١٢\١٢\٢٠١٩
رێبوار عارف:
بەرزبوونەوەی رێژەی خۆکوشتن راچڵەکێنەرە.
سازدانی: زەمەن
بەھادین
حاجی بەکر دارتاش، ناسراو بە (رێبوار عارف)، لە ١٩٩٠ەوە چووەتە
فینلەندا، دامەزرێنەری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقیە، ١٥
ساڵە کاری وەرگێڕان دەکات لەناو رێکخراوە کۆمەڵایەتی و
پەروەردەییەکاندا کاریکردووەو شارەزای پرسە کۆمەڵایەتیەکانیشە. لە
رێگەی کارەوە پێنج ساڵی رابردوو بەتایبەت لەسەر گەنج و منداڵان ئیشی
کردووە، لەچەند پرۆژەیەکی تایبەت بە پرسە کۆمەڵایەتیەکاندا کاری کردووە،
لە کوردستانیشدا ھاوکاری دامەزراندنی رێکخراوی (ئەژی)ە کە تایبەتە بە
کارکردن لەسەر ھەوڵەکانی خۆکوشتن. رێبوار عارف، لەم چاوپێکەوتنەی
“زەمەن”دا قسە لەسەر خۆکوشتن دەکات لە کۆمەڵگەی کوردیداو لەمڕوەوە
بەشێک لە ئەزموونی خۆی لە ئەوروپا باس دەکات.
زەمەن: ئایا ھەواڵەکانی کوشتن و خۆکوشتن
لە ئەوروپاش بەھەمانشێوەی کوردستان بڵاودەکرێنەوە؟
رێبوار عارف: ئەمڕۆ ئێمە لە کۆمەڵگەی
کوردستاندا رووبەڕووی دیاردەیەک بووینەتەوە کە ناوی خۆکوشتنەو رۆژ
لەدوای رۆژ ئەم دیاردەیە لە زیادبووندایە، بەھەموو ئەمانەشەوە
دەزگاکانی راگەیاندن و پۆلیس خەریکی ژماردنی ئامارەکانن، میدیاکانیش بە
دوای وروژاندن و خوێنەرەوەن، بۆ ھیچیان پرسیارەکە ئەوەیە نیە کە ئەمە
کارەساتێکی گەورەی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی ژیانی ئێمەیە، پێش ٣٠ ساڵ بەم
جۆرە خۆکوشتن نەبوو، سەردەمانێک غەریب بوو کەسێک دەستی بچێتە کوشتنی
خۆی، بەڵام ئەمڕۆ رۆژانە ھەواڵی کارەساتی خۆکوشتن دەبیستین. لە
پەراوێزیشەوە شتێکیش ھەیە کەخ ۆکوشتن کولتوری شەرمی بەدوای خۆیدا
پەلکێشکردووەو خێزانەکان پێیان عەیبە بڵێن کەسێکمان خۆی کوشتووە،
بیروڕایەکی ناشیرینی رایگشتی ھەیە لەسەر ئەو بابەتەو سەرزەنشتی ئەو
کەسانە دەکرێت و ھەندێجار پەنجەی خەتا بۆ خێزانەکانیشیان درێژ دەکەن.
بۆیە چ ھەواڵی خۆکوشتن وچ نەریتگەلێکی پەیوەندیدار لە ئەوروپا زۆر
جیاوازە!
زەمەن: پێتوایە خۆکوشتن بووەتە دیاردە؟
رێبوار عارف: بەڵێ ئەمە دیاردەیەکی زۆر
فراوانە، ھەموو حاڵەتەکان باسناکرێن و دەشاردرێنەوە، ئەمەش ئەوەندەی
دیکە کەسوکاری قوربانیەکە نیگەران و خەمبار دەکات چونکە لە
کاردانەوەکانی خۆکوشتنەکە دەترسن و باسی ناکەن، نایانەوێت قسەی لەسەر
بکەن، واتە پاش گیان لەدەستدانی ئەزیزەکەیان مەحکومن بە بێدەنگ بوون و
شاردنەوەی ژانێک!
زەمەن: ئێوە ئەزموونی ئەوروپاتان ھەیە
ئایا لەوێش کەیسەکان دەشاردرێنەوە؟
رێبوار عارف: ئەوروپا گەیشتووەتە قۆناغێک
و٦٠ بۆ٧٠ ساڵ کار لەم بوارەدا دەکات، لەبەرئەوە ناکرێت بەراوردی ئێرەو
ئەوروپا بکرێت، خەون و روئیای من ئەوە نیە بڵێم دوو ساڵی تر لەم
بوارەدا بە ئەوروپا دەگەینەوە، ئەم باسە بەرکەوتی فەرھەنگی و
پەروەردەیی و یاسایی ھەیە، من لە فینلەندا دەژیم لەم ماوەیەدا بە
مەبەست کارم لەسەر ئەم پرسە کردووەو چەندین بابەت و توێژینەوەم
خوێندنەوەتەوە، لەوێ نەک رێکخراوێک بەڵکو زیاتر لە ٢٠ ئۆرگانی حکومی
وناحکومی ھەیە پرسی خۆکوشتن بەشێکە لە ئیشەکەیان، دیاردەی خۆکوشتن لە
کوردستان لە دوای راپەرینەوە زۆر بەرفراوان بووە، بە ئاسانیش بەسەر
کۆمەڵگەدا تێدەپەڕێ دەڵێن ژنەکە خۆی کوشت زۆر بەئاسانی دەڕوات ئەگەر
قسەی لەسەر بکرێت لە روویەکەوە دەڵێن بێ ئەخلاق بووە یان کێشەی خێزانی
ھەبووە، شەپۆلی قوربانیانی کارەساتی خۆکوشتن لە ژمارەی بێ ھەژماری
خۆکوشتنی ژنانەوە لە کوردستان دەستیپێکرد کە بەداخەوە پاش دروستکردنی
دەیان رێکخراو دەیان پرۆژە ھێشتا خەریکی پۆلێنکردنی ئاماری خۆکوشتنی
ژنانین، دەکرێت ئەمڕۆ ئەو رێکخراوانە لە خۆیان بپرسن کە ئایا چییان
کردووە بۆ رێگرتن لە خۆکوشتنی ژنان و چەندە توانیویانە لە رێژەی
خۆکوشتنەکانی ژنان کەم بکەنەوە .
زەمەن: پێتوایە لە دروستبوونی رێکخراوی
تایبەتمەند لەم بوارەدا زۆر دواکەوتووین؟
رێبوار عارف: باسەکە زۆر فراوانترە لە
دواکەوتنی دروستکردنی ئەم جۆرە رێکخراوانە، کە رەنگە بەشێکیشی پەیوەندی
بە دواکەوتنەوە ھەبێت، بەڵام کارێکی لەم جۆرە شیوازێکی جیاواز لە
خۆدەگرێت، شیوازێک کە تائێستا لە کوردستان دەستی بۆ نەبراوە، دیارە
بەشێکیشی ئەوەیە کە کاری لەمشێوەیە ھەموو کەسێ خۆی نادات لە قەرەی،
چونکە ئەم رێکخراوانە لەپاڵ ئەوەدا کە تایبەتمەندی خۆی ھەیە، کە زۆر
بەرکەوتەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، یاسایی ھەیە کە نە لە شێوازی رێکخراوە
جەماوەریەکانە نە لەشێوازی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییە، لەسەروو
ھەمووشیانەوە ئەم رێکخراوانە بە کەسانێک ساخ دەکرێنەوە کە ئەزموون و
شارەزاییەکی باش و توانای ئیدارەکردن و بەردەوامی ھەبێت بەجۆرێک کە
بتوانێت تۆڕێکی زۆر فراوان لە ھەڵسوڕاوانی لە زۆرێک لە شارو
شارۆچکەکانی کوردستان ھەبێت و خاوەن روئیاو بەرنامەیەکی رۆشن بن بۆ
چۆنیەتی مامەڵەکردن و راوەستانەوە لەبەرامبەر بەو دۆخەدا. بەتایبەت
ئەمڕۆ دەبینین ساڵانە سەدان کەس خۆیان دەکوژن نە دەسەڵات و نە ھیچ
لایەنێک بچوکترین بەرپرسیاریەتی لەئەستۆ ناگرن. دۆخەکە وایلێھاتووە وەک
دەڵێن “ئەوەی کە دەمرێ بۆخۆی دەمرێ”، بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە
ئەوجۆرە کەسانە تەنیا بۆ خۆیان نامرن بەڵکو کاریسەیەکی گەورە لەدوای
خۆیان بۆ ئەزیزانیان جێدەھێڵن، کە زۆرجار ئاوڕلێدانەوەو باسکردنیشی
کارێکی ئاسان نیە... ئەمە جگە لەوەی کە دروستکردنی رێکخراوی لەم جۆرە
زەمینەو کەرەستەو توانای مرۆیی خۆی دەوێت وھەرچەندە ھەموو ئەمانە
بەمانای ئەوەنیە کە دیاردەی خۆکوشتن بە ھیچ رێکخراوێک ریشەکێش بکرێت،
بەڵکو دەتوانرێت ئیش بکرێت بۆ ئەوەی بەرفراوانتر نەبێتەوە، نەک بۆ
کوتایی پێھێنانی. ئێستاش لە ئەوروپاش دیاردەی خۆکوشتن ترسناکە، بەڵام
لە کوردستان لەپڕ وەکو قارچک سەری دەرھێناوە ئەمە جیاوازییەکەتی لەگەڵ
ئەوروپا، کە بە پرۆسەیەکی مێژوویدا بڕۆیت، لە ئەوروپا وەڵام ھەیە بۆ
ئەم دیاردەیەو ئۆرگانی جۆراوجۆر ھەیەو دەیان یاسا لەم بوارەدا ھەیەو
ساڵانە بودجەیەکی زەبەلاح بۆ پێشگرتن بەم حاڵەتگەلە تەرخان دەکرێت.
لەبەرئەوە ھەرکەسێک پێش ئەوەی بیر لەخۆکوشتن بکاتەوە کۆمەڵگەیەک ھەیە
لێی بەرپرسیارەو ئیتر ئەوان بەرامبەر بە ھەموو زەنگێک رادەچەڵەکن،
ئەگەر منداڵێک لە ئەوروپا لە قوتابخانە بڵێت من خۆم دەکوژم، ئیتر
ھەمووان شۆک دەبن، مامۆستاو کارگوزارو خەڵکانی تریش ستۆپ دەکەن و
بەدواچوون لەسەر مەسەلەکە دەکەن، لە فینلاند منداڵ ھەبووە وتویەتی خۆم
دەکوژم، ئیدارەی قوتابخانەکەی بە مامۆستاو بەڕێوەبەرو یارمەتیدەرەوە
یەکسەر کۆبونەتەوە، راستەوخۆ پەیوەندی دەکەن بە دایک و باوکی
منداڵەکەوە، پزیشکی قوتابخانە ئامادە دەبێت، سایکولۆژیست و کارمەندی
سۆسیال و منداڵپارێزان، توێژەری کۆمەڵایەتی، کەسانی پسپۆر، لە دەوری
یەک کۆدەبنەوەو بەدواچوون و لێکوڵینەوە لەسەر حاڵەتەکەو ھۆکارەکانی
دەکەن، بەدوای ئەوەدا دەرۆن کە بۆچی ئەو منداڵە وای وتووە. بەحوکمی
کارەکەم دەیانجار لەو کۆبونەوانەدا بەشداریمکردووە کە زیاتر لە ١٠ کەسی
شارەزاو بەرپرس بەدوای کەشفکردنی ھوکارەکانی ئەوە دەربڕینەوە بوون کە
منداڵێکی بەو زمانە ھێناوەتە گۆ... وەختێک لەم ئاستە بەرفراوانەدا
کۆمەڵگە بەرپرسیاریەتی نیشان دەدات، ئەوە دەگەیەنێت کە تەنانەت ئەگەر
ھۆکاری ئەم مەسەلەیە شەخسیش بێت، ئەوا ڕێگەچارەکەی بەرپرسیاریەتیەکی
کۆمەڵایەتیە نەک شەخسی و خێزانی.
زەمەن: مشتومڕێکی زۆر ھەیە لەسەر ئەوەی
خۆکوشتن مافە یاخود تاوان، ئەمە لە کوردستاندا تائێستا ھەر قسەی لەسەر
نەکراوە؟
رێبوار عارف: مەسەلەی خۆکوشتن مافە یاخود
تاوان، ئەوە باسێکی پر رەھەندو باسێکی حقوقی و فەلسەفەیە، ھێشتا
کۆمەڵگەی ئێمە ئامادەی ناسینی ئەم باسە نیە وەک خۆی، بۆیە ترسم ھەیە
لەوەی کە ئاخۆ قسەکانی من چۆن تەرجەمە دەکرێ یان چۆن وەکو رەش وسپی
تەماشا دەکرێت. واتە ئەگەر من بڵێم مافە رەنگە کەسانیک وەک شەرعیەتدان
بە خۆکوشتن بیخۆیننەوە، ئەگەر بشڵێم تاوانە، ئەوا پرسیارەکە ئەوەیە
مرۆڤ کە بەدەر لەویستی خۆی ھاتووەتە بوون بۆدەبێت تاوانبار بێت بەوەی
کە بڕیار لەسەر ژیان و بوونی خۆی بدات. تەسەورکە لە ھیندستان گەر کەسێک
بیەوێت خۆی بکوژێت بەھەر ھۆیەک سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا دواتر ئەو کەسە
سزا دەدرێت. چونکە ھەوڵی خۆکوشتنی داوەو ساڵێک سزای زیندانی کردنی
بەدوایە، ئەمە چییە کەسەکە تەحمولی ئەو ژیانەی نەماوەو ھەست بە
نامۆبوونی خۆی دەکات لەو کۆمەڵگایەو دەیەوێت بۆ دواجار کۆتایی بە ژیانی
خۆی بھێنێت، ئەمە وەک تاوانێک تەماشا دەکرێ بەبێ ئەوەی کە حکومەت ھیچ
جۆرە بەرپرسیاریەتیەک لە بەرامبەر ھۆکارەکانی خۆکوشتنی ئەو کەسە بخەنە
سەر ئەستۆی خۆیان، بۆیە لەبەرامبەردا سزاشی دەدەن. ھەربۆیە لە وڵاتانی
ئەوروپا بەشێوەیەکی گشتی سەرباری ھەموو ھەوڵ و تەقەلاکان، خۆکوشتن بە
تاوان ناوزەد ناکرێت.
ئەمە جگە لەوەی لە ھەندێ وڵاتدا ئێستا کۆتاییھێنان بە ژیان بە تایبەت
بۆ کەسانی بەتەمەن و نەخۆشی سەخت یان کەسانێک کە ئیتر توانای ژیانیان
نەماوە، بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی وەک مەراسیمێک ھەندێک کەسوکارو
دۆستانیان داوەتدەکەن و ماڵئاواییان لێدەکەن و پێکێک خواردنەوەی کوشندە
دەخۆنەوەو پاش چەند خولەکێک کۆتایی بە ژیانی ئەو کەسە ھاتووە، کە ئەمە
زۆر پەیوەندی بە ھۆکارە باوەکانی خۆکوشتنەوە نیە. لایەنێکی تری بە
یاسایی کردنی مافی خۆکوشتن و سەیرنەکردنی وەک تاوان، حکومەت دەخاتە
بەردەم بەرپرسیاریەتی بۆئەوەی کە ئینسانەکە خۆی نەکوژێت، یان ژیانی
بەھەند وەربگیرێت و لە ئاستێکدا ھەوڵبدرێت بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە
کێشەکانی. کە بەداخەوە تا ئێستا نەحکومەت و نە پەرلەمان ھیچ
ھەنگاوێکیان لەمبارەوە نەناوەو دەتوانم بڵێم ئەم باسە بەھیچ جۆرێک
رۆژێک لە رۆژان لە ئەجێندای ئەم دەسەڵاتەدا نەبووە. ئاخر بەشێک لە
ھۆکارەکانی خۆکوشتن گرێدراوە بەو بارودۆخە ئابوری و کۆمەڵایەتی و
فەرھەنگییەوە کە مەوجوودە، لە کوردستاندا گەنج ھەیە ١٦ساڵ دەخوێنێ دوای
عەیامێک دەگەڕێت بۆ ئەوەی ببێتە سایەق تەکسی. وەختێک کە گەنجێک ھیچ
ئومێدێکی بەو ژیانە نیەو دڵنیایە لەوەی کە ناتوانێ وەک مرۆڤێکی ئاسایی
بژی، ھاوکات دەسەڵاتیش ھیچ بەرپرسیاریەتیەک ھەڵناگرێت، تۆ سەرباری
ئەوەی کە بیمەی بێکاریت نیەو لەھەرجۆرە خزمەتگوزاریەک بێبەشیت، کاریشت
نەبێت و بەرھەمی ھەوڵ و تەقەلای زیاتر لە ١٦ ساڵت بەھەدەردەچێت ئیتر
چۆن ئەو گەنجە رۆژ لە دوای رۆژ ھەست بە پەراوێزبوون ناکات و بەرەو
ئاراستەی بێ بەھابوونی ژیانی ھەنگاو نانێت، کە ئەمەش دەتوانێت
سەرەتایەک بێت بۆ بیرکردنەوە لە خۆکوشتن و کۆتایھێنان بەو ژیانە.
زەمەن: واتە پێتوایە پێویست دەکات
لەمڕووەوە یاسای تایبەت ھەبێت و ببێتە پرس لای حکومەت و پەرلەمان؟
رێبوار عارف: بەدەر لەوەی کە ئایا یاسا
دەتوانێت بە کردەوە چ ئاڵوگۆڕێک پێکبھێنێت، بەڵام تاوتوێکردنی ئەم باسە
لە رووی یاساییەوە زۆر گرنگە، من دەزانم لە کوردستان جێگەو رێگەی یاسا
چییەو چەند لاوازە بەڵام بوونی وەھا یاسایەک لەکاتی خۆیدا تۆ دەتوانیت
پشتی پێببەستیت. بەڵام لە راستیدا ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمە زۆر دەردەدارە
لە پەیوەست بەم باسەوە، چونکە زۆر باس و بابەت ھەیە کە دەبێت لە رووی
یاساییەوە ئاوڕی لێبدرێتەوە سنوورێک بۆ بەزاندنی دەستدرێژیە فەرھەنگی و
کۆمەڵایەتیەکان دابنرێت. تەداخولات لە ژیانی تایبەتی تاکەکانی
کۆمەڵگادا بە چ ئاستێک گەیشتووە. سەرزەنشت، سوکایەتی، بێبەھاکردنی
ژیانی بەرامبەر، چەپاندنەوەو گەلێک بابەتیتر، ھۆکارە بۆ چوونە نێوخۆمان
و بۆ نامۆبوونمان بە دەوروبەر بۆ وەرسبوون و بەکەمگرتنی ژیانی خۆمان،
ئاخر تۆی گەنج تا کوێ دەتوانیت رەنج بەریت بەدەست ئافاتی تەدەخولاتی
ژیانی شەخسیەوە، تا کوێ دەتوانیت بێدەنگ بیت لەبەرامبەر بە سەرزەنشتی
دەوروبەرو سوکایەتی و چەپاندنەوە، کەی ژن دێنیت، بۆ رەبەنیت، بۆ
شوناکەیت، ئاخر گەنجێکی بێ ئەزموونی گیرفان خاڵی پر معانات تا کوێ
دەتوانێت بێدەنگ بێت لەبەرامبەر بەو پرسیارە بێ وەڵامانە، بۆیە کە
دەڵێم دەبێ سنوورێک بۆ بەزاندنی دەستدریژیە فەرھەنگی و کۆمەڵایەتیەکان
دابنرێت باسەکە ئەوەیە کە کۆی ئەم بارودۆخەو ئەم جۆرە دەخالەتکردنە
ھۆکارەکانی پشت سڕینەوەی ژیان و پەنابردن بۆ خۆکوشتن زیاتر دەکات و
دەبێت کۆمەڵێک رێگە بگیرێتەبەر کە یەکێکیان ئەو یاسایەیە کە رێگە بەوە
نادات ژیانی شەخسی تۆ وەک ئینسانێک وێران بکرێت بەھەر پاساوێکی ئاینی و
کولتوری کۆمەڵایەتی .
زەمەن: بەڵام ھێشتا پێتوانیە رێژەی
خۆکوشتن زۆر نیە، سەرەڕای نالەباری دۆخە کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییەکە؟
رێبوار عارف: ئەوەی لە میدیادا
بەدیدەکرێت بە مانای ئەوە نیە کە لەواقعیدا دۆخەکە ھەروایە، رەنگە
کەسێک شاعیرێک بێت، ھونەرمەندێک بێت، یان کەسێک بێت کە خۆکوشتنەکەی
بەرکەوتەی تری لێبووبێتەوەو خەڵک زانیبێتی کە خۆی کوشتووە، بەڵام خەڵک
ھەیە کەس خۆکوشتنەکەی نابینێت و نابیستێ، خێزان ھەیە خۆکوشتنی
ئەزیزەکەیان بەشەرم دەزانن، دەیشارنەوە سانسۆری دەکەن، لەبەر سەرزەنشت
و دادگاییەکانی پاش مەرگی ئەزیزانیان لەبەر بۆردومانی پرسیارە نادروست
و نابەجێکان. بۆیە ئەو رێژەی کە گوێبیستی دەبین بەمانای ھەقیقەتی
رووداوەکان وھەوڵەکانی خۆکوشتن نیە. ئەگەر وردتر بیربکەینەوە لە
کوردستان چوونە سەرەوەی رێژەی خۆکوشتن راچڵەکێنەرە، بەڵام ھێشتا
بەراوردی ناکەم لەگەڵ ئێرانی دراوسێمان کە ساڵی رابردوو ٣٤٠٠ کەس خۆیان
کوشتووە. بەراوردی ناکەم لەگەڵ فینلەندا کە لەساڵی رابردوو ٨٤٣ کەس
خۆیان کوشتووە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەوەی کە تۆمارکراوە ٤٠ ھەزار کەس
بیری لە خۆکوشتن کردووەتەوە، رێکخراو و ئۆرگانە جیاوازەکان ئیشیان
لەسەر کەیسەکان کردوەو دەبینین چ کاریگەریەکی لە کەمکردنەوی رێژەکەدا
داناوە. بۆیە من دەزانم کە دیاردەی خۆکوشتن ریشەکێش ناکرێت بەڵکو
دەتوانرێت لە ئاستێکی زۆر باڵادا کەم بکرێتەوە، کە بەدڵنیایی تێگەیشتن
و ھۆشیاری کۆمەڵگەو ھەستیاربوون بەرامبەر بە ژیان و چارەنووسی کەسانی
دەوروبەرمان و ھەوڵدان بۆ گەرانەوەی بەھای ژیان بۆیان کارگەلێکی یەکجار
گرنگە، بەڵام لەھەمووی گرنگترو کاراتر دەورو جێگەو رێگەو پلان و
بەتەنگەوە چوونی دەسەڵاتە.
لە کوردستان پێویستمان بە رێکخراو و یاسا و کەسانی بەتوانا ھەیە بۆ
ئەوەی لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا بکەن و میدیاکانیش پشتیوان بن و حکومەتیش
بەرپرسیاریەتی خۆی نیشان بدات. بەڵام سەرباری ھەموو ئەمانە نایشارمەوە
دەستبردن بۆ وەھا پرۆژەیەک دەستبردنە بۆ گەلێک بەرکەوتەی کولتوری،
کۆمەڵایەتی، ئاینی، دەستبردنە بۆ زیندوو راگرتنی کولتورێکی ئینسانی کە
تێیدا ھاوڵاتیان ھەست بە بوون و بەھاو کەسایەتی خۆیان بکەن، ئەگەرچی
لەم کۆمەڵگایەدا ئەمڕۆ ئێمە لەسەرەتای کارداین، بەڵام لەئەستۆگرتنی
بەرپرسیاریەتی و وەدەنگ ھاتنی کەسانێک کە دەیانەوێت لەم بوارەدا کارێک
بکەن ھیوابەخش و دڵخۆشکەر دەبێت بە ھەموومانەوە پشتگیری لێ بکەین!
bahaomar94@yahoo.com
|