په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٦\٢٠١٢

راپۆرتی وەرزانەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان بە ھۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.


کوژران، برینداربوون و گیران و خرانە بەندیخانەی ١٣٢ کە لە ماوەی سێ مانگی بەھاری ئەو ساڵدا.

کوردستان و کورد نیوز: سەرکوت و کوشتوبڕی خەڵکی بێتاوانی کورد و، گرتن و راوەدوونانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و کپکردنی دەنگی ئازاد و سەربەخۆ لە کوردستان بە ھۆی دەزگا ئەمنیەتی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ھەروا درێژەی ھەیە.

دەزگا ئەمنیەتی و ھێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بە ھاوکاریی یەکتر و وێڕای دەزگای قەزایی ئەو رێژێمە لە سەرەتای ئەو ساڵەوە ‌تا ئێستا بوونەتە ھۆی گیان لە دەستدان و برینداربوونی ٣٥ کەس لە کوردستان و ھەروەھا خرانە زیندان و سزادانی ٩٥ کەس و؛ لە سەپاندن و جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی چالاکانی سیاسیی کورد لە کوردستان بەردەوام بوون.

لە ماوەی سێ مانگی بەھاری ئەو ساڵدا لانیکەم ٢٢ کەس لە کوردستان بە دەستی ھێزە ئەمنیەتی و ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کە ٩ کەسیان کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوون و بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون. دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا دوو چالاکی سیاسیی کوردی لەژێر ناو و بە پاساوی قاچاغچی بوونی ئەو دوو کەسە لە دار داوە و شەش زیندانیی سیاسیش لە ماوەی سێ مانگی بەھاری ئەوساڵدا بەھۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و خراپبوونی باری سڵامەتی و تەندروستییان لە زیندانەکاندا گیانیان لە دەست داوە.

ھەر لە ئاکامی کەمین نانەوە و تەقە کردن لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی ناوچە سنورییەکانی کوردستان کە بە ھۆ بێکاری و بێ دەرەتانی بە کاری کۆلکێشی نان و بژیوی رۆژانەی خۆیان پەیدا دەکەن، ١٣ کەس بریندار بوون. تەقینەوەی مین لە کوردستان دیسانەکەش رووداوی دڵتەزێنی لێ کەوتەوە و لە یەکەم نابگی بەھاردا دوو منداڵی ٧ ساڵە و ٨ ساڵە بە ھۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بوون و دەست و لاقیان لە دەست دا.

ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان لە ماوەی ئەو سێ مانگەی سەرەتای ساڵدا لانیکەم ٥١ کەس لە خەڵکی مەدەنی و چالاکان و لاوانی ھەڵسووڕی کوردیان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی قۆڵبەست کردوە. بەشێک لەو کەسانە دوای لێپیچینەوە و دادگایی کرانیان بە شێوەی کاتی و بە بارمتە ئازاد کراون و دەزگای قەزاییش لەو سێ مانگەدا لانیکەم ٤٤ کەس لە گیراوان و چالاکانی سیاسیی کوردی دادگایی کردوە و سزای لە ٥ مانگ و یەک ساڵ و دوو ساڵ را بگرە تا ٣٠ ساڵ زیندانی بە سەریاندا سەپاندوە و ٣ کەس لەوانی مەحکووم بە ئێعدام کردوە.

شایانی باسە کە ئەو ئامارە بەپێی ئەو ھەواڵ و زانیارییانە بڵاو بوونەتەوە کە بە ھەواڵدەریی کوردستان و کورد گەیشتوون یان لە میدیا و لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاو بوونەتەوەو؛ بەو پێیەش کە کۆماری ئیسلامی کەشی سەرکوت و بێدەنگە کردنی بە سەر کوردستاندا سەپاندوە، بە دڵنیاییەوە ئاماری پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان زۆر لەوە زیاترە کە لەو راپۆرتەدا و لەو خشتەیەی خوارەوەدا ھاتوە.

 

فەرموون لێرە کرتە بکەن تا  تەواوی ئاماری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان ببینن.

 

 

smailsherefi@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک