په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١١\٢٠١٣

  راپۆرتی تانگانیکا.


نازم حیکمەت. و. لە فارسییەوە: ھەژێن

          - نامەی چوارەم -


له‌وانه‌یه‌ باڵداره‌کان له‌ ئیسته‌نبول و مۆسکۆ'وه‌ بێن بۆ ''دارولسەلام''
باڵداره‌کان به‌گشتی لابه‌لا ده‌ڕۆن
به‌ڵام فڕۆکه‌که‌ی من یه‌که‌مین فڕۆکه‌یه‌، که‌ له‌ مۆسکۆ'وه‌ هاتووه‌،
یه‌که‌مین ئیسته‌نبول'یش بووم،
بۆنی ئه‌فریکام ھەڵمژی
بۆنی ئه‌فریکای گه‌وره‌ی ڕه‌ش؛
بۆنی بیابانی گه‌وره‌، گیانله‌به‌رانی گه‌وره‌، خۆری گه‌وره‌، بارانی درشت و ئه‌ستێره‌ی درشت ده‌دات.
به‌ نێوان دارخورما و دره‌ختی مۆزدا هاتینه‌ شار.
چووینە‌ ئاکواریوم'ێک‌ تا چاو بڕکا سه‌وزه ‌و تا چاو کارکا گه‌رم.
''دارولسەلام'' له‌ خۆراوای دەریالووشی هیندی'دایه‌
پێش ئیسلام، چه‌ته‌ی ده‌ریایی و بازرگانانی عه‌ره‌ب به‌ ئه‌برۆی ڕه‌شه‌وه‌ له‌م که‌ناره‌ دابه‌زین
پاش ئه‌وانیش، چه‌ته‌ی ده‌ریایی دیکە و بازرگانانی دیکە ئه‌وانی دیکە ئه‌برۆیان بۆر ‌بوو.
به‌ڵام ئه‌وڕۆ گرنگ نییه‌.
«دارالسلام» نێوه‌ندی «تانگانیکا»یه‌.
تانگانیکا،
تانگانیکا، تانگانیکا
گۆرانییه‌ک ده‌توانێ به‌م جۆره‌ ده‌ستپێبکا،
ئاوازی تام تام،
تانگانیکا، تانگانیکا،
خه‌مبارانی، شادانی، ژیرانی، دێوانانی،
که‌سکانی، سوورانی، زه‌ردانی، سپیانی، ڕه‌شانی
*،
تانگانیکا، تانگانیکا ...
ده‌زانی،
تانگانیکا له‌ باشووری خۆرهه‌ڵاتیی ئه‌فریکایه‌،
نزیکه‌ی ده‌ ملیۆن مرۆڤ، زیاد له‌ سه‌د و بیست هۆز
موسوڵمان، کریست، بتپه‌رست.
ده‌زانی،
گرنگترین به‌رهه‌می: قاوه‌، گا و گیای «سیزاڵ»ە‌
گه‌ڵاکانی سیزاڵ چه‌قۆی سه‌وز و ڕوتن
ڕێس و گوریس و گونیه'‌یان لێ ده‌چنن،
ده‌زانی،
ده‌زانی‌ پێش گه‌شته‌که‌م،
هیچ شتێک له‌مانه‌م نه‌ده‌زانی،
ده‌زانی،
گه‌شتێک که‌ له‌ته‌ک تۆدا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ کردمان
له‌یادتە‌ که‌شتییه‌که‌مان سێ چارۆکه‌یی بوو، بنمیچی کەمانی
نیگار‌ی ‌زێڕینە کیژی پێشه‌وه‌ی لە تۆ دەچوو،
له‌سه‌ر ئاڵاکه‌ی هۆنراوە‌م بۆ تۆ نووسی
له‌ ده‌ریادا ماسی چاوزمڕود'مان گرت
باڵداری باڵ چار له‌سه‌ر بورجه‌که‌ی نیشتنه‌وه‌.
له‌ که‌ناره‌وه‌، مه‌یمون مۆزبارانیانکردین
چارۆکه‌مان هه‌ڵدا و به‌ ده‌ریا گه‌رماکانا تێپه‌ڕین
سوڕاینه‌وه‌ و له‌ تۆڕی نیوه‌ڕوانان خۆمان ڕزگارکرد تا گەیشتینە دارولسەلام.
گەشتێک کە لەسەر نەخشە لەتەک تۆدا کردمان لە یادتە
لە دارولسەلام لەتەک « سەربازێکی گومناوی» تانگانیکایی دوام.
لە برۆنزی داڕێژراو بوو و لەسەر لاقە ڕووت و باریکەلەکانی،
چەک بەدەست، لە باری ھێرشبردندا بوو.
لە پشت سەری، شەقام و لەنگەرگە و بەردەمی جامخانە،
لای ڕاستی تەلاری بانکێک و لای چەپی کلیسایەک،
پرسیم : " ھێرش بۆ سەر کێ دەبەی ؟ "
گوتی : " لەشکری ئاڵمانیا "
ھەروا گوتی "تا دەستپێکی جەنگی یەکەمی جیھانی ھی ئاڵمانیا بووین.
" ئینگلتەرە ھات و فەرماندەیی گرتەدەست، ھێرشمانکردە سەر ئاڵمانیا،
ئاڵمانیا چوو و ئینگلتەرە ھات،
ئینگلتەرە لە ھەژدەوە تا شەست و دوو لێرە ما
ساڵی شەست و دوو بریتانیا'مان وەدەرنا"
ھەروا گوتی " کۆمارێکی ئازادین."
گوتی و بێدەنگ بوو
دارولسەلام شارەوانییەکی جوانە.
شەقامە سەرەکییەکانی خاوێن و ڕێکن
گەڕەکێکی گەورەی ھیندی ھەیە.
ھیندەکان بە بازرگانییەوە خەریکن
ئەگەر بتوانن تەنانەت ئاوی دەریاش دەکەنە شووشە و دەیفرۆشن.
«تانگانیکا»یش دوژمنی بازرگانانی ھیندییە،
پێشتر تەنیا سپیپێشتەکان ڕێیانپێدەدرا،
ھەنووکە ھەم ناوەکەی گۆڕاوە و ھەم دانیشتوانی
کۆشکی سەرۆککۆماری،
جاران بنکەی فەرمانداری بریتانی بوو،
کۆلێژێک، چل و ھەشت ھەزار خوێندنکار، گشت تانگانیکا'یین و
مامۆستاکان بریتانی
کلیساکان، مزگەوتەکان، کۆشکەکان، ھوتێلەکان و نوێنەرەکان
**.
نوێنەرگەی
*** سۆڤیەت لە باڵاخانەیەکدایە، کە لە موسوڵمانان بەکرێگیراوە و
لەسەر دەرگەکەی بە ڕێنووسی عەرەبی "بسم اللە" نووسراوە،
ترام و ئۆتوبوس و ھی دیکە دیارنین،
بەڵام ئۆتومەبێل لە گشت مارکەکان،
سوکانی ھەموویان لەلای ڕاستەوەیە
بە شێوەی بریتانی.
شۆڤێرانی تانگانیکایی زۆر شارەزان
شار 'کابارێت'ێکی ھەیە، کە تا بەیانی کراوەیە.
تانگانیکاییەکان، ئەوانەیان کە گەلیی و ساکارن، لەسەر خاک دەخەون و ڕادەبن
لە کەپری حەسیرچنا،
زمانی فەرمی ئینگلیزی و "سوھیلی"یە
لە سەرتاسەری تانگانیکا، تەنیا یەک ئەندازیاری تانگانیکایی و
سێ پزیشک ھەن
من سەرخۆشی تانگانیکایی'م نەدی
گشت سەرخۆشەکان سپیپێست بوون.
سپیپێستی بێکارم نەدی
گشت بێکارەکان تانگانیکایین
ئەوانەش کە لە سەرەڕێگەکان، شێری لە دار تاشراو بە گەشتیاران دەفرۆشن، تانگانیکایین
ئەفسەری تانکانیکایی'م دیت، سەرۆککۆماری تانگانیکایی و مامۆستای تانگانیکایی
"نایەرەرە"ی سەرۆککۆمار بە چاوانی ڕاماوی مامۆستایەک.
لە گشت دیوارەکانەوە تەماشا دەکا،
لەنێو چێوەکەیدا، لەپشت شووشەوە دانیشتووە و خۆی بەسەر گۆچانە دەسک سپییەکەیدا داداوە.
پۆلیس'م دیتن، کە تانگانیکایی بوون.
لە بانکەکاندا فەرمانبەری تانگانیکایی'م نەدی
یا سپیپێست بوون یا ھیندی.
مەیفرۆشەکان و کۆڵبەرەکان تانگانیکایی بوون.
گوندییەکان و شوانەکان، کرێکاران و ھەروا سەرۆکی خێلەکانیش :
لێرە زۆرێک کلیتە لەسەردەکەن، بە ڕەنگ و ئەندازەی جۆراوجۆرەوە
بە گوڵەنگ و بێ گوڵەنگەوە،
ئێمە تورکەکان کلیتەمان لە یۆناییەکانەوە وەرگرتووە و لەسەری عەرەبان'مان نا.
لەوانەشە لەسەری سودان'یانیش،
ئەوانیش ناویانەتە سەر ئەفریکایانی ڕەش
یا ئەوان، یا ئینگلیزەکان، ئەگەر ئینگلیزییەکان لەسەریان نابن
سەرمسووڕنامێنێت، ئەگەر ئەسپی دەریایی کلیتە لەسەر ببینم.
__________________________________
* لە دەقە تورکی و وەرگێڕانە فارسییەکەیدا تاک بەکاربراوە، بەڵام لەبەرئەوەی لە کوردییەکەدا لە ئاوەڵناو جیابێتەوە و خوێنەر تووشی سەرگەردانی نەبێت، ناچاربووم [کۆ] بەکاربەرم، واتە خه‌مباری/ خەمبارانی، شادی/ شادانی، ژیری/ ژیرانی، دێوانەی/دێوانانی تانگانیکا، که‌سکی/کەسکانی، سووری/سوورانی، زه‌ردی/زەردانی، سپیی/سپییانی، ڕه‌شی/ ڕەشانی تانگانیکا.
** نوێنەر: سفیر.
*** نوێنەرگە: سفارت.
ڕاپۆرتی تانگانیکا یەکێکە لە دواھەمین ھۆنراوەکانی نازم حیکمەت، چونکە لە شوباتی ١٩٦٣ ھۆنراوەتەوە و ''نازم حیکمەت'' لە حوزەیرانی ھەمان ساڵدا مردووە. ئەم ڕاپۆرتە لە شێوەی دە ھەڵبەست-نامەدا، ئاراستەی ''ڤێرا تولیاکۆڤا'' ھاوسەرە ڕوسەکەی کردووە، کە لە ساڵی ١٩٦٠دا لەتەک نازم حیکمەت ھاوسەریی کردووە. تانگانیکا، وەک دەزانن لە کاتی گەشتەکەی نازم حیکمەت دا، دوو ساڵ بوو کە سەربەخۆیی بەدەستھێنابوو و بە پێشەوایی ''جولیوس نایەرەرە Julius Nyerere'' کەوتبووە نێو وڵاتانی ھاوبەرژەوەندی ئینگلیسی.. ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٦٢دا بە ڕێکەوتنی زنگبار ''کۆماری تانزانیا''ی پێکهێنا و ''جولیوس نایرە'' وەک سەرۆککۆماری دانرا.

 

شوباتی ١٩٦٣

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک