په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ڕێککەوتن ڕێککەوتنە و جۆرە ڕێککەوتن یانى چى ؟ !
نامەیەکى کراوە بۆ دکتۆر فوئاد حوسێن سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم.


هیوا ڕەش   


بەندە ئەگەر هاووڵاتى پلە یەکى سەر بە دەسەڵاتیش نەبم بەڵام وەکو هەر هاووڵاتییەکى پلە دووى ئاسایى ئەم نیشتمانە زۆر بە نیگەرانى و دڵە ڕاوکێوە منەى هەواڵە بە پەلە کودەتا ئامێزەکانى شۆفینیزمانى ناوخۆ و دەر و دراوسێى دوژمن بە گەلەکەم ئەکەم ، بۆیە ڕێگەم بدە لەم ڕێگەیەوە بڵێم لە بەر ئەوەى ئێوە دیوارێکى تۆکمە تر لەوەى بەرلین لە ئێمەى جیا کردوونەتەوە و ئاگاتان لە بارى دەروونى ئێمە نیە و نازانن چەند بە تاسوقەوە لە چاوەنۆڕى دا

وەستاوین لە هەمبەر چارەنوسى گەلەکەمان و ئاییندەى نیشتمانمان بە تایبەتى ناوچە داگیرکراوەکانى کوردستان ، وورد وورد هەموو ووشە و ڕستە و واژەکانى ئێوە و سەرانى نەیارەکانمان ڕاڤە ئەکەین و هەزار و یەک شیکردنەوەى خۆماڵى بۆ ئەکەین .

تا ئێستا لە ئەمریکاى نەوتپەرستى دوژمن بە گەلان هیچمان نەڕنیوە لە بازرگانیى مەینەتبار بەولاوە ، بچووکترین نمونەش ڕێککەوتننامە شوومەکەى جەزائیرى ساڵى 1975 و کشانەوەى لە بەڵێنەکانى لە ڕاپەڕینە مەزنەکەى ساڵى 1991 و ئینجا بەڵێنە سەرزارەکییە ( دۆست ) انەکانى لە دەمە دەمى پرۆسەى ڕوخانى بەعس لە ساڵى 2003 دا ، هەموو ئەمانە واى لێ کردووین نەک گومان لە هەر هەنگاوێکى ئەمریکا بکەین بەڵکو بە ماناى ووشە بچووکترین متمانەى نەماوە و وەکو قومارچییەک بە چارەنوسمانەوە لێى ئەڕوانین ، بە هەر حاڵ ، کەچى ئێوە هەموو جارێک وەکو فریشتەیەک بە سروش لە ئاسمانەوە بۆ کورد هاتبێتە خوارەوە وێناى ئەکەن و ئەیکەن بە پەیامبەرى عەدالەت و داکۆکیکەر لە گەلانى بندەست ، هەر چەندە لەو بڕوایەدام چەقەڵ هەرگیز نابێت بە پارێزەرى مریشک ، بەڵام لێدوانەکانى جەنابتان ڕێگەمان لێ هەڵە ئەکەن و تووشى خۆت ووتەنى ( جۆر ) ێک لە سەر لێشێواویمان ئەکەن ، بمبەخشە کە ئەڵێم ( جۆر ) ێک چونکە فاکتەرى سەرەکى ئەم نامەیەم لە ( جۆر ) ەکەى فەرهەنگى جەنابتەوە سەرچاوەى گرتووە !


بەڕێز : جۆرە ڕێککەوتنێک لە نێوان کورد و ئەمریکا لە ئارادایە – چاودێر - ، ئەمە قسەى جەنابتە و داوا ئەکەم ئەو ( جۆر ) ە ڕێککەوتنەمان بۆ شى بکەیتەوە و وەکو هاووڵاتییەکیش مافى خۆمە بپرسم ئایا ئەمریکا وەفاى هەبووە بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکان تا ئێمە دڵ بە جۆرە ڕێککەوتنێک خۆش بکەین لە گەڵى دا ، بۆچى ڕەمەزانى بە حاڵێکى خۆش گرتووە و نۆرەى شەشەڵانە ؟ ئایا ئەو ڕێککەوتنە لە نێوان سەرکردەکان و ئەمریکادایە یان ئەمریکا و گەلى کوردە ، ئەگەر لەگەڵ گەلەکەمان دایە تکام وایە ڕوونتر بۆ تەواوى چین و توێژەکانى گەل لێدوان بدەن وە یا هیچ نەبێت با بزانین ڕێککەوتوون یان جۆرە ڕێککەوتنێکتان لە گەڵ ئەمریکادا هەیە ؟ ئایا بە نووسراو یان وەکو پیشەى هەمیشەییتان سەرزارەکى و لە تاریکى دا ئەو ( جۆر ) ە ڕێککەوتنەتان خەریکە چاو بە دنیاى چەرمەسەرى ئێمە هەڵبێنێت ؟

بە هیوام ڕاستگۆیى یاوەرمان بێت

 


07701309524
Hewarash1@yahoo.com