په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

رێگا رەوف:

کاری رێکخراوەکانی ژنان زۆرتر لەچوارچێوەی خێرخوازیی وجۆریک بەرگریی لەخۆکردنە.


دیمانە:    

ئاسۆ عوسمان


رێگا رەوف هەڵسوڕاوى بزووتنەوەى ژنان لەکوردستان پێیوایە بزووتنەوەی ژنان هێشتا بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ لەئەحزاب و پێدگری سەرسەختی مافی ژنان نییە. بەڵکو بزووتنەوەیەکە هێشتا خۆشباوەڕە بەدەسەڵاتی پیاوسالاریی. ئەوەى لەخوارەوە دەیخوێننەوە درێژەى دیمانەیەکى تایبەتە لەگەڵ رێگا رەوف هەڵسوڕاوى بزووتنەوەى ژنان.

 

- لەگەڵ ئەوەى رێژەى30% بۆ ژنان مسۆگەرکراوە لەپەرلەمانى کوردستاندا بەڵام بەشێک لەژنان پێیانوایە بەشداریی ژنان لەنێو پەرلەمانى ئایندەدا بەشدارییەکى شکڵى دەبێت و ناتوانێت قورسایی خۆى هەبێت. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى رێژەى25% لەپەرلەمانى پێشووداو رێژەى 30% لەپەرلەمانى ئایندەدا ناتوانن چەسپێنەرى مافەکانى ژنان بن؟.


رێگا رەوف: رێژەی 30%خۆی ئەو واقیعە نیشان دەدات کەژنان دەوری زۆر لاوەکی و نایەکسانیان پێدەدرێت لەلایەن دەسەڵاتەوە. بەمانایەکی تر نیوەی کۆمەڵگای کوردستان بەنیوە حساب ناکرێت وهەر بەو جۆرەش بەرای من ئەو رێژەیە ئیهانەیەکی گەورەو کەمکردنەوەی دەورو جێگاو رێگای ژنانە لەکۆمەڵگادا لەلایەن دەسەڵاتەوە. لەدەورەی پێشوودا هەموومان دیتمان پەرلەمانی کوردستان تاچ ئەندازەیەک بەتەنگ داواکاریی ومافەکانی ژنانەوە بوو؟، بابەتى بەیاساییکردنى فرەژنی یەکێکە لەو دەستکەوتانەی پەرلەمانەکەی کوردستان. ئەمە لایەکی کیشەکەیە کەدەوری دەسەڵات نیشان دەدات لەبەرامبەر ژناندا لایەکەی تری ئەو واقعییەتە تاڵ و زاڵەیە بەسەر بزووتنەوەی ژناندا لەکوردستان. بزووتنەوەی ژنان هێشتا بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ لەئەحزاب وپێداگریی سەرسەختی مافی ژنان نییە. بزووتنەوەیەکە هێشتا خۆشباوەڕە بەدەسەڵاتی پیاوسالاریی ئەحزاب وخۆشباوەڕە بەپارتە دەسەڵاتدارەکان کەبەکردەوەو بەگفت نیشانیانداوە کەلایەنگری مافی ژنان نین بۆیە خۆ رزگارکردن لەم خۆشباوەڕییە هەنگاوێکی گرنگە لەراستای بردنە پێشەوەو گەشەی بزووتنەوەکە بەرێڕەوى بەرگریکردنێکى سەرسەختانەى مافەکانى ژنان.
بەبڕوای من پەرلەمانی پێشوو مەسەلەی ژنانی گەڕانەوە بۆ دواوە هەر بۆیەش پەرلەمانی ئایندە شتێکی تازەو رەوەندێکی باشتری نابێت. ئەو ژنانەی کە لەپەرلەماندان دەوری جیددی و سەرەکیان هەیە لەوەی کەکێشەی ژنان چۆن دەبەنە ئاستیکی وەها کەبەقازانجی ژنان و بەدیهێنانی مافەکانیان بشکێتەوە بەڵام دیسانەوە ئەوە دەبینین کەزۆربەی زۆری ئەو ژنانە خۆیان گیرۆدەو هەڵبژێردراوی ئەحزابێکن کەهیچ نوێنەرایەتییەکی مافەکانی ژن ناکەن، ئەمەش وا دەکات ئەو ژنانە ببنە کۆیلەی دەسەڵات وتەنانەت کۆیلەی عادات وتەقالیدێکی باو ودواکەوتوو. من بڕوام وایە کەئەگەر ئینسان بەژن وپیاوەوە خۆی ئازاد نەبێت بەتەواوەتی ناتوانێت دیفاع لەئازادیی بکات.


- گەرچى ئامارێکى باوەڕپێکراو لەئارادانییە بەڵام باس زۆرى رێژەى مێینە دەکرێت لەچاو نێرینەدا پرسیارەکە ئەوەیە لەهەڵبژاردنێکى وەک هەڵبژاردنى پەرلەمانىکوردستاندا پێویست نەبوو ژنان لیستى تایبەت بەخۆیان یان کاندیدیان هەبێت بۆسەرۆکایەتى بۆکێبڕکێکردن لەگەڵ پیاواندا؟.


رێگا رەوف: حەتمەن بوونی لیستێکی سەربەخۆی ژنان زەرەری نەدەدا لەمەسەلەکەو بگرە تا راددەیەکی زۆر نیشانی دەدا تا چەند ژنان سەربەخۆو پشت ئەستوورن بەخۆیان بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان. بێگومان ئەوە هەنگاوێکی زۆر گرنگە دەبوو بکرایە بۆ نیشاندانی ئەو جەسارەتە، بەڵام ئایا ئەمە زەمینەی لەبارە؟ تا چ ئاستێک ئەو جورئەت وشەهامەتە هەیە لەنێو بزووتنەوەی ژناندا؟. هاتنە دەرەوەی ژنان بە لیستی جیاوازو سەربەخۆ کاری دەوێت و لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە کە بەرنامەو ئامانجێکى هاوبەش لەنێو ژناندا هەبێت بۆ گەیشتن بەیەکسانی ژن وپیاو، بەداخەوە من پێموانییە بزووتنەوەی ژنان لەکوردستان هێشتا گەیشبێتە ئەم ئاستە. رێژەی ژنان لەکۆمەڵگادا بەدەقیقی گرنگ نییە ئەوەی گرنگە پێوانە نیودەوڵەتییەکانە دەبوایە لەکوردستانیش دانى پێدابنرایەو هەمان رێژەی ببوایە کەلەسەدا 50یە نەکەمتر و نە زیاتر.


- لەپرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى وسەرۆکایەتى وڵاتە پێشکەوتووەکانى جیهاندا سەنتەر و رێکخراوەکانى ژنان دەورى باڵاو کاریگەر دەگێڕن لەمەڕ بەرنامە وپرۆگرامەکانى لیستە جیاوازەکان لەپێناو بەدەستهێنانى مافى زیاتر بۆ ژنان. باوا پرسیارەکە بکەین بۆچى رێکخراوەکانى ژنان ئەو کاریگەرییەیان نییە لەسەر لیست وقەوارەکان لەهەڵبژاردنەکانى کوردستاندا؟.


رێگا رەوف: پێشتر باسم لەوەکرد رێکخراوەکانی ژنان لەکوردستان هێشتا پابەندو پاشکۆی ئەحزابی دەسەڵاتدارو پیاوسالارن، وەک رێکخراوی جەماوەریی وسەربەخۆ کار ناکەن ئیتر چۆن بتوانن کاریگەرییان هەبیت؟ هێشتا رێکخراوەکانی ژنان خۆیان لەئاستی سیاسەت و باڵادەستیدا نەبینیوە تا هەوڵی بۆ بدەن.
کاری رێکخراوەکانی ژنان زۆرتر لەچوارچێوەی خێرخوازیی وجۆریک بەرگریی لەخۆکردنە، بۆیە تەدەخولی لەسیاسەتدا کەموکورتی هێناوە. دەبێ ئەم هەست وبیرکردنەوەیە بگۆڕدرێت ئەوسا دەکرێت چاوەڕوانییەکی وامان هەبێت واتە دەبێت بزووتنەوەی ژنان و بەتایبەت رێکخراوەکانی‌ ژنان بەم قەناعەتە بگات کەمەسەلەی ژنان مەسەلەیەکی سیاسییەو هەوڵیشی بۆ بدات ئەوسا دەتوانین باس لەکاریگەریش بکەین. دەبێت لەحالەتی دیفاعی بێینە دەرو حاڵەتی هێرشکردن دەست پێبکەین، مەبەستم ئەوە نییە شەڕی دەستەویەخە بکەین مەبەستم ئەوەیە ئاستی کارو چالاکییەکانمان بگۆڕین بۆ ئاستیکی باڵاترو بەهێزتر. ئەزموونی ژنان لەوڵاتانی ئەوروپا ئەوەی نیشانداوە دەبێت فشاری سیاسی لەسەر دەسەڵات دابنێیت وبەشداریی بکەیت لەسیاسەتی وڵاتدا، نوێنەری سیاسیت هەبێت کەسازش نەکات لەسەر مەسەلەی رەوای ژنان. دەنا ئاڵوگۆڕ سەختە.


- کێشەى ژنان یەکێکە لەکێشە گرنگەکانى ئەمڕۆى کۆمەڵى کوردەوارى، بەبڕواى تۆ پەرلەمانى ئایندە کە رێژەی30% ژنانە، دەتوانێت بەشێک لەکێشەکانى ژنان چارەسەر بکات؟.


رێگا رەوف: راستیبەکەی گومانم هەیە لەوەی کیشەی ژنان لەکوردستان هەتا ئەگەر بەشێکیش بێت بەپەرلەمانی ئایندەو بەو رێژە کەمە چارەسەر بێت. ئێمە هێزی زۆرو ئازادیخوازمان دەوێت بۆ پشتگیریی لەئاڵوگۆڕ لەژیانی ژناندا. لەلایەک یاسا دەردەکرێت کەهیچ شتێک نابێت بەدژی پرنسیبەکانی شەریعەتى ئیسلام بێت، ئەمە خۆی رەتکردنەوەی دەنگی ژنانە لەپەرلەماندا چونکە هەر ئاڵوگۆرێکی ریشەیی لەژیانی ژناندا بەبێ دەستکاریکردن و وەستانەوە بەدژی شەریعە مەحاڵە. بۆیە کێشەکە لەوەدایە کەتەنانەت ئەو رێژە نایەکسانەش بەچەندین دیواری کۆنەپەرستی وشەریعەت رێگای لێگیراوەوە گەمارۆ دراوە، ئیتر ئاڵوگۆڕ چۆن چۆنی بەدی دێت؟. پێچەوانەکەشی دروستە بەلادانی ئەو رێگریی و کۆسپانەی بەردەم ژنان کَیشەی ژنان دەباتە ئاستێکی باڵاتر.