٥\٩\٢٠١٣
رێگاکان
سەلامەت بکەن تا بە سەلامەتی دەنگتان پێ بدەن.

شوان عوسمان
تا بە جێگاو مەنزلێکی باش بگەین دەبێت رێگایەکی باشتر هەبێت تا بە
دڵنیاییەوە بکەوینە رێ دڵنیاش بین لەوەی بە سەلامەتی دەگەینە جێ، مرۆ
ناتوانێت لە جێگایەکدا بمێنێتەوە نەجوولێت، مانەوە لە شوێنێکدا ژیان
ناگۆڕێت وگۆڕانکاری ناهێنێتە کایەوە، مرۆ لە گۆڕینی رێگاکاندا
مەوداکانی خۆی لەگەل زەمەن دادەنێت رەهەندەکانی کورت دەکاتەوە تا بە
ژیانێکی دیکەی جیاواز تێپەڕێت، تا لە ماوەو دەرفەتێکی دیاریکراودا
بتوانێت بە ئامانجێکی ترو کەنارێکی تر بگات، گەیشتن بە کەنارێکی دیکەی
باشترو سەلامەترو خۆشتر رێگای سەلامەتی گەرەکە تا ژیان سەلامەت
وئاسوودە بێت....
ئەوە کەلتوورو هۆشمەندی تەندروستی کۆمەڵگایە رێگاکان راستەڕێ وجێگاکان
خۆش وبێ مەرگەسات دەکات، هەروەها تەندروست بوونی دەزگا حکومیەکانە
یاساو رێساکان تەندروست دەکات ولە خزمەت رێگاوبان وژیانی مرۆڤەکان
دەیانخاتە کار، لە هەموو جیهاندا هزرو هۆشمەندیەک هەیە زاڵە ئەوەش بۆت
هۆی زاڵ بوونی رێساو کەلتوورو هۆشمەندیەکی زاڵتر، تا کۆنترۆلی عەقل
وعەقلیەتەکان بکات، ئەوەش ببێتە دیاردەو پڕۆژەو کەلتوورێک تا بەسەر
دامودازگاکانی ولات وهزرو هۆشی هاوڵاتیان دابەش ببێت، بەڵام بەداخەوە
لە کوردستاندا نە رێگایەک هەیە بۆ سەلامەتی کۆمەڵ ونە کەلتوورێک
دەکەوێتە کار کە بەختیاری گەلەکی لە هەموو شتێک لا مەبەستتر بێت لە
ژیان، لە پێناو ئەوەی ژیان ئارام بێت وجێگاکان سەلامەتی بن...
لە وڵاتێک هۆشمەندی ویاساو رێسا نەبێتە سەرخانی کۆمەڵ وبە کایەو
جومگەکانی دەسەڵات ودەزگا کۆمەڵایەتیەکان شۆڕ نەبنەوە وەکو بڕیارو پلان،
هەرگیز ناتوانێت ژێرخان وسیستمێکی شارستانی ونوێ بێنێتە کایەوە، کە
تێیدا هاوڵاتی ودەسەڵات هەردووکیان بە ئەرکی خزمەت کردن ودابین کردنی
دڵنیایی ومسۆگەر کردنی ساغ وسەلامەتی ژیان وگوزەران کار بکەن، ژیان
بریتی نیە لە سەرچلی بۆ گەیشتن بە کەنارێکی ئارام، گۆڕینی رێگاکانیش بە
ئیرادەی هێزو شەڕو کێبڕکێوە ناچێتە سەر ، ئێمە مرۆڤ وکائینێکی موجازف
نین تا موجازفە بە بوون ونەبوونی خۆمان بکەین لە هەندێک هەلومەرج
وچرکەساتکانی ژیانماندا، ئێمە بۆ ئەوە هاتووین تا بژین وبەخۆشیش بژین،
هەروەها شتێک بکەین لە خزمەت وەچەی داهاتوو بێت نەک بۆ خۆمان هەڕەشەیەک
بین بۆ سەر وپاشەڕۆژی خۆمان ونەوەکانمان، ئەوەی کە هەمیشە بیر لە مردن
ورووداوی جەرگبڕ بکەینەوە، نە پەیامێکی باشەو نە دوارۆژێکی سەلامەت
دەبێت تا لەدوای خۆمان بەجێبێلین...
سەلامەتی بۆ هەموو لایەک پێویستە نەک تەنیا بۆ هاوڵاتیان بەلکو بۆ
دەسەڵاتیش، هەر هەموومان لە مەوداکانی ژیاندا سەلامەتیمان پێویستە، تا
ژیانێکی ئاسوودەو بەختەوەر بژین، هەروەها کەس نابێت ببێتە هەڕەشە بۆ
سەر ژیانی ئەوانی دیکە، ئەگەر هاوڵاتی لە ژیانیدا ناسەلامەت بوو دیارە
کۆمەڵگا بە ئاسانی سەلامەت وژیانی ئاسوودەی مسۆگەر نابێت، ئایندەش
سەلامەتی دابین ناکات..
لە هەموو جیهاندا سەفەرو گەڕان وگۆڕان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر
جێگەی لەزەت وئاسوودەیی و رەزامەندی بەخشینە، لە دەرەئەنجامێکی
تەندروستی بێ کێشەشدا هاوڵاتی هەست وهۆشی رەزامەندی لە بەرامبەر خۆی و
دەسەڵات تێدا دروست دەبێت، متمانەی دەسەڵاتیش بۆ هاوڵاتیان دێتە کایەوە،
تەنیا ئەوەش دەبێتە رێگایەک بۆ ئەوەی رێگاکان ناڵەبارو مەینەتبار نەبن
بۆ مرۆڤایەتی، شێوازی گوزەران وژیانێکی خۆش دابین بکەن، کاتێک یەکێک
بیەوێت لە شوێنی خۆی نەمێنێتەوەو بگۆڕێت پێویستە بە رێگایەکی دڵنیاو
باوەڕپێکراو بڕوات، دەبێت مەترسیەکانی رێگا کەمتر بن تا زووتر بە
جیهانێکی تر بگات، رێگا دەبێت هەموو مەرجەکانی سەلامەتی وئاسودەیی
وجوانی دەستەبەر بکات، تا خۆمان لە ماندوویی وبێزاری مەترسی رێگاکان
بپارێزین، ناکرێت تا گەیشتن بە مەنزڵێک دەستت لەسەر دڵت بێت وهەمیشە
بیر لە سەرەساتەکانی مردن وکارەساتی رەش بکەیتەوە...
بەڵام لە کوردستاندا بەداخەوە بە پێچەوانەیە، دوای ٢٢ ساڵ حوکمڕانی
وئەزموونی دەسەڵات گرتنە دەست، نە رێگاکان رێگای تەندروستن نە ئاسایشی
هاتووچۆش وەکو مەرجی سەلامەتی تێدا دەردەکەوێ و دابین کراوە، هەروەها
بە هەمان شێوە تاکەکانیش ئاسایشی هاتووچۆی خۆیان و رێگاکان دەستەبەر
ناکەن، هاتووچۆش هەمیشە دوورە لە مەرجەکانی سەلامەتی ودڵنیایی، هەروەها
ساتە خەتەرو مەترسیەکان هەمیشە لە دووبارە بوونەوە دەرکەوتنی رووداون،
رۆژانە لەو سنورە تەسکەی نێوان سێ پارێزاگادا(هەولێرو سلێمان ودهۆک)
چەندین کارەساتی ماڵوێران ومردنی گەورەو گچکەکانی کۆمەلەکەمان چەندبارە
دەبێتەوە، کە ئەوە خۆی لەخۆی هەرەشەیەکی زۆر کاریگەرە بەسەر ئاسایشی
تاک وکۆ وکۆمەڵگای کوردیەوە..
ئەگەر لە سەردەمی بەعس پلانی قەڵاچۆ کردن وقڕ کردنی کورد بە جۆرەها
شێوەو شێواز، سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا بێت ،ئێمە لە سەردەمی ئازادی
وهەبوونی دەسەڵاتی خۆیی وسەربەخۆدا، بە دەستی خۆمان ئەو پلانانەمان
ئەنجام داوە، ئەوەی لەو چەند ساڵانەی دوای راپەرین روو دەدات بەتایبەتی
لە دوای ساڵانی نەمانی شەڕی ناوەخۆو بوژانەوەی ئابووری وگوزەرانی خەڵکی
کوردستاندا، رۆژانە سەر جادەکان دەبنە گۆڕستان وکارەساتی گەورە
روودەدات...
ئایا کێ لەوە بەرپرسیارە ؟؟
دیارە حکومەت بەرپرسیاری یەکەمە لە دانانی مەرجی سەلامەتی رێگاوبان بۆ
هاوڵاتیان، هەروەها دانانی پێڕەوێکی یاسایی بۆ ئەوەی شۆفیر لە کاتی
بەکارهێنانی ڕێگاوبانی هاتووچو نەبێتە هەڕەشەو مەترسیەک بۆ سەر ژیان
وگیانی خەڵک، چونکە رێگاوبان بەتەنیا موڵکی یەک تاقم وگرووپ وتوێژی
خەلک نیە، بەلکو هەموومان رێگامان پێویست تا بگەین بە کەنارێکی ئارام،
هەمووشمان لە پاراستن وچاکردنی بەرپرسیارین، ئەرکێکی رەواشە هەر
هەموومان بە جوانی وبەڕێکی بەکاری ببەین تا بە سەلامەتی تێپەڕین..
حکومەت بەرپرسیاری سەرەکیە لە دابین کردنی جادەو شەقامی بێ چاڵ و
کەندوکۆسپ ودانانی مەرجی یاساو رێسایی، تا هاتووچۆیەکی بێ کێشە وگرفت
ئەنجام بدرێت، هاوکات بۆ ئەوەی سەلامتیش بەرقەرار بێت، دەبێت لە رێگای
یاساو سیستمێکی تەکنەلۆژی تازەو توند، زۆرلە تاکوکۆ بکات وابەستە بن
یاساوو رێسا، بەرادەیەک ئەوە ببێتە واقیعێک لەگەل هەست وهۆشیان تێکەڵاو
ببێت، ئێمە بەرلەوەی یاسایی بین دەبێت یاسا لەناوماندا بێت لەگەلماندا
بژیت لەگەل عەقل وهەستمان یەکانگیر بێت، ئەوکات دەتوانین بیر لە یاسا
بکەینەوەو وابەستەش بین بە یاسایەک تا رادەیەک نەتوانین بەبێ یاسا
گوزەر بکەین...
ئنجا لە رێی سزاو دانانی برە پارەیەک وەکو (غرامە) لەکاتی لادان وخراپ
بەکارهێنانی رێگاکان تا هەموو کەسێک بتوانێت سەلامەتی رێگاکان دابین
بکات، ئەو بنەمایەش لە هەموو جیهان بۆتە نەریت وئیرادەو یاسا، ئەوەتە
من خۆم کە لە (هۆلەندە) دەژیم لەو وڵاتەدا ئەگەر مەرج وبڕیاری سزادان
وپارەدان نەبێت ئەو وڵاتە دەبێتە شوێنی فەوزاو روودانی کارەساتی گەورە،
هەرچەندە گەلێکجار کەلتوور وهۆشمەندی وسایکۆلۆژیەتی خەڵکیش رێگا نادات
ئەوە رووبدات، بەڵام سزا هاوشانی یاسا رێساکان سەردەخات ودەبێتە
پاڵپشتیەک بۆ بەرقەرار بوونی یاسا...
بەمەش دەسەڵاتی شەرعی دەتوانێت ژیانوگوزەرانی خەڵک باشتر وسەلامەتتر
دابین بکات، لە وڵاتێکی وەکو کوردستان بە قەوارە گچکەدا شتێکی ماقوول
نیە ژمارەی قەمەرەو ئۆتۆمۆبیل وەکو ژمارەی دانیشتوانی خەڵک بێت ئەگەر
زیاتریش نەبێت ، هاوکات لەبەرامبەر ئەو مەترسیەدا یاساو رێسایەکی رەواش
نیە تا بتوانێت رێ لە کارەساتەکان بگرێت، تاوەکو رۆژانە رووداوی ناخۆش
دووبارە نەبنەوە، بە شێوەیەک زەرەمەندانی ئەو دیاردە ناشارستانیە گەلێک
زیاتر لە کارەساتی شەڕی ناوەخۆو شەڕی ئازادیش مەزەندە دەکرێن، بۆ
نەگبەتیش قوربانی گەورە لەو بوارەدا کۆمەڵی گەنجان ونەوەی نوێن کە بە
گەنجینەی پێشکەوتنی کۆمەڵگا دەزانرێن، لە حالەتێکدا ئاسایشی هەموو
وڵاتێک گەنجان دابینی دەکەن بۆیە لەسەر دەسەڵاتە ئاسایشی نەوەو
گەنجەکانی باش دابین بکات تا هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆی کەم بکاتەوە...
لە هەموو جیهان هاژووتنی ئۆتۆمۆبیل هونەرو سەلیقەو ئاکارێکە کە لەزەت
دەبەخشێت نەک ژەهر، ئەوانەش لە چوارچێوەی یاساو رێسایەکی هاتووچۆدا
بەرقەرار دەبن، بەڵام لێرەدا نە ئەو هونەرە هەیە لەکاتی هاتنە پێشەوە
رووداویک ژیانی خۆت وبەرامبەرت بپارێزی، نە ئاکارێکی بەهاداری ئەوتۆش
هەیە هەریەکە لە لە چوارچێوەیەکی خۆشبەختیدا بجوڵێینەوەو هاتووچۆ
بکەین...
ئێمە بەرلەوەی دیموکراتی بین ودەنگ بدەین دەبێت رێگە لەو هەڕەشانە
بگرین کە رۆژانە لەناومان دەبەن وبوونمان نەفی دەکەنەوە، ئەگەر
رێگایەکی سەلامەت نەبێت چۆن دەتوانین بە سەلامەت بگەینە هۆڵی دەنگدان،
هەریەکە با لە شوێنی خۆی سەرژمێری دەوروبەرەکەی بکات با بزانێت رۆژانە
چەند کەس بە حالەتی لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیلدا لەناو دەچن، ئەوە کارەساتە با
ئێمە سەرەتا رێ لە مردن ولەناوچوون بگرین، ئنجا بیر لە خۆشگوزەرانی
وحوکمڕانی کردن بکەینەوە...
من بۆ خۆم لەو وڵاتانەی دەرەوە گەلێک حەز لە لێخوڕینی قەمەرە دەکەم
تەنانەت هەر ساڵێک یان دوو ساڵ جارێک بەو شێوەیە دەگەڕێمەوە کوردستان
بەڵام کە لە سنووری (ئیبراهیم خەلیل) نزیک دەبمەوە دەستم لەسەر سوکان
دەلەرزێت هەروەکو ئەوەی یەکەمجار بێت دەست بۆ لێخوڕین وهاژووتن ببەم،
لێخوڕین لە کوردستاندا زۆر کارەساتە هەمیشە دڵت دەبێت لەسەر دەستت بێت،
دەبێت چاوەڕێ بکەی کەی دووچاری رووداوێک دەبیت..
کوردستان - شەقڵاوە - ٢٠١٣
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|