په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١\٢٠١٨

رانانێکی خێرای رۆمانی تواوەی عەباسی مەعروفی.


سەدیق سەعید     


ھەرکاتێک ڕۆمانێک دەخوێنمەوە کەباسی زیندان و فەزای زیندان و دۆخی سایکۆلۆژی مرۆڤ لە زیندان بکات، یەک ڕاست قسەیەکی (محمد ماغوت)ی شاعیری سووریم بیردێتەوە کە لە دیمانەیەکیکدا دەڵێ:( لە زیندان ھەستم کرد شتێک لە ناخم شکا) ئیدی دوا ئەوەو تا دەشمرم ھەست بەوشکانە دەکەم، گەرچی ناشزانم چیبوو شکا. ئەمە وەک دەربڕێنێک بۆ کەشی زیندان، کە مرۆڤ زۆرجار لە بوونەوەرێکی میھرەبان، بەتواناو ئیرادە و خۆشەویست و کۆمەڵایەتی، دەیکاتە بوونەوەرێکی دیکە، کەتەنھا ھەناسە دەدات و بە جەستە زیندووە. دەنا بە ڕوح دەمێکە تێکشکاوە. ئەگەر لە دنیای پێشکەوتوودا زیندان نێوەندێک بێت بۆ سەر لەنوێ ڕاھێنانەوەی مرۆڤە تاوانبارەکان بۆ نێو کۆمەڵگە و ئاشتکردنەوەیان لە گەڵ ژیان و دەوروبەر، ئەوا لەوڵاتە دواکەوتووەکاندا، زیندان شوێنێکە بۆ تێکشکاندنی مرۆڤەکان و ھەلابەھەلاکردنیان تاڕادەی کوشتن و ھەموو جۆرە ئازارێکی ھۆڤیانە.زۆر دوور ناڕۆین و بەعسمان لە بەرچاوە.

 

لەو سۆنگەیەشەوەیە دەبینین، کە بەشێک لە ڕۆماننووسە عێڕاقی و عەرەبییەکان، ئەو ئازارانەی خۆیان لە زیندانداکردتە دەقی ئەدەبی و بەزمانی نووسین لەو ئازارانە دواون. وەک: ڕۆمانی(شەماعیە)ی ڕۆماننووسی عێڕاقی(عەبدولستار ناسڕ)وڕۆمانی (قەپێلک) ڕۆماننووسی سووری (مستەفا خەلیفە). کە ھەردووکییان باس لە زیندان دەکەن. گەرچی بڕواشم وایە نووسین چەند قوڵ و کاریگەریش بێت، ھێشتا ئەستەمە جێگەی گوزارشتێکی ڕاستەقینەی ئازاری زیندانیکردنی زیندانیکراوێک، بگرێتەوە. کەلەکاتی لێَکۆڵینەوەو ئەشکەنجەدان و شکاندنی شکۆی کۆمەڵایەتی و مرۆییانەی،ڕووبەڕووی دەبێتەوە.کاتێ ڕۆمانی (تواوە)ی عەباسی مەعروفیش دەخوێنینەوە، جارێکی تر بەرھەمان چیڕۆکە دڵتەزێنەکانی زیندان و فەزای زیندان دەکەوین. ئەو کورتە ڕۆمانە، سەرگوزشتەی مرۆڤێکمان بۆ باس دەکات کە ناوی(ناسری ئەسفاری)یەو لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، بۆ ماوەی سێ ساڵ، بێ ساغبوونەوەی ھیچ تۆمەتێک لە سەری، زیندانیدەکرێت. لەو ماوەیەدا، ئەسفاری ھەرچی ئازارو تێھەڵدانی زیندان ھەیە لە ئەشکەنجەدانی رءحی و جەستەیی و ھەموو شێوەکانی ئازاردان دەبینێت.

 

تۆمەتەکان بۆ زیندانیکردنی ئەسفاری، بێ شومارن، وەلێ بەڵگە و ساغبوونەوەکان بوونیان نییە. دەمێک بە تۆمەتی ئەندام لە شانەیەکی نھێنی، دەمێک بە نووسەری کتێبە یاساغەکان، دەمێک بە تلیاک و بازرگانیکردن بەو کارە تۆمەتباری دەکەن. وەلێ ھەموو کات ئەو بێ تاوانی خۆی لەو کارانە دەردەبڕێت.بۆماوەی سێ ساڵ لەنێو ئەو ئازارانە و ئازاری ھاوزیندانییەکانی دەمێنێتەوە. ئەو، ئەو ژیانەی خۆی و کەسانی دیکەی نێوان زیندان، بە ئیبراھیمی نێو ئاگر دەچوێنێت. وەک ھێمایەک بۆ ئازارو ئەشکەنجەکان.دواجار لێکۆلەرداوای لێدەکات لە بارەی کەسێکەوە کەھاوڕێی ئەو بووەو ناوی ئازادە قسەی بۆ بکات. یان ڕوونتر بڵێین ئیعترافی لە سەر بکات. ئەو کەسە دەکەن بیانوویەک بۆ ئەوەی ھەموو ڕۆژلێکۆڵەرو مەئمورەکان و جەلادەکانی زیندان ئازاری بدەن. تا ئەوڕادەیەی ھەموو جارێک بەھۆی ئەو ئازارانەوە دەگاتە ئاستی مردن. ئەسفاری بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ئازارانەی بێنێت، ڕۆژێک بە گاڵتەوە بە مەئمور دەڵێت: کە ئەو ئازاد دەناسێت و ئەندامی گرووپێکی نھێنییە و تەقینەوەیەکیشی ئەنجام داوە. ڵێکۆڵەر بە ئەسفاری دەڵێت: ئەمەش ئەوەمان دەویست تۆبۆچی خۆت ئازار دەدەی؟ بەڵام دواجار ئەسفاری پێیان دەڵێت: کە ئەو ئەوحیکایەتەی بۆیە ھەڵبەستووە تاکو کۆتایی بە ژیانی بێنن. دەنا چ کاری بەو کەسەوە نییە.

 

بەڵام لە بڕی ئەوەی ھەموو ڕۆژێک لە زیندان بمرێت، ئەوا بابە یەکجاری کۆتایی بە ژیانی بێنن.بەڵام ئەوان بەردەوام دەبن لە ئازاردانی. دوای ئەوەی بێئومێد دەبن لێی،لەوەی کەھیچ شتێک بدرکێنێت، بەم جۆرە دوای سێ ساڵ پێی دەڵێن: بەھەڵە تۆمان گرتووەو ئەوجۆرە ھەڵانە ھەردەبن. بەھیچ شێوەیەکیش نابێت دوای ئازادکردنت لە زیندان، ئەو ڕووداوە بۆ ھیچ کەسێک باس بکەیت. بژە وەک ئەوەی ھیچ ڕووینەدابێت. ئەسفاری لە زیندان ئازاد دەبێت، بەڵام کام ئەسفاری؟ ئەو ئەسفارییەی ھەرگیز وەک پێش زیندانیکردنەکەی نییەء خێزانەکەی پێی دەڵێت: جاران یەک ئەسفاری ھەبوو، ئێستا بووە بەدوان. ئەمەش وەک ئاماژەیەک کە زیندان چۆن ئەء مرۆڤەی گۆڕی و ژیانی وێرانکرد. ئەسفاری دوای ئەوەی لە زیندان دەردەچێت، ژیانی خۆی لەوپەڕی بێ بەھایی و بێ مانایی دەبینێت. ئەوھەرگیز جارێکی ترنابێتەوە بەمرۆڤەکەی پێش زیندانیکردنی. بۆیە دەڵێت: (ژیان لای من وەک بینایەکی کۆن وایە،کەسەیری ھەر شوێنێکی دەکەی خەریکی داڕمانە). یاخود لەشوێنێکی دیکەدا دەڵێت: (ھەست دەکەم عەلاگەیەکی پڕلەخۆڵم و ھیچ کەناسێک ھەڵمناگرێت).زیندان ئەو مرۆڤە دەگۆڕێت بە بوونەوەرێک، کە ئیدی ژیان و بوونی لە بەرچاو دەکەوێت. ھاوشێوەی پاڵەوانی رۆمانی قەپێلک. ئەویش دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد دەکرێت، ھەست دەکات ژیان بۆ ئەو ھیچ ماناو بەھایەکی نەماوە.

 

بۆیە جارێکی تر حەزدەکات بچێتەوە زیندان. کاتێکیش دەزانێت ئەمە نابێت، ئیدی بەتەنھا لە خانووێک دەژیت و خۆی دادەبڕێت لە ھەمووشتێک. لە ڕۆمانی تواوەشدا، خوێنەر ھەست بە ماھییەتی ڕاستەقینەی زیندان لەوڵاتە دواکەوتووەکان دەکات. لەم جۆرە وڵاتانە، زیندان جەھەنەمێکی دیکەیە. فابریکایەکە بۆ تاقیکردنەوەو ڕاھێنانی مرۆڤ لە سەر ھەمووجۆرەکانی ئەشکەنجەدان. تا ئەوئاستە مرۆڤ بێ بەھا دەکەن، کە ئیدی ھەرگیز نابنەوە بە مرۆڤە ئاساکانی پێش زیندان. کاتێ لە خوێنەوەی ئەو کورتە ڕۆمانە بوومەوە،ھەم ئازارم چەشت، ھەمیش چێژ. ئەو ڕۆمانە لە کاتی خوێنەوەی بەھۆی بەرکەوتنی بەوھەموو دیمەنەتراژیدیانەی نێو زیندان و ژیانی ئەسفاری، ئازار دەچێژێت. ھاوکات چێژیش لەخوێنەوەی وەردەگرێت. چونکە ڕۆمانێکی پوخت و کورتەو بەزمانێکی کوردییانەی سادەو جوان، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی...
__________________________________
* تواوە: ڕۆمان. نووسینی (عەباسی مەعرووفی)، وەرگێڕانی (ڤیدا قادری)، بڵاوکراوەی دەزگای سەردەم ٢٠١٧.
 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک