٢٨\٢\٢٠١٣
رێکەوتنی
یەکینەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و دەرەنجامەکانی.

جەلال
محەمەد
بەشی سێیەم (کۆتایی) - چەند
دیاردەی ئەرێنی لە ڕێکەوتننامەکەدا:
یەکێک لە دیاردە هەرە جوانەکانی ئەم ڕێکەوتننامەیە بریتی بوو لە
دانیشتنی یەکێک لە فەرماندە مەیدانیەکانی سەرێکانیی یەکینەکانی
پاراستنی گەل بە ناوی " دکتۆر جوان مستەفا " لە بەرامبەر " حەسەن
عەبدوڵا " فەرمانداری ئەنجومەنی سەربازی پارێزگای حەسەکەی ئارتەشی (ئازاد)ی
سوریا (واتە دوو کەسایەتی لە هەمان ئاستی بەرپرسیاریدا) ، بڕوانە ئەم
لینکانەی خوارەوە:
http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=14128
http://so.xeber24.net/nuce/kurdistan/225-2013-02-18-09-07-17.html
چونکە پێوانەی وتووێژ لە هەموو جیهاندا بەو جۆرەیە ، سەرۆک کۆمار لە
بەرامبەر سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیر لە بەرامبەر سەرۆک وەزیر ، پارێزگار
لە بەرامبەر پارێزگار و سەر لەشکر لە بەرامبەر سەر لەشکردا ، واتە
وتووێژ لە نێوان ئەو کەسانەدا ئەنجام دەدرێت کە هاوپیشە و هاودەسەڵاتن.
بۆ نموونە کاتێک ئیئتلافی نیشتمانی سوریا هاتنە سەرێکانی لە بەرامبەردا
دەستەی باڵای کورد پێشوازی لێکردن کە لە هەمان ئاستی بەرپرسیاریدا بوون
، لە ڕێکەوتنی ئەم جارەشدا فەرمانداری "پارێزگای حەسەکە"ی ئارتەشی (ئازاد)ی
سوریا لە لایەن فەرمانداری "سەرێکانی"ی یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە
پێشوازی لێکرا . کەچی سەرسوڕمان ئەوەیە کەسانێک هەن کە سەرتاپای
ژیانیان لە ئوتێلی پێنج ئەستێرەدا بەسەر بردووە و لە ڕاگەیاندنەکانیشدا
ڕەخنە لەم هەڵوێستەی یەکینەکانی پاراستنی گەل دەگرن ، نمونەی هەرە
بەرچاوی ئەو کەسانەش عەبدول حەکیم بەشاری سەرۆکی "الپارتی"یە کە نیوەی
ژیانی لە خیانەتدا بەسەربردووە و نیوەکەی دیکەشی لە ئەنقەرە و هەولێر و
باوەشی پاراستندا بەسەر بردووە ، کەچی لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانەوە
بەلێدوانێکی زۆر خێڵەکیانە گوتی :- (دەبوو دەستەی باڵا پێشوازی لەو
فەرماندە سەربازیە بکردایە و ئەرکی ڕێکەوتننامەکەی بەڕێوە ببردایە).
یەکێک لەو کردەوانەی یەکێتی و پارتی کە جێگە پەسەندی من بووە ئەوەیە
کاتێک دەکەوتنە وتووێژ لەگەڵ "بەعس"دا ڕاستەوخۆ تاڵەبانی و بارزانی
لەگەڵ "سەدام حسێن"دا دیداریان ئەنجام دەدا واتە (سەرۆک لە بەرامبەر
سەرۆک)دا ، هەرچەند تاڵەبانی و بارزانی زۆربەی کاتەکان لێدوانی هێندە
بێ مانایان دەدا کە مایەی شەرمەزاری بوو ، بەڵام خودی دانیشتنەکەیان
وەک سەرۆک حیزب لە بەرامبەر سەرۆک دەوڵەتدا پڕەنسیپ و پێوانەی
وتووێژەکەی بە شکۆداری دەهێشتەوە.
ناشیرینترین کردەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش ئەوە بووە کە
لە بەرزترین ئاستدا وتووێژیان لەگەڵ نزمترین ئاستی بەرامبەرەکەیاندا
ئەنجام داوە ، بۆ نموونە کاتێک وتووێژی نێوان حیزبی دیموکرات و کۆماری
ئیسلامی دەستی پێکرد ڕاستەوخۆ دکتۆر عەبدول ڕەحمانی قاسملو لە بەرامبەر
چەند وردە پاسدارێکی ناسنامە نادیاردا دانیشت و لەو دانیشتنەشدا تیرۆر
کرا.
تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملۆ ڕووداوێکی زۆر دڵتەزێن بوو ، بەڵام لە
تیرۆرکردنەکە دڵتەزێنتر ئەوە بوو کە لە ئاستی سکرتێریدا بەرامبەر بە
چەند وردە پاسدارێکی ناسنامە نادیار دانیشت و مەسەلەی نەتەوەیکی
لەگەڵدا هێنانە بەر باس . لەبەرئەوە ئەو دانیشتنە جگە لەوەی نوشستی بوو
بۆ حیزبی دیموکرات لە هەمان کاتدا ئابڕوو چونیش بوو بۆ نەتەوەی کورد.
خاڵێکی ئەرێنی دیکە لە ڕێکەوتنی نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل و
ئارتەشی (ئازاد)ی سوریادا ئەوە بوو کە دانیشتنەکان لە ناوچەیەکدا
ئەنجام دران کە ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەلدا بوو
. چونکە لە وتووێژی نێوان دوولایەندا زۆرترین قازانج و دەستکەوت هەمیشە
لە بەرژەوەندی ئەو لایەنەدا دەبێت کە باڵادەستە لەسەر شوێنی وتووێژەکە
، ئەنجامی ئەو باڵادەستییەی یەپەگەش لەو جێگەیەدا کە وتووێژەکەی تێدا
ئەنجام درا بوویە هۆی ئەوەی کە زۆربەی بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە لە
بەرژەوەندی لایەنی کوردیدا بێت.
__________________________________________________
•
بەشی دووەم:
http://www.emrro.com/rekewtinlegelartesh2.htm
•
بەشی یەکەم:
http://www.emrro.com/rekewtinlegelartesh1.htm
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|