په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٢\٢٠١٨

رەھەندەکانی مردن.


سمکۆ محەمەد       

- بەشی سێیەم (کۆتایی) -

بوون و مردن
دوو چەمکی دژ لە نێوان فەلسەفەی ئیدیالیزم و ماتریالیزمدا.

پرسیارەکانی بەردەم مردن.

پرسیارگەلێک کە ئایا ئینسان بۆچی ھاتووە و بۆ چی دەڕوات لەم دونیا واقیعیەوە بۆ فەنا و شوێنێکی نادیار، ھەروەک ئەوەی خەیام عومەری شاعیر دەڵێ، لەوەتەی دونیا ھەیە و بەشەر ھەیە ئەم پرسیارە فەلسەفییە پرسیارێکی بێ وەڵامە لەچوارچێوەی یاسای سروشتە بەپێی میتۆدی ماتریالی، ھەروەھا کاری خودایە بەپێی ئایدیالیستی. کەواتە ئەی بۆچی ھاتین و بۆچی دەڕۆین و بۆ کوێ دەچین و کێ دەمانباتەوە و بۆچی ئەو بڕیارە لەسەر دواچارەنووسی ئینسان و زیندەوەرەکان دەدرێت و فەلسەفەکەی لەکوێدایە؟. نەک ھەر وەڵامێکی قەناعەت پێکراوی نییە، بەڵکو مانایەکی نییە ئەگەر لەفەلسەفە بچێتە دەرەوە.

ئایا ئەوە راستە گەوھەری ئەم دونیا پان و بەرین و پڕ لەنھێنییە مەرگ و وێرانەیە، تاکو پەلە لەژیان بکەین بۆ چێژ وەرگرتن، ئەمە پرسیارێکە جەوھەری ئەو دوالیزمی بوون و نەبوون و ژیان مەرگە ئاشکرا دەکات، بەو مانایەی ئەم پرسیارانە جۆرێک لە ھیچ گەرایی دروستکردووە لەزەینی ئینسان، مادام دەمرێت کەواتە ژیان چییە و بۆچی یاخی نەبین، یان بەپێچەوانەوە بۆچی ملکەچی یاساکانی سروشت و ئەو ئایدیایە نەبین کە زیندوو دەبینەوە، یان ئەوەی چ پێویست دەکاتا سەرقاڵ بین بەو ھەموو پێداویستیانەی ژیانەوە کە ھەموو ئەو بیرۆکانە لۆژیکین.

ھەڵبەت ئەم پرسیارگەلە لەفەلسەفەشدا کارێکی کردووە کە بێھودەیی و بێھیوایی لەزەینی ئینسان دروستبکات، تینوێتی دروست مانای ئەوەیە کە دەرکەوتەیەک ھەیە بۆ ھەموو بەشەر و زیندەوەر و درەخت و ھتد. ھەروەھا ژانی جەستەی ئینسان، یەکێکە لەو دیاردانەی کە ھێزێکی نیگەتیڤ بەڕێوەیە بۆ تێکچوون و سڕینەوە و نەھێشتنی رۆح لەجەستە، بەڵام رۆح ھیچ تینوێتی و برسێتی نییە و ژانێکی پێوە نەلکاوە، ھەر ئەمەشە فەلسەفە روحی جوداکردۆتەوە لەجەستە و بەفیزیک و میتافیزیک پێناسەکراون، بۆ نمونە بەپێی فەلسەفە بێت روح لەجەستە جیاوازە، ھەرئەمەشە کە مردنی فەلسەفی شێوەیەک لەشعور بەمردنە وەختێک ئینسان توشی ترس دەبێت، " کێشەی مردن وابەستەی پرسێکی گرینگە کەدەڵێ : چۆن مرۆڤ دەتوانێ وەکو گشتێک پەی بەبوونی مرۆییدا ببات؟، ئەگەر سروشتی بوونی مرۆیی بریتی بێت لەوەی لەبوونی ئێستایی دەربچێت بەرەو بوونێکی تازە، بەشێوەیەک لە ساتێکدا ناتەواو بێت و لەرێگەدابێت بەرەو بوونێک تازەی ئەگەرانە، ئایا لەم دۆخەدا ناکرێت لە کۆی گشتیدا ببینن؟، ئەی رێگەی تێناچێ مردن ئەو شتەبێت کە رێگەمان پێدەدات بوونی مرۆیی وەکو گشتێک ببینین، چونکە سنوورێک بۆ بوونی دادەنێت؟، بوونی مرۆیی بە مردن کۆتایی دێت، بەشیوەیەک پاش ئەوە چیتر ھەبوونی نییە". (١) ئەو ترسەی کە لەدەرەوەی جەنگە، یان نزیک نییە لەمردنەوە، جگە لەوانەش خەو و ھەڵسانەوە و خەون بینین کە کردەیەکە لەدەرەوەی ئیرادەی ئینسان، بەشێکە لەو دیمەنانەی کە بینراوە یان نەبینراوە و دەبێ رۆژێک وەکو یادەوەری بەجێبمێنێ بۆ ئەوانی تر، بەڵام ھێشتا نە فەلسەفە کە بەرەئەنجامی بیرکردنەوەی ئینسانە، نە ئاین کە دیسان بەشێکە لە بیرکردنەوەی ئینسان، نەیانتوانیوە وەڵامێکی قەناعەت پێھێنەر بدەنەوە بەئینسان، بەو پرسیارەی کە بۆ ھاتین و بۆ دەڕۆین لەم جھانە خۆشەی کەخودی ئینسان بەشێوەیەکی کاتی خۆشی کردووە و ھەر خۆشی بەدەستی ئەنقەست ناخۆشی دەکات، مەولانا جەلالەدینی رۆمی دێڕە شعرێک باس لە مردن و پاش مردن دەکات " (ھیچ مردە نیست حسرت ز مرگ _ حسرت انست کش کم بود برگ) بۆیە لێرەوە وێڕای باوەڕبوونی بە جیاوازی جۆرەکانی مرۆڤ لەبەرامبەر مردندا، بەڵام ئەو باوەڕی وایە ھەموو مرۆڤەکان بەجیاوازی جۆرەکانیانەوە کە دەمرن، حەسرەتیان بۆ خودی مردن نییە لەخۆیدا، بەڵکو ئەوەیە کە توێشوو و ئامادەکاری بۆ ئەو ژیانەی وەک پێویست نەبووە و وەگەرنا مرۆڤ لەچاڵێکەوە بخرێتە دەشتێکی فراوان کە خۆشگوزەرانی تێدابێت حەسرەت ناکێشێ". (٢). بەڵام ئەمە لەئاستی تاکدا رۆمی قسەی لەو حەسرەتە کردووە کە چۆن خۆی ئامادە نەکردووە، یان ئەو جۆرە مردنانەیە کە بەتەنھا دەمرن و رەنگە مەبەستی تریش بێت وەکو حاڵەتێک یان بەرپرسیارێتی پاش مردن یان ترسان لە لێپرسینەوە و ھتد بۆیە بۆ عارفەکان ئەمەی گوتووە وەکو پرسێک لەژیانەوە بۆ مردنێک کە پاداشتێکی بۆ شێوەی ژیان ھەیە، ئەمما ئەگەر باس لەجۆرەکانی دیکەی مردن بکەین کە نەترساون و نە خۆیان ئامادەکردووە و نە عاشقی مردن بوون بۆ ئەوەی چاوەڕوانی پاداشت بن لە چاڵێکەوە بەرەو ژیانێکی تاھەتایی، بەپێچەوانەوە ھیچ خۆیان بۆ ئامادە نەکردووە، یان بیریان لەو ساتە وەختە نەکردۆتەوە دەمرن، یان ئەسڵەن چاوەڕێیان نەکردووە و رەنگە بیریان بۆ ژیانێکی پڕ لە ئاسودەیی بوبێت و پێچەوانەکەی روویداوە کە بەکۆمەڵ مردوون، نمونەش جەنگە کە بۆتە مایەی مەرگێکی بەکۆمەڵ کە لەدەرەوەی بڕیارە سروشتیەکە، ئینسان گەلێک بەدەستی یان بەبڕیاری ئینسانگەلێکی تر دەمرن یان لەبرسان دەیانکوژن یان تۆڵەی مەرگی ئەوانی تر دەکەنەوە یان ھتد.

لەدایک بوون ئامانجێکی لەپشتەوەیە بۆ بەردەوامی و چێژێکە بۆ ھەردوو رەگەزی نێر و مێ بەئاژەڵیشەوە. ئەی مردن چ ئامانجێکی لەپشتەوەیە و سوودەکەی بۆ کێیە و کێ چێژی لێدەبینێ و بۆچی وەکی ھاتن کە لەدایک بوونە فیستیفاڵی بۆ رێکدەخرێت ئاوھاش مردن ئاھەنگی بۆ ناگێڕدرێت؟. ئەمە ئەو پرسیارە فەلسەفی و کۆنکرێتیانەیە کە زمان دوچاری (عجز) بەمانای بێدەسەڵاتی یان کەمدەسەڵاتی دەبێت لەبەرامبەریان کە پێشتر فەلسەفە وروژاندوویەتی، بەڵام وەڵامی یەکلاکەرەوەی نەبووە جگە لەئاشکرا کردنێک وەکو گلەیی بەرامبەر بەنەزانی ئینسان، یان خراپ حاڵی بوونی ئینسان لەبەرامبەر ئەو کردەوانەی دەیکات وەکو ئەوەی بمێنێت تاھەتایە، یان ئەو پرسیارەی لەخودا دەکرێت، بۆچی ئینسان دەمرێت و ئاین لەجیاتی خوا وەڵامی داوەتەوە، یان کردەیەکی غەریزیانەیە بۆ دووبارە بوونەوەی خود لەبونەوەرێکی دیکەدا کە ئەمە لەلای ئینسانی خاکی کەمترە لەوەی لەلای خاوەندار و ستەمکارەکان زیاتر کە لاسایکردنەوەی خوداوەندەکانی مێژوون، ھەروەک خوداوەندەکانی رۆما و یۆنان و میسر و بەڵام بەھۆی ئەوەی ئینسان لەرێگەی زانستەوە بەزۆر شت ئاشنا بووە، یان زۆر شتی بۆ روون بۆتەوە لەرووی زانستیەوە یان واقعی یەوە، ئەو وەڵامەی بەلاوە تائەو شوێنە قەبوڵ کردووە کە دەڵێ ژیان مادام سەرەتای ھەیە، کەواتە ھەر دەبێ کۆتایشی ھەبێت و تەواوبێت، بەڵام فەلسەفەکە ھیچ وەڵامێکی پێنیە ئەگەر لەرێگەی ئاین یان زانستیشەوە بێت.

(جان کۆکتۆ) ھەم بیرمەند و ھەم شاعیریکی ئامریکی یە دەڵێ " من ھەمیشە لەرێگەی ئاوێنەوە چاودێری مردن دەکەم و ئەویش بەکاری خۆی ھەڵدەستێت" ئەم رستە شیعرییە تەنھا یەک مانای نییە، بەڵکو مانایەکی فەلسەفی فرە رەھەندی ھەیە کە ئینسان خۆی دەبینێ لەنێو ئاوێنەدا، لەوێوە تێدەگات کە ھەر وەختێک کاتی ھات دەمرێ، کەسێکی تر کە تاوانی کردووە و لەئاوێنەدا لێپێچینەوە لەویژدانی خۆی دەکات لەتەنھاییدا و مردن لەوێدا کاری خۆی دەکات، ئاوێنە یەکێکە لەھۆکارەکانی کوشتنی ئینسان بەبێ ئەوەی جەستە لەکار بکەوێ". (٣)

ئەگەری ئەوەی کە لەئەفسانەی فاوستی گۆتەدا ھاتووە، دوای ئەوەی فاوست دەچێتە جھانێکی بەرین و گەشتێکی جھانی، بەڵام ئەمە تێکستە و وەکو ئەفسانەیەکی خوڵقێنەر مامەڵەی لەتەک کارێکتەری بێتاوان کردووە، دەڵێ" فاوست پەیمانێک لەگەڵ (مفیستۆ فلیس) دا دەبەستێت کە لەراستیدا گرەوەکە نھێنی یە، دواتر لەلایەن ئیبلیسەوە دەبێتە فاوستی روح دەروون و خۆی تەسلیم بەخواست و فەرمانەکانی جێبەجێدەکات و دواتر پەشیمان دەبێتەوە، پەیمان بەستن و دانانی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کریشن و دواتر مناڵیان دەبێت، بەڵام دواجار دەیکوژن، فاوست ھەمیشە لە گفتۆگۆدایە و بە میفیستۆفلیس دەڵێ (دەمەوێ ببم بە سوڵتان خۆشی ببینم، چونکە ھەرشتێک بە کردار نەبوو تەنھا بۆ ناسین و شوھرەت بوو، ھیچ نییە)، ئەویش دەڵێ بەڵام خۆ شاعیرەکان بۆ نەوەکانیان دەگێڕنەوە کەسێک ھەبووە بێعەقڵی کردووە، دەڵێ ئاخر ئێوە بەم قسانە ھیچ شتێک نادەن بە ئینسان، کەچی لەبەشێکی تردا فاوست دەچێتە جھانێکی ترەوە کە جھانی گەشتێکی بە خواوەندەکان و جھانی مەزن و سەدان کۆشکی ئیمبراتۆرەکانی لێیە، ئەمە بۆ فاوست دەبێتە دوا مەنزڵگە و لەوێ پیردەبێت و دەمرێت، ئیدی پۆلە مەلەکان روحی فاوست دەبەن بۆ جھانی فریشتەکان". (٤)

ئەمە کە فاوست دیکۆمێنتی کردووە لەسەر وەختی خۆیدا کە ژیان خۆشتر و جوانتر بوو لەلای ئینسان، ھەوڵێک بوو بۆ خۆ دەربازکردن لە کۆیلەیەتی خواوەندەکان کە شونێکیان وەکو تەواوی دونیا وێنا کردبوو و ھەموو رووبەری دونیایان لەو رووبەر و فەزایەدا کۆکردبۆوە کە خۆیان وەکو خودای خاوەن ژیان و مردن دانا بوو، بۆیە فاوست بەناچار پەنا بۆ وەھمێک دەبات تاکو روحی بۆ شوێنێکی دیکە ببات و لەوێ شاد بێت.

یادەوەری و مردن.

یادەوەری ئەو بەشە رابردووەی ژیانە بۆ تاک کە جارێکی دیکە ئاسان نییە ھەم زەمەنەکەی مردووە و ھەم چیرۆکەکەی ونبووە و نائامادەیە و مومکین نییە بگەڕێتەوە بۆ واقیعێک کە ئینسانگەلێک وەکو وەھم چاوەڕوانی دەکەن، بۆیە تەنھا وەکو ھەلقەیەکی ونبووی نێوان کارێکتەرە چالاک و ناچالاکەکان لەکاتێکی دیکەدا زیندوو دەکرێتەوە و دەنرخێنرێت، ھەروەھا بەشێکە لە راستکردنەوەی مێژوو کە ھەندێکجار لەدوای مەرگ چیرۆکەکان فەزایەکی دیکە بەخۆیانەوە دەبینن کە راستگۆیی تێدا نییە.

نرخاندنی یادەوەری تەنھا لەوێدا نییە کە ڕابردووە لەرووی کات و شوێنەوە دەبێتە رووبەڕووی زیندووکردنەوەی ژیانێک لە رابردوودا بۆ ئێستا، بەڵکو لەوێدایە کەبەشێکە لە زەمەنێکی مردوو و چیرۆکێکی ھەمیشە زیندوو، خۆ ئەگەر کەسێک یان کارێکتەرێکی چالاکی نێو زەمەن و چیرۆکی یادەوەریەکە مردبێت، بەھای ئەو یادەوەرییە ھێندەی تر زیاتر دەبێت، بۆ نمونە من لەپاریس بووم، وەختێک بوو کە زۆربەی ئەو کەسانەی پێکەوە سەفەرمان کرد، پێکەوە ئەو زەمەن و چیرۆکانەمان تۆمارکرد کە کەس بەو ئومێدەوە نەھاتبوو یادەوەری ئەوی تر بخوێنێتەوە، بەڵام چەند کەسێک لەو ھاوڕێیانەم کۆچیان کرد، دونیایەک یادەوەری بۆ ئێمە بەجێما و ئێمە ناچاربووین وەکو چیرۆکی تراژید کۆمێدی بیگێڕینەوە بۆ ئەوانی تر کەنرخی لە نێو ئەدەب و رۆشنبیریدا نەبێت لەھیچ شوێنێکی دیکەدا نییە، محەمەد موکری رۆماننوس بەنمونە کە بەشێکە لەو یادەوەرییەی من لەگەڵ ئەو ھەمە و ناتوانم بیگێڕمەوە، ھەڵبەت ئەویش وەکو خۆی گوتی نەیتوانیوە بەشێک لە یادەوەرییەکانی بگێڕێتەوە کە لەژیانی ئەودا ھەن و تەوزیفی نەکردوون، یان کەسێکی وەکو ئازاد سوبحی کە نەک ھەر وەکو کەسی ئاسایی نەمرد، بەڵکو ئەو پێش ئەوەی مردن بێت، بانگی مردنی دەکرد و ناچاری دەکرین بینوسینەوە، ھەروەھا ژنە یاخیە تاقانەکەی کورد ئەحلام مەنسوور کە ھەموو ژیانی یادەوەری بوو بەر لەوەی بمرێت خۆی ئامادە کردوو و یادەوەرییەکانی بەبێ ترس نوسیەوە چەندین کەسی تر کە ناتوانین ناوی ھەموویان ریزبەند بکەین، ھەروەھا ئەو یادەوەریانەی دیکە کەرەنگە سیناریۆی دیکەیان بۆ داڕێژرابێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی وەڵامیان نییە..

دار و بەرد و ئاوو وفەزای دیاریکراو لەشوێنکاتدا بۆ زیندووەکان، ھەروەھا بەسیمبول کردنی دار و درەخت لەو سروشتەی کە بۆتە بەشێک لە یادەوەری ئینسان، تەنھا ناونیشانی موقەدەس نییە لەزەینی ئینساندا کە رابردووەکان تۆماریان کردووە، بەڵکو ئەمە بەشێکە لە زیندوکردنەوەیەک کە مانای رەھا بەنھێنی مردن دەدەن، "ھەر درەختێکە بەشێکە لەو بوونەی کە ھەیەتی روانینی ئەو مرۆڤە وەکو میوە و ئەویدیکەیان وەک سوتەمەنی، لەوە کەم ناکاتەوە کە ھەر درەختە کەسێک بە بڕوای خۆی دەڕوانێتە درەختەکە وەک سوتەمەنی ئەوی تر لەسەر زەوی بە رەگو بەر و میوە وە ئەڕوانێتە بەرەکەی، بەڵام بوونی ئەو تەنھا بوونی درەختی خۆیەتی، لەم سەرچاوەیەوە دەتوانین بڵێین کە عەقڵی داھێنانی مرۆڤ بۆ ھەر شێوەیەک ئەڕوانێتە درەخت، چ وەک دیمەنێک بۆ جوانی یان بۆ سێبەر یان دەرمانێک بۆ نەخۆشی یاخود کورسیەک بۆ پاشایەک یان تەختەیەک بۆ داپۆشینی مردوویەک یان پارچەیەک لە پردێک بۆ پەڕینەوە، ئەو تەنیا بوونێکە لەژیاندا بە زەوییەوە، تەنیا بوونی درەختە، بەڵام لە مردنیدا چەند بونێکی لێدەبێتەوە، ناتوانین ئینکاری بکەین کە مردوویەتی ئەو لە دیاردەکانی تردا مردنێکە لە روانینی بەکارھێنەرەکان و زیندوێتیدا، کەواتە درەخت شتێکە". (٥) . ئەو حاڵەتەی کە درەخت دەکات بە یادێک بۆ زنیدوکردنەوە وەکو پێویستی یان وەکو سێبەر یان وەکو کورسی، لەو حاڵەتە بەدەر نییە کە دەکرێت بە زیندوکەرەوەی مردن بۆ ژیان، یان ئومێد بەخشین بەژیان، دەیان نمونەی لەو بابەتە لەکوردستان لە ناوچەی ئاغجەلەری سەر بەشاری کەرکوک و ھەروەھا لە بابەگوڕ گوڕ ھەیە کە ئیدیۆمێک لە شکڵی شیعر ھەیە ژنان دەیڵێن و بابە گوڕ گوڕ بەگوڕ ھاتم ئەمجارەیان بۆ کوڕ ھاتم) و لە داوداوای نزیک شاری کۆیە ھەمان مەزار ھەیە کە مێژووی ھەیە، لەھەورامان و لەشارباژێر و لەمێرگەسور و ناوچەی بادینانیش ھەیە، لەشوێنانی دیکەش ھەیە کە بۆتە مەزار و خەڵک بۆ بەردەوامی ژیان و دەرمان و چاکبوونەوە لە نەخۆشی و ئومێد گەڕانەوە و مانەوەی منداڵ لەژیان و لەدایک بوون و ھتد، مرۆڤ پەنای بۆ دەبات چ وەکو یادەوەری و چ وەکو یەکێک لە پێویستیەکانی دەرەوەی ئیرادە و زانست، ئەم حاڵەتە ئەگەرچی وەکو ترادیشن و بەشێک لە موقەدەس کردنی میسۆلۆژیا و ئەزموون کردن لەدەەرەوەی ئیرادە و وەکو جێماوە لە باب و باپیرانەوە، ئێستا لەکاتی عجزی ئیرادە بەسەر ھەر دیاردەیەکدا، ئەمە زیندوو دەبێت و دەبینرێت و دەسەلمێنرێت، نمونەی ئەو دارە گەورەیەی کە لەباخچەی گەورەی ماڵی پادشای دانیمارک بینیم، ئەوەبوو کە ژن و مێردێکم بینی لەبن دارێک دانیشتبوون دارەکە بە مەمەی منداڵ و گەمەکانی منداڵ ھەڵواسرابوون و دارەکەی نەخشاندبوو، ژن و پیاوێک بەدەم شەراب خواردنەوەوە دانیشتبوون بۆ ئەوەی نیازیان بەجێ بگات و منداڵیان بۆ بمێنێ زۆر بە ھیواوە دوعایان دەکرد بۆ ئەوەی منداڵێکیان ھەبێت و بەختەوەر بژین، لەکاتێکدا دانیمارک ئەو شوێنەیە کە لەرێگەی زانست و تەندروستیەوە ھەموو کێشەکانی ئینسانی چارەسەر کردووە، بەڵام ئەم کولتوور و یادەوەرییە تائێستاش وەکو کولتوورێک ماوەتەوە و بڕوایان پێی ھەیە.

(مردن پاشای یادەوەرییە)، ئەمە وتەیەکی لەخۆڕا نی یە، بەڵکو ئەزموونە لەرێگەی ئەو کردارانەی بوونە بەچیرۆکی دڵڕەقەکانی رابردوو کە لەنێوان ھێزە شەڕکەرەکاندا بەرپابووە، "سەربازێکی روسی لەدوا وێستگەی ژیانیدایە و گەمارۆدراون لەلایەن ھێزەکانی ئاڵمانیاوە، ھیچ دەرەتانێکی دیکەی نامێنێ و نامەیەک دەنووسێت و لەنامەکەدا ھاتووە کە ئێمە ھەم لەخۆشترین کاتین کە شەڕ لەپێناو باوەڕدا دەکەین و ھەم دەبینە یادەوەری بۆ ئێوە کەنامەکەمان دەخوێننەوە، چونکە ھەریەک لەو دێڕانە بەراستگۆییەوە نوسراون، ئەم رۆژانە وەکو پاشای مێژوو دەمێننەوە". (٦) لێرە مردن شێوەیەکی دیکەی پاشایەتیە بۆ ئەوانی تر، چونکە جێگەو رێگەیەکی تر لەمردووەکانی تر داگیر دەکات، بەوپێیەی بوون بە قوربانی بۆ ئەوانی تر، بەتایبەتی ئەو سەربازانەی کە لەدوای جەنگ و لەدوای سەرکەوتن لەجەنگ کە نائاسایی ژیان و لەناخۆشترین ساتەوەختی نێوان ژیان مەرگ و مان و نەمان بوونە، ئەو یادەوەرییە چ وەکو حاڵەتە تراژیدیاکە و چ وەکو حاڵەتە کۆمیدیەکان و چ وەکو لەدەستدانی خۆشەویستان و ھاوسەنگەرەکانیان، جوانترین وێنە لەزەینی بیسەرانی چیرۆکە یادەوەرییەکان دروستدەکات. ھەڵبەت ئەمە بۆ ھەر ھێز و ھەر دەوڵەت و ھەر ئاینێک ھەمان بەھای خۆی ھەیە بۆ ئەوانەی کەماون، لەمبارەیەوە دەتوانین دەیان و سەدان نمونەی نامە و دیکۆمێنت و چیرۆکی نەنوسراو بە بھێنینەوە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە مردنیان پاشماوەی کەسێک بۆ ئەوانی دیکەی کە ماون دەبێتە یادەوەری، نمونەی ئەو نامانەی لەلایەن یەخسیرەکانی جەنگی نێوان ھەردوو وڵاتی ئێران و عێڕاق وەکو یادەوەری ماوەتەوە تائێستا، یان ئەو نامانەی کە لەزیندانەوە بۆ کەسوکاری شەھید و کۆچکردووەکان وەکو یادەوەری ماونەتەوە.

بەشێک لە یادەوەری شیعرە، وەختێک رووداوەکە موقەویماتی چیرۆکی تیانییە و نابێتە چیرۆک، وەکو (فردیناند الکییە) دەڵێ " چیت لەمن دەوێت ئەی یادەوەری، لەکاتێکدا خۆ جێگەم نابێتەوە لەتۆدا". ئەمە ئەو ساتەوەختەیە کە ئینسان ناتوانێ لەتێکستێکدا یان لەچوارچێوەیەکدا پاڵەوان و شوێن و رووداو لەحەبکەیەکی چیرۆکدا کۆبکاتەوە، ھەموو ئەوکەسانەی کە بەھای یادەوەرییان لەلا نەماوە، یان لانیکەم سۆزیان بۆ رابردوو وەکو نۆستالیژیا نییە، یان غائیب واتە نائامادەن، بۆیە ئێستا بەشێوەیەکی دیکە ئامادەن لەنێوماندا، یان ئەوەیە کە دوور نییە کەسێک بێت لەو کارێکتەرە ئەفسانەییانەی کە لەدونیای دۆنای دۆنەوە جارێکی تر ھاتوونەتەوە.

"ناکرێ و قورسە کە رابردوو وەکو خۆی بمێنێتەوە، ناشکرێ وەکو کەرەستەی ماڵ چۆن کۆن بووە و بووەتە بەشێک لەیادەوەری، بەڵام مردوویەکی زیندووە بەبێ گوتن، ئەمە ئەو وێنەیەیە کە لەگەنجینەی مێشکدا ھەندێکجار کاری پێدەکرێت، بەڵام ستایلی رابردوو گرێدراوی ئەو شتانەیە کە لەھەڵوێست و ھۆشیارییەکدایە کە ئیلھامی لێوەردەگرین، بۆیە ھەموو ئەو شتانەی درکی پێدەکەین و ھێشتا نەھاتوون لە زەمانی ئێستادا ھەیە کەتێیدا دەژین، ھەموو وێنەکانی رابردووش ھەمان وێنەی ئێستان، کەوابوو یادەوەرییمان تەنھا بۆ رابردووە، بۆیە رابردوومان دەکات بە ئێستا، ئەمە ئەو ناھۆشیارییەیە کە لەساتەوەختێکدا وەکو مردوو کارمان پێدەکات" . (٧) ھەر ئەو یادەوەرییەیە کە وامان لێدەکان لەبەرامبەر کەسێک مردوو و لەدەست چوومان لەمەراسیمەکانیان رێگە لەژیانی ئێستامان بگرێت، ئەم حەسرەتە لەدڵ و مێشکی ئامادەبوویەکدا نەبێت، چۆن کەسێکی نائامادە و مردوو دەتوانێت رێگەی لە ستایلی ژیان بگرێت لەئێستادا، ئەمە ئەو حەسرەتەیە کە عەقڵ بەشداری بەتێگەیشتنی جیاواز دەکات لە روانین بۆ مردن و ژیانێکی تر، ھەر کەسێک بتوانێ یان ئیرادەیەکی قورس بەسەر خۆیدا زاڵ بکات و لەو تێگەیشتن و فەزایەک دوور بکەوێتەوە، بەشێک لەرووحیەتی ئینسانی لەدەست دەدات، جا با ئەو لەدەستچووە ئینسان، یان ئاژەڵ یان درەخت یان ھەر بوونەوەر یان شتێکی تربێت کە لەدوای رۆشتن و لەدەستدانی بووە بە یادەوەری و حەسرەت لەدڵ و مێشکدا.

گوتمان یادەوەری سۆزە بۆ رابردوو، ئەمە باوەڕێک نییە کەسێک بڕوای پێی ھەبێت و کەسێکی تر بەناوی جیاوازیەوە لە سروشتی بوونی ئینسان و ئیرادەگەرییانە، پێمان بڵێ من سۆزم بۆ رابردوو نییە، چونکە ئینسان کائینێکی کۆمەڵایەتییە و بەبێ ئەوانی تر و دەوروپشتی بوونەوەرێک نییە ناوی ئینسان بێت، کەواتە حاڵەتەکە کۆمەڵایەتیە و رەتکردنەوەی زەمەنی رابردووە وەکو یادەوەرییەک، ویستێک مەحاڵە کە مانای راگرتنی سەیرورەی زەمەنی کۆمەڵایەتییە کەئەمە نوکتەیە و ناکرێ و سروشتی نییە، تاکو بۆ خوێندنەوەی زەمەنە ئێستایی و رابردووەکانی ئینسان کەڵکی لێوەربگرین.

مردن لەنێو زماندا.

ئەوکاتەی زمان دوچاری عجز دەبێت، واتە زمان مرد، ئەوکاتەش کە مردن لەنێو زماندا مانایەکی بۆ نادۆزرێتەوە، واتە جەستە لەبەردەم مردندایە، ئەم کێشەیە تائێستا یەکلایی نەبۆتەوە مەگەر لەنێو تێزە ئەدەبیەکان و ململانێی ئەدیب و دانەر و تێکست نەبێت، ئەو کاتەی کە ژیان دەکەوێتە مەترسییەوە نیسبەت بە گشت و تەنانەت بۆ تاکیش، ئیدی زمان جگە کڵۆڵی قودرەتێکی نامێنێت مەگەر گێڕانەوەی یادەوەرییەکان، یان پێاھەڵدان و دەربڕینی سۆز بۆ ئەو کەسەی یادەوەری جێدەھێڵێت کە مەبەست لەکەسی مردووە، ئەوە زمانە کە بەشێوەیەک مەرگ دەردەبڕێت و دەڵێ مەرگ واتە گەڕانەوە بۆ توخمی رەسەنی بوونەوەری لەبەرد یان لە قوڕ دروستکراو، ئەگەرنا کوا لەکوێ ئەم لۆژیکە جێگەی دەبێتە ئینسان لە قوڕ و بەرد دروستکرابێت، بەتایبەتی ئێستا کە تەکنۆلۆژیا و زانست ھەموو شێوە دروستبوون و جیناتێکی رەسەن و ناڕەسەنی ئاشکرا کردووە.

دروستکردن و گێڕانەوەی داستان بەزار، ھەروەھا قایل بوون بەوەی بمری بۆ ئەوەی ئەوانی تر بژین، رەنگە مەبدەئێکی ئایینی یان سیاسی یان ئیدیۆلۆژی سەرمەستانەی تێدابێت تاکو پلەی دەورێشی، بەڵام بیرکردنەوەکە لەزمان بترازێ شتێکی تری واقیعی نییە، ھەر بۆ نمونە ئەو کاتەی کە مەسیح لەبێدەسەڵاتیدا بانگی خودا دەکات بەتەنھا و بەبێ کەسی بەجێی نەھێڵێت، مەبەستی رزگارکردنی بووە لەوانی تر بەڵام بەزمان، ئەگەرنا خۆ مەسیح دەیزانی مردن لەھەموو کاتدا بەدەست خودا نییە، چونکە ئەو بێئومێدییەکی دروست کردووە بۆ ئەوەی ئینسان بەئومێدەوە بژی بۆ دونیایەکی تر.

تازیە (ماتەم) ...
راوەستانێک بۆ مردن.

تازیە ماتەمینی، ناوێکە بۆ کۆبوونەوەی ئەو کەسوکار و خەڵک و دۆست و ئازیزانەیە کە بۆ مردوو ئەنجامی دەدەن، سروتێکە ھەم ئاینی و ھەم کۆمەڵایەتی، ئاینیە چونکە فەرز وایە مردوو کە رۆیشت دەبێ لاشەکەی وەکو مەخلوقی خوا رێزی لێبگیرێت و ماتەمی بۆ بگێڕدرێت و دوعا و نوێژی بۆ بکرێت، ئیدی ھەر ئاینێک بەگوێرەی نەریتێک کە بۆی دانراوە، لایەکی ترەوە کۆمەڵایەتیشە چونکە لەدوای مردنی کەسێک ھەموو ئەوانەی ناسیاون لە کەسی نزیکی مردووەکە کۆدەبنەوە، نەک لە لاشەی مردووەکە، شاردنەوەشی بۆ ژێر زەوی بێت یان سوتان یان فڕێدان بێت بۆ ناو ئاو ھەر جۆرە سروتێک بێت، سەرەنجام بەسروتێکی کۆمەڵایەتی سازدەکرێت.

لەتازیەدا تەنھا رێزگرتن نابینرێت بۆ کەسوکاری مردوو، بەڵکو زیندووکردنەوەی جۆرە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیشە، جگە لەمەش زیندووکردنەوەی یادەوەری و رۆژەکانی کەسی نائامادەیە وەکو نۆستالیژیایەک بۆ کۆتایی ژیان کە پنتێکی سڕکەرە بۆ ئەوانەی ماون لەدوای مردوو، بۆیە لەئاستی کۆمەڵایەتیدا لیخۆشبوون لەھەر شتێک ھەیە تەنھا ئامادە نەبوون لە تازیە، چونکە بەچەند لێکدانەوەیەک پێناسەدەکرێت یان ئەوەتا دڵخۆشە بەلەدستدانی کەسە مردووەکە، یان ئەوەتا گەرەکیەتی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکە بپچڕێنێت، یان ئەوەتا کەسێکی بێباوەڕە بەئاین و بە سروستی کۆمەڵایەتی کە بەشێکە لەنەریتی پێکەوەژیان و لێبوردەیی.

ھەندێک تازیە ھەیە لەچەشنی شایی و ئاھەنگ دەچێت، ئەم سروتە لەنێو ئەو کۆمەڵگە و تیرانە باوە کە دوژمنیان ھەیە و ناھێڵن دوژمنەکانیان بەلەدەستدانی کەسێکیان بەتایبەتی پاڵەوان بێت، دڵخۆشبن، بەمەش دەستدەکەن بە شایی و ھەڵھەڵە لێدان و شیرینی بەخشینەوە و ونکردنی ماتەم بۆ ئەوەی ھەواڵەکە نەگاتە ئەوانی دیکەی دوژمن، یان لانیکەم ھەواڵی مەرگی مردوو یان کوژراوەکە وەکو پاڵەوانێک و کەسەکەشی وەکو خۆڕاگرێک بگات بەلایەنەکەی دیکە، بەتایبەتی تر ئەگەر کەسە مردووەکە بەدەستی لایەنەکەی دیکە کوژرابێت، ئەم سرووتە لەگەرمیانی کوردستان ھەیە و بەتایبەتی لەناوچەی کرماشان و خانەقین و جەولەولا و باجەلان و ھتد. وەکو سۆسیۆلۆژییەکانیش باسی دەکەن لە کولتووری بەشێک لە کۆمەڵگەی ھیندستانیش ھەیە، ئەم تێگەیشتنە لەمێژە ھەیە بۆ بەرپەرچدانەوەیەکی مەعنەوی دوژمن کە گوزارشتە لەوەی کۆڵنادەن و بەردەوامن لە دوژمنکاری و دەستشکانەوە و رووبەڕووبوونەوە.

ئاین لایەنێکی دیکەی زیندووراتگرتنی تازیەیە کە فەزایەکی کۆمەڵایەتی دەخوڵقێنێ، لێرەدا دەردەکەوێ کە ئاین پێگەی سەرەکی لەنێو ژیانی کۆمەڵایەتییە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاینەکان، مەبەستم لەھەموو ئاینەکان کە لەرێگەی ماتەم و گۆڕستان و مەراسیمی ئاینیی بۆ مردووەوە کەڵک وەردەکرن، ئەم ترادیسیۆنە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، تەنھا کولتورێکی کۆمەڵایەتی نییە بۆ خۆ بەرھەمھێنانەوە، بەڵکو دەسەڵاتی سیاسیش گەرەکیەتی لەرێگەی ئەو مەراسیم و ترادیسیۆنە کۆمەڵایەتیە کە لەسەر جەستەی ونبووی کەسێکی مردووەوە، خۆیان بەرھەمدەھێننەوە و جارێکی تر قیمەتێکی دیکە بەژیانێک دەدەن کە خۆیان بۆ مەرامی خۆیان بەرھەمھێان ھێناوە.

بۆچی بایەخ و گرینگی بە ناشتنی مردوو دەدرێت بۆ نێو گۆڕ و بۆ ژێر زەوی، ئەمە ئەو پرسیارەیە کە وەکو ئەوەیە چی لە مردن بکەین کە دوای لەدەستدانی کەسی مردوو، جەستەکەی چی لێبکرێت، ئەو ئەفسانەیە لەبەر دەستە کە دوای کوشتنی قابیل لەلایەن ھابیلەوە، دواجار نازانێت چی لەو جەستەیە بکات، ئەو دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر کە ھیچ رێگەیەکی چارەسەری بۆ لاشەکە نەبوو، دواجار سۆزی خودا قەلەڕشێکی بۆ ھەناردە کرد کە چۆن لاشەی براکەی لەژێر خۆڵدا بشارێتەوە، گومانی تێدانییە بکوژەکە بەرلەوەی قەلەڕەشەکە ببینێت، زۆر پرسیاری بەخیاڵدا ھاتبوو، ئەو پرسیارانەی کە سەرچاوەکەیان وەستانی بووە لەبەردەم لاشەیەکی بێگیاندا کە جوڵە لەسەر زەوی کەوتووە، ئەم دیمەنە کوڕەکەی ئادەمی تۆقاندووە، دوای ئەوە بیر لەوە دەکاتەوە بەھۆی ئەو تاوانەوە کە شتێک لەو لاشەیە بکات و وەکو خۆی جێینەھێڵێت و بەئەنجامی کەمتەرخەمی و رێکەوتەوە، لەئەنجامدا مرۆڤ فێری ئەوەبووە لەرێگەی بەخاکسپاردنەوە مامەڵە لەتەک لاشەی مردوودا بکات". (٨). ئەم شکیارییە ئەگەرچی بەشێکی ئەفسانەیە و ئایین پشتی پێبەستووە، چونکە تائێستاش کە عەقڵ و تەکنۆلۆژیا ھەموو سنوورەکانی دونیای بڕێوە کولتووری جیاواز ھەیە بۆ شاردنەوە یان بزرکردنی لاشەی مردوو، بۆیە شاردنەوەکە ئەزەلی نییە، بەڵکو لەدوای عەقڵێک ھاتووە کە ئیسنان بۆ ئەوەی خۆی نەبینێ ببێت بە خۆراکی جانەوەر و دڕندە، چونکە لەھەموو حاڵەتێکدا بکوژیش کوژراو بە پارچەیەک لە خۆی دەزانێ، بەوپێیەی کە سەرەنجام ئینسانە ئیسنان دەکوژێت بۆیە ئینتیمای بۆی ھەیە کە تەنھا ناکۆکی جودای کردۆتەوە لێی.

شەھید وەکو ئاکتێکی ریالیستی.

مەسیح یان پاڵەوانەکانی نێوەمێژوو کە بەرێورەسمی زۆر دڵڕەقانە کوژراون، یان بە ناھەق کوژراون، یان بەھەڵە کوژران یان لەپێناو مەبدەئێکی دروستکراو لەلایەن دەسەڵات ھاندراون بۆ گیانفیداکردن، نازناوی شەھیدیان بەرکەوتووە، بەتایبەتی ڤیگەریکی وەکو مەسیح کە ھەمیشە زیندووە لەزەینی کەسی ئیماندار یان کەسانی سۆزدار لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەمیشە لە تێگەی ئێمەدا ھۆکارێک بۆ مردن شەھیدبوونە، چونکە ڤیگەرێکی زیندووی زەینی نیشتیمانپەروەریی و شۆڕشگێڕی و پاڵەوانی چیرۆکی کۆمەڵایەتیە، ئەم ڤیگەرە ئاکتێکی زیندووە بەوپێیەی کە وێنەی لەسەر تابلۆ و دیوار و ئەو شوێنانەی کە ئیدیۆلۆژیا موقەدەسی کردووە، لەکاتێکدا ھەر خودی ئەم چەمکی شەھیدە دژی ئەو ئیدیۆلۆژیایە کە گیانی بۆ بەخت دەکرێت، سیحری ئەم چەمکە کۆمەڵایەتیە کە بەنەمانی جەستەی کەسێک تەواو دەبێت و لە زەینی خەڵک و بەجێماوەکانی دوای شەھید ھەمیشە زیندووە، وێنەی بوونێکە لەمردووەکانی دیکە زیاتر بەھای ھەیە، زیندووترین نمونەش عومەر موختار و قازی محەمەد و شێخ سەعیدی پیران و عەبدولقادر جەزائیری و عەبدولرەحمان قاسملو و شەرەفکەندی و ھاوڕێ فەھدی و ھاوڕێکانی حزیبی شیوعی و دەیان نمونەی دیکە ھەیە.

شەھید زاراوە یان چەمکێکی ئایدیاڵی (میسالییە) و مەبەست لەدابینکردن و مسۆگەر کردنی دونیایەکی دیکەی دەرەوەی واقیعی ژیانی ماتریالییە، بەمانایەکی تر شەھید ئەو بوونەوەرە زیندووەیە کە دونیایەکی مسۆگەر کردووە لە خۆشی و بەھەشتێک کە ھەمووان ھەوڵی بۆ دەدەن و ئاسان نییە بەدەستھێنانی، پیرۆزکردنەکەشی لەوێوە سەرچاوەی گرتووە بۆیە وەکو سیمبول تەماشا دەکرێت تاکو ببێتە مۆدێلێک بۆ ھەمووان.

"شەھادەت وەکو کۆتایی تێکست وایە وەک ئەو خاڵە وایە کە دواجار لەکۆتایی قەسیدەیەکدا دایدەنێین، واتە کۆتایی تەعبیر و سەرەتای بێدەنگییە، ئەو کۆتاییە شەھید ھەموو شتەکانی خۆی دەڵێت، ئەو ھەڵوێستێکی دیاریکراومان بە ئیرۆس بۆ جێناھێڵێت، بەڵکو ئەو چییەتی و چۆنیەتی مرۆڤمان بۆ بەرجەستە دەکات، کاتێک ھەڵوێست وەردەگرێت، ئەو لەبری ئێمە حوکم ناکات و لەبری ئێمە حوکمانادات، بەڵکو ئەو لەبری ئێمە دەمرێت، بۆیە دەبێت شەھید لە قوربانی جیابکەینەوە". (٩) ئەوەی کە لەرێگەی شەھادەتەوە بۆ ئێمە بۆتە نرخێکی جیاوازتر لە قوربانی و مردنی ئاسایی و مەرگی سروشتی و جۆرەکانی دیکەی کوشت و مردن، ئەوەیە کە شەھید ئارەزوومەندانە و بەویستی خۆی ئەو چارەنووسە ھەڵدەبژێرێت و مێژوویەک تۆمار دەکات کە بۆجێماوەی کولتورێکی دیکەی نەتەوە و ئاینە کە ئیدیۆلۆژیا ئاسمانیەکان مانای قوڵیان پێبەخشیوە و قەناعەتی بۆ گشت دروستکردووە کە شەھید نامرێ، ئەگەرنا ھیچ کات ئینسان بیر لەوە ناکاتەوە لەجیاتی ئەوانی دیکە بمرێت تاکو بمێنن، یان بیر لەوە ناکاتەوە بە ئیدیۆلۆژیای جیاوازەوە کە پێچەوانەوەی ییرکردنەوەی ئاینە، قەناعەت بکات شەھید بێت و پاداشتی شەھادەت وەربگرێت، بۆیە بەپێی فەلسەفەی بوون بەرەو نەبوون، ھەمان مردنە بەڵام شەھید مانایەکی دیکەی مردنی کۆمەڵایەتی یە و ھیچی دیکە.

مردنێکی دیکە ھەیە کە ھەر ناونیشانەکەی شەھیدە و ئامانجەکەش لەلای خودی مردووەکە کە شەھید، مانای شەھیدی ئاین یان نیشتیمان نادات، چونکە کەسەکە لەپێناو ئەوانی دیکەی ھاوڵاتی مەرگ ھەڵدەبژێرێت، "مردن لەجەنگدا تەنھا بۆ نیشتیمان و بۆ خودا نییە وەکو ئەوەی لەسەردەمی شەڕی سەلیبیدا واتە (خاچ پەرستی) ھەبووە، بەڵکو مردنێک بووە لەپێناو ئەو ھاوڕێیانەی کە پێشتر خۆیان بەخشیوە، یان شەھید بوون، تەنانەت ئەوەی دژی دوژمنیش یان کافر بوونە، بەشێوەیەک لە شێوەکان لەپێناوی خودا ئەو عینوانەیان پێداوە، ھەروەھا ئەوانەش لەدوای جەنگ مردن لەپێناو نیشتیمانەکەیان نەبووە مردنەکەیان، بەڵکو قەناعەتێک بوو کە چاکەکەری بووە بۆ نیشتیمان وەکو جەستەیەکی روحانی، ھەڵبەتە خوشەویستی لەپێناو نیشتیمانیش وەکو جەستەیەکی ئەخلاقی و سیاسی بۆ ھاوڵاتیانی دیکە بووە، ئەم زاراوەیەش بۆ جەستە زاراوەیەکی روحانیە و مردنیش لەپێناو ئەو دۆزە بەپیرۆز زانراوە". (١٠) با وەھا تەماشای ئەو جۆرە مەرگە بکەین کە لەلای ئاینێکی دیکەی دەرەوەی ئاینەکانی رۆژھەڵات، کەسێک لە پێناو نیشتیمان خۆی بەکوشت دەدات، بەناوێکی وەکو قوربانی یان گیان فیدا ھاتووە، دیسان ئەم مەرگە لە مەرگەکانی دیکە جودا دەکرێتەوە بەمانای ئەوەی کە لەپێناو قیمەتێکی دیکەی ژیان بۆ مانەوەی ئەوانی تر گیانی بەخت کردووە، لێرە تەنھا زاراوەکە جودایە، نەک شێوەی تێڕوانینی ئیدیاڵەکە بۆ کەسی مردوو، ئەم رێگە نەمرییە کە لەبنچینەدا کەسی مردوو ھەڵینەبژاردووە بەڵکو دەسەڵاتی ئیدیۆلۆژی یان دەسەڵاتی سیاسی نیشتیمانی کە گوایە لەپێناو پاراستنی دەوڵەت و نیشتیمانە خۆی بەکوشت داوە، نازناوێکی وەھای پێدەدرێت کە ئەوانی دیکەی ھاوڵاتی، وەکو چاولێکەرییەک یان لاسایکردنەوەیەک یان کۆمەک کردنێک یان ھەوڵێک بۆ گەیشتان بەھەمان شوێنی داھاتووی ژیانی خەیاڵی، یان خۆ موقەدەس کرد نیان بەرز راگرتنی خانەوادە و خۆ بەخت کردن لەپێناو ژیانێکی ئاسودە بۆ ئەوانەی لە پاش شەھید یان گیانفیداکە دەمێننەوە، لێرەوە ئیمتیازی شەھید وەکو موڵکیەتێک یان جیماوەیەک بۆ ئەوانی تر چۆن زیاتر لە تێگەکانی دەوڵەت دەبێتە جێگەی شانازییەکی کوژراو بە شەھید لەقەڵەم دەدات و ئەوانی تر بە کوژراو یان کوفر یان مردوویەکی ناحەز و ناشرین، ئەمە ئەو مۆدێلە ئاینیەیە کە لەئەنجامی خۆ بەھەق زان و ئەوانی تر بە ناھەق سەرچاوەی گرتووە، ھەڵبەت ئەم تێگەیشتنە تەنھا لە رۆژھەڵات نەبووە، بەڵکو لە رۆژئاوا و لە مێژووی ئیمبراتۆریەتیەکانیشدا ھەبووە کە لە ئەنجامی کوشتنی سەربازێک یان گروپێک لە سەرباز، جۆرێک لە دەمارگیری خوڵقاندووە و بووەتە ھورەیەک بۆ ئەوانی تر تاکو گیانیان فیدابکەن لەپێناو ئەو پرنسیپەی کە ھەڵگرین یان جەنگی لەپێناو دەکەن، بەمەش شەھید دەبێت بە شوناسێکی کراوە بۆ سەرباز و جەنگاوەرەکانی دیکە کە ئامادەی جەنگن لەپێناو پرنسیپی ئیدیۆلۆژی یان دەوڵەت یان ئاین و ھتد.

ئەوە ئاشکرایە کە شەھید نازناوێک نییە بۆ ئەو کەسەی ھێشتا نەمردووە، بەڵکو چەمکێکە بۆ ھاندانی ھەمووان تاکو بگەن بەو وێستگەیە یان ئەو پلەیە، ئیدی بۆ ئەوانی دیکەش کە بەچاوی خۆیان ئازیزیترین کەس دەبینن بەدەستی نەیار و دوژمنەکانیان دەکوژرێت، گەرەکیانە ئەو نازناوە بەدەست بھێنن، بەو عەقلیەتەی کە ئەوان نازناوەکە بەگوێچکەی خۆیان دەبیستن کە ھێشتا لە ژیاندا ماون، ئەم حاڵەتە لەسەر وەختی زۆربەی شۆڕشەکانی دونیادا مەسەلە و چیرۆکێکی زیندووە کە بۆتە چیرۆکی ئەدەبی. لەسەردەمی شۆڕشەکانی کوردی بەیەکجاری بووە بە فاکتێکی رەسەن و قەناعەتێک کە دایک و باوک و ھەمووان گوێ بە لەدەستدانی جەوانەکانیان نەدەن و بەو ھیوایەی شەھید بن ھانیانداون تاکو شەھید بوون، رەنگە کەسی کوژراو ھەر بەو ئامانجە چوبێتە بەرەی جەنگ، ھەروەک ئەوەی لە شۆڕشەکانی کوردی و لە جەنگی فەڵەستین و لە شەڕی عێراق ئێران بەھەردوولایانەوە ھەمان تێگەیشتن ھەبووە بۆ گیان فیداکردن.

ئێمەی رۆژھەڵاتی و کورد بەتایبەتی، شاھیدی مەرگی جۆراوجۆرین، رەنگە ئینسانی ئاسایی ھەر ئەو جۆرە مردنە ببینن کەئینسان ژێرخاک دەکرێت و دەشاردرێتەوە، بۆیە جۆرێکی تری مردن ھەیە لەنێوان کەسی ئاسایی و کەسی نائاسایی یەکلایی نەبۆتەوە، بۆ نمونە مەرگی پێغەمبەران و چاکەکاران و فەیلەسوفان و عارفان، مەرگێکی نائاسایی یە، ئەم جۆرە مەرگانە ھۆکارێکن بۆ جوانکردنی مانای مەرگ و بەپێچەوانەوە ھۆکارێکن بۆ جوانکردنی مانای ژیان.

جوانکردنی مانای مەرگ لەتێڕوانینی ئەو کەسانەوە ھاتووە کەوەکو وانەیەک تەماشای ئەو مردنە دەکەن، گوایە مردنەکە شێوەیەکی ئەخلاقی وەرگرتووە بۆ ئەوانەی لەپاش مردووەکە جێدەمێنێ و حەزی مردن لێرەدا دەبێتە حەزێک وەکو ژیانێکی نوێ ھەوڵی بۆ دەدرێت، ھەڵبەت وشەی چاکەکاران مانایەکی ئاینی و (میسالی) ئیدیالی وەرگرتووە، رەنگە بۆخۆی چاکەکار مانای جیاوازی فەلسەفی و مانای کۆمەڵایەتی ھەبێت، بەڵام لێرەدا واتە ئەو کەسانەی کە کێشەیان بۆ کەسانی پاش خۆیان نەبووە و ھەرچی قسەی باش و نەستەق و نەسیحەت و وانەیە گوتویانە بو خەڵک کردویانە بە مۆدێک تاکو لاسایی بکرێنەوە و ژیان جوان بکرێت، بەپێچەوانەشەوە مردنیش وەکو شێوەیەکی دیکەی جوانی ژیان بێت، ئیدی ئەوان وەکو فەیلەسوف خەمی ژیانێکی باشتر بوون بۆ تەواوی ئینسان کەھێشتا تێنەگەیشتوون مانای کڕۆکی ژیان چییە، تاکو تێبگەن مانای مەرگ چییە و بۆچی کەسێک لەنێوماندا لەپڕێکدا نامێنێ و دەبێتە یادەوەری، ئەمە کۆجیتۆیەکە بۆ جوانکردنی شێوەی ئەو مردنەی کە بەخاکی و سادەیی دەبنە مانای مەرگێکی ئاسایی.

مەرگی نائاسایی وانەیەکی دیکەیە بۆ ئەوکەسانەی کەھێشتا لەبەھای ژیان و ژیاندۆستی بۆ بیرکردنەوەی ئینسان تێڕوانینیان لاواز و کەم بایەخ و بێنرخە، بۆ نمونە ئەو شێوە مردنەی کەسێک بەر ھەورە بروسکە دەکەوێت، یان ئەو کەسانەی کە بوونە قوربانی مەرگی بەکۆمەڵی وەکو تسۆنامی و بومەلەرزە کە ھەردوکیان روداوی سروشتی بوون، واتە مەرگی سروشتی بەکۆمەڵ کە ھێشتا ئینسان بەو شێوەی بیری لێنەکردۆتەوە، ئەم نائاسایی بوونە بۆ مەرگ، شێوەیەکی دیکەی جوانکردنی ژیانە کە چۆن بیر بکەینەوە ئیدی سروشت و توڕەبوونەکانی لەسەروی ھەموو حەزو ئارەزوویەکەوە بۆ مەرگدۆستی، خۆشەویستی بۆ مەرگ لێرەوە دەستپێدەکات بۆ ئەوانەی دەیانھەوێ باش بژین بۆ ئەوەی جوان بمرن بۆ دونیایەکی تر پاداشت وەربگرن.

مەرگی ئاسایی ئەو مەرگە ناشیرینەیە کە خەڵک ھیچ مانایەکی بۆ نادۆزنەوە کە بۆچی ژیا، چونکە مەرگ موستەحەقی ژیانیان بووە، سا با سزا بێت یان خۆڕسک، نمونەی جەللاد و پیاوی خراپ و ھتد. لێرە مەرگ بەرھەمھێنەری ژیانە، چونکە پەیامەکە تێکۆشان بووە بۆ ژیان و کاریگەری ھەبووە، تاکو تاکەکە لەپێناویدا بمرێ، ناوی قوربانی و پێشمەرگە و گەریلا و خۆبەخش و ھتد لەوێوە ھاتووە کە مەرگیان پێش مەرگی خەڵک کردووە و خۆیان کردووە بەقوربانی گشت، ئەم بابەتە مەبدەئی و باوەڕی ئاینی و ئیدیۆلۆژی سیاسیە، بۆیە جوانکردنەکە تەنھا لەکن کۆمەڵێک خەڵکی سەر بەو باوەڕ و ئاین و ئیدیۆلۆژیایە دەمێنێتەوە کە نەمرن. 

_____________________________________________
سەرچاوە:
١: د. ئەمەل مەبڕوک. فەلسەفەی مردن لە فیرعەونەوە تال اکان. وەرگێڕانی بۆ کوردی. ئارام ئەمین شوانی، بڵاوکراوەی کتێبخانەی فێربوون. ساڵی ٢٠١٥. ل١٩٢.
٢: د. سەبور عەبدولکەریم (شکار). چەمکی ژیان و مردن لەشیعری مەولەوی و مەولانای رۆمی دا. زنجیرە بڵاوکراوەکانی دەزگای غەزلنووس. ساڵی ٢٠١٤. ل٣٥١.
٣: جاک شورون . الموت فی فکر الغربی.. ترجمە. کامل یوسف حسین. مراجعە و تقدیم. امام عبدولفتاح امام. سلسلە الکتاب عالم المعرفە. ل٦٨.
٤: ) فاوست. جیتە. اعمال خالدە ٣. ترجمە. د. عبدالرحمن بدوی. منشورات دار المدی. گبعە الپانیە. ٢٠٠٧. ێ٥٢٨.
٥: ) داھێنان و مەرگ. سەڵاح حەسەن پاڵەوان. زنجیرە کتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. ساڵی ٢٠٠٢. ل١٨.
٦: جمیل عبدللە. الموت و الانبعاپ و الخلود. من ژکریات جیش الاحمر فی حرب العالمیە الپانیە.
٧: التوق الی الخلود. فردیناند الکییە. ترجمە. سنا خوری. منشورات . گریق المعرفە. سنە ٢٠٠٩. ل٣٢.
٨: بوساحە ئەحمەد. مردن لەروانگەی ئایینەکانەوە. وەرگێڕانی بۆ کوردی. دانا مەلا حەسەن، بلاوکراوەکانی ناوەندی ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. چاپی دووھەم ساڵی ٢٠١٦. ل٥٥.
٩: چێژی مەرگدۆستی. بەختیار عەلی. ناوەندی ئەدەب و ھونەری ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. ساڵی ٢٠١٥. ل٢٦٥.
١٠: جان توشار. بمعاونە لویس بودان و بیان جانین و جورج لافو و جان سیرینلی. تاریخ الفکر السیاسی. ترجمە. علی المقلد. دار العالمیە للگباعە و النشر و التوزرع. بیروت ١٩٨١. ل١٨٩. 

_____________________________________________

بەشی دووەم: www.emrro.com/rehendekanimirdin2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/rehendekanimirdin1.htm

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک