په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٠\٢٠١٦

راپۆڕتێک لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی.

 

مەنسوور جیھانیی

 

بە ئامادەبوونی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سلێمانی" لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.


ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سلێمانی" بە ئامادەبوونی "مەلا بەختیار" سەرۆکی بۆردی پشتیوانی فیستیڤاڵ و لە کەسایەتییە بەرچاوە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، مامۆستا "مەزھەر خالقی" گۆرانیبێژی ناوداری کورد، "فوئاد جەلال" بەڕێوەبەریی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سلێمانی"، دکتۆر "سەلاحەالدین سەعید" سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی جۆراودۆرەکانی پێشبڕکێی فیلمە بڵیند و کورتەکانی "سینەمای جیھان" و "سینەمای کوردی"، "عەبدولی حەمە جوان" سەرۆکی بۆردی فیستیڤاڵ، "ئەحمەد سالار" ئەکتەری ناوداریی سینەمای و تەلەڤیزیۆنی ھەرێمی کوردستان، سینەماکارانی ناوخۆیی و بیانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ، "دانەر عومەر" بەڕێوەبەریی ھونەریی فیستیڤاڵ و ھەروەھا ژمارەیەکی یەگجار زۆر لە ھۆگرانی ھونەریی سینەما، کاتژمێر ٧ی ئێوارێی رۆژیی شەممە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لە ھۆڵی کۆنگرەی زانکۆی شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەچوو.


لە سەرەتادا میوانانی بەشداربوو لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سلێمانی" و ھەروەھا ئەکتەر و دەرھێنەرە ناودارەکانی سینەما، شانۆ و تەلەڤیزیۆنی ھەرێمی کوردستان بە ئەسپ و داشقەوە کە یەکێک بووە لە کەرەستە کۆنەکانی گواستنەوە لە شاری سلێمانی، گواستراوە بۆ شوێنی ڕێوەڕەسمی مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵە و لە بەرچاوی کامێڕای کەناڵە جۆراوجۆرە تەلەڤیزیۆنییەکان و ھەروەھا وێنەگرانی ئامادەبوو بەسەر مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵەدا تێپەڕبوون.


لە درێژەدا، "شوان عەتووف" یەکێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەما و شانۆی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە وتەکانی خۆیی بووە کەسایەتیی دەسپێکی ڕێوڕەسمی کردنەوەی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سلێمانی" لە ھۆڵی کۆنگرەی زانکۆی ئم شارە و لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی: ئەم فیستیڤاڵە ئێمە لەگەڵ خۆی بۆ ڕوانینێکی بەربڵاوتر دەبات کە لەسەر بنەمای "سینەما و شوناس" بونیادنراوە کە یەکەمین خولی ئەمڕۆ لە شۆنێکی ئاکادیمیا دەستپێدەکات و قسەی زۆریی بۆ ئاسۆکانی سبەی و داھاتوو و خولەکانی دواتری خۆی پێیە.


ھەروەھا گوتیشی: ئێمە لە فیلمەکانماندا بەشوێن سینەمای تێلۆرانسدا دەگەڕێین، دەبێت لە یەکتریی خۆش بین و تەحەمولی یەکتری بکەین، چونکە لەم رۆژھەڵاتە جەنجاڵی و خوێناوییەدا، ئێمە تەنیا لە ڕێگای ھونەر و بە تایبەت سینەماوە دەتوانین پێ بنێینە ناو دنیایەکی دیکەوە. ھیوادارم کە ئەم بەھارەی ئازادیی سینەما لە سینگی سلێمانییەوە بێتە دەرێی و بۆ ھەمیشە ئێمە و ئێوەش بە شێوەی ئازادنە و بوێرانە لەم سکۆی ئازادییەدا کە سینەمایە، چیژیی لێوەربگرین، چونکە سینەما ئازادی، بوێری، بەردەوامی، ڕوانینی جیاواز، داھێنان و حەقیقەت بەشوێن خۆیدا دێنێت.


لە درێژەی ئەم ڕێوەڕەسمەدا "مەلا بەختیار" سەرۆکی بۆردی پشتیوانی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سلێمانی" لە دوای بەخێرھاتنی میوانانی ئامادەبوو لە فیستیڤاڵدا ئاماژەی بە پێگەی سینەما لە شارستانییەتی مرۆڤایەتی ئەمڕۆکەدا کرد و گوتی: سینەما لە کۆنەوە و لە دەیەی ٣٠ی زایینیدا لە عێراق و ھەروەھا لە شاری سلێمانی و بە تایبەت لە شاری خانەقین زێدی خۆم بوونی ھەبووە، سینەما یەکێکە لە جوانترین لایەنەکانی شارستانییەتی مرۆڤایەتی و ھیوادارم کە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سلێمانی" پێگەیەکی بەھێز بۆ داھاتووی سینەما لەم ناوچەیەدا بەدیبێنێت و لە داھاتوودا سەرکەوتنی زیاتر لە بواریی ھونەر و بە تایبەت سینەمادا ببینین.


لە بەشێکی دیکە ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سلێمانی"، "دانەر عومەر" بەڕێوەبەریی ھونەریی ئەم فیستیڤاڵەش گوتی: بۆ بەشداریی لەم فیستیڤاڵە لە لایەن سینەماکارانی ١٠٥ وڵاتی جیھانەوە، ٧٢٠٠ فیلم ڕەوانەی نووسینگەی فیستیڤاڵ کرابوو کە لە یەکەمین ھەنگاودا کاریی ئێمەی تووشی گرفت کرد و بووە ھۆی ئەوەی کە بۆ ئەمساڵ و ھەروەھا ساڵانی داھاتووش بەرنامەیەکی ڕێکووپێکی بۆ دابڕێژین.


لە درێژەی ئەم مێھرەجانەدا گرووپی "سەمای نەتەوەیی سلێمانی" ھاتنە سەر شانۆ و تابڵۆی "گولی خوێناوییان" پێشکەش کرد و پاشان فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی ئەسپە ڕەش" لە دەرھێنانی "شەھرام عەلیدی" و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە، خاتوو "دیمەن زەندی" ئەکتەریی کورد و ھەروەھا "عەزیز چاپلووک" ئەکتەری کوردیی تورکیا لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" فیستیڤاڵی فیلمی "سلێمانی" نمایشکرا.


ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵیندەکانی "سینەمای جیھان" و "سینەمای کوردی" یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سلێمانی" بریتین لە: دکتۆر "سەربەست رەسووڵ" مامۆستای زانکۆ و دکتۆرای سینەما لە ھەرێمی کوردستان / سەرۆکی لێژنەی دادوەران، "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر و سیناریۆنووس لە ھەرێمی کوردستان، "توورەج ئەسڵانی" بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، دەرھێنەر و بەرھەمھێنەر لە وڵاتی ئێران، خاتوو "کوشلا دیلۆن" مونتێر لە وڵاتی نیووزلەندا و "کامڕان رەئووف" ئەکتەر و دەرھێنەر لە ھەرێمی کوردستان.

ھەروەھا ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمە نێودەوڵەتییەکان واتە "سینەمای جیھان"ی ئەم فیستیڤاڵەش بریتین لە: دکتۆر "دڵشاد مستەفا" مامۆستای زانکۆ و دەرھێنەر لە ھەرێمی کوردستان / سەرۆکی لێژنەی دادوەران، خاتوو "رۆتا نۆنیز" ئەکتەر لە وڵاتی ئیسپانیا، خاتوو "نیکۆڵ گلەمێت" بەڕێوەبەریی ھونەریی لە وڵاتی ئەمەریکا.


ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمە نەتەوەتییەکان واتە "سینەمای کوردی" ئەم فیستیڤاڵەش بریتین لە: "ئاوات عوسمان عەلی" دەرھێنەر لە ھەرێمی کوردستان / سەرۆکی لێژنەی دادوەران، "باسیم کەھار" دەرھێنەر و ئەکتەر لە وڵاتی عێراق و "وەفا مەلا رەحیم" بەڕێوەبەریی وێنەگرتن لە ھەرێمی کوردستان.


لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە ١٤ خەڵات، لەوانە: لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵیندەکانی "سینەمای جیھان" و "سینەمای کوردی" خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرھێنان، باشترین سیناریۆ، باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین مونتاژ و خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران بە ھەڵبژێردراوان پێشکەش دەکرێت و لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی "سینەمای جیھان" و "سینەمای کوردی"یشدا خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرھێنان و خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران بە براوەکان دەبەخشرێت و ھەروەھا لە لایەن کۆمپانیای "مەستی فیلم"یش خەڵاتێک بە باشترین سیناریۆ پێشکەش دەکرێت و بە بەرھەمھێنانی ئەم کۆمپانیا سینەماییە، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی داھاتوودا دەکرێتە فیلمی سینەمایی.


لە یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سلێمانی"دا بەرھەمی وڵاتانی فەڕەنسا، ئێران، تورکیا، فینلەندا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ھۆڵەندا، فەلەستین، بڕازیل، یۆنان، کەنەدا، ئاڕژانتین، چین، ئەمەریکا، سوید، سلۆڤانیا، ئیرلەندا، عێراق، رووسیا، ئیسپانیا، ژاپۆن، بەلژیکا، ئیتاڵیا، نۆڕوێژ، پورتوگال، ھیندستان و ھەرێمی کوردستان بەشدارن.


یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سلێمانی" لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی "مەستی فیلم" بە بەڕێوەبەرایەتی "فوئاد جەلال" و بە بەڕێوەبەریی ھونەریی "دانەر عومەر" و بە پێشکەشکردنی خەڵاتی "تەھا کەریمی" و بە رێزگرتن لەم سینەماکارە کوردە، بە نمایشی ٥٢ فیلمی بڵیندی سینەمایی و کورتە فیلم لە سینەماکارانی زیاتر لە ٣٠ وڵاتی جیھان لە بەشە جوۆراوجۆرەکانی فیلمە بڵیند سینەمایی و کورتە فیلمەکان لە دوو بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان" و "سینەمای کوردی" و ھەروەھا کردنەوەی ڤۆرکشۆپی پسپۆڕانەی سینەمایی و چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی زانستی و ئاکادیمیک لە رۆژانی ١ تا ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لە زانکۆی شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاریی پتر:

www.slemanifest.com


بەڕێوەبەرایەتیی یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ''سلێمانی''

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک