١٢\٣\٢٠١٢
راپەڕین لە نێوان
ئامانج و ئەنجامدا!

گۆران عهلی
لەم ڕۆژانەدا یادی ٢١ ساڵەی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردوستان دەکەینەوە لە دژی
ڕژێمی بەعس ، ڕاپەڕینێک کە دوایین کوچکی لە سێکوچکەی (فاشیزم
- نازیزم -
بەعسیزم)ی بۆ ھەتاھەتایە ڕاماڵی، ھەر بەم پێودانگەش دەکرێت ئەو
ڕاپەڕینە بە یەکێک لە ڕاپەڕینە گەورەکانی دونیا ئەژمارد بکرێت( سەرەڕای
بوونی تێڕوانین وپێناسەی جیاوازو جۆراوجۆر لە سەری).
جێگەی خۆیەتی دوای ٢١ ساڵ ئەو پرسیارە سادەو سەرەکییە بوروژێنین : ئایا
ئامانجەکانی ئەم ڕاپەڕینە گەورەو مێژووییەی خەڵکی کوردوستان چی بوون؟!
ئەی ئەنجامەکانی چی بوون؟! ئایا ئامانجەکان و ئەنجامەکان ئاراستەیەکی
ڕاستەوانەیان ھەیەو تەریبن بە یەکتر یان ئاراستەیەکی تەواو پێچەوانەیان
ھەیە؟!
بە بڕوای من ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی خەڵکی کوردوستان، لە بڕگەی یەکەمیدا
(واتە لە بڕگەی ڕاماڵینی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی بەعس)دا تەواوی
ئامانجەکانی بە دەستھێنا و، لە ماوەیەکی کورتداو بۆ یەکجاری توانی
تەواوی مۆڵگەو سەربازگە زۆرو زەبەندەکانی بەعس ڕابماڵێت، وێڕای ھەوڵ و
تەقەلای زۆری پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردوستان و دەولەتانی ناوچەکەو
تەنانەت ئەمریکاش، بۆ تێکشکاندنی ئەم ئامانجە گرنگەی ڕاپەڕین (واتە
ڕاماڵینی بەعس)، لە ڕێگەی ھێنانەوەی بەعس بۆ کوردوستان لە شکڵی
لیژنەکانی تەنسیق و سەپاندنی میتۆدی مفاوەزات لە گەڵ بەعس بە سەر
کۆمەڵگای کوردوستاندا، بەڵام خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردوستان زۆر ھۆشیارانە(
تەنانەت ھۆشیارانەتر لە پارتە سیاسیەکانی) ملی نەدا بە تێکشکاندنی ئەو
ئامانجە گرنگەو سووربوونی خۆی نواند لەوەی کە ڕاپەڕین دەبێت ئامانجی
یەکەمی(ڕاماڵینی بەعس) بە دیبێنێت، ڕەنگە ئەو نەوەی سەردەمی ڕاپەڕین لە
بیری بێت کە کاتێک خەڵکی کوردوستان بۆ جاری دووەم پەلاماری ئەو ھێزە
سەربازییەی بەعسی دا کە ھاتبوون بۆ پارێزگاری لە لیژنەکانی تەنسیقی
بەعس، ھەر لەوکاتەدا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پارتی و یەکێتی ئەو کارەیان
بە ئاژاوەگێڕی و زیان گەیاندن بە پرۆسەی ئاشتەوانی نیشتیمانی وەسف کرد،
بەلام خەڵکی کوردوستان زۆر لە سیاسەتمەدارەکانی ئاگاھانەتر بەردەوام
بوو لە بە جێگەیاندنی بڕگەی یەکەمی ڕاپەڕین.
بەڵام ڕاپەڕین لە بڕگەی دووەمیدا( واتە بڕگەی لەناوبردنی بەعسیزم و
کولتوری بەعسیانە) نەک سەرکەوتنێکی بە دەستنەھێنا، بەڵکو لە ھەندێک
جێگەدا شکستی یەکجار گەورەشی بە سەرھات، بە تایبەتی لە ڕووی سیاسی و
ئابوورییەوە. من ھەوڵ دەدەم بە کورتی و لەم وتارە کورتەدا ھەندێک
نموونە بھێنمەوە لە سەر ئەوەی کە ڤایرۆسی بەعسیزم نەک لە ناو نەچووە لە
ناو لەشی کۆمەڵگای ئێمەدا بەڵکو توانای نەش و نماکردنیشی ھەیە!!
لە ڕووی سیاسییەوە: شەڕو پەلاماردانی بارەگای پارتە سیاسییەکان و
ڕێگەگرتن لە ھەڵسوڕانی سیاسییان، لە کلتورە ناسراوەکانی بەعسیزمە و تا
ئێستاش و دوای ٢١ ساڵ لە ڕووخانی بەعس درێژەی ھەیە، من پێم خۆش نییە
ئەو تاقیکدنەوە تاڵانە بە بیر خەڵکی کوردوستان بێنمەوە بەڵام زۆربەمان
لەو سەردەمە تاڵەدا ژیاوین و لە بیرمانە ئەم پارتە دەسەڵاتدارانەی
کوردوستان (کە ئێستا لە ماری ئاشقەو ماشقە دەچن، وا لە یەک ئاڵاون)،
سەردەمانێک بە ھۆی پیادەکردنی کولتوری بەعسیزمەوە مافی ژیان و
ھەڵسوڕانی سیاسیان لە یەکتر قەدەغە کردبوو. ئێستاش بە ھەردووکیانەوە لە
ئۆپۆزسیۆنی قەدەغە دەکەن.
کێ لە ئیمە دیمەنی پیاوە قاپوت ڕەشەکەی ١٧ ی شوبات کە بە دەمانچەوە
پەلاماری خەڵکی سیڤیل دەدات ، دیمەنی پیاوەکانی بەعسی ناھێنێتەوە بیر
کە لە ھەمان شوێندا پەلاماری خەڵکی خۆپیشاندەریان دەدا، رەنگە
جیاوازییەکە تەنھا ئەوەندە بێت کە ئەوان بە عەرەبی جنێویان دەداو ئەم
بەکوردی، یان ڕەنگە ئەوەی ئەو، وێنەی نەگیرابێت بەڵام ئەمەی پاڵتۆ
ڕەشەکە لە سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادایەو، ھەموو جوڵەیەکی
وێناگیرابێت.
بواری ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین:
سەرەڕای بوونی چەندەھا ڕۆژنامەو گۆڤارو دەزگای بینراوو بیستراو،سەرەڕای
ئەوەی دەسەڵاتی کوردی زۆرترین شانازی بەم بوارەوە دەکات کە گوایە
کلتورێکی جیاوازتری لە سەردەمی بەعس ھێناوەتە ناو کۆمەڵگای کوردییەوە،
سەرەڕای ھەموو ئەمانە بەڵام بەعسیزم لەم بوارەدا زۆرترین ئامادەیی ھەیە،
ھەر لە لێدان و گرتن و کوشتنی ڕۆژنامەنووسەوە ھەتا تۆمەت ھەڵبەستن بۆ
ڕۆژنامەنووسانی ئازادو بوێر، پەراوێز خستنی قەڵەمە بوێرەکان و کڕین و
بە کارھێنانی لەشکرێک لە قەڵەمە کرێنووسەکان( ئەوانەی کە قەڵەمەکانیان
تەنھا بۆ پیاھەڵدان مەرەکەبی تیایە)، لە سیما دیارییەکانی کلتوری بەعسن
کە تا ئێستاش بە داخەوە درێژەی ھەیە!
بواری ئابوری و خزمەتگوزاری:
ڕەنگە زیادە ڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە دابینکردن و
داسەپاندنی سیستەمێکی جیاوازتری ئابوری لە سیستەمی سەردەمی بەعس
گەورەترین شکستی ھێناوە، سەروەت و سامانی یەک بەرپرسی پلە ٦و ٧ ئێستای
کوردوستان زۆر زیاترە لە سەروەت و سامانی کۆی ئەندامانی سەرکردایەتی
ئەوسای بەعس، ئەمە ئەگەر ھیچمان پێنەڵێت، ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێت کە
گەندەڵی ئابوری لە ئەوجی خۆیدایەو، کۆی سەروەت و سامانی ئەو کۆمەڵگا لە
چنگی تاقمێکی حیزبیدا کۆبۆتەوە و، لە ناو ئەوانیشدا سکرتێرو سەرۆکی
حیزب بووەتە قوتبێکی ئابوری وا گەورە، کە تەنانەت ئیمکانی ئەوەش نییە
لە خەونیشدا بیر لە لابردنیان بکرێتەوە.
سەرەڕای بوونی بودجەیەکی یەکجار گەورە بەڵام بێکاری و ھەژاری و گرانی
لە کوردوستاندا لە ھەڵکشاندایەو، خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەیی
و کۆمەڵایەتییەکان لە داکشاندایە، ڕێگاوبان باشتر نەبووە و کارەباو ئاو
خراپتر بووە.
ئەنجام:
کلتوری بەعس و بەعسیزم لە کوردوستاندا، ھێندە زەربەی بەرنەکەوتووە لە
دوای ڕووخانی بەعسیش، کە تەنانەت شوێنی بازگەکان و شێوازی پرسیارو
گفتوگۆی بەشێکی زۆر لە بازگەکان ھەمان شوێن و شێوازی جارانە، جاران
بەعس زۆر ھەدەفمەندانە بازگەی یان لە سەرەولێژیدا یان بەپێچەوانەوە
دادەنا، تەنھا بۆ بێزارکردنی خەڵک بوو، پرسیارەکان کە کارمەندانی ئەو
بازگانە دەیانکرد ھیچ نەبوون جگە لە وەڕسکردن.
" لە کوێوە ھاتوون و بۆ کوێ دەڕۆن" پرسیاری ئەوسای بازگەکانی بەعس بوون،
ھیچ ئامانجێکی نەدەپێکا جگە لە بێزارکردن و خۆخزاندنە ناو کاروباری
تایبەتی کەسی پرسیار لێکراوەوە، کەچی دوای ٢١ ساڵ نە شوێنی بازگەکان
گۆڕان و نە شێوازی پرسیارکردنەکە، من نازانم کارمەندی بازگە چی
ئەنجامگیرییەک بە دەست دەھێنێت ئەگەر من ڕاست وەڵام بدەمەوەو بڵێم بۆ
ھەولێر دەڕۆم یان بە ھەڵەو بڵێم بۆ کەرکوک، لە ھەردوو حاڵەتەکەدا ئەو
وەڵامی ڕاستی دەست نەکەوتووە و دڵنیا نییە کامیان ڕاستن!!
بە بڕوای من بۆ گۆڕینی کولتوری بەعس و بەعسیزم لە کۆمەڵگای ئێمەدا و
جێگرتنەوەی بە کولتورێکی مۆدێرن و ئینسانی، پێویستمان بە ڕاپەڕینێکی تر
ھەیە، دەکرێت ڕاپەڕینێکی چەکداری نەبێت وەک ئەوەی ١٩٩١، بەڵکو دەکرێت
ڕاپەڕینێکی فەرھەنگی و ھۆشیاری و ڕۆشەنبیری بێت کە پایە سەرەکیەکانی
بەعسیزم لە بنەوە ھەڵتەکێنێت و بڕگەی دووەمی ئامانجەکانی ڕاپەڕین بە
دەست بھێنێت کە کۆتایی ھێنانە بە بەعسیزم لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا.
goranmad@hotmail.com
|