی وەک کورد کردووەتە ژێردەست، مرۆڤی کورد دەبێ وەک کورد داکۆکی لە خۆی بکات و ھەوڵی رزگاری و ئازادی بدات، نەک وەک ئێرانییەک، نەک وەک داکۆکیکەری مافەکانی مرۆڤ، یان وەک خەباتکارێک بۆ مرۆڤایەتی.

وەک لە سەرەوە باس کرا، ھەر گرووپێک کە بیھەوێ ھەقیقەتی خۆی بەسەر گرووپگەلی تردا بسەپێنێ پێویستە ھەقیقەتی خۆی وەک ھەقیقەتێکی یونیڤێرساڵ نیشان بدا. گرنگ نییە ئەم گرووپە کێیە و ئەم ھەقیقەتەش چییە. ئەمە لۆژیکی خۆسەپاندنە بەسەر “ئەوانی تر”دا. ئەم ھەقیقەتە لە گوتارگەلی جیاوازدا و بە مەبەستی خۆسەپاندن وەک ھەقیقەتێکی یونیڤێرساڵ بە ناوی جۆراوجۆرەوە باسی لێوە دەکرێ. وەک، مرۆڤایەتی (ھەموومان ھەر مرۆڤین)، ئایین (ھەموومان موسوڵمانین)[٩]، دێموکراسیخوازی (دێموکراسیمان دەوێ)، کۆمۆنیزم (ھەموومان وەک چینی کرێکار ژێردەستین)، لیبراڵیزم (زەقکردنەوەی تاکگەرایی و مافەکانی مرۆڤ و گرنگینەدان بە مافەکانی بەکۆمەڵ)، پیاوسالاری (ھەموومان مرۆڤین بە ژن و پیاوەوە) ناسیۆنالیزمی ئێرانی (ھەموومان ئێرانیین) و ھتد. ئەم یونیڤێرساڵیتییە لە بەرامبەر تایبەتمەندیدا رادەوەستێ و ئامانجی شتنەوە و لەناوبردنی تایبەتمەندیی مرۆڤە، کە ھەمان ناسنامەکەیەتی.

لەم پرۆسەیەشدا یونیڤێرساڵبوونێک لە ئارادا نییە کە تێکەڵەیەک بێ لە ھەموو ناسنەمەکان، یان ناسنامەیەکی ھەبێ کە بێلایەن بێ بە نیسبەت ھەموو مرۆڤەکان (کە ئەمانە ئەفسانەن و دوورن لە ھەقیقەتی ناسنامەی مرۆڤ)، بەڵکوو یونیڤێرساڵیتییەکە ھەمان تایبەتمەندی و ناسنامەی گرووپە باڵادەستەکەیە کە بە ناوێکی ترەوە بەسەر گرووپە بندەستەکاندا دەیسەپێنن. ئەو ئایدیای یونیڤێرساڵیتییە، ھەر وەک باس کرا، ستراتیژەکەی ئەوەیە کە دەڵێ: ھەموومان وەکیەکین و دەست لە خۆجیاکردنەوە (پاراستنی تایبەتمەندی و ناسنامەی خۆتان) ھەڵگرن (ناسنامەی ئێمە قەبووڵ بکەن و ببن بە ئێمە).

سەرھەڵدانی گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێران. لە دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێراندا -کە پاشماوەی داڕمانی ناتەواوی ئیمپراتۆڕییەکە- فارسەکان پێویست بوو گوتارێکی ناسیۆنالیستی چێ بکەن کە رەزامەندیی نەتەوەکانی تر وەدەست بھێنن. بۆ ئەم مەبەستەش وشەی “ئێران”یان وەک ناوی فەرمیی دەوڵەت ھەڵبژارد. لە ترکیادا چۆن ترکەکان نەیانتوانی گوتارێکی وەھا بەرھەم بھێنن، ھەوڵیان دا نکۆڵی لە ھەبوونی کوردبوون بکەن. لە ئێران، جگە لە کورد، ترک، بەلووچ و ئارەب و ترکمان ھەبوون و فارسەکان کە نزیکەی نیوەی جەماوەرن، بە ھیچ شێوەیەکی تر نەیاندەتوانی خۆیان لە پێگەی سەروەریدا بھێڵنەوە، بۆیەش گوتارێکی تایبەتییان بەرھەم ھێنا. لەم پێناوەدا پڕۆژەی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی لە ئێرانیدا بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بەلاڕێدابردنی ناسنامەی نەتەوەکان نەھات کە نکۆڵی لە بوونیان بکات بەڵکوو بەو جۆرەی کە خۆی پێویستی ھەبوو دووبارە پێناسەی کردنەوە. بۆ نموونە، لەم قۆناغەدا دەوڵەت، کوردستان، بەلوچستان، فارس و ئازەربایجانی وەک ناوی پارێزگاکان ھەڵبژارد و ھەوڵی دا جەماوەری سەر بە نەتەوە جیاوازەکان تێکەڵکێش بکات کە رێگەی ‘خۆجیاکردنەوە’یان و خۆپێناسەکردنیان لێ بگرێ.

گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی، کە بەرھەمی رۆشنبیر و نوخبە سیاسیی فارسە، تێزی ئێرانیبوونی داھێنا کە فارسیبوونی ناسنامەی ئەم گوتارە سیاسی-ناسنامەییە بشارێتەوە. واتە لە دیدی ئەوانەوە ئێران یەک نەتەوەیە کە بە شێوەیەکی مێژوویی لە پرۆسەیەکی “پێکەوەژیانی مێژوویی”[١٠]دا بەرھەم ھاتووە. لەم گوتارەدا، زمانی فارسی زمانێکە کە بە رەزامەندییەوە بووەتە زمانی ئەم نەتەوەیە کە زمانی ھونەر، وێژە، زانست و ژیارە. کورد، ترکی ئازەری، بەلووچ و ئارەب “قەوم”ێکی ئێرانین کە بەشێکن لەم نەتەوەیە، کە ئەگەرچی لەوانەیە زمانی خۆشیان ھەبێ،[١١] بەڵام بەھۆی بەھێزبوونی زمانی فارسی و لاوازیی زمانەکەی خۆیان بە رەزامەندییەوە و لە پرۆسەیەکی مێژوییدا دانیان بە فارسی وەک زمانی فەرمی داناوە. توێژەرە فارسەکانی بواری ناسنامەی ئێرانی ھەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کە زمانی فارسی یەکێک لە ھەرە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئێرانیبوونە. بۆیەش پێداگری لەسەر داسەپاندنی زمانی فارسی دەکەن لە پێناو یەکگرتوویی ئێراندا. ئەم زەروورەتی یەکگرتووبوونەش دەمانباتە سەر کۆڵەکەیەکی تری ناسنامەی ئێرانیبوون کە “پاراستنی تەواوێتیی خاکی ئێران”ە.

وەک باس کرا، لەم گوتارەدا، ئێران وەی ئایدیایەک بۆ شاردنەوەی قەومی فارس بەکار دەھێندرێ.[١٢] واتە ئەگەر ناوی ئێران فارسستان بووایە فارسەکان نەیاندەتوانی بەم شێوەیە پەرە بەم جۆرە سەروەرییە ناڕەوایە بدەن. ئێرانیبوون لێرەدا ئەم ئایدیا یونیڤێرساڵەیە کە تایبەتمەندیی فارسبوون دەشارێتەوە. ئەگەرچی ناوەرۆکی ئێرانیبوونەکە فارسییە، وەلێ فۆرمی گوتارەکە ئێرانییە. ئێران فۆرم و رووکەشێکە بۆ پەرەپێدان بە تایبەتمەندی و بەرژەوەندییەکانی فارس بە ناوی یوناڤێرساڵیتییەوە. ئەرکی ئەم یونیڤێرسالیتییەش چێکردنی ھەژموونییە. لە راستیدا، ئێرانیبوون لە جەوھەری خۆیدا بە واتای فارسبوونە؛ ئێرانیبوون دانپێدانانە بە سەروەریی نەتەوەی فارس بەسەر نەتەوەکانی تردا. ھەر بۆیەش، فارسەکان بە حەز و باوەڕەوە خۆیان بە ئێرانی دەزانن، بەس نەتەوە بندەستەکان یان خۆیان بە ئێرانی نازانن یان بە دوودڵی و دڕدۆنگییەوە، لەژێر کاریگەریی ئەم گوتارەدا، وەک ناسنامەیەکی تێکەڵ خۆیان بە “کوردی ئێرانی”، “ترکی ئێرانی”، “بەلووچی ئێرانی”، “ئارەبی ئێرانی” یان “تورکمانی ئێرانی” دەزانن.

بەڵام فارسەکان ھیچکات ناڵێن کە ئێمە “فارسێکی ئێرانی”ین. ئەوان وەک ئێرانیبوون تەعبیر لە خۆیان دەکەن و ھەردوو ناسنامەی فارسبوون و ئێرانیبوونەکە لای ئەوان رێک یەک واتای ھەیە. کە وابوو کەسێکی فارس قەت ئەو پرسیارەی لەلا دروست نابێ کە ئایا “فارسێکی ئێرانی”یە یان تەنیا ھەر فارسە، بەڵام بۆ کوردێک ئەم پرسیارە دروست دەبێ کە گەلۆ من تەنیا کوردم (و کوردستانیم) یان ئەوەی کە کوردێکی ئێرانیم.

لە روانگەی تیۆری دیسکۆرسەوە، وشەکان و تێگەکان شتێکی نەگۆڕ و تاھەتایی و زاتی نین، بەڵکوو لە بەستێنی دەسەڵات و ھێزدا مانای خۆیان وەردەگرن. ئەگەر کورد لە ئێراندا نەتەوەی باڵادەست بووایە، ئەوکات کورد ئێرانیبوونەکەی بە جۆرێک پێناسە دەکرد کە بە واتای کوردبوون بووایە. بەڵام فارسەکان بە شێوەیەکی مێژوویی باڵادەستیی خۆیان سەپاندووە و مانای خۆیان بە ئێرانیبوون داوە. ئێران وشە و تێگەیەکە کە فارس مانای تایبەتی خۆی لەسەر بارکردووە. بۆیەش، کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئێران بەستراونەوە بە سەرەوەریی فارسەوە. بۆ نموونە، زمانی فارسی لە لایەن کۆمەڵەی رۆشنبیریی فارس/ئێرانییەوە وەک زمانی فەرمی و سەرەکیی ئێرانیبوون ناسراوە و ناسێندراوە. واتە کورد ناتوانێ کورد بێ و بە زمانی کوردی بخوێنێ، ھاوکاتیش ئێرانی بێ. ھەر ئەوەشە کە ناسیۆنالیستێکی ئێرانی ناتوانێ زمانی کوردی بەفەرمی بناسێ. ھەروەھا، کۆڵەیەکی تری ئێرانیبوون پاراستن و پیرۆزکردنی جوگرافیای ئێرانە وەک یەکەیەکی سیاسی-ئەخلاقیی یەکگرتوو. کەواتە مرۆڤی کورد ناتوانێ خاوەنی خاکی کوردستان بێ و ھاوکات خۆی بە ئێرانی بزانێ. ئێرانیبوون واتە تەنیا یەک دەسەڵاتی سیاسیی یەکگرتوو کە ناسنامەکەی لە ئەتنیسیتەی فارسەوە سەرچاوە دەگرێ.

لە حاڵێکدا کوردبوون ناسنامەیەکە کە تایبەتمەندیگەلی نەتەوەیی دەدا بە کۆمەڵگەی کوردستان، لەوانە: جوگرافیای کوردستان، مێژووی ھاوبەش، کولتوور، زمان و نەریت، لەمانەش گرنگتر: رامانی کوردانە بۆ جیھان و ھەروەھا چارەنووسی ھاوبەش. کوردستانیبوون ناسنامەیەکی نەتەوەییە کە لەسەر بنەمای ئەو کوردبوون دادەمەزرێ. کوردبوون تەنیا رۆژھەڵاتی کوردستان ناگرێتەوە بەڵکوو ھەموو کوردستان دەگرێتەوە. لێرەوە، کوردستانیبوون سەرەوەریدانە بە مرۆڤ و نەتەوەی کورد وەک خاوەنی کورد و کوردستان. بۆیە کە دەگوترێ کورد ئێرانی نییە یەکێک لە دەلالەتە سیاسییەکانی ئەوەیە کە کوردستانیش نابێ بەشێک بێ لە خاکێک کە لەژێر کۆنترۆڵی فارسدا بێ. لێروە ئیتر ھەموو بنەما لەرزۆکەکانی تێزی ئێرانیبوون ھەڵدەوەشێنەوە. بەبێ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو چیرۆک و حیکایەتەی ئێرانیبوونەش، کورد ناتوانێ ناسنامەی نەتەوەیی خۆی فۆڕموولە بکات.

قۆناغی سەرەتایی بۆ چێکردنی گوتارێکی پتەوی نەتەوەیی خۆڕزگارکردنە لە چیرۆکی داسەپێندراوی گوتاری سیاسی-فیکریی نەتەوە باڵادەستەکان -ئەم بەڵگاندنە بۆ بەشەکانی تری کوردستانیش ھەر راستە. لەبەر ئەوەیە کە خۆپێناسەکردن وەک “کوردی ئێرانی”، کە خۆی لە دروشمی “خۆمان لە ھەموو ئێرانییەک بە ئێرانیتر دەزانین”دا فۆرمولە دەکات، ھەڵگری دژیەکییەکی قووڵە کە ئەمڕۆ یان سبەی ھەڵدەوەشێتەوە.[١٣]

بۆ ئەوەی کە بزانین چۆن گوتاری ئێرانیبوون خۆی داسەپاندووە، دەتوانین چەند پرسیارگەلێ جیاواز ئاراستەی مرۆڤی کورد و ھەروەھا فارسەکانیش بکەین. لەوانە: بۆچی وشەیەکمان بە ناوی “فارس‌تبار ایرانی” نییە، لە حاڵێکدا “کردتبار ایرانی”مان ھەیە؟ بۆچی نابیستین فارسەکان وەک ئێمەی کورد بڵێن “خاوەنی رەسەنی ئێران ئێمەین و خۆمان لە ھەموو ئێرانییەک بە ئێرانیتر دەزانین”؟ چما ئەوان بە ئێمەی کورد دەڵێن کە ئێوە کۆنترین و رەسەنترین قەومی ئێرانن و خاوەنی مێژوویی ئەو “نیشتمان”ە ئێوەن، وەلێ ئێمەی کورد ناڵێین کە ئێوەی فارس خاوەنی کۆن و رەسەنی ئەم نیشتمانەن؟ ئەگەر کورد خاوەنی ئێرانن چما زمانی کوردی تاکە زمانی فەرمی نییە لە ئێراندا بە جۆرێک کە فارسەکانیش بە کوردی بخوێنن؟ (لەمە گەڕێن کە کوردی وەک زمانی فەرمی ھەر یاساغە).

بۆچی ھەر لەناو دەوڵەتی ئێراندا ئازەربایجان، بەلووچستان و کوردستان ھەن، بەڵام “فارسستان”ێک نییە؟[١٤] بۆچی بواری خوێندن و توێژینەوەی کوردناسی[١٥] ھەیە، بەس “فارسناسی” نییە، بەڵکوو ئێرانناسی[١٦] ھەیە؟ بۆچی مێژووی ئێران لە کوروشی پارسییەوە دەست پێ دەکات و تەنیا ئەم قۆناغە لە مێژوویە کە گەشەی پێ دەدرێ و وەک قۆناغی زێڕینی مێژوویی لای فارس/ئێرانییەکان باس دەکردرێ؟ بۆچی مێژووی ئێران لە میدەکانەوە دەست پێ ناکات؟ چما لە دەرەوەی ئێران کوردمان ھەن، بەس لە دەرەوەی ئێران “کوردی ئێرانی”مان نین؟[١] بۆ نموونە، کوردی ترکیا ناڵێن ئێمە کوردی ئێرانیین. بۆچی گوتاری میدیای فارسەکان وشەی “کردزبان” تەنیا بۆ کوردی رۆژھەڵات بەکار دەھێنن. بۆ نموونە، مەبەستی میدیای فارسی لە “کردزبان” کوردی باکوور یان رۆژاڤا نییە. لۆ بە کوردستان دەبێژن “مناگق کردنشین” (ناوچەی کوردنشینەکان)[١٧] بەس بە خاکەکەی خۆیان نابێژن “مناگق فارس‌نشین” (ناوچەی فارسنشینەکان)؟ چما سەربەخۆییخوازی (جوداییخوازی) کورد، تەنانەت سەربەخۆییخوازی ترک، بەلووچ و ئارەبیش ھەن، بەس جوداییخوازی فارسمان نین؟ بۆچی ئەگەرچی ھیچ نەتەوەیەک حەز ناکات خاک و نیشتمانی خۆی دابەش بکات، بەڵام کورد حەز دەکات ئێران دابەش بێ؟ واتە چما کورد خۆی بە خاوەی خاکی ئێران نازانێ؟[١٨]

ئەگەرچی وەک لە سەرەتادا باسم کرد، مرۆڤی کورد مافی خۆیەتی کە چۆن خۆی پێناسە بکات. بەڵام ھەموو ئەو کوردانەی کە خۆیان بە کوردی ئێرانی دەزانن پێویستە ئاگاداری چۆنێتیی بەرھەمھاتنی گوتاری زاڵی ئێرانیبوون بن و بتوانن وەڵامی ئەم پرسیارگەلە بدەنەوە کە باس کران. ھەروەھا پێویستە دەلالەتە سیاسییەکانی ئەم جۆرە پێناسەیە (کوردی ئێرانی) لەبەرچاو بگیرێن. گەلۆ کورد نەتەوەیە یان وەک فارسەکان دەڵێن “قەوم”ە یان ئەوەی کە ئەتنیکە؟ کورد ئەگەر نەتەوەیە ئەی ئێران چییە؟ ئایا کورد دەتوانێ نەتەوە بێ و ھاوکاتیش سەر بە نەتەوەیەکی تر بێ؟ گوتاری “کوردی ئێرانی” چۆن دەتوانێ خۆی لەم دژییەکییە دەرباز بکات کە لە لایەکەوە، گوتاری کوردبوون/کوردستانیبوون پێی وایە کورد نەتەوەیە و کوردستان زێدی کوردە، لە لایەکی تریش گوتاری ئێرانیبوون لە بنەڕەتدا نکۆڵی لە کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتمانی کورد دەکات؟ (بێ گومان نکۆڵی لە کورد وەک “قەوم” ناکات)، واتە گرنگە بزانرێ کە کۆی ئامانجی گوتاری ئێرانیبوون نکۆڵیکردنە لە بەفەرمیناسینی کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتمانی کورد.

لەم نێوانەدا، بەرەیەکی سیاسی ھەیە کە ئەگەرچی خۆی بە کورد و کوردستانی دەزانێ، بەڵام پێی وایە کە لە کایەی سیاسی لەگەڵ فارسەکاندا پێویستە کورد بڵی “کوردی ئێرانی”م، بۆ ئەوەی کە بتوانێ ئامانجی فیدراڵیزم بپێکێ و ستراتیژی سیاسیی خۆی بشارێتەوە. دیارە ئامانجی ئەم وتارە ئەمە نییە کە باس لەمە بکات کە بۆچی سەربەخۆیی دەبێ ئامانجی کورد بێ، نەک فیدراڵیزم،بەڵام ئەگەر وای دابنێین کە نوخبەی سیاسیی کورد بە دوای رێگاچارەسەری فیدراڵی یان کۆنفیدراڵییشدا بێ، ئەوە مەسەلەیەکی سیاسییە و پێوەندی بە ناسنامەی کوردەوە نییە. ناسنامەی نەتەوەیی شتێک نییە کە دانوستانی سیاسی لەسەر بکردرێ، بەڵکوو دانوستان لەسەر بەرژەوەندییە ناستراتیژییەکان دەکردرێ. ھەر بۆیەش، ئەگەرچی ئەز لەم باوەڕەدام کە تەنیا سەربەخۆیی دەبێ ئامانجی بزاڤی کوردستان بێ، بەس نەتەنێ بەرەی سەربەخۆییخواز، بەڵکوو بەرەی فیدراڵخواز یان کۆنفیدراڵخوازیش پێویستە زۆر بە ئاشکرا باس لە بەفەرمیناسینی کورد وەک نەتەوە بکەن.[١٩] لەبەر ئەوەی کە گرنگە بزانرێ کە فیدراڵیزم و کۆنفیدراڵیزم مۆدێل و رێگاچارەسەری سیاسین، نەک مۆدێلێک بۆ دیاریکردنی ناسنامەی کورد.

_______________________________________________

پەراوێز:
[١] “If one is attacked as a Jew, one must defend oneself as a Jew. Not as a German, not as a world citizen, not as an upholder of the Rights of Man.” https://www.philosophersmag.com/opinion/187-the-urgent-relevance-of-hannah-arend

[٢] Discourse
[٣] ھەڵبەت لێرەدا گرنگە ئاماژە بدرێ کە ئێرانیبوون ناسنامە نییە بەڵکوو ناسنامەیەکی ساختەیە. لەم واتایەدا، ناسنامەی ئێرانیبوون رۆڵی ئایدۆلۆژیا دەگێڕێ و ‘وشیاری ھەڵە” (false consciousness) دەخووڵقێنێ. بۆ بەڵگاندنێکی ھاوشێوە بڕوانە: رستمی، مەسعود. ٢٠١٨. پروبلماتیک مبارزە؛ خوانش فراایدولوژی.
[٤] Universal
[٥] Particularity
[٦] سپاسی ھاوڕێم ھێمن حسێنی دەکەم کە ئایدیای کەڵکوەرگرتن لەم بەڵگاندنە لە گفتوگۆیەک لەتەک ئەو بە زەینمدا ھات. گفتۆگەکەمان سەبارەت بە بەڵگاندنی سڵاڤۆی ژیژەک بوو. لە دیمانەیەکدا کە ژیژەک باس لە چۆنێتیی خۆسەپاندنی “سپیپێست”ەکان دەکات بەسەر “سوورپێست”ەکان و “رەشپێست”ەکاندا.
[٧] Black Lives Matter
[٨] All Lives Matter
[٩] بۆ خوێندنەوەی کارێکی باش لەم بارەوە بڕوانە: “کوردەکان و برا موسوڵمانەکانیان” لە نووسینی جەماڵ نەبەز.
[١٠] ئەمە یەکێکە لە کاکڵە سەرەکییەکانی ئەم گوتارە کە فارسەکان بە “ھمزیستی تاریخی” (پێکەوەژیانی مێژوویی) باسی دەکەن.
[١١] ھاوکات فارسەکان ئەم گریمانەش باس دەکەن کە ئەمانە زمان نین و زاراوەن. بەڵام لە دوای چەند دەیە، لەم دواییانەدا ئەم گریمانەیەیان تووشی گێچەڵ بووە، وردەوردە خەریکن پاشەکشەی لێ دەکەن.
[١٢] لە مێتۆدی شیکاریی رەخنەیی گوتاردا (critical discourse analysis) ئامانج ئەوەیە ئاشکرای بکەین کە چۆن بکەرەکە لە پێکھاتەی زمانیدا خۆی دەشارێتەوە. میناک، ئەگەر فارسێک بەوپەڕی بەکارھێنانی لۆژیکەوە و لەژێر گوشاردا بیھەوێ دان بەمەدا بنێ کە ناھەقی لە کورد کراوە لەم رستەیە کەڵک وەردەگرێ: “من قبول دارم کە بە شما کوردھا ڤلم شدە است”. لێرەدا ئاخێوەری فارس (کە سەر بە گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانییە) لە پێکھاتەی کاری نەناسراو (passive verb) کەڵک وەردەگرێ کە دان بەمەدا نەنێ کە فارس ھەقی کوردی پێشێل کردووە. واتە ناڵێ کە “من قبول دارم کە ما فارس‌ھا بە شما کوردھا ڤلم کردەایم”. بەم جۆرە ئەگەرچی دیارە کە ماف و ئازادیی کورد پێشێل کراوە، بەس روون نییە کە کێ ئەو مافەی پێشێل کردووە. وەک دەبیندرێ بکەر بەردەوام لە گەمەی زمانی و سیستەمێکی واتاییدا (گوتار) خۆی دەشارێتەوە. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم مێتۆدە بۆ شیکاریی رەخنەیی گوتار بڕوانە:
Fairclough, Norman. 1995. Critical Discourse Analysis: New York: Longman, 1995
[١٣] ئاماژەکان لە فەزای گشتیی مەجازیی کوردستاندا ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئەم گوتارە لەناو نەوە نوێیەکاندا لاواز بووە و موناقشە لەسەر دژییەکی ئەم دوو ناسنامەیە لە ھەناوی زۆربەی موناقشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا دەبیندرێ.
[١٤] تەنانەت گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی بۆ ھەر نەتەوەیەکی بندەست لە “ئێران”دا پارێزگایەکی دیاری کردووە کە ناسنامەی نەتەوەکان بۆ ئاستی “قەوم” نزم بکاتەوە. بە سەرنجێک بە ناوی پارێزگاکانیش دەردەکەوێ کە ھەمدیسان پارێزگای کوردستان، بەلووچستان و ئازەربایجان ھەن. کە دەگاتە ناوی پارێزگای فارسەکان، ناوی پارێزگای “فارس”ە نەک فارسستان.
[١٥] Kurdology یان Kurdish Studies
[١٦] Iranistics, Iranology یان Iranian Studies
[١٧] ئەگەرچی لە لایەکی تریشەوە، فارسەکان بۆ پەرەپێدان بە زاڵێتیی مێژوویی خۆیان ھەوڵ دەدەن کە بڵێن کورد لە ھەر شوێنێک بن ھەر ئێرانین و چالاکانە دژایەتیی سەربەخۆیی کورد لە بەشەکانی تری کوردستانیش دەکەن. لەمەش زیاتر، رەوتێکی ھزریی کۆنیان ھەیە کە دەڵێ نەتەنێ کورد لە ئێراندا مافی سەربەخۆیی نییە، بەڵکوو ئەگەر کورد لە بەشێکی تری کوردستانیشدا بگاتە سەربەخۆیی ھەر ئێرانییە. دەکرێ جەوادی تەباتەبایی وەک نموونەیەکی نوێ و دیاری ئەم گوتارە فیکرییە شۆڤێنیستییە ببینین کە پێی وایە “ئێران” یەک ئایدیا و تیۆرییە (ئێرانشاری) کە کورد و ترک و زۆر “نەتەوە”ی تریش دەگرێتەوە. ئەو لەو باوەڕەدایە کە ئەم نەتەوانە ئەقڵییەتیان ئێرانییە و ئەگەر سەربەخۆش ببن ھەر سەر بە ھزری ئێرانین. بۆ زانیاری زیار بڕوانە:
http://iranshahri.com
بۆ رەخنەیەک لەسەر ھزری سیاسیی تەباتەبایی بڕوانە ئەم وتارە فارسییە: حاجی‌زادە، جلال. (١٣٩٥). تڕملی بر نڤریە انحگاگ و زوال اندیشە در ایران. گۆڤاری بیروھزر.
[١٨] خۆپاراستن لە وشەی کوردستان لە دیسکۆرسی ئێرانیدا و دەکارخستنی دەستەواژەی “ناوچە کوردنشینەکان” بەو ئامانجەیە کە بڵێن کوردستان خۆی نیشتمانێک نییە بەڵکوو تەنیا یەک نیشتمان ھەیە ئەویش ئێرانە. لەم روانگەوە، دەکرێ لەم “نیشتمانەی ئێران”دا لە شوێنێک کورد نیشتەجێ بن و لە شوێنێ تریش ترک، ئارەب، فارس، تورکمان، یان بەلووچ. کەوابوو کوردستان نیشتمان و زێدی کورد نییە بەڵکوو ناوچەیەکە کە لە ئێستادا کورد لەوێ نیشتەجێن. دەلالەتێکی سیاسیی ئەمەش ئەوەیە کە دەکرێ خەڵکانی تر لەوێ نیشتەجێ بکرێن (گۆڕینی دێموگرافیی کوردستان). دەلالەتێکی گرنگتری تر ئەوەیە کە کوردستان یەکەیەکی نەتەوەیی نییە، واتا نەتەنیا نابێ سەربەخۆ ببێ بەڵکوو لە مۆدێلی خودموختاری یان فیدراڵییشدا کوردستان نابێ یەکەیەکی سیاسی بێ -واتە نکۆڵیکردن لە نەتەوەبوونی کورد.
[١٩] مەبەست ئەوە نییە کە ھەموو کورد حەز دەکات ئێران دابەش ببێ، بەڵکوو مەبەست بەراوردی روانگەی کوردە لەگەڵ فارسدا بە نیسبەت نیشتمانی “کوردستان” و “ئێران”، ئەگینا فارس/ئێرانییەکان ھەتا ئەمڕۆش ئەم ئازادییەیان لە کورد زەوت کردووە کە کورد لە ریفراندۆمێکی ئازاددا تەعبیر لە ناسنامەی خۆی بکات.
ھەروەھا ئەم وتارە:
Montserrat Guibernau, Nations Without States: Political Communities in the Global Age, 25 Mich. J. Int’l L. 1251 (2004).

Available at:
https://repository.law.umich.edu/mjil/vol25/iss4/23
 

 

sirwansalihzade@gmail.com

 



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک