په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٤\٢٠١١

راستیەک لەسەر کۆنگرەى یەکگرتن و

یەکبوونى چەپەکانى کوردستان.


حەمەڕەش ئەحمەد  


بزوتنەوەى چەپ لەکوردستان میژوویەکى رۆشن و دیرینى لەناو بزوتنەوەى رزگارى خوازى گەلەکەماندا هەبووە لەسەردەمى قۆناغە جۆراو جۆرەکانى سەختى خەبات و رۆژگارە پرلە مەترسى وناخۆشەکاندا دەورى بەرچاوی هەبووە، وەک هەمیشە لەسەنگەرى پێشەوەى داکۆکى کردندابوون لەبەرامبەرداگیرکەرانى گەلەکەمان،وابەستەبوون بەئایدۆلۆژیاى حیزبى و پشت بەستن بەقوتابخانەى فکرى وسیاسى یەکێک بووە لەتایبەت مەندییە کانى لایەنە چەپەکان هەربۆیە کادرەکانیان بەئاسانى پۆلێن دەکران لەگەڵ لایەنەکانى ترى سەرگۆرەپانى خەبات.

 

دواى راپەرینى گەلەکەمان لەساڵى 1991 لایەنە سیاسیە چەپەکان نەک نەیان توانى لەگەڵ هاوکێشەى نوێ هەنگاو بنێن بەڵکو زۆربەخێرایى کێرڤى جەماوەریان هاتە خوارو لەروى قەبارەو پێک هاتەوە بچوک بوونەوە،لەکاتێکدا دواى ئازادى باشورى کوردستان لەهەموو کات پێویست تربوو کە یەکگرتووبن بۆ زاڵبوون بەسەر جیاوازیەکان و نەمانى پەراگەندەیى بزووتنەوەى چەپى کوردستانى ، بەداخەوە هیچ هێزێکى سیاسى خۆى نەکرد بە خاوەنى گرێدانى هزر و تواناى ئەو کەسایەتى و رێکخراو لایەنانەى بەرگرى لە مافە سیاسى و کۆمەڵایەتى و مەدەنیەکان دەکەن، بۆیە دەکرێت بڵێن تاکو نەفەس و هیوایەک بۆلایەنە چەپەکان ماوە پێویستە بە هەستکردن بە لێپرسراویەتێکى کوردانە خەباتى بێ وچان بکرێت بۆ چاکسازى ریشەیى و دووبارە بنیاتنانى تەوژمى بیرى چەپى کوردستانى.

 

ئەزموونى هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق باشترین بەڵگەن بۆدەرخستنى تواناى جەماوەرى حیزب و لایەنە چەپەکان ئەوە لەکاتێکدا بەسەدان کادر و کەسایەتى سەربەخۆى چەپ و پیِشکەوتوخواز لە گۆرەپانى سیاسى کوردستاندا بوونیان هەیە بەڵام لەوپەرى پەرتەوازەیدان و هیچ هێز و بزووتنەوەیەکى چەپ لە کوردستان نەیتوانیوە ببێتە سێبەر بۆیان واتا دواجار دوور لە بیرکردنەوەى تەسک و بەرژەوەندى تاکە کەس چەپەکانى کوردستان پێویستە گەڵاڵەى پرۆژەیەکى سیاسى و فکرى بکەن بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەى ئێستا تێى کەوتوون.

 

پرۆژە ى یەکگرتنى (پارتى کارى سەربەخۆیى کوردستان و پارتى چەپى کوردستان و کۆمەڵێک لەسەرکردەو کادرە دێرینەکانى حیزبى شیوعی) کە بریارە لەئایندەیەکى زۆرنزیکدا کۆنگرەى یەکگرتن بەبەستن و رەوت ومەیلى بزوتنەوەى چەپ لەکوردستان پەرە پێبدەن لەپێناو ئایندەیەکى پێش کەوتو واقیعیانە بۆگەلەکەمان ، بەدیدى من کۆنگرەى چەپەکان ئەگەرچى لەسەرەتادا کارى گەرى و رەنگدانەوەکانى وەک پێویست دەرنەکەوێ ئەوەلەئایندەدا خزمەتێکى گەورە تەواوى رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و بیرى نوێى کوردانە دەکات لەهەمانکاتدا سەنگ و ئیعتبارێکى گەورەش بۆتەواوى ئەو حیزب کەسایەتیانە دەگەرێنێتەوە کە تاکو ئێستا پەرتەوازەونایەکگرتوو ماونەتەوە.

 

بۆیە پێویستە هەموولایەنگرانى بیرى چەپ لەکوردستان لەپشت پرۆژەى یەکگرتنى تەواوى چەپەکانى کوردستاندابن نەک بیرۆکەى یەکگرتن قەتیس بکرێت لەنێوان چەند حیزب ولایەنێکى سیاسى.


hamarash_79@yahoo.co.uk

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک