ڕه‌گوڕیشه سایكۆلۆجێکانی کۆمه‌ڵکوژی (جینۆساید).
د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان - به‌شی یه‌كه‌م -
له ڕوانگه‌ی ئه‌و ته‌وه‌رانه‌وه، نوسینه‌كه تیشك ئه‌خاته سه‌ر تاوانه‌كانی دیكتاتور وڕژێمه لهناوچوهكهی عیراق له كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نفال له كوردستاندا.
به درێژاێی مێژوو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، شه‌ڕ و به‌گژداچوون و هێرشبردن و پێكدادان و کوشتاری زۆری به‌خۆوه بینیوه له نێوان هێزی ده‌سه‌ڵاتداره‌کان كه هه‌رده‌م له هه‌وڵی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن خاک و ملكه‌چكردنی گه‌لان بوون و هێزه به‌رهه‌ڵستکار و نه‌یاره‌کانیاندا. سوپاكانی ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌زن ته‌واوی وڵات و ده‌ڤه‌ره‌کانی نێوان ماسادونیا و هیندستانیان خسته ژێر ڕكێفی خۆیانه‌وه و له‌گه‌ڵ پێشهوهچونیان كوشتن وبڕین ئه‌بوه به‌شی ئه‌وانه‌ی كه به‌ره‌و ڕوویان ئه‌بونه‌وه یان ڕێیان لێ ئه‌گرتن. ده‌ست ودایرهی جه‌نگیزخان و تیمورلنگ و هۆلاكو، زۆربه‌ی وڵاتانی ئاسیایان داگیركرد ودهستیانكرد به كوشتن و تاڵان و سوتاندن و ێرانكردن. له ڕۆژئاوای مه‌سیحیه‌ت وله‌ژێر سێبه‌ری كه‌نیسه‌دا، چه‌ندین ملیۆن له خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ئه‌مریكا له لایه‌ن ئیسپانهكانهوه كه‌وتنه ژێر شاڵاوی كۆمه‌ڵكوژی له پاش دۆزینه‌وه‌ی كیشوه‌ری تازه‌ی ئه‌مریكا. پاش ئه‌وانیش ئینگلیزه‌كان بوونه ته‌واوكه‌ری پرۆسه‌ی له‌ناوبردنیان تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی بكه‌ونه قڕكردنیان به بلاَوكردنهوهی نه‌خۆشی ئاوڵه له نیوانیاندا.
هێزه داگیركه‌ره‌كان هه‌مان شێوه‌ی نامرۆڤانه‌یان به‌كارهێنا دژ به خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی مه‌كسیك و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌مریكای لاتین و كه‌نه‌دا و ئوسترالیا. گه‌لانی ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌مریكای لاتین به‌وپه‌ڕی توندوتیژی و بێبه‌زه‌ییه‌وه خرانه ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه كۆلۆنیالیزمهكانی ئه‌ورپاوه، له پێشبڕكیاندا بۆ زه‌وتكردنی سامانی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌ر هه‌ڵمه‌تی داگیركردنیان ئه‌كه‌وتن. چه‌ندین ملیۆن مرۆڤ بونه قوربانی سه‌ره‌ڕۆیی و هه‌ڵه‌شه‌یی وتهماعكاری ئیمپراتۆر و پادشا وحاكم وفه‌رمانده‌ی هێزه سهربازێكان، به‌تایبه‌ت له‌شه‌ڕی به‌رگریكردنی گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه دژ به هێزه داگیركه‌ره‌كان. چه‌ندین تاوانی كۆمه‌ڵكوژی كه‌م وێنه ئه‌نجامدران به‌مه‌ستی جینۆسایدكردنی گروپه ئه‌تنیك و ئاینی و مه‌زهه‌بییه‌كان.
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م ملیۆن ونیوێك ئه‌رمه‌نی به‌ده‌ستی توركه عوسمانێكان له‌ناوبران. نازێكان له ئه‌ڵمانیا، له نیوان ساڵاَنی 1938- 1945 قه‌سابخانه‌ی هۆلۆكۆستیان ئه‌نجامدا دژ به جوله‌كه‌كان، سلاڤێكان، كۆمۆنیسته‌كان، قه‌ره‌جه‌كان، هۆمۆسیكسوهڵهكانHomosexuals ، و دیله ڕوسه‌كان، که له ئه‌نجامدا شه‌ش ملیۆن قوربانی لێکه‌وته‌وه. ڕژێمی ستالین له سالاَنی 1932- 1933 هه‌ڵسا به له‌ناوبردنی حه‌وت ملیۆن له ئۆكرانێكان به برسیكردنیان تا گیان له‌ده‌ستدان. سه‌ره‌ڕای ده‌رچوونی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتۆكان له ساڵی 1948 که به‌مه‌به‌ستی به‌رگرتن له ئه‌نجامدانی تاوانی له‌ناوبردنی مرۆڤ بوو، تاوانی زۆر ناڕه‌وا ئه‌نجامدرا له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی ڕابوردوودا. له لایه‌ن خومیره سووره‌كانه‌وه له كامبودیا كۆمه‌ڵكوژی دژ به نه‌یارانیان به‌رپاکرا. رژێمی دیكتاتۆری له‌ناوچووی عێراقیش شاڵاوی ئه‌نفالی له كوردستان بۆ له‌ناوبردنی گه‌لی كورد ئه‌نجامدا. له ئه‌فریقا چه‌كداره‌كانی هوتۆ كوشتاری به‌كۆمه‌ڵیان ئه‌نجامدا دژ به خیڵه‌كانی توتسی له ڕواندا. له ده‌ڤه‌ری دارفور هێزه‌كانی جه‌نجه‌وید به پاڵپشتی حكومه‌تی سودان تا ئه‌مرۆش به‌رده‌وامن له به‌رپاكردنی كۆمه‌ڵكوژی دژ به خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره.
له ژێر ڕۆشنایی ئه‌و پێشه‌کییه‌ی سه‌ره‌وه و به‌پێی پێناسه‌ی ڕافائیل لیمکین (1900-1959)Raphael Lemkin، جێنۆساید کرده‌وه‌یه‌کی پراکتیزهکراوی کۆنه له بره‌وپێدانی نوێیدا و بریتیه له به‌جێهێنانی کرده‌وه‌ی درێژخایه‌ن به‌مه‌به‌ستی وێرانکردنی بنه‌ما سه‌ره‌کێکانی ژیانی کۆمه‌ڵه نهتهوهێکان. ئه‌مه‌ش هه‌وڵدانه بۆ له‌ناوبردنی سه‌رتاپای ئه‌و کۆمه‌ڵانه.
کۆمه‌ڵکوژی و له‌ناوبردنی بنه‌ماکانی ژیانی هه‌زاران که‌س و وێرانکردنی شار و گونده‌کان و سوتاندنی ته‌ر و وشک، له توانای تاکه که‌سێک یان گروپێکدا نیه، گه‌ر ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵکی به‌شدار نه‌بن تیایدا. ئه‌و خه‌ڵکه‌ی به ملکه‌چ بونیان بۆ بڕیاری خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کان، به‌بێ هۆشیاری و درککردنیان به پلانی دارێژراوی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه، تاوانی کوشتن و قڕکردن ئه‌نجام ئه‌ده‌ن. نه "نیرۆن"، نه "حه‌جاج"، نه "ته‌یمورله‌نگ و هۆلاکۆ، له سه‌رده‌می کۆندا، نه هیتله‌ری سه‌رکرده‌ی نازێکانی ئه‌ڵمان و مۆسۆلینی سه‌رکرده‌ی فاشێکانی ئیتالیا، نه سه‌ددامی دیکتاتۆر یان نه میلۆسۆڤیچی سه‌رۆک پێشووی سیربیا، نه سه‌رکرده‌ی پۆلپۆت له کامبۆدیا، یان سه‌رۆک وه‌زیرانی ڕواندا "هابری مانا"، له سه‌رده‌می نوێ‌دا که‌سیان به‌خۆیان یان له‌گه‌ڵ داروده‌سته‌کانیان هه‌ڵنه‌سان به‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجامیان دابوو.
گه‌ر باش بڕوانینه ئه‌و هۆکارانه‌ی له پشت ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانانه‌وه‌ن که هه‌ر یه‌کێکیان جیاوازه له‌وی تریان به پێی ئه‌و سه‌رده‌م وبارودۆخه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی تیایدا ڕوویانداوه، هه‌روا به گوێره‌ی شێوه و چۆنێتی ئه‌و ڕژێم و گه‌وره یاریکه‌رانه‌ی ئه‌و تاوانانه‌یان به‌رپاکردوه، ده‌رئه‌که‌وێت که له پاڵ فاکته‌ره سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئابورێکانهوه، کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر و ڕه‌هه‌ندی سایکۆلۆجی هاوبه‌ش هه‌ن، رۆڵی سه‌ره‌کییان بینیوه له ڕوودان و به‌رپابوونی هه‌موو تاوانه‌کانی جینۆساید به‌درێژایی سه‌رده‌مه‌کانی مێژوو و له هه‌موو کۆمه‌ڵ و کولتووره جیاجیاکاندا.
له كۆی بڕگه‌کانی ئه‌م نوسینه‌دا، تیشک ئه‌خه‌مه سه‌ر ئه‌و ڕه‌هه‌نده سایکۆڵۆجیه بنه‌ڕه‌تیانه که کاریگه‌رییان هه‌بووه له به‌رپاکردنی ئه‌و جۆره تاوانانه.
سایکۆڵۆجی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار :
سه‌ره‌ڕای به‌کارهێنانی توندوتیژی دژ به نه‌یارانی، ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیه‌کی سایکۆلۆجی ئه‌وتۆی هه‌یه جیای ئه‌کاته‌وه له شێوه‌کانی تری ده‌سه‌ڵات له‌وانه: بێ متمانه‌یی به جه‌ماوه‌ر، ترس و وریابوون، په‌نابردنه به‌ر فروفێڵ و مه‌کربازی، گوشارخستنه‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که دڵسۆزی نانوێنن تا ئه‌گاته ئه‌وه‌ی گۆشهگیریانکات و دوریانخاتهوه له بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات و کارتێکردن. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار خوڵیای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه له هه‌موو ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی ئه‌که‌ن و بوونی ئه‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه. هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌کاتێکدا په‌نا ئه‌باته بانگه‌شه‌کردن بۆ په‌یڕه‌وکردنی دادوه‌ری و هه‌ڵدانی بانگی ئازادی، له‌هه‌مان کاتدا له‌هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی خۆپه‌رستی و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیی، هه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ده‌سه‌ڵات خۆی له‌خۆیدا ئه‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی دوفاقی له‌ناوخودی خۆیدا.
به‌پێچه‌وانه‌ی ڕژێمه دیموکراتێکانهوه، ڕژێمه تۆتالیتاره‌کان بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتییان په‌نا ئه‌به‌نه به‌ر سه‌ختترین جۆری توندوتیژی و نواندنی دڵڕه‌قی دژ به که‌س و لایه‌نه‌کانی ناو کۆمه‌ڵ. زۆر جار یاسا‌و و بڕیاری ناڕه‌وا ده‌رئه‌که‌ن و بارودۆخی نائاسایی ئه‌سه‌پێنن و ده‌سه‌ڵاتێکی به‌ربڵاو ئه‌سپێرن به داموده‌زگا سهرکورتکارهکانیان که ئه‌بێته هۆی دروستبوونی دابڕانیان له جه‌ماوه‌ر و تا دێت که‌لێنی نێوانییان پانتر ئه‌بێت (که زۆر جار که‌لینێکی ده‌روونییه) تا ئه‌گاته سه‌رهه‌ڵدانی حاڵه‌تی نامۆی له‌لای ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ردا.
ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتا‌ر باوه‌ڕی به جه‌ماوه‌ر نیه، چونکه به ئاگایه له‌وه‌ی که خۆی سه‌پاندوه و جه‌ماوه‌ر هه‌ڵینه‌بژاردوه، بۆیه به‌رده‌وام له حاڵاتی ترس و هه‌ڕه‌شه‌دا ئه‌ژێت و له هه‌ر جووڵه و ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی هه‌موو که‌س و لایه‌نێک سڵ ئه‌کاته‌وه نه‌بادا ببیته هۆی وروژاندنی جه‌ماوه‌ر. بۆیه به‌وپه‌ڕی توندوتیژییه‌وه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و جۆره جوڵانه‌وانه ئه‌بێته‌وه به مه‌بستی تۆقاندن و چاندنی ترس له‌لای خه‌ڵکانی تر. زۆر جاریش په‌نا ئه‌برێته به‌ر شێوازی ده‌روونی بۆ تۆقاندن یانیش به شێوه‌ی بره‌وپێدان به‌مه‌به‌ستی ڕاکێشتنی سۆز و پشتیوانیکردنیان. هه‌روه‌ها پهنائهباته به‌ر فڕوفێڵ و مه‌کربازی وچه‌واشه‌کاری و کۆنترۆڵکردن و جاسوسی له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر له‌بری ڕاستگۆیی نواندن و شه‌فافییه‌ت و دیالۆگ له‌گه‌ڵیاندا. ئه‌وه‌ش به هۆی ئه‌و دۆگما (Dogma)یه‌ی زاڵه به‌سه‌ر هرزی ده‌سه‌ڵاتداراندا که ڕێگره له‌سه‌ر داننان به ڕاوبۆچوونی جیاواز و نرخاندنی به‌رانبه‌ر، چونکه سڕینه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر و دابڕاندن ڵێیان یه‌کێکه له تایبه‌تمه‌ندێکانی ئه‌و جۆره ده‌سه‌ڵاتانه.
موسكوڤیجی (1984) Moscovici ئه‌ڵێت
حیزبی نازی دهنگدانهوهێکی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ی لای ئه‌ڵمانه‌کان
وه‌ده‌ستهێنا به هۆی دوپاتکردنی په‌یامه‌کان و دروشمه‌کانیان بۆ
ماوه‌ی نزیک له بیست ساڵ. کاتێک باری کۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕانی به‌سه‌رهات
و زیاتر گونجاو بوو له‌گه‌ڵ په‌یامه نهگۆڕهکانیاندا، خه‌ڵکی مه‌یلی
قه‌بووڵکردنی زیاتری هه‌بوو بۆ بانگهشهکردنهکانیان. نازێ‌کان هیچ
درێخی‌یان نه‌کرد له‌م شێوازه تا لای ئه‌ڵمانه‌کان وه‌ک ڕاستگۆ ده‌رکه‌وتن.
لاتانی Latane به پێی تیۆری کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی داینامیک
Dynamic Social Impact Theory پێی وایه که ئه‌و کاریگه‌رییه‌ی که
خه‌ڵکی له‌سه‌ر ئاڕاسته و باوه‌ڕ و هه‌ڵسوکه‌وتی تاکه‌که‌س دایئه‌نێت،
له ڕێگای ده‌سه‌ڵاته‌وه (پایه و ئه‌زمون) و دوورونزیکی (ماتریاڵی
و کۆمه‌ڵایه‌تی)یه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێت، له‌گه‌ڵ چه‌ند کاریگه‌رییه‌کی
تریش. له‌گه‌ڵ کات تێپهربووندا، تا دێت باوه‌ڕهێنان زیاتر ڕوونتر
و ئاسایی ئه‌بێت و قه‌بووڵ ئه‌کرێت له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه.
میدیای سیربه‌کان وه‌ک نموونه، هانی خه‌ڵکی
ئه‌دا به ووروژاندنی هه‌ستی ڕقی ڕه‌گه‌زپه‌رستێتی تیایاندا له
ڕێگای چه‌واشه‌کردنی ڕووداوه مێژووییه‌کان و ههنووکهێکانهوه،
له‌پێناو چاندنی ترس و گیانی دوژمنایه‌تی لای سربه‌کان. له‌هه‌مان
کاتدا خوێندکارانی قوتابخانه‌کان له‌رێگای وانه‌وتنه‌وه ئاگادارئهکرانهوه
و فێرئهکران سه‌باره‌ت به‌و شهڕوکوشتارانهی له سه‌ده‌ی چوارده‌دا
له کۆسۆڤۆدا ڕویاندابوو. ڕژێمی دیکتاتۆری له‌ناوچووی عێراقیش، به‌به‌رده‌وامی
کوردی وه‌ک ئه‌و کافرانه پیشان ئه‌دا که ئاینی ئیسلام داوای له‌ناوبردنیان
ئه‌کات و ماڵ و حاڵ و ژن و مناڵیان حه‌ڵال ئه‌کات وه‌ک تاڵانی جه‌نگ
به‌پێی ئه‌وه‌ی له سوره‌تی ئه‌نفال له قورئاندا هاتووه، جگه له
ناووناتۆر به مه‌به‌ستی شێواندنی ڕاستێکان و ناوهێنانی کورد به
خیانه‌تکار و نۆکه‌رانی بیانی و ئه‌و سه‌گانه‌ی پێوسته سه‌ریان
پانبکرێنهوه و چه‌ندین ناووناتۆره‌ی ناشرین به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌کردنی
بارودۆخه‌که و چه‌واشه‌کردنی ڕای گشتی و پاساوکردنی سیاسه‌تی
شۆڤێنیزمییانهی ڕژێم.
ڕژێمی له‌ناوچووی سه‌ددام که پلانی له‌ناوبردنی کورد و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری و سیسته‌می ئیکۆڵۆجی Ecosystem کوردستانی داڕشت و ئه‌نجامدا، به یه‌کێک له نمونه زه‌قه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی دکتاتۆری تۆتالیتاری ئه‌ژمێردرێت. وه‌ک تووندوتێژ وخوێناویترین ڕژێمه دکتاتۆرێکان ئه‌ژمێردرێت، چونکه ئه‌وپه‌ڕی شیوه‌ی سه‌رکوتکردن و داپڵۆسینی دژ به مرۆڤی ئاسایی به‌کار ئه‌هێنا نه‌ک ته‌نیا دژ به نه‌یاره سیاسێکانی ڕژێم. زۆرجار پهنیای ئه‌برد بۆ ئه‌و کرده‌وانه ته‌نیا به‌مه‌به‌ستی تۆقاندن تا که‌س بیر هیچ جۆره بیروبۆچوونیک دژ به سیاسه‌ته‌کانی ڕژێم به بیریدا نه‌یات و دژایه‌تی بڕیاره‌کانی ڕژێم نه‌کات. وه‌ک ئه‌و بڕیاره ناڕه‌وا و سه‌یروسه‌مه‌رانه‌ی له شیوه‌ی گوێبڕین و زمانبڕین و نیشانهکوتانی ناوچه‌وان که ڕژێمی له‌ناوچوو دهریئهکرد له کاتی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران‌دا. ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی که ڕژێم په‌یڕه‌وی ئه‌کرد بریتیبوون له:
• به‌رپاکردنی هه‌ڵمه‌تی ئیعدامکرنی ئاشکرا به‌به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه له گۆڕه‌پانه گشتێکان و یاریگا وهرزشێکان و زۆرلێکردن له خه‌ڵکانی ئاماده‌بوو بۆ چه‌پله‌لێدان و ده‌ربڕینی خۆشحاڵی. ڕژێم هه‌ڵئه‌سا به هاندانی خه‌ڵک له ڕێگای خه‌ڵاتکردنیان به نیشانه‌ی ئازایه‌تی کاتێک ده‌سه‌ڵاتیان ئاگادار بکردایه‌ته‌وه له کوڕ و براکانیان له‌وانه‌ی دژ به ده‌سه‌ڵات ولاریبوون له‌وه‌ی ببن به سه‌رباز و ڕه‌وانه‌ی به‌ره‌کانی جه‌نگ بکرێن. ئه‌و کرده‌وانه‌ش ڕۆڵێکی زۆری هه‌بوو له تێکدان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تێکان و په‌یوه‌ندی تاکه‌کانی ناو خێزان.
• داموده‌زگاکانی میدیای ڕژێم په‌یتاپه‌یتا دیمه‌نی تۆقێنه‌ری دهرگیرێکانی جه‌نگ و لاشه‌ی سه‌ربازه ئێرانێکانی پێشان به بینه‌رانی ته‌له‌ڤزیۆن ئه‌دا له ساڵانی جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێران‌دا، به‌تایبه‌ت له کاتی ئێواراندا و زۆرجاریش له کاتی پیشاندانی به‌رنامه‌ی مناڵاندا. مه‌به‌ستیش له‌وه به ڕوونی چاندنی گیانی شه‌ره‌نگێزی لای خه‌ڵک و به‌تایبه‌تیش لا مناڵان و هه‌رزه‌کاران، تا نه‌وه‌یه‌کی جۆشکراو به بیروبۆچونی سۆڤینزم و شه‌ره‌نگێز بهێنێته کایه‌وه.
• سه‌رانی ڕژێم هانی به‌رپرسه‌کان و سه‌ربازه‌کانی سوپایان ئه‌دا بۆ تاڵانکردن و ڕوتاندنه‌وه، ئه‌وه‌ش دیار و ئاشکرا بوو له کاتی داگیرکردنی شاره سنورێکانی ئێران و داگیرکردنی کوێت و شاڵاوی ئه‌نفالدا. ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ی ڕژێمی دیکتاتۆر له سه‌ر ته‌واوی خه‌ڵکدا هه‌بوو. زۆر به زه‌قیش ده‌رکه‌وت له کاتی ڕوخاندنی ڕژێمدا که دزی و تاڵانکردن سه‌رتاپای داموده‌زگا دهوڵهتێکانی گرته‌وه تا ئه‌گاته موزهخانی نیشتمانی.
- به‌شی دووه‌م -
سایکۆڵۆجی که‌سێتی
سته‌مکار
سیدنی selah.germian@yahoo.com.au
|