٣\١٠\٢٠٢٠
وتارێک بۆ گفتوگۆ و
توێژینەوە و بە پەروەندەکردن:
راسیزیم لە
پەراوێزی کۆلۆنیالیزمدا.
هەڵۆ محەمەد
رەنگە دوای ڕووداوەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١
لە ئەمەریکا بتوانین ئەوە بڵێین ، کە ھاوسەنگی لە سیاسی جیھاندا نەماو
و ڕووداوەکان بە ئاڕاستەیەکی تری، زیاتر ڕووە و شەڕ و ناسەقامگیری و
نائارامیدا ئاڕاستەیان گرت.
ڕووداوی تاساندن تا مردنی( جۆرج فلۆید)یش لە ٢٥ گوڵانی ٢٠٢٠دا ،
ڕووداوێکی تری گەورەی ھاوچەرخە، دەکرێ بە شۆڕشێک ناوزەد کرێ!. کە
وەرچەرخانی لەمێژووی مرۆڤایەتیدا دروست کردووە و کۆمەڵێ پرسیاری
ھەستیاری خستە مێژووی کۆلۆنیالیستی پڕ لە تاوان و ڕووتاندنەوە و
سووتماککردنی نیشتمانەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بە کۆیلەکردنی...
ئێمە ھەموو لەم دواییەدا گەواھی شاڵاوە نەبڕاوەکانی جیھانین، بۆسەر
پەیکەر و سیمبۆڵ و مێژووی کۆلۆنیالیزم لە ئەمەریکا و ئەوروپا و لەسەر
شانۆی ڕووداوەکان لە جیھان دا. ھەڵمەتی فراوانی شاڵاوەکە ھێندە
بەرفراوان و توورەیی لە خۆ گرتووە، کار ھەر بەوەوە نەوەستا دەیانی وەک
(کریسفۆر کۆلۆمبس و بسمارک) و زۆری تر بەشاڵاو بکەون، بەڵکو گەیشتە
سەرئەوەی تێزە فەلسەفییەکانی( کانت)یش وەک دەقی راسیستی تاوانبار بکرێن.
ئەم ھەڵمەت و ڕووداوە بەردەوام ھەتا ئێستا داوای ڕاستکردنەوەی مێژوویی
و تاوانبارکردنی بکەرەکانی دەکات و بانگەوازی سڕینەوەی شوێنەوارەکانی
دەکەن. بەکورتی ھەناسەی تاساوی ج. فلۆید بووە کۆمەڵێ پرسیار و فڕێدرایە
گۆمی پڕ لە خوێنی مێژووی کۆلۆنیالیزم و سیاسەتی ڕەگەزپەستی و یاسای
ڕەگەزپەرستانی جیھانەوە.. ئەم ڕووداوە جوڵە و بزاڤی بێبڕانەوەی لای
مێژوونووس و مێژووناسەکان، کۆمەڵناس و ئاکادیمی و رۆشنبیران و
ڕۆژنامەوان و دەزگا زەبەلاحەکانی میدیای جیھانی دروست کردووە.
ڕەوەندێکی زۆری خەڵکی ڕەشپێست - کە بەھەق ڕۆژانە ھەستونەستیان بە
راسیزم بریندار دەکرێ- خۆشبەختانە ئیمڕۆ بەھێز و کاران لە ئەمەریکا و
ئەوروپادا و ھاتوونەتە دەنگ و چالاکانە کار بۆ بەربەرەکانی ئەم ئاڕاستە
سیاسییە ڕەگەزپەرستانە دەکەن و داوای سڕینەوەی دەکەن.
لەیەکەم ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکەی ئەمەریکای ٢٠٢٠ ی ئەمساڵدا باشتر
کاریگەری بەدیارکەوت بە ھێنانی کاندیتی خانمە ڕەشپێست
Kamala Harris..
بە کورتی لەسەر ئەم باسە بە ھەزاران ھەزار بابەت نووسراوە و بینراوە و
گوتراوە.. بۆیە لەوە زیاتر درێژەی نادەمێ..
ئەوەی بۆتە زادەی ئەم نووسینە، مێژووی کۆلۆنیالیزمە، کە وڵاتی
کوردستانی کردۆتە قوربانی و بە ناوی کۆلۆنیالیزم و لەسایەیدا چەپەڵترین
سیاسەت دژ بە نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان پێڕەو کراوە، کە باڵاتر و
دڕندانەتر و نامرۆڤانەترن لە راسیسیزم.
ئەو کەسەی واقعی کورد بە وردی و قووڵی بخوێنێتەوە، زۆر بە ئاسایی و
خێرایی بەسەر ئەو ڕاستییانەدا دەکەوێ. ئەوەی ھێز و تاکی «کۆلۆنیالیزم و
فاشی و نازی و دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکان » لە مێژووی مرۆڤایەتی بە ڕەشی
و قێزەونانە تۆماریان کردووە، داگیرکەران لە کوردستان زیاتریان ئەنجام
داوە. بەڕادەیەک ئێستا پرسی مانەوەی کورد لە بەرامبەر ئەم ھەڵمەت و
شاڵاوەی قڕکردنیدا، بۆتە پەرجووی مێژوو!.
جا بۆیەکا ئەوەی لە ئێش و ئازارە بێوێنەکانی ژیانی کورد تێدەگات ،
دەتوانێ دەیان کەیستی تاوان و جینۆسایدی تێدا ببینێتەوە. سیاسەتی ««کوشتن
و بڕین و لەسێدارەدان و ڕاگوێزان و بۆمبارانکردن و ژەھرباران و ئەنفال
و قەدەغەکردنی زمان و فەرھەنگ و دداننەنان بە بوون و ھەبوونی نەتەوەی
کورد و ھەوڵەکانی تری سڕینەوە و شێواندنی شوناسی کوردبوون»» و جۆرەھا
سیاسەتی تری چەپەڵی «سەربازی و ئابووری و ڕۆشنبیریی و سیاسی و نەتەوەیی»
، ھەموو ئەمانە دەچنە ئەستۆی ھێزە کۆلۆنیالیستەکانی پەیمانی (سایکس
پیکۆ)یان لەسەر خوێن و جەستەی کورد مۆرکردووە و وا ١٠٠ ساڵی ڕەبەق
بەسەر ئەو ڕێکەوتنامەدا تێدەپەڕیوە و ناوەڕۆک و ڕوخساری داڕزاوە و بۆتە
پەڵەیەکی تۆخی شەرمەزاری مێژووی مرۆڤایەتی. بەکورت و کرمانجی ئینگلیز و
فەرەنسی لێی بەرپرسن.
چونکە ئەو ھێز و ئامڕاز و دەزگایەی بەم کارانە ھەڵساوە و جێبەجێکەری
ئەم تاوانانە بووە، ھەرچوار داگیرکەرەکەی کوردستانە و لە نێویاندا
ئەوەی ناوی دەوڵەتی «عێراق و سووریا»یە، کە دوو مانداتی ئینگلیز و
فەرەنسان و ھەتا ئێستاش لە دوورەوە بە پرۆگرام و فەرمانی ھێزە
کۆلۆنیالیستەکان بەڕێوەدەبرێن و لە ئاکامدا ئەوەی دروستکراوە و
بەڕێوەبراوە، لەسەر لاشەی کورد ھەڵچنراوە و بکەرەکەشی بە خوێن و
فرمێسکی کورد دەست و لمۆزی سوورە.
ئێوەی کۆلۆنیالیستی ستەمکار !کە لە پێناوێ بوتڵێ «نەوت و گاز» و
بەرژەوەندییە ستراتیژی و کاتییەکانی خۆیان دا، ھەر بەتەنھا لەو
تراژیدیایەی بەسەر کورددا ھات و دێت بێدەنگ و چاو نوقاو نەبوون و نین،
بەڵکو زۆر نامرۆڤانە و بێشەرمانە بەردەوام پاڵپشت و ھاوکاری ماکی و
مینۆکی داگیرکەرە ڕاستەوخۆکانتان کردووە و گەمەیەکی نامۆڕاڵی
شەرمھێنتان بە چارەنووسی نەتەوە و نیشتمانی کورد کردووە.
ئیدی بەسە و ئێستاش درەنگ نییە ! کاتی ئەوە لەمێژە ھاتووە ئەم ھێز و
لایەنە تاوانبارە، بەسەر بڕگە و مادەی ئەو ڕێکەوتنامانە و سنوورە
دەستکردانەی کێشاویانە بچنەوە و سەرەتایەکی پڕشنگدارتر بنەخشێنن.
ھەروەھا بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ھەڵە مێژووییە و تێھێنانەوەی ئەم تاوانە
نامرۆڤانە، تاکە وەڵامی ئەم ھەموو تاوان و گوناھانە تەنھا و تەنھا
جوڵاندنی دۆزی «سەربەخۆیی کوردستان و پشتیوانیکردنی بەدەوڵەتبوونە» .
چونکە ئەم ھەنگاو ، ھەم وەک پاداشت و قەرەبووکردنەوەیەک دێتە
ھەژمارکردن و ھەمیش تاکە چارەسەی واقیعی و بەسوودە،بۆ ئاشتی و
خۆشگوزەرانی میللەتانی ناوچەکە و جیھان.
ڕاستییەکیش کە دەبێ بوترێ ئەوەیە نەتەوەی کورد ھەرگیز دەستبەرداری
مافەڕەواکانی نابێت کە لێی زەوتکراوە و تا ھەڵاتنی تیشکی زێڕینی ئازادی
و سەربەخۆیی کۆڵنادات لە تێکۆشان . چونکە ئاوات و ئامانجی کوردیشە وەک
نەتەوەیەک بێتە سەر شانۆی و ئاستی جیھانەوە و بە ڕۆڵ و نەخشی خۆی
بەشداری لە خزمەت و بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتیدا بکات. کورد زۆر ھەوڵی
داوە بە ھەر شێوە و شێوازێک بێت، لەگەڵ داگیرکەرانیدا چوارچێوەیەکی
چارەسەر بە پێی قۆناغ و دەرفەتێک Real Politc ڕێگەی پێ بدات، ڕێککەوێت
و کۆتایی بەم گرێ کوێرەی ناوچەکە بێت، لێ بەداخەوە ئەوان، ! ئەوانی
داگیرکەری حازرخۆری چەوسێنەر، ھیچ ئامادەیی و ڕۆحی گفتوگۆیەکی کراوەیان
نیشان نەداوە. بۆ ھەر گفتوگۆیەکی ئاشتی تەڵەیەکی سیاسییان ناوەتەوە و
لەژێر پەردەی تاکتیکی گفتوگۆدا،تیرۆریان ئەنجام داوە. ١٩٧٢ لەگەڵ
بەرامبەر بە بارزانی نەمر و ١٩٨٩ بەتیرۆرکردنی قاسملۆی گەورە.
بەواتایەکی تر بۆ ھەر داخوازییەکی کورد بە ئاگر و ئاسن وەڵامیان
داوەتەوە. مەخابن ئێوەی ھێزی کۆلۆنیالیست و پاشماوەی تری جیھان،
بەرامبەر بەم کوشت و بڕینەی داگیرکەرانی کوردستان، تا ئێستا کەڕ و لاڵ
و نابینا بوون!.. و واش پێدەچێ لەبەرخاتری مشتێ بەرژەوەندی ھەمیشەییتان
لە دەڤەرەکەدا، درێژە بەم تاوانکارییەتان بدەن.
پرۆژە و ئامانجێکی لەم چەشنە، بۆ یەخەگیریی لەگەڵ دەسەڵاتدارە
کۆلۆنیالیستەکان و بەسوود وەرگرتن لە ھەلومەرجی ڕەخساو، پێویستی بە
نەخشە و میکانیزمێکی تۆکمە ھەیە. ھەروەھا کۆمیتەیەکی کارا و شارەزا و
دڵسۆز لە کەسانی پارێزەر و یاساناس و یاسای نێودەوڵەتی مافی گەلان و
پەیوەندییە نێودەوڵەتی و بوارە جیاکانی تردا و کەسانی خاوەن پێگەی
ئاکادیمی و ڕۆشنبیریی و ئابووری و پێک بھێنرێ ، لەسەر ئاستی دەرەوەی
کوردستان بەتایبەت لە بەریتانیا و فەرەنسا. بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم کەیسە
لای دامودەزگا فەرمی و سەرەکییەکان، ناوەندە ئەکادیمیاییەکان، ڕێکخرا و
دامەزراوە مرۆڤدۆستەکان، پەرلەمان و دادگای ئەوروپا، فاتیکان و
ئەنجومەنی ئاسایش و ناوەندەکانی تری بڕیاردەر و دۆستانی کورد بجوڵێین و
بە ھەموو ھێزێکەوە لەدەرگایان بدەین....
کار و ئامانجەکەش دەکرێ لەسەر بنەمای پشتبەستن بە شۆڕش و داواکانی کورد
بەتایبەت شۆڕشەکانی شێخ مەحمودی نەمر و ھەوڵ و تێکۆشانە
دیبلۆماسییەکانی شەریف پاشای خەندان و لایەنە بەسوودەکانی بەند و
ڕێکەوتنەکانی سیڤەر و ئەوانی دیکە و مێژووی تراژیدیای ژیانی کورد لەو
ڕۆژەوە ھەتا ئێستا و دۆخی ھەنووکەیی کورد بەڕێوە بچێ.
کەیسەکە دەبێت دەوڵەمەند بێت بە ناوەڕۆک و داواکانی کورد ڕەپ و ڕاست
ئامانجی ڕوون و ئاشکرا بێت... ڕەوەندی کوردیش بە ھەموو شێوازێک و لە
تەواوی ھەنگاوەکاندا پاڵپشت بێت و کاری بۆ بکات... ھەڵمەتی گەورەی بۆ
ساز بدات بە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی و چالاکی تری جۆراوجۆر و
تەنانەت چەکی ھونەریشی بۆ بخرێتە کار، کۆنسێرت و ئاھەنگی گەورە ساز
بدرێ.. حکومەتی ھەرێم و پەرلەمان! زۆر بەتایبەتی و کەسانی دڵسۆز و
لێوەشاوەی نا حیزبی و بێلایەنەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات کاری بۆ
بکەن و پشتیوانی پێویستی بۆ مسۆگەر بکەن . دیارە پێویستە ھێزێکی مادی
گەورەش بخرێتە خزمەتییەوە.
بە کورتی: بە قورسایی دۆسییەی ئازار و ژان و ژیان و قوربانییەکانی کورد
و کوردستانەوە، خۆ بگەیەنینە ھەموو ناوەندەکان بڕیار و سەر سەکۆی سیاسی
جیھان بھەژێنین و ھەوڵ لەگەڵ ھەموو شوێنێ بدرێ و دۆست و لایەنگریی
بێگانەی بۆ پەیدا بکرێ... کارەکەش لە بنەڕەتدا زەحمەت نییە، تەنھا
دڵسۆزی و لێزانین و توانا و توانای دارایی گەرەکە... ئەمانەش
کەرەسەیەکن لەبەردەستدا ھەن.
ئەم میتۆدە جگە لە زرنگی و لێوەشاوەیی و شارەزایی و دڵسۆزی و
سەرچاوەیەکی دارایی، چ ئەرکێکی تری نییە و یەک لە ملیۆنی ئەو ھەموو
زیان و قوربانییانە ناگرێتەوە، کە تا ئێستا پێمان گەشتووە.
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|