په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٣\٢٠١٢

راپەڕین و.. کەرکوک و.. نەورۆز.


رەزا ساڵح        

 

راپەڕینە مەزنە جەماوەرییە سەرتاسەرییەکەی باشووری کوردستانی شیرینمان ، لە بەھاری ساڵی (١٩٩١) دا. راپەڕین و ھەڵچوونێکی جەماوەریی ھەڕەمەکی و ناکاوی و بێ تەگبیر و بێ نەخشە و بێ بەرنامە و بێ ئامانج نەبوو .. ئەگەرچی تا رادەیەک خۆڕسکی پێوە دیاربوو .. بەڵام لە لایەن ‏ھێزەکانی پشمەرگەی بەرەی کوردستانی و جەماوەری گەلەکەمانەوە پێکەوە و بە ھاوکاری ، ئامادەکاری و پلانێکی تۆکمەی پێش وەختی بۆ دارێژرابوو .. ئەگەر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان نەبوایە .. سەرکەوتنی راپەڕینەکە زۆر زەحمەت بوو ، لەوانەیە قوربانی زۆرتمان بدایە .. کورد ژیرانە توانی ھەل و مەرجە نێوخۆی و دەرەکییەکانیش بقۆزێتەوە و ، لە کاتێکی لەباردا راپەڕێت .

راپەڕین ، بەری خەبات و بەرخودانی چەندین ساڵەی شاخ و شارمان بوو .. لووتکەی شۆڕشی نەکوژاوەی گەلە تێکۆشەر و کۆڵنەدەرەکەمان بوو .. چڵەپۆپەی تووڕەیی و رق و بێزاریمان بوو .. راپەڕین وەرچەرخانێکی زۆر گرنگە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردمان .. لاپەڕەیەکی زێڕینی پرشنگدارە لە مێژووی پڕ لە شانازی و شکۆداری کورد و کوردوستاندا.

ئەم راپەڕینەمان ، نە یەکەمین راپەڕینمانە و ، نە دوایەمین ڕاپەڕینیشمان دەبێت .. کێ ‏ ھەیە ، داستانی دێرینترین راپەڕین لە مێژوودا نەزانێ ، کە راپەڕینە نەمرەکەی کاوەی ئاسنگەر بوو .. کاوەی دلێر و پاڵەوانی ئازدیخوازی کوردمان .. کە لە دژی دڕندەترین دەسەڵاتدار و زۆرداری زەمانە ( زووحاک ) راپەڕی و ، سەری پان کردەوە و تاج و تەختی ستەمکاریی تەفر و تونا کرد و ، گەلی کوردمانی لە زۆردارێتی و چەوسانەوە و نەھامەتی رزگار کرد .. ئەو ڕۆژە ، بوو بە رۆژێکی نوێ و ، بوو بە خۆشترین جەژنی نەتەوایەتی ساڵانەی ھەتا ھەتایەمان ، کە جەژنی نەورۆزی پیرۆزە .. جەژنی رزگاری و ئازادی و ئاشتی یە ، جەژنی نەمانی ستەم و زۆرداری یە ، جەژنی تەبایی و برایەتی و یەکێتیمانە .. ھەر لە باشووری کوردستاندا لە ساڵانی ( ١٩٨٢) و (١٩٨٤) دا ، دوو ڕاپەڕین لە دژی ستەم و تاوانەکانی رژێمی عێراق کران .. کۆمەڵێکی زۆری گەنجمانیان گرت ، کە ئێستا و ئەوسا نەگەڕانەوە و ، کەس نازانێ چۆن و لە کوێدا شەھید کراون .

لە باکووری کوردستاندا ، لە قەڵای خەبات و راپەڕین و کۆڵنەداندا .. تا ئەمڕۆ چەندین راپەڕین و شۆڕش لە دژی ئیمپریالیزمی عوسمانی داگیرکەر و ، ئەتاتورک و ، ھاوبیرە رەگەزپەرستەکانی ئێستاشیان ، کە تا ئەمڕۆش لە تورک زیاتر دان بە ھیچ نەتەوەیەکی تردا نانێن .. دەوڵەتی عوسمانی و ، ئەتاتۆرک و ، ئەتاتورکلیزمە رەگەزپەرستەکانی ئەمڕۆشیان .. زۆر بە شێوەیەکی دڵڕەقانە و دڕندانەی دوور لە رەوشت و ویژدان و سۆزی مرۆڤایەتی .. دەستیان لە کوشتنی رۆڵەکانی گەلی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی کوردمان نەپاراستووە و ، بە ئاگر و ئاسن لە دژی مافەکانی گەلەکەمان رەفتاریان کردووە و دەکەن .. بە ھەموو شێوەیەک جینۆسایدی کوردیان کردووە .. تا ئەمڕۆش وازیان لەم ئەقڵییەتە بۆگەنە شۆڤێنییەیان نەھێناوە و ، ھەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد دەدەن ، بە بەرچاوی جیھانەوە کوشندەترین چەک لە دژی کورد بەکار دەھێنن .. بەڵام نە کوشتن و ، نە ئەشکەنجەدان و ، نەگرتن و نە بەندیخانە .. بە قەی تاڵە موویەکی سەریش ، نەیان توانیوە ھەرەس بە باوەڕی پۆڵایین و ، بە ورەی بەرزی گەلەکەمان بھێنن و ، ھەرگیزیش ناتوانن .. بە پێجەوانەی خواست و نیازی گڵاوی ئەوان .. تا بێت ورە و باوەڕ بەخۆبوونی رۆ‌لە تێکۆشەر و شۆڕشگێڕەکانی گەلەکەمان ، لە باکووری کوردستاندا ، بەرزتر دەبێ و زیاتر گەشە دەکات و .. زیاتریش ئازادی و سەربەخۆییان لا شیرینتر دەبێ .. ئەوتا ڕاپەڕین و شۆڕش بە گۆڕتر و بە گڕتر سەریان ھەڵدایەوە و .. بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت .. تا بە تەواوی کوردستانمان لە داگیرکەران رزگار دەکەین و ، دەست لەملی ئازادی و ئاشتی دکەین و ، مافە رەواکانمان بە دەست دەھێنن .. شاعیری کوردستان پەروەری نەمرمان کامەران موکری دەڵێ :

ئـــــاگر بە نەخـتێ ئــــــاو کـــوژایەوە
گــــوڵ بە بــای پــــایز سەری نـایەوە
بەڵام ژیــــلەمۆی تێکۆشـــــانی کـورد
دوای ( ھەزاران ئاو ) ھەڵگیرسایەوە

لە رۆژھەڵاتی کوردستانیشدا ، ئاخووندەکانی کۆماری سێدارە ، لە ژێر ئاڵای (اللە اکبر) دا ، دوور لە ھەموو رەوشتێک ، زۆر دڕندانە گەلی بێ تاوانی کوردمان دەکوژن و دەچەوسێننەوە .. رۆژ نییە بەبێ تاوان لاوێکی کوردمان لە سێدارە نەدەن .. بە سەدان لاو و مێردمنداڵمان لە زیندانە ترسناکەکانی ئێراندا رۆژانە پیسترین ئەشکەنجە دەدرێن ھەر لەبەر ئەوەی کە کوردن .. بەڵام ھەرگیز بەم کارە قێزەوەن و بەدرەوشتییانەیان ، ناتوانن چۆک بە گەلەکەمان دادەن و لە خەبات و راپەڕین ساردمان بکەنەوە .. ئێمەیە کە نەوەی پێشەوا قازی محەمەدی نەمر بین و ، درێژدەری رێبازە پیرۆزەکەی ئەو بین، ئیتر چۆن کۆڵدەدەین لە تێکۆشان و قوربانی دان ؟.. ئەو قازی محەمەدەی کە ھێندە تێکۆشەر و کۆڵنەدەر و کوردستان پەروەر بوو ، تەنانەت پەت و سێدارەش لە ئاستی دلێری و جوامێری و سەربەرزی و قارەمانێتی ئەودا شەرمەزار بوون . رۆژی خنکاندنی ئاخووندەکانیش بە مێزەرەکانی سەر خۆیان نزیک بۆتەوە .

لە رۆژئاوای کۆردستانیشدا ، کە شۆڤێنی عەرەبی دەسەڵاتدارە ، تا ئەمڕۆش دانیان بە ناسنامەی نەتەوەی کورد دا نەناوە و .. لە سادەترین ماف بێ بەش کراون و بە ھاوڵاتی پلە سێشیان نازانن .. تا ئیستا لە چەند شارێکی ئەم بەشەی کوردستانیشدا ، چەندین خۆپیشاندانی ناڕەزایی و ڕاپەڕین کراون ، بە دەیان شەھیدمان داوە .. ئەمڕۆش لاوانی دڵێری کوردمان ، کوڕان و کچانی قارەمانمان ، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای رەنگین و پیرۆزی کوردستانەوە .. لە شارەکانی رۆژئاوای کوردستاندا ، لە قامیشلی پاڵەوان و ، عاموودا ، عفرین ، حسەکە ، دێرزوور ، کۆبان ، جەزیرە و ، لە گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەڵەب و ، دیمەشقدا.. پێشرەوی و رابەری جەماوەری راپەڕیومان دەکەن و ، سنگیان کردووە بە قەڵغانی بەرگری کردن .. رژێمی حیزبی بەعسی شۆڤینی عەرەبی لە سووریادا ، دواھەناسە دەدەن و لە سەرەمەرگ دان .. بێگومان چارەنووسی بەشار ڕێوی ی دیکتاتۆر و ستەمکاری لە خۆبایش ، کە دەستەکانی بە خوێنی گەلانی سورویا سوورن ، لە چارەنووسی سەدام ی ھاوتاوان و ھاوحیزبی باشتر نابێت.

بۆ ڕاپەڕین لە باشووری کوردستاندا سەری ھەڵدا ؟ رەنگە نەوەی دوای ڕاپەڕینمان بیانەوێت ، زیاتر لە ھۆکارەکانی راپەڕینەکەی ساڵی (١٩٩١) بزانن ، ئەگەر بمانەێ بە تەواوی و تێر و تەسەلی و بە وردی باس لە ھۆکارە گرنگ و سەرەکییەکانی راپەرین بکەین ، بە کتێبێک و سێ کتێبیش باسکردنیان کۆتایی نایەت .. بۆیە من لێرەدا زۆر بە کورتی و بە چڕی و سادەیی ، تەنھا ئاماژە بە سەرناوی ھەندێک لە گرنگترین ھۆکار و فاکتەرەکانی راپەڕینە مەزنەکە دەکەم ، دڵنیاشم بە لای ئێوەشەوە کۆمەڵێک ھۆکاری زیاتر ھەیە .. بە کورتی ئەمانە گرنگترین فاکتەرەکانی راپەڕینەکەی ( ١٩٩١) کن :

ستەمکاری و تاوانەکانی رژێمی شۆڤێنی عەربی ی رەگەزپەرست لە عێراقدا ، کە لە دەسەڵاتی حیزبی بەعسی عەرەبی رەگەزپەرستدا بەرجەستە ببوون .. دەرھەق بە گەلی بێ تاوانی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی کوردمان .. کە ھیچ شتێک ناڕەوا نەما کە بە گەلی کوردمانی نەکەن : کۆمەڵ کوژی ، ئەنفال ، کیمیاباران ، رووخاندنی نزیکەی پێنج ھەزار گوند و شارووچکە و گەڕەکی کوردستان ، تاڵان کردن و دزینی ماڵ و سەروەت و سامان ، کۆڕەو ، بە عەرەبکردنی ناوچەی کەرکوک و خانەقین و ، چەندین ناوچەی تری کوردستان ، راگواستنەوە و دەربەدەرکردنی کورد بە پێی پەتی و بە سەری رووتی لە زێدی خۆمان ، پەیڕەوکردنی سیاسەتی پاکتاونەژادی ، ھەوڵدان بۆ شێواندن و ناشیرین کردنی کولتوور و داب و نەریتی رەسەنی کوردیمان ، ھەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان ، لە ژێر ناوی( تێحیح القومیە ـ راستکردنەوەی نەتەوەیی) دا ، دەرکردنی زیاتر لە ملێۆنێک برا کوردە فەیلییەکانمان ، داگیرکردنی موڵک و زەوی زاری کورد ، قەدەغەکردنی قسەکردن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان و لە دایرەکاندا ، گرتن و لە سێدارەدانی ھەزاران کورد ، سیاسەتی بە بەعسی کردن ، گەمارووی راگەیاندن لەسەر کوردستان ، ھەوڵدان بۆ چەواشەکردنی مێژوو و رەسەنایەتی کورد ، کە بەبێ بنەما و بەڵگە و راستی زۆربەی ھۆزە رەسەنە کورییەکانمانیان گەرناوە بۆ سەر رەچەڵکی عەرەب ، ھەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابووری کوردستان ، گەمارووی ئابووری لەسەر کوردستان ، قەدەغەکرنی کورد لە کڕین و فرۆشتن موڵک و ئۆتۆمبیل دا، وەرنەگرتنی کورد لە وەزیفە ‌و ئیش و کار و ، لە دایرەکان و ، لە کولێجەکانی سەربازی و ، لە ھێزی ئاسمانی و ، کۆلێجی پۆلیس ، دەست پێ کردن بە دەرکردن یا گواستنەوە و دوورخستنەوەی ئەو مامۆستا کوردانەی ، کە رەتیان کردەوە ببنە لایەنگری بەعس ، چاندنی بیست ملیۆن مینی کەسی لە کوردستاندا ، پارەدان بە گەنجانی عەرەب بۆ ئەوەی کچانی کورد بخوازن .. دانانی بە دەیان فەوجی جاش لە کورد و عەرەب ، بە جەیش شعبی کردنی کورد بە زۆر ، ئەمانە و بە دەیان تاوانی تری قێزەوەن .. ستەم و تاوانی لەم جۆرە ، لە ھیچ شۆێنێکی جیھاندا روویان نەداوە .. مەگەر تەنھا لە ھەتیوەکانی ئەفلەق و ئەتاتورکلیزمەکان و ئاخوندەکانی کۆماری سێدارە بوەشێنەوە .. ھەر کوردیشە توانی بەرگەی ئەم ھەموو تاوانانە بگرێت و کۆڵنەدات .

ستەم و تاوان و ناھەقییەکانی رژێمی عەرەبی شۆڤینی لە عێراقدا ، گەیشتبوونە لووتکە و لە رادەبەدەر ، کورد وتەنی : " جام پڕببوو .. لێی دەرژا " لەوە زیاتر ئارام گرتن بێ ھوودە بوو .. برینەکانمان گەیشتبوونە سەر ئێسقان .

لە رۆژی( ٥ / ٣ / ١٩٩١ ) دا ، لە شاری رانیەی پاڵەواندا ، لە رانیەی دەروازەی راپەڕیندا ، گڕکانی رق و تووڕەیی و بێزاری گەلەکەمان تەقییەوە .. کوڕان ، کچان ، لاوان ، پیران ، منداڵان ، جەماوەر و پێشمەرگەی قارەمان .. بە یەک دەنگ و بە یەک رەنگ ھەڵمەتیان برد و ، دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێمە شۆڤێننەکەی عێراقیان گرت.. سوپای خوێنڕێژ و دڕندەی عێراق و ، جەیش شەعبی ، ھێزەکانی پۆلیس و ئەمن و موخابەرات و ، ھێزی تایبەتی ، گاردی کۆماری .. ھتد . بەکارھێنانی تۆپ و ، تازەترین تانک و زرێپۆش و ، بۆردوومانی ھێلیکۆپتەری سەمتی .. ھەموو ئەم ھێز و چەکانە ، لە ئاست ھێڕشی جەماوەری دلێر و پێشمەرگەی قارەمانماندا .. زۆر پووک و بێ نرخ بوون .. لە بەردەم بڕوا و ئیرادەی پۆڵایینی گەلە داخ لە دڵەکەماندا ، لە بەردەم شەپۆڵی لافاوی توڕەیی و ، گڕکانی رق و بێزاری و ، زریانی راماڵیندا .. ھێندە بێ ھێز بوون ، نەیان توانی بۆ ماوەیەکی کورتیش بەرگری بکەن .. لە سێبەری خۆیانیش دەڕەوینەوە .. کونە مشکیان لێ ببوو بە قەیسەری .. لە راکردن و ھەڵھاتن بەرەو دواوە ئاسکەشیان پێ نەدەگەیشت .. شاعیری نیشتمان پەروەرمان ، بێ کەس دەڵێ :

قەت مەڵێن دوژمن بەھێزە تـۆپ و تەیـارەی ھەیە
ئەگەر ئیتفاقتان ھەبێ زۆر زەحمەتە خۆی رابگرێ

لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ، شارەکانی سلێمانی و ھەولێر و دھۆک و ، ھەموو قەزا و ناحییەکانیان لە ھێزەکانی عێراق پاک کرانەوە و ئازاد کران .. مایەوە شاری کەرکوکی کوردستان .. بە درێژایی مێژوو ، ناوچەی کەرکوک لە چەوسانەوە و ، ستەم و ، دەرکردن و ، گرتن و کوشتن و ، کاولکردن و ، تاڵان کردن و ، ئەنفالدا و ، لە ناھەقیدا پشکی شێری بەرکەوتووە ، تا ئەمڕۆش لە ستەم کردن و ، ئاوڕدانەوە لێی و ، لە بێ نازی و ، لە ئاوەدان نەکردنەوە و ، خزمەتگوزاری پێویستدا .. پشکی شێری ھەیە .. بەڵام بە شانازیشەوە دەڵێین ، لە خۆڕاگری و کۆڵنەدان ، لە خەبات و قوربانی دان و ، لە کوردایەتی و کوردستان پەروەریشدا ، کەرکوکییەکان ھەر پشکی شێریان ھەیە ، ھەردەم لە سەنگەرەکانی پێشەوەی داکۆکی و بەرگری کردنن بوونە لە کوردستان .. شۆڕەسواری مەیدانی ، خەبات و گیانبازی بوونە و ، قوربانی و شەھیدشیان نایەنە ژمارەکردن .. تکایە بە ھەڵەش لێم تێ مەگەن ، من ھەرگیز کەرکوکچێتیم نەکردووە و ناشی کەم ، من پێش ئەوەی کە کەرکوکی بم ، تا سەر ئێسقان و تا ناو ئێسقانیش کوردستانیم .. بەڵام کەرکوک ھێمایەکی زەقی ، زۆڵم لێ کردن و بەعەرەب کردنە .

دوای رزگارکردنی سێ شارەکەی تری کوردستان .. رژێمی شۆڤێنی عێراق ، ھەموو گوشارێکی خستە سەر کەرکوک بە ژمارەیەکی زۆری سەرباز و تۆپی دوور ھاوێژ و ، و تانگ و زرێپۆش کەرکوکی تەنی و دەوری کەرکوکی گرت .. بەھەزاران جەیش شەعبی و رەفیق و شەفیق بەعسی ، لە ناو کەرکوکدا لە مۆڵگاکانیاندا ، مۆڵیاندابوو .. ھێلیکۆپتەری سەمتی بە درێژایی رۆژ و شەو ، بۆردوومانی ھێزەکانی پێشمەرگە و ئەوجەماوەری راپەڕیومانیان دەکرد .. کە لە چوار پێنج قۆڵەوە لە کەرکوک نزیک ببوونەوە .. فەرماندەی گشتی ھەموو ھێزەکانی رژیمی شۆڤێنی عەرەبی لە کەرکوکدا ، گۆڕبە گۆڕ( عەلی کیمیاوی) بوو ، کە ھەموو دەسەڵاتێکیان پێ دابوو .. ھەر لە رۆژی یەکەمی ڕاپەڕینەوە ، بازگەکانی کەرکوک داخران و ، ھەموو ئەو رێگایانەی کە بۆ شارەکانی تری کوردستان دەچوون داخران و قەدەغەکران .. شەو و رۆژ کوێرانە بە تۆپ و ھاوەن گەرەکە کوردییەکانیان بۆردوومان دەکرد .. ھێزەکانی رژێم لە کەرکوکدا ھێندە ئەترەشیان چووبوو ، کە دار و بەرد و بنچکیان ڵێ ببوو بە پێشمەرگە .

لە رۆژی ( ١٠ / ٣ / ١٩٩١) لە کاتژمێر شەشی ئێوارە بۆ شەشی بەیانی ، ھاتوچۆ لە شاری کەرکوکدا قەدەغەکرا ، ھەر کەسێکیان لەو ماوەیەدا ببینیایە ، بێ سێ و دوو بە قەستی کوشتن تەقەیان لێ دەکردن .. ‏رەشبگیری دەستی پێ کرد .. ھەر رۆژەی دوو سێ گەڕەکی کوردیان ، بە ھێزێکی گەورەوەی گاردی کۆماری ئابڵوقە دەدا ، لە تەمەنی ( ١٣ تــا ٧٠ ) ساڵانیان دەگرت .. تا ( ٢٠ / ٣ / ١٩٩١) نزیکەی (١٦) ھەزا کوردیان لە کەرکوکدا گرت و لە سەربازگەی ( تۆبزاوە )ی خوار شارەوە بەندیانیان کردن .. ھەر بۆ رێ گرتن لە راپەڕین لە کەرکوکدا ، بۆ ئەوەی کورد بترسێنن و چاوشکێنی بکەن .. لە بەرواری ( ١٣ / ٣ / ١٩٩١) دا ، لە شاری کەرکوکدا لە بەردەم بنکەی تەندووستی لە گەڕەکی ( شۆریجە ) دا ــ کە داگیرکەر شۆڕیجەی بە سەری مارەکە ناو دەبرد ــ بە بڕیاری گۆڕبەگۆڕ ( عەلی کیمیاوی) ، بەبێ تاوان (٣٣) لاوی کوردمانیان گوللە باران کرد ، کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن سیانزە ساڵان بوو ، بانگیان کرد کە چەپڵە لێدا و گۆرانی بە دیار شەھیدەکانەوە بڵێ . بەڵام ھەرچەند ھەڕەشەیان لێدا ، ئەو منداڵە کوردە قارەمانەمان ، نە چەپڵەی لێدا و نە گۆرانیشی بۆ وتن ، بۆیە دستڕێژیان ڵێ کرد و ئەویشیان شەھید کرد .. ئێستا لەنزیکی ئەو شوێنەدا ، بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەو لاوە شەھیدانەمان ، پەیکەرێکیان بۆ کردوون بە ناوی ( تابلـۆی شەھــیدان ) نەوە .

ھەر لەم رۆژەدا ، واتە لە ( ١٣ / ٣ / ١٩٩١) دا ، بە بوختان و پیلانێکی دروستکراو لەلایەن ئەمنی کەرکوکەوە ، لە گەڕەکی ( عەرەسە ) لە نزیکی گۆڕەپانی تەیاران ، کە دانیشتوانەکەی ھەموو کورد بوون و ، کریکار و کاسبکار بوون ــ من بۆ ماوەی دە ساڵ لە ( قوتابخانەی مەشخەڵ ) کە دەکەوێتە ئەم گەڕەکەوە ، مامۆستا بووم ــ بوختانەکەش ئەوە بوو ، گوایە لەم گەڕکەوە تەقەیەک لە کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی عەلی حەسەن مەجید کراوە ، بۆیە زۆربەی لاو و پیاوەکانیان گرتن و ئەودۆشیان لە کەرکوک دەرکردن .. ھەر ئەو رۆژە خانووەکانی گەڕەکی عەرەسەشیان تەخت کرد ، بێ ئەوەی کە بھێڵن ، ھیچ کەلوپەلێکی ماڵەکانیان دەربکەن .. کە زیاتر لە ( ٧٠٠) خانوو بوون .. کە تا ئێستاش خەڵکی ئەم گەڕەکە کوردییە کاولکراوە ، نەگەڕاونەتەوە و ھەر خێزانی کەوتوونەتە شوێنێکەوە .. ئەم تاوانەش ھەر بە مەبەستی تۆقاندنی کورد بوو .. بەڵام بە پێچەوانەی مەبەستی قێزەوەنی ئەوانەوە . تا دەھات بڕوا و ورەی جەماوەری کوردمان لە کەرکوکدا بەرزتر دەبۆوە .. بۆردوومانی کوێرانەی دەست نەپاراستن ، بە ھەموو جۆرە چەکێک ، لەسەر گەڕەکە کوردییەکان شاری کەرکوک بەردەوام بوو .

پێکھێنانی ( لیژنەی راپەڕینی کەرکوک ) لە ناو شاری کەرکوکدا .. کە ڕۆڵێکی باشیان بینی لە ھاندانی و دابین کردنی چەک و راگەیاندن و پەیوەندی کرد ، بە سەرکردەی ئەو ھێزانەی بۆ رزگار کردنی کەرکوک پێکھێنرابوون .
لە ریکخستنەکانی ناو شاری کەرکوک چەند شانەیەکی چەکدار لە لاوەکان پێکھێنرا .

لەسەر زنجیرە گردۆڵکەکانی سێکانیان و کانی دوومەڵان و جەبەڵ بۆر ــ کە بەسەر شاری کرکوکدا دەڕوانن بە دەیان رەبایەی سەربازی لە خانووی کۆنکریتیدا بوون .. کە پڕ بوون لە سەرباز .. ھێزێکی گەورەی چەک قورسیش پاڵپشتی ئەو رەبایانە بوون .. چەند ئیسرائیل پشتی بە ( ھێڵی بەرگریی بارلیڤ ) قایم بوو .. رژێمی شۆڤێنی عێراق دوو ئەوەندە پشتیان بەو پشتێنە ئەمنییەی دەوری کەرکوک قایم بوو .. بەڵام ئەوە مەحاڵە کە بەھێزترین ھێز و ، پۆڵاترین سەنگەر و قەڵغان و ، قایمترین ھێڵی بەرگری و ، تازەترین و کوشندەترین چەک ، بتوانێت لە بەردەم ھەڵمەتی جەماوەری تووڕەبووی راپەڕیودا خۆیان بگرن و بەرگری بکەن .

ھێزی پێشمەرگە و ، جەماوەری ھەر سێ شارەکەی تری باشووری کوردستان ، بە پێی پلانێکی داڕیژراو ، سێ قۆڵیان بۆ دیاری کرابوو ، بۆ ھاتنە ناو شاری کەرکوکەوە :
قۆڵی ( سلێمانی ــ کەرکوک) قۆڵی ( ھەولێر ــ کەرکوک ) قۆڵی ( کەلار ــ کەرکوک ) .

یەکەمین پشەنگی ھێزە کوردستانییەکانمان ، لە شەوی ( ١٩ / ٣ / ١٩٩١) دا ، لە ناوچەی ( شوان )ەوە ، لە دێ ی ( کۆچەک) و ( یاروەلی ) یەوە ، کە دەکەونە سەر خڕی خاسە ، ھاتنە ناو گەڕەکی ( رەحیماوا )‌ وە .. کە ژمارەیان (٥٠٠ ) پێشمەرگە بوو ، ئەم ھێزە بە فەرماندەی ( حاجی ھەڵمەت ) و ، چەند سەرکردەیەکی تر بوون .. لە بەرەبەیانی ئەو رۆژەدا ، حاجی ھەڵمەت یەکەمین گوللە ئاڕپیجی نایە ( بنکەی ئەندلوس) ی حیزبی بەعس لە رەحیماوادا .. تەقە و شەڕ دەستی پێ کرد .. ھەموو شانە چەکدارەکانی گەڕەکی رەحیماواش راپەڕین .. شایانی باس و شانازیشە ، کە شانەیەکی ژنانی دلێری کوردمان بەشداریان لەم شەڕەدا کرد .. شەڕەکە شەرێکی دەستەویەخەی چارەنووساز بوو .. رەحیماوا بوو بە دەروازەی راپەڕین لە ناو کەرکوکدا ، تا دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە شەڕەکە درێژەی کێشا ، ھەموو دامودەزگا حکومی و بنکەی بەعسییەکانیش گیران .. بە ئازادکردنی رەحیماوا ھێزەکانی رژێم بەجاری ئەژنۆیان شکا.. بەڵام بەداخەوە لەم شەڕەدا ( حاجی ھەڵمەت ) شەھید بوو .. ھەر ئەو شەوە و بۆ بەیانییەکەی ، لە ھەر سێ قۆڵە دیاری کراوەکەوە ، ھێزەکانی پێشمەرەگە و جەماوەر ، دوای شەڕێکی سەخت ھەموو رەبایەکانی سەر بەرزاییەکانی کەرکوکیان گرت و ، ھەموو گەڕەکە کوردییەکانی بەری گەورەی خاسەیان رزگارکرد .. ھێزەکانی رژیم نەیانتوانی بەرگری لە خۆیان بکەن و .. ھەلھاتن کەوتنە خوار شاری کەرکوکەوە .. لە سەربازگەی خالید و خوار ناحیەی تازەدا مۆڵیان دا .. بەڵام دەبابە و تۆپ و ھێلیکۆپتەری سەمتی ، بەردەوام بۆردوومانی گەڕەکە کوردییەکانیان دەکرد ..


لە شەوی نەورۆزدا .. ھەموو دەمودەزگاکانی رژێم گیرا ، بە بارەگای لقی کەرکوکی حیزبی بەعسی گۆربەگۆریشەوە ، دیوانی پاریزگا و ، ئیستگەی پەخشی تەلەفزیۆن ، فڕۆکەخانەی فرۆکەی سەمتی و ، دایرەی ئەمن و موخابەرات و ، کۆمپانیای نەوتی کەرکوک و ، فەیلەقی یەک و ... ھتد . ھەموو خەڵکی لە دەرەوە بوون ، پیرۆزبایی رزگار بوون ، ھەلھەڵە لێدان ، چەپڵەڕێزان ، ھەڵپەڕکی ، پێکەنن ، خۆشی ، نۆقڵ ھەڵدان ، شەربەت بەخشین .. لە خۆشیدا شەکرە گریانمان دەھات .. ئای کە چ شەوێکی خۆش بوو .. ئەوەی کە لەو شەوەدا جوانتر شاری کەرکوکی رازاندەوە و ، شادییەکی بێ وینەی خستە دڵمانەوە و ، چاو و دڵمانی رۆشن کرد ، دیمەنی تفەنگ بەدەست و روخساری شیرینی پێشمەرگەی قارەمان و ، جەماوەری راپەڕیوی ھەرسێ شارەکەی تری کوردستانمان بوون ، کە بە ھاواری ئێمەوە ھاتبوون .. رزگارکردنی کەرکوک تا ئەمرۆش بایەخ و تام و چێژێکی تایبەتی لای ھەموو کوردیک ھەیە .

لە رۆژی ( ٢١ / ٣ / ١٩٩١) دا ، رزگارکردنی کەرکوک بە تەواوی راگەیەندرا.. تا سەر لووتکەکانی شاخی حەمرینی سنووری باشووری کوردستان ڕزگار کراو ، ئاڵای کوردستان لەسەر حەمرین دا چەقێنرا و دەشەکایەوە.. ( کەرکـوک تاجی راپەڕینی ) لە سەرکرد .. جەژنی کەرکوکییەکان بوو بە دوو جەژن ، جەژنی نەورۆز و جەژنی رزگاری ، بۆ یەکەمین جاریش لە مێژووی نوێماندا ، ئاگری نەورۆز و مەشخەڵە ھەمیشەییەکەی باوەگوڕگوڕ دەست لەملان بوون و .. نازناوی ( شاری دوو جەژن ) بە کەرکوک بڕا.. بۆێە لە راپەڕینەکەی ئەو ساڵەوە ، جەژنی نەورۆز ، پیرۆزی و خۆشی تایبەتی لای کورد بە گشتی ھەیە و لای کەرکوکییەکانیش ھەتا ھەتایە بە تایبەتی ھەیە .

کەسیش نەیزانی ، کە فس فس پاڵەوانی گۆڕبەگۆڕ ( عەلی کیمیاوی ) و ، ئەو ھەموو ( رەفیق و شەفیق ) بەعسییانە چۆن بە سەرشۆڕی لە کەرکوک ھەڵھاتن .. گاردی کۆماری و فیداییەکانی سەدام ، بەو ھەموو چەکەوە نەیان توانی خۆیان رابگرن .

تا ئێستاش ھەردەم دیمەنی جوانی ، ئەو چەند مێرمنداڵ و لاوە کوردە خوێنگەرمانەمانم لە بەرچاوە ، کە لە رۆژی جەژی نەورۆز و رۆژی رزگاری ی کەرکوکدا ، لە کاتژمێری یانزەی پێش نیوەڕۆ ، ھەموو بە جلی کوردییەوە ، لەسەر قەڵا سەرکەشەکەی کەرکوکدا وەستابوون و ، ئاڵایەکی رەنگینی کوردستانیان بەرزکردبۆوە و ، پێکەوە بە دەنگێکی زوڵاڵ سروودی ( ئەی رەقیب ) یان دەوت ، دواتر سروودی( نەورۆز ) یان چڕی ..

‏پێویستە ئاماژەش بە رۆڵی ھەریەکە لە رادیۆی ( دەنگی گەلی کوردستان ) و ، رادیۆی ( دەنگی کوردستانی عێراق ) بکەین .. کە رۆڵێکی کاریگەری گرنگیان ھەبوو لە راپەڕینەکەدا .. لە راچەنین و لە ھاندانی جەماوەری کوردمان بۆ خۆڕاگرتن و ، خۆئامادەکردن بۆ راپەڕین لە کەرکوکدا .. رۆڵیان ھەبوو لە خرۆشاندی سۆزی لاوەکانمان .. ھەواڵەکان و ئاگاداری و بەیاننامە و مژدەی سەرکەوتن و رزگارکردنی ناوچەکانمان ، لەم دوو رادیۆوەوە دەبیست .. سروودە نیشتیمانییەکانیش ھێندەی تر .. گڕ و جۆش و تینیان بە جەماوەری گەلەکەمان دەبەخشی و گەشبینی تریان دەکردین .


لە رۆژی( ١٨ / ٣ / ١٩٩١) دا ، خاڵۆزایەکم و برایەکی خێزانەکەم لە گەڕەکی ئەڵماس لە ماڵمان بوون .. گوێمان لە رادیۆی ( دەنگی گەلی کوردستان ) گرتبوو .. لە پڕ خاڵوزاکەم وتی : " بڕوا بکەن پێشمەرگە زۆر لە کەرکوک نزیک کەوتوونەتەوە .. " منیش وتم : " بە چیا دزانی ؟ " وتی : " ئەی گوێتان لێ نییە لە بەیانییەوە ، بە زۆری گورانییکانی ( عەلی مەردان ) لێ دەدەن " ... قسەکەشی راست بوو .. لە بەیانیی ئەو رۆژە بەبێ وەستان ھێلیکۆپتەرە سەمتییەکان و تۆپخانەکانی رژێم ، بە خەستی و بەردەوامی ، دەوروبەری شاری کەرکوکیان بۆردوومان دەکرد .


ئەوەش بزانن ، کە رزگارکردنی کەرکوک بەبێ قوربانیدان نەھاتە دی .. بە خوێنی زیاتر لە ( ١٦٠) شەھیدی نەمرمان .. رزگار کرا .

بەداخەوە ، کەرکوک تەنھا ھەشت رۆژ ئازادی بە خۆیەوە بینی .. ھۆیەکانی دووبارە داگیرکردنەوەی لەلایەن ، سۆپای دڕندەی سەرکوتکەری عێراقەوە ، دەگەڕێتەوە بۆ چەند ھۆیەک .. گرنگترینیان ئەوەبوو کە ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ سەدامی دیکتاتۆر ھەڵکرد .. بۆ سەرکوتکردن و گرتنەوەی شارەکانی کوردستان و ، باشووری عێراق .. ئەمجارەش ئەمریکا ، کوردیان کرد بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان .

سەرەڕای ئەوەی کە ساڵەھای ساڵە ، حکومەتە شۆڤێنییە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق .. بە ھەموو شێوەیەک و توانایانەوە ، خەریکی بەعەرەبکردنی کەرکوک بوونە .. بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای نەتەوەیی لەم پارێزگا کوردستانییەمان .. بەڵام رزگارکردنی کەرکوک لەم راپەڕینەدا .. پیلانی حەفتا ساڵ لە پاکتاوکردنیی رەگەزی و چەوسانەوەی نەتەتەوایەتی ھەڵوەشانەوە .. راپەڕین و رزگارکردنی کەرکوک ئەو راستییەی بە داگیرکەران سەلماندەوە ، کە کورد بە ھیچ جۆرێک و لەژێر ھیچ ھەڕەشە و گوشارێکدا سازش لەسەر کەرکوک ناکات و ، ھەرگیز دەسبەرداری کەرکوک نابێت . بۆیە خەون و نیازە گڵاوەکانی شۆڤێنییەکان پووچەڵ کرانەوە و ، ھاتنەوە سەر سفر .


.. ئەمڕۆ بێ یا سبەی ، دەبێت کەرکوک و ھەموو ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان .. بگەڕێنەوە سەر کوردستان .. تا ئەم مافەش بەدەست دھێنین ، راپەڕینمان بەردەوام دەبێت و دانامرکێین .

داستانی راپەڕین و رزگارکردنی کەرکوک ، شایانی ئەوەیە چەندین کتێبی لەسەر بنووسرێت .. نامەی ماستەر و دکتۆرای لێ وەربگیرێت .. بکرێتە فلمێکی سینەمایی شایستە .. پێویستە ھەموو ساڵێکیش ئەم یادە بەرز رابگرین و .. کەرنەڤاڵ و ئاھەنگی خۆشیی تیا بگێڕین و .. جۆرەھا چالاکی ھونەری و رۆشنبری و وەرزشی تێدا بکەین.

بێگومان نھێنی سەرکەوتنمان ، لە راپەڕینەکەی ساڵی ( ١٩٩١) دا و ، رزگارکردنی ھەموو شارەکانی کوردستان ، بە کەرکوکیشەوە .. دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی و یەکڕیزیمان بۆ گیانی برایەتی و تەباییمان .. کە لە (بەرەی کوردستانی) و ، یەک دەنگی جەماوەری گەلەکەماندا بەرجەستە ببوون .. بەڵام بە داخەوە ، ھەر کە ھاتنە ناو کەرکوکەوە ، تا ئەمڕۆش ململانێی حیزبە کوردییەکانمان و ، لەسەر باڵادەستی لە کەرکوکدا .. زیانێکی گەورەیان بە کەرکوک گەیاندووە .. ھەر بە ھۆی ئەم ململانێیەوە و رێنەکەوتنەیان بوو .. لە ھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییدا .. دوو سێ کورسیی پەڕلەمانیمان لە پارێزگای کەرکوکدا لە دەست دا .. ھیوادارم پەند وەربگرن و ، ئەم ھەڵەیە دووبارە نەکەنەوە .

ئەمڕۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستاندا ، بە قۆناخێکی ناسک و ھەستیاردا تێ دەپەڕێ ، قۆناخێکی چارەنووسازە ، گەلێ تەنگەژە و بەرھەڵستیمان لە رێ دان .. ناحەزانی گەلەکەمان لە زۆر لاوە بۆسەیان بۆ ناوینەتەوە .. نیازی گڵاویان ، لە ناوبردنی دەسکەوتەکانی ڕاپەڕینەکەمانە .. کە بەری دەریایەکی خوێن و فرمێسک و ، ئەنفال و کیمیاباران و، کۆمەڵ کوژی و ، و گۆڕی بە کۆمەڵ و ، ھەزاران شەھیدمانە .

بۆیە ئەمڕۆ ، لە ھەموو کاتێ زیاتر پێویستیمان ، بە رێکخستی ناوماڵی کورد ھەیە .. پێویستیمان بە یەکڕیزی و برایەتی و تەبایی و یەک وتاری سیاسی ھەیە . . پێویستە ھەموو لایەکمان ، لە ژێر چەتری کوردایەتیدا کۆببینەوە .. ھەردەم چارەنووس و بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان ، لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندی و دەسکەوتێکی حیزبی و تایبەتیمانەوە بێت .. جارێکی تر رێ بە دوژمنانی کورد نەدەین ، درز بخەنە ریزی گەلەکەمانەوە .. بە دڵفراوانییەوە یەکتری قبووڵ بکەین و ، گوێ لە رەخنە و رای جیاوازمان بگرین .. پێویستە پەند و وانە ، لە ھەڵە و شکستی و نەھامەتییەکانمان وەربگرین و ، دووبارەیان نەکەینەوە .. کوردستانی شیرین ، نیشتمانی ھەموومانە .. ھەمووشمان بە کوردستانەوە جوانین .. پاراستن و بەرگری کردن لە کوردستان .. ئەرکێکی پیرۆز و ئەخلاقی ئەستۆی ھەموومانە .

سەردەم ، سەردەمی سەرھەڵدان و راپەڕینی گەلانی ژێردەستە و چەوساوە و ماف زەوتکراوە .. سەردەمی ملشکاندنی زوردار و مێردەزمە و دیکتاتۆرە ستەمکارەکانە.


سەردەمی ، یەکتری قبووڵکردن و پێکەوە ژیان و رێز لە یەکگرتنە ، سەردەمی زمانی دیالۆک و گفتوگۆ و دیبلۆماسییەتە ، رۆژ ، رۆژی وەرگرتنی مافە رەواکانە .. رۆژی بڕیاردانی مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی نیشتمان داگیرکراوە .. ھەر وەکو شاعیری کوردمان ( عەلی عەبدوڵا شەونم ) دەڵێ :

رۆژی ئــــازادی یە ، نەک زەبـــوونی یە
ئەی منیش وەک گـەلان ، مافـم بۆ نی یە

لە یادی (٢١) ساڵەی راپەڕین و ، ‏رۆژی جەژنی رزگارکردنی شاری کەرکوکی خۆشەویستمان .. پیرۆزبای لە ھەموو کوردێکی کورد و کوردستان پەروەر دەکەم .. لەم یادەدا ، بەڵین تازە دەکەینەوە ، کە سوورتربین لە خەبات کردن و ، بەڵین بێ بە ھیچ کلۆجیک سازش نەکەین لەسە مافە رەواکانمان .. لەسەر کوردستانیەتی کەرکوک ھەردەم پێشمەرگەی گیان لەسەردەستی چەک و پێنووس بین .. بێگومان ھەر مافێکیش خاوەن ماف دەستی لێ ھەڵنەگرێت و، بۆ بە دەست ھێنانی خەبات بکات و ، قوربانی بدات .. زوو بێ یادرەنگ وەری دەگرێت .. وتراویشە ( ماف نادرێ و وەردەگیرێت )

گەشبینم بەوەی ، کە جەژنی نەورۆز و جەژنی رزگارکردنی یەکجاری کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان بۆ سەر کوردستان ، نزیک بۆتەوە . .

نەمری و سەروەری بۆ سەرجەم شەھیدانی کورد و کوردســتان .
سەرشۆڕی و مردن بۆ داگیرکەران و زۆرداران و دیکتاتۆرەکان .

 

١٥\٣\٢٠١٢ - نەرویچ
ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک