په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٨\٢٠١٧

راپۆرتی مانگی هەفتی ٢٠١٧ی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

لە سەر پێشێلكارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان.



ڕاپۆرتی پێشێلكاری مافی مرۆڤ له‌ مانگی ژوئیەی ۲۰۱۷ کە بە هەوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانە کە لەلایەن كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوکراونەتەوە، کۆبەندی بۆکراوە. شایانی باسەئەم ڕاپۆرتانە، بەهۆی ئیزن نەدانی حکومەتی جمهوری ئیسلامی ئێران بەلێژنەکانی مافی مرۆڤی جیهانی، ڕاپۆرتێکی تەواو نییە وتەنیاوێنەیکی بچوکی لەژێر پێنانی مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ نیشان دراوە.


کۆماری ئیسلامی ئێران بە گرتنی شارومەندانی کورد ، مافە سیاسی، کۆمەلایەتی و مەدەنیەکانی گەلی کورد پێشێل دەکات. ئازادی رادەربرین، مافی ژیانی ئازاد و سەربەخۆ، ئەمنیەتی تاکەکەسی، هەلاواردن، بێحورمەتی بە خەلك، بابەت گەلێکن کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە رۆژانە پێشێلیان دەکات .هەروەها ئەشکەنجەی گیراوانی سیاسی و بەرچاونەگرتنی مافەکانیان بابەت گەلێکن کە لەو مانگەدا بەرچاو بوون.


بەپێی بڕگەی ۱۹ ی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ هەر تاکێک مافی ئازادی ڕادەربڕینی هەیە هەروەهالەدێڕی یەکەمی بڕگەی ۹ بەشی نێونەتەوەیێ مافی مەدەنی وسیاسی داهاتوە؛ هەرکەسەومافی ئازادی وئەمنیەتی تاکەکەسی هەیە؛ هیچ کەسێک نابێت بەبۆنەی بیروباوەڕیەوەئازاربدرێتو سەرکوت بکرێت، لەبڕگەی دووی بەشی ۱۹ دادیسان دەڵێت؛ هەموو کەسسێک ئازادی ڕادەربڕینی هەیە، ئەومافانە ئەمانەلەخۆدەگرن، ئازادی گوتار ولێکۆڵینەوە و پەروەردەو بڵاوکردنەوەی زانیاری وبیروباوەڕ، هەر چەشن و جۆرێک بێ ئەوەی سنوری بۆدابنرێت جا ئیتر سەرزارەکی یا نوسراوە یان چاپی یابەشێوەی هونەری یا هەر چەشنێک کەمرۆڤ خۆی هەڵی بژێرێت.


هەروەهالە بڕگەی ۲۲ داداهاتوە هەرتاکێک وەکو کەسێک لەکۆمەڵگا مافی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی هەیە ولەڕێگەی تێکوشان لەپانتایی نەتەوەیی و هاوسۆزی نێو نەتوەیەوە بەڕێکخراوەیی کردنی سەرچاوەکانی هەر وڵاتێک، مافی لێ زەوت نەکراوی ئابوری، کۆمەڵایەتی و کلتوری خۆی بپارێزێت بۆ پەرە پێدانی ئازادانەی کەسایەتی تایبەتی خۆی بەدەست بێنێت؛ وهەروەهابەپێی بڕگەی ٥هیچ کەسێک نابێت ئەشکەنجە بدرێت یان سزابدرێت یان بەشێوەی نامرۆڤانەو دڕندانە وڕوخێنەرهەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. بەپێی بڵاوکراوەفەرمیەکانی جیهانی لەمەڕ مافی مرۆڤ و مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای بەشەری، هەر تاک و کۆمەڵگایک مافی خۆیەتی داوای مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابوری وکلتوری خۆی بکات وبۆ وەدەست هێنانی تێبکۆشێت، هیچ کومەڵێک یان گروپێک لەسەرو کەسی ترەوەنییەوهەمو کەسێک دەبێت لەمافی سروشتی بەفەرمی ناسراوی خۆێی بەهرەمەند بێت.


کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان هەموو مانگێک کۆکراوە و گوزارشێکی پوخت لە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤی لە کوردستان دا بڵاو دەکاتەوە. لە گوزارشی ئەو مانگەش دا دەردەکەوێ کە رەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان خراپتر بووە و دەوڵەتی ئێران کردەوە دژە مرۆڤیەکانیان دژی گەلی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان زیاتر کردوە.


لەو مانگەش دا، ئێعدام، گرتن و ئەشکەنجەدان، خەسارەکانی ژینگە و هتد زۆر بەرچاون و رەوشێکی مەترسیدار نیشان دەدەن کە گەل کوردستان بە تایبەت لە رۆژهەلاتی کوردستان روبەرووی بۆتەوە.

سێدارە.


هەینی ۱٦ی پووشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی، چوار بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ کە بە تۆمەتی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سپێنراوە بە مەبەستی جێبەجێ کردن سزاکەیان ڕەوانەی ژووری تاکە کەسی کراون.
شەممە ۱۷ی پووشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی، لە گرتووخانەی ناوەندی شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ٤ هاووڵاتی کورد و تورک لە سێدارەدران.
موحیبەت مەحموودی هەڕەشەی لێکراوە گەر ئەو دیەی بۆدیاری کراوە نەیدات حوکمەکەی جێبەجێ دەکرێت.
سەرلە بەیانی ۱۹ی پوشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی لە زیندانی مهاباد هاووڵاتێک بە ناوی شێخ موراد ئیبراهیمی خەڵکی پارێزگای لوڕستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە سێدارەدرا.
سێ شەممە ۲۰ی پووشپەڕی ساڵی ۱۳۹۶ی هەتاوی ،زیندانییەک بەناوی “عەبدوڵا پیشکار”خەڵکی شاری سەقز کەلەزیندانی ناوەندی سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان زیندانی کرابوو بەمەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.
چوارشەممە ۲۱ی پووشپەڕی ۱۳۹۶ی هەتاوی ،زیندانییەکی کورد بەنونیشانی”برزوو شێخی”وناوی باوک لوتف عەلی، بەپلەی خوێندەواری ماستەر(کارناسی باڵا)ی ئامار وماتماتیک ،بەتۆمەتی کوشتن لەبەندیخانەی ناوەندی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێعدام کرا.
هەینی ۲۳ی پووشپەڕی ۱۳۹۶ی هەتاوی، ٤زیندانی کە بەتۆمەتی مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوون و لەبەندی۱۵ی زیندانی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەمەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام گوازرانەوە بۆژووری تاکەکەسی.
ناونیشانی ۳کەس لەم زیندانیانە کەبۆماوەی ۲بۆ۳ساڵە لەزینداندان و لەبەندی۱۵دان بەم جۆرەیە:
“ماشەڵا سەیادنەوین”
“محەممەد ڕەزا سادقی”
“تەوحید ئەمینی”.
شەممە ۲٤ی پووشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی، ۲کەس لەو زیندانیانەی دۆینێ بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان گوێزرابوونەوە، لە سێدارەدران.
سەرچاوەکان نێوی ئەو ۲ زیندانییە لە سێدارە دراوەیان کە ماوەی نیزیکەی ۳ساڵە لە بەندی ۱٥ی گرتووخانەی ناوەندی ورمێ ڕاگیرابوون، بەوجۆرە ڕایانگەیاند:
۱ـ ماشەڵڵا سەیادنەوین خەڵکی ورمێ
۲ـ موحەممەد ڕەزا سادقی خەڵکی ئاوایی کانێ ڕەشی ورمێ.
چاودێری مافی مرۆڤ خوازیاری لابردنی ئێعدام لەسەر هەموو تاوانەکانی تایبەت بەمادە هۆشبەراەکان بوو.
گواستنەوەی دوو زیندانی لەبەندیخانەی خوڕەم ئاوا بۆژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام.
۳۱ی پووشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی، ۲گیراو بە نێوەکانی “ئیرەج قوبادی خەڵکی کوهدەشت” و “کاووس مەلێکی خەڵکی ئەلیگودەرز” لە گرتووخانەی پارسیلۆنی خوڕەماوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سێدارەدران.
٤ی گەلاوێژی۱۳۹۶بڵاو کراویەوە لەمەڕ ئێعدامی ۳زیندانی لەزیندانەکانی مەهاباد و ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان کەتاوانی ئەو ۳کەسە ئێعدام کراوە مادە هۆشبەرەکان بووە وکۆماری ئیسلامی ئامارەکانی بەوچەشنە ڕاگەیاندووە. فەرهاد موسی زادە بەڵام بە پلانی خۆدی ئێران مادەی هٶشبەری خراوەتە ناو ماڵەکەئ، بۆ ئەوەی لە ماڵباتێکی سیاسی بووە.
٤ ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ هەتاوی سزای سێدارەی ۳ زیندانی لە زیندانەکانی ورمێ و مهاباد جێبەجێ کرا. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە دوێنێ ٤ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بە ناوەکانی ( خالید ئەمینی ، فتاح ئەمینی ) کە برای یەکتر و خەڵکی مهاباد بوون.
۷ی گەلاوێژی ۱۳۹۶ی هەتاوی ، ئاگر لە بەشێک لەدارستانەکانی ناوچەی مارمیشووی سەربە پارێزگای ورمێ بەربو کە بەهۆی سوتانی پترلە۱۰۰هێکتار. بەگوێرەی هەواڵەکە وبەپێی ووتەکانی بەرپرسی سەرچاوە سرووشتییەکای ئەم پارێزگایە.
لە ڕێکەوتی ۳ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ هەتاوی، چوار بەندکراوی ، زیندانی ناوەندی ورمێ لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بە مەبەستی لە سێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکە کەسی کراون.
شەممە۲٤ی پووشپەڕی ۱۳۹۶ی هەتاوی، ۳کەسی زیندانی بەناوەکانی”ئەمیر خۆڕەم ئاوایی خەڵکی نوورئاوای لوڕستان، نەجمەدین سەفی پوور خەڵکی نوورئاوا لەخوڕەم ئاو کەپتر لە ۲ساڵ لەزیندان مابوویەوە، و محەممەد زێودار خەڵکی زێوداری لوڕستانە.

زیندان و گرتن.


ڕێکخراوی ئامنستی ئینتەرناشناڵ، لە ڕاگەیەندراوێک داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کە پێویستە هەرچی خێراتر شوێنی دەستگیربوونی پێنج زیندانی خانەوادەی حسێن پەناهی کە لەم دوواییانەدا دەستگیرکراون بە ڕایگشتی ڕابگەیەنرێت.
بەندکراوی کوردی خەڵکی ورمێ بەناوەکانی “سەعید ئارمێت”،کوڕی محەممەد عەلی،”جەعفەر ئیسماعیلی کوڕی کەژۆ “و “عوسمان سەحرایی”کوڕی محەممەد کەلەڕێکەوتی ۱٤ی پووشپەڕی ۱۳۶۸ دەسبەسەر کراون.
هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لە ڕۆژهڵاتی کوردستان، لە پاش ۳ساڵ ڕاگرتنی لە گرتووخانە، هەتا ئێستاش لە مافی چوونەدەرێ بێبەشکراوە.
پێنج شەممە ۸ی پووشپەڕی ۱۳۹۶ی هەتاوی ،حەسەن ئەمینی بەرپرسی قوتابخانه ى زانستی ئایینی ئیمام بوخاری شاری سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دادگای تایبەتی مەلاکان لەشاری هەمەدان بانگهيشت کراوە.
دوکتۆر سەلاحەدین خەدیوو ،ڕۆژنامەوان وچالاکی سیاسی ونووسەری کورد خەڵکی مەهاباد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوڕۆ۱۳ی پووشپەڕ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەرکرا.
بێهزاد مەحموودنەژاد بە۳۰ساڵ زیندانی هاوکات دوورخستنەوە لەزێدی خۆیی بۆ خۆراسانی ڕەزەوی مەحکووم کرا.
ڕۆژی ۱۷ی پووشپەڕی ۱۳۹۶ی هەتاوی ،گەنجێک بەناوی “شەمسەدین عەلیزادە” تەمەن۱۸ساڵ ودانیشتووی گەڕەکی میرئاوای ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە لەشوێنی کارەکەی دەسبەسەر وگوازرایەوە بۆشوێنێکی نادیار.
دادستانی شارستانی مەلایر هەواڵی فەلاقەکردنی هاووڵاتێیکی تۆمەتباری پشتڕاست کردەوە . ئەمە لە هەلومەرجێک دایە کونوانسیونی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی و سیاسی سزادانی سەرشەقامی هاووڵاتیانی لە پێش چاوی گشتییەوە قەدەغە کردوە.
ڕۆژنامەوان وخاوەنی ڕۆژنامەی داخراوی”داهاتوو”نادر مەجیدیان خەڵکی شاری سەقز لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتۆمەتی سیاسی بانگهێشتی دادگای شۆڕشی ئەوشارە کرا.
۲۰ی پووشپەڕ،دوکتۆر سەلاحەدین خەدیوو ڕۆژنامەوان وچالاکی سیاسی کورد پاش حەوتوویەک دەسبەسەری بەدانانی بارمتە ئازادکراوە.
ئەمڕۆ۲۲ پوشپەڕی ۱۳۹٦ هەتاوی لە شاری دێولان هاووڵاتێیک بە ناوی عەباس حوسەین پناهی لە لایەن هێزەکانی ئێتڵاعاتەوە لە شاری دێولان دەستبەسەرکراوە و هەناردەی شوێنێکی نادیار کراوە .
تاهیر قادرزادە”مامۆستای بیرکاری قوتابخانەکانی شاری “سەقز” لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئەم شارە ۳ساڵ زیندانی بەشێوەی هەڵواسراو(تعلیقی) بۆدیاری کرا.
لە شاری مەهاباد ١٠ هاوڵاتی کورد بەتۆمەتی هاوکاریی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، بنکەی مەهابادەوە دەستگیرکراون.
۳۱ی پووشپەڕی ساڵی۱۳۹۶ی هەتاوی،ڕاوچییەکی ماسی خەڵکی”دلفان” لەپارێزگای لۆڕستان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ،کەناونیشانی نادیارە بەتۆمەتی ڕاوە ماسی بێ مۆڵەت ساڵێک زیندانی و۷٤زەبری قامچی ویەک ملوێن غەرامەی بۆدیاری کرا.
زیندانی سیاس کورد بەناونیشانی”محەممەد ئەمین پەیغامی” ناسراو بە “ئەمیر” کوڕی خزر خەڵکی شاری شنۆ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەڕۆژی۷ی جۆزەردانی ئەمساڵەوە لەزیندانی ورمێ لەدۆخێکی نادیار وبەشێوەی چاوەڕوان وهەڵواسراو ونەخۆش زیندانی کراوە.
زیندانی سیاسی کورد بەناونیشانی چەنگیز قەدەم خەیری ،بەندکراوی دوور خراوە بۆزیندانی (مسجدسلیمان)لەناڕەزایتی دژ بە ئاژاوەگێڕییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لەئیزن پێنەدانی بۆ پشووی دەرمانی.
کۆمەڵێک لە نوسەران و چالاکانی مەدەنی نێوخۆییەوە بۆ پارێزگاری سنە و داخوازی بۆ ئازادکردنی ڕامین حوسەین پەناهی دەکەن.
لە بەڕواری ١\٥\١٣٩٦ی هەتاوی بڵاوی کردەوە ، زیندانی سیاسی کەیوان حوسەین پەناهی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا . لە هەواڵەکەدا هاتوە کە ئەحمەد و زوبەیر حوسەین پەناهی هەناردەی زیندانی ناوەندی شاری سنە کراون.
بە پێی بڕیاری رەسمی لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد تێکرای سامان و مڵکی گیراوێکی سیاسی بە ناوی “خالق موحەممەزادە” دەستی بە سەردا گیراوە.
لەڕەوتی دادگایی کردنی مامۆستای خەڵکی شاری سەقز بەناونیشانی”تاهیر قادرزادە” کەلەلایەن دادگای پێداچوونەەی ئەم شارەوە ۳ساڵ زیندانی بۆدیاری کرابوو،ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کورد لەشارەکانی سەقز و مەریوان داواکاری وەلانانی حوکمی۳ساڵ زیندانی ئەو ماموەستایە دەکەن.
ڕێکەوتی ۳ گەلاوێژی ۱۳۹٦هەتاوی نامەیەکی سەرئاوەڵای ۹۰ چالاکانی مەدەنی کوردستان ئاراستەی قائمقامی پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە کە نامەکە تایبەت بووە بە دۆخی بەندکراوی سیاسی کورد ڕامین حسین‌پەناهی.


کۆلبەران و مین.


دوو کۆڵبەری دیکە لە سنووری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەر گوللە دران و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک گیانی لە دەستدا.
بریندار بوونی ٤کۆڵبەر لەناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ.
۱٨ی پووشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی، هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەقەیان لە ماشێنێکی هاووڵاتیانی کورد کرد کە بەهۆیەوە کەسێک کوژراو و ۳ کەسی دیکەش بریندار بوون.
۲۰/٤/۱۳۹٦ پاسگای هێزی ئینتزامی ” بستام ” لە ناوچەی سەرشیوی سەقز لە بۆسەێیکدا لە پشت ئاوایی ” سێفە کۆنەوە ” دەست بەسەر کەل و پەلی کاسبکاران دا دەگرن و چەند ئەسپێکیش کوژران .
۵ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد بەناوی “محەممەد ئیسماعیل زادە” کوڕی عومەر، خێزاندار، باوکی منداڵێک و خەڵکی ئاوایی “سیسێــر”ی سەر بەشاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بەربوونەوەوە گیانی لەدەست دا.
ئیبراهیم ڕەحمانی کە بە ناسناوی ” برایم تازانی” لە شاری بانە ناوبانگی دەرکردوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژرا.
٧ی گەلاوێژی۱۳۹۶ی هەتاوی لەبۆسەیەکدا لەناوچەی دۆڵەبی سەربە شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەهێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نابوویانەوە بۆ کۆڵبەران، ۱۰۰ئەسپی کۆڵبەران بەبارەکانیانەوە کەوتنە دەستی ئەو هێزانە و دەستیان بەسەر داگیرا.
لەشاری مەهاباد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان،پێکدادانی ماشێنی هەڵگری کۆڵبەران ۵برینداری لێکەوتەوە کەیەکێک لەم کۆڵبەرانە بە ناوی “شێرکۆ عەبدوڵاهی ” ۲۵ساڵ تەمە ن و کوڕی عایشە وسیامەند مەترسی لەدەستدانی پێی لەئارادایە.
ڕۆژ٨ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ی هەتاوی لە دوای ۷۰ ڕۆژ بێسەرو شوێنی کۆڵبەرێکی شاری سەردەشت بە ناوی ئەبوبەکر مەولانیا لە زیندان ئازاد کرا .
کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە سەختی بریندار کرا و لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بۆ ناوەندی تەندرووستی لەشاری ورمێ گوێسترایەوە، دوایی ماوەیەک گیران، ئازاد کرا.
۲۷ گوڵانی ساڵی ۱۳۹٦ی هەتاوی کۆڵبەرێک بە ناوی ئەبوبەکر مەولانیا خەڵکی شاری سەردەشت بێ سەرو و شوێن کراوە.
کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی گوندی”بیتۆش”ی سەربە شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناونیشانی “کەریم ئەحمەدخاڵە عەلی بیتۆش”ڕۆژی سێ شەممە ۳ی گەلاوێژی ۱۳۹۶ی هەتاوی لەدەورووبەری لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژرا.
پێنجشەمە ۱٥ی پوشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی لە ناوچەی قاسمەڕەش سەر بەشارستانی سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوانکارەێیک بە ناوی مەناف سەنایی ۳۷ ساڵ تەمەن لە یەکێک لە لەوڕگاکانی ئەو دەڤەرە بە هۆیی مینە چێنراوێکی سەردەمی شەری ئێران و عێراق بریندار دەبێت.
هەینی ٦ گەلاوێژی ۱۳۹٦ هەتاوی لە ناوچە سنووریەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە نیزیکی گوندی “تەمەر چین”ی پیرانشار بە هۆی تەقینەوی مین گەنجێکی ۲۰ساڵان کە سەرقاڵی ئیشی کشتوکاڵ بوو لاقێکی لە دەستدا.
دووی گەلاوێژ ی ساڵی۱۳۹۶ی هەتاوی ،دوو کەس لە ئەندامانی ستافی خاوێنکەرەوەی گرووپی مین کۆکەرەوە ،بە ئاشکرانەکردنی ناونیشانیان لەڕەوتی چالاکییەکانیان لە بنکەی سەربازی چۆڵکراو کەمینی تێدا بوو لەگوندی “سەڵتەکەڵتوو” لە سەقز بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون
ناڕوونی دۆخی کچێکی بچووکی مەریوانی کەبوو بەقوربانی مین.

خۆکوژیی و کوشتن.


۱٦ی پوشپەڕی ۱۳۹٦ گەنجێکی ۳۱ ساڵان بە ناوی “ع.ع” لە شەقامی ژاندارمری شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی خۆکوژیی داوە .
۲۰۱۷/۰۷/۰۲ی زایینی، کچێکی تەمەن ۱۷ساڵە بەنێوی “ڕۆژین سەفەر” لەماڵەکەی خۆیدا بە کوژراوی دۆزراوەتەوە. سەرچاوەکانی هەواڵ باس لە کوژرانی ئەو کچە کوردە بە چەقۆ و هەروەها سەربڕینی ناوبراو دەکەن.
یەک شەممە ۱۷ی پووشپەڕی ۱۳۹۶ی هەتاوی پیاوێکی تەمەن۵۶ساڵ لەشاری دیواندەرە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناونیشانی(ع.م)بەهۆی هەبوونی کێشەی خاوخێزی لەڕێی خۆ هەڵواسینەوە دەستی دایە خۆکوژی وکۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
ئەوڕۆ ۱۹ی پوشپه رى ساڵی۱۳۹۶ی هەتاوی، گەنجێکی۲۵ساڵ تەمەن، بەناونیشانی(م.ر)خەڵکی یەکێک لەگوندەکانی شاری سەقز لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەڕێی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،ڕۆژی دووشەممە۱۹ی پووشپەڕی ۱۳۹۶ی هەتاوی،دەوروبەری ئێوارە گەنجێکی کوردی خەڵکی مەریوان بەناونیشانی “سامان ڕەوشناس” کوژراوە.
خوێندکارێکی ۲۳ساڵانی کورد خەڵکی گوندی “کانی چەرموو” سەر بە شاری دیواندەرەێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوێنێ ئێوارە ۱۹پووشپەڕی ۱۳۹٦هەتاوی گیانی لە دەستداوە و تا ئێستا هۆکاری گیان لە دەستدانی ئەم گەنجە کوردە نادیارە .
۱٨ی پوشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی گەنجێک بە ناوی موجتەبا ئەحمەدی کوڕی مورتزا ئەحمەدی لە ماڵەکەی خۆێیاندا خۆی هەڵواسیوە و گیانی لە دەست داوە.
۲۱ی پووشپەڕی ساڵی ۱۳۹۶ی هەتاوی، هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناونیشانی “هەڵمەت کەریمی”لەبینا ی شارەوانی شاری مەهابادە پەتی خۆی هەڵخست وکۆتایی بەژیانی هێنا.
۲۷ پووشپەڕی ۱۳۹٦ هەتاوی ، کچێکی ۱٦ ساڵان کە تا ئێستا دیار نەکەوتوە ناسنامە چییە و خەڵکی گەڕەکی زانکۆ سەقزە (شهرک دانشگاە) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بە هەڵواسینی خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ڕێکەوتی ۲۷ی پووشپەڕی۱۳۹۶ی هەتاوی،لەشاری ئیلام لەڕۆژهەڵاتی کوردستان،کەسێکی نەناسراو تێزابی ڕژاند بەسەر ۳کەسدا کەدۆخی خەسار بەرکەوتوان نالەبارە.
یەکشەممە ١ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ی هەتاوی، لە بەنداوی زێویەی کامێران پیاوێک خنکا. “بێهرووز نەدیمی” کوڕی حەبیب ، خێزاندار و ۲٨ساڵان و خەڵکی شاری کامێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆکاری نادیار خۆی کۆتایی بەژیان خۆیی هێنا.
دووی گەلاوێژی هەتاوی،پیاوێکی نزیک بە۶۲ ساڵان،خەڵکی شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەنازناوی (ع.ت) لەڕێگەی پەت خۆهەڵخستنی خۆیەوە دەستی داوەتە خۆکوژی وگیانی لەدەست داوە.

ژنان.

“سووسەن ئیسماعیل نژاد” ۲۹ساڵە ۆ خەڵکی شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتژمێر ۱۲ی شەوی ۲۳ی پووشپەڕی ۱۳۹۳ی هەتاوی لە دوای داخستنی دووکانەکەی و گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، لەلایەن کەسانێکەوە تێزاوی پێدادەکرێت.
قەدەخە کردنی دوچەرخە سواری ژنانی شاری “مەریوان” لەڕۆژهەڵاتی کوردستان.

نارەزایەتی شارومەندان و هەژاریی.


شارەوانی شاری دیواندەرە ئاوی خواردنەوەی گوندی گوڵانەی سەر بەو شارستانەی داخستوە و بۆ حەوتوێیک دەچێت گوندە ۲۰۰ ماڵەکەی گوڵانە لە کوێرەکانییەکانی گوندەکەی خۆیان کەڵک وەردەگرن .
دووشەممە ۱۷ی پووشپەڕی ۱۳۹۶ی هەتاوی،کرێکارانی گۆڕەپانی نەوتی “ئازەر ئیلام ” ،هەڵکەوتە لەشاری مێهران لەچوارچێوەی کۆمپانیاگەلی (سەرۆک و کومپانیای گەشەی ئاو وگاز) لەڕێکەوتی یەکی پووشپەڕەوە دەستیان داوەتە مانگرتن.
ماوەی ٤ مانگە کرێکارانی شارەوانی سەردەشت، مووچەکانیان وەرنەگرتووە. ئەوە لەکاتێکدایە کە شارەوانی ئەو شارە لە مانگەکانی ڕابردوودا بەشە پارەی بیمەکەشیان بۆ نەداون.
کێشەو گرفتەکانی ئیلام لەڕۆژهەڵاتی کوردستان رووی لەفراوان بوونە.
ڕێکەوتی ۵ی گەلاوێژی۱۳۹۶ی هەتاوی لەشاری جوانڕۆ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان جموجۆڵێکی ناڕازیانە لەلایەن دانیشتوانی ئەم شارەوە بەهۆی تێکدانی تەپۆڵکەی الڵە واکبر کەلەتەنیشت شارەوەیە هاتەئاراوە.
دووشەممە ۹ گەلاوێژی ۱۳۹٦هەتاوی ، داواکارانی پڕۆژەی هەزاروسەدو بیست خانوی، خانوبەری مێهری سنە ناسراو بە گەڕەکی “فەرا بتون” دژی بەڵێنی درۆ و ناڕاستی بەرپرسان و چاوەڕووانی ۱۰ ساڵەی بۆ وەرگرتنی خانوبەرە نارەزایەتیان نیشان دا.
پێنجشەممە ۵ی گەلاوێژی۱۳۹۶ی هەتاوی کرێکارانی “نەیشەکەری حەوت تەپە” ی شاری شووش ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسێهەمین ڕۆژی مانگرتن وگردبوونەوەی خۆیان لەسەرداواکاریان بۆئازادی هاوکارە دەسبەسەرکراوەکانیان جەختیان کردەوە.
نێزیک بە۲۰۰هەزار هێکتار لەمەزرا کشتووکاڵییەکانی دەشتی “ستر”کەلەخوارووی بەنداوی سلێمان شا هەڵکەوتووە، بەبیانووی کەم ئاوی قەدەغە کراوە وبووتە هۆی ناڕەزایی وەرزێران وخەڵکی ناوچەکە.
نیزیکی ٦۰٪ شارۆمەندانی پارێزگای سنە لە هەژاری و نەداریدا دەژین . ئامارەکانی ڕێژەی کەلاوەنشینان و هەژارانی شارەکانی پارێزگای سنە بەوجۆرە ڕادەگەیێنن کە لە شارەکانی سەقز و بانە ٥۸٪ ، لەشاری کامیاران ٥۷٪ ، سنە ٤۷٪ و ٥۲٪ خەڵکی مەریوان .
ئیلام بانترین ئاماری خۆکوژی لەجوگرافیای سیاسی ئێران بەناوی خۆیەوە تۆمار کردووە.

نادادپەروەری و ناعەدالەتی.


ساڵی ڕابردوو ۵۳۲ بابەتی زەماوەندی ۱۰بۆ۱۵ ساڵ لەپارێزگای سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتۆتە ئاراوە.
کڕیارانی خانوەبەرەی ناسراو بە مەسکەن مێهر دگران هێشتا لە چاوەڕووانیدان و خانوەکەیان ڕادەست نەکردوون .
کرێکارانی شارەوانی “سەردەشت “وتۆنێلی”گزر دڕە” هەڵکەوتوو لەڕێگەی سنە ــــ مەریوان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندد مانگێکە کە مووچە وەپاشکەوتووەکانی خۆیان وەرنەگرتووە.
۳۰٪ لەقوتابخانەکان وشوێنی خوێندنی پارێزگای کرماشان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڕۆختە وپێویستی بە نوێژەن کردنەوە وتەیار وپێڕاگەیشتن هەیە.
ژنان وکوردەکان وپێڕەوانی ئایینزای سوننە مافی گەیشتن بەپێگەی وەزارەتیان لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا نییە.
ڕێکەوتی۲۸ی پووشپەڕی۱۳۹۶ی هەتاوی،هێزەکانی ئیدارەی (اماکن)ی گشتی شاری ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پتر لە ۱۱دوکان ،کەسەرچاوەی داهاتی شارۆمەندانی بەهایی دانیشتووی بوون داخست.

سروشت و ژینگە.


لە دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگای کرماشان لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە بە دەستپێکردنی وەرزی گەرما هەتا ئێستا ۲۲۰هەکتار بە گشتی لە دارستان و لەوەڕگەی ئەم پارێزگا لە ئاگر دا سووتاون.
١٣ پووشپەری هەتاوی دارستانەکانی گوندی گاگل و سەوڵاوا-ی رۆژهەلاتی کوردستان و لە نزیک کارگەی ئاردی ئەو شارە ئاگریان تێبەردرا، ولەئاکام دا نزیکەی٢٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەی گوندی گاگلی سووتاندووە.
پلان وگەڵاڵەی گواستنەوەی ئاوی لوڕستان بۆپارێزگای قوم بووە بەهۆی وشکبوونی ئاوە ژێرخانییەکانی ئەلیگودەرز.
۱۸ی پووشپەڕی ۱۳۹۶ی هەتاوی، لەوەڕگەو دارستانەکانی گوندی شێخان وقەڵاگای شاری پاوە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون بەپۆلووی ئاگر.
۲۰ی پووشپەڕی ۱۳۹٦ هەتاوی چیایی “ئیمام” لە دەڤەری شاری مەریوان لە ڕۆژهەاتی کوردستان ئاگری لێکەوتوەتەوە و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئاگرەکە بەر دەوامە و پەرەدەسێنێت.
ڕۆژی هەینی ۲۳ی پووشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە چالاکانی سڤیل و ژینگەپارێز و خەڵکی ناوچەکە، بە مەبەستی پاڵپشتی کردن و ڕاکێشانی سەرنجی بەرپرسان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومی و ناحکوومی، نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر باروودۆخی گۆلی
ورمیە نارەزایەتیان نیشان دا، هێزە ئەمنیەکان هێرشیان کردە سەر خۆپێشاندەران.
۲۹ پووشپەڕی ۱۳۹٦ لە دوو دەڤەری دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای کرماشان کە یەک لەو دەڤەرانە لەوەڕگە و دارستانەکانی گوندی “هەڵتە” سەر بە شاری داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان کە لە ئاگردا دەسووتێت.
،دۆخی ئاوی گۆلی ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرانبەر بە مانگى پووشبەڕی ساڵی ڕابردوو ۳۲لەسەد نیگەتیڤە وئەمە پیشاندەری دۆخی نەگونجاوی ئەم گۆلەیە.
لە پڕۆسەی ئاگر تێبەردانی ۲ شوێنی جیاوازدا لە کاتژمێر ۱۰ شەو هەکتار و نیوێک لە دارستانەکانی سەر بە شاری ” سەرمەست ” و ناوچەی “ملەنی” گوندەکانی حەیدەریە سەر بە شاری گێڵان‌غەرب لە ڕۆژەهڵاتی کوردستان لە ئاگردا سووتان.
شەوی ۲٥ پووشپەڕی ساڵی ۱۳۹٦ هەتاویەوە هەتا ئەمڕۆ ۲۸ی پووشپەڕ ، پاش ئاگر کەوتنەوەی چوار ڕۆژە لە دارستانەکانی کۆساڵان لە دەڤەری شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا هەزار هێکتار لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەو ناوچەی سووتاندوە.
دارستانەکانی “زاگرۆس” لەوەڕگا و دارستانەکانی ئاوایی “هەنجیران” لەنیزیک بنکە سەربازییەکانی سەر سنوور و هەروەها ناوچەی “مرخێل و درۆلە” لە دەور و بەری پاوە ئاگریان تێبەردرا.
ڕۆژی پێنج شەمە ٥ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ ی هەتاوی جارێکیتر ئاگر بەدراوتە بەردارستان و لەوەڕگاکانی گوندکەنی ناوچەێیک لە مەریوان.
ئێران به ‌دروستکردنى به‌نداوى داریان ٤٢ شوێنەواری مێژوویى هه‌ورامانى له‌ناوبردووه‌ ، دروستکردنى به‌نداوى داریان له‌سه‌ر ئاوى ڕووبارى سیروان لە رۆژهەڵاتی کردستان، له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ زیانێکى زۆرى ‌به‌ناوچه‌ى هه‌ورامان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گه‌یاندووه‌.

باکووری کوردستان.

دادگای مافی مروڤى ئەوروپا داوا لە تورکیا دەکات هۆکاری زیندانییکردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە ڕوون بکاتەوە.
لە ٢٣ گوندی سەربە شارۆچکەکانی مەهسەرت، نسێبین و ئارتوکلوی سەربە مێردین لە باکووری کوردستان قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندرا.
ماوەی ٢٤٥ ڕۆژ لە زیندانیبوونی بە نایاسایی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی زیندانیکراوی پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە و پەڕڵەمانتاری ئەو پارتە لە پاڕڵەمانی تورکیا تێدەپەڕێت. بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگای دەمیرتاش بەڕێوەبچێت، بەڵام نەیهێشت کەلەپچەی بکەن، دادگاش نەیهێشت بەشداری دانیشتنی دادگا بکات.
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان لە پەیامێک دا کە لە گرتوخانە نووسیویەتی باسی رەوشی خۆیی دەکات و دەنووسێت: ”وتبووم ئەگەر ڕێگه‌نەدرا بەشداری دانیشتنی دادگا بکەم، ئەوا هۆکارەکەی ئەوەیە کە ڕێگەم‌‌پێنەداون کەلەپچەم بکەن.
کۆمەڵێک لەنوێنەرانی پارتە سەوز وچەپەکانی ووڵاتی سوید لەشوێنی نوسینگەی دادستانی نێودەوڵەتی ستۆکهۆلم ئامادە بوون وسکاڵایان دژبە سەرۆک کۆماری تورکیا”ڕەجەب تەیب ئەردوغان “بەهۆی کوشتوبڕ وجینایەت تۆمار کردوە.
پارێزەری لەیلا زانا لە یەکەم دانیشتنی دادگادا داوای بێ تاوان ناساندی لەیلا زانا دەکات.
لەکاتی ڕووماڵکردندا لە پارێزگای هاتای-و لە سنوری نێوان هاتای و دیلۆک لە باکووری کوردستان دەستگیرکران.
لە گوندەکانی ئەحمەدلی، ئایتەپە و یایدەرە، کە دەکەوێتە سنوری مێردینەوە و چەند گوندێکی دیکەی سنووری شەمزینانی سەربە جولەمێرگ، هاتووچۆی هاوڵاتیان قەدەغەکراوە..
لە درێژەی دەستبەسەرکردنی نوێنەرانی پەرلەمانی هەدەپە بە تایبەتی و سەرکوتی گەلی کورد لە باکوری کوردستان، دیسان پۆلیسی تورکییە پارلەمانتارێکی کوردی دەستبەسەرکرد.
لە ١٥ گوندی سەربە شارۆچکەی لیجەی ئامەد لە باکووری کوردستان قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا.
بنەماڵەی عەبدوڵا ئۆجالان و بنەماڵەی چەند زیندانییەکی دیکەی زیندانی ئیمرالی، سەردانی داواکاری گشتیی داداگای کۆماریی بورسایان کرد.
عایشێ ئاجار باشاران” نوێنەری شاری “ئەلیح”لەپارتی دیمۆکڕاتیکی گەلان(ه.د.پ) لەلایەن پولیسی تورکیاوە دەسبەسەر کرا وئەمە لەکاتێکدایە کەدوو ڕۆژی بەرێ “سەعادەت بجریکی” نوێنەر وپەڕلەمانتاری دیکەی (هەدەپە)ش دەسبەسەر کراوە.
چالاکی مانگرتنی بەرخۆدانی پەرلەمانتارانی هەدەپە لە پارکی ئەکین جەرەنی ئامەد بە دروشمی “ئێمە ناوەستین، دەوەستێنین، فاشیزم دەوەستێنین” پێی نایە دووەم ڕۆژییەوە.
۲۵ی ژووییەی ۲۰۱۷ی زایینی، هێزەکانی پۆلیسی دەوڵەتی تورکیە لەشاری ئامەدی باکووری کوردستان هەڵیانکووتایە سەر ماڵی “مووسا فارس ئۆغڵاری” و دەستبەسەریان کرد

رۆژئاوایی کوردستان.


تۆپبارانەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر گوندەکانی عەفرین بەردەوامیی هەیە و بەو هۆیەوە زۆرێک لەو گوندانە وێرانبوون.
جموجۆڵە سەربازییەکانی سوپای تورک لەسنوورەکانی گوندی “عەلی کارۆ وبیکێ”ی شارۆچکەی بلبلێ لەکانتۆنی عەفرین لەڕۆژئاوای کوردستان وگوندەکانی جیبجیۆ وکلۆرۆی باکوور کوردستان زیادی کردووە.
۱٤.۰۷.۲۰۱۷ ، فڕۆکە شەڕەکەرەکانی سوپای تورکیا، بەسەر گوندەکانی دەڤەری بادیناندا سووراونەوە. فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک، بە ئاسمانی کوڕەژارۆ،، گارە، زاپ، گەلی باڵندەو ئاڤاشین-ی دەڤەری بادیناندا دەسوڕێنە.
۲۰۱۷/۷/۳۰ سوپای تورکیا بەکۆمەڵێک چەکدار وکەرەستەی شەڕەوە سنووری ڕۆژئاوای بەزاند وچووە ناو خاکی کانتۆنی”کۆبانی”یەوە. بەگوێرەی هەواڵەکە کاتژمێر۲۱:۳۰ بەکاتی ئەوشوێنە،سوپای تورکیا بە کەرەستەی شەڕەوە چووەتە نێو گوندەکان.
عوسمان بایدەمیر، وتەبێژی هەدەپە، بانگەوازی هاوڵاتیانی ئامەدی کرد کە ئەمشەو کاتژمێر ٠٩:٠٠ بۆ ماوەی پێنج خولەک چالاکی هاوارکردن و چەپڵە لێدان ئەنجام بدەن بۆ لابردنی گۆشەگیری و گەمارۆدان.

باشووری کوردستان.


یەکێک لە ئەندامانی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان بە ناوی عەدنان ڕەشیدی کە خەڵکی مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بەهۆی گووشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاوارەی باشووری کوردستان و شاری پێنجوێن بووە، لە لایەن ئاسایشی ئەو شارەوە دەستبەسەرکراوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان تۆپباران دەکات.
عەدنان رەشیدی ئەندامی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای باری خراپی تەندرووستی، تووشی لێدان و بێ ڕێزی بووەتەوە.
عەدنان ڕەشیدی پێشتر کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی لە ئەگەری دیپورت کردنەوە لە لایەن ئاسایشەوە ئاگادار کردبویەوە.
‌ئاسایشی باشوری کوردستان ڕێگری لەو چالاکییەکانە دەکات بۆ ئازادکردنی ‌عەدنان رەشیدی دەکرێن .
پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئازاد کردنی عەدنان ڕەشیدی مانیان گرت.
عەدنان ڕەشیدی چالاکی مافی مرۆڤ لە گرتوخانەی ئاسایشی پێنجوین مانگرتن لە خواردنی ڕاگەیاند.
پترلە۱۲هەزار پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەشەڕی دژی داعش گیانیان لەدەست داوە وبریندار بوون.
سپای تورکیا ئێوەرەی ڕۆژی هەینی ۲۸ی جولای، دۆڵی”پس ئاغا”لەنێزیکی شاری زاخۆ لەباشووری کوردستانی بەبیانووی هەبوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردە ئامانجی هێرشی تۆپخانەکانی و ٤ کەس لە باشوری کوردستان بریندار بوون.
٤ ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ی هەتاوی، کۆمەڵێک چەکداری داعش هێرشیان کردووەتە سەر ئاوایی “شەشەیی” کە یەکێکە لە ئاواییەکانی گەلی کوردی یارسان لە دەڤەری شارۆچکەی داقووقی نیزیک شاری کەرکووک لە باشووری کوردستان.
دیاردەی خەتەنە کردنی کچان لە هەرێمی کوردوستاندا لە هەڵکشانە.

ئیتر.


ئامریکا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پشتیوانانی سەرەکی تڕۆریزم دەناسێنێت.بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان, دادگای سزای قورسی شاری هامبورگی ئەڵمانیا, سزای دوو ساڵ و نۆ مانگ زیندانی بۆ “زەکی ئەروغڵو” ، سیاسەتمەداری کورد خه لكى باكورى كوردستان دەرکرد.
لە کۆتایی دا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە گەلی رۆژهەلاتی کوردستان دەخوازێ، کە بۆ گرتن و وەدیهێنانی مافەکانیان پێداگرانە بەردەوام بن و ناعەدالەتی و هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە جیهانیان بناسێنن.
 


کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
info@kmmk.info
 

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک