ڕێگەنەدان بە
لیستی هیوا ، گۆڕانکارییەکانى کوردستانی بێ هیوا کرد.
عەلی مەحموود محەمەد
هەڵبژاردن و گۆڕانکاری و فەوزای دوای هەرەس یان پاشەکشەی دەسەڵات ،
کێڵگەی بە پیتن بۆ لەوەڕی خەڵکانی هەلپەرست و تاودانی ئەسپیان بۆ ئەوەی
ئاراستەی فکری و سیاسییان 180 پلە وەرچەرخێنن و لە جەرگەی
گۆڕانکارییەکان پارچە ئێسکێکیان دەسکەوێت و لە پەنایەکدا بیلێسنەوە ،هەلپەرستان
هەموودەم دەزانن پلە و پایەی گەورە لە لایەنی گەورەوە دەست
دەکەوێت،هەموو ئۆپۆزسیۆن بوونیشیان تەنها بۆ گەیشتنە بەو پلەو پایەیە و
ڕازیکردنی لایەنێکی گەورەیە بۆ لاکردنەوە لێیان.
لە دوای ڕوخانی دیواری بەرلین زۆرێک لە چەپگەراکان لە سەرەتادا لە ژێر
چەتری نوێگەری هاتنە پێشەوە، لە کۆتاییدا گەیشتنە نەفرەتکردن لە
ڕابردووی خۆیان، لەبەر ئەوەی وەکو مریشکی مەسلەحە تەنها بەو ڕێگایەیا
سەرکەوتبوون دەیانتوانی دابەزن ، ئەمانیش هیچیان پێنەبوو جگە لەوەی لە
ئایدۆلۆژییەکەیانەوە فێری ببوون، بۆیە زۆریان کۆنە نووسین و بابەتەکان
خۆیان دووبارە بەرهەم دەهێنایەوە ،سۆسیالیزم و یەکسانیان دەکرد بە
کۆمەڵگەی مەدەنی ، موڵکداریەتی گشتی دەگۆِڕا بۆ بازاڕی ئازاد ....
نووسینیش تەنها بۆ ئەوەی ون نەبن لە بازاڕی مامەڵەی سیاسی ، ئێستاش
ئەوەی دەیبینم و هەستی پێدەکەم بەزمەکە لەم قۆناغەی ئێستای کوردستان
دووبارە بۆتەوە،دوبارەیەکی سەیرە ئەوانەی لەو قۆناغەیا فریا نەکەوتن
ئێستا هەڵپەیانە،وەلێ دوبارەبوونەوەیەکی وا ئەمجارە کۆمیدیانەتر لەوەی
هیگل و مارکس باسیان کردووە و ئاماژەیان پێداوە.
ئایا بەڕاستی لە کوردستان گۆڕان بەڕێوەیە؟، ئایا بەڕاستی ئەم گۆڕانە لە
قازانجی خەڵکە؟، ئایا ئەم جۆرە مرۆڤە حەرباییانە دەتوانن گۆڕان پێک
بهێنن ؟،وەڵامی ئەم پرسیارانە ڕوونە ، لە ئەزموونی تاڵییەکان ژیانەوە و
ناسینی کەس و لایەنەکانەوە دەزانین وەڵام نایە، وەلێ بۆ ئەوانەی
قازانجیان لە گۆڕینی دەموچاوەکانە گۆڕان عیار 24 بەڕێوەیە،بێشک بۆ
ئەوان گۆڕانە،لە ژیان لە باوەڕ لە گەیشتن بە دەسەڵاتن لە و لە .. .
ئەگەر هەڵبژاردن تەواو ئازاد و بێگەرد بێت لە کوردستان کە لەم قۆناغەدا
نایبینین، ئەگەر 100% دەموچاوەکانی دەسەڵاتدارانی ئێستا سەرتاپا بگۆڕێت
، لەبەر ئەوەی ئەلتەرناتیفی خاوەند بەرنامەی گۆڕان لە ژیانی هەژاران و
ستەمدیدان وجودی نییە، بۆیە یەک زەڕە باوەڕم بەو گۆڕانانە نییە،هەموو
شکلی دەبێت نەک ڕیشەیی،دەسەڵاتیش لە بەرامبەر جەماوەر هەموو دەم بۆ
ئەوەی دەسەڵاتی لە دەست نەچێت ئامادەیە گۆڕانی شکلی بکات ، کە لە
بارودۆخی ئێستای ناڕەزایەتی توندی جەماوەری بێ ڕێکخستن و بەرنامەی
کوردستان زۆر مەمنوونە پێی.
لە هەمووشی گرنگتر و ئەوەی ئەسڵی بابەتی ئێستای ئێمەیە، ڕوی درۆی کایە
سیاسییەکانە، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان بە ڕەتکردنەوەی
لیستی هیوا دەریان خست ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت و نمایش دەکرێت
شانۆگەرییەکی دیکەیە بۆ ئامادەکردنەوەو شەرعییەت دانەوە بە 4 ساڵی
دیکەی دەسەڵاتدارییەتی ،تا 4 ساڵی دیکە ناڕەزایەتی جەماوەر خامۆش
بکرێتەوە بە گۆڕینی هەندێک دەموچاو لە پارلەمان، لەو ماوەیە بۆ ئەوەی
دەسەڵات فرسەتێک بەدەست بێنێت بە کارنامەی خۆیدا بچێتەوە بە پێی
داواکارییەکان خەڵک گۆڕانکاری بکات تا دەسەڵاتی لە دەست نەچێت، بینیمان
لەم نێوەدا لیستێکی بچووک بێ مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتداران ، وەلێ
وروژێنەری هەندێک پرسی نەتەوایەتی و دیموکراتی بڤە کە مایەی ئیحراجی
دەسەڵاتە ، دیارە لەسەر دەمی گەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن وروژاندنی پرسە
نیشتمانیەکان کاردانەوەی سەرانسەری لەسەر مەجرای ڕەوتی پرۆسەکە دەبێت ،بۆیە
هەزمکردنی ئەو بۆچونانە گرانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتییە نێو
دەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان ئێراق و هەرێمی کوردستان،تەواوی کاندیدەکانی
ئەم لیستە سپی وەک مەلایکەتەکانی بەهەشت و ئەو پەرلەمانەی مرۆڤە
پاکەکان خواستیانە لە جیهانی دیلمۆندا بنیاتی بنێن ، بەڵام ئامانجیان
گەورە و دەستیان بۆ لایەنە حەرامکراوەکان دەسەڵات دەبرد، بە
سەرکردایەتی ژنێکی تێکۆشەری پاکیزەیی و بێگەرد و خاوەند بیروباوەر، یەک
جیهان هیوای لە ویژدانیا هەڵگرتووە، پاروییەکی گەندەڵی لە ژیانیدا
نەخواردووە،دڵۆپێک خوێنی براو خوشکی خۆی نەڕشتووە، سڵاوی لە تاوانکارێک
نەکردووە،هەموو ژیانی بۆ خزمەتی کوردستان و مرۆڤایەتی تەرخانکردووە و
.... ، کە دەیبینم لەیلا زانا و سەباحەت تونجەلی و ..... وێنا دەکەم لە
جەستەو ویژدان و باوەڕیا، لیستێکی ئاوا بە بەرچاوی ئازادییەوە
ڕەتدەکرێتەوە، ئەی ئیتر چ هیوامان بەو هەڵبژاردنە و بەم ئازادییە و ئەم
پرۆسەیە چۆن بمێنێت؟.
لە ئانکارەی تۆڕانییا ، لە ئەستەمبوڵی ئەتاتورکا، لە شارەکەی باخچەلی و
ئەزمڕی بایکاڵا ،هەمان جۆری حیزب ئازادانە بەشداری هەڵبژاردن دەکات،
ئەوە لێرە ئەگەر بیانزانیایە ئەم لیستە بە ئەندازەی دە یەکی دەتەپە
کورسی دەهێننەوە، نەک تەنها هیوایان وەک ئێستا بێ هیوا دەکرد ،بگرە
16-5ی هەولێریان دوبارە دەکردەوە.ئێستا هیوا ناچێتە هەڵبژاردنەوە وەلێ
پەیامەکەی گەیشت بۆیە بە سەربەرزی و براوەیی لە پرۆسەکە دەرچووە دەرەوە
، مرۆڤ و مرۆڤایەتی بە هیواوە جوانە بژی ژیان لە پێناو هیوا.
تێبینی : لە
بەکارهێنانی وشەی گۆڕان : مەبەستم لە هیچ لیست و لایەنێک نییە ، نە
بەرەی گۆڕانی 4 لایەنی سیاسی پێشتر و نە لیستی گۆڕانی ئێستا و نە هیچ
لایەنێکی سیاسی دی.
|