په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١\٢٠١٥

راسیزم و نازییە نوێیەکان و راستەڕەوەکانی ئەڵمانیا بوونە "پەگیدا".


فوئاد زیندانی     

 

پێش سەرهەڵدانی گرووپ و تاقمە تیرۆریستیە ئیسلامیەکانی داعش و بەرەی نوسرە لە سوریا و عیڕاق ، لە کیشوەری ئەوروپا بەگشتی و لە ووڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا بەدیاریکراوی ، گرووپەکانی ڕاسیزم و دژبەرانی پەنابەرانی بێگانە و نازیە نوێیەکان و ڕاستڕەوەکان زۆر لاوازبوون تەنانەت لەهەندێک شوێن بوونیان نەبوو . دوای سەرهەڵدانی داعش و ڕێکخراوەکانی تری گرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی (ئەلقاعیدە) و ئەنجامدانی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لەوانەش جینۆساید کردنی گەلی کوردی باوەڕمەندی ئیزیدی و ڕفاندن و فرۆشتنی ژنانی شەنگال و سەربڕینی مرۆڤەکان و پارچەکردنی لاشەی قوربانیان و بڵاوکردنەوەی ئەو تاوانانە لەلایەن خودی داعش لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتیەکان و یوتوب ، بووە هۆی ئەوەی لە ئەوروپا ، بەتایبەتی لە ووڵاتی ئەڵمانیا گرووپە ڕاسیزمەکان و نازیە نوێیەکان و دژبەرانی پەنابەرانی بێگانە و تەنانەت بەشێک لە ئەندامەکانی پاڕتە ڕاستڕەوکان خۆیان لە ڕێکخراوێکی تردا ڕێکبخەنەوە ، بەڵام بە ناوێکی تازە کەی پێدەڵێن بزووتنەوەی(پەگیدا).

ڕێکخراوی "پەگیدا" کورتکراوەی " یەکیەتی ئەوروپاییەکان لەدژی بەئیسلامیکردنی ئەڵمانیا و ئەوروپا " یە ، ئەو ڕێکخراوە لە ساڵی ڕابردوو لە ١١ی ئۆکتۆبەر لەلایەن " لوتز باخمان " دامەزرا ، سەرەتا گرووپێک بوون ، چەند ڕۆژ دواتر دەستیانکرد بە چالاکی ڕێپێوانی ئێواران ، لە ٢٠١٤/١٠/٢٠ وە هەفتانە لە شاری درێسدن ڕێپیوان و خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن ، ژمارەی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان زۆر بەخێرایی زیادیکرد ، دیاگرامێکی فەرمی ئاشکرایکرد ژمارەی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی پەگیدا لە شاری درێسدن لە بەرواری ٢٠١٤/١٠/٢٠ دا (٣٥٠) کەس بووە ، هەموو هەفتەیەک ئەو ژمارەیە زیادی کردووە بەتایبەتی دوای ڕووداوەکەی هەفتەنامەی شارڵی هێبدۆ لە پاریس ، پەگیدا ڕۆژی ٢٠١٥/١/١٢ لە شاری درێسدنی ئەڵمانیا خۆپیشاندانێکی (٢٥) هەزار کەسی ڕێکخست ، لەو خۆپیشاندانەدا "پەگیدا" زۆر ژیرانە سوودی لە ڕووداوی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی هەفتەنامەی "شاڕڵی هێبدۆ " وەرگرت و توانی گرووپ و ڕێکخراوەکانی ڕاسیزم و نازیە نوێیەکان و بەشێک لە سیاسیە ڕاستڕەوکانیش لەو بزووتنەوەیە کۆبکاتەوە ، شانبەشانی شاری درێسدن پەگیدا توانی لە چەندین شاری تری ئەڵمانیا خۆپیشاندان سازبکات . ئەو چالاکبوونەی ڕێکخراوی پەگیدا لە ماوەی داهاتوودا ڕەنگدانەوەی دەبێ لەسەر ووڵاتانی تری ئەوروپا ، بەتایبەتی ئەو ووڵاتانەی ژمارەیەکی زۆر پەنابەرانی بێگانەی لێ دەژی لەوانەش فەڕەنسا ، بەریتانیا ، هۆڵەندا ، بەلجیکا ، سوێد . لەبەرامبەر خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی پەگیدای ڕاسیزم ، خۆپیشاندانی پێچەوانە لەلایەن (چەپ)ەکانی ئەڵمانیا ئەنجامدرا ، بۆ نموونە لە خودی شاری درێسدن کە بەچەقی قورسایی بزووتنەوەی پەگیدا هەژمار دەکرێ ، چەپەکان توانیان خۆپیشاندانێکی (٣٥) هەزارکەسی ڕێکبخەن ، تەنانەت لەهەموو ئەو شوێنانەی پەگیدا خوپیشاندانی سازکردووە ، ڕووبەڕووی خۆپیشاندانی پێچەوانەی چەپەکان بۆتەوە و هەروەها تێکهەڵجوونیش لەنیوان هەردوو لا ڕوویداوە بۆ نموونە ، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠١٥/١/٢١ لە شاری " لایپتسیگ " تێکهەڵجوون ڕوویدا بەڵام بەهۆی ئەوەی چوار هەزار پۆلیس لەئامادەباشیدابوون توانرا هەودوولا لەیەکتر دوور بخەنەوە و بەخێرایی کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکرێ.

داعش و ڕێکخراوەکانی گرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی "ئەلقاعیدە" بەهاوکاری حکومەتی تورکیا و چەند وڵاتێکی عەرەبی بەو هەڵوێست و تێڕوانینە هاوبەشەی کەهەیانە توانیان ئایینی ئیسلام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەخراپترین شێوە نمایش بکەن بەتایبەتی ڕووداوی هەفتەنامەی " شاڕڵی هێبدۆ " بووە هۆی ئەوەی لەپاریس ڕێپێوانی چەندین ملیۆنی بەبەشداری سەرکردەکانی جیهان ئەنجامبدرێ و سەنگەرێکی نوێی جیهانی لەبەرامبەر تیرۆر دەستبەکاربێ و مرۆڤایەتی بووە خاوەن یەک هەڵوێست ، هاوکات ئیسلامیەکان لەڕێگەی کارە تیرۆریستیەکانیان توانیان گەورەترین خزمەت بە ڕاسیزم و نازیە نوێیەکان بکەن و ببنە خێراترین و کاریگەرترین هۆکاری لەدایکبوونی بزووتنەوەی "پەگیدا" و گەرمکردنی بازاڕی شەڕ و بەهێزکردنی سیستەمی سەرمایەداری . داعش وەکو "مەلا نەسرەدین" لەسەر دارەکە بەدەستی خۆی ژێر خۆی دەبڕێتەوە، لە ئەوروپا بەگشتی و لە ئەڵمانیا بۆ نموونە ، بە ملیۆنەها مرۆڤی موسڵمان دەژین ، بەهێز بوونی پەگیدا واتە بەهێزبوونی ڕاسیزمەکانی ڕکابەری پەنابەران و بێگانەکان و موسڵمانەکان کە لەو وڵاتانە دەژین لەوانەش پەنابەرانی موسڵمان پشکی شێریان بەردەکەوێ.

بزووتنەوەی پەگیدا لەسەر بنەمای ڕاسیزم لەدایکبووە و لەبنەڕەتدا پەیوەندیە خەیاڵاویەکەیان (وەهمیەکەیان) لەگەڵ تاوانباری جەنگ " ئەدۆلف هیتلەر" هەرماوە، ئەمجارەیان بەو ناوە تازە دەستیان بەکارکرد ، لوتز باخمان چەند ساڵێک لەمەوبەر بەئەنقەست سمێڵی خۆی بەهەمان ستایلی سمێڵی هیتلەر ڕێکخستبوو وێنەیەکیشی لەوکاتەدا بەو ستایلە گرتووە ، لە ڕٶژانی ڕابردوودا ئەو وێنەیەی ناوبراو لە ڕاگەیاندنەکانی ئەڵمانیا بڵاوکرایەوە ، لەلایەن داواکاری گشتی شاری درێسدن دۆسیە لەدژی خاوەن وێنە بەتاوانی لێدوانی نەژادپەرستی و دژایەتیکردنی پەنابەران کرایەوە ، بەوهۆیەوە باخمان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی وەک دامەزرێنەری بزووتنەوەی پەگیدا لە سەرۆکایەتیکردنی بزووتنەوەکە ڕاگەیاند ، ژنێک ناوی (کاترین ئۆرتێل)ە یەکێکە لەسەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە جێگای باخمانی گرتەوە.

چەتەکانی داعش بەهەمان شێوەی نازیە نوێیەکان ، پەیوەندیە ڕوحی و خەێاڵاویەکەیان لەگەڵ تاوانباری جەنگ "سەدام حسێن " هەرماوە ، ئەمجارەیان پاشماوەی بەعسیەکانی عیڕاق بەناوێکی نوێ کەپێی دەڵێن داعش پەرە بە تاوانەکانیان دەدەن.

 

 

fuadzindani@yahoo.de
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک