په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٨\٢٠١٤

راسیزمێک کە ئەمڕۆ لە کوردستان بانگەشەی بۆ دەکرێ

ئاو لە دەسەڵاتی کوردی دەخواتەوە!!

هیوا ئەحمەد     


رەگەزپەرستی و نەژادپەرستی و فاشیزم، بیروباوەر و بزوتنەوەیەکی خۆڕسک و خودبەخود و سروشتی و هەڵقوڵاوی ناو جەماوەری خەڵک نین، بەڵکو بزوتنەوەی سیاسی کۆمەڵایەتی دروستکراوی چینە بالادەستەکانن. واتە دەسەڵاتی سەمایەداری و حکومەت و حیزبەکانییەتی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکاندا. ئەمیش بە دابەشکردن و پارجەپارچکردنی جەماوەری خەلک لەسەر بنەمای نەتەوە، ڕەگەز، نەژاد، ئاین و ڕەنگ بۆ بەرگرتن بە یەکگرتوویان و کەمکردنەوەی مەترسی هێزی یەکگرتوی خەلک بۆسەر دەسەڵاتە کۆنەپەرست و سەرکوتگەریەکەی.


نەعرەتەی نەژادپەرستی و رەگەزپەرستی و فاشیزمێک کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا بەرزبۆتەوە دژ بە خەکی ئاوارەی عەرەبیزمان، بەهەمانشێوە بیروباوەڕ و بزوتنەوە و کەلتورێکی خودبەخود و خۆڕسکی ناو جەماوەری کوردستان نییە، بەڵکو بزوتنەوەیەکی سیاسی کۆنەپەرست و دژە مرۆییانەیە کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە لایەن دەسەڵاتی کوردی و حیزبە دەسەڵاتدارە نەتەوەپەرست و دینی و ئیسلامیە فاشیستەکانەوە، هەروەها لە لایەن میدیا فەرمی و نافەرمی وکۆمەڵایەتیەکان و نوسەر و ڕۆشەنبیر و ڕۆژنامەنوسە نۆکەرەکانیانەوە لە ماوەی مێژوی دەسەڵاتیاندا دروستکراوە و بانگەشەو جاڕی بۆ ئەدەن وبە باوەشینکردنی هەستی نەتەوەپەرستی و نەژادپەرستی و ڕەگەزپەرستی لە کۆمەڵگادا بەرهەمدەهێنرێتەوە و کردویانەتە بیروباوەڕی بەشێک لە خەڵکی کوردستان و لە ناو کۆمەڵگادا جێبەجێی دەکەن و دەیبەنەپێشەوە.


راسیزم و فاشیزمێک کە لەم ماوەیەدا لە شارەکانی کوردستاندا دژی ئاوارە عەرەبیزمانەکانی دەربەدەرو قوربانی شەر و هیرشی گروپە تیرۆریستیە ئیسلامییەکان، بانگەشەی بۆ دەکرێت و داوای دەرکردن و هێرشکردنەسەریان دەکرێت، هەروەها بەهەمان شێوەس دژ بە خەلکی کوردیزمان دەکرێت لە شارەکانی تری عیراقدا لە لەیەن شۆڤێنیستە عەرەبەکانەوە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە ئاڵوگۆڕە سیاسی و سەربازی و هێرشەکانی گروپی تیرۆریستی داعش و ئەو ئاڵوگۆرە لە هێزهاوسەنگی نیوان حیزبە ناسیونالیستە کوردیەکان وهیزە شۆڤێنیستی و فاشیستیە دینی و ئیسلامییە عەرەبیەکان و حکومەتی ناوەندا هاتۆتە ئاراوە. کە لەگەڵ خۆیدا لە هەردوو لاوە برەو بەم شەپۆل و هاشوهوشی راسیزم و فاشیزمە نەژادی و ڕەگەزی و نەتەوەیی و دینییە دەدرێت تا خەلک بکەنە قوربانی و سوتەمەنی و زەخیرەی مرۆیی ئەم جەنگە کۆنەپەرست و فاشیستیە لە پێناو برەودانی زیاتر و پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوری و ناوچەییەکانیان.


کەمپین و بانگەشەی راسیزم و فاشیزمێک کە بەتایبەتی لەم ماوەیەدا لە شارەکانی کوردستان بەرێخراوە و بانگەشەی بۆ دەکرێت و خەلکی بۆ هەڵدەخرێنرێت لە لایەن دەسەڵاتی کوردی و میدیا و کەسانی سەربەو دەسەڵاتە، مەبەست لێیشاردنەوەی ڕاستیەکان و چەواشەکردنی خەلکی کوردستانە سەبارەت بە هۆکاری هێرشەکانی ئەم دواییەی گروپی تیرۆریستی داعش بۆ سەر ناوچە و شارۆچکەکانی کوردستان و چۆڵکردنی شەنگال و مەخمور و ئاوارەبوون و کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئەو بەندەوبەستە سیاسیی وسەربازیە ژێربەژێرانەی کە لە لایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە لەگەڵ هەردوو بەرەی جەنگ و ململانێی سیاسی واتە ئیران و حکومەتی ناوەندی لە لایەک و تورکیا و داعش وهاوپەیمانەکانی لە لایەکی ترەوە دەبەسرێت و هەڵسوکەوتی پێدەکەن. هەروەها شاردنەوەی ئاکامی ئەو دابەشبوون و لایەنگریەی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بۆ یەکێ لەبەرەکانی ئەو جەنگە (ئیران و حکومەتی ناوەند - تورکیا و داعش) و ڕەنگدانەوەی سلبیانەی ئەم سیاسەت و بەرژەوەندییە حیزبیانە لە بەرەکانی شەر لەگەڵ داعش و ململانێ و کێبەرکێ حیزبیەکان و دروستکردنی پشێویی و نەبونی پلانێکی ڕۆشنی سیاسی و سەربازی لەبەرامبەر هێرشەکانی داعشدا. لە لایەکی ترەوە دەیانەوێ سەرنجی خەڵک لەسەر هۆکارو سەرچاوەی گرفتەکانی ڕۆژانەی خەلکی شارەکانی کوردستان هەر لە نەبونی ئارامی، سەقامگیری، بێکاری، نەبونی کارەبا، بێخانەولانەیی،هەڵکشانی گرانی و نەبوونی موچە کە خودی دەسەڵاتی کوردییە لابەرن و بیئاڵێننە ملی ئاوارە و لێقەوماوە عەرەبیزمانەکانەوە.بەمەش خەلک بکەن بە گژی ئەواندا و ئەوان بەسەرچاوەی گرفت و کێشەکانی خەلک لەقەڵەم بدەن. بۆ ئەمەش پێویستیان بە خولقاندنی کەشێکی بۆگەن و ژەهراوی راسیستی و فاشیستی وەک ئیستا هەیە تا خەلکی پێ گرفتار و مەشغوڵ بکەن و خۆشیان لەولاوە لەم زەلکاوی شەڕی نەژادپەرستییەدا خەریکی جێبەجیکردنی سیاسەت و تاوانە دژی خەلکیەکانی کوردستان بن و مەیدانیان بۆ چۆڵ بێت تا بە بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری وناوچەییەکانی خۆیان بگەن.


هەربۆیە دەبێ خەلکی کوردستان بەم سیاسەتە هوشیار بیت و نەکەوێتە ناو داوی راسیستی و فاشیستی دەسەڵاتی کوردی و زەلکاوی شەڕی نەتەوەپەرستیەوە کە دەیانەوێ لە نێوان خەلکی کوردیزمان و عەرەبیزماندا هەڵیگیرسێنن.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک