١٠\٨\٢٠١٤
رەچەڵەکی ئێمە
ئێزدیە.. شەنگال وارا مە هەمیە.

مەهدی خالید خەمبار
کەمی لاپەرەکانی دیرۆکی نەتەوەکەمان بە بەروارد بەوڕاستیەی کە حاشای لە
دێرینیمان نەکردوە و دەیگەڕێنێتەوە بۆ ٧٠٠ ساڵ بەر لە حەزرەتی مەسیح،
ئەمەش بەرچاوڕونی ئەوەمان پێدەدات کە نەیارانی نەتەوەکەمان ئەوەندەی
بۆیان لوابێت هاوڕێ لەگەڵ ئەو شەڕوشۆڕ و ئەنفالانەی کە بە دژی
گەلەکەمان لە پێناو لەبەینبردنیدا بەرپایان کردوە ، ئەوا دەستیان لە (
مێژو و ئاین و زمان و کولتور )ەکەشی نەبواردوە و هەرچی چنگیان
پێیگەیشتبێت لەیەک کاتدا ئەوا ( فەرهود و تاڵان ) و ئەنفالیان کردون ،
( سەروەت و سامان) ەکەشیان وەک ( غەنائیمی جەنگ ) حەڵاڵ و دارەبەشکردوە
، ( ئافرەت ) ەکانشیان مامەڵەی دیل و جاریەیان لەگەڵ کردون ! بەشێک لەو
کلتور و ئەدەبیاتەشی کە کورد هەیبوە ئەوا کەوتۆتە بەر ڕەحمەتی گۆڕاندن
و شێواندن ! بەجۆرێک بە خاشاک و گەندەیی خۆیانیان موتوربە و
ئاوێتەکردوە کە بە چاوی گومانەوە لە ڕاستی بەشێک لەمەی وەک کەلتوری
نەتەوایەتی پێمان ناسێنراوە بڕوانین!؟
ئەگەر شەن وکەوێک لەم چەند لاپەڕە کەمەی ئەم مێژوەمان بکەین کە لە
مۆزەخانەو و کتێبخانەی ووڵاتانی دونیادا لە ئەنفال و سوتان پارێزراون و
ماونەتەوە ، ئەوە پەردە لەسەر ئەو کوشتارگە گەورە و کۆمەڵکوژییانە
هەڵدەدەنەوە کە لەسەردەمی خەلافەتی ئیسلامیەوە تا ئەمڕۆ دژ بەکورد
ئەنجامدراون.
مێژوی نوێش خاڵی نیە لە جینۆساید و ئەنفالکردن ، پەرێزی دەستی میلەتانی
سەردەستی ناوچەکە و جیهانی نوێش پاک نین لەو تاوانە قێزەوەنانەی (
پاکتاوی ڕەگەزیەی ) کە بەهۆیەوە لەبەینبردنی نەتەوەکەمانیان تێیدا
کردۆتە ئامانج.
گەلی ئێمەش هەم لە مێژوی کۆن و هەم لە تازەشدا هێندە بێخیرەتی و زەلیلی
قبوڵ نەکردوە و بەڵکو بەردەوام ئەوەندەی توانیبێتی پارێزگاری لە خۆی و
خاکەکەی و پیرۆزیەکانی کردوە ، بەم هۆیەشەوە ئەم وڵاتانەی کە گەلی
ئێمەیان ژێردەست خستوە هەرگیز نەیانتوانیوە لە ئاسودەیی و خەیاڵ ڕاحەتی
و بێکێشەییدا بژین و بۆیە ئێستا بەو ترۆپکی ڕاستیە گەیشتن کە ئێدی شەڕ
لەدژی ئەم نەتەوەیە دورە لە لۆژیک و یاساکانی ژیان ، بۆیە ئەوەتا ئەمە
بوە ئەمری واقیع و ئیتر گۆڕانکاریەکان لە سیاسەت و مامەڵەیان لەتەک
کورد بە ١٨٠ نمرە وەرچەرخا، زۆر وڵاتی ئیسلامی عەیار ٢٤ لە نەتەوەکوژی
و ئەنفالی ئێمە و بە غەنیمەبردنی کچ و ژنانماندا بەشدار بون ! ؟ بۆیە
لە گەڵیاندا ئەگەر لێشیان خۆشببین ، تەنها شتێک کە بتوانین تەنها
دۆستبونیانە نەک برایی.
مێژوی کۆن بۆ ئەوانەی بیانەوێت لەزمانی بگەن ، خەوشی لەسەر
زەردەشتیبونی کورد نەهێشتۆتەوە و زەردەشتی بە پێغەمبەری کورد و
ئاوێستاش وەک کیتابە پیرۆزەکەی نیشان داوە ، باسی لەوەشکردوە کە چۆن و
بەچ شێوازێک ئەم ئاینەیان لە هیزری تاکی کوردا سڕیوەتەوە ؟ تۆ بڵێی
هەروا بەسوک و ئاسان لەو ئاینەیان تەوەلا بوبێتن و چوبێتنە ژێر بەیداخی
ئیسلامەوە ؟ یان دوای دەیان و سەدان بەرەنگاربونەوەی خوێناوی و سەختی و
فراوانی شەڕ و نابەرامبەرەی لە ژمارە و چەک و ئابڵوقەدانی مەحکەم و
درێژخایەن و کوشتنی بەشە زۆرەکەی جەنگاوەرانی کورد و شەتەک و ماندوبون
و برسێتی و تینیۆتی و لەدەستدانی سوارچاک و سەرکردەی هێزەکە و بونی
برینداری زۆر ، هەمو ئەمەنە ئەو بەشە کەمەی ڕزگاریان بوبو ناچار بە
هەڵدانی ئاڵای سپی خۆبەدەستەوەدان بە سوپای ئیسلامی کردن، زەردەشتیەکان
، ئێزدیەکان و کاکەییەکان و هەندێ ئاینزایتریش کە لە ئێستادا دابەشی
سەر هەندێ ووڵات بونە مێژو بە ڕەسەن و ڕەچەڵەکی کوردی ناودێر کردون و
بەو ڕێژە کەمەوە توانیویانە خۆیان لە پوکانەوە و توانەوە بپارێزن
تەسلیم بە ئیرادەی هیچ ئاین و گەلیتر نەبن.
ئەوەی ئەمڕۆ ( داعش ) بەرپایکردوە ، هەوڵێکی نەزۆکانەیە بۆ گێڕانەوەی
مێژو ، بەڵام من لەوە دڵنیام لەوەی ( داعش دەبێتە ئەو مقەسەی نەخشەی
هەرێمەکە دەبڕێتەوە و پارچەکانی کوردستانیش لێکدەدورێتەوە ) ئەمجارەیان
بە پێچەوانەی ڕابردو بۆ ئێمە دەبێت بە دەستپێکی وەرچەرخانێکی مێژویی لە
دیرۆکی ئێمەدا ، سەرهەڵدانی گروپی توندڕەوی داعش، سەرهەڵدانی
کۆدەنگیەکی پشتیوان ئامێزی جیهانی دەبێت بۆ کورد و هێزی پێشمەرگەی
کوردستان ، لێرەوە یەکڕیزی یەکجارەکی گەلێکی ٤٠ ملیۆنی سەریهەڵدا ،
جمانی خوێنی کوردە لە شادەماری کوردایەتی و نیشتیمانی و مرۆییدا ،
سەرهەڵدانی کەشوهەوایەکی سیاسی مژدەبەخش دەبێت بۆ گەلەکەمان لە هەر
چوار بەشەکەی نیشتیمان ، دەستەکانی پەکەکە و یەپەگە و هەپەگە و حدک ،
بژدک لە شاخی شەنگالدا گەیاندە دەستی پدک و نیک و خەڵکی باشوری
کوردستان و دەبێ لە شەنگالیشدا پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دور
لەبەرژەوەندی حیزبایتی دابمەزرێت.
شەنگالیش و چیای شەنگالیش بون بە دیرۆک جیهانی بە ئاگا هێنایەوە و بۆ
خۆشمان دەستەکانی خستە سەر یەک و لە سەنگەری داکۆکیکردن لە گەل و
نیشتیمان کۆیکردینەوە و نیشتیمانەکەشمانی لێکدایەوە . ئومێدەوارم و
داواکارم لە هەمو هێزە سیاسیەکانی کوردستان ، بە عیلمانی و ئیسلامی و
کۆمۆنیستەوە لەهەمو خەڵکی کوردستانی باشور ئەم دەستکەوت و سەرکەوتوانە
دوربن لە پیاچزانی مۆری تاک حیزبی و تاک بەرەیی و تاک پارچەیی ، چونکە
مێژو هەرگیز ئەم کۆدەنگی و فرەدەنگیە کە وەک دەسپێکی میژویەکی نوێ
فەرامۆش ناکات ، ئەمڕۆ نەتەوەکان ڕوبەڕی هەوڵێکی داگیرکردنی بەربەری
بۆتەوە و دەیان نەیار و ناحەزی گەلەکەمان لە ژێر ئاڵای ڕەشی داعشدا
کۆبونەتەوە و لە هەولی ئەنجامدانی ئەنفالێک و کۆمەڵکوژیەکی تردان کە
دەرهەق بە گەلەکەمان ئەنجامی بدەن ، ئێزدیەکانمان و کاکەییەکانمان و
مەسیحی و سریانی و کلدوئاشوری هەمو خەڵکی کوردستان ڕوبەڕوی دڕندەترین
دوژمن و ڕەفتاری نامرۆڤانە بونەتەوە کوشتن و هەتک کردن و فڕاندن هەڕەشە
لە خەڵکی کوردستان دەکات . ئەرکی هەمومانە کە لەدژی ئەم هێرشە
بوەستینەوە و بەشداری لەم خەباتە پیرۆزە بکەین، ڕوداوەکانی داهاتو
دەریدەخەن کە ئاسوی کورد چ ڕونیەک بەخۆوە دەبینێت .
m.zerdeshti@gmail.com
|