٥\٨\٢٠١٢
رەمەزان کێشە
لەبەردەم وەرزشەوانانی بەشدار لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیکدا دروست دەکا!

ئاراس رەشید
رەمەزانی ئەم ئەمساڵ ڕێکەوتە لەگەڵ یاریەکانی ئۆلۆمپی ٢٠١٢ لە لەندەن و
ئەمەش گفتوگۆو باس و نیگەرانیی زۆری خستۆتە نێو دەوڵەتە ئیسلامییە
بەشداربووەکان لەو یاریانەدا، بەتایبەت بۆ وەرزشەوانەکانیان. کە ئایا
بە پێی شەرع و قورئان دەتوانن بەڕۆژوو ببن یان نا؟ شایانی باسە ئەمە
یەکەم جار نییە کە رەمەزان دەکەوێتە کاتی یاریە جیھانی و
ئۆلۆمپیەکانەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەم ساڵ پیاوان و ڕابەرانی
ئایینی ئیسلام کەوتونەتە خۆ و قسە لەسەر دەکەن و فتوای لەسەر دەر
دەکەن؟
وەڵامی ئەم پرسیارە بەبڕوای من پاش دەست پێکردنی شۆڕشەکانی بەھاری
عەرەبی بەدەست ھێنانی پلەو پایەی بزووتنەوە وحیزبە سیاسیە ئیسلامیەکانە
لەھەڵبژاردنەکانی تونس ومیسر وگەیشتناین بەکورسی دەسەڵات، بە پشتیوانی
ئەمریکاو ڕۆژئاوا. بەدوای بەدەست ھێنانی ئەم پێگەیەشدا ئەوە حکومەتە
ئیسلامیەکانن کەبەسەر پەیژەی دیموکرسایدا سەرکەوتون ودەیانەوێت لە
ھەموو بۆنە جیھانیەکاندا قسە بکەن وناوی خۆیان بھێننە نێوناوانەوە.
بەتایبەت لەبۆنە نێودەوڵەتیەکانی وەک یاریەکانی ئۆلۆمپی. بۆیە ووڵاتە
ئیسلامیەکان لەیەکەم ھەنگاویاندا داوای دواخستنی کاتی یاریەکانیان کرد
بۆ دوای مانگی رەمەزان. بەڵام لیژنەی ئۆلۆمپی بەپێی یاساو پێڕەوی ناوخۆ
بۆ دابین کردنی ھەل ومەرج وفرسەتی یەکسان بۆ ھەموو لایەک بەیەکسانی و
جیاوازی نەکردن لە نیوان ھیچ نەتەوەو میللەت و...تاد ،و نەگۆڕینی کاتی
یاریەکان کە چەندان ساڵە لە کاتی خۆی بەڕێوە دەچێت .نەکەوتنە ژێر ئەو
داواکاریەوە.
بۆیە لەھەنگاوی دووەمدا پیاوانی ئایینی لەو ووڵاتانە کە نزیکەی
٣٥٠٠وەرزشەوانی ووڵاتانی موسوڵمان بەشداری دەکەن بەپێی فتواو تەفسیر
کردنی ئایەتەکانی قورئان بۆ مانگی رەمەزان و مەرجەکانیان کەوتنە دوو
بەرەوە. کە دیارە ئەو دوو بەرەیەش بەپێ بەرژەوەندیە سیاسی وئابووری
وکۆمەڵایەتیەکان وھیزو توانای بزووتنەوەکەیان لەو ووڵاتانەدا، تەفسیری
جیاوازیان بۆ ئایەتەکانی قورئان بەدەستەوەگرت.
بەرەی یەکەم بەرەی توند ڕەوەکان بوون وفتوایان داوە، کە بەشداری
لەئۆلۆمپی پاساوێکی دنیاییەو لە قورئان وئیسلامدا نیە کەلەبەر وەرزش
کردن ڕۆژوو نەگیرێت. بەڵکو ئەوە مانای ئەوەیە کەدوای خۆشی ژیان
کەوتوون، کەئەمەش پێچەوانەی ئایینی ئیسلام وئایینەکانی کەیە و ژیانی
ڕاستەقینەش لەودنیای ترە، کەبە ڕۆژی قیامەت و زیندوو بوونەوە ناسراوە.
بەرەی دووەم کە بەرەی میانڕەوانی خۆگونجێنەرە لەگەڵ بەرژەوەندی و
تەوازن ھێزی خۆیان لە بەرامبەر ھێزە پێشکەوتووخوازەکانی دیکەی
کۆمەڵگەکەیان. بۆیە ڕێگەیان بەوەرزشەوانەکان داوە کەلەو کاتە بەڕۆژوو
نەبن لەبەر بەرژەوەندی ووڵات، بەڵام دوایی بە لەجیاتی ڕۆژوەکانیان
بگرنەوە.
بۆیە ئەم باسە وەزشەوان وڕاھێنەران وپسپۆرانی خواردەمەنی تیمەکانی توشی
دڵەڕاوکێ ودوودڵی و نیگەرانی کردوە، لەوەی کە نازانن بە قسەی کام
لایەنەیان بکەن؟
ھەروەک یەکێک لە پزیشکانی پسپۆری خواردەمەنی یەکێک لە وەرزشەوانان
دەڵێ:"وەرزشەوان دەبێت زۆر بە دیقەتەوە ڕێنوێنیە کانی بەرنامە
خۆراکیەکە بەجێ بگەیەنێت، دەنا کار دەکات سەر ھێز و ووزە وناتوانێت بە
پێی پێویست لە پێشبڕکێکاندا سەرکەوتن بەدەست بێنێت و وەرزشەوانانیان
خستۆتە ژێر فشارێکی دەروونی خراپ کەڕەنگە کارکرد وئاکامی خراپی ھەبێ
بەسەریاندا".
ھەروەھا یەکێک لە وەرزشەوانانی ئیمارات کاتێک ئەو پرسیارەی لێ دەکەن کە
ئایا بەڕۆژوو دەبیت لە کاتی یاریەکاندا؟ بە پێکەنینەوە وەڵامی
داونەتەوە، وگوتویەتی کەمن خۆم ناخەمە بەر خەتەری بەڕۆژوو بوونەوە،
کاتێک دەزانم بەرنامە خۆراکیەکەم چەندە گرنگ و کاریگەرە بەسەر
ھیزوتوانام لە کاتی یاریەکاندا.
بۆیە کاتێک باس لە"جیایی ئایین دەکەین لەدەوڵەت و سیستەمی خوێندن و
فێرکردن" و باقی بەشەکانی دیکەی ژیانی مرۆڤ لەوانە وەرزش. بۆئەوەی
دەستی ئایین ببەستین لەدەست تێوەردان لەکاری شەخسی ھەر تاکێک، وئایین
بکەین بەکاری تاک. نەک بەو شێوەیە دەست لە ھەموو کونج و کولەبەرێکی
ژیان وگوزەرانی تاکەکان وەردەن.
ھەر بۆیە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و لیژنەی ئۆلۆمپی نێودەوڵەتی پاش ئەوەی
فشارێکی زۆریان لەسەر کرا لە لایەن ڕێکخراوە مرۆڤ دۆست وداکۆکی کەرانی
ژنان بۆ ئەوەی ووڵاتە ئیسلامیەکانی وەک عەرەبستانی سعودی وقەتەەر
وپاکستان ناچار کەن بۆ ئەوەی بەشداری ژنان لە تیمەکانیان بەرەسمی
بناسن. ھەرچەند ئەو فشارە تاوەکو ئێستا کایەی سیاسی پێ دەکرێت، بەڵام
ئەمساڵ ناچار کروان کە لانی کەم ژنێک بەشدار بێت، ھەرچەندە ڕووکەشیش
بێ.
ماڵپهڕی ئاراس رهشید
|