|
٢٠\١١\٢٠٢٥
ڕەگ لە درزدا.

ئەرسەلان مەحمود
سەیری
ئەم دیمەنە بکە، بەڵام بە نیگایەکی قووڵ و ئاگامەندانەی فرەڕەهەندەوە،
چونکە ئەمە تەنها وێنەیەکی سروشتی نییە، بەڵکوو فەلسەفەیەکە لەسەر
ماهیەتی ژیان، پێکهاتەی هێز و واتای ڕاستەقینەی بەردەوامی. لەم تۆوەدا،
لە سەرەتای گەشتە گیانەوەرییەکەیدایە، دەبینە شاهیدی دیاردەیەکی
سەرسوڕهێنەر. تۆوەکە هیچ بژاردەیەکی نەبووە کاتێک شنەبایەک هەڵیکرد و
هەڵیگرت لە دەشت و دەروو دارستانەکان دووری خستەوە و فڕێیدایە ناو ئەم
چۆڵەوانییە بەردینەی هەموو یاساکانی زیندەوەرناسی تێیدا دژایەتی ژیان
دەکەن.
لێرەدا پرسیارێکی ئەزەلی بنەماگیری هەموو فەلسەفەیەک سەرهەڵدەدا: ئایا
ژیان پێشبینیکراوە، یان ئیرادەیە؟ ئایا تێپەڕبوونمان بە ژیاندا، وەک
گەشتی ئەم تۆوە، ڕێککەوتێکی سادەیە، یان دەرفەتێکە بۆ دەستنیشانکردنی
خۆمان لە ڕێگەی چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ قەدەردا؟ تۆوەکە
دەیتوانی تەسلیم بێت و بڵێت من لە شوێنێکی نەگونجاودام و دەبێ بمرم،
بەڵام بە پێچەوانەوە، دەستیکرد بە ژیانکردن بە شێوەیەک تەنها لەو شوێنە
نەگونجاوەدا دەکرێت.
ڕەگەکانی بە نەرمی و جێگیرییەوە ڕێگەی خۆیان بە ناو بەردە ڕەقەکەدا
کردەوە، ڕێگە کردنەوەیەک نەک بە توندوتیژی و هێرشبردن، بەڵکوو بە هێمنی
و بەردەوامی. ئەمە پێناسەیەکی نوێمان بۆ هێز پێشکەش دەکات، هێزێک لە
قەڵەمدان و کۆنتڕۆڵکردندا خۆی نانوێنێت، بەڵکوو لە ماندوونەبوون، لە
درێژەدان و لە پەیوەستبوونی قووڵدا دەردەکەوێت. ئەو جۆرە هێزەی ئاو
بەکاریدەهێنێت بۆ بڕینی بەردێک، نەک بە لێدانی یەکجارەکی، بەڵکوو بە
دڵۆپکردنی بەردەوام و بە درێژایی سەدەکان.
کاتێک وردتر سەیری شەقبوونی بەردەکە دەکەین، دەبینین ئەم درزە نیشانەی
شکست نییە، بەڵکوو شوێنەواری گفتوگۆیەکی قووڵە لە نێوان ڕەقی و نەرمی،
لە نێوان ئەوەی دانراوە و ئەوەی دەگۆڕێت. هایدێگەر کاتێک باسی بوونی
ڕەسەن دەکات، ئاماژە بەو دۆخە دەکات مرۆڤ تێیدا لە ڕێگەی
ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینە لەگەڵ مەرگ و سنوورەکانی خۆیدا، خودی خۆی
دەدۆزێتەوە. ئەم درزە بەردینە میتافۆڕێکە بۆ ئەو شکان و ناتەواوییە
ناچارییانەی بوونمان پێکدەهێنن، ئێمەش وەک ئەو بەردە، بریندارین،
شەقمانبردووە، داماڵراوین بە دەست کات و بەسەرهاتەوە.
بەڵام ئەوەی لێرەدا سەرنج ڕاکێشە ئەوەیە: درەختەکە دیارترین نیشانەکانی
ژیان و گەشەکردنی لەو بەشانەی بەردەکەدا دەرناخا تەواو و یەکپارچەن،
بەڵکوو تەواو بە پێچەوانەوە، لەو شوێنانەدا دەردەخا شکاون و درزیان
تێکەوتووە. واتە ئەوەی ئێمە بە لاوازی دادەنێین، لە ڕاستیدا دەرگەیەکە
بۆ دەرکەوتنی هێزی ڕاستەقینە. ناتەواوییەکانمان ئەو کەموکوڕیانە نین
بشاردرێنەوە، بەڵکوو ئەو دەرفەتانەن لە ڕێگەیانەوە دەتوانین خۆمان
دەستنیشان بکەین و شتێکی جوان و سەرسوڕهێنەر دروستبکەین.
گەیشتن بەم قۆناغە کارێکی خێرا نەبووە بۆ درەختەکە، ساڵانێکی درێژی
ویستووە، ساڵانێک پڕ لە خەبات و ماندووبوون. لە سەرەتادا تەنها
ڕیشەیەکی بچووک و شەرمنانە بووە، لە تاریکی بەردەکەدا بە دوای
ڕێگەیەکدا گەڕاوە. ساتە بێئومێدەکانی بەسەربردووە کاتێک هیچ ئاوێکی
نەدۆزیوەتەوە، کاتێک هەموو نیشانەکان هاواریان کردووە ئەمە شوێنی ژیان
نییە. بەڵام بەردەوام بووە، چونکە بەردەوامبوون سروشتی ژیانە. ئەم
بەردەوامییە فێرمان دەکات ژیان ناکرێ بە کەرتەکان بژیت، ناکرێت تەنها
ساتەکانی سەرکەوتن هەڵبژێریت و ساتەکانی دژواری ڕەتبکەیتەوە. گەشەکردنی
ڕاستەقینە پرۆسەیەکی کوێرانەیە، پڕ لە دووپاتکردنەوە، پڕ لە هەوڵدانی
نادیار و ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ هیچ ئەنجامێکی دیاری نەبێت.
کیرکێگۆر، ئەو فەیلەسووفە دانمارکییە قووڵە، کاتێک باسی جووڵەی ئیمان
دەکات، باس لەو هەنگاوە دەکات مرۆڤ دەینێت بەرەو نادیاری، ئەو بڕیارەی
دەیدات لە کاتێکدا هیچ دڵنیاییەک نییە. تۆوەکەش ئەم جووڵەیەی
ئەنجامداوە، لە بەرامبەر هەموو نیشانەکانی مەرگدا، بڕیاریداوە ڕەگ
دابکوتێت و گەشە بکات. ئێمەش بەم شێوەیە دەژین، لە کاتێکدا هیچ
زەمانەتێکمان نییە بۆ سبەینێ، بەردەوام دەبین لە خەونبینین، لە
دروستکردن، لە خۆشەویستیکردن، لە بە هیوابوون.
سێبەری درەختەکە لەسەر بەردە ڕەقەکە کەوتووە، دیمەنەکە تەواو دەکات و
جوانییەکی تایبەتتر دەبەخشێتە وێنەکە. ئەم سێبەرە زیاتر لە تەنها
تاریکییەک نییە، بەڵکوو میتافۆڕە بۆ ئەو کاریگەرییەی ئێمە لەسەر
دەوروبەرمان دروستیدەکەین. تەنانەت لە ناوەڕاستی خەمبارترین و
دژوارترین دۆخەکانیشماندا، ئێمە دەتوانین سەرچاوەی پەناگە بین بۆ
کەسانی تر، دەتوانین جوانی بخەینە ناو ژیانیانەوە، دەتوانین دڵنەوایی و
هێز ببەخشین بەوانەی پێویستیانە.
فەلسەفەی تراژیدیای یۆنانی کۆن، هێشتا دوای هەزاران ساڵ قسەمان بۆ
دەکات، فێرمان دەکات مرۆڤ لە ڕێگەی ئازار و تێکشکانەوە گەشە دەکات و
بەرەو تێگەیشتنێکی قووڵتر لە خۆی و جیهان دەڕوات. ئەم درەختە بەردینە
بەرجەستەکردنێکی زیندووە بۆ ئەم ڕاستییە کۆنە. ئەگەر لە خاکێکی
دەوڵەمەند و ئاوێکی فراواندا ڕوابایە، ڕەنگە تەنها درەختێکی ئاسایی
بوایە لە نێو هەزاران درەختی تردا، بەڵام لێرە، لە ناوەڕاستی ئەم دۆخە
دژوارەدا، بووەتە نیشانە، بووەتە سیمبول، بووەتە پەیامێکی بێدەنگ بەڵام
قووڵ و کاریگەر بە هەموو تێپەڕبووێک دەڵێت: ژیان ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە،
بەڵام لە خۆیەوە نا.
هاوسەنگی نێوان درەخت و بەردەکە، وێنەیەکی دیالێکتیکی هیگێلیانە
دەکێشێت، ئەو پرۆسەیەی کلتێیدا دژەکان یەکتر تەواو دەکەن و شتێکی نوێ
دروست دەکەن. بەردەکە نوێنەرایەتی ڕەقی و جێگیری و نەگۆڕی دەکات،
درەختەکە نوێنەرایەتی نەرمی و گۆڕان و ژیان دەکات، بەڵام پێکەوە
یەکەیەکی نوێ دروستدەکەن - جیا لە هەردووکیان بەرزتر. ئێمە زۆرجار وا
بیردەکەینەوە دەبێت یەک لە دووان هەڵبژێرین، یان بەهێز و ڕەق بین، یان
نەرم و گونجاو، بەڵام ئەم وێنەیە فێرمان دەکات هێزی ڕاستەقینە لە
تێکەڵکردن و هاوسەنگیدایە. درەختەکە بێ بەردەکە لەرزۆک دەبوو لە
بەرامبەر یەکەم بایەکی بەهێزدا، بەردەکە بێ درەختەکە تەنها پارچە
بەردێکی مردوو دەبوو لە چۆڵەوانیدا، بەڵام پێکەوە نمایشێکی
سەرسوڕهێنەرن لە ماندوونەبوون و بەردەوامی.
سارتەر کاتێک باسی ئازادی وەک بارگرانییەک دەکات، دەڵێت مرۆڤ مەحکوومە
بە ئازادی، واتە ناچارە هەڵبژێرێت و بەرپرسیارێتی هەڵبژاردنەکانی
هەڵبگرێت. تۆوەکە ئەم ئازادییەی بە شێوەیەکی ڕەسەن بەکارهێناوە. لە
نەبوونی هیچ ڕێنماییەک، لە نەبوونی هیچ ڕێگەیەکی ئاشکرا، خۆی
بڕیاریداوە چۆن بژیت. ئەنجامی ئەم بڕیارەش ئەوە نییە چی بەدەستهێناوە،
بەڵکوو ئەوەیە چی لێهاتووە، شایەتییەکی زیندووە لەسەر توانای ژیان بۆ
دۆزینەوەی ڕێگەی خۆی تەنانەت لە نالەبارترین شوێنەکانیشدا.
کاتێک قووڵتر لەم دیمەنە وردەدەبینەوە، تێدەگەین ئەمە تەنها نموونەیەکی
هاندەر نییە لە سروشت، بەڵکوو ئاماژەیەکە بۆ ڕاستییەکی بنەڕەتی
دەربارەی سروشتی هەست و بوون. ژیان هەرگیز ئەوە نییە چاوەڕوانی دەکەین،
بەڵام هەمیشە سەرسوڕهێنەرترە لەوەی بیری لێدەکەینەوە. ئاستەنگەکان
دەگۆڕێن بۆ دەرفەت، برینەکان دەبن بە دەرگە، لاوازییەکان دەگۆڕێن بۆ
سەرچاوەی هێزی نوێ.
ئێمە، وەک ئەم تۆوە دوورخراوە، زۆرجار خۆمان لە شوێنە شەقبووەکانی
ژیانماندا دەبینینەوە، لە ناوەڕاستی قەیرانێکدا، لە کۆتایی
پەیوەندییەکی گرنگدا، لە دوای شکستێکی گەورەدا. لەو کاتانەدا پرسیارەکە
ئەوە نییە ئایا دەتوانین دووبارە هەستینەوە و بکەوینەوە ڕێ، چونکە ئەمە
حەتمییە، بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە چۆن هەستینەوە. ئایا هەوڵدەدەین
بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی پێشتر بووین، یان ڕێگە بە خۆمان دەدەین لە ڕێگەی
ئەم درزانەوە، لە ڕێگەی شوێنە شەقبووەکانمانەوە، جۆرێکی نوێ و جوانتر
لە بوون دروستبکەین؟
سەیری ئەم درەختە بکە و لەوە تێبگە ئەوەی پێشتر بووین گرنگ نییە، چونکە
بوون دەستپێکێک یان کۆتاییەکی نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی بەردەوامە.
پرۆسەی ڕەگداکوتان لە شوێنە نەگونجاوەکاندا، گەشەکردن لە ڕێگەی
درزەکانەوە، بەردەوامبوون لە سەختیدا، تا کاریگەریمان وەک سێبەرێکی
فێنک بکەوێتە سەر ئەوانەی دوای ئێمە دێن و ڕێگەیان پێنیشان بدەین
ئەوانیش، لە شوێنە تایبەتییەکانی خۆیاندا، لە بەردە تایبەتییەکانی
خۆیاندا، دەتوانن ڕیشە دابکوتن و گەشە بکەن و ببنە شتێکی جوان و
پڕواتاتر.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|