٢٧\۴\٢٠١٠
رێگاکان
دەچنەوە عەدەم.

سەرهەنگ خامۆش
1-
تۆ هەموو بەیانیەک
دێیت
تەڕم دەکەیت
لە هەناسەی خۆت
پڕ دەبم لە تۆ
لێوان لێو دەبم لە عیشق.
2-
نامەیەکم
بە پاسارییەک سپارد
تا تەڕ دەبێ لە باران
بە گڕ تر دەبێ لە سوتان
تا تێر دەبێ لە ماچی هەور
بە لێزمە دەبارێتە
هەگبەی تینوی چاوەڕوانیت.
3-
لەنێو خۆمدا
لە بوونی خۆم بە گومانم
هەر چەند
بەدوای خۆم دەگەڕێم
گشت ڕێگاکان
دەمبەنەوە عەدەم.
4-
ئەو ساتەی
لە سەحرای زەردی خەزان
لە چاوەڕوانی دابووم
ببوورە...
کە تۆ هاتی
من ژوانم لەگەڵ نیشتیمان هەبوو.
5-
ئەگەر (با)
باڵی لە زریان نەبا
هەرگیز نەیدەتوانی
ماڵی قەقنەس
وێران بکا...
6-
شەوانە
دێمەوە بەر دەرگای منداڵیم
لە نێو پێلوی چاوی
کوڕە بچوکەکەم
خۆم دەبینم.
7-
هەموو بەیانیەک
لەژێر ترافیکلایتێکی
شەقامێکی شارەکەم
لە نێو پەنجە زەردو سیسەکانی
مناڵێکی سەرما بردوو
لەگەڵ پەڕەکانی
قوتویەک کلینس
هەڵدەوەرێم.
8-
لە نێو تۆدا
خۆم دەبینم
لەنێو هەموو سەرابێکیش تۆ
کەچی لە پڕ
خۆم وون دەکەم.
9-
کە هاتیەوە
لەبیر نەکەی
چونکە بەڵێنت پێ دا بووم
هەر لەو شوێنەی یەکەم دیدار
یەکمان بینی
لەوێ بەیەک
شاد دەبینەوە
هەر لەوێشدا
بە ماچ
یەکتر دەگرینەوە....
Xamosh_s@hotmail.com
|