په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠٢٦

ڕاپەڕینەکەی ئێران لە قۆناغێکی زۆر ناسکدایە.


زاھیر باھیر       


بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەماوەی دوازدە ڕۆژی ڕابردوودا لە ٣١ پارێزگای ئێراندا کە ١٥٠شار و ٦٠٠ و شارۆچکە پەیوەست بوون بە خۆپیشاندانەکانەوە. ڕاپۆرتەکان وای رادەگەیەنن کە چەند شارۆچکەیەك و شاری عەبادان چی تر لەژێر کۆنترۆڵ و ئیدارەی حکومەتدا نەماوە و کەوتونەتە ژێر دەسەڵاتی خەڵکەوە.
ئەو ناڕەزایەتییەی کە لە ٢٧ ی مانگی ڕابوردووەوە دەستیپێکرد، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی دراوی نیشتمانییەوە بوو. ئەم پێشهاتە وایکرد کە لای حکومەت قورستر بێت تاکو چارەسەری ئەو نیگەرانیانە بکات کە لەلایەن هاوڵاتیان و خۆپیشاندەرانەوە وروژێنراون. جگە لەوەش حکومەت کۆتایی هاتنی نرخی ئاڵوگۆڕی پاڵپشتیکراوی بۆ هاوردەکاران ڕاگەیاند، بڕیارێک کە پێشتر بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی بەقاڵی.


دوێنێ شەو ، پێنج شەمە، ناڕەزاییەکان فراوانتر و کاریگەر تر و شاری گەورەی وەك تاران و مەشهەدی بەخۆوە گرتووە کە هەموو ئەوە دەڤەرانەی سەرەوە و گەلێك لە شار و شارۆچکەکانی گرتۆتەوە. بە سەدان هەزار کەس هاتوونەتە سەر شەقامەکان. هاوکاتیش لە زۆربەی شار و شارۆچکە گەورەکانی کۆردستان، خەڵکی مانگرتنیان کردووە و دووکان و قوتابخانە و خەستەخانە و شارەوانی شوێنە خزمەتگوزارییەکان و ئەوانی دیکە هەر هەموویان داخراون و خەڵکی لەسەر شەقامەکان بوون . گەرچی دەسەڵات هێڵی ئینتەرنێتی لە خەڵکی بڕی، بەڵام هێشتا وێنە و ڤیدۆکانی ئاپورەی خەڵکی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە لایەن پۆلیس و پاسادارەوە، دزەیان بۆ سۆشیال میدیا کرد.


ئەوەی مایەی دڵخۆشییە تا ئێستا خەڵکانی ڕاپەڕیو لە لایەن هیچ لایەن و پارتییەکەوە کۆنترۆڵ نەکراون و تا ئێستا سێنتەرێکی نییە ، گەرچی ڕەزا پەهلەوی دەیەوێت خاوەندارێتی لێبکات ، لە دوورەوە پەیام دەنێرێت و فرمان دەردەکات بەڵام ئەو لە ناو ئێراندا پێگەیەکی بەهێزی نییە. زۆربەی هاوکاران و لایەنگرانی ئەو لە وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدە و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەن.


ئەمەی کە دوێنێ شەو ڕوویدا تەکانێکی گەورەی بە خۆپیشاندان و ئارەزاییەکانی خەڵکی دا، ڕاپەڕینەکەی خستە قۆناخێکی سەخت و ناسکەوە. لەوە دەکات ئا لێرەوە هەنگاوەکانی داهاتوی ئەم راپەڕینە مەزنە دیاری بکرێت و ناکرێت هەر لەم شێوەییەی ئێستادا بمێنیتەوە یا ئەوەتا بەردەوام دەبێت بەڵام بە گوژمی بەهێزتر و بە ژمارەی زۆرتر و بە شداری شاران و شارۆچکەی فرەترەوە ، یاخود بەرەو خامۆشی بڕوات . من هەرگیز ناڵێم شکست دەهێنێت، چونکە ناکرێت شکست بهێنێت لە کاتێکدا هەر ئەمان خۆیان یاخود ئەوانەی لە دوای خۆیان دەکەون بە سەر خەزێنەیەکی گەورە لە ئەزموونی زیاتر . هاوکاتیش کەمێک لە داخوازییەکانیان دێتە دی، بە جۆرێکیش لە جۆرەکان بنکەنی ڕژێمی کردووە و درزی گەورەی تێخستووە کە بە تەکانێکی تر دەستەبەری هەرەسهێنانی ڕژێمەکە دەکات . ئەمە جگە لەوەی کە سروشتی ڕاپەڕین و شۆڕش هەر ئاوایە.


با ئەوەشمان لە بیر نەچێت خەڵکی لە بەرانبەر ڕژێمێکی فاشی سەرکوتکەر ڕاوەستاون، ڕژێمێک کە هیچ بەزەیی و سۆز و دەستگێڕانەوەیەکی نییە لە بەرانبەر ئەم خەڵکە مەزنەی ئێراندا ، کە لە ئێستادا خەڵکی ئەو پەڕی بوێرییان نیشانداوە کە لە چەند شوێنێکدا تەنانەت هەیکەلی قاسمی سڵێمانیان شکاند و بە پێلەقە چوونە سەری ، کە ئەو بە پاڵەوان و پلاندانەر و نەخشەکێشی نەك پێشەوەچونی خودی ئێران دەناسرا، بەڵکو هەناردەکردنی هاوکاری و هەموو جۆرە سەپۆرتێك بۆ گروپانی تیرۆریستی ئیسلامی لە وڵاتانی دیکە بوو.


لە لایەکی دیکەوە ڕژێم باش دەزانێت کە خەڵکی عەرشی حوکمڕانییانی لەرازندووە لەوە دەکات هەرەسی پێبهێنن بۆیە هەموو جۆرە تاکتیك و فێڵ و سەرکوتکردنێك دەگرنە بەر لە پێناوی مانەوەیاندا. ئەوەی زانراوە لە ڕێگەی ع هەنگاوع کە ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤە تا ئێستا ژمارەی قوربانییەکان ٤٥ کەسن، زیاتریش لە ٢٠٠ بریندار هەیە و هەروەها زیاتریش لە ٢٤٠٠ کەسیش دەستگیر کراون.


لێرەدا ڕاستیەکی دیکەش هەیە ئەویش، هێشتا قەوارەی ڕاپەڕیوان ئەوەندەی ڕاپەڕینی عژن، ژیان ، ئازداییع یاخود قەبارەی بزوتنەوەی گرین-ی ٢٠٠٩-٢٠١٠ گەورەتر و فراوانتر نییە. ئەوەش راستییە کە ئەو دوو بزوتنەوەیە بە تایبەت عژن ، ژیان ، ئازادییع ، هەنگاوی گەورەی نا، تا ڕادەیەك جڵەوی دەسەڵاتدارانی ئێرانی شل کرد و وانەیەکی باشی پیدان و هاوکاتیش ورە و بوێری و متمانەی جارێکی دیکە بۆ خەڵكی ئێران گەڕانەوە . لەمانەش گرنگتر بناغەیەکی دروستکرد بۆ ئەم ڕاپەڕینەی ئێستا. جیاوازییەکەی ئەمەی ئێستا و ئەو کاتە ئەوەیە کە ئێرانی ئێستا پاش شەڕە دوازدە ڕۆژییەکەی لەگەڵ ئیسرائیلدا زۆر لاواز بووە، هاوکاتیش خەڵکی بوونەتە خاوەنی ئەزموونێکی زیاتر لە گردبوونەوەیان و لە گۆڕینی تاکتیکەکانیان لە بەرانبەر پۆلیس و بەسیج و پاسداراندا.


ناتوانرێت پێشبیی دروستی ئەم ڕاپەرینە بکرێت کە ئایا لێرەدا تەواو دەبێت، یاخود هەرەس بە ڕژێمی ئێران دەهێنێت؟ بەڵام دەکرێت پێشبینی ئەوە بکرێت ئەگەر خەڵکی لە ئێراندا هەر گۆڕانکاری دەم و چاوەکانیان بوێت ، گۆڕینی ئەم دەسەڵات بە یەکێکی دیکە ، کۆتایی چەوساندنەوە و دەردەسەریی و نەبوونی و ئازادی و برسێتیەکەی ئەم ٤٧ ساڵەی ژێر حوکمی ئاخوندەکان و پێشتریش حوکمی شا-یان لەسەر دەمێنێت.


دەی با بەهیوابین کە خەڵکی لە ئێراندا ئاراستەیەکی دیکە دەگرنە بەر کە هەموو ئەو جێگۆڕکیانەی ئەم دەسەڵات بەو دەسەڵات ڕەتبکەنەوە و خۆیان بتوانن کاروبار و ژیانی خۆیان بە خۆیان بەڕێوەبەرن دوور لە هەموو دەسەڵاتێکی ناوەندی و ناناوەندیی . بگەنە ئەو قەناعەتەی کە ئازادیی هەموان لە درەوەی دەسەڵات و حکومەت و دەوڵەتدا دەستبەر دەبێت و، تا هەمووانیش ئازاد نەبن ئازادی تاک و لایەن بەدی نایەت، ئەمەش هەر لە سای ڕێکستنی ئاسۆیانەی خودی خەڵکەکە خۆیەتی و گەڕانەوەی هەموو بڕیارەکان بۆ خۆی خۆی خاوەنی سەروەری خۆی بێت و نە بەندیی کەس بێت نە کەسیش بەندی بێت.

 

٩\١\٢٠٢٦

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک