په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠٢٠

رێگایەکی نوێ یان گەڕانەوە بە رێگا کۆنەکاندا!


عەلی مەولود       


چەند ساڵێکە ھەوڵدان بۆ جوڵانەوەیەکی نوێ، لە ناو رەوتی سۆسیالیستی کوردستاندا لەئارادایە، کە بەشێکی پێداچوونەوەیە، بەئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەی کێشەکان و بینینەوەی رێگای سەرکەوتن وبەشێکی لە ئاکامی شکستەوە ھاتووەو بۆ خۆدەرکێشانە لە ژێر دارووبەردووی شکستدا. ھەوڵەکان بەناوی (بەرەنگاری، ھەرەوەزکاری، ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی، وەرچەرخان، چەپی نوێ، کۆمۆنیزمی نوێ، کۆمۆنیزمی ھاوچەرخ و... تاد) کەوتوونەتە گەڕ و ھەر بەشە لە روانگەی خۆیەوە دەیەوێت نمونەیەکی نوێ لە سۆسیالیزم نیشان بدات، کە بەگشتی ھەم ھەنگاوی باش و پێشڕەوانەی تێدا دەبینرێت و ھەم بەشێکیشی گەڕانەوەیە بەو رێگا کۆنانەی لە سەدساڵی رابردوودا دەیان جار تاقیکراونەتەوە. ئەمە ئەگەر بە دیوێکدا جێگای دڵخۆشی بێت کە ھەوڵی زۆر و جۆراوجۆر لە ئارادایە، بە دیوەکەی تردا نیشاندەری ئەو راستیەیە کە کۆمۆنیزم لە کوردستان نەک ھەر لە ڕووی رێکخراوەییەوە، بەڵکو لە ڕووی ھزری و فکریشەوە، پەرتەوازەیە.


بۆ تێپەڕکردنی ئەم دۆخە، ئەگەرچی ھەوڵی زۆر لە ئارادایە، بەڵام ھێشتا رێگایەکی روون لەبەردەمدا نیە، کردنەوەی ئەم رێگایە مەسەلەیەکی گرنگ و پێویست و ژیانیە، کە دەبێت راشکاوانەو بوێرانە دەست بخرێتە سەر برینەکان و رێچکەکان بچنەوە سەر شاڕێیەک، (لەم نووسینە کورتەدا ھەندێک لەوانە ورووژێندراوە)، لەمبارەیەوە پێویستە ھەڵسوڕاوانی سۆسیالیست بەوردی و جدی بیر لە کۆمەڵێک بابەت بکەینەوەو لەسەریان بووەستین و ھەوڵی لێکتێگەیشتن بدەین، یەک لەوانە مەسەلەی " ناو"ە، چ ناوێک ھەڵبژێرین کە ھەم گوزارشت لە بزووتنەوەکەمان بکات و ھەمیش ھەوێن و فاکتەری یەکگرتوویی و یەکڕیزی بێت و ھێز بدات نەک ھێز ون بکات، ھەندێک ناو ھەیە دەبێتەھۆی دوورکەوتنەوەی خەڵک و پەرەپێدانی ناکۆکی و ونکردنی ھێز، ھەندێ ناویش گورزی توندی بەرکەوتووە، بوژانەوەی دڵیشی بۆ بکەیت سوودی نیە، ناویش ھەیە شەڕی لاوەکیمان بۆ درووست دەکات، بەرای من خۆمان لە ھەموو ئەو ناوانە بەدوور بگرین.


ناوێکی نوێ کە بەرھەمی مێشک گوشین نەبێت و ھاوتایەکی کۆمەڵایەتی ھەبێت، ھاوکات لەگەڵ ئەکت و پرەنسیپی نوێ ئاوێزان بێت و بەشێک بێت لە پێویستیەکانی جوڵانەوەیەکی نوێ، کە رابردوو بەچاک و خراپیەوە تەنھا وەک ئەزمون جێگای ھەبێت تیایدا، نەکخۆمان و داھاتوومان گیرۆدەی دەق و نمونەکان بکەین و بیانخەینە ناو چوارچیوەی جوانترین درووشمەوە، بەداخەوە ئەم بزووتنەوەیە دەقپەرستی و ئەمپریزم کۆڵەواری کردووە، بەجۆرێک دەسکەوت و پێشکەوتنی زۆر کە لە ١٥٠ ساڵی رابردوودا بەدیھاتوون، فەرامۆش دەکرێن و وادەبینرێت کەئەرسەدۆکس ھەموو شتێکی تەواوەو گرفت ھەر ئەوەیە ئەوانی تر نەیانتوانیوە و نەیانزانیوە جێبەجێی بکەن.


پرس و بابەتی کاریش مەسەلەیەکی گرنگە، ئایا ئێمە خاوەنی چ پرسێکین و کام بەش لە کۆمەڵگا ھەڵگری ئەم پرسەیە؟ ئەگەر سۆسیالیزم پرسی ئێمەیە ئایا بابەتی ھەموو کۆمەڵگایە (بێکاران و ژنان و لاوان و مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێکاران و ...)، یان تەنھا ھی بەشێکە؟ بەرای من پێداگری تەنھا لەسەر " کرێکاری بوون" و " رۆڵی رابەری چینی کرێکار لەم پرسەدا" دەبێتە مایەی ھێز لەدەستدان، چونکە خەڵک بەبەرچاویەوەیەتی و بەرۆشنی دەیبینێت کە کرێکاران نەک ھەر لەئاستی رابەریکردنی کۆمەڵگادا نین بەڵکو خۆیان چاوەڕوانی فریادرەسن و پێویستیان بەرێنمونیکردن ھەیە، لەدۆخێکی وادا جەختکردن لەسەر ئەو ھەژموونیە خەیاڵیە سەرنجی کەس راناکێشێت و سەرەنجام دەبێتە ھۆی لاوازی، ئەوە جگە لەوەی پشتبەستن بە ھێزێکی لاواز خۆی ئاکامەکەی ھەر لاوازیە.


بۆ بزووتنەوەیەک کە دەرگیرە لەگەڵ پەرتەوازەیی، بێ ئاسۆیی، پەراوێزکەوتوویی و کۆمەڵگا حساب لەسەر رێگەچارەو سیاسەت و راسپاردەکانی ناکات، وە بزووتنەوەیەک کە لە رەخنەکردنی سەرمایەداری و لاواندنەوەی زوڵم و ستەمدا سوارچاکی بێ رکابەرە، بەڵام لەپێشکەشکردنی ئەڵتەرناتیڤ بۆ جیھانێکی نوێ، دەستی خاڵیەو ئەوەی تائێستا پێشکەشی کردووە، زۆرتر بۆ بەچەپکردنی سەرمایەداری بووە، بەخۆداچوونەوەو پەیداکردنی تووڵ و ئامرازی نوێ بۆ تێکۆشان و بەرەنگاری کارێکی باش و ئیجابی و لەھەمانکاتدا پێویستە.لەوبارەیەوە چەند ساڵێکە ئێمە لە ھەوڵێکی چڕوپڕ داین، بۆ وردبینیکردنی بزووتنەوەی سۆسیالیستی ھەم بەمەبەستی دەستنیشانکردنی گرفتەکان و دۆزینەوەی راستیەکان و ھەم بە ئومێدی پەیداکردن و دەستڕاگەیشتن بە رێگایەکی نوێ،بەئامانجی ھەستانەوەو دەستپێکردنەوەیەکی نوێ کە خوێنێکی نوێ بخاتەوە دەمارەکان و جوڵانەوەیەکی نوێ بخاتە رێ.


ھەڵبەت ئەوە رێکەوت و بێ ھۆ نیە ھەرچی دەکەین و دەکۆشین نەلەسەر ئاستی سیاسی (حیزب و رێکخراوەکان) و نەلەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی (چین و توێژەکان و کۆمەڵگا) گەشە ناکەین و لەھەوادا پایدەر لێدەدەین و ئەگەر لە دۆخێکدا ھەنگاوێکیشبچینەپێش دواتر بەئاسانی دێینەوە دواوە،ئەوە بارانێک نیە لەئاسمانێکی ساماڵ و دوکەڵێکی بێ ئاگر نیە، بەڵکو بەرھەمی کۆمەڵێک فاکتەرە، کە پێویستە لەسەریان بووەستین.


یەکێک لە فاکتەرە سەرەکیەکان ئەوەیە کە بەشی زۆری کرێکاران و تەنانەت کۆمۆنیستەکانیش سیستەم لەگەڵ خۆی بردوونی و ژیانی خۆیان لەگەڵ سیستەمەکە گونجاندووەولیبراڵیزم و سکولاریزم و خەوبینین بە خۆشگوزەرانی ئەورووپاوەکە بەرھەمی سۆسیالدیموکراتیە، لەکردەوەدا ھێلانەی تێداکروون و سۆسیالیزم وەک ئەڵتەرناتیڤ کەمڕەنگ بۆتەوە،روحی بەرەنگاری و ھەستی شۆڕشگێڕانەو ئامادەیی و لەخۆبردوویی لاوازبووە. لەپەیوەند بە "ژیان"ەوە پرسی سۆسیالیزم نیشان نادرێت،رۆشنگەری لەسەر ئەڵتەرناتیڤەکەمان لەئاستی پێویسدا نیە، سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم ئەوەندەی لەزمانی نەیارەکانمانەوە دەگاتە خەڵک ئەوەندە لە زمانی خۆمانەوە ناگات و ئەوەی گەیاندوشمانە تێکەڵی و نادرووستی و ناڕۆشنی زۆری تێدایەو زۆربابەتی تری تێکەڵکراوە کە بەشێک نین لەسۆسیالیزم، ھەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو جوگرافیایەی دەمانەوێت کاری تێدا بکەین، وەکو پێویست ناناسین و دیاریمان نەکردووە ئەمتۆوە لەسەر چ زەمینێک بەباشی شین دەبێت، خەبات بووە بە ئاکسیۆن و سیاسەت بووە بە درووشم خوێندن، پەروەردەی شۆڕشگێڕانەو وانەکانی خەبات و بەرەنگاریلەئارادا نین. ....


پەروەردە یەکێک لەمەسەلە گرنگ و پێویستەکانە ھەم بۆ خەبات و بەرەنگاری دژی سیستەم وە ھەم بۆ کۆمەڵسازیەکی نوێ، ئێمە دەبێت کۆمەڵسازیەکی نوێ بکەین کە جیاواز بێت لە کۆمەڵی چینایەتی،پەروەردەی ئێستا، چ ئەوەی دەوڵەت لەڕێگای پرۆسەی خوێندن و یاساو رێکخراوو دامودەزگاکانیەوە دەیکات و چ ئەوەی کۆمەڵگا لەڕێگای خیزان و نەریت و کەلتوورەوە دەیکات، لەچوارچێوەی کۆمەڵسازیەک بەڕێوەدەچن کە کۆمەڵگای چینایەتی بنیاتی ناوە، لەبەرامبەردا پێویستە پەروەردەی بەدیل ھەبێت، پەروەردەیەکی شۆڕشگێڕانەی یەکسانیخواز کە ببێتە جێگرەوەی پەروەردەی ئێستاو کۆمەڵسازیەکی نوێ بکات، کاری ئێمە ھەم رووخاندنە ھەم بنیاتنانە، رووخاندنی کۆمەڵگای چینایەتی و بنیاتنانی کۆمەڵگای ناچینایەتی، دەبێت لەھەردوو باردا ئامادەکاری بکرێت، گرنگی حیزب و رێکخراوی سۆسیالیست لەوەدا دەردەکەوێت، کە مرۆڤی ئازاو ئازادو بەرەنگار درووست بکات، سکێچی کۆمەڵگایەکی نوێ بکێشێت. خەبات و تێکۆشان و بەرەنگاری خۆی جۆرێکە لە پەروەردە، بەڵام پەروەردەی راستەوخۆش بۆ خۆپەروەردەکردن و خەڵک پەروەردەکردن پێویستە، پەروەردە سەرچاوەی ھێزو یەکێک لە ھۆکارەکانی سەرکەوتنە، پەروەردە لەسەر ھاوبەشێتی، کۆمەڵگای ئازاد، یەکسانی مرۆڤەکان و یەکسانی ژن و ھاوژیانی و کاری ھەرەوەزی، رەتکردنەوەو بەرەنگاربوونەوەی ستەم، دژوەستانەوەی جیاوازی، پشت بەخۆبەستن و خۆبەڕێوەبەری،خۆڕاگری و پشوودرێژی، خۆبەحەقزانی و متمانە بەخۆبوون، رەوشتبەرزی و ئاکارجوانی، ژینگەپارێزی، چۆنێتی خەباتکردن ، ... .


بۆ ئەم مەبەستە دەبێت فۆرمێکی تر لەحیزب و رێکخراوی سیاسی بێتە ئاراوە کە یەک رەوت و یەک مەیل و یەک چین و قوچەکی و ناوەندیگەرو دەسەڵاتخواز نەبێت، وەجۆرێکی تر لە سۆسیالیزم بکرێتە ئامانج کە سۆسیالیزمی دەوڵەتی بەرھەم نەھێنێت و بریتی نەبێت لە بەچەپکردنی سەرمایەداری.لێرەدا ھەوڵدەدەم لەم پەیوەندەوە کۆمەڵێک بۆچوون و سەرنج بخەمە روو:


باس لەوە دەکرێت کە رەوەندی سۆسیالیستی بە دیدگا و پراکتیکێکی جیاواز و نوێوە لە خەباتی چینایەتیدا دژی سیستمی سەرمایەداری تێکۆشان بکات. بەڵام بۆ پەیداکردنی ئەم دیدگاو پراتیکە کۆمەڵگا فەرامۆش دەکات و سەردەکاتەوە بە مێژوویەکی سەد ساڵیدا کە دنیایەک گۆڕانکاری تیایدا روویداوە، گەڕانەوە بۆ مارکس و بووژاندنەوەی بنەما سەرەتاییەکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەم، گەڕانەوە بۆ کۆمۆنەی پاریس، گەڕانەوە بۆ لینین و ئەزموونی بەلشەفی بەتایبەتی لەمەسەلەی حیزب و شۆڕش و شۆراکاندا، بۆ ترۆتسکی و ئانارکیزم، گەڕانەوە بۆ ژیژەک و گرامشی وتاد، ھەوڵدەدرێت لە کتێبەکانی ئەوانەوە جوانترین درووشم و باشترین نەخشەڕێگا دەربکێشرێت، کە ھەموو ئەوانە بەرھەم و ھەڵقوڵاوی ئەوروپاو خۆرئاوان و بەدڵنیاییەوە لە رووی درووستبوون و میکانیزمیپەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و شارستانیەت و کەلتووریەوە، جیاوازی ھەیە لەگەڵ کۆمەڵگاکانی خۆرھەڵات.


جێگای سەرسوڕمان و تێڕامانە ئەم بزووتنەوەیە ھیچ توێژینەوەو ھەڵسەنگاندنێکی تایبەتی نیە سەبارەت بە ھەلومەرجی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای خۆمان و مێژووەکەی و چۆنێتی پێکھاتنی و قۆناغەکانی گەشەکردنی،نوسینی وا ھەیە چەندسەد لاپەڕەیە، ھەمووی گوڵەوەچنەی ناو کتێبەکانەوھیچی لە بارودۆخی کۆمەڵگای خۆی وەرنەگرتووە، ئەوە لەکاتێکدا ئەو کتێبانە خوێندنەوەیەکن بۆ زەمانی خۆیان و بۆ کۆمەڵگاکانی خۆیان نووسراون،یەکێک لەھۆکارەکانی پێشنەکەوتنی سۆسیالیزم لە رۆژھەڵات بەبڕوای من ئەم ھاوردەکردن و کۆپی و پەیستەیەو ھەتا نەگەڕێینەوە بۆ واقعی ناوخۆیکۆمەڵگاو ململانێ واقعیەکانی و لەھەناوی ئەمەدا بەدوای جێگرەوەی سیستەمدا نەگەڕێین و وردنەبینەوە لەوەی خەڵکی ئەم سەرزەمینە، چی دەوێت و چی پێویستە، چی دەکات و چی پێدەکرێت، ناتوانین لەم دۆخە دەرچین، ئەوەی کە جیھان ھەمووی سەرمایەداریەو سەرمایەداری جیھانیە بەمانای ئەوە نیە بەرنامەو پلاتفۆرم و لێکۆڵینەوەیەک کە بۆ ئەمریکا دانراوە بۆ ئەفەریقاش دەگونجێت.


ھەڵبەتلە ئەنتەرناسیوناڵی یەکەم و ئەنتەرناسیونالەکانی ترو تەواوی مێژووی ئەم بزووتنەوەیەداو لە نووسینی ھەموو ئەو بیرمەندانەدا کە لەسەرەوە ناویان ھاتووەو کەسانی تریش، تێزو میتۆدو پرەنسیپی گرنگی سەبارەت بە ناساندنی سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری و رێگای دەرچوون لێی و ھەروەھا نمونەی باش و درووستمان سەبارەت بە سیاسەت و پرۆسەی خەبات و بەرەنگاری دەستدەکەوێت بۆ دەستپێوەگرتن و کەڵک لێوەرگرتن و لەوڕووەشەوە ھیچ درووست و پێویست نیە بڵێین ئەوەیان بەتەواوی رەتدەکەینەوەو ئەمەیان بەتەواوی وەردەگرین.بەڵامئەمە بەو مانایە نیە لێکدانەوەکانیرابردوو دووبارەبکەینەوەو لەوان ئەنجامگیری پراتیکی بکەین، ئێمە نابێت گیرۆدەو وابەستەی شتێک بین کە لەرابردوودا باش بووە، لەباشترین حاڵەتدا دەبێت وەک رێ نیشاندەر بۆ واقیعی ئحێستای خۆمان بیانبینین، لە سیاسەتدا مەرج نیە ئەوەی بۆ ئەمڕۆ راستە بۆ سبەینێش راست بێت.


ئێمە ئەگەر بڕیارە بەشوێن دیدگاو پراتیکی نوێدا بچین، ئەمە بەمانای بووژاندنەوەی رابردوو نیە، ئەوەی ئێستا رەخنەمان لێیەتی بەشێکی تەحسیل حاسڵی رابردووە، ئیتر پێویست بەوە ناکات لە ھەر شکست و بنبەستێکدا وەک رێگەچارە بگەڕێینەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، کە بەھیچ شێوەیەک وەڵامی پرسیارە گرنگەکانی ئێستامان ناداتەوەو پاش ماوەیەک دەبێت ھەمان کار بکەینەوە. باشترە ئەگەر رابردوو راستیەکی تێدایە بۆ ئێستا، رووحەکەی وەرگرین و بەپێی کات و شوێن تەوزیفی بکەینەوە، بەگوێرەی ھەلومەرجی ئێستا کاربکەین و تێکۆشەری زەمانی خۆمان بین. ئەمە بۆ جیلەکانی داھاتووش راستە.


ئەنگڵس کە رۆڵی گرنگی ھەبوو لە دامەزراندنی ئەنتەرناسیونالی یەکەمدا و ھاوڕێ و ھاریکاری نزیکی مارکس بوو، لەکاتی دامەزراندنی ئەنتەرناسیوناڵی دووەمدا نەھات ئەنتەرناسیوناڵی کرێکاری (یەکەم) ببووژێنێتەوە، کە نەاوو ناوەرۆکیش جیاوازییان ھەبوو، بەڵکو بەگوێرەی سەردەمی خۆی و بەلەبەرچاوگرتنی دۆخەکە، لەگەڵ کەسانێک کە بەشێکیان سۆسیالدیموکرات و بەشێکیان ئانارکی بوون، ساڵی ١٨٨٩ئەنتەرناسیونالی سۆسیالیستەکانی جیھانیان پێکھێناو بۆ ماوەی شەش ساڵ و تا لەژیاندا بوو رابەرایەتیشی کرد.


کێشەیەکی تر بەلای منەوە کرێکارگەراییە، ھۆکاری سەرەکی گەڕانەوەی کۆمۆنیستەکان لەھەر تەنگژەیەکدا بۆ ئەرسەدۆکس بەخاتری خۆگرێدانەوەی زیاترە بەکرێکارەوە، بەجۆرێک لە میتۆدو ئایدیای کۆمۆنیستەکاندا کرێکار بووە بە سەنتەر، لە: بەرھەمھێنان، حیزب، خەبات، شۆڕش، دەوڵەت و سۆسیالیزمدا،تەواوی بەرھەمی کۆمەڵایەتی لەکاری ئەو پەیدا دەبێت و تاکە سەرچاوەی بژێوی کۆمەڵگایە، حیزب دەبێ ھی ئەو بێت، ئەو رابەری ھەموو خەباتێکەو بەشەکانی تری کۆمەڵگا بۆ ئازادی و رزگاری دەبێت شوێن ئەو بکەون، ئەوبکەری شۆڕشە، دەوڵەتمەداری داھاتووەو دەسەڵاتی ھەمووان دادەمەزرێنێت، بنیاتنەری سۆسیالیزمە، رزگارکەری کۆمەڵگایە لە چەوساندنەوەو ستەمکاری، بەرای من لە ھەموو ئەم وەسفانەدا زیادەڕۆیی ھەیە. ئەم زیادەڕۆییە بووە بەھۆی رێ ونکردن، رێک وەک ئەوەی بەدوای دۆزینەوەی شتێکدا بگەڕێیت و خۆت ون ببیت. کرێکار خۆی بەندەیناچاری سەرمایەداریە، کۆمۆنیستەکانیش بوونەتەبەندەیئارەزوومەندانەی ئەو (وەک ھێمنی شاعیر لەوەسفی خۆشەویستی ژندا دەڵێت:.... بەدەستی دیلەوە دیلم).


بەبڕوای منئەسڵ و بنەڕەت بۆ ئێمەباسی دوو چین نیە، باسی دوو سیستەم و دوو شێوەی ژیانە، سیستەم و شێوەژیانی چینایەتی کە ئێستا سەرمایەداریە، وە سیستەم و شێوە ژیانی ناچینایەتی کە ھاوبەشی و سۆسیالیستیە، سیستەمی سەرمایەداری (١%)ی کۆمەڵگا ئاراستەی دەکات و(٩٩%)ی کۆمەڵگا یان بێ بەش و ستەم لێکراوو چەوساوەیە یان لەبەرامبەر ئیمتیازاتێکدا لەلایەن ئەو (١%)وە بەکاردەھێنرێت بۆ چەوساندنەوەو ستەم لێکردنی ئەوانی تر،بەڵام سیستەم و شێوە ژیانی سۆسیالیستی(٩٩%)ی خەڵک دەتوانن رێبواری ئەم رێگایە بن و دوای ئەوەی دەستی ئەو (١%)ە ستەمکارو چەوسێنەرو قۆرخکارە دەبەسترێت، (١٠٠%)ی خەڵک تیایدا بەشدار و ھاوبەش دەبن.


کرێکار ھەم وەک وزەو پۆتانشێڵی شۆڕش و خەبات لە کۆمەڵگای ئێستاو ھەم وەک خاوەندارو بەڕێوەبەر لە کۆمەڵگای داھاتوو، تەنھا بەشێکە، نەک ھەمووی،بەتاک خستنەوەیکرێکارانلەخەباتی چینایەتیدا نابێتە ھۆکارو رەگەزی بەھێزبوون و گەشەکردن،مارکس لە ئاکامی خوێندنەوەیەکی واقیعی بۆ ھەلومەرجی خۆیی و بابەتی، کرێکارانی وەک ھەڵگری پەیامی سۆسیالیزم و رەگەزی سەرەکی بەرپاکردنی شۆڕش و بەدیھێنانی جیھانێکی نوێ، بینی، ئەویش لەبەرئەوەی خۆیان چالاکی ئەم بوارە بوون و لەھەموو بەشەکانی تری کۆمەڵگا زیاتر ئاوێزانی خەباتی سۆسیالیستی بوون، مارکس وئەنگلس لە مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیستدا وشیارانەو ئامانجدارانە، ناوی کۆمۆنیزمیان ھەڵبژارد کە لەناو چینی کرێکاردا بزوتنەوەیەک بوو، وە بۆیە چوونە پشتی چونکە بەکردەوە بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی بوو، کە رەخنەی پێشڕەوانەی لە سەرمایەداری دەگرت ‌و بەکردەوەش لە پێشڕەوی دابوو، ئەوان مەبەستیان نەبوو ئەم کۆمۆنیزمە لە چین و توێژە چەوساوەو ستەملێکراوەکانی تر جیابکەنەوە، بەڵکو لەسۆسیالیزمی دەرەبەگە شکستخواردووەکان و وردە مالیکەکان و خەیاڵیەکان جیایانکردەوە، ئەوکات پیشەسازیبەبەردەوامی ژمارەی کرێکارانی زیاددەکردو پێکەوە کۆیدەکردنەوە، کە ئەمە ھێزی پێدەبەخشین، بەڵام لە ئێستادا شێوازی بەرھەمھێنان جگە لەوەی جێگەی بەشێک لەوان بە ئامرازو تەکنەلۆژیا پڕدەکاتەوە، ھاوکات کرێکاران پەرت و لەیەک دابڕاو دەکات، کە بووەتە مایەی لاوازبوونیان،وە پرۆسەی پەرەسەندنی سەرمایەداری بەرژەوەندی بۆ بەشێک لە کرێکاران بەتایبەتی کرێکارانی پێشەسازی درووستکردووە، کە بۆ پاراستنی ئەم بەرژەوەندیە خۆپارێزی دەکەن، ھەروەھا ترسی لە دەستدانی کارو پەیوەست بوون بە بێکاران و پەراوێزکەوتووانەوە، کرێکارانی لەسەرکاری ناچاری خۆپارێزی کردووە. وەکرێکارانئێستا بەو رادەیە گرێدراوی سۆسیالیزم نین کە لای کۆمۆنیستەکان پیرۆزکراوە.کەوایە زۆر شت لەم پەیوەندەدا گۆڕاوە، ئەمە بەھیچ شێوەیەک بەمانای کەمڕەنگکردنەوەی رۆڵی کرێکاران نیە لەخەباتی چینایەتی و بەدیھێنانی دنیای نوێدا بەڵکو نیشاندانی ئەو راستیەیە کە ئەوان بەتەنھاو بەبێ ستەملێکراوانی دی، ناتواننشۆڕشی سۆسیالیستی بەسەرکەوتن بگەیەنن، بۆیە کۆمۆنیستەکان دەبێت رووی دەمیان لە ھەموو چەوساوەکان و ستەملێکراوان بێت و کرێکارانیش وەک بەشێک لەوان.


لەبارەی کرێکارگەراییەوە رەوتی " کۆمۆنیزمی کرێکاری" زۆرترین سەرنجی لەسەرە،لەدوو دەیەی رابردوودا بەناوی کرێکاری بوونەوە ئەوەندە جیابوونەوە روویداوە، ئەم رەوتەی بەتەواوی گۆڕیوە بە ڕەوتێکی ئینشقاقی و ھۆکاری نائینسیجامی‌و ناتەبایی، نەک ھەر لەناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا بەڵکو لەناوخۆیشیدا، سەیرەکە لەوەدایە خۆی کۆمۆنیزمی کرێکارەو " کرێکاری بوون"فەلسەفەی بوونیەتی، کەچی ھەرماوە جارێک بەناوی "کرێکاری نەبوون"ەوە کۆمەڵێکی لێ جیادەبێتەوە، ئەوەی کە جیاش دەبێتەوە پاش ماوەیەک بەھەمان بیانووەوە گروپێکی تری لێ جیادەبێتەوە. واتە کرێکاریبوون بۆی بووە بەگرێ.


سەرەتا ئەم رەوتە لەبەرامبەر رەوتە سۆسیالیستیەکانی تردا دەرکەوت و ھەوڵیدا کرێکار بەوان بناسێنێت نەک کۆمۆنیزم بە کرێکار بناسێنێت، وە بەناوی کرێکارەوە خۆی لە رەوتەکانی تر دابڕی و کرێکاری کرد بە بابەتێک بۆ شەڕ لەگەڵ ئەوان،دەمارگیری رێکخراوەیی گەیشت بە ئاستێک کە بێ دوودڵی بوترێ (حیزبی ئێمە موقەدەسە) ئەم پیرۆزیە رابەرایەتیەکەشی دەگرتەوە.ئاکامی ئەم رەوتە گەیشت بە سکۆلاریزمێکی دژی ئیسلامی و دەسەڵاتخوازێکی دژی دەسەڵاتداران،بەمپێیە ئەگەرچی خۆی ھەوڵێک بوو بۆ چارەسەری کێشەو گرفتەکانی کۆمۆنیزم، بەڵام نەیتوانی ببێت بە بەشێک لە چارەسەرو سەرەنجام بوو بە بەشێک لەکێشەو لەگەڵ خۆی بەشێکی گەورە لە ھێزی کۆمۆنیزمی لەکارخست.


بەڵام بەبڕوای من نەک ھەر رەوتی " کۆمۆنیزمی کرێکاری" بەڵکو تەواوی "کۆمۆنیزمی کرێکارگەرا" بەشێکە لەکێشەو ھیچکات نابێت بەبەشێک لەچارەسەر، چونکە ئەم کۆمۆنیزمە، کرێکاری لە جێگای سۆسیالیزم کردووە بە ستراتیژو ئەوەندەی بەدوای بەدلەی شین و خودەدا دەگەڕێ ئەوەندە بەدوای جێخستنی شێوەژیانی سۆسیالیستیەوە نیە، ئەوەندەی "بکەر"ی مەبەستەو لای بووە بە ئەسڵ ئەوەندە ئەو کارەی مەبەست نیە کە بکەر دەبێت بیکات.


لەم کۆمۆنیزمەدا، تەنانەت ئەوانەش کە رەخنەیان لە کۆمۆنیزمی کرێکاری ھەیە، کرێکار سەنتێزەو ھەمووشتێک بەدەوری چینی کرێکاردا دەخولێتەوە، رەوتە رەخنە لێگیراوەکان رێکخستنی چینی کرێکار نەبوون و کرێکار بابەتی کاریان نەبووە، وە چینی کرێکار ھەم لە شۆڕشداو ھەم لە دەوڵەتی داھاتوودا دەبێت رەگەزی سەرەکی بێت، واتە کرێکار تەوەرە(نەک سۆسیالیزم).


بەگشتی بۆ روونکردنەوەی ھۆیەکانیشکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەر،گەڕان بەدوای چینی کرێکار وەک رابەری خەباتی چینایەتی و بکەری شۆڕش، پانتایی گەورەی داگیرکردووە لەناو باس و خواسی کۆمۆنیستەکانداو لەسەر ئەو رۆڵە نەبینراوەی کرێکاران،دەیان جیابوونەوەو لێکترازان لەناو کۆمۆنیستەکاندا روویداوەو کرێکاربووە بەسەرچاوەی زۆربەی زۆری ناکۆکیەکان.بۆ نیشاندانی ھەندێ لایەنی تری ئەم مەسەلەیە پێویستە تیشک بخەینە سەر کۆمەڵێک چەمک و تێگەیشتن کە پایەکان و بنەماکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی لەسەریان وەستاوە.


چینی کرێکار وەک فریادڕەس.


چینی کرێکار وەک بکەری شۆڕشی سۆسیالیستی و رابەری ئەو شۆڕشەو دەسەڵاتداری کۆمەڵگای داھاتوو، لەسەر بنەمای ئەوە جەختی لێدەکرێت کە ھێزی کار رەگەزێکی سەرەکی و بنەڕەتی بووە لەبەرھەمھێناندا، سەرمایەداری دوای شۆڕشی پیشەسازی بە بەردەوامی پێویستی بە ھێزی کاربووەو ئەمە بەبەردەوامی ژمارەی کرێکارانی زۆرکردووەو بەرژەوەندی و ئامانجی ھاوبەشی لەنێوانیان پێکھێناوەو چینێکی شۆڕشگێڕی داماڵراو لە موڵکایەتی دروستکردووە کە مانفێستی کۆمۆنیست ناوی نا " گۆڕھەڵکەنی سەرمایەداری". کە لەشۆڕشدا جگە لە زنجیرەکانی دەستوپێی شتێکی تر لەدەست نادات، لەو سەردەمەدا بەرھەمھێنان لەکارگاو کارخانەکان چەقی ئابووری کۆمەڵگا بوو ھەر لەبەر ئەوەش بەرھەمھێنەران دەکرا چەقی گۆڕانگاری سیاسی و کۆمەڵایەتی بن، بەڵام ئەوانە ئێستا ئاڵوگۆڕی زۆریان بەسەرداھاتووە. ھێزی ژمارەی کرێکاران بەھۆی دوورخستنەوەیان لەکارو ھەروەھا بەھۆی نارێکخراوبوونەوە ناکارایە، ھاوکات کرێکاران بەناوی چاودێرو سەرکارگەرو بەرپرسی بەش، پلەبەندی و جیاوازی لەنێوانیاندا پێکھاتووەو بەشێک لەوان کراون بە بەڕێوەبەری چەوساندنەوەی ئەوانی ترو موچەو ھەقدەستی جیاواز وەردەگرن و ئاستی چەوساندنەوەیان جیاوازی ھەیە، لەھەندێ شوێن و بواردا کرێکاران بوون بە ھاوپشکی خاوەنکارەکان و کرێکاران بەگشتی خاوەنی داخوازی و ئامانجی ھاوبەش نین و لێکەوتی جیاوازیان ھەیە بەسیستەمەوە. سەرمایەداری بەشوێنێک گەیشتووە کە دەستکەوتنی کار خۆی بووە بەجۆرێک لە ئیمتیازو بەگشتی کرێکارانی لەسەرکار، بەشێکی بۆ لەدەستنەدانی کارەکەی و بەشێکی بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانی، خۆپارێزی دەکەن لە خەباتی سیاسی. ئەوەی دەیکەن زۆرتر خەباتێکی ئابووریە بۆ پاراستن یان باشتربوونی ھەلومەرجی ژیانیان.


یەکێک لەو مەسەلانەی کە رای جیاوازی لەسەرە خودی پێناسەی ئەم چینەیە، ھەندێک ئەوەی بەدلە شینەکەی لەبەر نەبێت و خودەی لەسەر نەبێت بە بۆرژوازی دەزانن، ھەندێکیش سنوورەکەی ئەوەندە کێش دەدەن کە جگە لە سەرمایەدارەکان ھەموو کۆمەڵگا دەگرێتەوەو زۆرجارکۆی چەوساوەو ستەملێکراوان بە پرۆلیتاریا ناودەبرێن، لەکاتێکدا پرۆلیتاریا بریتیە لە کرێکارانی پێشەسازی و کرێکارانیش ئەوانەن وا بەکرێ کاردەکەن، ژنانی ماڵەوە، مامۆستایان، فەرمانبەرانی دەوڵەت، کارمەندی کۆمپانیاکان و کارگێڕیەکان، مووچەخۆران و تەنانەت ئەو لاوە بێکارانەی کە لەژیانیاندا یەک رۆژ کرێکارییان نەکردووە، ناچنە چوارچێوەی ئەم پێناسەیەوە، کۆمەڵگاش کە ناوی کرێکار دەبرێت وێنەی بەشێک لە خەڵکی دێتە بەرچاو نەک ھەموو کارکەران و چەوساوەو ستەملێکراوان. وە کاتێک پەیامێک روو بەکرێکاران یان روو بە پرۆلیتاریا دەدرێت، ھیچکام لەو چین و توێژانە روو بەخۆیانی نابینن و کاتێکیش ئەم چین و توێژانە روودەکەنە سۆسیالیزم لەبەر چینی کرێکار نیە لەبەر سۆسیالیزمە.


ھەڵبەت ئەو رایەش لەئارادایە کە دەڵێت مارکس وشەی کارکەر (شغیلە)ی بەکارھێناوە نەک کرێکار(عامل) بەڵام بەھەڵە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەکان و کرێکارگەرایی لێ بەرھەمھاتووە. حەتمەن ژمارەی کارکەران (شغیلە) زۆر فراوانترە لە کرێکاران(عمال).


ئەم ناڕۆشنیە سەبارەت بە پێناسەو سنووری چینی کرێکارو بکەری شۆڕش، ناڕۆشنی و ھەڵەی ستراتیژی و تەنانەت ناکۆکی بەشوێن خۆیدا ھێناوە، بۆیە باشترەو واپێویست دەکات ناوێکی گونجاوتر ھەڵبژێرین.بەرای من ھەردوو زاراوەی "چینی کرێکار و پرۆلیتاریا" ناتوانن پێناسەو وەسفێکی گونجاو بن،نە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی سەرمایەداری ستەمیان لێدەکات و دەیانچەوسێنێتەوەو نە بۆ ماتەوزەو پۆتانشێڵی شۆڕش، وە خودە لەسەرو بەدلە شینەکانیش بەتەنھا ناتوانن کۆمەڵگە لە پەیوەندیەکانی سەرمایەداری رزگار بکەن، بێکاران، ژنان، لاوان، فەرمانبەران، مامۆستایان، ھەژاران، جوتیارانی نیوەکار، بێ خانەولانەکان، ئاوارەکان، زیندانیەکان، مناڵانی بێ سەرپەرشت، دەستفرۆشان، کرێچیەکان، کۆڵبەران، خانەنشینان، کەمایەتیە ستەملێکراوەکان، ھەموو ئەوانە لەژێر پەستانی ستەمکارییەکانی سەرمایەداریدان و لەبەرامبەریدا بەرەنگاری دەکەن، باسی رۆڵی رابەری کرێکار لە خەبات و تێکۆشانی ئەوانەدا واقیعی نیە، ھەروەھا مەترسی چەکی ئەتۆمی و کۆکوژ، مەترسی پیسبوونی ژینگە، مەترسی ئەو نەخۆشیانەی بەھۆی چاوچنۆکی سەرمایەداری توشی مرۆڤ بوون و دەبن، مەترسیەکانی ئەو جەنگانەی بەڕێوەن بۆ لەناوبردنی بە کۆمەڵی مرۆڤەکان و ئاوارەبوون و زیادبوونی بەردەوامی رێژەی ھەژاری، لە چەوساندنەوەی کرێکاران مەترسیدارترن. بۆیە لەناو ھەموو ئەوانەداو ھەروەھا لەناو ھونەرمەندان و ئەدیبانی شۆڕشگێڕو بزووتنەوەی دژی شەڕو ژینگەپارێزانیشدا، بەرەنگاری و پۆتاشیڵی دنیای نوێی سۆسیالیستی دەتوانرێت بێتەبوون.


من کتێبێکم خوێندۆتەوە کە جگە لە فەھرەست و سەرچاوەکان، ٣٧٦ لاپەرەی نیو A٤و لە (٧٦٣٦٠) وشە پێکھاتووە، لەو نوسینەدا زیاتر لە دووھەزار جار وشەی کرێکارو ٩٣ جار وشەی پرۆلیتار بەکار ھاتووە، وە ٢٠٣٥ جار وشەی حیزب و١٣٠٢ جار وشەی دەسەڵات و دەوڵەت و حکومەت بەکارھاتووە، بەڵام وشەی لاوان تەنھا ٨ جار و ژن ١٢ جار و بێکاران ١٤ جار ھاتووە، لەکاتێکدا ژنان و لاوان و بێکاران لە سەرھەڵدان و شۆڕشەکانی ئەم ساڵانەدا زۆرترین ئامادەیی و تێکۆشان و فیداکارییان ھەیەو لەھەموو بەشەکانی تری کۆمەڵگا زیاتر زەخیرەی شۆڕشن، ئەمە بەرھەمی کرێکارگەرایی و حیزب گەرایی و دەسەڵاتگەراییو نەبینینی بەشێکی گرنگ لەرەگەزە سەرەکیەکانی شۆڕش و گۆڕانکاریە.


کرێکار و دەسەڵاتی سیاسی.


ئەڵقەی کۆتایی پرۆسەی سیاسی "کۆمۆنیزمی کرێکارگەرا" دامەزراندنی دیکتاتۆری پرۆلیتاریاو حکومەتی کرێکارییە، کرێکار خۆی رێکدەخا، خەبات و شۆڕش دەکات و دەسەڵات و دیکتاتۆریەتی بۆرژوازی تێکدەشکێنێت و لەجێگەکەی دەسەڵات دیکتاتۆری خۆی دادەمەزرێنێت و لەم رێگایەوە کۆمەڵگا لە ستەم و چەوسانەوە رزگار دەکات و ئازادی و یەکسانی بەرقەرار دەبێت. بەپێی ئەم میتۆدە خەباتی سۆسیالیستی لەپێناوی بەدەسەڵاتگەیاندنی چینی کرێکاردایە نەک خەباتی کرێکاران لەپێناوی سۆسیالیزمدا بێت.لەراستیدا ئەزموونی شۆڕشە کرێکاری و کۆمۆنیستیەکان پێماندەڵێن ئەم رێیە ناچێ بۆ ئەو جێیە.


ئەنگڵس نیشانی داوین کە مێژووی مرۆڤ ھەمووی ململانێی چینایەتی نیەو کۆمەڵگای چینایەتی لە بڕگەیەکی مێژوودا خۆی زاڵکردووە، فرماسیۆنەکانی (کۆیلایەتی و فیودالی و سەرمایەداری)ئەو چینەیان گەیاندووە بەدەسەڵات کە ھەوڵی گۆڕانکاری داوە، کە ئاکامەکەی درێژەدانی ھەمان کۆمەڵگای چینایەتی بووە بەشێوەیەکی تر، دووبارەکردنەوەی ئەو پرۆسەیە بەناوی چینی کرێکارەوە، بەمانای تێپەڕکردن و ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی چینایەتی نابێت، بەڵکو دووبارەکردنەوەی دەبێت بەشێوەیەکی تر.حکومەتی کرێکاری و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا، سەرەنجام دەگاتەوە بە سۆسیالیزمی دەوڵەت، چونکە دەوڵەت لەم میتۆدەدا رەگەزێکی سەرەکی و ھەندێجار تاکە رەگەزە لە بنیاتنانی سۆسیالیزمدا، ئەگەر سۆسیالیزم نەبووبێتە ھاوژیانی و شێوەژیانی خەڵک لەخوارەوە بۆ سەرەوە، ئەوا دەوڵەت لەسەرەوە بۆ خوارەوە ناتوانێت شتێکی باشتر لە سۆسیالیزمی دەوڵەت دروست بکات.


ئامانج لە شۆڕشی سۆسیالیستی کۆتاییھێنانە بە دابەشبوونی چینایەتی و ستەم و چەوساندنەوەکان کە بابەتی کۆمەڵگایە بەگشتی، ئەم ئامانجە لە کرێکارانەوە دەستی پێنەکردووەو پاشکۆی خەباتی ئەوان نیە، لەوەتەی کۆمەڵگای چینایەتی ھەیە کۆمەڵگای ناچینایەتی و ئازادی و یەکسانی بەشێکە لە خولیاو ئاوات و بەرەنگاری و بەرخۆدانی مرۆڤەکان کە لە زۆر کات وشوێن گوزارشتی لە خۆی کردووە.


ھەڵوەشاندنەوەی کاری بەکرێ مەسەلەیەکی جەوھەری و بنەڕەتیە ھەم لە تێپەڕکردنی سەرمایەداری و ھەم لەدەستپێکردنی سۆسیالیزمدا، ھەتا کرێکار مابێت سەرمایەداری کۆتایی پێ نەھاتووە، ھەڵوەشانەوەی کاری بەکرێ بەدیوەکەی تردا نەمانی کرێکاریشە، واتە لەتێپەڕکردنی سەرمایەداریدا کرێکاریش نامێنێت، لەوەدا ناکۆکی ھەیە کە چینێک ھەم دەسەڵاتدار بێت و ھەم کرێکار بێت، رزگاربوونی کرێکار لە نەمانی خۆیدایە، کەوایە دەسەڵاتی کرێکاری، حکومەتی کرێکاری، دیکتاتۆری پرۆلیتاریا، کە لە ھەموو ئەزموونەکانی رابردوودا راستەوخۆ گۆڕاون بۆ دەسەڵات و حکومەت و دیکتاتۆرییەتی حیزب و سەرکردەکان، ناوێکی گونجاو نیە بۆ بەڕێوەبەرێتی سیاسی کۆمەڵگەی داھاتوو.


کاتی خۆی کە ھێشتا مەنسور حیکمەت لەژیاندا مابوو ساڵی ١٩٩٩، کۆمۆنیزمی کرێکاری لەسەر پێشنیاری حەمید تەقوایی فۆرمۆڵەی "حکومەتی کرێکاری" گۆڕی بە "جمھوری سۆسیالیستی" ئەوکات من بەوتارێک رەخنەم لێگرت و پێموابوو فۆرمۆڵەی یەکەم راستترە، بەڵام بەدیدی ئێستام شتێکی لەبابەتی فۆرمۆڵی دووەم بۆ نمونە " کۆماری سۆسیالیستی ئازاد" بەگونجاو دەزانم، ھەرچەندە ئەوان خۆیان لەسەری نەرۆیشتن و لەناو کۆمۆنیستەکانیش نەبوو بە بابەت.


حیزب.


یەکێک لەمەسەلە گرنگەکانی خەباتی سیاسی حیزبە،کە بەشێکی دانەبڕاوە لە ململانێی چینایەتی و رۆڵی گرنگی تیا دەبینێت، بەڵام حیزب و کۆمەڵە کۆمۆنیستەکان (بەتایبەت لەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە) لەسەر حیسابی کەمڕەنگبوونەوەی لایەنی کۆمەڵایەتی، ھەتا ھاتووە زیاتر سیاسی بوونەتەوەوبوون بە ئامرازێکی سیاسی رووت، بەناویپرەنسیپ و دیسپلینی حیزبیەوە: ناوەندێتی، نەبوونی دیموکراسی،قبوڵنەکردنی خیلاف و ناکۆکی ناوخۆیی، بڕیاردان لەجیاتی خەڵک و تەنانەت حکومەتکردن و دەوڵەتداری بەناوی ئەوان، پەیڕەوکراوە، حیزبەکان ھەر لەسەرەتاوە لەشێوەی دەوڵەت و وەک جێگرەوەی دەوڵەت دروستدەکرێن و لەناوخۆیشیاندا وەک دەوڵەت کاردەکەن، کۆمەڵێک لەسەرەوە چاکەو خراپە دیاریدەکەن و مافی ئەندامەتی دەبەخشن و وەردەگرنەوە، چەند ساڵ جارێک پەرلەمانێک بەناوی کۆمیتەناوەندی ھەڵدەبژێرن و ئەویش حکومەتێک بەناوی مەکتەب سیاسی ھەڵدەبژێرێت. ئیتر مەشغوڵی بەرنامەی سیاسی خۆیەتی، لایەنی کۆمەڵایەتی تەنھا لە رێکخستن و ئەندامگیری و ھەڵخڕاندنی ھێزی ئاکسیۆندا کورتکراوەتەوە، کە ئەمانە بوونەتە خەوشێک لە خەباتی چینایەتیداو پێویستە ئەم ئامرازو دەزگا گرنگە رزگار بکەین لێیان.


ئێستا زۆر خەڵک حیزب بە ئامرازێکی گونجاو بۆ گۆڕینی ژیانی خۆیان نابینن و بەگشتی خۆدوورگرتن و سڵکردنەوە ھەیە لەکاری حیزبی، ھەندێ لە شۆڕشگێڕەکان حیزبەکان بەسەرچاوەی شکست و بەلاڕێدابردنی شۆڕشەکان دەزانن و لە خۆپیشاندان و سەرھەڵدانەکانی ئەم ساڵانەشلەھیچ شوێنێک حیزبەکان ئەو ھێزە جادووییەی جارانیان نەماوە لە کۆکردنەوەو رێکخستنی جەماوەردا، مەسەلەکە ھەر ئەوەیە نیە کە نمونەی ناشیرین لەحیزبایەتی پێشکەشکراوە، بەڵکو گرفت لەخودی حیزبیشدا ھەیەو حیزبی نەریتی ئیتر بەدەرد ناخوات، بەدڵنیایی ھەروا بە رێکەوت و بێ ھۆ نیە ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵە حیزب و رێکخراوە کۆمۆنیستیەکان یاریکەرو کاراکتەری رووداوی گەورە نەبوون و لە رووداوە گەورەکاندا لەجیاتی ئەوەی گەورە ببن، بچوک دەبنەوە، ھەندێک دەیانەوێتئەو گرفتە بە کرێکارگەرایی و پیرۆزکردنی چینی کرێکار، کەھیچ نیە جگە لە پیرۆزکردنی کۆیلایەتی، چارەسەربکەن، کە خۆی ھۆکاری کێشەکەیە.


چارەسەر ئەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی ھەلومەرجی خۆیی و بابەتی ئێستاوئەو گۆڕانکارییانەی بەدیھاتوون، بیر لەجۆرێکی تری حیزب بکرێتەوە، حیزبێک کە ھی ھەموو چەوساوان و ستەملێکراوان و پەراوێزخراوان بێت و ھاوبەشی و پێکەوە ژیان و سۆسیالیزم بەرھەمبێنێتو خەباتێکی ھەمەلایەنە لەپێناوی ئەوانەداو بۆ لابردنی سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری بخاتە رێ.حیزبێکی ئاسۆیی بێت و قوچەکی نەبێت، ناوەندیگەر نەبێت و ئۆرگانە خۆجێیەکانی خۆبەڕێوەبەر بن و ھەر ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەر حیزبی خۆی ھەبێت بە تەواوی دەسەڵاتەکانیەوە،بۆ ھەماھەنگی کارەکان لەنێردەی ناوچە خۆبەڕێوەبەرەکان ئەنجومەنی ناوەندی حیزب پێکبێت کە دەسەڵاتی فراوانی نەبێت بەسەر ھەموو بەشەکاندا، ساختارو میکانیزمی جوڵانی و پەیوەندیەکانی سازگارو گونجاوبێت ھەم لەگەڵ خەبات و بەرەنگاری و ھەم لەگەڵ ئامانج و پەیامێک کەھەڵگریەتی. حیزب و کۆمەڵە کۆمۆنیستیەکان دەبێت خۆیان کۆمەڵگایەکی ھاوبەش و بێ چین و بێ پلەبەندی چینایەتی بن و لەگەڵ ئەوەی ئامراز و چوارچێوەی رێکخستنی خەبات و بەرەنگارین ھاوکات قەوارەیەکیش بن بۆ ژیانێکی ھاوبەش، بەڵام زۆرینەی حیزبەکانی ئێمە، ئەگەرچی خۆیان بۆئازادی و یەکسانی ھەوڵدەدەن، کەچی لەناوخۆیان ئازادی و یەکسانی نیەو جیاوازیەکان ھەندێکجار دەگاتە ئاستی جیاوازی چینایەتی، بۆ نمونە لەحککعدا کاتی خۆی کە رەخنەیەکمان دەگرت لەوبارەیەوە، پێیان دەوتین " ئێوە بەرابەری تەڵەبن" واتە بەرابەری تەڵەبی ببوو بە خەتا لەکاتێکدا شوناسی حیزبەکەمان بوو.


مەسەلەیەکی تر سەبارەت بە حیزب "حیزبی پێشەنگ و پێشڕەو"ە، حیزبی پێشڕەوی چینی کرێکارو پێشەنگی شۆڕش و رابەری خەباتی چینایەتی، ئەم مەسەلەیە تا ئاستێک بەرەوپێش براوە کە حیزب بووە بە خاوەن بڕیاری یەکەم و کۆتایی، ھەموو شتێک ملکەچی بڕیارو فەرمانی حیزب کراوەو زیاتر لە حیزبێکیش حەرامکراوە، فرە حیزبی لەجیاتی ھاوکاری و ھاوخەباتی، دوژمنایەتی و یەکتر تەکفیر کردنی لێ بەرھەم ھاتووە، رەنگە ئەوە لە ژێر کاریگەری ئەوە بێت کە دەوترا " لەھەروڵاتێک دوو حیزبی کۆمۆنیست ھەبێت یەکێکیان لادەرە"،بەرای من حیزب ئەوە نیە ھەمووان بە فۆرمی سوپا بکرێین بە سەرباز، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کۆمەڵە بەرەنگارەکان و تۆڕو رایەڵە حیزبیەکان ئامانجیان یەکخەن و لەکات و شوێنی پێویستدا ھاریکاری و پشتیوانی یەکتر بکەن.


پەیوەندی نێوان حیزب و رێکخراوە جەماوەرییەکانیش بابەتێکی گرنگە، ئەم پەیوەندیە شیواوە، ھەندێ حاڵەت رێکخراوە جەماوەریەکان کراون بە کۆمیتەو پاشکۆی حیزب و ھەندێ جاریش بەتەواوی لەیەک دابڕێنراون وەکئەوەی باسی دوو بزووتنەوەی جیاواز بێت، بزووتنەوەیەک بۆ خەباتی ئابووری و ریفۆرم، بزووتنەوەیەکیش بۆ خەباتی سیاسی و شۆڕش، لەکاتێکدا ئەم دوو خەباتە لەیەک دابڕاو نین، ناڕۆشنی پەیوەندی نێوان ئەمدوانە گرفتی گەورەی لەوەدا پێکھێناوە کە چۆن دەتوانن بەیەکەوە خەبات و بەرەنگارییەک بەڕێوەبەرن و ببنە دوانەی یەک بزووتنەوەی یەکگرتوو، کە ئامانجی ھەم باشتربوونی ھەلومەرجی ژیان و ھەم بنیاتنانی کۆمەڵگای ناچینایەتی بێت.


سەبارەت بە حیزبی کرێکاری، لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر حیزب و رێکخراوی سیاسی بەو ناوەوە درووست بوون، ئەوەندی من زانیاریم ھەبێت ئەگەر نەڵێم ھەمووی بەشی ھەرەزۆری کەسان و گرووپی غەیرەکرێکار درووستیان کردووە، ئەوە جێگای پرسیارو تێڕامانە، کرێکاران بۆچی سەندیکاو یەکێتیەکان درووست دەکەن بەڵام حیزبی خۆیان درووست ناکەن؟ ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە مەیلیان بەلای سۆسیالدیموکراتەکاندا زۆرترە لەچاو کۆمۆنیستەکان؟ یان ریفۆرم لەلایان تۆخترە لەچاو شۆڕش؟


حیزبی کۆمۆنیست بە رای من نابێت تەنھا حیزبی کرێکاران بێت، حیزبی کۆمۆنیست یانی رێکخستنی سیاسیانەی خەبات و بەرەنگاری دژی سەرمایەداری و خۆرێکخستنی ھەڵسوراوان و بەرەنگاران و تێکۆشەران تیایدا، ھەم بۆ ھاوژیانی و ھەم بۆ خەبات لەپێناوی ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی سۆسیالیستی لە رێگای شۆڕشەوە، ئامانجی ئەم حیزبە رزگاربوونە لە چەوسانەوەو ستەمکاری و پرسی ئەم حیزبە سۆسیالیزم و کۆمەڵگای ناچینایەتیەو بابەتی کاری ئەم حیزبە کرێکاران و ژنان و لاوان و بێکاران و ھەموو ستەملێکراوان و ئەو ٩٩% یە کە باسدەکرێت.


کرێکارگەراکان بۆ ئەوەی پێگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ بیرکردنەوەی خۆیان نیشان بدەن، ھەمیشە زۆر بە تۆخی دەستەواژەی(بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار)بەکاردەھێنن کە لەراستیدا بوونی نیە،بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بە واتای جووڵەو کۆششی زنجیرەیی و بە کۆمەڵی لانیکەم دەیان کۆڕو کۆمەڵ لەسەر بنەمای بیروباوەڕێک و شوێنکەوتنی ئامانجێک و لەپێناوی بەدیھێنانی بەرژەوەندییەکی ھاوبەش، کە پەیوەندیدار بن بەیەکەوەو جۆرێک لە رێکخراوبوونی تێدابێت و بەپێی رێسایەکی دیاریکراو بەڕێوە بچێت. واتە پراتیکێکی رێکخراوی ئامانجداری کۆمەلایەتی بەردەوامە کە رووداو درووست دەکات، لە راستیدا ئێستا ئەمە لەکوردستان لەئارادا نیە، ناڕەزایەتی و ھەستکردن بە ستەم ھەیە، نیگەرانی و تووڕەبوون و ھەڵبەزینەوە ھەیە، ھاوبەرژەوەندی و ھاودڵی ھەیەو ھەوڵدان و جوڵەی لێکدابڕاویش ھەیە بەڵام ئەمانە بەس نین بۆ ئەوەی پێی بوترێت بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی.


ئەگەرچی حیزب گرنگ و پێویستەو ئەرکێکی سەرەکیە لەئێستادا، بەڵام حیزب ستراتیژ نیە بەڵکو ئامرازە، ستراتیژ سۆسیالیزمە، کە پێشمەرجی ئەویش جێخستنی ئەلتەرناتیڤی سۆسیالیستیە لە وشیاری خەڵکدا، ئەوکات ئەگەر حیزبیش لادان بکات خەڵک ناھێڵێت، ئەگەر شێوەژیانی سۆسیالیستی لە خەیاڵدان و وشیاری خەڵکدا جێنەکەوتبێت، حیزبی گەورەیش بەناوی کۆمۆنیزم و کرێکارەوە پێکبێت ناتوانێت سۆسیالیزم دابمەزرێنێت، کە میژوو پرە لە نمونەی لەمجۆرە. یەکێک لەو مەسەلانەی لەھەردوو ئەزموونی بەلشەفی و کۆمۆنیزمی کرێکاریدا جێگای رەخنەیە، کردنی حیزب بوو بە ستراتیژ. کە دواجار بەلاڕێداچوونی کارەساتباری بەدوای خۆیدا ھێنا.

سۆسیالیزم.


تێگەیشتنی جۆراوجۆر سەبارەت بە سۆسیالیزم ھەیەو بەشێوەی جیاواز پێناسە دەکرێت: بۆ نمونە دەڵێن: پۆست کاڵایە، واتە لەھەرشوێنێک کاڵا نەبێت سۆسیالیزمە، یان ئەنتی تێزی سەرمایەداری و کاردانەوەیە بەرامبەر دیاردە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی ئەو،نەمانی برسێتی، ھەژاری، نایەکسانی، توندوتیژی، ھەڵاواردنی رەگەزی، دابەشکردنی ناعادیلانەی داھات و سەروەتە، .... ھەندێک سۆسیالیزم بە دەوڵەتی ریفاە و خۆشگوزەرانی یاخود بە ئابووری بەرنامە بۆدانراوو بەرھەمھێنانی پلان بۆ دارێژراو دەبیننو ھەندێکجار کەرتی گشتی یەکسان کراوە بە سۆسیالیزم، کە خۆی سەرمایەداری دەوڵەتیە، ھەندێکیش بەدەسەڵاتگەیشتنی چینی کرێکار بە سۆسیالیزم دەزانن و لە کۆمۆنیزمی کرێکاریشدا بەتەواوی نزیککرایەوە لە سکۆلاریزم. لە بەرنامەی زۆرێک لە حیزبە کۆمۆنیستەکاندا سۆسیالیزم وەک لانیکەم و کۆمۆنیزم وەک لانی زۆر پێناسەکراون و سۆسیالیزم بە قۆناغی یەکەمی کۆمۆنیزم دیاریکراوە، بەگشتی وێنایەک لە سۆسیالیزم کراوە کە بە چەپکردنی سەرمایەداریە، نەک تێپەڕکردنی، لەبەر ئەوەی ھەموو ئەوانەی سەرەوە لەسەرمایەداریدا ئیمکانیان ھەیەو لە ھەندێ شوێن و کاتدا بەدیش ھاتوون.


بەڵام سۆسیالیزم نە چەپاندنی سەرمایەداریەو نە درێژکراوەی ئەویشە، سەرمایەداری ھەرچەند پێش بکەوێت ناگات بە سۆسیالیزم و ھەرچەندە چاکسازی و ئاڵوگۆڕی تێدا بکرێت و دیموکراسی و سکولاریزمی تێدا بەھێزبکرێت، ھێشتا ھەر سەرمایەداریەو ناعەدالەتی و جیاوازی چینایەتی و مەترسیەکان لەسەر ژیان و ژینگە کۆتاییان نایەت. ھەروەھا سۆسیالیزم لە گەشەی ئابووری و خۆشکردنی ژیاندا کورت نابێتەوەو تەنھا بۆ رزگارکردنی چینی کرێکاریش نیە لە چەوساندنەوە، بەڵکو:


بەمانای لەناوبردنی چەوساندنەوەو ستەمکاری و نابەرابەری و ھەڵاواردنە لە نێوان مرۆڤەکاندا، بەمانای ئازادکردنی کۆمەڵگایە لە پەیوەندی چینایەتی، ھەڵوەشاندنەوەی موڵکایەتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرھەمھینان، ھەڵوەشاندنەوەی کاری بەکرێ، گشتی کردنەوەی کارو سەروەت و سامانی گشتی، خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی، پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە، نەھێشتنی دەسەڵاتی سەرمایە لەسەر بازاڕ، کاردابەشکردنی ئاسۆیی، خۆبەڕێوەبەری و ئابووری ھاوبەشە.


بەرنامە و ستراتیژ و پلاتفۆرمی پارتە کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکان ئەگەرچی بەگشتی ھەوڵێکن لە پێناوی پەیداکردنی ئەڵتەرناتیڤ بۆ سەرمایەداری، بەڵام زۆربەیان شێوە ژیانی سۆسیالیستی ھەواڵەی داھاتوویەکی نادیار دەکەن و گرێیدەدەنەوە بە سەرکەوتنی شۆڕش و تا ئەوکاتەش بەناوی ریفۆرمەوە خۆیان لەگەڵ سیستەمی باو دەگونجێنن و لە رێگەی دەوڵەت و بونیادە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی سەرمایەداریەوە، ھەوڵی چاکسازی دەدەن،چاکسازیەکان دەدەنەوە دەست دەوڵەت نەک لەناو خودی ژیانی مرۆڤەکان و پەیوەندیەکۆمەڵایەتیەکاندا بیکەن.دیارە عادل کردنی دەوڵەتی سەرمایەداری و دابەشکردنێکی عادلانە تری سەروەت و زیادکردنی ماف و ئازادیەکان و کورتکردنەوەی دەستی ئاین و بنەماڵەکان و دامەزراوە سەربازییەکان، پاککردنەوەی ھەڵبژاردنەکان لە گزی و ساختەکاری، حکومەتێکی پاک و گەلپەرست، ئەگەرچی باشن بەڵام نابن بەسۆسیالیزم.


کاتێک باس لە شکستی سۆسیالیزم دەکرێت، لێکدانەوەی زۆر دێتە پێشەوە، بەڵام بە رۆشنی باسی ئەوە ناکرێت کە جگە لەکۆمۆنەی پاریس کە تێکشکێنرا، ھەموو ئەو دەسەڵاتە سۆسیالیستیانەی لەروسیا و ئەوروپای رۆژھەڵات و چین و کۆبا و ... دامەزران ھەموویان خۆیان گەڕانەوە بۆ کەپیتالیزم، لەکاتێکدا ئەوانە بەرھەمی ئەو شۆڕشە مەزنانە بوون کەئێمە ھێشتا جەخت لەسەر میکانیزمەکانیان دەکەینەوە،بۆ دووبارەکردنەوەیان، ئەوە رووداوێکی جێگای سەرنجەو بەبروای من ئاکامی خراپەکاری و تێنەگەیشتن و بەرژەوەندیخوازی بەڕێوەبەرانیان نیە، بەڵکو گرفتی سەرەکی لەوەدایە کە بەر لە شۆڕش بیر لە جێخستنی شێوەژیانی سۆسیالیستی نەکراوەتەوە، کە بابەتی ژیانەو دەکرێت پێش روودانی شۆڕشیش لەھەرشوێنێک پایەکانی خۆی دابکوتێت، سۆسیالیزم فۆرمێکە بۆ ژیان و دەتوانرێت لەلایەن تاکەکان و گروپەکان و کۆمەڵە مرۆییەکان و رێکخراوو پارتە کۆمۆنیستەکانەوە ئەزمون بکرێت، تەنانەت بەرلەوەش کە سەرمایەداری لەناوبچێت، لەبناغەدا سۆسیالیزم ئەگەر ریشەیەکی وای دانەکوتابێت و نەبووبێت بە خواستی خەڵک، شۆڕشەکان ئەگەر رووشبدەن و سەریش بکەون، مەرج نیە بمانگەیەنن بە سۆسیالیزم. بۆیە دەرچوون لەم سیستەمە چینایەتیە لەسەر ئاستی تاک و گروپ و ھەروەھا لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی دەبێت ببرێتە پێشەوە، بۆئەوەی بگەین بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و ھاوبەش و یەکسان، بێ چین و چەوسانەوەو ستەمکاری، دەبێت کۆمەڵسازیەکی نوێ لەسەر بنەمای پرەنسیبەکانی پێکەوەژیانی ئازادانەو ھەرەوەزکاری و خۆبەخشی و ھاوبەشێتی و خۆبەڕێوەبەری بکرێت.

دیموکراسی.


مەسەلەی دیموکراسیش چەمکێکی گرنگە کە لەلایەن سۆسیالیستەکانەوە نەک ھەر فەرامۆشکراوە بەڵکو بوغزێندراوەو لەجێگەی ئەو دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بەکاربراوە، ناکۆکیەکە لەوەدایە کۆمۆنیستەکان بەرفراوانترین دیموکراسی، کە بڕیارو بەشداری خەڵکە لە ئابووری و سیاسەت، بە دیکتاتۆری وەسف دەکەن، بۆرژوازی فراوانترین دیکتاتۆریەتی خۆی ناوناوە دیموکراسی و کۆمۆنیستەکانیش فراوانترین دیموکراسیەتیان ناوناوە دیکتاتۆری، ئەمە پێویستی بە راستکردنەوە ھەیە، سۆسیالیزم و دیموکراسی جێگرەوەی یەکتر نین بەڵکو پەیوەندی توند بەیەکیانەوە گرێ دەدات، ئەوەی لە وڵاتە بەناو سۆسیالیستیەکان دیموکراسی نەبووە، وە ئەوەی لە وڵاتە سەرمایەداریەکان دیموکراسی درۆیەکی گەورەیە، بەمانای ئەوە نیە کە سۆسیالیزم و دیموکراسی لەگەڵ یەک ناکۆکن.
لینین و بەلشەفیزم


رەخنەگرتن لە لینین و ئەزموونی بەلشەفی زۆرجار کراوە بەرێگای خۆپاکردنەوە لە خەوشەکان و ھەندێجار پاکانەکردن بۆ خەوشەکان، لەمبارەیەوە باسێکی زۆر کراوەو لەئاکامی کۆمەڵێک ھەڵسەنگاندن و توێژینەوە ھەندێکجار لینین و بەلشەفیەکان کراون بە شەیتان و دەرکراونەتە دەرەوەی ئەژماری سۆسیالیستی، بە رای من ئەوە ئەنجامگیری ھەڵەو نادرووستە لە ھەڵەو ناتەواویەکان و تا رادەیەکیش رەخنەکانی بۆرژوازی لەو ئەزموونە، سایەی بەسەر ھەندێک لە ھەڵسەنگاندنەکاندا کردووە.


راستە زۆر مەسەلەو بابەتی گرنگ لە ئەزموونی لینین و بەلشەفیەکان ھەم وەک حیزب و ھەم وەک دەوڵەت مایەی رەخنەو پێداچوونەوەو وردبینی کردن و تەنانەت دەست لێھەڵگرتنە، بەڵام بەھیچ شێوەیەک راست و دادپەروەرانە نیە ھێڵێکی راست و چەپ بەو ئەزموونەدا بھێنرێت و بخرێتە دەرەوەی ھەوڵە جدیەکانی مرۆڤ بۆ بەدیھێنانی دنیایەکی نوێی ناچینایەتی، وە ناکرێت و دیالەکتیکیش نیە حاکمیەتی ستالینپڕاوپڕ وەک ئاکامی سروشتی و چارھەڵنەگری لینین و بەلشەفیەت چاولێبکرێت و تەنانەت ھەڵەو کەمووکوڕیەکانی سەد ساڵی رابردووی رەوت و حیزبە کۆمۆنیستەکان(بەکۆمۆنیزمی کرێکاریشەوە) ھۆیەکەی بۆ ئەوان بگێڕدرێتەوە.


لە باسی لینین و بەلشەفیزمدا زۆربەی جار تەنھا دیوی سیاسی ئەزموونەکە نیشاندراوەو گشتاندنی بۆ کراوە بەسەر ھەموو لایەنەکانداو وێنەکە بەتەواوی نەخراوەتە بەرچاو، کە بۆ ھەڵسەنگاندنی دیاردەو رووداوێکی گەورەی لەوجۆرە پێویستە لەپەیوەند بە ھەلومەرجی زاتی و بابەتی خۆیەوەو لە سیاقی مێژوویی خۆیدا، لەبەرچاوی بگرین، گەر وا نەبێت ھەر دیاردەو ئەزموونێک بخەینە بەر باس بە ئاکامی ھەڵە دەگەین، بۆ نمونە روسیای ئەوکات لە چ دۆخێکدا و لەژێر چ پەستانێکی ناوخۆیی و دەرەکیدا بووە، گەلەکۆمەکێی وڵاتانی سەرمایەداری، دواکەوتوویی، ھەژاری و برسێتی چۆن بەلشەفیەکانی ناچارکردووە گۆشتی ھاوڕێ شەھیدەکانی خۆیان بخۆن بەڵام کۆڵ نەدەن و چۆک دانەدەن، چ تێڕوانینێک لە سۆسیالیزم ھەبووە ئەوکات، ئەنتەرناسیونالی یەکەم و دووەم کە قیبلەگای سۆسیالیستەکان بووە، چۆن لە سۆسیالیزمیان روانیوە.


لینین و بەڵشەفیەکان لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی سەخت بوونەتەوە، دابەشبوونی ئەنتەرناسیوناڵی دووەم و خۆگرێدانی زۆرینەی پارتە کۆمۆنیستەکان بە دەسەڵاتی وڵاتەکانی خۆیان لە جەنگی جیھانی یەکەمدا، کە ئەوە لەسەر ئاستی جیھانی و لەسەر ئاستی ئەوروپا ئەوانی بێ پشت وپەنا کردبوو، دابەشبوونی کۆمۆنیستەکانی ناو روسیا بەسەر دوو بەرەی دژبەیەکی لایەنگری حکومەتی کاتی و لایەنگرانی شۆڕشی سۆسیالیستی، کە ببووە مایەی دابەشبوونی خەڵکیش، شاردنەوەی گەنم و پێداویستی خۆراکی لەلایەن کەسانی قازانج پەرست و ھەندێکجاریش وەک کاری تێکدەرانەی ئەوەی پێیدەڵێن شۆڕشی چەواشە، ھەوڵی دووژمنکارانەی ھێزەکانی دژە شۆڕش لەناوخۆ و گیانسەختی پاشماوەکانی سوپای تزار، پەلاماری بێڕەحمانەی ھەموو وڵاتانی سەرمایەداری ئەوروپاو ئەمریکاو کەنەداو یابان بەوپەڕی ئیمکاناتەوە بۆ ماوەی چەندین ساڵ، زۆربەی کرێکاران و جوتیاران و ئەندامانی حیزب و شوراکان ناچار بوون لەبەرەکانی جەنگدا بن، ھەموو ئەوانەش لە دۆخێکدا کە روسیا بێ ئیمکان و وێران و برسی و ھەژارو ماندووی دوای شەڕی جیھانی یەکەم بوو. ئەوانە مەترسی و گوشاری گەورە بوون کە ناکرێت بەھێند وەرنەگیرێن و ئێمە ئەمڕۆ لەتێری حوکمیان لەسەر بدەین.


سەرەڕایئەو ھەموو مەترسی و گوشارانەش، بە رابەری لینین و بەلشەفیەکان روسیا لە وڵاتێکی دواکەوتووی لەقاڵبدراوەوە گۆڕا بە وڵاتێکی پێشکەوتووی ئازاد، لە جەنگی ئیمپریالیستی یەکەم و گەلەکۆمەکێی سەرمایەداری سەرکەوتووانە ھاتەدەر، دەست بەسەر زەوی دەرەبەگەکان و کارگای سەرمایەدارەکاندا گیرا، بانکەکان خۆماڵی کران، وڵات لەبەرپرسیارێتی قەرزە کۆنەکانی حکومەتی تزار بێبەری کرا، مافی دیاریکردنی ئازادانەی چارەنووسی گەلان و یاسای یەکسانی ژن و پیاو و یەکسانی نێوان ھەموو خەڵک بڕیاری لەسەر درا، دەرگایەکی نوێ بەڕووی ژیانێکی نوێدا کرایەوە، کۆمەڵێک چاکسازی بنەڕەتی کرا، لەماوەی ١٠ ساڵدا تەواوی یەکێتی سۆڤێت کە شەشیەکی ھەموو جیھان بوو، بەکارەبا رووناک کرایەوە، ھەوڵدرا بۆ بەدیھێنانی جیھانێک کە تیایدا بەرھەمھێنان لەپێناوی پێویستیەکانی مرۆڤدا بێت نەک لەپێناوی قازانج، جیھانێک کە تیایدا ئەوانە بڕیار بدەن کە کاردەکەن نەک خاوەن موڵکەکان، واتە ھەموو یان زۆربەی زۆری ئەوانە کران کە ئێستا رەخنەگرەکان داوای دەکەن و.... ئەمانە پاساو نین بۆ ئەو ھەڵەو سەرپێچیانەی روویانداوە، بەڵکو تەنھا نیشاندانی واقعێکن کە ئەگەر نەیانبینین بەھەڵەدەچین لە ھەڵسەنگاندنیاندا. ھەروەک ئەوەی چەندین بابەت لەو ئەزموونە رەخنەی توندی لێگیراوە بەڵام دەست نەخراوەتە سەر کێشە سەرەکیەکان،ھەوڵدەدەم لەبارەیانەوە چەند خاڵێک باس بکە:


١ - بنەمای دەسەلاتی تاک حیزبی و تاکە کەسی نە پەیوەستە بە رووسیاوەو نە بەبەلشەفیەکانیش بەرتەسک دەبێتەوە، بەڵکو بەگشتی لە ھەموو حیزبە کۆمۆنیستەکاندا بەجۆرێک دووبارەبۆتەوە، کە بەڕای من لە خودی چەمکی " دیکتاتۆری پرۆلیتاریا"وە سەرچاوەی گرتووە، مادام باسەکە لەسەر دیکتاتۆریە خود بەخود دەبێت بەدیکتاتۆری دەوڵەت، حیزبی و کەسی، ئەمە بۆ بۆرژوازیش ھەروایە، دیکتاتۆریەتی بۆرژوازی لە حیزبەکان و دەوڵەتەکان و کەسەکاندا کورت بۆتەوە، کە سەرەنجام دیکتاتۆری چینایەتیە.


٢ - ناوەندگەرێتی (ھەم لە حیزبداو ھەم لە دەوڵەتدا) کە دواتر درێژ بۆوە بۆ ئابووریش، بەڵای گەورەی بەسەر سۆڤێتدا ھێنا، بەڵام ئەم ناوەندگەرییە بەر لە شۆڕشی ئۆکتۆبەریش بەشێک بووە لەکۆمۆنیزم و درێژبۆتەوە بۆ بەلشەفیزم و ئەزمونەکانی ترو تائێستاش زۆربەی کۆمۆنیستەکان بەرگری لێدەکەن و ئەم ناوەندگەرێتیەیان رەخنە نەکردووەو لەرێگای باسی دەوڵەتی کرێکاری و حیزبی سەرجەم و سەراسەریەوە جەختی لەسەردەکرێتەوە.
بەھۆی سیستەمی ناوەندێتیەوە، بڕیارو فەرمان و بەڕێوەبردن، وە ئابووری و دەسەڵات و چەک لەدەستی کەمینەیەکدا کۆدەبێتەوە، بەرژەوەندی جیاواز درووست دەکات، ئەمە ئەو گرفتەیە کە دەبێت رەخنەی توندی لێ بگیرێت و بگۆڕدرێت و لە حیزب و دەوڵەتدا دەسەڵاتە خۆجێی و خۆبەڕێوەبەرەکان و لە ئابووریدا دامەزراوە تایبەتمەندەکان جێگایان بگرنەوە، کە لەسەر ئاستێکی فراوان بەشداری پێکردن لە بڕیاری سیاسی و نەخشەی ئابووری مسۆگەر دەکات، ئەم دامەزراوانە( حیزب و دەوڵەت و سیستەمی ئابووری) یان نابێت ناوەندی بن یان ناتوانن کۆمۆنیست بن.


٣ - گرفتێکی تر بە بنەڕەت وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسیە لە بنیاتنانی سۆسیالیزمدا، کە ئەم میتۆدەھێشتا بەرکارەو ھەموو کارو خەباتێک لەپێناوی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسیدا چردەکرێتەوەو کورتدەکرێتەوە، ئەمە دەسەڵاتخوازیەو ھیچ پەیوەندی بەدامەزراندنی سۆسیالیزمەوە نیە، سۆسیالیزم شێوەیەکە لەژیان نەک شێوەیەک لەدەسەڵات. راستە دەسەڵاتی سیاسی ھەم وەک ئامێری حومکڕانی بۆرژوازی و ھەم وەک بەڕێوەبەرایەتیەکی نوێ، بەستەرێکی گرنگە لەپرۆسەی خەباتی چینایەتیدا، بەڵام خەبات و بەرەنگاری چینایەتی سەرەنجام بۆ لەناوبردنی سیستەمی چینایەتیەو دەبێت پێش گۆڕینی دەسەڵات، خواستی گۆڕینی سیستەم، ھەژموونی پەیداکردبێت و ئیرادەو وشیاری ھەبێت بۆ ئەوکارە.


٤ - موڵکایەتی گشتی وەک موڵکایەتی ھاوبەش ناسێنراوە، ئەو تێڕوانین و ناسینە بەگشتی لەناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا زاڵ بووەو ئێستاش تێنەپەڕیوە، تەنھا تێڕوانینی لینین و بەلشەفیەکان نەبوو، مڵکایەتی گشتی سەرەنجام بووە بە مڵکایەتی دەوڵەتی، چونکە دەسەڵات – موڵکایەتی نابێت بە ملکایەتی کۆمۆنیستی و ھاوبەشی. موڵکایەتی گشتی و موڵکایەتی ھاوبەش نەک ھەر جیاوازن بەڵکو ھەریەکەیان ھی جیھانێکن. لەیەکەمیاندا بەرھەمی زیادە لە رێگای دەوڵەتەوە دابەشدەکرێتەوەو لە دووەمیاندا لە کۆنترۆڵی بەرھەمھێنەران خۆیاندایە.


٥ - دەوڵەتگەرایی، کە داھێنانی کۆمەڵگای چینایەتیە، خۆی درێژکردۆتەوە بۆ ناو بەرنامەو ستراتیژی حیزبە کۆمۆنیستەکانیش، دەوڵەت کراوە بەئەسڵ نەک وەک ئامرازێک بۆ رێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەڵکو بۆ کۆنترۆڵکردنی، تەنانەت حیزبەکان لەسەرشێوەی دەوڵەت دامەزراون و بەجۆرێک رێکخراون کەدوای شۆڕش جێگای دەوڵەت بگرنەوە، دەوڵەت بووە بە چەقی سیاسەت و چەقی ژیان، بەر لە شۆڕش ھەرچی کێشەو کەموکوڕی و ناتەواویەک ھەیە خەتای دەوڵەتەو ھەموو کێشەو داخوازیەکان دەبێت ئەو وەڵامیان بداتەوە، لەدوای شۆڕشیش دەوڵەتی سۆسیالیست چارەسەری ھەموو شتێک دەکات و دنیا دەکات بە شامی شەریف و گورگ و مەڕ پێکەوە ئاو دەخۆنەوە.
بەپێچەوانەی ئەمەوە بەندی یەکەمی ئەنتەرناسیوناڵی یەکەم کە مارکس جەختی لەسەر دەکردو کۆمۆنیستەکان ھەمیشە دەیڵێنەوە(چینی کرێکار دەبێت بەدەستی خۆی رزگار بێت) ماناکەی ھەر ئەوەیە کە دەبێت گۆڕانەکە لەخوارەوە بێت، خەڵک دەبێت لەپێشدا گۆڕابێت و بووبێت بە سۆسیالیست ئینجا دەتوانێ سۆسیالیزم دابمەزرێنێ.ئەمە بەھیچ شێوەیەک بەوە چارەسەر نابێت کە حیزبێکی کرێکاری دابمەزرێت بۆ ئەوەی ئەم حیزبە دەوڵەتێکی کرێکاری دابمەزرێنێ و حیزب بگۆڕێت بە دەوڵەت. واتە دیسانەوە ھەر حیزب حیزب چەقی گۆڕینەکەیە نەک خەڵک.


٦ - گەشەی ئابووری وەک پێشمەرجی دامەزراندنی سۆسیالیزم چاولێکراوە، بەم مانایەش سۆسیالیزم درێژکراوەی سەرمایەداریەکی گەشەکردووە، ھێشتا رەخنەیەکی جدی لەمە نەگیراوەو ھەندێک لە کۆمۆنیستەکان پێیانوایە گەشەی سەرمایەداری زەمینەی سۆسیالیزم فەراھەم دەکات کە ئەمە بەھیچ شێوەیەک وانیەو سیاسەتی ئابووری نوێ( نیپ) ھەوڵیک بوو لەم چوارچێوەیەدا، ئەوە لەکاتێکدا ھەتا سەرمایەداری زیاتر پێشبکەوێت لەرووی ئابوورییەوە ناعەدالەتی و جیاوازی چینایەتی قوڵتر دەبنەوەو مەترسیەکان لەسەر ژیان و ژینگە زۆرتر دەبن و بێکاری زیاتر ھەرەشە دەکات و بەبەردەوامی سەرمایەداری کۆسپی خراپتر دەخاتە بەردەم کۆمەڵگا. ئەگەر پێشتر پێشکەوتنە ئابووریەکانی سەرمایەداری بەشێوەی کاتی نەختێک ژیان و گوزەرانی خەڵک و بەتایبەتی کرێکارانی بەرەوباشتر بردووە، ئەوا ئێستا بەھۆی بەکارھێنانی فراوانی ئامێرو تەکنەلۆژیاوە بێکاری و ھەژاری زیاتر دەکات، جگە لەوە سەرمایەداری و سۆسیالیزم دوو سیستەم و دوو شێوەژیانی بەتەواوی جیاوازن لەیەکتر، ھەتا ئەم جیاوازیە نەبینرێت رێگای دەرچوون لە سیستەمی چینایەتی دەرناکەوێت.


٧ - لەھەموو ئەزموونەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا بەگشتی و لەوانەش لە روسیا لە جیاتی ئەوەی ئەڵتەرناتیڤ بکرێت بە ئەسڵ رەخنە کراوە بە ئەسڵ، رەخنە لە ئابووری سەرمایەداری، رەخنە لە دەسەڵاتی سیاسی، رەخنە لە دەوڵەتی بۆرژوازی، رەخنە لە ئیمپریالیزم، رەخنە لە حیزب، رەخنە لە فکرو باوەرەکانی ترو ... تاد، ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەی ئەمانە زۆرتر وەک ئایدیا ئەزموون کراوە کە وێنایەکی راستەقینە لە سۆسیالیزم نیشان نادات، ھەڵبەت رەخنە گرنگ و پێویستە، بەڵام لەوە گرنگتر و سەرەکی تر ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەی سیستەم، وە بنیاتنانی سۆسیالیزمە وەک حەقیقەتێکی مەلموس و مادی، رەخنە ھەرچەند رادیکاڵیش بێت، ھێشتا نیشاندانی وێنەیەکە لەجیھانی مەوجودو دەچێتە چوارچێوەی لێکدانەوەی دنیا، کە لای مارکس گۆڕینی ئەسڵ بوو نەک شرۆڤەکردنی.


٨ - .....

تەمووزی ٢٠٢٠

alimaulood@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک