١٢\٢\٢٠٢١
رێکخراوە جیهانیی
و ناوچەییەکان!

مەهدی یوسف
وەک ئەوەی ئێستا دەیبینن کۆمەڵی مرۆڤایەتی لە هەموو بوارەکانی پەیوەست
بە ئازادیی و مافەکان لە هەر کاتێک پتر رووبەڕووی کێشەی گەورە گەورە
بۆتەوە، بەڵام هاوکاتیش ئەو سیستەمەی کە جیهان بەڕێوەدەبا بە دەیان
رێکخراوی جیهانیی و ناوچەیی بە ناوی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەوە
دروستکردوە.
لێرەوە دەکرێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین؛ ئایە ئەو رێکخراوە جیهانیی و
ناوچەییانەی ئێستا کەلکی ئەوەیان پێوە ماوە هیچ جۆرە هیوایەکیان لەسەر
هەڵبچنین؟
وەک ئەوەی پرسیارەکە زۆر رۆشن و بێ تەمومژە دەمەوێ بە هەمان شێوە و بێ
کلک و گوێ بۆکردن و ئاڵۆزکردنی بابەتەکە هەر بە سادەیی و بە پشتبەستن
بە چەند بەڵگەیەکەوە وەڵام بدەمەوە.
سیستەمێک بەو هەمووە توانستە مادیی و زانستییەی خۆیەوە کە خەریکە بە
نێو ئاسمان و ئەستێرەکاندا تەڕاتێن دەکا، بەڵام ناتوانێ ژیانی سەدان و
ملیۆنان کەس رزگار بکا کە رۆژانە بە هۆی نەبوونی بژێوی ژیان و نەبوونی
داودەرمان پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانەیان گیان لەدەستدەن! ئایە
دەتوانێ لە رێگەی ئەو رێکخراوانەیەوە کێشەکان چارەسەر بکا؟!
سیستەمێک سەری زمان و بنی زمانی ئازادیی و یەکسانیی و ئاسایش و ئاشتی و
مافەکانی مرۆڤە و رۆژانە بە ملیاران دۆلار لە رەنجی مرۆڤەکان دەگرێتەوە
و بە ناوی ئەو رێکخراوانە دەیخاتەگەڕ، بەڵام رۆژانە بە سەدان و بە
هەزاران مرۆڤ تەنیا لەبەرئەوەی رەخنە لە دەسەڵات و دین و دابونەریت
دەگرن.. تەنیا لەبەرئەوەی ژنن و دەیانەوێ وەک مرۆڤ بژین دەستبەسەر
دەکرێن و دارکاریی دەکرێن و بە دڕندانەترین شێوە دەکوژرێن! ئایە
دەتوانێ لە رێگەی ئەو رێکخراوانەیەوە کێشەکان چارەسەر بکا؟!
سیستەمێک لە هەموو رێکەوتننامە نێونەتەوەییەکان دانی بە مافە نەتەوەیی
و نیشتمانییەکان و سەربەخۆبوونی گەلاندا هێناوە، بەڵام تا ئێستا بە
لۆژیکی هێز بەرخورد لەگەڵ ئەو مافانە دەکا و هەر ئێستا خەڵکی کوردستان
و بە دەیان گەلی دیکە تەنیا لەبەرئەوەی داوای ئەو مافانە دەکەن بەوپەڕی
توندوتیژییەوە تا رادەی لەنێوبردنی بەکۆمەڵ دەچەوسێندرێنەوە! ئایە
دەتوانێ لە رێگەی ئەو رێکخراوانەیەوە کێشەکان چارەسەر بکا؟!
ئیدی باسی پاراستنی ژینگە و لەبەرچاوگرتنی مافەکانی ئاژەڵانیش هەر
ناکەم کە ئەو سیستەمە چ کارەساتگەلێکی بەسەرداهێناون.
رەنگە کەسانێک هەبن بڵێن بەڵام خۆ ئەو رێکخراوە جیهانیی و ناوچەییانە
دەستکەوتی خەبات و تێکۆشانی مرۆڤەکانن پێویستە دەستبەرداریان نەبین و
هەر هەبوونیان باشترە لە نەبوونیان.
بۆ ئەوەشیان دەڵێم؛ بەڵێ ئەو رێکخراوانە کاتێک دەستکەوتی مرۆڤ بوون کە
سیستەمەکە جیهانی کردبووە دوو جەمسەر و لەبەر ململانێی یەکدی
نەیاندەتوانی ئەو دەستکەوتانە هەڵبوەشێننەوە، بەڵام ئێستا سیستەمی یەک
جەمسەری کەڵەگایی سەرمایەداریی باڵادەستە و هەموو دەستکەوتەکانی
پووچکردوونەتەوە.. هەر بۆیە ئێستا ئەو رێکخراوانە کەلکی ئەوەیان پێوە
نەماوە هیچ جۆرە هیوایەکیان لەسەر هەڵبچندرێ.. بەڵکە پێویستە
ئازداییخوازان و یەکسانییخوازان لە دەرەوەی دەسەڵاتداران و سیستەمەکە
رێکخراوگەلێکی جیهانیی خۆیان دابمەزرێنن!
mahdi@live.no
|