به‌ناوی کوردستانی گه‌وره
راڤه‌ی وشه‌ی '' میر ''.
ح.س.سۆران
وشه‌ی میر یه‌کێک له‌و وشانه‌یه ، که له زمانی کوردی دا زۆر واته ( مانا) ی هه‌یه ، که به کوررتی لێره دا لزگه‌ی هێندێک له واته‌کان پێشکه‌ش ده‌که‌م : - له زمانی کوردی دا به پادشایان وتوه "میر" ، که ئه‌م وشه‌یه له‌ته‌ک وشه‌ی ئه‌میر دا تۆفیری هه‌یه . بۆ وێنه " میره گه‌وره‌ی ره‌واندوز " ، که نه‌یاران پێیان وتوه " پادشا کۆره‌ی ره‌واندوز ، واته وشه‌ی گه‌وره‌یان کردوه به کۆره ( کۆێره ) . میره گه‌وره‌ی ره‌واندوز ، یه‌کێک له ده‌سته‌ڵات دارانی مه‌زنی کورد بوه ، که کۆشکه‌که‌ی هێشتا له کن شاری ره‌واندوز به چه‌شنی ئاڕهفته هه‌ر ماوه . میر ، ده‌سته‌ڵاتداری به هێزی به‌شێکی به‌رچاو له کوردستانی گه‌وره بوه .بۆ وێنه له‌و کاته دا پیشه‌سازێکی هێناوه ، تۆپی بۆ دروست کردوه ، به ناوی وه‌ستا ره‌جه‌ب . تۆپی وه‌ستا ره‌جه‌ب له مێژودا به ناوبانگه .
- له زۆر ناوچه‌ی کوردستان رێوڕه‌سمێک هه‌یه ، به ناوی " میری نه‌ورۆزی " ، به تایبه‌ت ئه‌مه زۆر له موکریان باو بوه . ئه‌م رێوڕه‌سمه ، دوروشمێکی جوانی دێمۆکڕاسی بوه و له سه‌ر ده‌می نه‌ورۆز دا ، " میر" یان، به چه‌شنی کاتی له‌سه‌ر کار لابردوه و بۆ ماوه‌یه‌ک که‌سێکیان کردوه به " میر " . ئه‌م ئاکاره کرهوهیهکی شیاو بوه و له زۆر روانگه‌وه زۆر قازانجی رامیاری ، کۆمه‌ڵایه‌تی و شتی وای بوه . ماموه‌ستا عوبه‌یدوڵلا یهییوبیان کتێبێکی سه‌باره‌ت به‌م رێوره‌سمه نووسیوه ، تکایه ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت بو، بیخوێننه‌وه .
- به گه‌وره و رێبه‌ری هاو وڵاتیه خۆشه‌ویسته ئێزهدیهکانمان ، که خاوه‌نی ئایینێکی ره‌سه‌ن و کۆننی کوردین ، ده‌ڵێن "میر " . بۆ وێنه رێزدار ، سه‌روه‌ر "میر ته‌حسین " .
- " میر" ناویشه بۆ کوڕ ، که زۆر تر به چه‌شنی " میره " ده‌ریان بریوه . وه‌ک " میره" به‌گ ، سۆفی " میره " و هتد .
- .میر سێوهددین موکری ، پادشای موکریان بوه و به پیی په‌ڕتووکی شه‌ره‌فنامه ناوی موکریان له ناوی ئه‌وه‌وه ره‌گاژۆی کردوه . میر سێوهددین زۆر رامیارێکی هه‌ڵکه‌وتو و ناودار بوه ، هه‌ر ئه‌و شته‌ی که بۆ میر، سهرردارانی و رێبه‌رانی کورد زۆر پێویسته ، به‌ڵام له‌به‌ر داب و خوی راستی و دروستی کوردایه‌تی تێی دا کورتیان هێناوه ته‌نانه‌ت له به‌ستێنی رامیارێس دا ، به‌ڵێن خواز بوون . به ناوبانگترین ئه‌سپی کورد ، چارهوێیهک بوه به ناوی " بۆره‌ی میر سێوهددین " ، که ئه‌سپی ئه‌و بوه .
- "میر و به‌گله‌ر " ، واته مرۆڤگه‌لی مه‌زن و ده‌سته‌ڵات دار .
- زوربه‌ی بنه‌ماڵه ده‌سته‌ڵات دار( سیسیله) کانی کورد، پێشگر(پێشکۆ)ی وشه‌ی " میر " رێزناویان وابوه ، وه‌ک : میرانی بۆتان ، میرانی موکریان ، میرانی ئهرهدهڵان ، میرانی بابان ، میرانی بۆتان ، میرانی سۆران میرانی بادینان و هتد .
- " میرم ! " ، له زمانی کوردی دا واته " گه‌وره‌م " .
- " میری " واته ده‌سته‌ڵات " ده‌وڵه‌ت و حکومه‌ت ) .
تێبینی : ره‌نگه ئه‌م پرسیاره‌ش بێته گۆڕێ " که ئایا میر نشێنه کورده‌کان ته‌واو سه‌ر به‌خۆ بوون ، یا ئه‌وانیش به چه‌شنێک له ژێر سێبه‌ری ده‌سته‌ڵاتی نێوه‌ندی به‌غدا یا ئه‌سته‌مبووڵ دا، وه‌ک ناوچه‌یه‌کی موسوڵمان فه‌رمانڕه‌واییان کردوه ؟"
به پێی زاکوون (قانوون) و دابی ئه‌و کاته ، نه ته‌نیا میر نشینه کوردیه‌کان ، به‌ڵکه ته‌واوی ئه‌و وڵاتانه‌ی له که‌وشه‌نی ده‌سته‌ڵاتی خه‌ڵیفه‌ی ئیسلامی به‌غدا یا ئه‌سته‌مبوول دا ژیاون ، پاکیان ده‌سته‌ڵاتیان له میر نشینه کورده‌کان زۆرتر نه‌بوه ، بۆ وێنه وڵاتی ئێرانی پێش هێرشی هولاکۆ ، شام ، میسر ، شاخی ئافریقا ، یه‌مه‌ن ، عاره‌بستان ، وڵاتگه‌لی باڵکان و ته‌واوی ئه‌وانه‌ی به ناو له ژێر سێبه‌ری ده‌سته‌ڵاتی به‌شێک له خهڵیفهگهری ئیسلام دا بوون ، که ئه‌م سیستمه چهفت وچه‌وێڵی ، له "بیگ بانگ"ی رامیاری جه‌نگی جیهانی هه‌وه‌ڵ دا به جارێک له هه‌مو وڵاتێک ، تێک رما به‌ڵام له کوردستانی گه‌وره ، به له‌ونێکی دیکه خراپتر بو .
تاران 22/11/2708 soransa@hotmail.com
|