په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٢\٢٠٢٣

راستییەکەی دیموکراسی لە بەریتانیادا.


زاھیر باھیر       


بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ کە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا بڵاوکرایەوە بەریتانیا تەنها لە پلەی سێیەمی پێوەرێکی نوێی جیهانیدایە سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین و سیاسەتەکانی حکومەت لە ترساندنی رۆژنامەنووسان بە یاسایی و نایاسایی. ئەو راپۆرتە* ئاوا لە بەریتانیا دەدوێ.

توێژینەوەکە پی لەسەر ئەوە دادەگرێ بۆ نموونە کە ساڵی ٢٠٢١ بەریتانیا تەنها بە نیوە ناچڵی کراوە بووە سەبارەت بە پێوەرە سەرەکییەکان. ئەمەش بە بیانوی " کاریگەری ساردبوونەوەی" لە سەر سیاسەتەکانی حکومەت هەیە.

ئەم توێژینەوەیە زۆر لایەنی گرتوتەوە لەوانە دەڕبڕینی راوبۆچوون، پارێزگاری لە رۆژنامەنووس و مافەکان و لەوانە مافی خۆپیشاندان و پرۆتێست و لێپرسینەوە لە بەرپرسان لە کردنی گەندەڵی و شتی ناڕێکدا تا دەگاتە پرسی ئەخلاقی. هەر لەم چەند رۆژەی پێشوودا بوو کە رۆژنامەنوسێك رووبەڕووی وەزیرە گەندەڵە کوردەکەی بەریتانیا بووەوە سەبارەت بەو سەرپێچییەی کە کردویەتی لە نەدانی باجی تەواودا، یەکسەر ئەو هەڕەشەی لێکرد وتی دەتدەم بە دادگا.

وڵاتانی وەکو ئیسرائیل، شیلی، جامایکا هەرەوەها نزیکەی هەموو دەوڵەتانی ئەوروپا لە پێش بەریتانیاوەن سەبارەت بە دەربڕینی ئازادیی، کە رەنگە ئەم وڵاتانە لە پلەی یەکەم یا دووەمدا دانرێن. بەریتانیا لە ریزی مۆلدۆڤا، پەنەما، رۆمانیا و ئەفریقیای باشوور دانراوە.

ئەو دەوڵەتانە کە لە هەژاری و خراپی مافی مرۆڤ و نەبوونی ئازادی دەربڕیندا تۆمارکراون ئەمانەن: بەحرەین، بیلاڕووس، بۆرما/میانمار، چین، کوبا، گینیا ئیکواتۆراله، ئێریتریا، ئێسواتینی، لائۆس، نیکاراگوا، کۆریای باکوور، سعودیە، باشووری سودان، سوریا، تورکمانستان، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، یەمەن. قەتەر و روسیا لەو وڵاتانەن کە لە ئازادی دەربڕین و دەستکەوتنی زانیاریدا لە هەرە دەوڵەتە رێگرەکانن لە دەستکەوتنی ئەو زانیارییانە.

لەو بوارانەی کە بەریتانیا بە نیوەیی یا نیوەناچڵ کراوەیە بواری: رۆژنامەنوسانی بێ سنوور، پێوەرەکانی ئازادی رۆژنامەگەری جیهانی، و روانگەی رۆژنامەنووسانی یونیسکۆ لە چاودێریکردنی رۆژنامەوانە کوژراوەکاندا. راپۆرتەکە باسی ئەوە دەکات کە ئۆسترالیا و ئیرلەندە باشتر پارێزگاری لە مافی ئازادیی دەربڕین دەکەن، هەروەها چەند نموونەیەك دەهێنیتەوە کە لەسەر ئازادی دەربڕین یا گیراون یا گێچەڵیان پێکراوە ئیتر لە رێگای یاساوە بێت یا بە نایاسایی.

روس ئەندەرسۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئیندێکس لەو بارەوە دەڵێ ''رەنگە وا دابنێیت کە ئێمە لەگەڵ وڵاتانی وەک ئوسترالیا و ئێرلەندا و ئەوانی دیکەدا لە یەك ریزداین، کە لە راستیدا پارێزگاریی باشترلە ئازادی رادەربڕین دەکەن. بەڵام بەڕاستی پێموایە چاومان لەسەر تۆپەکە لابردوە. ئەوە شۆکێکە، بە تایبەت لە ژینگەی ئێستادا کە خەڵک زۆر باسی ئازادی رادەربڕین دەکەن و زاراوەی وەک بە ئاگابوونەوە بەکاردەهێنن''.

ئەمەی کە باسکرا ساڵی ٢٠٢٢ی لەسەر نییە یا پلانی نوێی حکومەتی لێ بەدەرە کە بە تەمای دەرکردنی چەند یاسایەکن کە لە راستیدا ئەو ئازادییانەی کە چالاکی سیاسین و یاساخ ناکرێن دەگمەن دەبن. گەر ئەوانە بوونە یاسا بەریتانیا رەنگە بچێتە ریزی ئەو وڵاتانەی کە لێرەدا ناونووس کراون.

_____________________________________________
* دەتوانن زانیاریی پتر لە راپۆرتەکە وەدەستبهێنن:
UK placed in third tier in global index of free expression
www.theguardian.com/politics/2023/jan/25/uk-placed-in-third-tier-in-global-index-of-free-expression

 

ماڵپەڕی زاهیر باهیر
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک