١٠\٩\٢٠١٢
رەدووکەوتن..
شوناسی ئازادییخوازانەى ژنى کوردە.
- هەڤپەیڤین لەگەڵ بوار
نورەدین -

یوسف خەلیل
دەکرێت بە دواى سەرچاوەیەکدا بگەڕێین کە
رەدووکەوتنى لێ هەڵدەهێنجرێ و ئازایەتى و ئازادیی بە تاکەکان دەبەخشێت
و هانیان ئەدا بە پابەندیی نەمێننەوە و هەوڵی رمانى حەسارەکان بدەن تا
بزانن ئەودیوو سنوور چ باسە؟ دەکرێت بپرسین بۆ چ مەبەستێک دێتە ئارا؟
بێگومان پێکەوەژیانى ئازادانە لە خۆ دەگرێت! بە دوور لە کۆت و بەندى
راى دەوروبەر و کەلتوور و دین و کۆمەڵگاى چەقبەستووى بێ بیر لە گۆڕان !
دروستکردنى خێزانیش بە پێى هەموو پێوەرەکان لادان نییە بە لاڕێدا و
هێنانەکایەى تەنگژە! بەڵام پابەندنەبوونە بە بنەماکانى داب و کەلتوور!؟
بۆیە ئێدى بۆ هەچ مەبەستێک بێت قبوڵ نییە و بە لادان کارى لەسەر
دەکرێت! هەموو دەسەڵاتەکانیش کە تەواوکەری یەکدین پیاون و دەیسەلمێنن..
کە ئەمەش هاتە ئارا چارەنووسی ئەو کەسەى بەم رێیەدا رێی کردووە
دەکەوێتە مەترسییەوە و نموونەشمان زۆرە لەم بارەیەوە، شاسوارى ئەم
درامایەش سۆز و خۆشەویستیی کەسەکانە بۆ یەکدى و جوانترکردنى ژیانە بە
روانگەى نوێ، بۆیە جێی شادمانییە کە نەوەکانى رابردوومان ئەم
دەروازەیەیەیان وەدەست هێناوە، ئەى ئێمە گەرەک نییە ئەمە بکەینە
دەستمایە و ئایندەمانى لێوە دیارى بکەین؟ ئەمانە و چەندین پرسیارى دیکە
ئاراستەى بەڕێز (بوار نورەدین) دەکەین کە خاوەنى پەرتووکى (رەدووکەوتن
لە کەلتورى کوردیدا)یە و لە کۆڕێکدا کە یەکێتى ژنان و ئینستیوتى
کەلەپوورى کورد لە (٢٩\٣\٢٠٠٩)دا
بۆی سازدابوو بە تێر و پڕیی لەم بابەتە دوا بۆیە لە نزیکەوە بە پێویستم
زانى بیدوێنم:
یوسف خەلیل:
کەلتوورى کوردى چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
بوار
نورەدین: کەلتوور ، تەنیا وشەیەکە بەڵام مانا و واتایەکى فراوان
دەبەخشێت، لە زمانى کوردیدا وشەى (فەرهەنگ) لاى زۆرێک لە خەڵک و
نووسەرانى کورد بە هەمان مەبەست بەکاردێت. کە هەموو پاشماوە ماددى و
مەعنەوییەکانى گەل لە (مێژوو، زمان، فۆلکلۆر، ئایین، ئەدەب، دابونەریت،
هونەر،... تاد) دەگرێتەوە هەر یەکێک لەو بەشانەش، چەند لقێکى دیکەیان
لێدەبێتەوە.
لەبەرئەوە، قسەکردن لەسەر کەلتوورى کورد، کارێکى هەروا ئاسان نییە.
پێویستە تیشک بخەمە سەر ئەو هۆکارانەى کە نێگەتیفانە کاریگەرییان لەسەر
کەلتوورى کورد هەبووە، ئەوانیش: ئایین، نەبوونى دەوڵەت یان دەسەڵاتێکى
کوردى، کاریگەریی دەسەڵاتە دەرەکییەکان بەسەر کورد و کوردستاندا،
نەرێنیی دەسەڵاتە ناوەندییەکان، تا رادەیەکیش سەختى (سروشت)ى کوردستان.
لەژێر سێبەرى ئەو بنەما و هۆکارانەدا، مێژووى مرۆڤایەتی کە ئێستا رەنگە
لە پێشکەوتووترین قۆناغدا بێت، لە کوشتن و بڕین و تاڵان و کاولکردن
رزگارى نەبووە و هێشتا ئارامى نەگرتووە...!؟ لە ئاکامدا چەندین
دابونەریت و گرفت و کێشەى کۆمەڵایەتى لە کۆمەڵگاکاندا پەیدابوون و تا
ئێستاش هەر بەردەوامن واتە: هەر کۆمەڵگایە و بە جۆرێک بە دەست سووچ و
پەنا چەوتەکانییەوە دەناڵێنێت.
بێگومان زۆربەى ئەو کێشە و دابونەریتانە سەرشان و ملى توێژە لاوازەکانى
گرتۆتەوە و ئەوان لە توێژە دەسەڵاتدار و بە تواناکان گرفتارتر بوون و
زۆرتر تووشى قوربانى ئەو زۆردارییانە بوون، لەم نێوانەدا (مێینە و
منداڵ) هەمیشە زەمینەیەکى فراوان و لە بار و گونجاو بوون بۆ ئەو
تراژیدیا مێژووییانە.
کەلتوورى کوردیش بەهەمان شێوە؟ چونکە لە سەرەتاى دەستپێکردنى ژیان و
سەرهەڵدانى مرۆڤەوە هەتا ئێستا، مێژووى مرۆڤایەتى چەند قۆناغێکى بە
خۆیەوە دیوە، وەک: مێسالاریی، کۆیلایەتى، شوانکارەیى، کشتوکاڵیی،
دەرەبەگایەتى... تاد، کە لە هەموو قۆناغەکاندا و بە درێژایى مێژوو
هەمیشە مرۆڤەکان لەگەڵ سروشت و هاوڕەگەزەکانیاندا، لە ژێر کاریگەرى
(ململانێ لە پێناوى مانەوەدا) لە رووبەڕوویەکى سەختدا بوون، کە لاى
زۆرێکیان بۆ بەربەرەکانێتى دەوروبەر و خۆویستى و خۆپەرستى خۆیان
ترازاوە، لە ئاکامدا کۆمەڵێک بوون بە سەردەستە و ئاغا و کوێخا بەسەر
کەسانى لاواز (لە ڕووی کۆمەڵایەتى و سایکۆلۆژیی و ئابووریی)ەوە، ئەمەش
ئەوەندەى دیکە مرۆڤایەتى بە سەر چین و توێژ و دەستە و تاقمدا
دابەشکردووە، هەروەها بە هۆى هاتنى ئایینەکانەوە، چونکە ئەوانیش
هەریەکەیان (بۆ پێڕەوکردن و بەڕێوەبردنى کۆمەڵگاکان)، خاوەنى چەمکى
تایبەت بە خۆیان بوون، کە بە هۆى ئەمەشەوە دیسانەوە بە جۆرێکى دیکە
جیاوازیی ئایینى و چینایەتى و کۆمەڵایەتى و ئابووریی دروست بووە.
یوسف خەلیل:
رەدووکەوتن چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
بوار نورەدین: رەدووکەوتن و هەڵگرتن، لە
کەلتوورى کورددا مێژووێکى دێرینى هەیە، کە تاکى کورد یان وەک یەکێک لە
دابە خێڵەکییەکان پاراستوویەتى، یان بە هۆى هاتنى کەلتوورى داسەپاوى
بێگانە و پەیدابوونى دابونەریتە خوار و چەوتەکان، ناچاربوون لە
بارودۆخە سەخت و دژوارەکاندا، بیتاشن و لە برى ئەوەى خۆیان بخنکێنن یان
بسوتێنن...! وەک بەرپەرچدانەوەیەک بەکاریان هێناوە و سەروەرییەکانیان
کردووەتە قوربانى خۆیان و پێکەوەبوونیان. هەروەها رەدووکەوتن،
کاریگەرییەکى تەواوى لەسەر خێزانى کورد هەبووە؟ چونکە رەدووکەوتن لە
زۆربەى ناوچەکانى کوردستان و هەموو ئایین و ئایینزاکانى (زەردەشتى،
جوولەکە، ئیسلام، ئێزیدى، عەلەوى، کاکەیى) دا باو بووە، تا ئێستاش لە
زۆر ناوچەدا پێڕەو دەکرێت.
لە هەندێ بارودۆخدا ئەم دابە لە لایەن مافخۆر و ژیان دزەکانەوە
بەکارهاتووە و ناشیرین و ناپەسەندیان کردووە، ئەگەر نا دیارترین و
گەورەترین هەوڵ و تێکۆشان و قوربانییدان و سەرکێشیی مێینە بووە، لە
پێناو رزگاربوون لە دابونەریتە دزێوەکان.
یوسف خەلیل:
سەرەتاکانى ئەم سنووربەزاندنە چۆن دەبینیتەوە؟
بوار نورەدین: بێگومان سەرەتاکان یان
هۆکارەکانى رەدووکەوتن، کە کارییگەرییان لەسەر پەیدابوون و
بەردەوامبوونى ئەم دابونەریتە هەبووە، بریتین لە:
١- جۆرەکانى پێکەوەگرێدانى نێر و مێ لە کۆمەڵگاى کوردیدا ئەمانەن:
شیربایى (قەلەن، نەخت)، ژن بە ژن (بەردێلى)، زاواڕە (زاوابەند،
زاواڕێوى)، گەورە بە بچووک، خوێن خۆشکردن، ژن بەسەرهێنان، بنەتۆ و
(بنپشک)، سێبەگایى (سێبەسەرە).
٢- دابونەریتەکان کە ئەوانیش: خزمایەتى، حەیراندن (بەستن)، جیاوازى
تەمەن لە هاوسەرگیرییدا، سوورانە (بووکانە)، کریڤ و کریڤایەتى، بیانوو،
پەیوەندیی نێوان میوان و خانەخوێ، هۆکارەکانى دیکەش کە لقیان
لێنابێتەوە ئەمانەن: هەندێ سەربەستیی کەلتووریی، ئابووریی یان
چینایەتى، ئایین، جوانیی (سپەهیی)، هەڵنەکردن، ئاستى رۆشنبیریی...
هتد..
یوسف خەلیل:
پێتوایە رەدووکەوتن قبوڵنەکردنى ئەو سنووربەندییەیە کە کەلتوور
سپاندوویەتى..یا شوناسێکى ئازادییخوازانەى ژنى کوردە کە هەر لەسەرەتاوە
کۆت و بەندى قبوڵ نەکردووە؟
بوار نورەدین: بێگومان وایە.. بەڵام ئەم
پرسیارە دوو وەڵام لەخۆ دەگرێت، یەکەمیان: ئەگەر کەلتوورى کورد
کەلتوورێکى تا ڕادەیەک قورس بووبێت بەسەر توێژى مێینەدا، ئەوا نێر و مێ
پێڕەویان کردووە بۆئەوەى بەرپەرچى ئەو قورساییانەى پێبدەنەوە،
دووەمیشیان: دەکرێت بڵێین کە کەلتوورى کورد ئەوەندە قورس و گران نەبووە
بۆ ئازادى تاک، تاڕادەیەک هەندێ کەلێن و سووچ و پەناى تێدایە کە تاک
(نێر و مێ) توانیویانە کەڵکى لێوەربگرن و تاوەکو بە ئێستاکەش دەگات
بیپارێزن... چونکە بەپێى بەدواداچوونەکانم، بۆم دەرکەوتووە کە لەناو
زەردەشتییەکانیشدا جۆرە دابێک هەبووە کە پێى گوتراوە (خودسەراى ژن) و
هاوشێوەى رەدووکەوتن و هەڵگرتن بووە...
یوسف خەلیل: دەکرێ
خەباتى ژنان کە بەو شێوازە دەستیپێکردووە ئایندەى بە جوانى ببینرێ و
زاڵ بێت بەسەر کۆت و بەندانەى دێتە ڕێ؟
بوار نورەدین: رەوشى ژن پەیوەستە بە
کۆمەڵگاوە ، واتە هەرچەند کۆمەڵگا بەرەو پێش بچێت، ئەمیش بەهەمان شێوە
و بەپێچەوانەشەوە. بەڵام:
١- رەنگە تاکو ئێستا رێکخراوەکانى مێینە وەک پێویست نەیانتوانیبێ، یان
کەمتەرخەم بووبن بۆ هەندێ لایەنى راگەیاندن و بڵاوکردنەوە و برەودان بە
رۆشنبیرکردنى مێینە... راستە کار و بووژاندنەوەى زۆر کراوە، بەڵام
لەگەڵ ئەوەشدا دەبووایە کەناڵێکى تەلەفزیۆنى یان هیچ نەبێ ئێسگەیەکى
تایبەت بە خۆیان دەستەبەربکەن و بتوانن بە بەرنامە و کارى شیاو و پوختە
بۆ ئێستا و دوارۆژى مێینەى کورد، بەرنامەکانیان ئامادەبکەن و بیکەنە
زەنگێک بۆ لێدانى گشت دەرگا و دەروازەکانى خێزان و کۆمەڵگاى کوردى،
چونکە کێشە و گرفتەکان زۆرن و پێویستیان بە هەوڵ و تێکۆشانى فرەتر
هەیە.
٢- هەروەها پێویستە فرەتر بایەخ بە پێگەیاندنى کادر و خەڵکانى پسپۆڕ
بدرێت بۆ تاوتوێکردن و چارەسەرکردنى کێشەکانى مێینە..
یوسف خەلیل: ئەگەر شتێک مابێت بتەوێت
قسەى لەسەر بکەیت؟
بوار نورەدین: تا ئێستا هیچ کتێبێکى
تایبەت لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، هەروەها وەک پێویستییەکى ئەدەبیی
و فۆلکلۆریی و کەلتووریی، توێژینەوەى لەسەر نەکراوە، تەنیا لە چەند
سەرچاوەیەکدا بە ناونیشانى سەربەخۆ یان بە شێوەیەکى لاوەکى تێکەڵکێشى
بابەتى هەمەجۆر کراوە. لەبەرئەوە خۆم بە شادمان دەزانم کە توانیم
بابەتێک هەڵبژێرم و کارى لەسەر بکەم، کە زۆربەى هەرە زۆرى کێشە و گرفتە
کەلتوورییەکانى ژنى لە ناو کۆمەڵگاى کوردیدا... تێدا کۆکراوەتەوە و
قسەیان لەسەر کراوە. لە کاتێکدا پێویستە ئەوەش بڵێم کە: توێژینەوە و
لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەى نهێنییەکانى ئەم دابە، یان هەر دابونەریتێکى
کۆمەڵایەتى دیکە، زۆر لەوە بەرفراوانترە کە ئێمە کارمان لەسەر کردووە و
بیرمان لێکردۆتەوە، رەنگە نە بەم توێژینەوەیە و نە بە چەندینى دیکە،
کەسێک بە تەنیا نەتوانێت شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنى تەواو بۆ بابەتەکە
بکات، بەڵام دەکرێ ئەم کارە بکەین بە سەرەتایەک بۆ کردنەوەى
دەروازەکانى ئەم دابە لە بەردەم توێژینەوە و لێکۆڵینەوە کەلتووریی و
فۆلکلۆریی و ئەدەبییەکاندا، بۆ نووسەران و توێژەران و ئەو کەسانەى
ئێستا یان لە رابردوودا، ئەگەر شایەت بیانەوێ کار و هەڵسەنگاندنى چڕترى
لە سەر بکەن.
خاڵێکى تریش کە بە پێویستى دەزانم ئاماژەى پێبکەم، ئەمەیە: دەکرێت
ئەگەر بە تێڕوانینێکى مۆدێرن تەماشایان بکەین و بە خۆمان و نەوەکانى
داهاتوو و تەواوى جیهانی بناسێنین، چونکە (رەدووکەوتن) رەنگە بە
مەزنترین سەرکێشیی و بەرەنگاربوونەوە و قارەمانێتى ئافرەتى کورد دابنرێ
لە مێژوودا، هەروەک پێشتر باسمان کردووە تاک بە گشتیی و مێینە
بەتایبەتیی بە چ شێوەیەک و لە ژێر چ کاریگەرییەکى دەرەکیى و ناوەکییدا
ژیانى بەسەربردووە.
لە کاتێکدا ئەگەر کچ و ژنى کورد لە چەرخە کۆنەکانەوە توانیبێتیان بە
(رەدووکەوتن) بەرپەرچى هەموو دابونەریتەکان بدەنەوە، لەگەڵ نەبوونى هیچ
جۆرە پشت و پەنایەکى مسۆگەر (چونکە هەروەک پێشتر باسمانکردووە لە هەموو
قۆناغەکاندا ترسى ئەتککردن و کوشتنیان لە پێشدا بووە)، کەواتە بۆ دەبێ
ئێستا کە تا رادەیەکى زۆر ئافرەت توانیویەتى سەربەستییەکى کەم تا زۆر
لە بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستەبەر بکات، نەتوانن بەرپەرچى یاسا و
رێسا کۆمەڵایەتییەکان بدەنەوە؟!
_______________________________________________________________
سەرنج:
خۆزگە ئەم سەرنج و تێبینى و بۆچوونانە دەبوونە پەیامێک یا رێگە
خۆشکردنێک بۆ رێکخراو و گرووپ و ژنانى کۆڵنەدەرى کورد و تا لێیەوە
بتوانن ئایندە بە شێوەیەکى نوێگەرییانە و مرۆییانە کارەکانیان
رێکبخەنەوە و ژنێتیان بکەنە پەیامێک یا شوناسێک و بۆ هەموو لایەکیشی
بسەلمێنن کە هەن...
بوار نورەدین کێیە؟
- ساڵی ١٩٦٢ لە شاری قەڵادوزێ لە دایک بووە.
- ساڵی ١٩٩٩ پەرتووکی (ھاواری دڵ)ی
بڵاوکردۆتەوە، پێنج جار چاپکراوەتەوە ..
- ساڵی ٢٠٠٤ پەرتووکی (دەنگی مێینە لە
گۆرانی فۆلکلۆری کوردیدا)ی بڵاوکردۆتەوە
و بە بۆنەی رۆژی جیھانیی پەرتووکیشەوە خەڵاتی باشترین پەرتووکی بواری
ھونەریی وەزارەتی رۆشنبیریی پێدراوە.
- ساڵی ٢٠٠٤ پەرتووکی (بیبلۆگرافیای
کتێبی فۆلکلۆری کوردی ١٨٦٠-٢٠٠٤)ی
ئامادەکردووە.
- ساڵی ٢٠٠٥ پەرتووکی (رەدووکەوتن لە
کەلتووری کوردیدا)ی بڵاوکردۆتەوە.
- ساڵی ٢٠٠٦ پەرتووکی (یادنامە)ی
بڵاوکردۆتەوە کە لە یادی پەنجا ساڵەی کۆچی دوایی یەکەم مەلیکی کوردستان
شێخ مەحموودی حەفید دا نووسراوە و خەڵاتی مەدالیای ئاڵتونیی
وەرگرتووە..
- ساڵی ٢٠٠٧ پەرتووکی (میر عەبدال خانی
بدلیس)ی دوو جار چاپکردووە..
- ساڵی ٢٠٠٩ پەرتووکی (ئەستێرەی سوور)ی
بڵاوکردەوە..
- فەرمانبەرە لە وەزارەتی رۆشنبیریی.
yousif_kazh@yahoo.com
|