٦\١\٢٠١٠
ڕای گشتی و پێگه‌ی له پرۆسه‌ی دیموکراسیدا.

د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان
حکومه‌ت ڕێکخراوه‌یه‌کی خاوه‌ن هێزه به‌ده‌ر له شێوازی حکومڕانی. به‌ڵام
جیاوازی حکومه‌تی دیموکراسی له‌وه‌دایه که تیایدا هێز چڕ نابێته‌وه
له ناوه‌ندێک، به‌ڵکو دابه‌ش ئه‌بێت به‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک لایه‌ندا و سه‌روه‌ری
یاساش پارێزراوه و له لایه‌ن هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌وه ڕێزی لێ ئه‌گیرێت.
کاتێک ڕای گشتی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌بێت له سه‌ر یاسا، چاره‌سه‌رکردنی
کیشه‌کان ئاسانتر ئه‌بێت. خه‌ڵکیش زیاتر ملکه‌چی ئه‌و یاسایه ئه‌بن که
خۆیان باشداریان له دانانیدا کردووه.
بایه‌خدان و ڕێزگرتن له بیروبۆچوونی تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵ یه‌کێکه
له سیماکانی کۆمه‌ڵگه پێشکه‌وتووه‌کان، بیروبۆچونی هاوبه‌ش به‌بێ هیچ
نه‌خشه و پلانێک، زۆرجار هاوڵاتییان کۆئه‌کاته‌وه و خۆیان له
چوارچێوه‌یه‌کدا ئه‌بیننه‌وه و به ئاڕاسته و ئامانجی دیاریکراوه‌وه
کۆمه‌ڵێک پێکدێنن. ئه‌وه‌ش بایزی بته‌وکردنی په‌یوه‌ندی نیوانیان و
توندوتۆڵی گیانی هاوکاری و یه‌کده‌نگی له ده‌ربڕین و هه‌ڵوێست نواندن
له‌سه‌ر پرسه هاوبه‌شه‌کانیاندا. ئه‌وه‌ی زه‌مینه خۆشئه‌کات بۆ ئه‌و
جۆره هاوبۆچوون و هاوهه‌ڵوێستییه، فه‌زای دیموکراسی و بوونی ئازادی
دوور له ترس و تۆقاندنه. به واتایه‌کی تر دیموکراسی مه‌رجێکی سه‌ره‌کییه
بۆ گه‌شه‌کردن و دروستبوونی ڕای گشتی له نێوان کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا. هه‌ر
له هه‌مانکاتدا، دروستبوونی ڕای گشتیی کاریگه‌ر له‌لای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک،
یه‌کێکه له میکانیزمه‌کانی سیسته‌می دیموکراسی. چونکه دیموکراسی ته‌نیا
دنگدان نییه بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له ڕێی سندوقه‌کانی
ده‌نگدانه‌وه، به‌ڵکو کۆمه‌ڵێک بنه‌ما له خۆ ئه‌گرێت، له‌وانه
دابینکردنی ئازادی تاک، ئازادی ده‌ربڕین و بڵاوکردنه‌وه و ڕۆژنامه‌وانی،
یه‌کسانی نێوان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ دوو له جیاوازی ڕه‌گه‌ز و ئایین و نه‌ته‌وه،
ئازادی مانگرتن و خۆپیشاندان، کاری ڕێکخراوه‌یی سیاسی و له چوارچێوه‌ی
سه‌ندیکا و یه‌کیتییه پیشه‌ییه‌کاندا، له‌پاڵ ئه‌وانه‌شدا بایه‌خدان و
ڕێزگرتن له ڕای گشتی مه‌رجیکی گرنگی دیموکراسییه.
ڕای گشتی یان وه‌ک بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری (مۆنتیسکیو)
به عه‌قلی گشتی ناوی ئه‌بات، وه‌ک چه‌مکێک له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی
هه‌ژده‌یه‌مه‌وه له وڵاتانی ڕۆژئاوادا، له ده‌رئه‌نجامی خێرا گه‌شه‌کردن
و زیادبوونی ژماره‌ی خه‌ڵک له‌و وڵاتانه‌دا هاته کایه‌وه. ڕای گشتی،
هزر و بۆچوونی زۆرینه ئه‌خاته‌ڕوو، واتا زۆرینه‌ی خه‌ڵک کۆکن له‌باره‌ی
پرسێکی دیاریکراوه‌وه. ڕای گشتی شایه‌دحاڵه به‌سه‌ر په‌یڕه‌وکردنی
دیموکراسییه‌وه له کۆمه‌ڵگه پێشکه‌وتووه‌کاندا، گرنگێتییه‌کی هه‌ستیاری
هه‌یه له پاڵپشتیکردنی بنه‌ماکانی دیموکراسی وه‌ک، ده‌سه‌ڵاتی
یاسادانان و داموده‌زگا سه‌ربه‌خۆ‌کانی په‌یڕه‌وکردنی یاسا و ڕێکخراوه‌کانی
کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی. به‌بێ بوونی ڕای گشتی دیموکراسی ڕاسته‌قینه
بوونی نییه، به‌ڵکو حکومڕانی ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌رکوتکار دێته‌کایه‌وه.
له هه‌ر وڵاتێک‌دا ڕای گشتی به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت، خه‌ڵک وه‌ک چاو‌دێر
به‌سه‌ر یاسا‌و و ڕاپه‌ڕاندنی بڕیاره‌کان و دانانی سیاسه‌ته گشتییه‌کان
و نه‌خشه‌وپلانی دواڕۆژی وڵات‌دا چاولێئه‌کرێت. به‌ڵام کاتێک باوه‌ڕ له
نێوان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و خه‌ڵکدا نامێنێت وکه‌لێنی نێوانیان به‌رینتر
ئه‌بێت، ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌کیتر ئه‌ڕوانێته ڕای گشتی و ترسی سه‌رهه‌ڵدانی
ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاسته‌قینه‌ی له‌لا دروست ئه‌بێت. له سیسته‌می
دیموکراسیدا هه‌ڵماڵینی دیارده دزێوه‌کان وه‌ک به‌فیڕۆدانی و ده‌سته‌به‌سه‌راگرتنی
داهات و به‌کارهێنانی پۆستی حکومی و حیزبی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت له
لایه‌ن به‌رپرسه‌کانه‌وه، کۆمه‌ڵێک پرسن که ڕای گشتی له‌سه‌ر پێویستی
بنبڕکردنیان ڕوونه و پیویسته له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی خه‌ڵکه‌وه له‌په‌رله‌مان
کاریان له‌سه‌ر بکرێت. ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌دنیش ئه‌توانن
ڕۆڵی کارا بگێڕن بۆ ڕێکخستنی ڕاپرسی بۆ زانینی ڕای گشتی، وه‌ک لایه‌نی
گوشار و چاو‌دێر به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌وه. هه‌روه‌ها که‌ناڵه‌کانی میدیا
رۆڵێکی گرنگیان هه‌یه له هێنانه‌کایه‌ی که‌شێکی گشتی ڕه‌خساو تا ڕای
گشتی بتوانێت تیایدا کاریگه‌ر‌بێت، ئه‌وه‌ش ئه‌که‌وێته سه‌ر چه‌ندێتی
و چۆنییه‌تی و ڕاده‌ی سه‌ربه‌خۆیی که‌ناڵه جۆراوجۆره‌کانی میدیاوه.
له قۆناغی گواستنه‌وه‌ی سیسته‌می سیاسی یان بارودۆخی ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی
هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕ، ڕاپرسی بۆ زانینی ڕای گشتی بایه‌خێکی زۆری هه‌یه بۆ
هاندانی خه‌ڵک به‌مه‌به‌ستی به‌شداریکردن له بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌و
پرسه هه‌ستیارانه. به‌شداربوونی زۆرینه‌ی خه‌ڵک له ڕاپرسی گشتیدا
نیشانه‌ی هۆشیاری و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ئه‌گه‌یه‌نێت. به
پێچه‌وانه‌شه‌وه بێ بایه‌خی و به‌شدارنه‌کردن له ڕاپرسیدا ئه‌وه ئه‌گه‌یه‌نێت
که تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵ زانیاری و ئاگای و توانای ده‌ربڕینی
بیروبۆچوونیان نیه له سه‌ر ڕووداو و پرسه هاوبه‌شه‌کانی ناو کۆمه‌ڵ.
ئه‌وه‌و ده‌ربڕێنی ناڕه‌زایه‌تی و سازدانی خۆپیشاندان، شێوه‌یه‌کی تره
له چالاکی و خستنه‌ڕووی ڕای گشتی خه‌ڵک، که هیج که‌متر نین له به‌شداریکردن
له پرۆسه‌ی ده‌نگدان و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و چالاکییه به‌کۆمه‌ڵ و
هاوبه‌شه‌کان له پرۆسه‌ی دیموکراسیدا. چونکه ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی
میکانیزمێکه بۆ ڕوبه‌ڕووبونه‌وه له گه‌ڵ نوخبه‌ی سیاسی‌دا به‌مه‌به‌ستی
گه‌یشتن به ئامانجی سیاسی یان ناردنی په‌یامێکی ده‌ستبه‌جێ بۆ لایه‌نی
سیاسی تاکو وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ هه‌بێت بۆ جێبه‌جیکردنی
داواکارییه‌کان. ئه‌مه‌و کۆمه‌ڵێک ئاسته‌نگ ڕوبه‌وڕووی ده‌رخستنی ڕای
گشتی له ڕێگای ڕاپرسییه‌وه ئه‌بێته‌وه له‌وانه: سه‌رکوتکردن و
تۆقاندن، ته‌شه‌نکردنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی، نه‌بوونی شه‌فافییه‌ت،
ناهۆشیاری سیاسی، نه‌بوونی ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری.
ڕای گشتی ئاسانی و خێرایی پێکناهێت، به‌ڵکو پرۆسه‌یه‌کی له‌سه‌رخۆیه و
کات و ئامرازی جۆراوجۆری پێویسته. که‌ناڵه جۆراوجۆره‌کانی میدیای
ئازاد له ڕۆژنامه و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و ئینته‌رنێت، زۆر پێویستن
بۆ پاڵپشتی و پاراستن و بته‌وکردنی بنه‌ماکانی دیموکراسی و ڕۆڵی گرنگ
ئه‌گێڕن له به‌شداریکردن له ڕۆشنکردنه‌وه‌ی و پێکهێنانی ڕای گشتی و
بڵاوکردنه‌وه‌ی هۆشیاری له ناوخه‌ڵکدا. هه‌روه‌ها پارتی سیاسی و کۆڕ
و کۆمه‌ڵی ڕۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌دنی
و زانکۆکان و سه‌نته‌ره‌کانی توێژینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی
ئه‌توانن ڕۆڵی کارا ببینن له‌و بواره‌دا.
به‌ڵام له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌ی په‌رله‌مان دێت،
که نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک ئه‌کات و پێویسته ئاگاداربێت له ڕای گشتی
کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک. چونکه په‌رله‌مان هه‌ڵقه‌ی هاوبه‌شی نێوان خه‌ڵک و
ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جیهێنانه. ئه‌ندامانی په‌رله‌مان وه‌ک پێویست ئه‌بێت
گوێڕایه‌ڵی خواست و بۆچوونه‌کانی خه‌ڵک بن و به به‌رده‌وامی له په‌یوه‌ندی
ڕاسته‌وخۆدا بن له گه‌ڵ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا، تا دڵنیایانکه‌نه‌وه که
لایه‌نێک هه‌یه گوێیان لێ ئه‌گرێت و ڕاوبۆچوون و داواکارییه‌کانیان
به‌هه‌ند وه‌رئه‌گرێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش په‌رله‌مان به باشترین
لایه‌ن ئه‌ژمێردرێت بۆ ئه‌نجامدانی ڕاپرسی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕای گشتی
خه‌ڵک له‌سه‌ر پرسه جۆراوجۆره‌کان، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌بێته جێی متمانه
و باوه‌ڕی خه‌ڵک. ئه‌وه‌ش کاتێک ئه‌بێت که بڕیاره‌کانی په‌رله‌مان ئه‌سه‌لمێنێت
که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاڕاسته‌کانی ڕای گشتی خه‌ڵکه و له‌گه‌ڵ خواسته‌کانیاندا
یه‌ک ئه‌گرێته‌وه.
به ڕێی ڕاپرسییه‌وه ڕای گشتی پێوانه ئه‌کرێت، ده‌رخستنی ئه‌نجامی
ڕاپرسییه‌کان به ووردی و ڕوونی، بایه‌خدانه به ڕۆڵی هاوڵاتیان له
پرۆسه‌ی سیاسی‌دا. سه‌ره‌ڕای ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی له ڕاپرسی ئه‌گیرێت به
تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له ڕێی ئینته‌رنێته‌وه ئه‌نجامئه‌درێن که زۆر
متمانه‌یان پێ ناکرێت، چونکه نوێنه‌رایه‌تی بیروڕای زۆرینه‌ی خه‌ڵک
ناکات، به‌ڵکو زیاتر په‌یوه‌نده به توێژێکی دیاریکراو له‌وانه‌ی
ئینته‌رنێت به‌کاردێنن و سه‌ردانی سایته‌کان ئه‌که‌ن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای
ئه‌وه‌ش گرنگێتی خۆی هه‌یه له‌ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا و ئامرازێکی باشه بۆ
ئاشنابوون به ڕاوبۆچوونی خه‌ڵک.
بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌کانی ڕاپرسی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی
بیروڕای خه‌ڵک بن، پێویسته له ڕێی داموده‌زگای تایبه‌ته‌وه و له‌لایه‌نی
که‌سانی شاره‌زا و خاوه‌ن ئه‌زموونه‌وه ئه‌نجامبدرێت. هه‌روه‌ها
ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئه‌توانن به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ په‌رله‌ماندا
به ڕاپرسی مه‌یدانی هه‌ڵسن و ئه‌نجامه‌کانی بخرێنه به‌رده‌م په‌رله‌مان
و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کو فاکت ڕه‌چاوبکرێن و
کاری جدییان له‌سه‌ر بکرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هاوڵاتیان و سیاسه‌تی
گشتی وڵات. ڕاپرسی گشتی ئه‌کرێت له هه‌موو بوارێک و له‌سه‌ر پرسه
جۆراوجۆره‌کاندا ئه‌نجامبدرێت تا ئه‌گاته شیوه‌ی ئه‌دا و سیاسه‌تی
حیزبه سیاسییه‌کانیش. چونکه ئه‌وه‌ی به‌دی ئه‌کرێت، دیموکراسی ڕاسته‌قینه
نه‌ک هه‌ر له په‌یوه‌ندی نێوان حیزبه‌کاندا بوونی نییه، به‌ڵکو له‌ناو
ڕێکخستنه‌کانی حیزبه‌کانیشدا په‌یڕه‌و ناکرێت. وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌یبینین
له نه گۆڕینی سه‌رکرده‌کانی حیزب به‌درێژایی ژیانیان و زۆربه‌ی ئه‌ندامانی
سه‌رکردایتی حیزبه‌کان به‌ده‌گمه‌ن له پله‌و پایه‌کانیاندا لائه‌درێن،
ئه‌گه‌ر ڕوویشبدات ئه‌وا به پیی خواست و فه‌رمانی سه‌رۆکی حیزب ئه‌بێت
نه‌ک له ڕێی پرۆسه‌ی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه‌وه.
سیدنی
selah.germian@yahoo.com.au
|