په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٥\٢٠١٧

رێکخراوی ھاوڕێیانی پەرتووک و پەیڤێک.


سەدیق سەعید     


بە ئامانجی گەشەدان بە بواری خوێندنەوەو بە کلتووریکردنی خوێندنەوە لە نێو چین و توێژەکاندا،ھەروەھا گرنگیدان بە نەریتی پەرتووک و خوێنەوەی پەرتووک، بەتایبەتی کە کۆمەلگای کوردی لە ڕووی ھوشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و کایەکانی دیکەی ژیاندا، جیا لەھەر نەتەوەو کۆمەلگایەکی تر پێویستی بە خوێندنەوەیە،ھەفت ساڵ لەمەو بەر و لە یانزەی تشرینی دووەمدا، لە سەر دەستی کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیران و نووسەران و خوێنەران، جیا لەھەر رٍێکخراوێکی دیکە لە ڕووی شوناس و میتۆدی کارکردن، لە قەزای ڕواندز ڕێکخراوێک بە ناوی ''ڕێکخراوی ھاوڕێیانی کتێب''، دامەزرا.کە سەرەتا ناوی ''کۆمەڵەی دۆستانی کتێب'' بوو.

 

ئەم ڕێکخراوە ناحکومییە، ئەگەرچی لە شاری ڕواندز دامەزراوە، وەلێ بە فەرمی ڕێکخراوێکی تایبەت بە پەرتووک و بە کلتووریکردنی خوێندنەوەیەو چاڵاکییەکانی لە سەر ئاستی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بە گشتی ئەنجام دەدات.بۆیە لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا، ستافی ئەو ڕێکخراوە، خۆبەخشانەو لێبراوانە، بەردەوام بوونە لە ئەنجامدانی چاڵاکییەکانی تایبەت بە ناساندنی پەرتووک و خوێنەوەی پەرتووک.لە ڕێگەی جۆراو جۆرەوە. یەکێک لە کارە ھەرە گرنگ و پڕ بایەخەکانی ئەو ڕێکخراوە، کە لە ڕووی مەعریفی و ڕۆشنبیرییەوە،گرنگی خۆی ھەیە، کردنەوەی چەندین پەرتووکخانەی جۆراو جۆرە، لە شوێنە گشتی و تایبەتییەکان و ناوەندەکانی خوێندن و گوند و دێھاتەکانی سنووری یەکەی کارگێڕی قەزای ڕواندز.

 

لەو سۆنگەیەشەوە ژمارەیەک پەرتووکخانەیان لە چەندین قوتابخانەی سنووری پەروەردەی ڕواندز کردۆتەوە کەدەوڵەمەندن بە چەندین سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە کە ئاسانکاری بۆ قوتابیان لە نێوەندەکانی خوێندن دەکات.تاکو بە ئاسانترین شێوە دەستیان بە سەرچاوە ڕۆشنبیری و زانستییەکان بگات و لە کاروانی ژیانی قوتابییەتی خۆیاندا،سوودلەو سەرچاوانە ببینن.بەتایبەتی کردنەوەی ئەو جۆرە پەرتووکخانانە،دەبێ وەک پرۆژەیەکی ستراتیژی و دوورمەودا لە نێوەندەکانی خوێندن سەیریان بکرێت،کەئامانج تیایدا ئاشناکردنی قوتابی و خوێندکارانە بە خوێنەوە و پەرتووک و دەوڵەمەندکردنی باکگراوەندی ھزری و ڕۆشنبیری خۆیان.بەو مانایەی گرنگی ئەو پەرتووکخانانە، ھەر تەنھا پەیوەست نییە بەکات و ساتی کردنەوەی پەرتووکخانەکان و توێژێکی دیاریکراو لە قوتابیان، بەڵکو سەرچاوەیەکی مەعریفی دوورمەودایە کەنەوە لەدوای نەوە پێیەوە ئاشنا دەبن و سوودی لێدەبینن.

 

لێرەوەش ئەمە ھەنگاوێکی سەرەتایی و گرنگەبەئامانجی بەکلتووریکردنی خوێنەوە لە نێو کۆمەلگە بەگشتی و لەنێو قوتابی و خوێندکاران و نێوەندەکانی خوێندنیش بەتایبەتی. ھەر ئەمەشە جیاوازی کاری ئەو ڕێکخراوە، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی تر. بەو مانایەی پرۆژەی ''ڕێکخراوی ھاوڕێیانی کتێب''، پرۆژەیەکی ستراتیژییە و بۆ کات و زەمەنێکی دیاریکراو نییە.

 

لە راستیدا ''ڕێکخراوی ھاوڕێیانی کتێب''، دوور لە تیشکە خستنە سەر چاوی کامێراکان و زوومی کامێراکان، بەبێدەنگی و بە ھوشیاریەوە کاری خۆیان دەکەن و ئەوەیان بەلاوە گرنگ نییە، کە چەنێ ڕاگەیاندنەکان، بایەخ بەکارەکانیان دەدەن. چونکە ئەو ھاوڕێیانە کە ھەموویان کەسانی ڕۆشنبیر و خوێنەوارن، دەزانن کە کاری ئەوان بەردەم مایک و زوومی کامێراکان نییە، وەک ئەوەی بەشێکی زۆری ڕێکخراوەکان خولیای ئەو جۆرە کارانەن. بە پێچەوانەوە بەڵکو ئەوان ھەڵگری پەیامێکی ڕۆشنبیری و مەعریفی گرنگن کە خۆی لە بە کلتووریکردنی خوێنەوە و ئاشناکردنی تاکەکانی کۆمەڵ بە پەرتووک دەبینێتەوە. بۆیە ئەوەندەی بەلایانەوە گرنگە پەرتووک ببەخشنەوە، ئەوەندە جێی بایەخیان نییە، ڕاگەیاندن چۆن تیشکیان دەخاتە سەر کە بەداخەوە، ناو زۆرتر دەبینن لە ناوەڕۆک.

 

ئەگەرچی قەیرانی دارایی وەک چۆن کاریکردۆتە سەرکاری ڕێکخراوەکان و ھەموو کایەکانی دیکەی ژیان،بەھەمان شێوە کاریگەریەتیشی ھەبوە، بۆ سەرچاڵاکییەکانی کاری ئەم ڕێکخراوە، لە کردنەوەی پەرتووک و پەرتووکخانە لە شوێنە جیاوازەکانی شار و نێوەندەکانی خوێندن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخراوێکی ئەکتیڤن لە بواری کاری خۆیاندا و ئیشەکانیان مایەی دەستخۆشی و بەسەر کردنەوەن. ھیوای سەرکەوتن بۆ ھاوڕێیانم لە ستافی کاری ڕێکخراوەکە دەخوازم.

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک