په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

به‌ ناوی کوردستانی گه‌وره

 

''راو''ی گیانله‌به‌ران و کاره‌ساتی ''کورد قڕان''.

ح.س.سۆران 

 

ئێستا که‌ له‌ هه‌زاره‌ی پڕ له‌ئاژاوه‌ی سێ دا ده‌ژین ، پێویسته‌ له‌ زۆر کرده‌وه‌ی خۆمان بڕوانینه‌وه‌ و به‌ بۆچوون  و به‌ فه‌رهه‌نگێکی ئه‌مڕۆیی ، لێ یان ورد ببینه‌وه‌ ، که‌ یه‌کێک له‌وانه‌  داب ونه‌ریتی "راو" ه‌ .

 

سه‌رده‌مێک له‌ مێژو ، که‌ هێشتا مرۆڤ فێری کشت و کاڵ نه‌بوه‌ ، بۆ وه‌ده‌ست هێنانی بژیوی   خۆی و درێژه‌دان به‌ ژیان ،  پێویستی به‌ خواردنی گژ و گیای کێوی بوه‌ و زوربه‌ی ژیانی خۆی ، به‌ خواردنی گژ و گیا ، دابین کردوه‌ و  گوزه‌راندویه‌ .

 

چون مرۆڤ له‌ بنه‌چه‌ک و بنه‌ڕه‌‌ت دا ،  گیانله‌به‌رێکی گۆشت خۆر نیه‌ و نه‌بوونی  ئه‌ندامگه‌لی تایبه‌تی و خۆڕسکی گۆشت خواردن ، وه‌ک ئه‌ندامگه‌لی  گۆشت خواردنی  " پڵنگ " ؛ " گورگ " و " داڵ  "  وهتد ، به‌ڵگه‌ی ئه‌م وته‌یه‌یه‌ ‌ ‌  ، تا دۆزینه‌وه‌ی ئاور و دو  و توانایی له‌ به‌ستێنی ‌ کۆڵاندن ، برژاندن و ئاماده‌ سازی  گۆشت دا ، زۆر له‌ بیری  کوشتنی گیانله‌به‌رانی کێوی دا نه‌بوه‌ ، مه‌گه‌ر بۆ  جه‌نگی درێژه‌ دان به‌  ژیانی خۆی ، یانی  پاراستنی گیانی له‌ ده‌ست ژینه‌وه‌رانی  دڕنده‌ و جڕ و جانه‌وه‌ری مرۆڤ کوژ و مرۆڤ خۆر!  .

 

به‌ڵام له‌ پاش دۆزینه‌وه‌ی ئاور  و دو   و  توانایی کۆڵاندن و برژاندنی گۆشت ، مرۆڤ فێری گۆشت خواردن و راو  بوه‌ و زوربه‌ی پێداویستی خواردنی خۆی ، له‌ راو کردن و  له‌ گۆشتی  گیاندارانی کێوی دابین کردوه‌ ، تا له‌ پاشان هێندێک له‌و گیاندارانه‌شی رام  کردوه‌ و وه‌ک ئاژه‌ڵی ماڵی به‌خێوی کردوون ، که‌ڵکی له‌ گۆشت و به‌روبوومه‌ که‌یان  وه‌ر گرتوه‌ . ئه‌و مرۆڤانه‌ش ، که‌ ده‌ستیان به‌  چۆم ، که‌نداو ،  ده‌ریا و  سه‌رچاوه‌ ئاویه‌کان  گه‌یشتوه‌ ، گیاندارانی ئاویان به‌ توڕ و قولاپ و مولاپ ، راو کردوه‌ و ئیدی وای لێ هاتوه‌ ، راو کردن و خواردنی گۆشت بوه‌ته‌ یه‌کێک له‌ بژیوه‌ ‌ سه‌ره‌کیه‌کانی  مرۆڤ و فه‌رهه‌نگی راوکردن ، به‌ندی و ده‌سته‌ مۆکردنی گیانله‌به‌رانی کێوی و گرتن  و له‌ قه‌فه‌س کردنیان ،  به‌ فه‌رهه‌نگێکی ره‌وا و بگره‌ ئازایه‌نه‌ ‌ زانراوه‌ ، به‌ تایبه‌ت له‌ ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌مووت، کوێستانی  و شاخاوی کورده‌ واری دا ، که‌ ژینگه‌ی زۆر له‌ گیانله‌به‌رانی جۆربه‌جۆره‌‌ .

 

به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ چاوێکی رووناک بین  ، به‌زه‌ و دڵۆڤانانه‌ بڕوانین ، راوکردنی ژینه‌وه‌ری وشکایی  یا ده‌ریاییه‌ کان ، هه‌ر شتێکه‌ وه‌ک ئه‌نفالی خودی خۆمان به‌ هۆی بیانیه‌کان: به‌ چاوی خۆم دیومه‌  بۆ کوشتنی ماسی و شت ، دینامیتیان ده‌خسته‌ نێو چۆمه‌کان  یا ژاریان تێ ده‌کردن ، ته‌واوی ژینه‌وه‌ری  هه‌ژاری ئه‌و چۆمانه‌یا‌ن  ، وه‌ک حه‌له‌بچه‌ ( هه‌له‌بجه‌)  بۆمباران و کیمیا باران ده‌کرد و پاکیان ، یا ده‌کوشتن یا به‌ جارێ شه‌ل وپه‌ت و  ده‌غه‌زاریان ده‌کردن  !!! . یا بۆ وێنه‌ راوچیه‌کان ، زۆر تر هه‌ر بۆ سه‌یر سه‌یاحه‌ت  ، رابواردن و گه‌مه‌ ، ده‌چوون سیپه‌ ( که‌مینگه‌ ) یان دروست ده‌کرد و له‌وێوه‌ ، به‌ ناخافڵ و به‌ ره‌شه‌کوژی ،  ژینه‌وه‌ری  وه‌ک که‌و ، ئاسک ، مامز ، مراوی ، چێرگ و شتیان ، به‌ ناجوامێری و له‌ ناکاو  ده‌کوشت.

 

یا بۆ وێنه‌ ، بۆ رابواردن و فڵان و فیسار ، که‌وی جوانی مل به‌ خاڵی قاسپه‌ خۆشیان ده‌کرده‌ قه‌فه‌س ، یا ده‌یانکرد به‌ جه‌رده‌وان  و ده‌چوون که‌وی دیکه‌یان پێ ده‌گرتن و له‌ پاشان ئه‌وانیشیان سه‌رده‌بڕێ .   یا وه‌ک کورد ، ده‌یان دان به‌شه‌ڕ و کابرای راوکه‌ریش به‌ فیز و ده‌مار و پله‌زیقان، ده‌ستی ده‌نا که‌لله‌که‌ی و سه‌یری ده‌کردن !!!.

 

یا هی وابو  دێو جامه‌ و ته‌ڵه‌یان ده‌ناوه‌ و به‌ فێل و دهۆ  گیانله‌به‌رانی کێویان ده‌گرت ، قه‌ڵخیان ده‌کردن ، پێسته‌که‌یان ده‌که‌ندن ‌ و ده‌یانکرده‌ سیپاڵ و ژێره‌خه‌ر و شتی وا .

 

گه‌لۆ !  ئه‌گه‌ر په‌رده‌ی ئه‌ستووری خو وخده‌ی نابار ، به‌ ئامرازی ئاوه‌ز، له‌ سه‌ر چاومان لا‌ بده‌ین ، به‌ تایبه‌ت چون ئیمه‌ وه‌ک گه‌لی  کورد،  بیلامانێ  زۆرداران زوربه‌ی ئه‌و کاره‌ساتانه‌یان نا جوامێرانه‌ به‌ سه‌ر خۆمان هێاوه‌ ، ده‌بێ بزانین که‌ ئه‌مانه‌ش بۆ خۆی چه‌شنه‌  ئه‌نفال ، عه‌زروجه‌زر ( ئه‌شکه‌نجه‌) ، به‌ندی کردن و کیمیا بارانێکن و دڵنیام ، سیستمی خولقێنه‌ری دادگه‌ری جیهان ( خودا)  ، گۆی زه‌وی هه‌ر به‌ ته‌نیا بۆ مرۆڤ ‌ دروست نه‌کردوه‌ . له‌و بازنه‌ مه‌زن ، پان و هه‌راوه‌دا  ، ته‌واوی خولقاوه‌ کان مافی ژیانیان هه‌یه‌ که‌ لێره‌دا ، من ناوی ئه‌م مافه‌ ده‌نێم مافی گیانداران ، نه‌ک مافی مرۆڤ ، که‌ پێویسته‌ گشت گیاندارێکی  به‌ به‌زه ‌و ئاوه‌ز  ، به‌ پێی هه‌ست و  بۆچوونی  خۆی سه‌باره‌ت به‌وی دیکه‌ هه‌ڵسوکه‌وت بکا ، ده‌نا ده‌بیته‌ جه‌نگه‌ڵی مه‌ولا !!!.

 

 لێره‌ دا به‌ پێویستی ده‌زانم ،که‌ له‌ خه‌ڵکی  کوردی دڵۆڤانی ده‌ڤه‌ری بارزان و ده‌وروبه‌ی یادی به‌خێر  بکه‌م ، که‌ تا جێگه‌یه‌ک من بیستوومه‌  ، خۆیان له‌ کوشتنی گیان له‌به‌رانی کێوی و ته‌نانه‌ت زۆر جار له‌ بڕینی بێ  هۆی  دار ، په‌ردو  ،  گوڵ و بنچکیش ده‌پارێزن -، ئه‌و خه‌لکه‌ هه‌ژاره‌ی  که‌ رێژیمی سه‌ددام ، وه‌ک زۆر له‌ کوردگه‌لی دیکه‌ ، به‌ هه‌زاران که‌سی لێ ئه‌نفال و بۆمباران کردن .

 

له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ -، کوشتار و قڕانی (قڕکردنی) ئاژه‌ڵه‌  هه‌ژاره‌ ماڵیه‌کانیش ، له‌ چوار چێوه‌ی ئه‌م نووسینه‌دا ، نا گونجێ و راڤه‌ی به‌رفراوانی گه‌ره‌که‌ – به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر پرسیار له‌ هێندێک مرۆڤ بکرێ که‌ ئه‌م کوشتاره‌ چۆن ده‌نرخێنن ، بێژن " کاکی خۆم ! کوا ئێمه‌ به‌ بێ  حه‌م کردن (ئه‌شکێل نان) ی  قاورمه‌ ، شاورمه‌ ، شامی قۆزی ، که‌باب تورکی ، موشه‌ککه‌ل  و فڵان و فیسار هه‌ڵ ده‌که‌ین ، به‌ مسقاڵ باسی ئه‌و  بیرۆکه‌ سه‌یره‌ تازانه‌ ‌ هه‌ر مه‌شکه‌ ‌ -  ئێمه‌ " به‌ ناو ئه‌شره‌فی مه‌خلووقین " ، له‌ کتێبه‌که‌ی  به‌رێز  مه‌لا ساڵه‌ش دا نووسراه‌ ‌  ؛  کاو  دان وێنجه‌ و فڵان بۆ ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ره‌گه‌ل دابین ده‌که‌ین ، عاره‌ب کوته‌نی (وه‌لی نیعمه‌تیانین) و مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ ، سه‌ریان ببڕین ،  بیانکوژینه‌وه‌ و هه‌رچی ویستمان به‌سه‌ریان بهێنین " ، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ئاژه‌ڵه‌ ماڵێه‌ هه‌ژاره کانیش  زمانیان ببوایه‌ ، بیانوتایه‌  " نه‌‌ کا و دان وێنجه‌ و مێنجه‌"مان ده‌وێ  و نه‌ بشمان کوژنه‌وه‌ . خۆمان له‌ کێو و ده‌شت و ده‌وه‌ن ، ده‌ژین و  گژ و گیای خۆڕسکی خودا ، ده‌خوۆین . به‌ڵام  کورد کوته‌نی " نه‌ گا زمانی هه‌یه‌ و نه‌ مرۆڤ ئیمان !!! " .

 

ره‌نگه‌ ‌ له‌م کاته‌دا ، که‌ مرۆڤ ( به‌ تایبه‌ت  مرۆڤی کورد) ،  له‌ زۆر جێگه‌ی جیهان وه‌ک خه‌زۆک و گه‌زۆک  ده‌کوژرێ ، قڕ ده‌کرێ و مافی ته‌فروتوونا کراوه‌ ، من باسی مافی  ئاژه‌ڵ و گیانله‌به‌رانی کێوی ‌ ده‌که‌م ، جێگه‌ی پرسیار بێ ؟ – به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیارێکی وه‌ها ببێ ، چه‌ند پاته‌ی ده‌که‌مه‌وه‌ : " سه‌رگۆی زه‌وی هه‌ر بۆ مرۆڤ نه‌خولقاوه‌ ، گیاندارنی دیکه‌ش مافی ژیانیان هه‌یه‌ ، " راو "یش  ، کرده‌وه‌یه‌کی  نا جوانه‌  و په‌رژینی قایم بێ ، چه‌شنێکه‌ له‌  کورد قڕان (ئه‌نفالی گه‌لی کورد ) .

 

تێبینی : زۆر له‌ مێژیشه‌ ئه‌نجومه‌نی پاراستنی  گیانله‌نه‌ران له‌ جیهان پێک هاتوه‌ ، به‌ڵام ئه‌ویش وه‌ک رێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌ کان ، که‌ بوه‌ته‌ رێکخراوه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کان - ، بوه‌ به‌ ‌ ئه‌نجومه‌نی که‌باب خۆران !!!

 

 

تاران

   6/2/ 2709

soransa@hotmail.com