په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٧\٢٠١٨

راپۆرتی پێشێلكاریی مافی مرۆڤ له‌ مانگی حوزەیرانی ٢٠١٨.

 


راپۆرتی پێشێلكاری مافی مرۆڤ له‌ مانگی جوونی ۲۰۱٨ کە بە هەوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانە کە لەلایەن كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوکراونەتەوە، کۆبەندی بۆکراوە. شایانی باسە ئەم ڕاپۆرتانە، بەهۆی ئیزن نەدانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەلێژنەکانی مافی مرۆڤی جیهانی، ڕاپۆرتێکی تەواو نییە وتەنیاوێنەیکی بچوکی لەژێر پێنانی مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ نیشان دراوە.


کۆماری ئیسلامی ئێران بە گرتنی شارومەندانی کورد ، مافە سیاسی، کۆمەلایەتی و مەدەنیەکانی گەلی کورد پێشێل دەکات. ئازادی رادەربرین، مافی ژیانی ئازاد و سەربەخۆ، ئەمنیەتی تاکەکەسی، هەلاواردن، بێحورمەتی بە خەلك، بابەت گەلێکن کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە رۆژانە پێشێلیان دەکات .هەروەها ئەشکەنجەی گیراوانی سیاسی و بەرچاونەگرتنی مافەکانیان بابەت گەلێکن کە لەو مانگەدا بەرچاو بوون.


بەپێی بڕگەی ۱۹ ی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ هەر تاکێک مافی ئازادی ڕادەربڕینی هەیە هەروەهالەدێڕی یەکەمی بڕگەی ۹ بەشی نێونەتەوەیێ مافی مەدەنی وسیاسی داهاتوە؛ هەرکەسەومافی ئازادی وئەمنیەتی تاکەکەسی هەیە؛ هیچ کەسێک نابێت بەبۆنەی بیروباوەڕیەوەئازاربدرێتو سەرکوت بکرێت، لەبڕگەی دووی بەشی ۱۹ دادیسان دەڵێت؛ هەموو کەسسێک ئازادی ڕادەربڕینی هەیە، ئەومافانە ئەمانەلەخۆدەگرن، ئازادی گوتار ولێکۆڵینەوە و پەروەردەو بڵاوکردنەوەی زانیاری وبیروباوەڕ، هەر چەشن و جۆرێک بێ ئەوەی سنوری بۆدابنرێت جا ئیتر سەرزارەکی یا نوسراوە یان چاپی یابەشێوەی هونەری یا هەر چەشنێک کەمرۆڤ خۆی هەڵی بژێرێت.


هەروەهالە بڕگەی ۲۲ داداهاتوە هەرتاکێک وەکو کەسێک لەکۆمەڵگا مافی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی هەیە ولەڕێگەی تێکوشان لەپانتایی نەتەوەیی و هاوسۆزی نێو نەتوەیەوە بەڕێکخراوەیی کردنی سەرچاوەکانی هەر وڵاتێک، مافی لێ زەوت نەکراوی ئابوری، کۆمەڵایەتی و کلتوری خۆی بپارێزێت بۆ پەرە پێدانی ئازادانەی کەسایەتی تایبەتی خۆی بەدەست بێنێت؛ وهەروەهابەپێی بڕگەی ٥هیچ کەسێک نابێت ئەشکەنجە بدرێت یان سزابدرێت یان بەشێوەی نامرۆڤانەو دڕندانە وڕوخێنەرهەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. بەپێی بڵاوکراوەفەرمیەکانی جیهانی لەمەڕ مافی مرۆڤ و مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای بەشەری، هەر تاک و کۆمەڵگایک مافی خۆیەتی داوای مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابوری وکلتوری خۆی بکات وبۆ وەدەست هێنانی تێبکۆشێت، هیچ کومەڵێک یان گروپێک لەسەرو کەسی ترەوەنییەوهەمو کەسێک دەبێت لەمافی سروشتی بەفەرمی ناسراوی خۆێی بەهرەمەند بێت.

 

کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان هەموو مانگێک کۆکراوە و گوزارشێکی پوخت لە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤی لە کوردستان دا بڵاو دەکاتەوە. لە گوزارشی ئەو مانگەش دا دەردەکەوێ کە رەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان خراپتر بووە و دەوڵەتی ئێران کردەوە دژە مرۆڤیەکانیان دژی گەلی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان زیاتر کردوە.


لەو مانگەش دا،خۆکووژی و کوشتن ئێعدام، گرتن و ئەشکەنجەدان، نارەزایەتی و ناعەدالەتی ، خەسارەکانی ژینگە و هتد زۆر بەرچاون و رەوشێکی مەترسیدار نیشان دەدەن کە له‌گەلی کوردستان روبەرووی بۆتەوە.

سێدارە


داواکاری پەداچونەوەی دادوەری رامین حۆسێن پەناهی لە لایەن ژوری باڵای وڵات پێشی پێگیراوە، بە رەتکردنەوەی داواکاری دادوەری سەرلە نوێی ئەم بەندکراوە سیاسیەی کورد، مەترسی لەسێدارەدان هەر دەم هەڕەشەیە بۆ سەر گیانی ناوبراو.
دووشەممە ۲۸ی جۆزەردانی ۱۳۹۷ محەممەد ثلاث باباجانی لەزیندانی ڕەجایی شار ئێعدام کرا. محەممەد ثلاث باباجانی ڕۆژی یەکشەممە گوازرابوویەوە بۆ “قەرەنتینە”ی زیندانی ڕەجایی شار. بەپێی کوتەی زیندانیانی ڕەجایی شار ، ناوبراو سەرلەبەیانی دووشەممە le لە سێدارە دراوە.
کارناسانی مافی مرۆڤی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی بریاری لەسێدارەدانی رامین حوسەین پەناهین.
کارناسانی نەتەوە یەکگرتوەکان داوای ڕاگرتنی حوکمی لە سێدارە دانی مەحەممەد کەڵهوڕی دەکا.
دانپێدان لە ژێر ئەشکەنجەدا تەنیا بەڵگەی دادگای کۆماری ئیسلامی بوە بۆ لە سێدارەدانی موحەمەد سەلاس.


گرتن و گرتوخانە.


میترا عەلیزادە کچەکوردێکی کرماشانی کە ساڵی پار لە ناڕەزایەتی دەربڕینەکەی بەفرانباردا لە کرماشان دەستبەسەر کرابوو تا وەکو ئیستا چارەنوسی نادیارە.
حوکمی زیندانی سیاسی کاوان مەحموودیان لە یەک ساڵەوە کەم کرایەوە بۆ ۹ مانگ . ئەو زیندانیە سیاسیەی کورد بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئەمنیەت و ئاسایشی گشتی و بەهاوکاری یەکێک لە حیزبە ئوپۆزۆسیونە کوردستانیەکان زیندانی کرابوو .
ڕۆژی شەممە ۱۹ی جۆزەردانی ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاویی، چالاکوانێکی کورد خەڵکی سەقز بە ناوی ((کاوە حە کیمی)) بانگهێشتی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سەقز دەکرێت و پاشان دەست دەکەن بە لێکوڵێنەوە و لێپرسینەوە.
بانگهێشت کردنی بنەماڵەی عوسمان ئیسمائیلی چالاکی کرێکاری کورد لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە.
زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی کورد نامەیەکی کراوەی ئاراستەی رای گشتی کرد.
چوار هاووڵاتی و چالاکی مەدەنی بۆ ڕۆژی ۲٨ی جۆزەردانی ساڵی ۹۷ بانگهێشتی دادگای ئینقلاب کراون .موحەمەد عابدی ، لوقمان قوڕەیشی ، عەلی حوسەینی ، سلێمان عەبدی ئەو هاووڵاتییانەن کە بیانوی بەشداری لە نەورۆزی ساڵی ۹٦ی هەتاوییدا بانگێشتی ئیتلاعات کراون و لە دوای دەستبەسەری و لێپرسینەوە هێشتا دۆسیەکەیان تەواونەبوە و بڕیاری دوایی دادگا دیاری نەکراوە .
لە شاری سەقز ڕۆژی ۲۳ی جۆزەردان بەختیار خۆشنام چالاکی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنوس بە بیانوی تێکدانی ئەمنیەتی گشتی بانگهێشتی لقی ۱۰۱ی دادگای گشتی ئێران لە سەقز کراوە .
شەوی۳۱ جۆزەردانی سالی ۱۳۹۷ هەتاویی کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی کە بۆ دەربڕینی نارەزایی دژی لەسێدارەدانی رامین حوسێن پەناهی لە بەردەم گرتوخانەی ئێران لە شاری سنە کۆببوونەوە، لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران. “رەفیق کەریمی” و “لوتفولڵا ئەحمەدی” بەشێك لە گیراوانی شەوی رابردووی بەردەم زیندانی ئێران لە سنەی رۆژھەڵاتی کوردستانن.
قادر موحەممەدزادە زیندانی سیاسی کورد دەستی داوەتە مانگرتن.
پێنج شەممە ۳۱ جۆزردانی ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاوی، لە کاتی سەفەرێکی پارێزگاری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کرماشان، بۆ ناوچە وێرانبوەکانی زەوی لەرزەی ساڵی پاری کرماشان و بە تایبەت شاری سەرپێلی‎زەهاو دو پاسەوانی پاریزگار، وێنەگر هەواڵنێری دەدەنە بەر لێدان.فەرزاد مەتنی ڕۆژنامەنوسی کرمانشانی و وێنەگر هەواڵنێری یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی ئێران بە هۆی لێدانی پاسەوانانی پارێزگاری کۆماری ئیسلامی بۆ کرماشان، لە بەشی کەلەکە و کەمەری توشی بەرکەوتن و ئازارێکی زۆر دێت و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ دەخەوێنەرێت.
دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری ســـنە، شارۆمەند و چالاکێکی کامیارانی بە ناوی ئیقبال قوبادی بەتۆمەتی هاریکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان بەدووساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.


کۆڵبەر و کاسبکاران.


ڕۆژی ۱۰ی جۆزەردانی ۹۷ی هەتاوی لە دەڤەری “بەردەخاوەر” لە ناوچەی پیرانشار لە لایەن هێزە چەکدارەکانی هێزی ئینتزامی کۆماری ئیسلامیەوە کۆڵبەران و کاسبکاران دراونەتە بەر دەسڕێژ و کۆڵبەرێک بە ناوی “عەبدوڵا “خەڵکی گوندی “قەڵاتەڕەش” پێی بریندار دەبێت و خوێنێکی زۆری لە بەر دەڕوات .
هەینی ۱۱ی جۆزەردانی ۱۳۹۷ی هەتاوی چەندد یەکە لە هێزەکانی سوپای پاسداران وهێزی ئینتزامی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیان کوتایە گوندی”دزئاوەری”ی ناوچەی هەورامان هەڕەشەیان لەو کۆڵبەرانە کرد کە دەیانەویست بچن بۆکۆڵبەری
بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پاراستنی لەشوێنی کار ، کرێکارێکی ئیدارەی (مخابرات) بەناونیشانی، “مەحموود حەسەنی ئاقابەیگ” کە نزێک بەمانگێک دەبێ لە دەکەڵی ۸مەتری موخابرات دەکەوێتە خواروو وتووشی خەساری گران دەبێت،ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۱۱ی جۆزەردانی ۱۳۹۷ی هەتاوی،لەنەخۆشخانە گیانی لەدەست دەدات.
۱۶ جۆزەردانی ۱۳۹۷ی هەتاوی هێزەکانی سوپای پاسداران وئینتزامی کۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەی دۆڵ مەیدانی پیرانشار، گرووپێک کۆڵبەر دەکەوێتە بۆسەیانەوە.هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی دەسڕێژیان لێدەکەن و لەئاکامدا کاسبکارێک بەناونیشانی “ئەسعەد حەسن زادە” بەتەقەی ڕاستەوخۆ دەکوژرێت و ۳ کاسبکاری دیکەیش بریندار دەبن.
هەینی ۱٨ی جۆزەردان کاسبکارێک بەناوی سەبوور قادری کوری حوسەین، تەمەن ٤۷ساڵ ،خێزاندار و خەڵکی گوندی نەجاری سەربە شاری پاوە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی لەشاخ بەسەختی بریندار دەبێت.
شەممە ۱۹ی جۆزەردانی ۱۳۹۷ی هەتاوی پیاوێکی ۶۰ساڵ تەمەن بەناونیشانی “عومەر محەممەدی” خەڵکی شاری سەردەشت دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
١٨ی جۆزەردان سالی ١٣٩٧ی هەتاوی ٦ کۆڵبەری کورد لەکاتی دەرباز بوون لە بازگەی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەردەنەی تەتەی هەورامان، سەر بەشارستانی سەوڵاوا، لەلایەن ڕایەدارێک بەناوی شەعبانلوو ڕادەگیرێن و لێدان و سووکایەتیان پێ دەکرێت.
پێنج شەممە ۱۷ی جۆزەردانی ۱۳۹۷ی هەتاوی، بە هۆی داڕوخانی بینایەک لە گەڕەکی ئەندیشەی شاری بۆکان دوو کرێکار بە خەستی بریندار بون و کرێکارێکیش گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی ۲۵ی جۆزەردانی ۱۳۹۷ی هەتاوی دو کۆڵبەری دیکەی کورد بەناونیشانی “محەممەد حەیدرانلو” کوڕی حەیدەر” و “محمد خلیلی” بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری چالدێران بەگرانی بریندار بوون.
ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی بەساڵاچوو بەناوی «عەزیز ڕەسووڵ پوور کوری خدر» خەڵکی شاری مهاباد لەکاتی کۆڵبەریدا لە سنووری سەردەشت بەهۆی ڕاوەستانی دڵیەوە پێش گەیاندنی بەنەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات.
هێزەکانی هەنگی سنووری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەی «کێلە»ی سەردەشت گروپێک کۆڵبەریان دایە بەر دەسڕێژ و لەئاکامدا کۆڵبەرێک بەناونیشانی «فەرهاد ناسی» بەگرانی بریندار بووە.
ڕۆژی ۱٨ی جۆزەردانی ۱۳۹۷ی هەتاوی دو ڕووداوی کرێکاری جیاواز لە شاری “نیدا “لە وڵاتی تورکیا ڕوویداوە کەلە هەر دو ڕووداوەکە دوو پەنابەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوربانی کارەساتەکەن.
ناسر خالیدی خەڵکی شاری نەغەدە و خێزاندار و خاوەنی منداڵێک کە ماوەی ٥ ساڵە لە تورکیا وەک پەنابەر دەژی لە قاتی چوارەمی بینایەکەوە کەوتۆتە خوارەوە و سەری ناوبراو وەبەر دەکەوێت و هەنوکە لە نەخۆشخانەیە و هێشتا وەهۆش خۆی نەهاتۆتەوە.
پەنابەرێکی تر بەناوی فاروق نەسروڵاهی خەڵکی شاری بۆکان و خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵ لە قاتی دووی بینایەکەوە کەوتۆتە خوارەوە و لاقی چەپی شکاوە.
لە ئەنجامی هێرشی هێزە سەربازییەکانی ئێران لە سەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان بۆ سەر ژمارەیەک کۆڵبەر، کۆڵبەرێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندرابوو.
نارەزایەتی شارومەندان, هەلاواردن و جیاوازی.
ماوەی دوو حەوتوویە خوێندکارانی زانکۆی ڕازی ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا(اسلام آباد غرب) سەر بە پارێزگای کرماشان بەهۆی دۆخی ئەمنی ئەو زانکۆیە دەستیان داوەتە مانگرتن وناڕەزایی دەربڕین.
هەرسین / لە هەرسین خەڵکی بەبۆنە ڕۆژوو نەگرتن سزا دەدرێن و چەندین دوکان دادخرێن.
تەشەنەی نەخۆشی پێستی لەنێو بوومەلەرزە لێدراوانی کرماشان.
ئیدارەی ئاگاهی ئێران لە پیرانشار برای موسڵیح قوربانی کەیەکێک لە پارێزەرە ناسراوەکانی ئەم شارەی بەناونیشان “ڕەحمان” دەسبەسەر کردووە وپاشا ماوەیەکی کورت لە دەسبەسەری هەواڵی مردنی ئەو کەسە بەبنەماڵەکەی ڕادەگەیەنرێ.بنەماڵەکەی پاش وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان.
پەرەسەندنی پەژارەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە مەڕ دۆخی نالەباری تەندروستی زەینەب جەلالیان.
حکومەتی ئێران: بیمە کۆڵبەران ناگرێتە خۆ، بە بیانۆیە کۆڵبەران بێبەش دەکات.
چوارشەممە ٦یپوشپەر لەدرێژەی ناڕەزایی و مانگرتنەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەمجارە زێڕنگەرەکانی بازاڕی ورمێ دەستیان دایە مانگرتن.
چوارشەمە ٦ی پوشپەڕی ۱۳۹۷ی هەتاوی هاووڵاتییان و بازاڕییانی شاری کرماشانیش بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرانبەر گرانی پارە بیانیەکان بەرانبەر بە پارەی ئێران و ناجێگیربوونی ئابوری و هەڵاوسانی ئابوری و گرانی لە ڕادەبەدەر.


کوشتن و خۆکوشتن.


رۆژی پێنج شەممە ۱۰ی جۆزەردانی ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاویی دوو خوشکی خەڵکی مەریوان لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایان بە ژیانی خۆیان هێنا.
مەترسی کۆتایی هێنان بەژیان/۶۰ هەوڵی خۆکوژی لەبیجار .
یەک شەممە ۱۳ی جۆزەردان کچێکی لاوی خەڵکی شاری بانە بەناوی سروە ڕەحیمی تەمەن ۱٥ ساڵ دانیشتوی گەڕەکی فەرهەنگیان لەڕێگەی خۆهەڵواسین کۆتای بەژیانی خۆی هێنا.
دووشەممە ٤ی جوونی ۲۰۱۸ هاووڵاتییەک بەناوی (هـ،ع،م.) تەمەن ۲٨ ساڵ دانیشتوی شارۆچکەی بازیان بەبەکار هێنانی چەک کۆتای بەژیانی خۆی هێنا.
دوو شەممە ۱٤ی جۆزەردان ژنێک بەناوی ئارەزوو ڕەحمانی خەڵکی مەلەکشای پارێزگای ئیلام ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاوییەکەی ناوبراو گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی هەینی ۱٨ی جۆزەردان، گەنجێک بەناوی “سیروان ئیسماعیل تەمەن ۲٥ساڵ” دانیشتووی گوندی نزاری قەزای سۆران لەماڵەکەی خۆیدا بەبەکارهێنانی چەک، هەوڵی خۆکوشتنی داو لەدوای یەک کاتژمێر لەڕووداوەکە بەهۆی قوڵی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.
هەینی ۱٨ی جۆزەردانی ۱۳۹۷ی هەتاوی ژنێکی گەنج بە ناوی کەژاڵ ئەشکەوتی کچی ئەبوبکر خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی هێناوە .
هەینی ۱٨ی جۆزەردان سەربازێک بەناوی «موحسێن یووسفی» خەڵکی شاری سنە دەستی دایە خۆکوژی و گیانی لەدەستدا. ناوبراو لەپادگانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی لە شاری سەقز بەهۆی سزادانی لەلایەن بەرپرسی پادگانەکەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.
مانگی جۆزەردانی ۹۷ی هەتاوی، کچێکی تەمەن ۱۷ ساڵ بە ناوی «مەدینە ئازەریفەڕ» دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی هێنا.
دوو شەممە ۲۱ی جۆزەردان مێرمنداڵێک بەناوی یەحیا تەمەن ۱۲ ساڵ دانیشتوی گەرەکی شارۆچکەی زانکۆ لەشاری ورمێ لەڕێگەی خۆهەڵواسین کۆتای بەژیانی خۆی هێنا، هۆکاری خۆکوژی ناوبراو کێشەی خێزانی بووە.
لەشاری بۆکان ڕۆژی سێ شەممە ۲۲جوزەردان گەنجێک بەناوی شارام لەڕێگەی خۆهەڵواسین هەوڵی خۆکوژی داو لەدوای یەک ڕۆژ لەنەخۆشخانەو لەژووری چاودێری چڕ (کما) ناوبراو گیانی لەدەست دا.
هەینی ۲٥ی جۆزەردان لەگوندی مەوی لەدیواندەرە کچێکی تەمەن بیست ساڵ کەناوی ئاشکرا نەبووە لەڕێگەی خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوشتنی داو لەدوای یەک ڕۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانەی ئەوشارە گیان لەدەستدا.
دووی پووشپەڕی١٣٩٧ هەتاوی ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری مەریوان کە ماوەیەک لەوەپێش دەستی دابوویە خۆسوتاندن بەهۆی زۆری برینەکانی گیانی لەدەست دا.حەدیس فەڕوخزاد” کچی تۆفیق خەڵکی “بەردەڕەشەی سەربە مەریوان” ماوەیەک بەرلە ئێستە دەستی دابوویە خۆسوتاندن
ڕۆژی دووشەممە، ۲٥حوزەیرانی ۲۰۱۸ لە کۆمەڵگای حەمرین کچێک و دایکێک بە چەقۆ کوژران و دوو کچی دیکەی هەمان خێزانیش بەسەختیی بریندارکران. بەپێی لێدوانی سەرچاوەیەکی ئەمنیی بۆ ڕۆژنیوز، شەوی ڕابردوو لە کۆمەڵگای حەمرین لە شارەدێی سەعدییە-ی سەر بە شارۆچکەی خانەقین دوو ژن بە چەقۆ کوژران ،
لەمزگەوتی ئەبووبەکر سدیق لەشارۆچکەی پێنجوێن سەربە پارێزگای سلێمانی ،تەرمی گەنجێکی تەمەن ۱۷ساڵ بەناونیشانی” محەممەد کەماڵ” بەهەڵواسراوی دۆزرایەوە.
ڕۆژی ۴ی پووشپەڕی ۱۳۹۷ی هەتاوی کچێکی گەنج بەناونیشانی” گەشاوە ئیبراهیم پوور” خەڵکی شاری پیرانشار لەپارێزگای ورمێ لەڕێی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا. بەگوێرەی هەواڵەکە هۆکاری خۆکوژی ناوبراو بەهۆی هەژاری و دەست کورتییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.


ژینگە.

 

کرماشان بە زیاتر لە ۱۷ ڕووبار و ۹ بەنداوی گەورە هێشتا ۳٥۰ گوند بە تانکەر ئاوی خواردنی بۆ دەڕوات.
هەینی ۱٨ی جۆزەردان چەند کەسێکی نەناسراو ئاگر لەدارستانەکانی ناوچەی حەیدەرییە بەخشی گەوارو لە شاری گیلانغەرب سەر بە پارێزگاری کرماشان دەدەن، لەئەنجامی ئەو ئاگر کەوتنەوە زیاتر لە پێنج هێکتار لەدارستانەکانی ئەو ناوچە سوتاوون.
لەچەندد ڕۆژی ڕابردوودا دەست و پێوەندییەکانی سەربە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەی چیای دۆزینی بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگریان لە دەوەن ودارستانەکان بەردا و ڕووبەرێکی بەرفراوان سوتێنراو وئاژەڵەکانی ئەو نێوەندەیش وەکوو «کیسەڵ» وئاژەڵەوردیلەکانی دیکە بەهۆی ئەم ئاگرە لەناو چوون.
پێنج شەممە ۷ی پووشپەڕی ۱۳۹۷ی هەتاوی لەلایەن چەندد کەسێکی نەناسراوەوە ڕووبەرێکی زۆر لە لەوەڕگە و دارستانەکانی مەریوان ئاگریان تێبەردرا.
کوردستان سەرچاوەی ئاوە شیرینەکانە و تینوێتی ناشکێ و کرماشانەکەشی هاوینێکی بێ کارەبا چاوەڕێی دەکات.


مین.

 

چواردەی جۆزەردانی ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاوی، بەهۆی تەقینەوەی فیشەکی تۆپی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێراق لەگوندی شێخ سلەی سەربە سەلاسی باوەجانی لەکرماشان، ۶ ئەندامی بنەماڵەیەک بوون بەقوربانی.


باکووری کوردستان.

 

۵۷ هێرش و دەستبەسەر کرانی ۲۰۸ ئەندامی هەدەپە لەلایەن تورکیاوە.
گۆشەگیری سەر ئۆجەلان توندتر دەبێت/ تورکیا هەموو پێوەندیەکانی دەبرێت.
چوار شەممە ۲٤ی جۆزەردانی ۱۳۹۷ی هەتاوی، لە ناوچەی پرسووسی رۆحا لە باکوری کوردستان لە ئەنجامی هێرشی خزم و پاسەوانانی پارمانتار و کاندیدایەکی ( ئاکەپە) بە ناوی ” ئیبراهیم خەلیل یڵدز” بۆ سەر دوکاندارانی ناوچەکە سێ کەس لە ئەندامی بنەماڵەیەک بە ناوەکانی ” حاجی ئەسڤەت شەنیاشار ” و دوو کوڕی بە ناوەکانی جەلال و عادڵ بەدەستی هێرش بەرەکان کوژران.
دەسبەسەری جەبار ئەمین پەڕلەمانتاری کورد لەپەڕلەمانی سوید لە تورکیا.


باشووری کوردستان.


موحەممەد هوژەبری چالاکی سیاسی و مافەکانی مرۆڤ، لەمانگی ڕابردووەوە سێ جار لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە هۆشداری پێدراوە کە ئەبێت هەرێمی کوردستان بەجێ بهێڵێت.

رۆژئاوای کوردستان.


تەرمی دو گەنجی عەفرینی کە پێشتر لە لایەن سەربازەکانی حکومەتی تورکیا هەرەشەیان لێکرابوو، بە کوژراوی دۆزرانەوە.


ئیتر.


واردەی جۆزردانی ۱۳۹۷ی هەتاوی، شارام «ڕەحیم» ئەلیاسی کۆچبەری کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناڕەزایەتی دژ بە وڵامنەدانەوەی UN لەهەمبەر دیار کردنی وڵاتی سێیەم وەکوو شوێنی نیشتەجێ بوون، لەبەرانبەر نووسینگەی ئەم ڕێخراویە لەشاری ئەنقەرە دەستیان دایە مانگرتن.
بەگوێرەی ئامارەکان زۆرینەی ڕووداوەکانی منداڵ ئازاری واتە ۴۲ لەسەد لەلایەن کەسانی خەزمحیا بنەمالە ڕوو دەدەن ونێزیک بە ۳۹لەسەت لە منداڵ ئازارییەکانیش لەدەرەوەی بنەماڵە دێنە ئاراوە، واتە هۆکاری نێزیک بە ۴۲لەسەتی منداڵ ئازارییەکان ئەندامانی گەورە وسەرەکی خزم و نزیکانن.
ڕۆژی ۷ی پوشپەڕی ۱۳٦٦ی هەتاوییدا ژەهرێک و دوکەڵێک و ناڵەێیکی کوشەندە تێکەڵ بەگڕی گەرمای هاوین کراو شارێکی ۱٥ هەزارکەسی ژاراوی کرا.
شەممە ۲ی جۆزەردان لەناوەندێکی دەرمانی شاری تەورێز کچێک بەناوی تەڵا محەمەدپوور تەمەن ۳۰ساڵان، خەڵکی شاری ڕەبەت لەنەخۆشخانەی ئیمام ڕەزای ئەوشارە بەهۆی هەڵەی پزیشکی گیانی لەدەستدا.

لە دوایدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات، هەوڵ بدەن بۆ وەرگرتنی مافی ڕەوای خۆیان و هەر جۆرە پێ شێلکاریەک کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەڕ ئەوان دەکرێت، دەنگی خۆیان بە خەڵکانی جیهان بگەیەنن.

 

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

kmmkurdistan@gmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک