٢٢\٥\٢٠١٨ رانانێک بۆ پەرتووکی سێ توێژینەوەی مێژوویی.
توێژینەوەی یەکەمی ئەوپەرتووکە باس لە سەرەتاکانی بیری چەپ دەکات لەعێڕاقدا. بەپێی ئەوتوێژینەوەیە لە دەساڵەی دووەمی سەدەی بیستەمی ڕابردوودا، بیری چەپ لەعێراقدا لەشێوەی تاکەکسی دەرکەوتووە.ئەمیش سەرەتا ژمارەیەک ڕۆشنبیرو کەسەیاتی لە ڕێگەی خوێندنەوەوەئاشنای ئەو بیرە دەبن و بە سەرەتاکانی بیری چەپگەرایی لەعێراقدا ئاوێتە دەبن. ئەم کەسایەتییانە، تەنھا لەشێوەی کەس و گرووپی بچووک بوونە نەک شانەیەکی ڕێکخراوەیی دیسپلین کراو. ئەم کەسانە ڕاپۆرتێکیش ئامادەدەکەن و بۆ لیلینی بەرزدەکەنەوە لەسەر ڕەوشی سیاسی عێڕاق. دواجاریش بڵاوکراوەیەک دەردەکەن. گەرچی دواجار ھەوڵی ئەوە ئەدەن ئەو بیرە لەتاکەکەسییەوە بگوازنەوە نێو ڕێکخراوو حزبێک، بەڵام کارەکەیان بەھۆی ھەڵومەرجی سیاسی ئەوکات سەرناگرێت و دواجاریش خۆیان بڵاوەی لێدەکەن و لە چاڵاکی ئەوەستن. لەدوای ئەو گرووپە تێکۆشەرێک بەتەنھا لە ساڵی ١٩٣٢دا لەشاری ناسرییە یەکەم بانگەوازی شیوعی بڵاودەکاتەوە. ئەویش ھاوڕێ فەھدە. کە ئەوکات کرێکار بووە لە کارگەیەکی بەفر. بێگومان فەھد چونکە کرێکاربووەو لە نزیکەوە لە ئازاوو مەینەتییەکانی ئەوچینە تێگەیشتووە، ئیدی ئەمە کاریگەریەتی لە سەر ھزرو بیرکردنەوەی دا ئەنێت. بۆیە دەکرێ بڵێین ئەمە بەسەرەتای ڕێکخستن و زەمینەسازی بۆ دامەزراندنی حزبێکی چەپ لەعێراق دابنێین بەنێوی حزبی شیوعی عێڕاق لەئازاری ساڵی ١٩٣٤دا. یەک ساڵ دوای دامەزراندنی بەشێک لە سەرکردەوە تێکۆشەرەکانی لەساڵی ١٩٣٥دەگیرێن و بەمەش ئەم حزبە لە دەسپێکی کاری خۆیدا کاریگەریەتی خۆی دەردەخات و لەلایەن ڕژێمی پاشایەتییەوە ڕووبەڕووی قەدەغەی سیاسی دەبێتەوە. ئیدی بەدرێژایی ئەومێژووە حزبی شیوعی لە قۆناغە جیاوازەکاندا، بەشداری ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دەکات. لە ڕێگەی بڵاوکراوەکانیشی ھەوڵی ھوشیارکردنەوەی کۆمەلگە دەدات.ئەم حزبە دەبێتە داکۆکیکارێکی سەرسەختی کرێکاران و چەوساوەکانی عێڕاق. ڕژێمی پاشایەتیش ئەمەبەمەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت.بۆیە بەردەوام ھەوڵی لە نێو بردنی سەرکردەو ڕێبەرەکانی دەداو تا دواجاریش ھاوڕێ فەھدو چەند سەرکردەیەکی تر لە سێدارەدەدات. ئیدی ئەومێژووە درێژەی دەبێت و لە سەردەمی بەعسدا دەگاتە ترۆپکی دڕندەیی.
سەبارەت بەو بەشەی کوردستانیش لەعێراقدا، ئەوا نووسەر ئاماژەی بۆئەوەکردووە کە تاساڵی ١٩٤٣ ھیچ بنکەو ڕێکخراوێکی حزبی شیوعی لەباشووری کوردستان بوونی نەبووە. لەوساڵەدا یەکەم بنکەی شیوعی دامەزراوە یەکەم کەسیش کە بۆتە ئەندام کەسێک بووە بەناوی (مەلا شەریف). ئەو کەسە بەشداری کۆنفرانسی حزبی کردووەو لەساڵی ١٩٤٥ بۆتە ئەندامی سەرکردایەتی.بەبڕوای من ئەمە بایەخی ئەو حزبە بەکوردو نەتەوەی کورد دەردەخات گەرچی خۆی حزبێکی ئەنتەر ناسیۆنالی بووە. بۆیەشە لەیەکەم ھەنگاودا کوردێک دەچێتە نێوەندی بڕیاردانی ئەو حزبە. لە نێوان ساڵانی سەرەتای سییەکان و تاکو سەرەتای ساڵانی پەنجاکان، حزبی شیوعی تاکە ڕێکخراوی سیاسی و نھێنی بووە چاڵاکی ئەنجامداوە.
بابەتێکی دیکەی نێو ئەو پەرتووکە، باسێکە لەبارەی بیری چەپ لە شاری ڕواندز لەدەساڵی کۆتایی سییەکان تاکو چلەکان. ئەم بابەتە بۆمن ھەم جێگەی ھەڵوەستەکردن بوو، ھەمیش جێگەی خۆشحاڵی بوو وەک ڕواندزییەک. نووسەر لەوباسەیدا باس لە سەرەتاکانی ئاشنابوونی ڕواندزییەکان بەبیری چەپ لە ساڵانی سییەکان دەکات. نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کەلە قەزای ڕواندز بەرلە ڕاگەیاندنی پارتی ھیوا، چەند کەسایەتییەکی تێگەیشتوو چوونەتە ڕێزی کۆمەڵەی دارکەر لە ساڵی ١٩٣٧. دواتر ئەو کۆمەڵەیە نامێنێت و بەدامەزراندنی پارتی ھیوا،لقێکی ئەو پارتە لە ڕواندز دەکرێتەوە. چەند کەسایەتییەک وەک:_(شێخ سلێمان و میر محمەد دەرگەڵەیی و وەھاب ئاغاو سەبری نەجیب) چەندانی تر کە بەتێکڕایی ژمارەیان دەگاتە سی و سێ کەس، دەبنە ئەندام لەپارتی ھیوا.بەشێک لەو کەسایەتییانە ھەڵگری بیری پێشکەوتنخوازانەی چەپ بوون، بۆیە دواتر دەبنە ئەندامی حزبی شیوعی. بەکردنەوەی پەرتووکخانەی پێشکەوتنیش لەلایەن عەلی مەکتەبە لەساڵی ١٩٤٣، ئەوەندەی تر زەمینەی بڵاوبوونەوەو گەشەکردنی بیری چەپ و شیوعیەت دەرەخسێت.چونکە بڵاوکراوەکانی حزبی شیوعی لە وڵاتەکانی دیکەی وەک لوبنان و ئوردن و میسری بۆ دەھات. بەم شێوەیە وردەوردە ئەو بیرە چەکەرە دەکات لەنێو ڕواندزییەکان. لە ھەڵبژاردنی ساڵی ١٩٤٧ دا ڕواندزییەکان شەش پاڵێوراویان دەبێت بۆ ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەو شارەدا، کە زۆرینەی دەنگیش بە دەست دێنن. بەڵام دواجار حکومەتی عێراق لەبەرژەوەندی خۆی دەستکاری دەنگەکان دەکات و ئەوە دەنێرنە نوێنەران کە مەبەستییانە.یاخود بەدڵی حکومەتی نوری سەعید بوونە. بەم شێوەیە ڕواندزییەکان لە چوارچێوەی پارتێکی چەپدا دەست بەجموجۆڵی جەماوەری و چاڵاکی سیاسی و ھزری دەکەن. تەنانە بە شدارییەکی کاراش دەبینن لەو خرۆشانە جەماوەرییەی کەبەڕاپەڕینی کانوونی دووەمی ١٩٤٨ ناسراوە، کەزۆربەی شارو شارۆچکەکانی عێراقی گرتۆتەوە. ڕواندزیش یەکێک بووە لەو شارانە. بێگومان ئاشنابوونی ڕواندزییەکان بەبیری چەپ و بڕوابوونیان بە شیوعیەت،نیشانەی کرانەوەی ھزری و کۆمەڵایەتی دانیشتووانی ئەو شارە دەگەیەنێت. بەتایبەتیش لە سەردەمێکدا، کەسەردەمی دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی وھەژموونی بیری ئایینگەرایی بووە. پەیوەندیکلردن بە حزبی شیوعی لە ساڵانی سییەکاندا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕواندزییەکان، کەسانی ھوشیارو تێگەیشتوو بوونە. کەسانێک بوونە تێڕوانینێکی پێشکەوتنخوازانەیان بۆ کۆمەلگەو تاکەکان و ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی ھەبووە. ئەم شارەکەزۆرجار بەشاری ھونەرمەندان و ڕۆشنبیران دەناسرێت، لەخۆوە ئەوشوناسەی پێنەدراوە. بەڵکو ئەمە ڕەگێکی مێژوویی دوورتری ھەیە.چ پێشتر بەدەرچوونی زاری کرمانجی و چاپخانەی حوزنی، چ دواتریش بەئاشنا بوونی بیری چەپ بەوشارە. ئەوسەردەمە سەردەمێکی کۆنپارێزو دواکەوتوو بوو. بەڵام لەپەراوێزی ئەمەدا لە ڕواندز چەندین رۆشنبیرو کەسایەتی پەیوەندی بەحزبی شیوعی دەکەن و دەبنە ئەندام لەو حزبە. یاخود ھاوڕێیەک درک بەوە بکات لە چلەکاندا، پەرتووکخانە لەو شارە بکاتەوە ئەمە ھێمایەکە بۆ ھوشیاریی و پێشکەوتنخوازی کەسانی ئەو شارە، کە ئێستاش بە چەندین تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی جیا دەکرێتەوە لە شارەکانی تر.
لە توێژینەوەی سێیەمیشدا، نووسەر باس لەدەسەڵاتی میر محمەد دەکات و چەند ڕووێکی شاراوەی ئەو دەسەڵاتە ڕووندەکاتەوە. ئەمەش لەڕووی مێژوویەوە گرنگە. بۆ ئەوەی خوێنەران بەگشتی و ڕواندزییەکانیش بەتایبەتی بەدیوێکی دیکەی دەسەڵاتی ئەو میرنشینە ئاشنابن. لەمیانەی خوێندنەوەی ئەو پەرتووکەدا ئەم سەرنجانەم لا دروست بوون:
|