په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٩\٢٠١٣

    رەعنا.

نارین محەمەدی

خۆت مەدە دەست ئەم مەرگە بێ دەرەنجامەوە
دەستت بدە با پێکەوە دەرگاکانی گازندە دابخەین
ئەم مەرگە باش باش شارەزای جەستە پڕ شەهوەتەکانە
وەرە با چاوە تینووەکان، پڕ بکەین لە لەنجەولاری لەشمان.
     *     *     *
وتم خۆت مەدە دەست ئەم هەموو دەستە نامۆیەوە!
وتم بیانوو مەگرە…
لەشت مەکە بە قوربانی سمێڵ و چەمجە و گۆچان
وتم وەرە، با قەڵەمەکەی من لە سەر جەستەت سەما بکات
وتم وەرە، با بتکەم بە میوانی وشە باکرەکانم
وتم وەرە، تابلۆکانم دەبن بە میوانخانەی لەنجەولارت.
     *     *     *
ئەڵێم رەعنا!
تا ئێستا دڵت بووەتە میوانی هیچ ژنێک؟
خۆرپەی دڵت قورسایی دەستی هیچ مێیینەیەکی بە خۆوە دیوە؟
     *     *     *
ویستم بە گوێتا بڵێم،
کە لێوم نزیکی گوارەکانت کردەوە…
لە سنوور تێپەڕیبووم
هێشتا بریقەی گوارەکانت… رەعنا!
     *     *     *
ئەڵێم رەعنا!
مەمکەکانت لە نێوان دەست و لێوانمدا
نەشئە ببوون،
وەک پەرییەکی خومار، خۆت دابووە دەست لەشمەوە.
     *     *     *
وتم وەرە!
ئەم ئاگرە بەقای بۆ کەس نەبووە
وەک هەمیشە قامک لەسەر لێو وتت:
وس بە! شەرم کە، شەرم!
     *     *     *
قاچێکم لەمبەری سنوور و ئەویتریان لەوبەر
پاڵداوینی کراسەکەت لە نێو دەستی من و
فەقیانەکانت لە نێو دەستی ئەو
وتم: و….ە…ر……..ه!
خۆت مەدە دەست ئەو مەرگەوە…
     *     *     *
رەعنا!
لە جوانییەکەی جارانت بڵێ
مەڵێ روومەتت پڕ بووە لە چرچ و لۆچ!
مەڵێ کە بێ دەرەنجامتر لە مەرگی!
مەڵێ کە مەمکەکانت داچەکاون و
کراسەکانت چیتر شانازیی بە بەرزایی ژێر ملتەوە ناکەن!
تۆخوا رەعنا، وێنەیەکم بۆ بنێرە
نا نا مەنێرە، قەینا!
نامەوێت دیمەنی ئاوێتەبوونی لەشمان
ببێت بە کابووسی قاقای ئەو سێبەرانەی
پاڵداوێنی کراسەکەتیان لە چنگم دەرهێنا!

 

ماڵپەڕی نارین محەمەدی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک