١٦\١٢\٢٠١٠
رێکەوتننامە،
لەنێو بهرههڵستکارى کوردستانى ئێران.

سەید کامیل نورانى فەرد
مێژووى خەباتى گەلى کورد دەیان راپەرین و حەماسەى شۆڕشگێرانەى بە خۆوە
بینیوە و بە گەلێک قۆناغى جواوجۆر دا تێپەریوە و کەند و کۆسپى زۆرى
هاتۆتە بەردەم. لەتەواوى ئەو قۆناغانەدا بابەتێک هەمیشە وەک بابەتى
یەکلایێکرەوە و هەرە پێوەیست بۆ سەرکەوتنى خەبات ى گەلى کورد دەست
نیشان کراوە و لێدوانى لەسەر دراوە، بەلام بەداخەوە هەوڵ بۆ گەیشتن بەو
ئامانجە بەپێى چاوەروانیەکان نەبووە و ئەو ئاواتە نەهاتۆتە دى. ئەویش
بە هۆى نەبوونى یەکێتى و کارى هاوبەش لەنێوان هێز و لایەنە
شۆڕشگێرەکانى کوردستان بووە.
لەدواى هاتنە سەر کارى رژیمى ئاخوندى لەئێران بۆماوەێکى کەم هەیئەتێک
لەکوردستان بە ناوى هەیئەتى نوێنەرایەتى کورد دامەزرا. هەرچەند
لەسەرەتا دا کارى باشی کرد، بەڵام بەداخەوە بە هۆى سەرهەڵدانى ناکۆکى و
هەست نەکردن بە بارودۆخى هەستیارى ئەو کات لەنێوان لایەنە
کوردستانیەکان، نەیتوانى درێژە بە ئەرکى خۆى بدا و تا واى لێهات هەیئەت
بە کردەوە هەڵوەشایەوە و چەند حیزبێک بە جیا کەوتنە ووتووێژ لەگەڵ
رژیمى تازە بە دەسەڵات گەیشتوو. ئەمرۆ لەپاش 31 ساڵ بەسەر ئەو کاتە
دیسان شاهیدى ئەو لێک تێنەگیشتنەى بهرههڵستکارى کوردى کوردستانى
ئێرانین و دەبینین لێکنزیکبوونەوەى هێز و لایەنەکان وەک پێداویستیەکى
هەنووکەیی تەماشا ناکرێ و هەرلایەنە بۆ بردنەپێشەوەى مەرامە سیاسیەکانى
خۆى کار دەکا و پڕش و بڵاوییەکى زۆر لەمەیدانى خەبات ى رزگاریخوازانەى
کورد لە کوردستانى ئێران بەرچاو دەکەوێ.
سەرەڕاى ئەوەى کە هیز و لایەنە سیاسیەکان لەدانیشتن و کۆبوونەوەى
نێوانیان ئامادەیی خۆیان بۆ گەیشتن بەو یەکێتیە رادەگەێنن و بە وردى
خاڵە باشەکان و زەرورەتەکانى پێکهێنانى ئەو یەکێتیە دیارى دەکەن و باسى
لێوە دەکەن، بەڵام بەداخەوە کەمتر کردەوە بە قسەکان دەکرێ و بە پراکتیک
هەوڵ بۆ جێبەجێکردنیان نەدراوە. لەسەر زەرورەتى یەکیەتى و
لێکنزیکبوونەوەى سازمان و حیزبە سیاسیەکان و چۆنیەتى پێکهێنان و پێکەوە
کارکردن زۆر بابەت نوسراوە و زۆر ئاخاوتن دراوە. بەو حاڵەش تا ئێستا
لەسەرەتاى کارداین و هەنگاوێک نەچووینە پێشەوە و ئەگەر بوترێ لەوچەند
ساڵەى دوایی دا چەندین هەنگاومان بەرەو دواوە ناوە راستمان گووتووە.
لەدواى ئینشعابەکان بارودۆخى سیاسی زاڵ بە سەر زۆرێک لەحیزبە
کوردستانیەکان ناسالم و تەم و مژاویە و ئاسۆیێکیش بۆ رەواندنەوەى گومان
و رق و ناکۆکى لایەنەکان لەیەکدى لانى کەم لەماوەێکى نزیک بە دى ناکرێ.
هەرلەوچوارچێوەیە دا لەماوەى رۆژانى رابردوو، شاهیدى شەڕێکى تەبلیغاتى
نەشیاو و نادۆستانە لەنێوان چەند لایەنى سیاسی کوردستان لەدژى یەکتر
بووین کە بێ گومان خەمساردى لەحاست ئەو دیاردەیە و بەرەوپێدانى دەتوانێ
زۆر زیانبار بێ بۆ خەباتى رزگاریخوازانە و حەق خوازانەى گەلەکەمان لە
کوردستانى ئێران. بەڵام رێگە چارە چییە؟
بە برواى من بە لەبەرچاو گرتنى ئەوەى کە لە ئێستا دا وەدى هاتنى بەرەى
کوردستانى یان هەر ئیتلافێکى دیکە لە نیوان هێز و لایەنە سیاسیەکانى
کوردستان دژوارە، پێویستە تا ئەو کاتەى زەمینە بۆ هاتنە دى ئەو خەونە
لەمێژینەى کورد دەرەخسێ، بیر لەرێگەچارەیێکى خێرا و دەم و دەست و ساکار
، بکەینەوە. هەڵبەت نابێ کار بۆ وەدیهێنانى ئاواتى کۆکردنەوەى هێزە
شۆرشگێرەکانى کوردستان لەپاڵ یەک فەرامۆش بکەین و پێویستە بەردەوام
لەهەوڵى لێکنزیکبوونەوە و هاوئاهەنگى هێزەکان بین.
ئەو رێگەیەى کە دەتواندرێ لە ماوەیێکى کورتدا و لەسەر چەند خاڵى هاوبەش
بە هەنگاوێکى بەرچاو لەراست لێکنزیکبوونەوەى حیزبە سیاسیەکان و یان
لانى کەم رەخسێنەرێکى شیاو بۆ کارى داهاتوو بگەین، ئامادە کردنى
رێکەوتنامەیێک لەسەرچەندین خاڵى سەرەتایی و ئیمزا کردن و پێبەندبوونى
سەرجەم حیزبە سیاسیە شۆڕشگێرەکانى کوردستان بەو رێکەوتنامەیەیە.
سەرەڕاى ئەو دەسکەوتەش خاڵى جێى سەرەنج لەپشت ئەو رێگەیە ئەوەیە بە
ئیمزاکردنى ئەو رێکەوتنامەیە پێش لەروودانى کارەساتى نەخوازراو و
خەسارەتى قەرەبوو نەکراوە لەئێستا و داهاتووى کوردستان دەگیرێ.
مۆر کردنى رێکەوتنامەێکى لەم جۆرە بەهێندێک ئامانجى سەرەتایی لەنێوان
سەرجەم هێزە شۆڕشگیرەکانى کوردستانى ئێران کە پەیوەستە بە لایەنى
ئەخلاقى و مەعنەوى و هەست بە پرسیارەتى لەحاند نەتەوە نیشتمان، دەتوانێ
رێگە بۆ هاوکارى و یەکێتى و تەبایی لەداهاتوو و بەرزکردنەوەى هەنگاوى
گەورەتر خۆش بکات. یەکەمین خاڵى ئەو بەڵێن و رێکەوتنامەیە دەبێ ئەوەبێ
کە بە هەموو شێوەیێک شەرى براکوژى و خۆکوژى لەنێو هێزەکانى بهرههڵستکارى
کوردستانى ئێران حەرام و قەدەغە بکرێ. ئەو دیاردەیە کە گەلى کورد زۆر
زیانى لێ دیتووە نابێ هەرگیز جاریکى دیکە روو بداتەوە و پێویستە هەموو
کارێک بکرێ بۆ ئەوەى جارێکى دیکە رۆڵەى کورد بە دەستى یەکتر لەناو نەچن
و چیتر داغ نەخەینە سەر جەرگى دایکانى نیشتمان. سەرەراى ئەوەش دەتوانین
بە ووتووێژ لەسەر ئەو بابەتە خاڵى زیاتر وەک پێبەند بوون بە دیموکراسی
و ئازادى فرەحیزبی و هەڵسوورانى سیاسی و ...هتد، تێدا بگونجێنین و
قایمتر و پتەوترى بکەین و لەهەمان کاتیشدا رێگە بۆ لێکنزیکبونەوەیێکى
گشتگیر تر و بەرفراوانتر خۆش بکەین.
بە برواى من بیرۆکەى ئیمزاکردن و پێبەند بوون بە وەها رێکەوتنامەیێک
لەئێستا دا یەکجار پێویستە و هەموو چین و توێژەکانى کوردستان بە تایبەت
رووناکبیرانى کورد دەبێ بۆ گەیشتن بەو بابەتە گرینگە هەوڵ بدەن و کارى
بۆ بکەین و بیخەینە ژێر پۆششى تەبلیغاتى و بیکەینە قسە و باسی
رۆژانەیان.
|