ڕێگە نەماوە بێجگە لە هەڵوەشاندنەوە .
دواى ئەوەى بەرهەمى چڕوپڕى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان بۆ سەرکوتى ئازادى
ڕۆژنامەگەرى کە پڕۆەیاساکەیان بوو کەوتە بەردەم ناڕەزایەتى و نەفرەتى
بەرفراوانى ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازانى کوردستان ، ئەم
ناڕەزایەتیانە ڕوبەڕوى پەڕلەمانیش بویەوە ، کە وەک قۆناغى دووهەم و
تەواوکردنى هەوڵەکانى سەندیکا هەوڵەکانیان خسەتەگەڕ بۆ بەرتەسک
کردنەوەى ئازادى ، کە دەستى بەرزى پەڕلەمان تاران شاهیدى ئەو
ڕاستیەبوون ، وەک پێشتر سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان و لایەنگرانى پەڕلەمان
و نوسەرانێک کە خۆشخەیاڵى خۆیان بە تەعدیلکردنى ئەو یاسایە بەیانکردبوو،
باسى گێڕانەوەى یاساکە بۆناو پەڕلەمان و ئومێدى ئیمزا نەکردنى سەرۆکى
هەرێمیان کردبووە ئاسۆى فەراهەمبونى ئازادیى ڕۆژنامەنووسى . بەڵام
ئێستا پڕۆژەکە لەبەردەمى پەڕلەماندایە!!!.
بە لەبەرچاوگرتنى ناوەرۆکى سەندیکاو ئەو قۆناغانەى کە ئەو پڕۆژەیاسایەى
پێداتێپەڕى ئەگەین بەو ڕاستیەى کە نە ئیمزانەکردنى سەرۆکى هەرێم و نە
گێڕانەوەى ئەو یاسایە بۆناو پەڕلەمان و نە پێشنیاراتەکانى "سەندیکا"
ناتوانن ئەو پڕۆژەیاسایە بگەیەننە ئاستێک کە ئازادى ڕۆژنامەنووسى
فەراهەمبکات . چونکە سەرۆکى هەرێم خۆى باش دەزانێت کە جارێک دەتوانێت
ئیمزا لەسەر ئەو یاسایە نەکات و جارى دوهەم ئیجباریە دەبێت ئیمزاى بکات
. خۆ ئەگەر بگەڕێتەوە ناو پەڕلەمانیش دەچێتەوە بەردەم هەمان ئەو
دەستانەى کە چەقۆى سەندیکایان لەسەرملى ئازادى تیژترکردەوە ، خۆ ئەگەر
لە باشترین حاڵەتدا دڵى یەک دوو ئەندام پەڕلەمانى دیکەش نەرم ببێت
دیسان زۆرینەى دەنگ دەهێنێت و سەرۆکى هەرێم ئیمزاى ئەو حوکمە بەسەر
ئازادیدا جێبەجێ دەکات . یان لە باشترین حاڵەتدا یاساکە دەگێڕنەوە دۆخى
سەرەتاى پڕۆژەکەى سەندیکا ، ئەوکات نەک ناتوانێت ئازادى فەراهەمبکات
بەڵکو دەچێتەوە ئەو دۆخەى کە بەبێ دەستکاریەکانى پەڕلەمانیش ناڕەزایەتى
زۆربەى هەرەزۆرى ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازانى چو بەگژدا ، چونکە ئەو
یاسایە لە بناغەوە کە لە دڵى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانەوە هاتوە
کۆنەپەرستانەیەو دڵى ئازادى دەگوشێت . وە هەموو ئەو هەوڵانەى سەندیکا
بەدرۆدەخاتەوە کە خەریکە لەژێرناوى تەعدیلکردنى ئیزافەکانى پەڕلەماندا
بۆ ئەستۆپاکى لە خنکاندنى ئازادى دەستى پێکردوە .
گێڕانەوەى ئەو یاسایە بۆناو هۆڵى پەڕلەمان و گفتگۆ کردن لەسەرى
دووبارەکردنەوەى هەمان نمایش و قۆناغە کە پێشتر ئەو یاسایەى پێدا
تێپەڕیوە وە خۆشخەیاڵییە بە تەبلیغاتی سەندیکایەک کە بەرهەمەکەى
پڕۆژەیاسایەکە زمانى ڕۆژنامەنووسان دەبەستێت و قەڵغانى پاراستنى بیرى
تایەفەگەریە ڕاستەوخۆ پشتکردنە لە ئازادى قەڵەم و قایمکردنى هەوڵەکانى
سەندیکایە بۆ بەرتەسک کردنەوەى ئازادى .
بەڵام ڕیگایەک کە دەتوانێت بەدواى ئازادى ڕۆژنامەگەریەوەبێت کۆبونەوەى
ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازانە لە دەورى خواستى هێنانەدەرەوەى ئەو
یاسایە لەناو هۆڵى پەڕلەمان و هەڵوەشاندنەوەى ئەویاسایەیە .
لەهەمانکاتدا کارکردن بۆ گەڵاڵەکردن و سەپاندنى یاسایەکى پێشکەوتو
ئازادیخواز کە تەواوى ئازادیەکانى بیروڕا فەراهەم بکات ، دەستەى بەرگرى
لەئازادى ڕادەربڕین لەمبارەیەوە ئامادەى تەواوى هەیەو بانگەوازى تەواوى
ئازادیخوازان دەکەین لەپێناو هەوڵى فەراهەم کردنى ئازادى ڕادەربڕین
لەدەورى یەک کۆبینەوە .
دەستەى بەرگرى لە ئازادى ڕادەربڕین
29-12-2007
|