٢٨\٣\٢٠١٣
راپۆرتی چاودێری
جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١.
- یاسای
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییی -
راپۆرتی سێیەم - ٨ی مارسی ٢٠١٣ -.
ئامادەکردنی: پارێزەر شۆخان حەمە رەشید، پارێزەر: تارا عەلی،
رۆژنامەنوس: شەنگە رەحیم . پێداچوونەوەی: دانا جەمیل
پێشەکی.
دوای چاودێریکردنێکی ورد بۆ جێبەجێکردنی یاسای توندوتیژیی خێزانییی
رێکخراوی ھاریکاری یاسایی ژنان لە ئێستادا راپۆرتی سێھەمی چاودێریکردنی
یاسای توندوتیژیی بڵاودەکاتەوە کە بەھاوکاریی رێکخراوی
NED ئەمەریکی ئەنجام دەدرێت.
ئەم راپۆرتە لەلایەن تیمێکی خۆبەش کە لە ٤ ئەندام پێکھاتوون لە
سلێمانیو ھەلێر ئامادەکراوەو جیاواز لە دوو راپۆرتی پێشوو لەم
راپۆرتەدا زیاتر پشت بە میتۆدی چاوپێکەوتن بەستراوە لەگەڵ لایەنەکانی
بەرپرس لە جێبەجێکردنی یاساکە.
دوای نزیکەی ٢٠ مانگ لە دەرکردنی یاسای توندوتیژیی خێزانییی لە
پەرلەمانی کوردستاندا، بەھۆی فشاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە
تارادەیەک ھەیکەلییەتی جێبەجێکردنی یاساکە خەریکە دادەمەزرێت دەگرێت
بەڵام گرفتی زۆر لە راپەراندنی کارەکانیاندا ھەیەو لەم راپۆرتەدا ئەو
گرفتانە دەخەینە روو.
یەکەم: دادگای توندوتیژیی خێزانییی.
دادگای توندوتیژیی خێزانییی بە فەرمانێکی ئەنجومەنی دادوەری دامەزرا لە
مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٢ەدو دوای نزیکەی ٤ مانگ بەسەر دامەزراندنی ئەو
دادگایەدا لەئێستادا چەندین کێشە دەبینرێت لە پرۆسەی جێبەجێکردنی
یاساکە لەدادگاکەدا کە دیارترینیان بریتین لە:
* رێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە کێشەی توندوتیژیی خێزانییی نھێنی نییە.
لە یاسای توندوتیژیی خێزانیییدا ھاتووە رێکارەکانی لێکۆڵینەوەو دادگایی
کردن لە کێشەکانی توندوتیژیی خێزانییی نھێنی دەبێت بەڵام دوای
سەردانکردنی تیمی رێکخراوی ھاریکاریی یاسایی ژنان بۆ دادگای توندوتیژیی
خێزانییی دەرکەوت کە پرۆسەی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە نھێنیی نییەو بەھۆی
بچوکیو قەرەباڵغی ژوری لێکۆڵینەوە نھێنی کەسی کەیسەکان ناپارێزرێتو
پرۆسەی لێکۆڵینەوەش بەباشی ئەنجام نادرێت.
وەک تیمی رێکخراوی ھاریکاریی یاسایی ژنان سەردانی دادگای سلێمانیمان
کرد بەمەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ لێکۆڵەری تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی، کە چەند جارێک ھەوڵی ئەوەماندا
کە پەیوەندی بە حاکم چراخان) ەوە بکەین بەڵام بەھۆی سەرقاڵیەوە بە
کەیسەکانی دادگو مۆڵەت وەرنەگرتنی لەلایەن سەرۆکی دادگاوە نەیتوانی
چاوپێکەوتنی لەگەڵ ساز بکەین، بەڵام توانیمان مۆڵەتی ئەوە وەربگرین کە
لە ژووری لێکۆڵینەوە ئامادەبین.
جێی باسە دوای ئەوەی رێکخراوی ھاریکاری یاسایی ژنان لەماوەی پێشوودا
دوو ڕاپۆرتی وەرزی خۆی تایبەت بە کەموکوڕیەکانی بەردەم جێبەجێکردنی
یاساکەی بڵاوکردەوەو چەندین ڕاسپاردەو پێشنیاری تایبەت بە یاساکەو
چۆنێتی چارەسەرەکان بڵاوکردەوەو بەو ھۆیەوە ھەندێک لە خاڵەکان کەوتە
بواری جێبەجێکردنەوە بەڵام تا ئێستا وەک پێویستیەکی گرنگی ھاوڵاتیان
کاری بۆ نەکراوەو لەبەردەم چەندین کەموکوڕیدا خۆی دەبینێتەوە، ھەروەک
لە چەندین شوێن باسمان کردووە کە یاسایەکی لەو شێوەیە وەک چۆن لە
ماددەی ٣ی یاساکەدا ھاتووە کە دادگایەکی تایبەت بەخۆی ھەبێت و وە
لێکۆڵەری تایبەت بە خۆی ھەبێت، تا رادەیەک جێی خۆشحاڵیە کە بوونی
دادگاکەو بەرێ کردنی کارە یاساییەکان بوونی ھەیە، بەڵام ئەوەی جێی
رەخنەو گفتوگۆیە ئەوەی کە ژوورێکی بچوک دانراوە بۆ لێکۆڵینەوەی چەندین
کەیسی تایبەت بە یاساکەو وە سێ لێکۆڵەرو دوو (یاریدەدەری داد) لە تەنھا
یەک ژووردا لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو ھاوڵاتیانە دەکەن کە لە مەرکەزەکانەوە
نێردراون.
لەوکاتەی کە ئێمە ئامادە بووین وامان ھەست دەکرد لە فەرمانگەیەکدا بین
کە لەبەر رۆتینی زۆر کارەکانی ھاوڵاتیانی تێدا بەباشی بەڕێوە ناچێت،
ھەستمان نەدەکرد بەوەی کە لە ژوورێکی لێکۆڵینەوەداینو ئەبێت بە نھێنی
بێت، سەرەرای ئەوەی پێنج فەرمانبەر لەو ژوورەدا ئامادە بوون زۆرجار ٤ -
٥ کەس، ئامادەبوون تا سکالا تۆمار بکەن یاخود پاشگەزببنەوە لە
شکاتەکانیان، کە زۆر بە ئاشکرا گوێت لە سکاڵای ئەو کەسە بوو کە لای
لێکۆڵەرەکانی تر بوو، کە ھەندێکیان ھەرچەند ھەوڵیان دەدا بە ھێواشی قسە
بکەن تا کەسی تر گوێی لێنەبێت، بەڵام نەیدەتوانی لەبەر قەرەباڵغیو
دەنگەدەنگ ناچار دەنگی بەرز دەکردەوە تا لێکۆڵەرەکە لێی تێبگات.
سەرەرای ھەموو ئەمانەش کە لەبەردەم ژووری لێکۆڵینەوەکەدا چەندین پۆلیس
و ھاوڵاتی ئامادە بوون دەرگای ژوورەکە کرابووەوەو ھەموو لە چاوەڕوانی
بانگ کردندا بون تا کاتی داواکەیان بێَتو بانگ بکرێن، ئەمەش
قەرەباڵغیەکی تەواو بێزارکەری دروست کردبوو لەبەردەم ئەو ژوورە بچوکەی
کە دەبوو لێکۆڵەرێکو ھاوڵاتیەکی لێبێت نەک ١٠ کەس!!!!
وە زۆرێک لەو ھاوڵاتیانەی لە دەرەوە چاوەڕێ بوون زۆرجار
چاوەڕوانیەکەیان بە خۆڕایی دەچێتو بەبێ ھودە دەگەڕێنەوە.
لەو کاتەی کە ئێمە سەرقاڵی گفتوگۆبووین لەگەڵ لێکۆڵەرەکە پۆلیسێک چەند
ئەوراقێکی ھێنایە ژوورەوەو لێکۆڵەرەکە وتی ئیتر تەواو ھیچ ئەوراقێک
وەرمەگرە لەکاتەدا کاتژێر ١١:٣٠ بوو، کاتێ سەیرم کرد خەڵکێکی زۆر لە
دەرەوە چاوەڕێن وە ئەوراقێکی زۆر لەبەردەم لێکۆڵەرەکەدایە، پرسیم، بۆچی
وا ئەڵێت؟ فریا ناکەون؟
لێکۆڵەرەکە وەڵامی دامەوەو وتی "ئەمە یەکێکە لە کێشە ھەرە گەورەکانمان،
لەبەرئەوەی حاکم تا سەعات ١١:٣٠ دادەنیشێت ئیتر جواب دەنێرێت کە ئیتر
ئەوراق وەرنەگرینو ئەوەی کە ھەیە تەواوی بکەین، ئەگەر وا نەبێت ئێمە
ئەتوانین کارێکی زیاتر بکەین چونکە خەڵکێکی زۆر لە دەرەوە چاوەڕێیە.
بە پێی دانیشتنمان لەگەڵ مەرکەزەکانی پۆلیس لەماوەی پێشوودا ئەم خاڵە
یەکێک بوو لە کەموکورتیەکانو باسیان لەوەدەکرد کە حاکمەکان بەپێی
مەزاجی خۆیان کاردەکەنو تا پێش نیوەڕۆ کاردەکەن زۆرجار تۆ ئەچیتە دادگا
ڕۆشتوەتەوە، بۆیە.
تیمەکانی رێکخراوی ھاریکاری ژنان چاودێرییەکی وردی ئەم کێشەیەی کردووەو
لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە ھۆکاری ئەوەی تا کتژمێر ١١.٣٠ ئەوراقی
ھاوڵاتیان وەردەگیرێت بریتین لە:
١- دادوەری تایبەتمەند نا کاتژمێر ١ لە دادگا دەوام دەکاتو کارەکانی
رادەپەڕێنێت بە ڵام لە کاتژمێر ١١.٣٠ بەدواوە دیراسەی ئەوراقەکانی
کەیسەکانی توندوتیژیی خێزانیی دەکات.
٢- دادگای لێکۆڵینەوەی توندوتیژیی خێزانیی تازە دروست بووەو کەیسەکانی
لێکۆڵینەوەش زۆرن ئەمەش وایکردووە کە فشارێکی زۆر لەسەر ئەم دادگایە
دروستبێت، کە ئەمەش ھۆکارێکە کە تەنھا یەک دادوەر بۆ ئەم دادگایە
دانراوە و لە راستیدا پێویست بوو دادوەری زیاتر دابنرێت بۆ ئەوەی ئەو
فشارە زۆرەی سەر دادگاکە کەمتر ببێتەوەو کارو باری ھاوڵاتیانیش باشتر
رابپەرێنرێت.
٣- بەشێکی دیکەی کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ بنکەکانی پۆلیس لەبەر ئەوەی
ئەوراقەکان درەنگ دەگەیەننە دادگاکەو لەبەر زۆری کەیسەکانیش دادوەر
پێویستی بەکاتی زیاترە بۆئەوەی دیراسەی ئەوراقەکان بکان، لەم حاڵەتەدا
بەشێکی بێھودەیی ھاولاتیاد دەگەرێتەوە بۆ خەلەلی بنکەکانی پۆلیس.
لە میانەی سەردانەکەدا بۆ دادگای سلێمانیو دادگای تایبەت بە
جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی توانیمان
چاوپێکەوتن بکەین لەگەڵ چەند ھاوڵاتیەک کە ھەریەکەو ھۆی کێشەیەکەوە
سەردانی دادگای کردبوو.
ژنێک ھات دوای ئەوەی ئیفادەی لێوەرگیرا توانیمان چەند ووتەیەکی وەرگرین
لەسەر ئەوەی کە بەرێوەبردنی ئیشو کارەکانیان بە چ شێوەیەکە لە دادگاکەو
وتی "بەڵێ کاتێ کە چوومە مەرکەزێکی نزیک ماڵی خۆم لەوێوە ناردیانم بۆ
ئەم دادگایە، ئەوەی سەرنجمدا ئەوەبوو کە چاوەڕوانی ئەوەنەبووم
لێکۆڵینەوەکە بەو شێوەیە بێت، وام دانابوو لە شوێنێکدا بێت کە نھێنی
بێتو کەسی لێنەبێت، بەڵام ژوورەکە وەک خۆتان دەبینن زۆر قەرەباڵغەو
ناتوانیت ھەموو شتێکی دڵت بڵێیت، بۆیە پێم باشە جیابکرێتەوەو بکرێت بە
پێنج ژوور نەک تەنھا ژوورێک، ئەو ژنە وتی "من ھیچ حەزم نەدەکرد قسە
بکەم بەڵام مەجبور بوم، چونکە ھەرکەس باس لە کێشەی خۆی دەکاتو حەزناکات
کەسێکی تر گوێی لێبێت".
یەکێکی تر لەو چاوپێکەوتنانەی تایبەت بە یاساکە ئەنجامدرا چاوپیچکەوتن
بوو لەگەڵ پیاوێک کە بەھۆی ئەوەی ژنەکەی شکاتی لێکردبوو ھاتبووە
دادگاکە لەبارەی ئەوەی کە پێویستە شوێنەکە نھێنی بێت یان نا ووتی "ئەبێت
مرۆڤ راستگۆ بێت، قەیچێکە من کە ویستم قسە بکەم ئەیکەم، با ھەر کەسێکی
لێبێت، ژنێک بتوانێت شکات بکات بۆ ناتوانێت لەبەردەم ئەو خەڵکە قسەکانی
دڵی بکات"، ئەم پیاوە پێچەوانەی بۆچوونەکانی تر باسی لەوە دەکرد کە
ئەوە گرنگ نیە ژوورەکە قەرەباڵغ بێت یان نا گرنگ راستگۆ بیت وە پێی
وابوو کێشەکان ھەر ئاشکرا دەبن.
نەسرین عومەر: پارێزەر لە رێکخراوی ھارتلاند کە لەبەردەم دادگاکەدا
چاوەرێی لێکۆڵینەوەی یەکێک لە کەیسەکانیان بوو باسی لەوەکرد کە
لەیاساکەدا ھاتووە کە پێویستە لێکۆڵینەوە بە نھێنی بێت، بەلام بە ھێچ
شێوەیەک نھێنی نیەو وتی "پێویستە ماددە یاساییەکان وەک خۆی جێبەجێ
بکرێت، وەک چۆن باس لەوە دەکات لیژنەی ئاشتەوایی بوونی ھەبێت کە
پێویستە پزیشکی دەروونی تێدا بێت وە توێژەری دەروونی کەسی شارەزاو
یاسایی ھەموو ئەمانە بوونیان نیە وە سەرەرای ئەوەش لێکۆڵینەوە بە
شێوەیەکی نھێنی نیەو حکومەت کەمتەرخەمە بەم یاسایەو ھیچ کارێکی جدی بۆ
نەکردووە، وە پێویستە لایەنی بەرپرس لە یاساکە ھۆشیاری بداتە ھاوڵاتیان
تا ئاگادار بن لە بوونی یاسایەکی لەم شێوەیە".
لەلایەکی ترەوە لێکۆڵەرەوەیەکی دادی ئاماژە بەم کێشەیە دەکاتو دەڵێت "
یەکێکی تر لە کەموکوڕیەکانی ئەوەیە کە لێکۆڵینەوە دەبێ نھێنی بێت وەک
لە یاساکەدا ھاتووە، بەڵام ئەوەتا لە ژوورێکی بچووکی لەم شێوەیەدا دوو
معاون قەزا ھەیە لەگەڵ چوار لێکۆڵەر، لەم حاڵەتەدا لێکۆڵینەوەکانی
ھەردولامان تێکەڵ بووە.
ئەم کێشانەی لای ئێمەیە زۆر ھەستیارنو پێویستە ژوورەکان جیابکرێنەوە
لەبەرئەوەی ئێمە لێرە لە کێشەکان دەکۆڵینەوەو دەمانەوێت چارەسەریان
بکەین، بەڵام زۆر جار ئەم تێکەڵاوبوونو نزیکیو قەرەباڵغیە دەبێتە ھۆکار
بۆ دروست بوونی کێشە، بۆ نمونە جاری وا ھەیە تۆ داوای ژمارە تەلەفۆنی
کەسێک وەردەگریت ئەوەی لاتەوە کورێکەو گوێ لە تۆ دەگرێتو ئەمەش کێشەی
لێ دەبێتەوە.
ئەو لێکۆڵەرەی داد دەڵێت چەند جارێک داوامان کرددوە کە ژوورەکانمان بۆ
جیا بکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی ژووری گەورەو زۆر ھەیە لەناو ئەم دادگایە،
بەڵام بە ھیچ شێوەیەک بە گرنگەوە سەیر ناکرێتو وەڵام نادرێینەوە لەبەر
ئەوەی ھیچ بۆیان گرنگ نیە".
دوای سەردانی بەردەوامی رێکخراوی ھاریکاری یاسایی ژنان و ئەو
داواکارییە زۆرەی لێکۆڵەرانی داد لەسەر شوێنی لێکۆڵینەوەو نارەزایەتی
ھاوڵاتیان خۆشبەختانە دادگای سلێمانی لە ٢٦/٢دا بڕیاریدا بە گواستنەوەی
شوێنی لێکۆڵینەوە بۆ ژورێکی گەورەتر بەڵام ھێشتا ژوری جیا دابین
نەکراوە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە.
** نەبوونی مۆر لە دادگاکەدا:
دادگای تایبەتمەند بە توندوتیژیی خێزانیی تا ئێستا مۆری نییە. وەک لای
ھەمومان ئاشکرایە ھەر بەشیک لە بەشەکانی دادگا یان ھەر دامودەزگایەکی
رەسمی پێویستە مۆری تایبەت بە خوی ھەبیت بەڵام بە داخەوە تا ئیستا ئەم
دادگایە موری نیە ,,کە دروست کردنی مور کاریکی زور ئاسانەو ئەمەش
یەکێکە لەو ئاماژانەی کە رادەی جدی نەبوونی دادگای توندوتیژیی خێزانیی
پیشان دەدات لە راپەڕاندنی کارەکانیدا.
*** لیژنەی ئاشتەوایی:
لە ٢٩/١/٢٠١٣ەدا بە نوسراوی ژمارە ٤٩٢ کە لە سەرۆکی دادگاوە ئاراستەی
دادگای لێکۆڵینەوەی توندوتیژیی خێزانیی کراوە بەپێی ئەم نوسراوە لیژنەی
ئاشتەوایی لە سلێمانی دروستکرو پێشتریش لە ھەولێر دروستکرا کە ١٢
ئەندامنو لە پارێزەرو توێژەری کۆمەڵایەتیو توێژەری دەروونی پێکھاتووە.)
.
دروستکردنی لیژنەکە ھەنگاوێکی دڵخۆشکەرە بەئاراستەی جێبەجێکردنی یاساکە
ھەرچەندە ئەم لیژنەیە ھێشتا دەستبەکارنەبووەو ھەرلەسەرەتاوە رووبەڕووی
کێشە گەلێک بوونەوە لەگەڵ دادگای سلێمانیدا کە بریتی بوو لە نەبوونی
شوێن بۆ لیژنەکە بۆ بینینی کەیسەکانی توندوتیژیی خێزانیی لە ناو دادگای
سلێمانیدا بە پاساوی ئەوەی کە لە دادگادا شوێن نییە ئەمە لەکاتێکدا
بینای دادگا زۆر گەورەیە بەڵام دوای مانگێک لە دەرکردنی فەرمانەکەی
ئەنجومەنی دادوەری بۆ دروستکردنی لیژنەی ئاشتەواییەکە دادگای سلێمانی
ناچارکرا ھەر لە بینای دادگادا شوێن بۆ لیژنەکە دابین بکاتو کارەکانیان
لەوێدا رابپەڕێنن.
ھەرچەندە لە ئێستادا لەلایەن سەرۆکی دادگای سلێمانییەوە بڕیاردراوە کە
ژورێک بۆ لیژنەی ئاشتەواییەکە لەناو دادگادا دابنرێت، بەڵام
ھەرلەسەرەتاوە تێبینی ئەوە دەکرێت کە لیژنەی ئاشتەواییەکە لەبەردەم
چەند گرفتێکی گەورەدایە کە ئەم گرفتانەش کار لە چۆنێتی جێبەجێکردنی
یاساکە دەکەن لەوانە:
١- ئەو ستافەی بۆ لیژنەی ئاشتەواییەکە دانراون تا ئێستا ھیچ کۆرسێکیان
پێنەوتراوەتەوە سەبارەت بە چۆنێتی کارەکانی ئەو لیژنەیەو چۆنێتی
کارکردنیان لە گەڵ کەیسەکاندا.
٢- تا ئێستا پەیڕەوێکی دیاریکراو نییە بۆ لیژنەکە کاری لەسەربکەن.
لەگەڵ ئەم گرفتانەشدا پێکھێنانو دەستبەکاربوونی ئەم لیژنەی ئاشتەوایی
گرنگی خۆی ھەیەو لەماددەی پێنجەمی یاساکەدا ھاتووە (دادگا کەیسەکانی
توندوتیژیی خێزانیی رەوانەی لیژنەیەک دەکات کە لە کەسانی پسپۆر
پێکھاتوون بە مەبەستی دروستکردنی ئاشتەوایی لە نێوانیاندا) ئەم لیژنەیە
گرنگی خۆی ھەیەو پرۆسەی جێبەجێکردنی یاساکە خێراتر دەکاتو بەھۆشیەوە
دەتوانرێت ئاشتەوایی لەنێوان بەشێک لە لایەنەکانی شکایەتدا دروستبکات.
دووەم: وەزارەتی تەندروستی.
لە یاسای توندوتیژیی خێزانیی لە چەند مادەیەکیدا باس لە وەزارەتی
تەندروستی کراوە کە ئەمەش گرنگی وەزارەتی تەندروستی پیشان دەدات بۆ
جێبەجێکردنی یاساکە بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع ئەبینرێت ھیچ
ھەوڵێکی ئەوتۆ نابینرێت کە پابەندبوونی وەزارەتی تەندروستی پیشانبدات
بۆ جێبەجێکردنی یاسای توندوتیژیی خێزانییو ئەوەی تا ئێستا دەبینرێت جگە
لە لێدوانی پێچەوانەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە یاسای
توندوتیژیی خێزانیی ھیچ ھەوڵێکی جدی بەدیناکرێت.
ئەو ماددانەی لە یاساکەدا بەرپرسیارێتی دەخاتە سەر وەزارەتی تەندروستی
بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای توندوتیژیی خێزانیی بریتین لە:
یەکەم: خاڵی دووەم لە بڕگەی سێیەمی ماددەی دووەمدا ھاتووە "لەسەر
کارمەندانی بواری تەندروستیو پەروەردەو بنکە فەرمییەکانە بۆ
ھاوکاریکردنی قوربانیانی توندوتیژیی خێزانیی ھەوڵبدەن.
دووەم: لە بڕگەی چوارەمی ماددەی سێیەمدا ھاتووە لەسەر وەزارەتی
تەندروستییە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی چاودێری
تەندروستی دەستەبەربکەنو سەرلەنوێ شیاندن بۆ زیانلێکەوتوانی توندوتیژیی
خێزانیی بکەنەوە.
لەمبارەیەوە دکتۆرە ئینتیسار احمد مالک کە ئەندامی لێژنەی بەدواداچونی
توندوتیژیی دژی ژنانە لەوەزارەتی تەندروستی لە ھەولێر. ئاماژە بەوە
دەکات کە "لێژنەیەک ھەیە لەوەزارەتی تەندروستی, لەو لێژنەیە
ستراتیژیەتێکمان داناوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری دەرونی و تەندروستی
پێشکەش بەو ژنانە بکەین کە رووبەرووی توندوتیژیی بونەتەوە، دەسپێکی
کارەکە لەگەل رێکخراوی WHO, UNFPA, ، ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان
کە چۆن لە نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستییەکان کاربکەین، کەسانی
پسپۆرمان بۆ ھاتووە و دەلیلێکمان داناوە کە چۆن پێشوازی لەو ژنانە بکەن،
من لە عەمان خولی راھێنانم بینی، ئێمەش راھێنان بەنوێنەری ئەو بنکە
تەندروستیانە دەکەین کە چۆن ئەو خزمەتگوزاریانە پێشکەش بکەن ھەروەھا
چۆن نەخۆشەکان لە بنکەی پۆلیسەوە رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت".
ئەم ئەندامەی لیژنەکە دەڵێت "بەرنامەمان ھەیە لەرێگەی بروشورو
بلاوکراوەوە خەلک ھۆشیار بکەینەوە بۆ ئەوەی دوور بکەونەوە لە
توندوتیژیی و ژنان چۆن خۆیان لە توندوتیژیی دووربخەنەوە".
لە قۆناغی یەکەمدا ئێمە راھێنانمان بە کارمەندان و دکتۆرەکانی
نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی و نەخۆشخانەی لەدایک بوون بنکە تەندروستیەکان
کرد، لەھەر فەرمانگەیەک یەکەی رۆشنبیری تەندروستیمان ھەیە، کە زانیاری
گشتی لەسەر توندوتیژیی دەدەن.
دکتۆرە ئینتیسار ئاماژە بەوەدەکات کە "لەئێستادا لە بنکە تەندروستیەکان
یەکەی تایبەت بە دەرونی و کۆمەڵایەتی دەکەینەوە بەناوی "یەکەی
تەندروستی دەرونی کۆمەڵایەتی"و کۆمەڵێک دکتۆری بەتوانا راھێنانیان
پێدەکرێت بۆ ئەو بەشە، بۆ ئەوەی ئەو ژنانەی کە توندوتیژییان بەرامبەر
کراوە لەم بەشە چارەسەری دەروونیان بۆ بکرێت و لەرووی کۆمەڵایەتییەوە
کێشەکەی چارەسەر بکرێت، ھەر لەبەر ئەوەش بە تەنھا ناو نەنراوە یەکەی
دەروونی چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ژنان شەرم دەکەن برۆن بۆ چارەسەری
دەرونی بەڵام کە بە شی کۆمەڵایەتی لەگەڵ بێت ئاساییتر دەبێت لەلایان،
تا ئێستا لە ھەولێر ٣ یەکەی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە دھۆک ١٧ و لە
سلێمانی ٣ یەکە کراوەتەوەو ھەوڵ دەدەین کە زۆر بکرێتەوە ئەگەر چی ئەم
پرۆگرامە لە پارساڵەوە ھەیە، بەڵام بە سستی بەرێوەچوو و ئێستا بە جددی
کاری لەسەر دەکەین، بۆ ئەوەی ژمارەی یەکەکان زیاد بکەین و کارەکان
باشتر و جددیتر بەرێوەبچن".
بەڵام بە پێچەوانەی قسەکانی دکتۆرە ئینتیسار لە پارێزگای سلێمانیدا
تیمی چاودێری یاسای توندوتیژیی خێزانیی چەند جارێک سەردانی
بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانییان کردووە بە پاساوی جیاجیا
بەرێوەبەر نەیتوانیوە تیمی چاودێری رێکخراوەکەمان ببینێت، دواتر تیمی
چاودێری یاساکە لەگەڵ پارێزەری بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆبووەتەوە بەڵام
یەرێزیان ئاگادری یاسای توندوتیژیی خێزانیی نەبوونو سەبارەت بەوەی کە
ھیچ رێنوماییەک سەبارەت بەیاسای توندوتیژیی خێزانیی ھاتووە بۆ ئەم
بەڕێوەبەرایەتییە پارێزەری فەرمانگەکە تەنھا ئەوەندەی وت کە رێنوماییەک
ھەیە پەیوەندی بە ژنانەوە ھەیەو چەندیش گەڕو سەیری فایلەکانی کرد
رێنوماییەکەی بۆ نەدۆزرایەوە.
ئەوەی لێرەدا دەردەکەوێت ئەوەیە وەزارەتی تەندروستی نەک تەنھا جدی نییە
لە راپەراندنی ئەو ئەرکانەی کە لەیاساکەدا پێی سپێردراوە بەڵکو
ئاگاداری وردەکاری یاساکەش نییە. ھەر بۆ ئەم مەبەستەش تیمی پارێزەرانی
رێکخراوی ھاریکاری یاسایی ژنان لەماوەی مانگی رابردوودا (مانگی ٢) چوار
سیمیناری تایبەتی بۆ کارمەندانی تەندروستی ئەنجامدا، لە سیمینارەکاندا
بە ئاشکرا دەرکەوت کە مارمەندانی تەندروستی ئاگاداری یاسای توندوتیژیی
خێزانیی نینو ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بێبایەخی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت
بە یاساکە.
سێیەم: وەزارەتی ناوخۆ.
یەکێکی تر لەو لایەنانەی کە پەیوەندی راستەوخۆی بە جێبەجێکردنی یاسای
توندوتیژیی خێزانیییەوە ھەیە بریتییە لە وەزارەتی ناوخۆ بەم شێوەیە:
یەکەم: لە برگەی پێنجەمی سێیەمدا ھاتووە کە " بەرێوەبەرایەتی نەھێشتنی
توندوتیژیی دژی ئافرەت لە وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوون بۆ کێشەکانی
تودوتیژی خێزانیی دەکات.
دووەم: لە بڕگەی شەشەمی ماددەی سێھەمدا ھاتووە " لەسەر وەزارەتی
ناوخۆیە بەشێکی تایبەت لە ناو پۆلیس بکاتەوە کە بەشێوەیەکی بنەرەتی لە
پۆلیسی ئافرەت پێکھاتبێتو ھەڵسوکەوت لەگەڵ کێشەکانی توندوتیژیی خێزانیی
بکەن.
سێیەم: لەسەر وەزارەتی ناوخۆو دەستە فەرمییە پسپۆرەکانە ریکلام بۆ
رۆشنبیرییەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی بکەن.
ھەرچەندە لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ئەنجومەنی دادوەری
لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی جێبەجێکردنی یاسای توندوتیژیی خێزانیی
لە ٢٠/٩/٢٠١٢ەدا بڕیاردرا کە وەزارەتی ناوخۆ ١٠ بنکەی پۆلیسی
توندوتیژیی خێزانیی بکرێنەوە کە کارمەندەکانی بەشێوەیەکی بنەرەتی لە
پۆلیسی ئافرەت پێکھاتبنو بە فەرمانێکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا بە
کردنەوەی ١٠ نوسینگەی پۆلیس لە ٢١/١٠/٢٠١٢ەدا بەلام تا ئێستا ئەو
نوسینگانە دانەمەزراون ھەرچەندە بانگەشەی دامەزراندن بۆ ستافی بنکەکانی
پۆلیس ئەنجامدرو بەڵام دوای نزیکەی تێپەربوونی ٥ مانگ بەسەر دەرکردنی
ئەو بڕیارەدا بەڵام تا ئێستا ھیچ کام لەو بنکانە دانەمەزراون.
دروستنەکردنی بنکەکانی توندوتیژیی خێزانیی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە
نەک تەنھا خەمساردی وەزارەتی ناوخۆ دەردەخات بەڵکو ئەو واقیعەش
دەردەخات کە حکومەتی ھەرێم لە ھەر کاتێکدا کە فشاری لەسەربوبێت ھەوڵی
داوە بڕیاری باش دەربکات بەڵام دواتر لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانیدا
کەمتەرخەمی زۆری کردووە، لێرەدا بەروونی دیارە کە وەزارەتی ناوخۆ
کەمتەرخەمە لە دروستکردنی ئەو بنکانەدا ئەوەی ئەم کەمتەرخەمییەش
دەردەخات ئەوەیە کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتییەکانی بەدواداچوونی
توندوتیژیی دژی ئافرەتانەوە زەمینە سازی کراوەو چەندین
cvو داواکاری پێشکەش کراوە بۆ دامەزراندنیان
لە بنکەکانی پۆلیسی تایبەت بە یاسای توندوتیژیی خێزانیی بەڵام تائێستاش
دیار نییە کەی ئەم بنکانە دادەمەزرێنرێن.
دامەزراندنی بنکەکانی پۆلیس گرنگی خۆی ھەیە ھەرچەندە بە پێی یاسای
توندوتیژیی خێزانیی دەبێت لەناو بنکەکانی پۆلیسدا بەشی تایبەت بە یاسای
توندوتیژیی خێزانیی دابنرێتو ئەفسەرانی لێکۆڵەرەوە دەبێت لە رەگەزی مێ
بن. بەڵام ئەم دۆخە گرفتی دروست کرد بوو کە بریتیبوو لە ئەفسەرانی
لێکرڵینەوە لە توندوتیژیی خێزانیی کە زۆربەیان لە رەگەزی نێرنو بەپێی
یاساکەش دەبێت لێکۆڵەران رەگەزی مێیان تێدابێت، بەرپرسانی وەزارەتی
ناوخۆ بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆش دەیانوت ژنان خۆیان نایانەوێت بێنە
پێشەوەو لە سلکی پۆلیسدا وەک لێکۆڵەر کاربکەن، ھەر ئەمەش وایکرد کە
بڕیاری دروستکردنی بنکەی توندوتیژیی خێزانیی دروستبکرێت کە لە ئەفسەری
ژن پێک ھاتبێت، بەڵام لەواقیعدا لە ئێستادا چەندین ژن داواکاری
دامەزراندنیان پێشکەش کردووە بۆ دامەزراندنیان بەڵام دوای تێپەربوونی ٥
مانگ ھێشتا ئەو بنکانە دانەمەزراون.
چوارەم: وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی.
لایەنێکی تری گرنگی جێبەجێکردنی یاساکە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییە
کە ئەرکی سەرەکی سەرلەنوێ شیاندنەوەی قەربانیانی توندوتیژیی خێزانیییە
وەک لە یاساکەدا ھاتووە:
یەکەم: لە بڕگەی دووەمی ماددەی سێیەمدا ھاتووە"پێویستە لەسەر وەزارەتی
کاروباری کۆمەڵایەتی لە ھەرێم شوێنی حەوانەوە بۆ قوربانیانی توندوتیژیی
خێزانیی دابینبکات.
دووەم: لە بڕگەی چوارەمی ماددەی سێیەمدا ھاتووە لەسەر وەزارەتی
تەندروستییە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی چاودێری
تەندروستی دەستەبەربکەنو سەرلەنوێ شیاندن بۆ زیانلێکەوتوانی توندوتیژیی
خێزانیی بکەنەوە.
سێیەم: قوربانیانی توندوتیژیی خێزانیی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی
بیانگرێتەوە.
بۆ ئەم مەبەستە تیمی چاودێری رێکخراوی ھاریکاریی یاسایی ژنان سەردانی
بەرێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی سلێمانی کردووە سەبارەت بە
ھەوڵەکانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ جێبەجێکردنی یاسای
توندوتیژیی خێزانیی.
لەمبارەیەوە لەم بارەیەوە سەرنج حەمە سەعید بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی
کاروباری کۆمەڵایەتی - سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە ئێستادا لە
قۆناغی کۆتایی شێڵتەرێکی نوێداین لە پارێزگای سلێمانی کە ھەموو
پێداویستییەکانی بۆ دابینکراوەو لە ١٧/٣دا تەواودەبێتو لە ٤/٥دا
بەتەواوی دەکرێتەوەو دەستبەکار دەبین.
ھەروەھا سەرنج حەمە سەعید ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ھەرچەندە لە ئێستادا
یاسایەک نیە کە کاری پێ بکرێت بەڵام ئەو شێڵتەرە حکومیانەی کە لە
ئێستادا ھەیە وەکو دەزگایەکی حکومیە وە ھۆبەی یاسایمان ھەیە وە ھۆبەی
پلانو بەدواداچوونمان ھەیە، ئەم دووانە چاودێری شێڵتەرەکە دەکەنو
دەتوانن ئاگاداری کێشکان بن، سەبارەت بەوەی کە بۆ ھەوڵیان نەداوە بە
سیستمێک کاربکەن لە شێڵتەرەکاندا سەرنج دەڵێت "لە ئێستادا سێ پرۆژە
یاسا بەرز کراوەتەوە بۆ سەرەوە تایبەت بە شێڵتەرەکانو کارەکانیان،
بەڵام تا ئێستا ھیچ خوێندنەوەیەکی بۆ نەکراوەو لە چاوەڕوانیداین".
چالاکییەکانی رێکخراوی ھاریکاری یاسایی ژنان بۆ یاساکە.
رێکخراوی ھاریکاری یاسایی ژنان کار لەسەر یاسای توندوتیژیی خێزان دەکات
کە بریتین لە:
یەکەم: چاودێریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان.
رێکخراوی ھاریکاری یاسایی ژنان وەک رێکخراوێکی بواری مافەکانی ژنان
بەردەوام لە ھەوڵی دۆزینەوەی ئالیەتی نوێدایە بۆ دروستکردنی فشار لەسەر
دەسەڵات بەتایبەت لە پەیوەند بە یاسای توندوتیژیی خێزانیییەوە بە
ئامانجی باشتر جێبەجێکردنی یاساکە لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ بەدیھێنانی
خزمەتی گشتیو رێکخراوی ھاریکاریی یاسایی ژنان لەم نێوەندەدا چەندین
چالاکی ئەنجامداوە کە بریتین لە:
١- سەردانی بەردەوامی دادگای تایبەتمەند بە دادگای لێکۆڵینەوەی
توندوتیژیی خێزانییو چاودێریکردنی بەردەوامی بەرەوپێشچوونی کارەکانی
دادگاکە.
٢- سەردانی بەردەوامی بنکەکانی پۆلیس بە مەبەستی بەردەوامی ئاگاداربوون
لە پرۆسەی لێکۆلینەوە لە کەیسەکانی توندوتیژیی خێزانیی.
٣- ئەنجامدانی گفتوگۆی کراوە لەنێوان ئەفسەرانی لێکۆڵەرەوە لەگەڵ
لێکۆڵەری داد بە مەبەستی فتوگۆکردنی کێشەو گرفتەکانیانو ھەولچدان بۆ
چارەسەرکردنیان.
ھەروەھا رێکخراوی ھاریکاریی یاسایی ژنان میکانیزمێکی فراوانتری گرتەبەر
بۆ دروستکردنی فشاری زیاتر لەسەر دەسەڵات بۆ ئەم مەبەستەش ھەر
لەسەرەتاوە کەمپینێکی رێکخست لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیدا بۆ
فشارخستنە سەر دەسەڵات بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای توندوتیژیی
خێزانیی ھەروەھا دوای دامەزراندنی گروپی ژیان رێکخراوی ھاریکاری یاسایی
ژنان بەچڕتر کاری لەسەر ئەم پرسە کردو پرۆسەی دروستکردنی فشاری بۆ سەر
لایەنەکانی پەیوەند بە جێبەجێکردنی یاساکەوە زیادکرد. بەم شێوەیە:
١- چەند جارێک سەردانکردنی پەرلەمانو ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی
پەرلەمانو لیژنەکانی تایبەتمەند بە یواری ژنان بە مەبەستی چالاککردنی
پرۆسەی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکە لە لایەن پەرلەمانەوە.
٢- سەردانی وەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی کۆمەڵایەتی لە پەیوەند بە
بنکەکانی پۆلیسو خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی کەیسەکانی توندوتیژیی خێزانیی.
٣- ئەنجامدانی کۆنفرانسی ٢٥ی نۆڤەمبەر بە ناوی یەکەم کۆۆنفرانسی یاسای
ژمارە ٨ی یاسای توندوتیژیی خێزانیی کە راستەوخۆ لەلایەن گروپی ژیانەوە
ئەنجامدرا کە لەم کۆنفرانسەدا راسپاردەکانی رێکخراوی ھاریکاریی یاسایی
ژنان بوو بە راسپاردەکانی کۆنفرانسو گروپی ژیان بەچڕی کاری لەسەر دەکات
کە بە گشتی کۆی راسپاردەکانی کۆنفرانسەکە دابەشکرابوون بەسەر چوار
تەوەردا ھەرچەندە پێشتر ئەو راسپاردانە بڵاوکراونەتەوە بەڵام لەبەر
گرنگی راسپاردەکانو دۆکیومێنتکردنیان لە پاشکۆی ئەم راپۆرتەدا جارێکی
تر بڵاویان دەکەینەوە.
دووەم: کارکردنی رێکخراوی ھاریکاریی یاسایی ژنان لە بواری ھۆشیاریدا:
رێکخراوی ھاریکاریی یاسایی ژنان بە مەبەستی ھۆشیارکردنەوەی ھاولاتیان
لە ھەردوو رەگەزی نێرو مێ چەندین سیمیناری ئەنجامداوە لە سنوری
پارێزگای سلێمانیدا لە زۆربەی قەزاو ناحیەکانو لە ھەندێک لە
گوندەکانیشدا سەبارەت بە گرنگیو روون کردنەوەی ماددەکانی ناو یاساکەو
سیمینارەکان لە ناو شاری سلێمانی، ھەڵەبجە ، خورماڵ ، کفری، پێنجوێن،
رانیە، قەڵادزە، و ھەڵشۆ ئەنجامدراونو ئەم سیمینارانەش لەماوەی
یەکمانگدا ئەنجامدراونو نزیکەی ٣٠٠ ھاوڵاتی بەشداربوون لە ھەردوو
رەگەز.
دەرئەنجام و راسپاردە.
لەدەرئەنجامی ئەم راپۆرتەدا چەند راسپاردەیەک دەخەینە روو کە پێویستە
لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی یاساکەوە بەھەند وەربگیرێَن کە بریتین
لە:
١- کۆرسی راھێنان بۆ ئەندامانی لیژنەی ئاشتەوایی سازبکرێتو پەیڕەوێکی
تایبەت بەو لیژنەیە دابنرێت.
٢- پێویستە ھەرچی زووە وەزارەتی ناوخۆ بنکەکانی تایبەت بە یاسای
توندوتیژیی خێزانیی دابمەزرێنێت.
٣- پێویستە وەزارەتی تەندروستی کاری جدی بکات بەتایبەت لە
ھۆشیارکردنەوەی کارمەندانی تەندروستی سەبارەت بە یاساکە.
٤- لەسەر وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییە کە کاری جدی بکات بۆ کردنەوەی
شێڵتەری نوێو سیستمێکی نوێ بە کاری شێڵتەرەکان دابنێت.
٥- پێویستە یاسای توندوتیژیی خێزانیی بخرێتە ناو پرۆگرامەکانی
خوێندنەوە.
٦- پێویستە دادگای توندوتیژیی خێزانیی فراوانبکرێتو نەک تەنھا سەنتەری
شارەکان بەڵکو قەزاو ناحیەکانیش بگرێتەوە.
پاشکۆ:
ڕاسپاردەکانی یەکەم کۆنفرانسی یاسای ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١١ بۆ
ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژیی خێزانیی.
لە ڕۆژی ڕۆژی چوارشەممە ٥-١٢-٢٠١٢ لەشاری سلێمانی لەلایەن گروپی ٢٥
نۆڤەمبەرەوە یەکەم کۆنفرانسی یاسای ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١١ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی
توندوتیژیی خێزانیی ئەنجام درا ، روپی ٢٥ نۆڤەمبەر پێک دێت لە چەندین
چالاکوانو ڕێکخراوەکانو گروپی ژیانو بەڕێوبەرایەتی بەدواداچونی
توندوتیژییو بەھاوکاری ئەنجومەنی باڵای خانمان لە ماوەی ھەڵمەتی
نیشتمانی ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژیی خێزانیی چالاکیەکانی خۆی ئەنجام
دا.و ئەم کۆنفرانسە یەکێکە لە چالاکیە گرنگەکان کە لەو ماوەیەدا
بەڕێوەچووە نزیکەی ١١٥ کەس بەشداربون لەچەندین لایەنی جیاواز.
دەرئەنجامی کار کۆنفراس و ڕاسپاردەی گروپەکان:
لەم کۆنفرانسەدا ٥ گروپ پێکھات بۆ تاوتوێکردنی ڕاسپاردەی تەوەرە
جیاوازەکانو ھاوپێچ ڕاسپاردەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٨:
ڕاسپاردەکان:
یەکەم : ڕاسپاردەکانی گروپی خەتەنەکردنی مێینە بۆ مادەکانی تایبەت بە
خەتەنەکردنی مێینە لە یاسای ژمارە ٨ سەرپەرشتیاری گروپ ڕێکخراوی WADI :
ا: راسپاردە بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان:
١- دانانی پلانێکی ستراتیجی ٥ ساڵە بۆ بنەبڕکردنی خەتەنەکردنی مێینە لە
ھەرێمی کوردستاندا بەیەکجاری، ئەکرێت ئەم پلانە ببێتە بەشێک لە پلانی
ستراتیجی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان.
٢- دەرکردنی ڕێنومایی ڕونو ئاشکرا لەلایەنوەزارەتەکانی تەندروستیو
پەروەردەو کاروباری کۆمەڵایەتی و ئاینی ڕۆشەنبیریو پلاندانوەزارەتە
پەیوەندیدارەکانی دیکە بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕگەی خەتەنەکردنی مێینە.
٣- تەرخانکردنی بودجەی پێویست لەلایەن وەزارەتی دارایی .
٤- ئەنجامدانی چەندین ڕاھێنان بۆ کارمەندانی حکومەت بۆ چۆنیەتی
مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە.
٥- دووبارە ڕاھێنانەوەی مامانەکان، مۆڵەت پێدراوو بێ مۆڵەت لە سەرجەم
ناوچەکان.
ب: لەسەر ئاستی پیاوانی ئاینی بەتایبەتی یەکێتی زانایان:
١- پووچەڵ کردنەوەی ئەو فەتوایەی ٢٠١٠و دەرکردنی فەتوایەک ھاوشێوەی
ئەزھەر لە ٢٠٠٦ دەریان کرد چونکە پێچەوانەی یاسای ژمارە ٨.
٢- لیپرسینەوە لەو مەلایانەی بانگەشە بۆ خەتەنەکردن ئەکەن.
٣-یەکلایی کردنەوەی سونەت بوونو نەبوونی خەتەنەکردن چونکە بەپێی یاسا
تاوانەو ئەمەش پێچەوانەیە.
٤- بەشداریکردن لە ھەڵمەتی ھۆشیاری ”لابردنی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی
ئاینو شەریعەت ئەکرێت”.
ج: بۆ ڕێکخراوە جھانیو ناوخۆییەکان:
١- نەتەوە یەکگرتوەکان بەتایبەتی ( UNICEF , WHO ) بەئەرکی خۆیان
ھەستنو پشتوانی جێبەجێکردنی مادەکانی یاسای ژمارە ٨.
٢- ڕێکخراوە جیھانیو کۆمەکبەخشەکان ھاوکاری مادی ڕێکخراوە ناوخۆییەکان
بکەن.
٣- ڕێکخراوە ناوخۆییەکان، خەتەنەکردنی مێینە بکەن بە بەشێک لە پلانی
کاری ڕۆژانەیان بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی بواری ژنانو بۆ جێبەجێکردنی
مادەکانی یاسای ژمارە ٨وە زیاتر کار بۆ ناوچەکانی دەرەوەی سەنتەری
شارەکان بکەن.
٤- بەشداریکردنی سەرجەم ڕێکخراوە جیھانیو ناوخۆییەکان لە ھەڵمەتی
ھۆشیاری.
د : ڕاسپاردەی گشتی :
٥- ھاوکاریکردنی قوربانیانی خەتەنەکردنی مێینە لەلایەن ھەموان.
٦- داواکاری گشتی چالاکتر بێت لە بەدواداچونی ئەم پرسەدا.
٧- ئامادەکردنی ڕێبەری تایبەت بۆ پۆلیسو دەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆ.
٨- پێشکەشکردنی پشتوانی تەندروستی بە قوربانیەکان لەڕوی کۆمەڵایەتیو
دەرونیو کردنەوەی بنکەو سەنتەری تایبەت بە ڕاھێنانەوە.
٩- بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری سیکسی، چۆنیەتی کارکردنی کۆئەندامی زاوزێی
مێینە بەتایبەتی بۆ قوربانیەکان .
١٠- خستنەگەری ڕۆڵی پۆزەتیڤی میدیو سەرجەم کەناڵە ھۆشیاریەکانی دیکە
بەخزمەتی بنبڕکردنی دیاردەکە.
سەرنج : بۆ بەشی یەکەمی ڕاسپاردەکان لەلایەن گروپی کارو سەرجەم
ئامادەبوانی کۆنفراس بەکۆی دەنگ ئەم ڕاسپاردانە قبوڵکران.
دووەم: ڕاسپاردەکانی گروپی ژیان بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٨
سەرپەرشتیاری گروپ ڕێکخراوی PDA:
١. بەشێوەیەکی فراوانتر کار بۆ نەھێشتنی ھاوسەرگیری بەزۆر بکرێتو
تاکەکان ھۆشیار بکرێنەوە.
٢. بونی توێژەری کۆمەڵایەتی لەگەڵ دادوەر لەکاتی ئەنجامدانی گرێبەستی
ھاوسەرگیریدا.
٣. ھاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگاو لەلای مامۆستایانی ئاینی قەدەغە بکرێت.
٤. بونی ھێڵی گەرمو ناساندنی ژمارەی ھێڵی گەرم لە قوتابخانەکانو لەناو
گوندەکاندا.
٥. نەھێشتنی مارەکردن بە (وەکالەت، خوارتەمەنی یاسایی، دەرەوەی دادگا).
٦. کردنی کەیس بەکەیسی خەڵکی( ناساندنی کەیسەکان بەخەڵکی).
٧. چاودێریکردنی ڕاپۆرتەکانی ناو گب عدلی تایبەت بەو ژنانەی کە کوژراون.
٨. نھێنی پاراستن لەو شوێنانەی کە ژنان ئەڕۆن بۆ باسکردنی کێشەکانیان.
٩. بەھێزکردنی کارەکانی داواکاری گشتی تایبەت بە کوشتنی ژنان.
١٠. ھۆشیارکردنەوەی خێزان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی کە ھاوسەرگیری
لەناو خزمەکاندا نەخۆشی بۆماوەیی دروست ئەکات.
١١. لەناو ناوەندەکانی خوێندندا وانەی تایبەت ھەبێت بەھۆشیاری
ھاوسەرگیریو مافەکانیان.
١٢. بونی پسپۆری کۆمەڵایەتیو نھێنی پاراستن لەناو ناوەندەکانی
خوێندندا.
١٣. کردنەوەی کۆرسی تایبەت بۆ توێژەران بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو
کەیسانەی کە تایبەتن بە توندوتیژیی ژنان.
١٤. چاودێریکردنی پۆلیسی لێکۆڵەرەوە لەکاتی لێکۆڵینەوە بەکەیسی
توندوتیژیی ژنان.
١٥. دانانی ێندوقی سکاڵا لەناو ناوەندەکانی خوێندنو سەرپەرشتی کردنی
لەلایەن پسپۆڕی کۆمەڵایەتی.
١٦. بونی نوێنەری ڕێکخراوەکان لەکاتی لێکۆڵینەوە لە کەیسی کوشتنی
ژناندا.
١٧. بونی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکان لەکاتی دادگایکردنی بکوژەکاندا.
١٨. کردنەوەی سایتی ئەلکترۆنی تایبەت بەو کەسانەی کە کوژراون یان
توندوتیژییان بەرامبەر کراوە.
١٩. کەمپینی ھاوبەش بۆ نەھێشتنی موچەی سەرۆک عەشیرەتەکانو نەھێشتنی
چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان لەلایەن عەشیرەتەکانەوە.
٢٠. بونی سەنتەری ڕێنمایی (دەرونی، کۆمەڵایەتی، یاسایی ) بۆ ئەو ژنانەی
کە بیانەوێت کێشەکانیان باس بکەن.
٢١. بونی شەڵتەر بۆ پارێزگاری ژنان بە کوالیتی باش.
سێیەم: ڕاسپاردەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەدوادەچونی توندوتیژیی دژبە
ئافرەتانو سەرپەرشتیاری گروپ ر بەڕێوەبەرایەتی بەدوادەچونی توندوتیژیی
و رێکخراوی ئاسودە:
١- ووشیار کردنەوەی خێزانەکان بەبێ جیاوازی ھەردوو ڕەگەز ئەویش
بەھاوکاری ھەموو ڕێکخراوەکان بۆ ڕێگە گردتن بەکێشە کۆمەڵایەتیەکانو
خێزانییەکان .
٢- کاراکردنی ڕۆلی ڕاگەیاندنەکان لەسەر توندوتیژییو ئاکامەکانی.
٣- بەشداری پێ کردنی نوخبەکانیکۆمەڵگا لەھەموو بوارە جیاوازەکاندا.
٤-بابەتەکانی کلتوری ئاشتیو مافەکانی مرۆڤ لە بواری تێوریوپراکتیکی
بخرێتە پەیڕەوو پڕۆگرامی پەروەردەی لە ھەمووئاستەکانی خوێندا.
٥-ھەموار کردنەوەی ھەموو دەقەیاساییەکان کەشەرعیەت بەتوندوتیژیی دەدات.
٦-دانانی سەنتەرێکی تایبەت بۆ دووبارە ڕاھێنانەوەی ئەو کەسانەی کە
توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، لە ھەمان کاتیشدا بۆ ئەوکەسانەی کە کە
ئەنجامدەری توندوتیژییەکەن بۆ ئاشنا بوون بە دیاردە نێگەتیڤەکانی ناو
کۆمەڵگەی کوردی کەتاکە ھۆکارن بۆ دووبارە بوونەوەی توندوتیژیی.
٧- پێدانی دەرفەتی کارکردن بۆ ھەردوو ڕەگەز بە ھەمان شێوە.
٨- پەیڕەویکردنو کاراکردنی سیستمی کارکردنی شێڵتەرەکان دوای پەسەند
کردنی یاساکە.
٩- کردنەوەی ئۆدوگایان کۆمەڵە شوقەیەک بۆ ئە ژنانەی کە لەلایەن خێزانو
کۆمەڵگاوە پەراوێز خراون کە ئەو ئۆردوگایە پێویستە ھەموو لایەنەکانی
خزمەتگوزاری ژیلنی تیدابێتو کارگەیەک بۆ سەرچاوەی داھاتی
دانیشتووانەکەی ئامادەبکرێت.
چوارەم: راسپاردەکانی گروپی (ئاشتی کۆمەڵگە) تایبەت بە یاسای لێبوردنی
گشتی سەرپەرشتیاری گروپ ڕێکخراوی DHRD:
١. بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری کۆمەڵَگە سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی
یاسای لێبوردنی گشتی.
٢. ماوەی دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتی لە ٧ ساڵ کەمتر نەبێت،وە
ھەروەھا کۆمەڵێک تاوانی دیاری کراو بگرێتەوە.
٣. کاراکردنی ڕۆڵی داواکاری گشتی لە ئاست ئەو تاوانانەی کە ئاشتی
کۆمەڵگە دەخاتە مەترسیەوە.
٤. بەھەندوەرگرتنی ڕاسپاردەو پێشنیارەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی
مەدەنی.
٥. چاککردنی دەزگاکانی چاکسازییە کۆمەڵایەتیەکان بۆ ئەو ئامانجە
بنەڕەتیانەی بۆی دروست بووە.
پێنجەم: ڕاسپاردەی گروپی یاسایی بۆ یاسای ژمارە ٨ بۆ بەرەنگاربوونەوەی
توندوتیژیی خێزانیی سەرپەرشتیاری گروپ ڕێکخراوی WOLA:
١- ھەوڵدان بۆ دامەزراندنی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو بۆ جیبەجێکردنی
یاساکە لە دادوەرو لێکۆڵەرو پۆلیسو توێژەری کۆمەڵایەتی.
٢- ھەوڵدان بۆ سودوەرگرتن ئەزمون لە ڕێکخراوەکانی ناوخۆو دەرەوە کە
چەندین ساڵە لە بوارە جیاوازەکانی بابەتی ھاوشێوە کار ئەکەن بەنمونە تا
ئێستا پرسی خەتەنەی کچان کە ئیشی ئەوتۆی لەسەر ناکرێت ھەوڵ نەدراوە
ڕاسپاردەو ئیشەکانی ڕێکخراویوادی سودیان لێوەربگیرێت، کە ئەم بەشە لە
یاساکە گرنگترین مادە پێک ئەھێنێت.
٣- ڕەنگدانەوەی یاسای توندوتیژیی لەسەرجەم بەرنامەکانی حکومەت بۆ ماوەی
درێژخایەن بێت نەک تەنھا لە ھەڵمەتو یادەکان.
٤- ڕاھێنان و پەرەپێدانی توانای سەجەم کارەکتەرە حکومیو ناحکومیەکان.
٥- ِراگەیاندنی پلانی داراییو پاڵپشتی بۆ ئەو دەزگا حکومی ناحکومیانەی
کە ئەیانەوێت کاری جدی لەسەر جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٨ بکەن.
٦- لێپرسینەوە لە ھەر کارمەندێکی حکومی کە ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکاتو
یاساکە پشتگوێ بخات..، بەتایبەتی پۆلیسو لێکۆڵیارانوە ڕاھێنانیان لەسەر
بڕوابون بە پرسی مافەکانی ژنان چونکەوەک بەدی ئەکرێت ناھۆشیاریەکی
کوشندە لە دەزگاکاندا ئەبینرێت.وە ھەندێ جار بە گاڵتەو گەپەوە باسی
مافی ژنان ئەکرێت " ئەمە ئەبێت کۆتایی پێ بێت "
٧- جەختکردنەوەمان لە ڕاسپاردەکانی ڕاپۆرتی یەکەمی چاودێری یاسای
توندوتیژیی خێزانیی کە لە ١١/٨/٢٠١٢ەدا لەلایەن رێکخراوی ھاریکاری
یاسایی ژنانەوە بڵاوکرایەوەو لە پاشکۆی ئەم راپۆرتەدا راسپاردەکان
دەخرێنەروو کە ھەر ھەموویانوەک خۆی کاریان بۆ بکرێت " لە دادگاو لیژنەی
ئاشتەواییو بودجەو لایەنی ھۆشیاریو لایەنەکانی دیکە )
٨- پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان لایەنەکانی بەرپرس لە
جێبەجێکردنی یاساکە بۆ سەرپەرشتیکردنو دروستکردنی پەیوەندی لە
نێوانیاندا
٩- بە مەنھەجکردنی یاساکە لە پرۆگرامەکانی خوێندندا.
١٠- بەردەوامیدان بە ھەڵمەتی ھۆشیاریی سەبارەت بە یاسای توندوتیژیی
خێزانیی لە سەرجەم گوندو شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان.
١١- دانانی ھێڵی گەرم بۆ یاسای ژمارە ٨.
١٢- لەبەرچاوگرتنی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و منداڵان (ئیستیغلال
کردن لە ھەموو ڕوویەکەوە).
١٣- ھەموارکردنی ئەو بڕگەیەی کەوا لەکاتی ھەر نەشتەرگەریەکدا پێویستی
بەواژووی بەخێوکەر ھەیە.
پاشکۆ:
* راسپاردەکانی راپۆرتی یەکەمی یاسای توندوتیژیی خێزانیی کە لە لایەن
رێکخراوی ھاریکاری یاسایی ژنانەوە لە ١١/٨/٢٠١٢ ەدا بڵاو کرایەوە
بریتین لە:
١- دروستکردنی دادگای تایبەتمەندو دانانی دادوەری تایبەت مەند لە ھەموو
دادگاکانی ناو شارو قەزاو ناحیەکاندا.
٢- پەلە بکرێت لە دروستکردنی لیژنەی ئاشتەوایی بۆ کەیسەکانی توندوتیژیی
خێزانیی.
٣- ڕێبەرێکی ھۆشیاری لەسەر یاساکە ئامادە بکرێتو ببێت بە یەکێک
لەوانەکانی خوێندن لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا لە قوتابخانەکاندا.
٤- ڕێنومایی لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی یاساکە بەسەر بنکەکانی پۆلیسدا
دابەشبکرێتو ڕابھێنرێن لەسەر چۆنێتی جێبەجێکردنی یاساکە.
٥- تەرخانکردنی بودجەیەکی دیاریکراو بۆ دامەزراندنی ھەیکەلیەتی
جێبەجێکردنی یاساکەو بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری لەسەر یاساکە.
٦- باشکردنی ئاستی خزمەتگوزاری لانەکانی داڵدەدان و کردنەوەی لانەی نوێ
بەتایبەتی لە شارۆچکەگەورەکان بەنمونە " رانیەو قەلادزە ، گەرمیان ،
ھەڵەبجە ، زاخۆ ، کۆیە".
٧- تەرخانکردنی سەرجەم پێداویستیەکان بۆ بەڕێوبەرایەتی بەدواداچونی
توندوتیژیی و پێدانی دەسەڵاتی زیاتر پێیان بۆ ئەوەی بتوانن لە حاڵەتە
کتوپرەکاندا فریای قوربانیەکان بکەون و کار بە رۆتین و بیرۆکراتیەتی
ئیداری نەکرێت لە راپەراندنی کارەکاندا.
رێکخراوی ھاریکاری یاسایی
ژنان
|