په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

رەفتاری مرۆڤ و ژینگەکەی.

 

ئەیوب ئەنوەر سماقە*

 


ژیانی رۆژانەی مرۆڤ لە کۆمەڵە بڕیار و گوفتار و رەفتارێک پێک دێت، دیارە ئەم بڕیار و رەفتارانەش لە دەرەوەی ژینگەی مرۆڤایەتی ناکرێت، بەڵکو سەرجەمیان پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە ژینگەوە هەیە، لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێت ئایا چۆن دەتوانرێت رەفتاری مرۆڤ بەجۆرێک بگۆڕدرێت کە لەبەرژەوەندیی ژینگەدا بێت؟ لەگەڵ ئەوەی کرداری دروستکردنی گۆڕان لە رەفتاری مرۆڤ کاتێکی زۆری پێویستە کە لەوانەیە لەهەندێ کۆمەڵگەدا بەتایبەتی کۆمەڵگە دواکەوتووەکان چەند نەوەیەکی بووێت تاوەکو ئەم گۆڕانە روودەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەنجامی روودانی گۆڕان لە رەفتاری مرۆڤەکان بەرامبەر بەژینگە، دەتوانرێت ئامانجی باش بەدەست بهێنرێت، ئەگەر هاتوو سێ هۆکار بەتەواوی لەهەمان کاتدا پەیڕەوکرا کە ئەمانەن:


1 - فێرکردن بەمانا فراوانەکەی، فێرکردنیش لەگەڵ لەدایکبوونی منداڵ دەست پێدەکات کە سەرەتا منداڵ دروست دەبێت کە لەویژدانی دایک و باوک سەرچاوە دەگرێت، لەو رێگەیەوە رێسای چاکە وخراپە وردە وردە فێردەبێت، جا لێرەدا رۆڵی دایک زۆر بە روونی دەردەکەوێت لە فێرکردن و پەروەردەکردنی منداڵ، لەبەر ئەوەی ئافرەتی خوێندەوار زیاتر لە کەسێکی نەخوێندەوار دەتوانێت گەلێک رەفتاری کۆک لەگەڵ ژینگە لەلای منداڵ بڕووێنێت، لێرەدا هەردوو شێوازی فێرکردنی فەرمی و نافەرمی رۆڵیان لە رواندن و چاندنی رەفتاری گونجاو لەگەڵ ژینگەدا هەیە، لەبەر ئەوە زۆر پێویستە لە وڵاتی ئێمەشدا پەروەردەی تاکەکان لە ماڵەکانەوە دەست پێبکات تاوەکو دوایین قۆناغەکانی خوێندن لەپێناو دروستکردنی بناغەیەکی پتەو لە پەروەردەی ژینگەیی بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو.


2 - بەکارهێنانی یاسا و هۆکاری هاندان: باشترین رێگە بۆ گۆڕینی رەفتاری مرۆڤ یاسایە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ بەشێوەیەکی سروشتی خۆویستە کە وای لێدەکات جۆرێک لە رەفتار ئەنجام بدات کە سوودی بۆی هەبێت، بۆ نموونە پێبژاردن(زیانانە) بە هەر کەسێک کە ببێتە هۆی دروستبوونی پیسبووونی هەوا، یاخود ببێـتە هۆکارێک بۆ تێکدانی ژینگە لە زۆر وڵاتانی ئەوروپا مرۆڤەکان رەفتاریان بە شێوەیەکە زیان بە ژینگەکەیان نەگەیەنێت، یاخود دابەشکردنی نایلۆنی گڵ کۆکردنەوەی پاشەرۆی ماڵەکان، ئەگەر ئەم نایلۆنانە بەبێ پارە دابەشکرا، ئەوا مرۆڤەکان وەک هاندانێک تەماشای دەکەن کە هۆکارێکە بۆ پیسنەبوونی گەڕەک و کۆڵانەکان، یاخود هاندان و لێبوردنی باج لەو وەبەرهێنانەی کە شووشە و کارتۆن و پلاستێک..هتد دووبارە بەکاری دەهێننەوە لە پیشەسازیی جیاواز، کەئەمەش وادەکات ببێتە هۆکارێک بۆ گۆڕینی رەفتاری مرۆڤەکان.


3 - بەشداریی خەڵک: گەلەکۆمەکی و دەستەوایی دیاردەیەکی کۆنە بەتایبەتی لەناو کۆمەڵگەی کوردەواری، بەڵکو یەکێکە لە دابونەریتەکانی کوردەواری بەتایبەتی لە لادێکانی کوردستان، بەڵام زۆر لە حکومەتەکان بوار بە بەشداریی خەڵک نادەن لە چارەسەکردنی گرفتەکان، لەبەر ئەوەی حکومەت ئامادەباشیی بۆ بەشداریپێکردنی خەڵک نییە، بەڵکو تواناشی نییە خەڵک بەشداری پێبکات، لەبەر ئەوەی چەند کەسانێک هەن لە فەرمانگەکانی دەوڵەت پێیان وایە کە خۆیان چارەسەرن و خەڵکیش سەرچاوەی گرفتەکانن، بەڵام لە وڵاتێکی وەکو کوردستان پێچەوانەی ئەمەیە، لێکۆڵینەوە زانستییەکان و بڕوای زۆر لە خەڵکانی رۆشنبیر وایە کە بەشداریپێکردنی خەڵک لە دانانی پلان و دەرکردنی بڕیار و لێپرسینەوە لە کارەکانی حکومەت هۆکارێکی سەرەکیی گونجاندنی ئامانجی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی و ئابورییەکانن، و بەشداریپێکردن هۆکارێکە بۆ دەرکردنی بڕیاری گونجاو لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژینگەیی، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم لەلایەن چەند بەڕێوەبەرێکەوە قۆرخ نەکرێت، بەڵکو پردێکی پەیوەندیی لەنێوان خەڵک و بڕیاربەدەستان دروست ببێت.


* مامۆستای یاریدەدەر لە کۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووری.