په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٥\٢٠١٧

رێکەوت و سەرۆک زانا و سەرۆک ترامپ!


دارا خونچە      

 

دەسەڵات و دەسەڵاتداریی هەردەم ناکۆک و پێچەوانەی ویست و ئامانجەکانی مرۆڤ بووە، لێ ئەو سیستەمە رامیارییەی هەنووکەی جیهان هەر زۆر عەنتیکەیە و رێکەوتی فرە ناوازەی لێ روودەدا، یەکەک لەوانەش ئەوەیە کە ئێستا (دۆناڵد ترامپ) سەرۆکی هەموو جیهانە! ئەرێ.. (سەرۆک ترامپ) گەورەترین و وەهێزترین دەسەڵاتداری ئەمەریکا و سەرجەمی جیهانە، کەچی (سەرۆک زانا)ی خۆمان هیچ دەسەڵاتەکی نییە تەنانەت دەسەڵاتی وەسەر خانەوادەکەی خۆشی داناشکێ! لێ ئەگەر وە شێوەیەکی ورد و بێلایەنانە ئەو بابەتە تاوتوێ بکەین ئەوە دەبینین تاکە هۆکاری ئەو دوو جوایەزییە گەورە تەنێ رێکەوتە و هیچی دیکە!

هەردووکیان هیچ پێشینەیەکی هزریی و فەلسەفییان نییە. لە رووی رۆشنبیریی و رامیارییەوە هەردووکیان لە یەک ئاست و تێگەشتن دان.. تەنانەت سەرۆک زانا پێشینەیەکی رامیاریی و رێکخراوەیی هەیە.. سەرۆک ترامپ ئەوەشی نییە.

هەردووکیان لە رێی هەبوونی هێندەک سەرمایەوە وە کاری رامیارییەوە پەیوەست بوونە، سەرۆک ترامپ تەنێ سەرمایەدار و بازرگانەکە و لە رێی کۆمپانیای بابی و پاشانیش چێکردنی کۆمەلگەی نیشتەجێکردن و مێوانخانەکان و مەیخانەکان زەنگین بووە، سەرۆک زاناش وە هەمان شێوە لە رێی ئیشوکارەکانی باب و برایەکانی دەستی وە کار کردیە و لە تەمەنەکی زۆر گچکە بوویتە سەرمایەدار و بازرگانەکی گەورۆنە.

داک و بابی سەرۆک ترامپ ئەوروپایین و خۆی لە ئەمەریکا پەروەردە بووە، هەرچەندە سەرۆک زانا کوردی باشوورە لێ نیوەی تەمەنی خۆی لە وڵاتانی ئەوروپا و وە تایبەتییش لە بەریتانیا وەسەربردیە.

سەرۆک ترامپ هاوکات لە تەک کارکردن وە شێوەیەکی ئاسایی خەریکی خووندنی خۆی بووە و بڕوانامەی زانکۆی وەدەستهینایە، سەرۆک زاناش وە هەمان شێوە بڕوانامەی زانکۆی لە (بەریتانیای مەزن!) وەدەستهینایە.. بێجگە لەوەش هەنووکە خەریکی وەدەستهینانی ماستەرەکەیەتی!

سەرۆک زانا لە دەیەکانی رابردیی وەک هەر سیاسەتبازەکی کلاسیکیی دەگەڵ ئەوەی لە ناخەوە بڕوای وە دین نەبووە دینی لە پێناو سیاسەتەکانی خۆی وەکاربردیە! سەرۆک ترامپیش ئێستا دەیەوێ وە هەمان شێوە لاسایی ئەو بکاتەوە و دین وەکارببا (هەر ئێستا لە بەرنامەی دایە لە یەکەمین گەشتی بەرەو وڵاتانی رۆژەڵاتی ناوین و ئەوروپا سەردانی سعودیە و ئیسرائیل و ڤاتیکان بکا چونکێ سێ نێوەندی گەورە و کاریگەری دینیین)!

لە رووی پەیوەندییەکانیشیان وە ژنانەوە؛ وەک دەبێژن هەردووکیان فرە مێباز و چاوباشقاڵن، ئەمن وەهای دەبینم کە تەنێ ئەو کاریکاتێرە دەتوانی رێک و راست گوزارشت لە مەژیی و بیرکردنەوەی هەرووکیان بکا:

 

ئیدی پێویست ناکا زۆر درێژەی پێبدەین، سەرەنجام: تاکە هۆکاری ئەوەی کە ئێستا کاک ترامپ (سەرۆکی جیهان)ە و کاک زاناش (سەرۆکی هیچ)ە تەنێ هەر ئەو رێکەوتەیە کە ئەوەی یەکەم لە ئەمەریکای زلهێز و کەڵەگا لە داک بووە و ئەوەی دووەمیش لە کوردستانەکی بێ دەوڵەت و قەلەندەر! دەنا وەکی دی سەرۆک زانا هیچی لە سەرۆک ترامپ و هیچ سەرۆکەکی دیکە کەمتر نییە ئەگەر پتریش نەبی!
 

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک