٢٣\١٢\٢٠١٨
رەھەندەکانی مردن.

سمکۆ محەمەد
- بەشی
دووەم -
بوون و مردن
دوو چەمکی دژ لە نێوان فەلسەفەی ئیدیالیزم و ماتریالیزمدا.
مردن روویەکی دیکەی بوون.
من مردن نیم..
تا
ئێستا کە لە پاژەکانی پێشوو قسەمان لەسەر پرسیارە فەلسەفیەکانی مردن
کرد، وەکو پرسێک کە مردن روویەکی دیکەی بوونە چونکە تەواوکەری پنتی
سەرەتای ژیانە، خۆ ئەگەر پرسیارەکەش ئاراستەی بوون بکەین، دەبێ لەوێوە
دەستپێبکەین و بڵێن ئایا خودا چ پێویستی بەو ئەزموونە جیاوازانە ھەیە
کە ئینسان لە سەدەیەکەوە بۆ سەدەیەک و مێژووی دووروو درێژ دەبڕی بۆ
دروستکردنی ژیانێکی ئاسودە لەم سەر زەمینە یان لەو دونیایەی کە دادوەری
تێدادەکرێ، پرسیارە فەلسەفیەکەی عومەری خەیام بۆ یەکەمجار کردوویەتی کە
بەشیعر دەڵێ "بۆچی ھاتین و بۆچی ژێر گڵمان دەکات و دەمانباتەوە؟) ھیچ
وەڵامێکی قەناعەت پێکراومان چنگ ناکەوێ، ئەدی دەبێ چ فەلسەفەیەک لەپشت
ئەم فەلسەفەی مەرگ و ژیانەوە ھەبێت کە ھەر فەیلەسوفێک مانا و پێناسەی
جیاوازیان پێداوە، بۆچی دەبێ ئەو سپەیسەی نێوان ژیان و مردن ھێندە
فراوان بێت بۆ قسە لەسەر کردن و ھێندەش ئاسان بێت کە ژیان باسی دەکات..
"ژیان بۆیە بەردەوامە، چونکە مەرگ لەبەردەم ھەموو کەسێکە" ئەمە گوتەی
گلگامشە وەختێک دەیھەوێ لەچنگی مەرگ رابکات، ئەو لەو داستانەدا کە
نوسراوەتەوە و بەگرینگترین و کۆنترین داستانی مێژوویی ناسراوە، بۆ
گیایەک دەگەڕێ بۆ جاویدانی ئەو ھەمیشە سەرسەختترین کەسە بۆ خۆشیەکانی
ژیان، بەڵام کە دێتە سەر باسی مەرگ، ئیدی ماتەم دەیگرێت، چونکە
ئەندێشەی مەرگ ترسھێنەرترە لەو ژیانەی کە ئەو ھەوڵی بۆ دەدا بمێنێت،
گلگامش یەکەمین حیکایەتی ھەڵوێست وەرگرتنی ئینسانە لەبەرامبەر مەرگ،
گلگامش کەسێتیەک نیوە خودا و نیوە مرۆڤە، بۆیە ھەستەکەی بۆ مەرگ لە
بنچینەدا ھەستکردنێکی تەواو مرۆڤانە نییە، ئەو لەو حیکایەتە
ئەفسانەییەدا کە تاڕادەیە لەباری فەلسەفی بۆ ژیان و مەرگ، بۆ مەرگی خۆی
ناگەڕێ، بەڵکو پەشۆکاوی مەرگی (ئەنکیدۆ) ی ھاوڕێیەتی، رەنگە نەمری بۆ
گلگامش لەوێوە سەرچاوەی گرتبێت کە ئەو پاشای ئوروک بووە و لەوپەڕی خۆشی
ژیان و ئارامیدا ژیاوە، وەختێک ئەندێشەی مەرگ بەخەیاڵیدادێت، ئیدی
بەرەو جاویدانی بۆ مرۆڤەکان رێگەدەگرێت، چونکە تۆقێنەرترین ھەواڵە بۆ
ئینسان و کۆتایی ھێنانیشە بەژیان.
ئەفسانەی گلگامش باسی گەڕانی مرۆڤ دەکات بەدوای ژیانی ھەمیشەییدا،
کاتێک خودا بنیادەمی درووستکرد، مردنی کرد بە بەشی مرۆڤ و ژیانیشی بۆ
خۆی ھێشتەوە، لەو رۆژەوەی گلگامش ئەم ھەقیقەتە دەزانێ و کاتێک مەرگی
ئەنکیدۆی ھاوڕێی خەمگینی دەکات، ئیدی بۆ یەکەمجار بیر لە مردن
دەکاتەوە، باسی ئەوە دەکات ئایا رێی تێدەچێ ئەویش وەکو ئەنکیدۆ بمرێ؟.
ئایا جەستەی دەبێتە خۆڵەمێش و تێکەڵ بەخاک دەبێ؟
بۆیە گلگامش دەڵێ " ئەنکیدۆی ھاوڕێ و ئەزیزم کە تائەو پەڕی رادە.
خۆشم دەویست
وەکو ئەو کۆی مرۆڤەکانی دیکە کۆتایی پێھات
ئاە.. مەرگ بینەقاقای گرتووم"
وەکو ئەو ئازار دەچێژم و ھەرگیزاو ھەرگیز بەرەنگاریم پێناکرێ، بەمەش
گلگامش بەردەوام ھر کەسێکی بببینیبا پرسیاری نھێنیەکانی مردنی لێدەکرد،
سەرەنجام پیرەمێردێک چیرۆکی (ئۆتناپشتم) ی بۆ دەگێڕێتەوە کە پاش
رزگاربوونی لە تۆفان و لافاو لە کەنار دەریایەک دەژی. ئیدی گلگامش
تەواوی چیاو چۆڵی تەی دەکات، تا گەیشت بە روبارێکی بێ ئامان کە
سەرانسەری دونیای داپۆشی بوو، ئیدی دوای ئەمە گلگماش بەسەرھاتی خۆی بۆ
(سیدۆ) دەگێڕێتەوە و ئەویش ھەقیقەتی مردنی بیر دەھێنێتەوە و پێی دەڵێ "
گلگامش بۆ کوێ دەڕۆی
ھەرگیز ئەو ژیانە نادۆزیتەوە کە وێڵی بەدواییدا
وەختێک خودا مرۆڤی ئافراند
مردنی کرد بە بەشی و ژیانی لە چنگی خۆیدا ھێشتەوە
رۆژ و شەوی خۆت ئاسودە بکە
ھەر رۆژێک بکە بە جەژن و شەو و رۆژ سەما بکە". (١)
مردن لەشوێنێکدا کەشوھەوای خۆی ھەیە، بەوپێەی کە جۆرەکانی مردنی ویست و
نائیرادەیی جیاوازییان ھەیە، رەنگە لەنێو ئەدەبدا وەکو سیزیف کە
ئەفسانەیەکە لەئەنجامی سزایەکە بەسەریدا، لەبەیانیەوە تاکو ئێوارە
سەرکەوتن بە بەردێکەوە بەسەر شانیەوە و ئێوارە گلۆری دەکاتەوە
تاخوارەوەی شاخەکە و بەردەوام دووبارەی دەکاتەوە وەکو سزایەک بەسەریدا
سەپێنرابێت، بەم کارە بێھودەیەی کە جەدوای نییە و ھەمیشە
دووبارەبونەوەی کردارێکە بەیەک ستایل و یەک مانا ھیچی چنگ ناکەوێ جگە
لەوەرگرتنی سزاکەی، بۆیە دوای گەڕانەوەی جارێکی تر دەیھەوێ ژیان پێناسە
بکاتەوە بەوشێوەیەی کە مانای نییە، بەڵام ھەوڵی ئینسان وەکو ویستێک
بەھەر کلۆجێک بێت دەستبەرداری نابێت، ئەم حاڵەتە لەدۆنکیشۆتدا جیاوازی
ھەیە، "بێگومان مەرگی دۆنکیشۆت لە کەشوھەوایەکی ئارامدا بوو، چونکە لە
دواجاردا پەیوەستی عەقڵ و ھەقیقەت بۆتەوە، لەپڕ ئەو سوارچاکە پەی
بەشێتی خۆی برد و وەکو گەمژەیەک خۆی ھاتە بەرچاو، لەگەڵ ئەوەشدا ئایا
ئەو حیکمەتە لەناکاوەی شێتیەکەی شتێکی دیکە نەبوو جگە لە شێتیەکی نوێ
کە سەرلەنوێ لە عەقڵیدا سەریھەڵدایەوە؟. ئەوە تەمومژێکی بێسنوور بوو کە
دواجار بەمەرگی ئەو کۆتایی ھات، شتێکی لەناوچوو مانای مەرگێکی نزیکە.
ئەمە رەنگە ئاماژەیەک بێت بەوەی نەخۆش بە ئاسانی دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵ".
(٢)
ئەم جۆرە مەرگەی کە لەنێو تێکستدا ھەیە و فۆکۆ شیکردنەوەی بۆ دەکات و
بەھۆی نەخۆشیەوە دێتە پێشێ و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵ و چاکدەبێتەوە،
تەنھا لەنێو تێکستی فەلسەفی و داھێنانی ئەدەبی جێگەی دەبێتەوە، بەڵام
دۆنکیشۆت نمونەیەکی بەھادارە کە تراژیدیای نێو واقیع وەکو خەیاڵێک بۆ
رزگاربوون لەو جھانەی بۆتە واقیع بەسەر کەللەسەری ئینسانەوە،
دەگوازێتەوە بۆ وەھمی مەرگێک کە ھێشتا ئینسان بەمانا کردەییەکەی
نەمردووە، بۆیە بۆ رزگاربوون لە مردن دەبێت سەرکێشی بکات ئەگەر
بەخەیاڵیش بێت، لێرەدا قوربانی جارێکی دیکە جگە لەجەستەی تاوانباریش
دەکرێ بەوەی کە درۆی بەھەقیقەت و مەرگەوە کردووە، لەکاتێکدا فەلسەفە
ئەو جێگەیەی بۆ ئەو شێوازە مردنە کردۆتەوە کە بەفەزای وەھمیدا
تێپەڕنەبێت و ببێتە ھەقیقەت و وەکو سزایەک تەماشا بکرێت، کاری نھێنی
ھەقیقەت دەشارێتەوە، بەڵام مردن لەنێو فەلسەفەشدا ناشاردرێتەوە.
ئەگەرچی لەباری تێکستەوە خوێندنەوە بۆ ئەو تێکستەی سێرڤانتس کراوە و بە
شاکارێک لەقەڵەمدراوە و بۆخۆشی نەیزانیوە دوای مردنی دەبێتە ئەو تێکستە
بەناوبانگە، بەڵام تێکستەکە جگە لەبارەی ئەدەبیەوە، بۆ مەرامی
لێکدانەوەی سیاسیش کاری پێکراوە گوایە کەسێک کە لەقودرەتی ھێزی سیاسی و
بنکەی کۆمەڵایەتی حیزبەکەی زیاتری ھەوڵدابێت، ئیدی ئەوە
بەلێکدانەوەیەکی ویلھێم رایشانە کەسەر بەرەوتی چەپی فرۆیدە لەباری
سایکۆلۆژییەوە، بە کاربێکی شێتانە و بێھودەیی ناسراوە و کەسەکە بە
دۆنکیشۆت پێناسە دەکرێت.
مەرگی فەیلەسوفەکان.
رەنگە مردن بەھەموو جۆرەکانیەوە جێھێشتنی ژیان بێت و ھیچی تر، بەڵام
فەیلەسوفەکان جۆرێک مردنی دیکەیان ھەڵبژاردووە، ھەروەکو ئەوەی چیرۆکی
سوکرات و گالیلۆ و سەدان نمونەی دیکە دەیسلەمێنن، " ئەفڵاتون لەدیالۆگی
فایدۆن دا گرینگیەکی تایبەت بەمەسەلەی مەرگ و نەمری دەدات، دەروون بۆیە
نەمرە چونکە ھۆشیارە بە ئایدیا نەمرەکان، ھەروەھا لەبەر ئەوەی ئایدیا
نەمرەکان بەر لەدایکبوون بونیان ھەیە، ئەوە مانای ئەوەیە لەپاش مردنیش
بوونیان ھەیە، ئالێرەدا دەردەکەوێ ئەفڵاتون لەژێر کاریگەری بیرۆکەی
دۆنایدۆن دا بووە، لەبەر ئەوەی دەروون سادە و ناپێکھاتووە، کەوایە
نەمرە چونکە ئەوەی سادەبێت، نە دەمرێ و نە لەنێو دەچێت" (٣)
بۆیە جھانی ئایدیای ئەفڵاتونی نەیتوانی خۆی رابگرێ بەڵکو لەسەردەستی
ئەڕستۆی قوتابی خۆی لەنێو برا، کە بە دوو پێی چەقیوەوە لەسەر زەمینی
واقیع راوەستا، ئەوەش وای لێکرد لە جھانی سروشتی و لەرێگەی کەڵک
وەرگرتن لە بەھرەی سروشتی مرۆڤەوە بەدوای پرسیارەکەیەوە بێت سەبارەت بە
مردن. نەک لەرێگەی پەنابردن بۆ جھانێکی نەبینراو.
(سیمون کریستلی) نوسەرێکی ئینگلیزە و لەکتێبەکەیدا بەناونیشانی (کتاب
الفلاسفە الراحلین) باسی ئەوە دەکات مردنی فەیلەسوف ھەواڵێکی تر و
میتۆدێکی ترە بۆ ئەوانی تر کە لەژیاندا ماون، چونکە کاری فەیلەسوف
ئەوەیە کە قسەکانی لەژیانی خەڵکدا رەنگبداتەوە، بەوپێیەی کە ئەو
لەپێناو ئەو فکرەیەدا ژیاو و بەرگری لەخۆی دەکرد، سیمۆن لەو کتێبەدا
شیشرۆنی فەیلەسوفی یاسایی یۆنانی بەنمونە دەھێنێتەوە و دەڵێ" ئەگەر
بیزانیبا چۆن دەمرێت، (مەبەست لە شیشرۆنە) فەلسەفەی لێنەدەدا بۆ خەڵک،
ئەمە جگەلەوەی کەماھیەتی مردنی بۆ ئاشکرا نەبوو تاکو مرد، بەڵام باسی
ئەوەی کردووە کەفەلسەفە دەتوانێ ئینسان تێبگەینێ فەلسەفەی مردن چییە و
نەترسێ لەمەرگی خۆی ". (٤) یەکێک لەفەیلەسوفەکانی یۆنان بەناوی دیۆجین
ھەتا ئەوکاتەی مرد جلێکی جوانی لەبەر نەبوو بەپێ خاوسی دەڕۆیشت بەناو
باژێڕی ئەسینا و کەمترین چێژی لەنان خواردن دەبینی و بەرلەوەی بمرێ
نانی نەخوارد و بەبرسێتیەوە مرد، بەپێچەوانەوەی ئەو فەیلەسوفەوە،
(جۆلیا ئوفری لامیتری) یەکێک لەپێشەنگەکانی قوتابخانەی ماتریالیزم و
فەلسەفەی رۆشنگەری بوو لەفەرەنسا، زۆرترین خواردنی دەخوارد و گرینگی
بەخۆی دەدا و دەترسا لەمردن، ھەڵبەت بەر لەمردنەکەی زۆرترین خواردنی
خواردبوو کە خواردنەکە پڕبووە لەچەوری و شیرینی و ھتد. ھەڵبەت کەسێکی
دیکەی وەکو (فرانسیس بیکۆن) کە خاوەنی میتۆدی ئەزمونگەری بوو لە
رۆژئاوا، ئەگەرچی بەخواردنی خراپ و سارد توشی بەدخۆراکی بوو و سییەکانی
دوچاری ھەوکردن بوون، بەڵام لەپەنا ئەو خواردنە خراپانەشدا لەپێناو
بیرکردنەوە لە فەلسەفە گیانی لەدەستدا، (فریدیریک ھیگڵیش) کە یەکێک لەو
فەیلەسوفانەیە کە خاوەنی تیۆری دیالیکتیکە و ناسراوترین فەیلەسوفی
ئەڵمانیایە، مردنەکەی دژکاری ھەبوو لەگەڵ بۆچوونەکانی و نەخۆشی کۆلێرا
کوشتی، لەحاڵێکدا دەیتوانی لەبری ئەوەی سەرقاڵی فەلسەفە بێت، خۆی
بپاریزێ لەو نەخۆشیە تاکو نەیکوژێ، بەڵام بەپێچەوانەوە نەیکرد" بەڵام
(فیساگۆرس) زانای فیزیایی کە خاوەنی بنەچەیەکی فیزیاییە، بەپێچەوانەی
ھەمویان وابیری کردۆتەوە لەمردن و پێیوابوو یەکێکە لەو ھۆکارانەی
کەترسی مردن خۆی کەم دەکاتەوە لەبیرکردنەوەی ئینسان، چونکە ھەمیشە
شاھێدی مردنی ئەوانی ترە لە بەرچاوی، بۆیە چاک دەیزانی دەمرێ و ترسی لە
مردن نەمابوو". (٥)
بەمشێوەیە مردن لەدوای ئەو ترسەوە کەدەڕەوێتەوە لەبیری ئینسان، وەکو
دیاردەیەکی کەونی دەمێنێتەوە و چیتر ئینسان لەئێرە لەسەر زەمین بیر لە
مانەوەی تاھەتایی ناکاتەوە تەنھا لەرێگەی مێژوونوسینەوە، یان ئەدەبیات
یان دیاریکردنی جێدەست لەمەسەلەی زانست و ھەر داھێنانێکی تر، ئەویش
تائەو جێگەیە دەڕوات کە ئینسان بەنموونە باس لەو نەمرانە دەکات کە
سوودیان بەبەشەرییەت گەیاندووە، ئەوانی دیکە بەشێوەیەک لەشێوەکان
مردوون، چونکە باسکردنیان لەجوغزێکی بچووک و ناوەندێکی کۆمەڵایەتی
بچووک کە خانەوادە و بنەماڵەیە، ئەوان بەمردوو حیساب دەکرێن، بۆیە مردن
لێرەدا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی یە و قەبوڵکردن و مەترسییەکانی لەھەمبەر
بوارێکدا تەماشا بکرێ، تەنھا وەکو رۆتینیات دەمێنێتەوە کە دەڵێن
ھەموومان ھەر دەمرین، بەڵام پرسیارە بنچینەیی و بنەڕەتییەکە ھەر
دەمێنێتەوە کە مادام مردن ھەیە، ئیدی بۆچی ئەم کەونە ھەیە و ستراتیژەکە
چییە؟. لەلایەکی ترەوە ئینسان بۆخۆی دڵخۆشە بەماتریالیست و
ئیدیالیستەوە بەوەی کە مردن ھەیە، چونکە ئەگەر مردن نەبوایە، چارەنووسی
ژیان نەبەو شێوەیە دەبوو کە ئێستا ھەیە، نەھیچ ئامانجێکی دیکە دەبوو.
مەرگی فەیلەسووفەکان جگە لەوانەی کە بەمردنی خۆیان واتە بەبێ کێشە
مردوون، بریتییە لە دوو حاڵەت، حاڵەتی یەکەم ئەوانەن کە لەلایەن
دەسەڵاتی ئاین و کەنیسە و پەرستگاکان و دەسەڵاتی پادشا و دەرەبەگەکان
سزای مەرگیان بەسەردا سەپێنراوە، چونکە دەستکاری دیاردە سروشتیەکانیان
کردووە و لەرێگەی فەلسەفەوە یان لەرێگەی زانستەوە نھێنی دونیایان
بەخەڵک ئاشنا کردووە کە ئەمە لەدژی دەسەڵاتەکان بووە، بۆیە یان لەرێگەی
دادگاکانیانەوە، یان لەرێگەی پڕکردنی خەڵکەوە بەقین کوژراون، یان
بەھێمنی لە داخانا مردوون، حاڵەتی دووھەم ئەوەیە لەداخی دواکەوتوویی
خەڵک و دەسەڵاتە ئاینیەکان توشی نەخۆشی بوون و لەخەمی خەڵکدا مردوون،
یان خۆیان کوشتووە، ھەردوو حاڵەتەکە بەمردنی ئاسایی ناژمێردرێت، چونکە
ئەوان بۆ خۆیان نەژیاون تاکو بۆ خۆیان بمرن، بەڵکو لەپێناو خەڵکدا ژیان
و بەدەستی خەڵکیش مردن.
مردن لەناو چەمکی داھێناندا.
ئەگەرچی داھێنان لەبارە فەلسەفیەکەیەوە وەکو (جیڵ دۆڵۆز) پێیوایە مانای
بەرھەمھێنانی چەمکە و مەبەست لەوچەمکە نوێیە کەدابڕان لەگەڵ فەلسەفەی
کلاسیکی یۆنان دروستبکات کەئەمە مەحاڵە مەگەر لەدایکبوونی جۆرێکی تری
فەلسەفە بێت کە لە ئاڵمان ھاتە ئاراوە، ئەویش ناوی لێنرا لانکی دووھەمی
فەلسەفە و نمونە لەدایکبوونی (کانت و ھیگڵ و مارکس و فیورباخ و ھایدگەر
و ھتد، ھەروەک چۆن لەسەردەمی یۆنان و پاشان لەسەردەستی (تۆماس ھۆبز و
ژان ژاک رۆسۆ و کیرکەگۆرد) بۆ پەیمانی کۆمەڵایەتی و بونگەرایی و ھتد
نمونەیەکی تری بەئینسانیەت بەخشی، دواتریش لە ئاڵمان کە لانکی فەلسەفەی
دووھەمە و داھێنان بەشێکە لەو تێفکرینە ئایدیالیستیانەی کە بەپاڵپشتی
فەلسەفەی ماتریالیستی بوون، ئینسان بەکاریدەھێنێ بۆ مانەوە لەزەینی
ئەوانی تردا، یەعنی زیندوو بوون بەو کەرەستە و جێدەست و ئەو بەرھەمانەی
لەرێگەی ئەدەب، یان فەلسەفە یان فیزیا یان ھەر شتێک بێت، جۆرێک خۆ
رازیکردنە لەبەرامبەر ئەو تێڕوانینەی کە کەسی داھێنەر لەزەینی
کۆمەڵگەوە بەنەمر دەژمێردرێت. چونکە ھەمیشە ناوی دێت، ھەموو ئەو
فەیلەسوفانە لەپێناو ژیان و پێناسەیەکی نوێ بۆ مردن لەنێو تێکست و
نەمری و ئەخلاقیاتێک بۆ مردن موناقەشەیان لەسەر ئەگەرەکانی ژیان کرد و
ھەموو ھەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی مردنی بەئەنقەست بوو بەدەستی
نەیارەکانی دژی بوون.
ناو توانایەکی نادیارە بۆ ئینسانگەلێک لەدوای کەسی ناودار کە مردووە،
ھەروەھا ھێزێکە بۆ مانەوەی ئەوانی دی کەلەرێگەی داھێنانی مردووەکەوە
کەڵک لەداھێنان وەردەگرن و دواجار ئەمە جگە لەچەمکێکی فکری لەنێو
دونیای ئەدەب و دونیای وەرزش و ھونەر و ھتد، دەبێ بەھا و شانازییەکی
کۆمەڵایەتی و لەژیانی ھەر یەکێک لەئەندامانی کەسی داھێنەری مردوو.
ئیرادەی مەرگ تەنیا لەو توانا سایکۆلۆژییەدا دەرناکەوێت بۆ وێرانکردنی
(خود) یان (بەرامبەر) بەڵکو لەو ساتەدا ئاشکرا دەگەشێتەوە کە مەرگ
چەمکێکی شاعیرانە وەردەگرێت، وەدەبێتە ئەو کردارە بەرزەی کە زیندووەکان
ھەرچییەک بکەن ناگەنە ئاستی، واتە مەرگ دەبێتە بەھایەکی باڵاتر لە
بەھای ھەر داھێنانێک، لەراستیدا سەیرکردنی مەرگیش وەک داھێنان و تاکە
داھێنانی خەسڵەتی زیندەگی سیاسی ئێمە بووە، سەیرکردنی مەرگیش وەکو
داھێنان وەکو وزە و کانگایەکی روحی کارێکی کردووە لە شیوەنەکانی
کەربەلا تا سەر شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس باغێکی رازاوەی پڕ لە وێنەی
شاعیریانەی مەرگمان ھەبێت". (٦. بۆیە لەدوای شاعیرانی کلاسیک کە ھەمیشە
وەکو پرسیاری روحی و ئایدیایەک بۆ چارەسەری بوون داھێنانیان لەنێو
چەمکی مردن کردووە، ئیدی لەدوای گۆرانی شاعیرەوە ئەم دیدگایە بۆ شیعر و
داھێنان لەنێو ئەدەب، لەئەدەبەوە دەگوازرێتەوە بۆ دیدیگایەک نوسین
لەپێناو خودی مەرگێک کە روبەڕووی کورد بۆتەوە، نەک ئەو مەرگەی کە
گوتاری مانەوە لەنێو تێکستدا بەزیندوویی رادەگرێـت و دژایەتی تێگەیشتنی
مەرگدۆستی دەکات لەژیانی واقیعی ئێمەدا، رەنگە ئەمە تەنھا ئەو کاتە
ھەستی پێبکەین کە لەدوای کارەساتێکی وەکو ئەنفال یان ھەڵبجە یان کۆڕەو
یان شەنگال و ھتد تەوزیف کرابێت، بۆ ئەرمەنییەکان و ھەموو
ستەملێکراوەکانیش لەدونیادا چ لەنێو مێژوو و چ لەدەرەوەی مێژوو، ھەر
ھەمان مانای ھەیە، ئەگەرنا لەتێکستی کوردیدا کەم باس لەو مردنە کراوە
وەکو روداوێکی حەتمی بۆ ھەرکەسێک و بۆ ھەر کۆمەڵگەیەک کە پرسێکی بێ
وەڵامە و فەلسەفەیەکی پڕ نھێنی یە و پرسیاری سیاسیشە کە لەداھاتوودا
وڵامی مەرگە بەکۆمەڵەکانی کورد دەدرێتەوە کە بەشێکی بۆ بەرژەوەندی
زلھێزەکانی دونیا بوو.
ئەدەب جگە لەداھێناکەی کە بریتییە لە فەزای بیرکردنەوەی دەقنووس وەکو
خاڵێکی تێکست و وەکو دیوێکی دیکەی واقیع، لەھەمان کاتدا جۆرە
بیرکردنەوەیەک بۆ خوێنەر دەخوڵقێنێ کە بەر لەخوێندنەوەی یان تێکەڵبوون
لەگەڵ فەزای تێکستەکە، بیری لەو دڵخوازییە نەکردۆتەوە ھەم بۆ مەرگی
پاڵەوانەکە، ھەم بۆ مەرگی خۆی کە جاری واھەیە خوێنەر دەبێتە جێگرەوەی
پاڵەوان، چونکە رووداوەکان ھێندە دڵڕەقن خوێنەر خۆی پێڕاناگیرێت و
داخوازە لە دەقنووس زوو بمرێ چیتر بەدیار پاڵەوانێکەوە خەم نەخوات کە
دووچاری کێشە واقیعیەکان بووە، ئەم فەزایە لە دەقی (دادگایی) فرانتس
کافکا ھەستی پێدەکرێ، " لەڕاستیدا بۆ کەساییەتیەکانی کافکا، دوا
چارەسەری قەیران مەرگە، واتە قەیران زۆرجار بە مەرگ کۆتایی دێت و مرۆڤی
لەقەیران کەوتوو چارەیەکی نییە بۆ دەربازبوون جگە لەمەرگ، ھەر بۆیەش بێ
تەقەلا و ھەوڵدانێکی ئەوتۆ خۆی دەسپێرێتە دەستی جەللاد و مەرگ، کافکا
خۆی دەڵێ مەرگخوازی یەکەمین نیشانەی دەستپێکردنی مەعریفەیە" (٧) کافکا
لێرەدا لەتێکستی دادگایی دا داھێنانەکەی ئەوەیە کە بیرۆکەکەی لەوەدا
کۆکردۆتەوە، چۆن ئەندێشە و بیرکردنەوە لە شتێک دەبێتە تاوان و چۆن یاسا
لەبری ئەوەی کاری پاراستنی ئەمنیەتی ئینسان بێت، کەچی دەبێتە ھۆی ئەوەی
ساتی مەرگ لەپێناو واقیعدا، ساتی لەدایکبوونی ئازادییە لەو قەیرانانەی
کە توشی ئینسان دەبن، ئەوە رستە نێو تێکستەکەیە کە دەڵێ " دەبێ بمرێت
تاکو شەرم بمێنێتەوە". ئەم شەرمە خۆی ھەڵگرو داھێنەری قەیرانێکە ھەمیشە
رەنگدانەوەی ھەیە لەنێو کۆمەڵگەدا، وەختێک دەبینین دادگای نادادپەروەر
ئەگەر بەھەڵە مامەڵە بکات یان بەئەنقەست، بەشێکە لەو خۆ ئەشکەنجەدانەی
کە ئەمنیەتی ئینسان لەدەستی خۆی ناھێلێت و تاکە ئەگەرێک دەھێڵێتەوە
ئەویش خۆ کوشتنە لەرقی کوشتنی سایکۆلۆژی دادگایی.
لەرۆمانی (وەرگێڕی عیشقی) رۆماننوس (جان دۆست) ئەو رستەیە
سەرنڕاکێشترین رستەبوو کە خوێندمەوە لە رۆمانەکە، وەختێک پلاک بێرل بە
قەشە پۆڵس دەڵێ " مەرگ تەڵەیەکی نەبینراوە و بنیادەم بۆ ھەر شوێنێک
بڕوات وەکو ملوانکە لەگەڵ خۆیدا ھەڵیگرتووە، مەرگ تەڵەیەکی وایە تەمەن
بۆ بنیادەمی دەنێتەوە، تەڵەیەک بنیادەم ھەموو تەمەنی ھەڵیگرتووە و
نازانێ کەی بەروحیدا دەتەقێتەوە". (٨) ئەم تەڵەیەی کە جان دۆست
لەتێکستەکەیدا تەوزیفی کردووە وەکو داھێنانێک لە وەسفکردنی مەرگ بۆ
تەمەن، لەژیانی ئاسایدا ھەیە و بیرکردنەوەی گەرەک نییە، چونکە مردن
حەتمیەتی تەمەنی ئینسانە و لەتەڵە دەچێت، بەڵام جوانی کارەکە و
تەوزیفکردنە لەوێدایە کە لەچەشنی تەڵەیەک وێنای کردووە بۆ ئینسان،
ھەروەک چۆن راوچیەک بۆ نێچیر تەڵە دەنێتەوە و ئەمڕۆ نا سبەی ھەر پێوە
دەبێت، یان مەرگدۆستەکان تەڵەیەک بۆ ئینسانێکی ژیاندۆستی دەنێنەوە، کە
ئینسان وەکو نێژیرێکە لەبەردەم راوچیەکان خۆیان ئیسنانن، مردنیش
ئاوھایە تەنھا روداوێکی دواخراوە بۆ کاتێکی نادیار، ئەم جۆرە داھێنانە
تەنھا لە زماندا ماھیەتی ھەیە، چونکە بیرکردنەوەکە شتێکی سادەیە، بۆیە
لێرەدا زمان و شێوەی بەکارھێنانی زمان فریای تێکست دەکەوێ بۆ داھێنان،
بیرکردنەوە بنەمای داھێنانە بۆ کەسی ئەندێشمەند، بەڵام وەکو لەپێشتردا
باسمان کرد، بەبڕوای (جیڵ دۆڵۆز) کە لەکتێبی (ماھی الفلسفە) پێی وایە
کە جگە لەبەرھەمھێنانی چەمک، گەڕانە بەدوای مانایەکی دیکە بۆ دیاردە و
شتە کۆمەڵایەتیەکان کە بەشێکی زۆریان بەنھێنی ماونەتەوە، بەو مانایەی
کە دەبێ کەسی داھێنەر (چەمک) دابھێنێت بۆ خوێندنەوەی ئەرگومێنتەکانی
ژیان، ھەروەک چۆن بیرمەندانی ئەمدواییە و فەیلەسوفانی یۆنان بەرھەمیان
ھێناوە، ئەگەرنا شتێکی نوێی نەخوڵقاندووە جگە لەدووبارە کردنەوە و
نوێکردنەوەی شتەکانی رابردوو، ئەو راستیەک لەقسەکانیدا ھەیە، چونکە
وەکو سڵێمان پێغەمبەر وەکو لە تێکستی تەورات دەڵی" شتێکی نوێ نەماوە
لەژێر ئەم ئاسمانەدا نەگوترابێت"، بۆیە دەبێ کەسێک ئیدیعای داھێنان
دەکات، دەبێ چەمکێک بەرھەمبھێنێ کە تائەوکاتە نەبیسترابێت و
بیخوڵقێنێت، یان مانایەکی نوێ بخوڵقێنێ بۆ کایەکانی ژیان، ھەموو ئەو
قسانەی کە بیستراون یان پێشتر گوتراون یان دووبارە جوینەوەی فەلسەفەیە
لەرووی چەمک و پێناسە و تێگەیشتن و ئاشکراکردنی نھێنیەکانی دونیاوە،
بەڵام لەدەرەوەی بیرکردنەوەکەی جیڵ دۆڵۆز کە بۆ تێگەیشتنە لەفەلسەفە،
ئەوەیە کافکا و سیرڤانتس و کامۆ و نمونەکانی وەکو ئەو، لەنێو ئەدەبدا
فەزایەکیان خوڵقاندووە و کردویانە بەتێکست کە خوێنەر لەواقیعیشدا
دەیبینێ و ھەستی پێناکات، بۆ نمونە لە بێھودەییەکانی کافکا و ستایلی
نوسینی ئەو نوسەرە بەناوبانگە، خوێنەر ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە ئەو
ئەندێشەیە تایبەتمەندی خۆی ھەیە لەداھێناندا و راکردنە لەو واقیعە
تاڵەی ژیان، لەبەرامبەریشدا خۆ سپاردنە بە مەرگ، ھەروەھا لە (الموت
السعید) ی ئەلبێر کامۆدا کە ئەو چێژی سێکسی کردووە بە ساتی بەختەوەری
بۆ مەرگ و مانایەکی دیکەی بەخشیوە بەژیانێک کە دەتوانرێ بچووک بکرێتەوە
لە چرکەساتی چێژ وەرگرتن لەو ژیانەی کە ھەم ژیانێکی وەھمییە لەنزیک
مردنەوە، ھەم مردنێک کە ژیان دووری دەخاتەوە لە واقیع کە لەحەزەکانی
ژیان ئەوە دەسەلمێنن، وەکو سوھراب سوپێھری شاعیری فارس لەدێڕە شعرێکدا
دەڵێ "ژیان شوشتنی قاپێکە" ئاوھایە کە لەھەر لەحزەیەکدا ژیان مانای
خۆشی خۆی ھەیە، چونکە دوور نییە لەدوای ئەو لەحزەیە مەرگ خۆی
مەڵاسدابێت بەھەر بیانوویەک بێت زەفەر بھێنێت و روح دەربچێت و مردن
بێت، بۆیە لەلای کامۆ ئەو بێھودەییە ھەست پێدەکرێت و لە رۆمانی (تاعون)
یش بەھەمان شێوەیە کە نەخۆشییەکی سەرتاسەری دوچاری کۆمەڵگە بووە، ھیچ
چارەسەرێکی دیکەشی نییە جگە لەمەرگ کە سەرتاسەری رۆژئاوا و بەشێک لە
رۆژھەڵاتیشی گرتۆتەوە لەو سەردەمەدا، ئەو مانای ژیان و مردنە
رەنگیداوەتەوە لە تێکستەکەدا، ھەروەھا لە کتێبی مرۆڤی یاخی شدا باسی
ئەو بەھایانە دەکات کە لەئەنجامی مەرگدا بێ بەھا دەبن و ئینسان خۆی
بەشێکە لەو بێ بەھاکردنەی شتەکان، بۆ نمونە دەڵێ "کاتێک مرۆڤ خودا
دەخاتە ژێر داوەری ئەخلاقییەوە، بەکارە لەناخی خۆیدا خودا دەکوژێت،
بەڵام ئاخۆ ھەنگینێ بنەماکانی ئەخلاق چ دەبن، بەناوی عەدالەتەوە نکوڵی
لەخودا دەکرێ، ماکس شتێرنەر بەر لەنیچە ویستی خودا و تەنانەت بیرۆکەی
خوداش لەلای مرۆڤ بسڕێتەوە، بەڵام نیھلیزمەکەی ئەو بەپێچەوانەی
نیھلیزمەکەی نیچە وە، قبوڵ بوو، شێرنەر لەتەنگانەشدا پێدەکەنێت، بەڵام
نیچە سەر بەدیواردا دەکێشێت". (٩)
ھەڵبەت ئەوە ئاشکرایە کە مردن جۆری زۆرە، یەکێک لەوانە ئەو جۆرە
مردنەیە کە جیاوازە لەھەموو شێوەکانی تر، بۆ نمونە ئەو کەسەی کە
بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو خۆی دەکوژێ، یان رەنگبێت وەکو ئەوانەی کە
بەجەستەیانەوە دیارە کوژراون و کوژراویش دیارنییە، یان کوشتنی بەکۆمەڵ
و ھتد. بەڵام لەھەموو حاڵەتێکدا ئینسان دەمرێ و لەدوای مردنەکە دەبێتە
چیرۆک لەزمانی گێڕەڕەوە واتە (الراوی) حیکایەت خوان.
ھەوڵی ئینسان بۆ نەمری و ھێشتنەوەی ژیان بەشێوەی بەردەوامی. لە
کولتووری گەلاندا ئەو مانایەی ھەیە بەشێوەی جیاواز، لەوانەش لەنێو
کورددا ئاوی حەیات ھەیە، لە گلگامش و سپەیسێکە لەنێوان ژیان وەکو
بێمانایی و مردنیش وەکو حەزێک بۆ نەمری ئەوانی ترە، ئیدی خۆشەویستان
بێت یان تەنانەت دوژمنیش بەو شێوەیە تەماشا دەکرێت، ھەندێکجار بەپاساوی
پارێزگاریکردن لەژیان، مردن دەسەپێنرێت بەسەر کەسێکی دیکەوە.
دیکارت ئەو فەیلەسوفەی کە بەسوکراتی دووھەم ناسراوە لەنێو فەلسەفەدا و
کۆجیتۆکەی کە (من بیردەکەمەوە کەواتە من ھەم) ھەمیشە کاری پێدەکرێت،
ئەو خاوەنی یەقینێک بوو لەو ژیانە واقیعی یە کە ھەموو دیاردەکان لەخۆی
دەگرێت و ناکرێ ئینسان گەمژانە ھەڵسوکەوتی لەتەکدا بکات، فۆکۆ پێی وایە
دیکارت پەی بەو یەقینەدا دەبات و بەتوندی دەستی پێوەگرتووە، چیتر شێتی
بەلاوە گرینگ نییە، چونکە بەلای ئەوەوە عەقڵ لەرێگەی بوونەوە خۆی
پراکتیزە دەکات و خۆی بەخاوەنی ئەو شتە دەکات کە بەرھەمیدێنێتەوە، بۆیە
ناتوانێ بیربکاتەوە و نەبێت. لەحاڵێکدا ھەر ئەو عەقڵ و عەقڵگەراییەی کە
رۆژئاوا بۆ ماوەی چەندین سەدە کاری پێکردو پراکتیزەی کردو و خۆی
بەرھەمھێنایەوە، نەگبەتییەکی خوڵقاند کە ھەر خودی ررۆژئاواییەکان
لەداخی ئەو نەھامەتیانەی کە لەرێگەی عەقڵەوە تەکنۆلۆژیای بەرھەمھێناو
بوو بەمایەی جۆرەھا شێوازی مردنی ئینسان بەبێ ویستی خۆیان، بەپێچەوانەی
ئەوەی کە گریمانەی ئەوەی لێدەکرا ئەو عەقڵگەراییە ژیان دۆستی و
خۆشگوزەرانی بەرھەمبھێنێ و کۆتایی بە ململانێ دروستکرداوەکان بھێنێ،
ئیستا ھەر ئەو بیرمەندانە رەخنە لەو عەقڵگەراییە دەگرن کە بۆتە مۆتەکە
و مردنی کردۆتە دیاری لەھەر لەحزەیەکی ژیاندا، بەھۆی ئەوەی بەشێوەیەک
عەقڵ خۆی پراکتیک کرد، کە ئیتر مەترسییە و لەبیرکردنەوەی خودیش قوڵتر
خۆی نمایش کردووە و چارەسەریشی تەنھا ئەوەیە کە عەقڵ پاشەکشە بەو خۆ
بەرھەمھێنانەوەیە بکات کە ئێستا ھەیە. ئەوەی کە لەداھێناندا ھەمیشە
چاوی لە نەمرییە، ئەو ھەوڵەیە کە مردنی جەستە دەکاتە قوربانی مردنی روح
و نەفسییەت، بۆ ئەمەش جگە لەداھێنان رێگەیەکی دیکەیە شک نابرێت، سابا
ئەو داھێنانە تێکستێک بێت یان ئامرێک یان تەکتیکێکی سیاسی یان دابڕانی
فەلسەفە و ھتد.
لەنێو ئەدەبی کوردیدا شاعیرێک یان رۆماننوسێک شک نابەین باسی مەرگی
نەکردبێت، یان لەداخی ئەو زیندانەی کە پێی دەڵێن ژیان، خۆزگەی بۆ مەرگ
نەکردبێت، (مەولانا جەلالەدینی رۆمی) کەسێکی عارفانە بووە و
لەتێگەیشتنی ئەپستراکت داماڵراوە و بیری لەھیچ تێگەیشتنێکی ماتریالی
نەکردۆتەوە، نە بۆژیان و نە بۆمردن، بۆ رەوڕەوەی ژیانی وەکو کاروانێکی
لەبن نەھاتوو تەماشا کردووە، بەڵام چرکەساتی مردن لە بوون دا دەبینێ،
چونکە ئەو قەناعەتی تەواو بە نوێبوونەوە و ژیانەوە ھەیە لە دونیایەکی
تر، لەشوێنێکدا دەڵێ
" ھردمی مرگی و حشری دادی ام تا بدیدم دست برد ان کرم
ھم جو خفتن گشت این مردن را ز اعتماد بعپ کردن ای خدا"
ئەمەی مەولانا باسی دەکات نائاگایی و بۆ بوون وای لەئینسان کردووە کە
گوێی لەدەنگی مردن نەبێت ھەمیشە، ئەو بەدەنگی گەردوونی ناوی دەبات،
بۆیە بەھەستی رواڵەتی ژیان ناوزەدی دەکات کە ئینسان ناتوانێ ھەستە نا
ئاشکراکەی جەستە کار پێبکات، ئەویش ھەستی گەردوونیە کە جیاوازە لەو
گوێیەی وەکو ئەندامێک بەسەری ئینسانەوە ھەیە، ئەمە داھێنانە کە مردن
لەفۆڕمە ئاساییەکەی بگوازێتەوە بۆ مردنێک کە ئینسان دەبێ لەرێگەی
گوتارەوە ھەستی پێبکات، ئەم ئیدراکە ھەستەکی یە بەپێی تێگەیشتنی ژاک
لاکان بێت، ئەمە جۆرێک لەرۆشنبیری و ھۆشیاری خۆڕسکە لەئینساندا ھەیە،
کەسانی وەکو مەولانای رۆمی و فەیلەسوفەکان کە جیاوازیان ھەیە لەگەڵ
ئینسانەکانی دیکەدا، ئەوەیە کە ئەوان خاوەنی ئەو ئیدراکە ھەستەکی یە
بوون کەھەم بۆ مان و ھەم بۆ مردن تێڕامانیان ھەبووە و ئەوانی دیکە واتە
ئینسانی ئاسایی ئەو بیرۆکەیەی نەبووە.
لەدەرەوەی دەقنووس شتێکمان ھەیە بەناوی دەقی سەربەخۆ، بەو مانایەی دەق
وەکو جەستەیەکی سەربەخۆ تەماشا بکەین و مامەڵەی لەتەکدا بکەین، چونکە
دەق ھەم شێوەیەکە لە نوسینەوەی ژیان، ھەم مانا بەخشینە بەمردن، ئێمە
باس لەچوونەوە بۆ ژیانێکی دیکە ناکەین، چونکە ئەو شیکاری و شڕۆڤەی
ژیانە کە زیندووەکان مانایان پێداوە و بەراوردی دوو زیندەگی پێدەکەن کە
بەراوردی ئاکام و ئەنجامی خێر و شەڕە، ئەم ئاکامە لەفەزایەکدا
ھەستیپێدەکرێت کە خوێندنەوەی دەق ببێتە ئەرکێک بۆ خوێنەری دووەم و
دواتر لەئاکامی ھەڵوەشاندنەوەی دەقەکەدا بۆشایی و کەلێنەکانی دەستنیشان
بکرێت " بوونی مەرگ لەدەقدا واتە بوونی ناکۆکی، بوونی بێدەنگیەکی
کوشندە، بوونی نائارامی، راستە دەق بۆشایی زۆری تێدایە و ناوچەکانی
بێدەنگی زۆرە، ئەمە لەھەموو دەقێکی داھێنەرانە ھەیە کە ئەرکی داھێنەر
نییە بەدواییدا بگەڕێ، بەڵکو ئەرکی رەخنەگرە کە پێویستە ئەو بۆشاییانە
پڕ بکاتەوە و بیانھێنێتە قسە". (١٠) ھەڵبەت بیدەنگی دەق دوو جۆرن،
یەکێکیان لەبێدەنگی و سەدای دەقەکەیە، یەکێکیان لەبێدەنگی زمانی دەقە
کە ناتوانێ وەکو بانگدەر بیگەێنێ بە خوێنەر، دیسان لێرە ئەرکی خوێنەری
یەکەمە ئاسان کاری بۆ خوێنەری دووەم بکات و داھێنان لەدەقدا بدۆزێتەوە،
بەڵام ھێشتا لێرەدا مەرگ نەدۆزراوەتەوە کە دەق چۆن مامەڵە لەتەک مەرگدا
دەکات، ئایا ئەو مامەڵەیە لەگەڵ خودی دەقە یان لەگەڵ دەقنووس، ئەگەر
ئەو ھاوکێشەیەمان بۆ یەکلایی کرایەوە، دەتوانین بڵێن دەقی داھێنەرانە
چییە و چۆن دەقنووسەکە رزگار دەکات لەمەرگ، ئەمە ئەو گەڕانەیە کە
بێدەنگی و بۆشایی بە رەخنەگر پڕدەکرێتەوە، ھەروەک چۆن نەخۆشی نزیک لە
مردن بە زانست و دکتۆر پڕ دەکرێتەوە و ژیانێکی نوێ بەرھەمدێت.
_____________________________________________
سەرچاوە:
١: ملحمە کلکامش . طه باقر. دار المدی . سنە . ٢٠٠٥.
٢: میشێل فۆکۆ. مێژووی شێتی لەچەرخی کلاسیکدا. وەرگێڕانی. ئارام ئەمین
شوانی. بڵاوکراوەکانی خانەی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. ساڵی ٢٠٠١٤.
ل٦٢.
٣: د. ئەمەل مەبڕوک. فەلسەفەی مردن لەفیرعەونەکانەوە تا لاکان.
وەرگێڕانی بۆ کوردی. ئارام ئەمینم شوانی. بڵاوکراوەکانی کتێبخانەی
فێربوون. ساڵی ٢٠١٥. ل١١٧.
٤: دکتور رووف عبید . تناسخ الارواح. حقیقە لاخیال . استاژ قانون جنائی
فی جامعە المغرب. ێ٧٤.
٥: الموت فی الفکر الغربی. جاک شورون. ترجمە. کامل یوسف حسن. مراجعە و
تقدیم . امام عبدلفتاح امام. دار النشر عالم المعرفە. سنە ١٩٨٤ ل ١٧٣.
٦: ) بەختیار عەلی. چێژی مەرگدۆستی. پرۆژەی کۆکردنەوەی کتێب لە دەزگای
ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. ساڵی ٢٠١٥. ل٢١٤.
٧: دەرکەوتەی دڵخوازی مەرگ. لێکۆڵینەوە. سەعید سلێمانی. بەڕێوەبەرێتی
چاپ و بڵاوکردنەوە. ساڵی ٢٠١١. ل١٧.
٨: رۆمانی وەرگێڕی عیشق. جان دۆست. وەرگێڕانی بۆ کوردی. سەباح ئیسماعیل.
ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. ساڵی ٢٠١٥.
٩: ئەلبێر کامۆ. مرۆڤی یاخی. وەرگێڕانی. ئازاد بەرزنجی.
لەبڵاوکراوەکانی دەزگای ئەندێشە بۆ چاپ و پەخش. ساڵی ٢٠١٢. ل١٠٦.
١٠: داھێنان و مەرگ. سەڵاح حەسەن پاڵەوان. زنجیرە بڵاوکراوەکانی دەزگای
چاپ و پەخشی سەردەم. ساڵی ٢٠٠٢. ل٧٥.
پەراوێز:
ماکس شتێرنەر (١٨٠٦-١٨٥٦) فەیلەسوفی ئاڵمانی بوو گرینگترین کتێبەکانی (تاقانە
و تایبەتمەندێتی) ئەو پیاوێک بوو ناکۆک لەگەڵ گروپی کۆمەڵەی
ئازادیخوازان کە ھیگڵییە لااوەکان بەمارکسیشەوە لەگەڵ بوون، ئەو
دەیویست نەک ھەر لەگەڵ خودا، بەڵکو لەگەڵ مۆڤەکەی فیورباخ و عەقڵی
ھیگڵی و بەرجەستەبوونی مێژوویی ئەو عەقڵەش لەدەوڵەتدا حیساب و پاکتاو
بکات. ئەو لەو بڕوایەدا بوو کە ھەموو ئەم بتانە لەیەک شتەوە سەرچاوەیان
گرتووە کە مۆنگۆلیزمە بەواتای دواکەوتنی عەقڵ دێت.
_____________________________________________
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/rehendekanimirdin1.htm
ماڵپهڕی سمکۆ
محەمەد
|