به ناوی کوردستانی گه‌وره
راڤه‌ی '' دا ''، له زمانی کوردی دا :
ح.س.سۆران
(زمان پێناسه‌ی گرنگی نه‌ته‌وه و که‌ره‌سه‌ی هه‌رمانی گه‌لانه)
له زمانی کوردی دا ، زۆر خاڵی وا هه‌یه ، که یا به چه‌شنێکی وا نایه‌ته به‌ر چاو یا ئه‌گه‌ر بێتیش ، به رواڵه‌ت پێمان زۆر چکۆله ده‌نوێنێ ، که‌چی ، کاتێک راڤه و شڕۆڤه‌ی ده‌که‌ین ، ده‌بینین کۆڵێک ئه‌رکی زماسازیان به‌سه‌ر شانه‌وه‌یه . بۆ وێنه یه‌کێک له‌و خاڵانه پێشگری " دا " یه ، که به چه‌شنی ده‌فر و حاجه‌ت ( ظ‌رف) ی کات و جێگه‌ش ، که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گیررێ :
- کاتێک به چه‌شنی پێشگر که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گیردرێ ، زۆرتر مانای وشه‌ی down ێ زمانی ئینگلیسی ده‌دا ، وه‌ک " دا+به‌زاندن " ، که له زمانی ئینگلیسی دا ، پێی ده‌ڵێن downloading . ده‌توانین بڵێین ، پێشگری " دا " ، به پێچه‌وانه‌ی ، پێشگری " هه‌ڵ " ی زمانی کوردی ، که به مانای "بۆ سه‌ره‌وه" یه ، ئه‌م به مانای " بۆ خواره‌وه" یه و زۆرتر به پێش کرداره‌کانه‌وه ده‌نووسێ ، بۆ وێنه وه‌ک مشتێک له گشتێک :
1- " دا " ، وه‌ک پێشگر :
دا به‌زاندن . دا به‌زین . دا بوون ( کووڕ کردنه‌وه‌ی پشت ) . دا بڕین . دا په‌ڕین . دا پڵۆسین . دا چوون . دا دوورین . دا دڕین . دا رزاندن . دا رزین . دا سه‌پاندن . دا شکان . دا شکاندن . دا کردن . ( هه‌ڵ رژاندن ) . دا کردن . ( کردنه ژووره‌وه‌ی ئاژه‌ڵ و شتی وا ) . دا کوتین . دا گرتن . دا گیران . دا مردن دا مرکاندن . دا مه‌زراندن . دا نه‌واندن . دا نه‌وین . دا وه‌راندن . دا وه‌رین . و ره‌نگه سه‌دان وشه‌ی دیکه .
تێبینی : ئه‌گه‌ر وشه‌یه‌ک مانای زۆر روون نه‌بێ ، ماناکه‌یم نووسیوه .وشه‌ی واش هه‌یه پتر له مانایه‌کی هه‌س .
2 - " دا " ، وه‌ک ده‌فر یا حاجه‌ت ( ظ‌رف ) ی کات و جێگه :
- وه‌ک حاجه‌تی کات :
له کات ژمێری حه‌وت دا . له ساڵی 1300 دا . له رۆژی شه‌ممه دا . له سه‌ده‌ی بیست دا .
- وه‌ک حاجه‌تی جێگه : له‌و شاره‌دا . له‌م به‌ستێنه دا . له‌م هه‌رێمه دا . له جیهان دا .
تێبینی : له زاراوه‌ی سلێمانی دا ، زۆر جار له جێگه‌ی " دا " ، " یا " به‌کار ده‌به‌ن . بۆ وێنه له باتی له‌و شاره‌دا ، ده‌ڵێن " له‌و شاره یا " . ده‌بێ ئه‌مه‌ش روون که‌مه‌وه ، که ئه‌و راڤه زمان ناسیانه‌ی پێشکه‌شیان ده‌که‌م ، زوربه‌یان له سه‌ر ته‌وه‌ری زاراوه‌ی سۆرانی زمانی کوردین ، ده‌نا زاراوه و بن زاراوه‌کانی دیکه ، راڤه‌ی تایبه‌تیان گه‌ره‌که .
تاران 2/2/2709
|