١٤\٣\٢٠١٢
رێگا نەدرا
رزگاربوویەکی کیمیابارانی ھەڵەبجە وتارێک بخوێنێتەوە!

حەمەغەفور
روونکردنەوەیەکی پێویست:
ئەم ووتارەی بەردەمتان بڕیاربوو من وەکو ڕزگاربوویەکی نێو تاوانی
ژاربارانی ھەڵەبجە و وەکو یەکێک لە کەسوکاری قوربانییهکانیش لە مەراسیمی
(٢٤)ەمین ساڵیادی ئەو تاوانەدا لە شاری دەنھاغ بیخوێنمەوە، لەسەر
سکرینیش وهرگێڕانه ھۆڵەندییهکەی نیشانبدرێت، بەڵام بە داخەوە ھەژموونی
پاوانخوازیی دەسەڵاتی کوردی لێرەش ئامادەیی تەواوی ھەیە بۆیە لە لایەن
ڕێکخەرانی مەراسیمەکەوە لە پرۆگرامی یادەوەرییهکە لادرا. بۆ ئەوەی
بیانووی ئەو بەڕێزانە بۆ لادانی وتارەکەم لەو مەراسیمەدا بۆ ڕای گشتیش
ئاشکرا بێت، کە بە منیان ڕاگەیاندبوو گوایا وتارەکەی من لە خزمەتی دۆزی
ھەڵەبجەدا
نییه، من ھەر ئەو وتارە وەکو خۆی بۆ بەردەم ڕای گشتی
بڵاوئەکەمەوە. ھەتا ھاوڵاتیانی کوردستان بە گشتی و دانیشتوانی
ھەڵەبجە و دەوروبەری بە تایبەتی ھەڵوێستە لەسەر ئەم وتارەی من بکەن و
ڕای خۆیانی لە بارەوە بڵێن. ئینجا بە چاوێکی کراوەوە تەماشای ئەو
جموجووڵ و کەمپین و ڕێکخراوانە بکەن کە بە ناوی ھەڵەبجەوە بانگەشە ئەکەن.
من پێموایە ڕێگرتن لە خوێندنەوەی ئەم وتارەی من لەو یادەوەرییهدا خۆی
لە خۆیدا ئەو ڕاستییه دووپات ئەکاتەوە کە دۆسێی تاوانی ژاربارانی ھەڵەبجە
ھێشتا لە دەستی خاوەنە ئەسڵیەکانیدا
نییه و زۆر بە داخەوە ھێشتا دەسەڵات
ئەتوانێت لە پێناو مەرامی سیاسی دیاریکراودا ئاراستەی بکات!
بۆ (٢٤)ەمین ساڵیادی
کیمیابارانی ھەڵەبجە.
ئامادەبووانی بەڕیز، ئێوارەتان باش.
ھەموو لایەکتان بەخێرھاتن. سەرەتا سوپاسو پێزانینی خۆم بۆ ڕێکخەرانی
مەراسیمی (٢٤)ەمین ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە ڕائەگەیەنم، کە
ڕێیان دام بەم بۆنەیەوە وتارێک پێشکەش بکەم.
من خۆم یەکێکم لە ڕزگاربووانی نێو تراژیدیای کیمیابارانی ھەڵەبجەو
برایەکیشم ھەر لەو پەلامارەدا بوویە قوربانی. لە نزیکەوە لە نێو مەیدانی
ئەو تاوانکاریە نامرۆڤانەیەدا ژیاومو کارەساتەکەم بەم چاوانەی خۆم
بینیوە. پاش ٢٤ ساڵ ھێشتا قورساییو تارمایی ئەو تاوانکاریە لێم دوور
ناکەوێتەوەو بە قووڵی ویژدانمی داگیر کردووە. من پێموایە بۆیە ئەمڕۆ
ھەموومان پێکەوە لێرەین، بۆیە بەشداری ئەم یادە دڵتەزێنەی ھەڵەبجەمان
کردووە، ھەتا بێزاریو نەفرەتی خۆمان لە دژی جەنگو ھەموو شێوازەکانی
زەبروزەنگو بەکاربردنی چەکی کۆکوژو بایۆلۆژی بەرامبەر ھاوڵاتیانی سڤیل
دووپات بکەینەوە. ھەروەھا ئامادەبوونمان لێرە ھاودڵییە لەگەڵ کەسو
کاری قوربانیانی کارەساتەکەو ھەوڵێکیشە بۆ قەدەغەکردنی بەکاربردنی چەکی
کۆکوژ لە جیھاندا.
بەڕێزان..
بەھاری ساڵی ٩٨٨ لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا شاری ھەڵەبجەو دەورو بەری
لەگەڵ دانیشتووانەکەی کرایە تاقیگای جۆرەھا چەکی بایۆلۆژیو کیمیایی.
بەدوای داگیرکردنی ناوچەی ھەورامانو شاری ھەڵەبجە لەلایەن سوپای
پاسدارانی ڕژێمی ئێرانەوە بە ھاوکاری بەرەی کوردستانی، کە زۆربەی حزبو
ھێزە کوردیەکانی تێدا بوو، دڕندانە ڕژێمی بەعسو سەدام حسەین کتوپڕ
خەڵکی ھەڵەبجەیان خستە بەرەی دوژمنەوەو شێوازێکی دڕندانەیان گرتەبەر بۆ
تۆڵەسەندنەوە لێیان. ڕژێمی عێراقی بەشێوەیەکی چڕوپڕ کەوتە خاپوورکردنی
شارەکەو کوشتنی بەکۆمەڵی دانیشتووانەکەی بە بۆمبی ھێشووییو قەدەغەکراو.
لە ماوەی تەنھا یەک ڕۆژدا ھێزی ئاسمانی ڕژێمی سەدام شاری ھەڵەبجەو
ھاوڵاتیانی لەگەڵ خاک یەکسان کرد بە چەکی شیمیاییو بایۆلۆژی.
قوربانیانی ئەم دراما ئینسانیە لە نێوان ٥ھەزار بۆ ٧ھەزار کەس لە ژنو
مناڵو گەورەی ئەم شارە مەزەندە کراوە، ھەزارانی دیکەش بە سەختی
بریندارو پەککەوتە بوون بەھۆی کاریگەری ئەو مادە ژاراویانەوە. دەیان
ھەزار کەسیش لە ھاوڵاتیانی ناوچەکە ئاوارەو دەربەدەر بوون. جگە لەوەش
بەداخەوە ھێشتا کەسو کاری بەجێماوی ئەو تاوانە دڵتەزێنە دوای ٢٤ ساڵ
لەگەڵ ئاسەوارەکانی ئەم تراژیدیایەو ئەم کاولکاریەدا ئەژین. ھەموو
ساڵێک لە ١٦ مارسدا دەسەڵاتدارانی کوردی کۆمەڵێک پەیمان ئەدەن بە خەڵکی
ھەڵەبجەو کەمترینی جێبەجێ ئەکرێت ئەویش بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە.
ئامادەبووانی خۆشەویست..
ئەگەر کارەساتی ھەڵەبجە لەم چەرخی تەکنۆلۆژیاو پێشکەوتنەدا بووبێتە ھۆی
وورووژاندنی کۆمەڵێک پرسیار لای ئێمەو خەڵکی جیھان کە گەڕان بەدوای
وەڵامەکانیاندا زۆرێک لە دەوڵەتانی زلھێزی جیھان ئیحراج ئەکەن، بەڕای
من ھەنگاوێک لە حەقیقەت نزیکمان ئەکاتەوە.
جەنگە جیھانیو ناوچەییەکان بۆ ڕووئەدەن؟ ڕژێمی سەدام حسەین چۆن
جورئەتی کرد چەکی کۆمەڵکوژ بەرامبەر بە ھاوڵاتیانی خۆی بەکاربێنێت؟ چی
شتێک پاڵنەر بوو تا ھێزە کوردیەکان شانبەشانی سوپای پاسدارانی ڕژێمی
ئێران ھێرش بکەنە سەر ناوچەی ھەڵەبجە؟ وادێتە پێش چاو ھیچ کەس لایەنگری
جەنگ نیە، بەڵام جەنگ ڕووئەدات، بۆچی؟ وا دەرئەکەوێت ھیچ کەس برسێتی
ناوێ، وە ھەمووان ئەیانەوێ کۆمەکو ھاوکاری بگەیەنن بە قوربانیانی
برسێتی، بۆچی ناتوانن؟ وا دێتە پێش چاو ھەموو کەس ئارەزوویانە
خوێندەوار بن بەڵام عەمەلی نیە، بۆچی؟ ھەموو کەس خوازیارە بچێتە سەر
کار بۆچی نابێت؟ بۆچی ھەر نیازێک کە ئێوە ھەستی پێئەکەنو ئارەزووتانە
ناتوانن پراتیکی بکەن؟ چی بەرھەڵستاکاریەک دەبێ تێکبشکێنیت تا
مەسەلەیەکی سادەت وەڵام بدەیتەوە؟ بۆ کۆمەڵێکی زۆر گەورە لە خەڵکی
جیھان کارێکی سادە ئەمەیە ئەگەر تەنھا بتوانن بە زیندوویی بمێننەوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە لە ئاسمان نیە، بەڵکو ھەر لەنێو ئەم کۆمەڵگایەو
لەنێو ئەم سیستەمە سیاسیو ئابووریەدا پەیدا ئەبێت کە لە جیھاندا زاڵە.
جەنگ درێژکراوەی سیاسەتە. زمانی چەک دڕندانەترین شێوازی زەبرو زەنگە.
جەنگ ھیچ گرنگیەک بۆ ماھیەتی ژیان ناھێڵێتەوە، وە ھەموو بەھاو
کەرامەتو پیرۆزییەکانی مرۆڤو مافو چاوەڕوانیەکانی مرۆڤ ئەخاتە ژێر
پێوە. دروشمی سەرەکی ڕژێمەکەی سەدام ؛"ھەموو شتێک لەپێناوی جەنگدا"
بوو. لەو دڕندانەتر ڕژێمی ئیسلامی ئێران بوو، کلیلی دەرگای بەھەشتی
ئەکردە ملی سەربازانو کێڵگەی مینی بەرەکانی جەنگی پێئەتەقاندنەوە.
ھەردوو ڕژێم دەرگیری قەیرانێکی سیاسیو ئابووری کوشندە بوون بە جەنگ
وەڵامیان پێدایەوە. خومەینیو سەدام بە بەرپاکردنی جەنگ ژیانو ھەستو
نیستی خەڵکی ھەردوو ووڵاتیان کردە بارمتەی دەرچوون لەو قەیرانەی
تێیکەوتبوون. ھەشت ساڵی جەنگی ئێران-عێراق ھەردوو ووڵاتی گۆڕیبوو بۆ
مەیدانێکی گەورەی جەنگو کێبەرکێی کۆنەپەرستانە.
کۆمەڵگای مرۆڤایەتیو سیستەمە سیاسیەکەی خۆی لە خۆیدا نەریتی جەنگو
سڕینەوەی یەکتری بەرھەم ھێناوە. داستانی کارەساتی ھۆڵۆکۆست، کە
دەرەنجامی کەڵکەڵەی داگیرکردنی جیھان بوو لە مێشکی ھیتلەردا، ٦شەش
ملیۆن جولەکەو ٥ ملیۆن قەرەج تیایدا بوونە قوربانی. تاقیکردنەوەی دوو
بۆمبی ئەتۆمی ئەمریکا لە جەنگی جیھانی دووھەمدا بارتەقای سەری نزیک بە
٤سەد ھەزار ھاوڵاتی سڤیلی شارەکانی (ھێرۆشیما و ناکازاکی) بوون تا
یابان تەسلیم ببێت بە ئەمریکا. دەسەڵاتی ڕەھای دەوڵەتی تورکیای عوسمانی
کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکانی بەرھەم ھێنا. ململانێی خومەینیو سەدامیش ٢
ملیۆن کوژراو لە ھەردوو لاو ئەنفالو کارەساتی ھەڵەبجەی لێکەوتەوە.
ئێستاش دەوڵەتانی زلھێزی جیھان، ئەمریکا، ڕوسیا، چین، ئیسڕائیل،
ئەڵمانیا، یابان، ھیندستانو پاکستانو ئێران گەورەترین بنکەی
بەرھەمھێنانی چەکی ئەتۆمیو کۆکوژیان لەژێر دەستایە. ئەو سیستەمەی ئەم
جبەخانە زەبەللاحەی کۆکوژی بەپێویست دائەنێ سەرچاوەی سەرەکی ئەو
مەترسیە گەورەیە کە جەنگ بەرھەم دێنێت. ئەو ڕژێمە ئابووری کۆمەڵایەتیەی
پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا بۆ بەرھەمھێنانی چەکی ناوکیو کۆمەڵکوژ ئەخاتەکار
سەرچەشمەی ئەو نەریتە شەڕەنگێزیەیە کە ڕژێمی سەدامیش بەناوی بەرگری لە
سەروەریو خاکی ووڵاتەوە تاوانی ژاربارانی ھەڵەبجەی خوڵقاند.
مرۆڤایەتی و جیھانی شارستانی پێویستە بێدەنگ نەوەستێ بەرامبەر ئەم
دڕندەییە. نابێت چیتر کۆمەڵ کۆمەڵ ھاوڵاتیانی سڤیل لە ژنو مناڵ بکرێن
بە گەرووی مەرگدا بۆ بردنەوەی ململانێی سیاسی. ئینسانیەت دەبێ سنوورێک
بۆ کۆمەڵکوژیو سیاسەتی بەرھەمھێنانی چەکی بایۆلۆژیو ئەتۆمی دابنێت.
داواکارم کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بکرێتە ڕەمزێک بۆ ھەماھەنگیو
ھاودڵیەکی جیھانی لەپێناو قەدەغەکردنی بەرھەمھێنانی ھەموو جۆرە چەکێکی
کۆمەڵکوژ لە سەرتاپای جیھاندا.
دەرەنجام، ھەوڵەکانی ئەم بەڕێزانە بۆ ڕەسمیەت دان بە دانانی مۆنومێنتێک
بۆ کارەساتی ھەڵەبجە لە نێو شاری دەنھاغ، جێگای دەسخۆشانەیە. بەو
ئومێدەی ئەم ھەوڵانە ھەمووی لە ناوەوەو لە دەرەوەی کوردستان بە ھاوکاری
دۆستانی خەڵکی کوردستانو دۆسێی کارەساتی ھەڵەبجە ببێتە پاڵپشتیەکی باش
بۆ قەرەبووکردنەوەی دەروونیو مادیو مەعنەوی کەسو کاری قوربانیانی
ئەو تراژیدیایە.
سوپاستان ئەکەم.
٢٥\٢\٢٠١٢
ماڵپهڕی حهمهغهفور
|