په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

راستییه‌کان لە مێژوو ناشاردرێنەوە.

 

- وەلامێک بۆ هێمنە رەش -

چالاک کەرکوکی *


شەهید ملازم سەعد، لەدایک بووی شاری بەسرایە و، لـەسالی 1979 دەبێتە پێشمەرگە و،حیزب رەوانەی کۆماری یەمەنی باشووری دەکات، بۆ خوێندن لە کۆلیژی سەربازی،پاش تەواوکردنی و بە پلەی ملازم دەردەجێت و جارێکی تر، بۆ درێژەدان بە خەبات دەگەرێتەوە کوردستان.پاشان لەلایەن تاوانبار هێمنە رەش بەزیندویەتی تەسلیم بـە رژێم دەکرێتەوە و، سالی1989 لە زیندانی ئەبوغریب لە سێدارەدەدرێت.

 

لەسەرەتا دەمەوێت بەوەوە دەست پێبکەم، ئێمە هەموومان لە قسەکانمان زۆر بە توورەیی دژی تاوانەکانی رژیم قسان دەکەین، بەلام بەرگری لە بکەری تاوانەکان دەکەین، بۆیە من لێرە تەنیا ئەوە دەلێم، ئەوانە بەرگری لەم تـاوانبارە دەکـەن بـە شێوازێک لـە شێوازەکان تـاوانبارن، ئـەگەر ئێمە وا بیر بکـەینەوە، کـە ئەمـانە تـەنیا پێشمەرگەکانی لایەنێکی تریان شەهید کردوە، ئەمرۆ لەگەل خۆمانن، ئەو کـاتە سەرتاپای پرۆسەی بزوتنەوەی رزگـاری نیشتمانی و پیرۆزی ناوی پێشمەرگە و بـەرەنگار بوونەوەی رژێمی شوفینی بەعس و تەعریب، دەکـەوێتە ژێر پرسیارەوە. مێژوو لە لاپەرە رەشەکانی خۆی ناویان تۆمار دەکـات. هەموو کـەس دەتوانی خۆی لـە تاوانێک بەرێتەدەر، بەلام دەبێت ئەم بەرگری کردنە لە خۆد، خۆینەران و گۆێگران رازی بکات. هێمنەرەش لەجیاتی ئەوەی ئەمرۆ بێت داوای لێبوردن بکـات و ویژدانی خـۆی ئاسودە بکـات، هـاتووە جارێکی تـر بە شێوازێکی تر دەیەوێت تاوانێکی تر ئـەنجامدا، ئەویش بە خۆدەرباز کـردن لـەم تاوانە و خستنە ئەستۆی کـەسانی تر کـە لـە ژیاندا نەماوەن. ئێستا خۆت و شوانەی کادیر کـە هەردووکتان پێکەوە لە شاری (....) لە هۆلندا دەژین و ئەم درۆیەتان هۆنیوەتەوە، بـۆ ئەوەی خۆتان بخەنە دەرەوەی تاوانەکە، بـۆ تا ئەوکاتەی ئەمـانەی ناویان دەبەیت لـە ژیان مابوون، شتێکت لـەسەر ئەم تاوانە نەدەنووسی!!! من دەست خۆشی لـە ئازایەتی ویژدانی زیندوی ئـەم کاکـەیە دەکەم کـە بە ناوی پێشمەرگەیەک وەلامی داویتەوە، هیوادارم بتوانێ ئەم جارە بە ناوی خۆی و روونتر رووداوەکە ئاشکرابکات. هێمنە رەش؟ ئەم وێنەیە لەگەل بابەتەکە بلاو کراوەتەو چون نایناسیەوە!!! ئەوە بوو کە تۆی فس فس پالەوانی شەری برای کـوژی بۆ پاراستنی ژیانـی سەرشوریت، بـەزیندویەتی تەسلیم بە رژێمت کردەوە، ئـەم وێنەیە وێنەی شەهید ملازم سەعدە، دەزانم نای ناسیوە چونکە دلنیام، ئەو کاتەی بەدیلی و دەست بەستراوەیش لات بووە، ئەو جورئەتت نەکردیە سەیری چاوەکانی کەیت، خۆ تۆ لە ئێمە باشتر دەزانی هەلوێستی ملازم شەهید سەعد چون بوو لەکاتی لێکولینەوە، ئەو کاتەی ئاغاکانت پێیان ووت تۆ عەربی شەرم ناکەیت ئـەم جلە کوردیت لـەبەر کردوە، لـە وەلامدا وتبووی ئەم جلە، جلی پێشمەرگایەتیە کە لەبەرمندایە، بۆمن شەرەفێکی گەورەیە. دەزانی مەلازم سەعد لـە زیندانە هیچ نەهێنیەکی نەدرکاند و بە سەربەرزی شەهید بوو، ئەم ژیانە سەرشوریەش بۆ تۆی زەلیل با سەد سالی دی بێت.من دلنیام ئەگەر یەک تۆز ویژدانت زیندوبێت،ئەوە هەموو رۆژێکت سەد مردنە،

من کەسایەتی هێمنەرەشم وەک مـرۆڤ بۆ ناخۆێندرێتەوە، کـە هێرش دەکـاتە سەر ئـەم پێشمەرگەیەی وەلامـی داوەتەوە، بە ترسنۆکی ناو دەبات، گوایە جەنابی ئازاو نەترسە، بـەلام ئەوەی لەبیر چووە، کـە تاوانی شەهید کردنی پێشمەرگە بـەم شێوازە تەنیا لـەکەسانی ترسنوک و بودەلە دەوەشێتەوە، پێوەری ئازایەتی، مرۆڤ کوشتن نیە لـە پێناو رزگار کـردنی گیانی خـۆتدا، هـەر مرۆڤێک یەک زەرە شەهـامەتی تێدابێت ناتوانی ئـەم تاوانە ئـەنجامـدا، جەنابت دەتەوێت بـەم گێرانەوەیە وا نیشاندەیت، کـە تۆ ئاگـاداری پەیوەندی هێزەکەت و دەزگـا نهێنیەکانی رژێم نەبویت!!!!!تـۆ خـۆت بـەرپرسی یەکـەمی هێزەکە بوویت، چون کـەسانی تـر دەتوانن دەستی پێشمەرگەیەک ببەستن و تۆش لێی بێ ئاگابیت!!خۆت دەلێیت بەپەلە بریندارەکانم هەلگرتوو بۆ دوور کەوتنەوە لە شوێنەکە، چووینە شووێنێکی نزیک، وابریاریشمان دا ئەگەر ئەم شەو هیچ روونەدا بەیانی عەسرکەی، دێنەوە جەنازەکان دەنێژین!!! واتە جەنابت دەست نیشتانی شوێنەکەت کردبوو کە بۆی چوون، هەر خۆشت دەلێت بەیانی پێش ئەوەی بـەخـۆ بکەوین هێزەکەی دەزگا نەهێنیەکانی رژێم لێمان نزیک بوونەوە، وا دیار بوو رەفعت وسیروان سەعاتی سفریان لەگەل ئـەم هێزەی رژێم دانابووە!!! ئەگـەر پێشوەختە شوینەکەتان لـەگەل رژێم دەست نیشان نەکردبێت، چ رێکەوتێکە!!رەفعت و سیروان شوێنیک دەست نیشان دەکەن بۆ رژێم!!تۆش هێزەکە دەبیتە ئەو شوێنە یان ئەو کاتەی رەفعەت بە سیروان دەلێت ئەوە هێزەکە هات، ئەگەر لە هەلویستی جەنابت دلنیانەبوونایە، چون حسێبیکیان بۆ جەنابت نەدەکـرد، یان هـەر بە لایەنی کـەم چەکیان لێنەدەهینایەوە!!!باشە هێمنە رەش؟ لـەم کاتەدا کە هێزەکەی رژێم نزیک بووە و رەفعت ووتی ئەوە هێزەکە هات، تۆ چون وا بەئاسانی تەسلیم بویت!!! لە قسەکانی خۆت تۆ چەندین چالاکیت دژی هێزەکانی رژێم ئەنجامداوە!!! نەتدەزانی ئـەم چالاکیانە لە روانگەی رژێم تاوانە و تاونیش سزای خـۆی هەیە!!! چون وا بەئاسانی خۆت دا بـەدەست رژێمەوە؟؟؟ ئەگەر لـە ناوەرۆکی رێکەوتنەکەی هێزەکەت و دەزگا نەهێنیەکانی رۆژیم ئاگادار نەبووی؟؟ بۆ بیرت لەوە نەکردەوە تۆ کالایەکی لـەو سەودایە؟؟ کـە پاشان دووچاری چـارە نووسیێکی نادیار دەبیتەوە!!! هێمنە رەش؟ دەزگا نهێنیەکانی رژێم ئەوەند سادەبوون، کە پەیوەندیان لە نێو ئەم هێزەدا تەنیا لەگەل چەند کەسێک هەبێت و وا بەبێ ترس بێنە نێوتان!! یان ئەوکاتەی هێزەکەی رژێم هات بۆ هێچیان لە جەنابت نەکرد؟؟؟ خۆ بە قسەکانی جـەنابت تۆ ئاگاداری هیچ نەبویت!!! لەو کاتەدا تۆش بۆ رژێم دەستکەوتی، ئەگەر ئاگاداری هیچ نەبوبیت!!!! دەبێت رژێمی بەعس ئەوەندە سادەبێت، پاش ئەو هەموو سالانەی پێشمەرگایەتیت و بەرپرسیارییت و تەسلیم بکرێیتەوە، لێت ببوورن و بتکەن بە ئەندامێکی ( ئیستخبارات ) !!!! ئەگەر ئەو قسانەی جەنابت راستبێت!! بۆ پاش ئازاد کردنت و بویت بە داش دامەیەکی ( ئیستخبارات )،خۆت لـەم رۆلە چەپەلـە رزگار نەکردوو، خـۆت نەگەیاندە هێزی پێشمەرگـە!! خـۆ مەفرەزەکەی کاک عوسمانی حاجی محمود لە ناوچەکە بوون، یان ئەوکاتەی هێزەکەی رژێم نزیک بووە، بۆ هاورێ شەهید ملازم سەعدت شەهید نەکرد تا بـە زیندویەتی نەکەوێتە دەست رژێم و، رژێم لـە رێگای جلە کـوردیەکەی ئیهانەی گەلی کـورد نەکات!!!! یان وەک هـەموو مرۆڤێکی ترسنوک و بێ شەهامەت رزگـار کردنی گیانی خۆت لا گرنگتربوو و،لە گیانی تێکوشەرانی تر، مرۆڤی ئازا کەلە رووداوێک دەروخێت،دەستی ناچێتە خوێنی تێکوشەرانی تر، بەلام نە ئازایەتی نە شەهامت لەکەسایەتی جەنابتدا نیە!!! هێمن لەم پرۆسەیە جەنابت داهێنەر نەبویت، بەلکو جێ بەجێ کـەری بەرنامەی دەزگا نهێنیەکانی رژێم بوویت، کـە پێش تو لە دەشتی هەولێر بـە هەڤالانت سەلاح شینەی سەرتیپ و نورەی جێگیری سەرتیپ ئەنجامیاندابوو. کە ئەوانیش هاوشێوەی جەنابت تەنیا بـۆ دیل کوشتن ئازابوون، لـە کۆتایدا کۆمەلێک پێشمەرگەی حیزبی شیوعیان شەهید کـردو چونەوە نێو ئەو دەزگـایانەی دەمێک بوو وابەستەیان بوون.

من ئێستا دێمە سەر ناوەرۆکی باسەکـەم، لـەدوای ئەنفال ئێمە کۆمەلێک پێشمەرگەی حیزبی شیوعی بووین لـەم ناوچەیە، هێزەکانی ئێمە لەم ناوچەیە، لە چەند مەفرەزیەک پێکهاتبوو، من لەو مەفرەزە بووم کە لە هاورێیان شەهید ملازم سەعد و شەهید چیا وشەهید دلشاد و شەهید سلام و هاورێیان جمال( عزدین نوری فەقێ ) و سیروان ی مام هیدایت و ئاسۆ کرکوکی و ئاسۆی مام جوهر و هەلکەوتی مام عەلی، پێکهاتبوو، مەفرەزەکەمان لە ناوچەی زەنگە بوو، ناوچەی زەنگەنەش دەکەوێتە ئەم ناوچەیەی کە هێمنە رەش تاوانەکەی تێدا ئەنجامدا. لەو رۆژانەدا بـە نیازبووین بۆ ناوچەی قەرەحەسەن بچین، کاتێک لـە گوندی قەیتول نزیک بووینە کـەوتینە کەمینەوە، بۆیە نەمان توانی بپەرێنەوە. گەراینەوە نزیک گوندی گولباخ هەر لەو شوێنە تووشی مەفرەزەیەکی یەکێتی بووین، کە ماموستا کاکەرەش سەرپەرشتی دەکردن، ئەوان کۆمەلێک پێشمەرگە بوون، ئەوانەی لەبیرم ماون بێجگە لەماموستا کاکە رەش، ماموستا نەجات و جوتیارە سوور و رەشید هەرێنەیی و جمال ناوێک بوون، ئێمە لەگەل ئەم مەفرەزەی یەکێتی شەوێک پێکەو بووین. بۆ بەیانی وا بریارماندا، بە هۆی زۆری کەمین لـە ناوچەکـە با هەموومان پێکەوە نەچینە ناوچەی قەرەحەسەن، بـەلکۆ لـە سەرەتا مەفرەزەیەکی سێ کەسی بچێتە ناوچەکە و پاشان ئـەوانی تر بچین، مەفرەزە سێ کەسیەکە کە پێکهاتبوو لە هاورێیان، شەهید مـلازم سەعد و چیا و دلشاد بەرێ کەوتن، هـەر ئەوکاتی هاورێی شەهید سەلامیش لـەگەل ئاموزاکەی کـە ناوی سەید بابە بوو، پێشمەرگەی یەکێتی بـوو چوون سوراغی مـالەوە بکەن. ئێمەش لـە ناوچەی زەنگەنە لە کەلۆزی قادر احمد جێگیر بووین و لـەم شوێنەش برێکی باش خۆراکمان دابینکردبوو، ئێمە زۆر بەباشی چاودێری ناوچەکەمان دەکرد،رۆژێک لە دوورەوە بە دووربین سەیری ناوچەکەمان دەکرد، کۆمەلێک پێشمەرگەمان دی،بەرەو لای ئێمە دەهاتن،کە نزیک بوونەوە دیمان پێشمەرگەکانی یەکێتین، ئەوانەی لـەبیرم ماون ئەمانەبوون، شوانەی کـادیر و قالە مـەملێ و جوتیارە سور و رەشید هـەرێنەی و سیروان دێ رەشی و مەهدی و کۆمەلێک پێشمەرگەی تر کە ناوەکانیانم لە بیر نەماوە. هەر لەسەرەتادا پەشێویان پێوە دیار بوو، بـەلام کە کەوتنە قسەکردن، بـاسی وەزعی خراپی خویان کرد، کـە گـوایە دوژمن لـە ناوچەکـە جموجۆلی زۆرە و ژیانی هەموومان لە مەترسی دایە، بەلام لە راستی وانەبوو، هێمنە رەش ئەوانەی بۆ لای ئێمە ناردبوو و، کـۆمەلێکیشی بـۆ گەران بەدوای ئەو مەفرەزەیە ناردبوو کـە لـە ناوچەی قـەرەحەسن بوون، بـەلام نەیانتوانیبوو مەفرەزەکەی هاورێی شەهید ملازم سەعد بدۆزنەوە، بەهۆی ووشیاریمان نەیان توانی دەست لە ئێمەش بوەشێنن، ئێمە لـە ناوچەکە ماینەوە تا چـەند رۆژێک باشان هـاورێ ئەبو نەوروز هاتە لامـان و داوای لێکردین کە ناوچەکە جێ هێلین، چونکە ناوچەکە جموجۆلێکی زۆری دوژمنی تێدابوو. بۆیە بـۆ شەوی داهـاتوو ناوچەکەمان جێ هێشت و چوینە شوێنێکی تر، پاش چەند رۆژێک هەوالی شەهیدبوونی هاورێیانمان پێگەیشت، کـە لە تورکە شەهید کراون، وەک پێشتر باسمان کرد، بەهۆی بوونی کەمینێکی زۆر لـە ناوچەکە، نەمان توانی یەکسەر بۆ شوێنی روداوەکـە بروین، بۆیـە پاش دوو رۆژ گەیشتینە شوێنەکە، ئێستاش روداوەکە لـەبـەر چاومە. هاورێیان شەهید سەلام و شەهید دلشاد لـە پال ێکەوە شەهید کـرابوون و هـاورێ چیا هـەندێ لـە دووری وان کەوتبووە نێو ئاوەکە، زۆر بۆ هاورێی شەهید ملازم سەعد گـەراین نەمان دۆزیەوە، مـن ئەوە زیاتر لـە 20 سالە ئەم وێنەم لە بەر چاو وننابێت، سێ هاورێ تا دوێنی لەگەلماندا بوون، هەموو ئامانجیان بەرگری کردن بوو لـەم ناوچەیە،ئەمرۆ بەدەستی کۆمەلێک بەناو پێشمەرگە تەنیا بۆ رزگار کردنی گیانی خۆیان شەهید دەکرێن وێنەکە تا ئێستاش هەر لەبەر چاومە. لاشەی سێ هاورێ بێ گیان لەم ناوەیە کەوتووە، کۆمەلێک وێنەی دراو لەو نێوەدا کەوتووە و، گۆرەپانی تاوانەکە کۆمەلێک کاغەز تێیدا پەرت ببوو پێداویستیەکانی رۆژانەی شەهیدەکانیش لەو نێوەدا پـەرش و بلاو ببۆوە وە، ئاربجیەکیش لـە شوێنەکە بـەجێمابو. دوایی بۆمـان دەرکەوت، وێنەکان وێنـەی هـاورێیان بووە دراندبویان، کــە هێمنە رەش بــە درۆ دەلێت من و شوانەی کـادیر سوتاندمـان، کـاغزەکانیش ئەوانەبوون، کــە تاونباران ئەوانەی بەگرنگیان زانیوە بردبویان و ئەوانەی بەبێ کـەلکیان زانیبوو، بەجێیان هێشتبوە. ئێمە لــە ناوچەکە زۆر لــە هاورێ ملازم سەعد گـەراین، بەلام نەمان دۆزیەوە و ،پاشان لــە شارەوە هەوالمان بۆ هات، کە تاوانبار هێمەنە رەش بۆ رزگارکردنی گیانی خۆی و تف کـردن لە رابردووی وەک دیاری بـۆ رژێمی ئەنفال بردۆیەتەوە. چونکە مەرجی سەرەکی رژێم بۆ لێبوردنیان تاوانی دەستگیر کـردنی هـاورێ شەهید ملازم سەعد بوو بە زیندویەتی.

ئێمە نەمان زانی کەی و چون هاورێ شەهید سەلام لەگەل ئەم هاورێیانە یەکێگرتۆتەوە، بۆیە لەسەرەتا کە سێ تەرممان دی، وامان زانی ئەوانە تەرمی شەهیدان ملازم سەعد و چیا و دلشادن، بەلام کە نزیک بووینەوە بۆمان دەرکەوت کە تەرمی ملازم سەعدی لەگەل دانیە، بەلکو تەرمی سێیەم هاورێ شەهید سەلامە، بەلام نەمان زانی چون و کەی هاورێ لەگەل ئەم مەفرەزەیە یێکیگرتۆتەوە، چونکە شەهید سلام ئەوکاتەی لە نزیک گوندی گولباخ بووین لەگەل سەید بابەی ئاموزای بۆ سوراغی مـالەوە چووبوون.پاشان ئێمە کۆمەلێک پێشمەرگە، لــە شوێنێکی بەرز لە تورکە چالێکی گەورەمان هەلکــەندو تەرمەکانمان لــە نێو بەتانیەکانی خۆیاندا، لــولداو هەریەکێ ناوەکانمان نووسی و خستمانە نێو ئەو شوشانەی بۆ چا خواردنەوە پێیان بوو، شوشەکانیشمان خستە ژێر سەریان و، بە پەلە ناوچەکەمان جێ هێشت چونکە دەمانزانی رژێم بەرۆژ بۆ کەمین دانانەوە دێتە ئەم ناوچەیە.

پاش رۆیشتنی 7 سەعاتێک بەرەو گەرمیان چوینە دۆلێک سەیرمان کرد، سێ پێشمەرگەی یەکێتی بە ناوی( سەید بابە ئاموزیای شەهید سەلام و یاسینە بچکۆل و یەکێکیتر بوو ئێستا ناوەکەیم لە بیر نەماوە) خەوتبوون و پێش بە ئاگاهاتنیان ئێمە کەوتینە سەریان، پێشمەرگەکانی ئێمە لە حالەتێکی تورەیی دابوون بە هۆی ئەو تاوانەی هێمنە رەش ئەنجامی دابوو، بۆیە هەندێ لە پێشمەرگەکانی ئێمە دەیانوسیت ئەم سێ پێشمەرگەی یەکێتی چەک بکەن، بەلام هاورێ نەجات کە بەرپرسی سیاسی هێزەکەی ئێمەبوو، پێشمەرگەکانی ئێمەی هێمن کردنەوە ووتی ئەمانە گوناحیان نیەو بێ تاوانن، بەلام زۆر بە توورەی بە سەید بابەی ووت ئەگەر هاورێ سەلامت لەگەل خۆت نەبردبایە بۆ سوراغی مالەوەتان، ئێستا لــەگەل ئــەم شەهیدانە نەدەبوو، بـــەلام ئـەوان پەشۆکابوون هیچ قسەیەکیان نەکرد تەنیا لـە بێ ئاگایی خۆیان لە تاوانەکە رادەگەیاند.پەشوکایەکەشیان لەوەوە هاتبوو وایان دەزانی ئێمەش وەکو وان لــە تۆلەی شەهیدانەکانمان ئەوان دەکوژین، بەلام پێشمەرگەکانی ئێمە بــەو لۆژیکە مامەلەیان نەدەکرد؟؟؟تەرمەکانی ئەم سێ شەهیدە تا سالی 1992 لە هەمان شوێن بوون، بەلام حیزب لە سالی 1992بە مەراسیمێکی شایستە ئەم تەرمانەی هێناوە شاری کلار و بە خاک سپێردران

هێمنەرەش چونکە بەرپرسی یەکەمی هێزەکانی یەکێتی بوو لە ناوچەکە، توانی هەموو پێشمەرگەکانی یەکێتی کە ژمارەیان 25 کەس دەبوو،لەگەل خۆیدا بیانباتەوە، بێجگە لە ماموستا کاکە رەش و ماموستا نەجات و جەمال نەبێت،ئەم سێ پێشمەرگەیەش ماوەیەک بوو گومانیان لە هەلسوکەوتی هێمنە رەش هەبوو کەپەیوەندی بەرژێمەوە هەیە، بۆیە خۆیان لــە ناوبراو شاردبۆوە، پێش رۆداوەکە بــە چەند رۆژێک جوتیارە سوور وو رەشید هـەریەتی، ( جوتیار برادەری قوتابخانەم بوو) ئاگاداری مـن و هاورێ جەمالیان کردەوە کە ئەم ناوچەیە جێهێلین، چونکـە وەزعەکە خراپ و هێمنە رەش نیازی خراپە بەرامبەر پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی.

ئەو دوشکەیەی هێمن باسی دەکـات، ئەو کاتی مـاموستا کاکە رەش بە هـاورێ جەمـالی ووت، ئێمە دۆشکایەکمان شاردبۆوە، رژێم هاتووە دەریهێناوە و بردویەتی، بۆیە من گومان هەیە، کــە هێمنە رەش پەیوەندی لــەگەل رژێم پەیداکردوە. ماموستا کاکەرەش برادەری هـاورێ جمال بوو ئەوان هەردووکیان کوری یەک گـەرک بوون، بـۆیە ئەو گومانەی هەیبوو لە هێمنەرەش، وەک وەفایەک بۆ هاورێ جەمالی ئاشکرای کرد.

بــۆ هێمنەرەش باشترە باسی دانیشتنەکانی خـۆی و دەزگا نهێنیەکانی رژێم بکات لــە قەیتول نەک رێزکردنی کۆمەلێک درۆ کە کــەس باوری پێناکــات. هێمن درۆکانت ئەوەندە سادەن منالێکیش بروات پێناکات، لــەبەشی چوارەمی درۆکانت،دەلێت( بەپەلە رام کرد بەرەو تەقەکان کاک شوانی کادیرم بینی لێم پرسی چییە گوتی نازانم وەلا بەپەلە رامان کردو هاوارم کرد بەسە تەقە مەکەن ئەوە چی بووە کە گەیشتم روانیم جەنازەو بریندار تێکەل ببوو کەمێکی ویست تا بزانم چی رووی داوە سەیرم کرد جەنازەری سێ پێشمەرگەی حیزبی شیوعی کەوتوە سیروان دێ رەشەیی زۆر بەخراپی برنیدارە و رەفعت و ئیسماعیل قولەیی و کـاوەی لای منیش بریندارن بەس برینەکـانی ئەمان سوک بوون پێشمەرگەیەکی حیزبی شیوعی مابوو لەکاتی تەقەکاندا خۆیدا بوو بە ئەرزا نەپێکرابوو،هەردوو دەستیان بەستبووە و چەکیان کردبوو.) پاشان جارێکی تر دەلێت (بە دەم رۆیشتنەوە بینیم پێشمەرگەکەی حیزبی شیوعی دەستی بەستراوەتەوە. ووتم بۆ دەستتان بەستۆتەوە؟ رەفعت ووتی با رانەکا و ئیخباریمان بکا!!!) هێمنە رەش خۆشت نازانی چـون دروکانت رێز کـردوە، بـە قسەی خۆت ئەوکاتەی لـە شەهید مـلازم سەعد نزیک بویتەوە، داوای دراندنی وێنەکان و نووسراوەکانی نێو باغـەلی لێکردی!!! بـۆ داوای دەست کردنەوە ئازاد کـردنی لێنەکردی،!!!!! ئەمە وادەگەینێت شەهید زانیوەیەتی تەسلیمی دەکەنەوە، ئەوە لەوە کاتە بووە بەقسەی جەنابت هێشتا تـۆ نەتزانیوە بەیانی هێزەکــانی دەزگا نهێنیەکان دێن و دیاریەکەتان لێوەردەگرن!!! هێمنە رەش؟؟لـە دروکانت دەلیت: ئێوارەکەی لەگەل شوانەی کادیر وێنەکان و کاغزەکانمان سوتاند!!! کەوا نیە، ئەگـەر وابێت بۆ بیرتان لەمە کردوە!!دەترسان بکەوێتە دەست کێ خۆ لای ئێوە بوو و دەستی بەسترابۆوە،ئەوکاتەی پاساوی رەفعت بۆ دەست بەستنەوەی شەهید ملازم ئیقناعی کردی!!!! باشە بـۆ ئەوکـاتی شەهید مـلازم سەعدی داوای درناندنـی وێنەکان و کـاغزەکانی لــە تۆ و شوانەی کادیر کــرد، واهەستت نەکرد ئەم پێشمەرگەیە لـە تەسلیمکردنەوەی دەترسێت!! هەر بیرۆکەی سوتاندنی وێنەکان و کاغزەکان گـەواهی ئەوە دەدەن کـە جەنابت لـە پرۆسەی تەسلیم کردنەوەی شەهید ملازم سەعد دابویت، نەوەک چ پێویست بە سوتانی وێنەو کاغزەکان دەکات؟؟؟


هێمنە رەش بـۆ باسی ئەوەناکـەیت تا راپەرین چ ناسنامەیەک لـە گیرفاندا بوو و چ کارە بووی. ئەگەر دەتەوێت ئەم تاوانە لـەسەر خۆت لادەی ئەوە دادگـا هـەیە، دەتوانی ناوی خۆت و ناونیشانت لە هولەندا ئاشکرابکەیت و داوی چونە پێش دادگا بکەیت.

لەکۆتایدا تەنیا ئەوە دەلێم هێمنە رەش بکـەری سەرەکی ئـەم تاوانەیە کـە تا ژیان مابیت ئەم تاوانە لە ناوی هێمنە رەش جیا ناکرێتەوە، ئەمـرۆش نەبێت، دەبێت ئـەم تاوانە بچێتە دادگا و دادگا بریاری کـۆتایی بـدات و تاوانبار بەسزای خۆی بگات و کۆمەلانی خەلکی کوردستانیش نەفرەت لە تاوانبار بکەن.


بەرزو بەرێز بێت گیانی شەهیدانی حیزب و گەل، شەهید ملازم سەعد و شەهید دلشاد وشەهید چیا و شەهید سەلام.
_____________________
* پێشمەرگەی دیرینی ناوچەی گەرمیان.