ڕێککه‌وتنی ئه‌منی و هه‌ڵته‌کانی کۆڵه‌گه‌ی وه‌ستاوی هه‌رێم!
سه‌دیق ره‌نجبه‌ر
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له ڕۆژی 27-11-2008 دا، له کۆی ئاماده‌بوانی 198 په‌رله‌مانتار به زۆرینه‌ی 149 ده‌نگ که هاوپه‌یمانی کوردستانیشی تیا بوو، ڕێککه‌وتنامه‌ی ئه‌منی نێوان ئه‌مریکا- عیراقی په‌سه‌ند کرد. ئه‌و ڕێککه‌وتنامه‌یه کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا بۆ 3 یان 4 ساڵی داهاتوو دیاری ده‌کا. به‌گوێره‌ی لێدوانی نوێنه‌رانی کورد به شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌رکه‌وت که چ له پێش و چ له پاشی ئیمزاکردنی ڕێککه‌وتنه‌که، زۆر په‌رۆشی ئیمزاکردنی بوون و هه‌تا پێشوازیه‌کی گه‌رمیشان له ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌که کرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک خاڵی دیاریکراوی وه‌های تیدا بێت که ماف و ده‌سکه‌وته‌کانی هه‌رێمی کوردستان له دوای 4 ساڵی تر زامن بکات.
ده‌بوایه ده‌سه‌لاتدارانی کوردی به‌لای که‌می بوێرانایه به ئه‌مریکیه‌کان بڵێن ئاخر که ئێوه لیره له عیراقی ئه‌نفال و خوێن ده‌ڕۆن، لایه‌نی عروبه‌ی شۆڤینی لێمان هار ده‌بن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له پڕۆسه‌ی ئازادی عیراق و روخانی ڕژێما یارمه‌تی ئیوه‌مان داوه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئێوه بکشینه‌وه شتێکی وه‌ها نه‌که‌ن که له‌دوای کشانه‌وه‌تان مافه‌کانمان پێشێل بکرێت، به‌لای که‌می ڕێککه‌وتننامه‌که مه‌رجی ئه‌وه‌ی تیابێت که له‌دوای کشانه‌وه‌تان،( نه‌ک ته‌نیا پێشی کشانه‌وه) ده‌بێ عیراق مولزه‌م بکرێت به جێبه‌جێکردنی ده‌ستوور، له‌وانه فیدراڵی و مادده‌ی 140، به‌کارنه‌هێنانی له‌شکری عیراق بۆ لێدانی کوردان، چونکه به گوێره‌ی ئه‌زموونی کوردی، لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌کان قبولی مافی کوردان ناکه‌ن، بۆیه عروبیه‌کان ژێرچه‌پۆکمان ده‌که‌نه‌وه، ڕه‌نگه به‌شێوه‌ی ئه‌نفالێکی تر تۆله‌مان لێ بکه‌نه‌وه! به‌لام که ده‌سه‌لاتدارانمان وه‌ها ناکه‌ن ئه‌وه له به‌دبه‌ختی کورده.
ئه‌گه‌ر ئه‌و رێککه‌وتنامه‌یه بخوێنیته‌وه، ئامانجی ئه‌مریکات بۆ ده‌رده‌که‌وێ ئه‌ویش له کۆتایی ساڵی2011 ، به رووسووری ده‌رچوونه له عیراق، لکاندنه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستانه به عیراق له‌پاش ئه‌و دابڕانه زۆره‌ی ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991، جگه له‌وه‌ی که ده‌یه‌وێ بۆ هه‌ڵبژاردنی کۆنگرێسی داهاتوو، چه‌کی کشانه‌وه‌ی عیراق له‌ده‌ستی دیموکراته‌کان ده‌ربێنێ که له هه‌ڵبژاردنه‌کانا، زۆرینه‌ی کۆنگرێس و سه‌رۆک کۆماریان پێبرده‌وه. هه‌روه‌ها په‌یامێکیشه بۆ وولاتانی جیهان که ئه‌مریکا نیازی باشی هه‌بووه‌و هه‌یه، بۆیه بڕیاری کشانه‌وه‌ی داوه، واته مه‌به‌ستی هێورکردنه‌وه‌ی گرژیه‌کانه له ناوچه‌که و جیهاندا.
له ڕێککه‌وتننامه‌که‌دا دوو خاڵی وه‌های تیایه گوایه بۆ کورد قازانجه و خاڵێکیان دووجار دووباره کراوه‌ته‌وه، ئه‌ویش پاراستنی عیراقێکی فیدراڵی ده‌ستووریه له عیراقدا، هه‌روه‌ها خاڵی دووه‌میان ده‌ستێوه‌رنه‌دانی له‌شکره له ناکۆکیه‌کانی نێوان هێزو لایه‌نه سیاسیه‌کاندا، به‌لام خاڵه‌کانی تر سه‌رجه‌می سوودی عیراقی تیایه به‌بێی کورد. بۆ نموونه به‌رگری کردن له عیراق له کاتی پێویست، ئاسانکاری و یارمه‌تی له رووی ئابووریه‌وه، کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له کۆتایی ساڵی 2011. خاڵێکی تریشی تیایه له‌وانه هاوکاری هاوبه‌ش بۆ لێدانی تیرۆریستان و لاده‌ران له قانوون، دیاره لاده‌رانیش له یاسا قسه زۆر هه‌ڵده‌گرێ، ئه‌مه‌و خاله‌کانی تر ئه‌گه‌ر هه‌مووشی نه‌بێ، ئه‌وه زۆربه‌ی پڕۆتۆکۆلین و باسی شێواز‌و چۆنیه‌تی مانه‌وه‌ی له‌شکری ئه‌مریکا ده‌کا له ماوه‌ی ئه‌م 3 ساڵه‌ی داهاتوودا، هه‌تا کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانیان.
ئه‌و خاله‌ی که بۆ کوردان پۆزه‌تیڤه، پاراستنی عیراقێکی فیدراڵی ده‌ستووریه، هه‌روه‌ها ده‌ستیوه‌رنه‌دانی له‌شکریش، به‌لام ئه‌م ڕێککه‌وتننامه‌یه که له کۆتاییه‌که‌یدا ده‌لێ ئه‌م ڕێککه‌تننامه‌یه ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کی کاتیه، هێزه‌که‌ی ئه‌و ماوه‌یه ده‌گرێته‌وه که ئه‌مریکا له عیراق ده‌مینێته‌وه تاوه‌کو کۆتایی ساڵی 2011 ، بۆ ماوه‌ی 3 ساڵی داهاتووه، وه ئه‌گه‌ر حکومه‌تی عیراق (اخطار) بداته ئه‌مریکا، ئینجا له دوای ئه‌و کاته‌ش بۆی هه‌یه کشانه‌وه‌ی له‌شکری ئه‌مریکا ساڵێک دوا بکه‌وێ، واته له باشترین حاله‌تدا ساڵێکی تریشی ده‌خریته سه‌ر و ده‌بێته کۆتایی 2012 ! ئه‌وکاته به‌یه‌کجار ده‌مانهێنێته‌وه سه‌ر سفرو ده‌زانین که ئه‌م ڕێککه‌وتننامه‌یه هه‌رێمی کوردستان به ناوه‌ندی عه‌ره‌بی به‌غدا ده‌لکێنێته‌وه، ڕۆشنتر بڵێین به‌بێ حه‌زو ئاره‌زووی گه‌له‌که‌مان که له ڕێفراندۆمدا زۆربه‌ی ده‌نگی بۆ سه‌ربه‌خۆیدا بوو، کوردستان راده‌ستی عیراقێکی عه‌ره‌بی خاوه‌ن مێژووی ئه‌نفال و کیمیاباران ده‌که‌نه‌وه.
پرسیار ئه‌وه‌یه مادام ئه‌م ڕێککه‌وتننامه‌یه ته‌نیا بۆ ماوه‌ی 3 یان 4 سالی داهاتووه، هه‌تا له‌شکری ئه‌مریکا ڕووسورانه ده‌کشێته‌وه، ئه‌دی ئه‌وکاته‌ی له‌شکری ئه‌مریکا له عیراق نه‌ما، کێ گرنتی عیراقێکی فیدرالی ده‌کا؟ کێ ده‌ستوور ده‌پارێزێ؟ کێ گرنتی ده‌ستیوه‌رنه‌دانی له‌شکر ده‌کات له سیاسه‌ت و سه‌رکوت نه‌کردنی گه‌لی کوردستان؟ باشه لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌کان که ئه‌مڕۆ به وجوودی ئه‌مریکا ته‌نگیان به کورد هه‌ڵچنیوه‌و به‌بێ منه‌تانه له ده‌ستوور پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه، ئه‌دی له‌دوای کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا، به تایبه‌تی که له سالی 2012 دا حه‌تمه‌ن به‌هێزتر ده‌بن، ده‌بێ چ قوڕێکی خه‌ست بۆ کورد بگرنه‌وه؟
هه‌موومان ده‌زانین که ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانان و ئه‌مریکا و نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان نه‌بوونایه، بریاری 688 نه‌ده‌هاته کایه‌وه که په‌ناگه‌ی ئارامی بۆ نیوه‌ی هه‌رێمی کوردستان درووست کرد، له سایه‌یدا ناوچه‌ی هێڵی 36 ی دژه‌فرینی دروست کرد‌و عیراق نه‌یده‌توانی ئیدی هێڕش بکات، تا ئه‌و حه‌له‌ی حکومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌رێمی خۆی دامه‌زراند. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانان نه‌بوونایه سه‌دامیش به ئاسانی نه‌ده‌ڕووخا. ئه‌مڕۆش که ناوچه‌ی ئارامی هێڵی 36 ی دژه‌فڕینیش نه‌ماوه، ئه‌مریکاش به گوێره‌ی ئه‌م ڕێککه‌وتننامه‌یه ده‌کشیته‌وه، بۆیه هه‌رێم به‌ره‌و ئاسۆیه‌کی نادیار‌و ئاڵۆز هه‌نگاوده‌نێ، که دیسان ئه‌نفال به شێوه‌ی تر له دوارۆژیکی دوورتردا چاوه‌رێمانه، چونکه له‌لایه‌ک لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌کان مافه‌کانمان ناسه‌لمێنن، کوردیش ناتوانی واز له داوا ڕه‌واکانی بێنێ له‌لایه‌کی تره‌وه.
ئه‌گه‌ر مانگ له چوارده بێت حه‌وجه به ئه‌نگوست نیه، به هه‌بوونی له‌شکری ئه‌مریکاو له دوای کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکاش، هه‌رێمی کوردستان بارودۆخێکی گرژ‌و ئاڵۆز به‌خۆیه‌وه ده‌بینێ، که دیاره له‌دوای دروستکردنه‌وه‌ی عیراقی شێخ مه‌حمود باشتر نابێ، چونکه ئه‌وسه‌رده‌مه گه‌لی عه‌ره‌ب ئه‌وه‌نده به گیانی شۆڤینیستی گۆشنه‌کرابوون، کوردستانیش به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی گه‌له‌که‌ی و سه‌رکرده‌کانی لکێندرابوو به عیراق، واته قسه‌یه‌کی هه‌بوو. به‌ڕای به‌نده شه‌ڕی چه‌کداری زوو یا دره‌نگ هه‌ر ده‌ستپێده‌کاته‌وه. بۆچی خۆمان به ده‌سته‌واژه‌ی گوایه باوی به‌کارهێنانی هێزو خه‌باتی شه‌ڕی پێشمه‌رگانه نه‌ماوه هه‌ڵخه‌له‌تێنین، چی ده‌که‌ی ئه‌گه‌ر دوژمن مافه‌کانت نه‌سه‌لمێنێ و به هێز ئاگرو ئاسن وه‌ڵامت بداته‌وه؟ من هه‌قم نیه که به‌رپرسێکی خاوه‌ن پله له ناو حیزب یان حکومه‌تی هه‌رێم یان هی به‌غدا، به شێوه‌ی عیراقی فیدراڵ و برایه‌تی کورد‌و عه‌ره‌ب قسه ده‌کات، هه‌رچه‌نده به‌هه‌ق وه‌هاش نیه، ناڵێم کارێکی خراپه، به‌لام بێگومانم که له ماڵه‌وه قسه ده‌کات، ئه‌م قسانه‌ی به‌نده ده‌کات، ئه‌گه‌ر نا دیاره که‌سێکه له هیچ نازانێ.
بۆیه ئیمزاکردن له‌سه‌ر ڕێککه‌وتنی ئه‌منی نێوان عیراق و ئه‌مریکا، که کشانه‌وه‌ی ڕووسورانه‌ی له‌شکری ئه‌مریکا له‌دوای سێ ساڵی تر مسۆگه‌ر ده‌کا، ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ی گه‌لی کوردستانه بۆ عیراقیک که لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌کان تیایا، پله یه‌ک و برا گه‌وره‌ن، کوردیش پله دوو و برا بچووک. جا مرۆ نازانێ ئه‌م په‌رۆشیه‌ی به‌رپرسانی کورد بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌م ڕێککه‌وتنه له چیه‌وه هاتبوو! تۆبڵێی جێ به‌جێکردنی ئه‌و تیۆریه بێت که ده‌ڵێ، ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌مریکا باشه به بێی سێ و دوو بۆ کوردیش باشه، یان ماستاوێکی تره بۆ ئه‌مریکیه‌کان؟ تۆ بڵێی ده‌سه‌لاتدارانی کورد‌و نوینه‌ره‌کان ئه‌وه‌نده گێل بن گوڕڕه‌یان به دیشمه‌له‌ی بێت! یان بوودجه‌ی له سه‌دا 17 په‌کی خستوون، هیچ چارێکی تریان نیه!
ئه‌م شێوازه کارکردنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردی ئه‌و مه‌سه‌له‌ی مه‌لای مه‌شهور دێنێته‌وه یاد، که ڕۆژێکیان مه‌لا له‌سه‌ر لقه‌دارێکی گه‌وره وه‌ستابوو به بیورێک ژێر پێی خۆی ده‌بریه‌وه، هتد..! ئایا ئه‌و شێوازه کارکردنه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که ده‌سه‌لاتی کوردی ئه‌و بێلایه‌نیه‌ی هاوپه‌یمانان که له سه‌ره‌تای پڕۆسه‌ی ئازادی عیراقدا، وه‌ک پشتیوانیه‌ک وه‌هابوو، له‌ده‌ست ده‌دا له ناو عیراق ئه‌گه‌ر ئه‌وان کشانه‌وه؟ که‌وایه به ده‌نگدان بۆ ئیمزاکردنی ڕیککه‌وتننامه‌ی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا، ده‌سه‌لاتی کوردی به ده‌ستی خۆی ئه‌و کۆله‌گه‌یه ده‌ڕمێنێ که له‌سه‌ری دامه‌زراوه!
05-12-2008
|